به‌ڕوخسه‌تی مه‌زنترین زمان‌ناسی کورد، مه‌سعود محه‌مه‌د: به‌شی چواره‌م
به‌ڕوخسه‌تی مه‌زنترین زمان‌ناسی کورد، مه‌سعود محه‌مه‌د: به‌شی چواره‌م
بۆ پرۆ- دووستانده‌رده‌کانی زمانی کوردیی له هه‌ر کوێیه‌ک بن!
کامیار سابیر
"زمانی هاوبه‌ش نه‌ک دایه‌لێکته‌کان، نوێنه‌رایه‌تی ئایدێنتیتیی نیشتمانیی ده‌کات"
"جڤاکی نیشتمانیی له زمانێکی نیشتمانییدایه"
Thorlac Turville-Petre
به‌شی چواره‌م
ئایا کورد، یه‌ک زمان… یان چه‌ند زمانێکی هه‌یه ؟
زمانی کوردیی له‌کوردستانی باشووردا، فۆرمێکی ستانده‌ردی وه‌رگرتووه، ئه‌م ستاندهردبوونه به ئازایه‌تیی خۆی له‌بواری مێژوو، نووسین و تێکستی کوردییدا به‌رهه‌م هاتووه، ده‌سه‌ڵاتی لۆکاڵیی کوردییش له‌سه‌ر پشتی ئه‌م زمانه‌وه له‌نگه‌ری گرتووه. به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ناسیۆنالیزمه‌کانی دنیاوه، زمانی کوردیی خزمه‌تی به ناسیۆنالیزمی کوردیی کردووه، نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه. هاوکات زمانی یه‌کگرتووی کوردیی له‌کوردستانی عێراقدا نابێ سۆرمانجیی! ببێ، به‌ڵکوو ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی سه‌رجه‌م دایه‌لێکته کوردییه‌کان له‌به‌رچاو بگرێ. بۆ ئه‌وه‌ی زمانی کوردیی له چه‌ندین ستانده‌ردی جیاواز رزگار بکه‌ین، پێویسته زۆر راشکاوانه ئه‌و پرسیاره له خۆمان بکه‌ین، ئایا به‌ڕاستیی زاراوه کوردییه‌کان، زاراوه‌ی یهکزمانن؟ یاخود هه‌ریه‌که‌یان زمانێکی ته‌واو سه‌ربه‌خۆن.
ئه‌م پرسیاره تاسه‌ر ئێسقان مڕومۆچه، ده‌بێ له‌ڕووی سیاسیی، کو‌لتووریی، لینگویستیکیی، سۆسیۆلۆژیی و ئه‌نسرۆپۆڵۆجییه‌وه وه‌ڵامی ورد و زانستیی وه‌ربگرێته‌وه. ئه‌م پرسیاره نه‌به عهنتهریاتیی پانکوردیزم و ناسیۆنالیسته توندڕۆ‌کان وه‌ڵام ده‌درێته‌وه، نه به ئایدیۆلۆژیای ئه‌و مارکسیست و کۆمۆنیستانه‌ی بڕوایان به‌هیچ ئه‌جێندایه‌کی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی کورد نییه، به‌رسڤ نادرێته‌وه. ئه‌م پرسیاره ته‌نیا ئه‌وانه ده‌توانن به‌رسڤی بده‌نه‌وه که زمانناسیی و ئایدیۆلۆژیا تێکه‌ڵ به‌یه‌کدی ناکه‌ن. ئه‌وانه ده‌توانن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه که شۆڤینیزمی ناوچه‌یی، خێڵچییهتیی ، شارچییه‌تیی و زاراوه شیرینیی له‌لایان سفره و ئه‌جێندا کو‌لتووریی و ئایدێنتیتییه نیشتمانییه‌کانی کورد له‌سه‌روو هه‌موو مۆتیڤهکانهوه داده‌نێن.
به فاکتی زمانناسیی، زمانی کوردیی له پتر ٨٠% ی ناوچه‌کانی کوردستاندا ( هه‌رێمی کوردستان ) زمانی فه‌رمیی و ستاندهرد و یه‌کگرتووه( هه‌رسێکیان خۆبه‌خۆ) ، مێژووی تێکستی ئه‌م زمانه ( کۆکتێلی کرمانجیی ناوه‌ڕاست و خواروو) گه‌یاندوویه‌تی به‌ئاستی زمانێکی باڵا ( H ) ، به‌هه‌مان میتۆدی لینگویستییکیش ته‌واوی زاراوه‌و بنزاراوه‌کانی تری هه‌رێمی کوردستان زمانی نزم L ن. له‌هیچ شوێنێکی ئه‌م دنیایه‌دا نه‌بووه، له‌هه‌رێمێکی جیۆگرافیی، یان له ده‌وڵه‌تێکدا، به‌بێ یاسا، به‌رنامه و رێبازی لینگویستیکیی، زاراوه‌کان یاخود بنزاراوه‌کان به زمانی پرۆگرامی خوێندن و داموده‌سگا فه‌رمییه‌کان بن. ئه‌مه‌ی له‌کوردستانی باشووردا رووده‌دات، به تێڕوانینی حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن بێت "مێنته‌ڵیتی خێڵ" و هه‌ڵنه‌کردنی کۆمه‌ڵێ خێڵی ناته‌بایه نه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورد ( حه‌سه‌ن، ٢٠٠٨ ). له‌ڕاستییشدا مێنتاڵیتیی ناسیۆنالیزمی خێڵ و ناوچه‌گه‌ریی نه‌بێ، فڕی به ئه‌جێندای ناسیۆنالیزمی سیڤیلی کوردییه‌وه نییه( ئه‌گه‌ر ئه‌و ناسیۆنالیزمه سیڤیله هه‌ر بوونیشی هه‌بێ).
سه‌پاندنی زمان و مافی دایه‌لێکته‌کان
ئه‌م دادپه‌روه‌رییه‌ی کۆمۆنیسته زمانناسه‌کانی کورد له‌هه‌مبه‌ر زمانی کوردییدا باسیده‌که‌ن، هه‌ندێکیان داوای دوو ستانده‌ردیی ده‌که‌ن و هه‌ندێکی تریان داوای چه‌ندین ستاندهرد، ته‌نانه‌ت له فه‌لسه‌فه‌ی لیبرالیزمیشدا ئه‌م داوایه نه‌بووه. لیبراڵیزم که له‌ئه‌نجامی کێشه‌ی ئایینییه‌وه گه‌شه‌ی کردووه، داوای دادپه‌روه‌ریی ، ئازادییه گشتییه‌کان، ئازادیی تاکه‌کان، سه‌ربه‌خۆیی مرۆڤه‌کان و یه‌کسانیی له‌مافه‌کاندا ده‌کات. چونکه له تانوپۆی لیبراڵیزمدا دادپه‌روه‌ریی یه‌که‌مین فه‌زیڵه‌تی virtue ئینستیتیوته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه (Rawls, ١٩٧١) .
لێره‌وه ده‌رده‌که‌وێ ته‌نانه‌ت له تێڕوانینی لیبراڵ-دێمۆکراتییشهوه، زمان ئه‌و خاڵه نه‌بووه که ببێ به‌جێگه‌ی مشتومڕی دادپه‌روه‌ریی و سته‌مکاریی. دیاره ئه‌م دیده بۆ سه‌ره‌تا یان پێش قۆناغی چێ‌کردنی نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ت له ئه‌وروپا ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام بۆ ده‌بێ ره‌وایی هه‌بێ له هه‌نووکه‌ی کوردستاندا له نێو گه‌لێکدا تا ئه‌م ساته‌ش زمانێکی ستاندهردو فه‌رمیی و یه‌کگرتووی به‌شێوازی یاسایی و ئینستیتیوتیی نه‌بێت، باسی ئه‌وه بکرێ که دایه‌لێکته کوردییه‌کان هه‌ریه‌که‌و لای خۆیه‌وه ببێ به‌زمانی ستانده‌ردی ئه‌و خێڵ و شارانه‌ی که ده‌یگرێته‌وه؟.
دوای دیدی راوڵیزم ، لیبرالیسته‌کان ویستویانه کۆنسێپته دادپهروهرییهکانیان، شۆڕبکه‌نه‌وه بۆ زۆر که‌ناڵی تر، به‌تایبه‌تیی بۆ کێشه‌ی ئێسنۆکولتوورییهکان، به‌ڵام دنیای فانته‌سیی له بواری تیۆریی و بواری پراکتیکدا زۆر جودا بووه. بۆ نموونه کاتێ دێته سه‌ر کێشه‌ی گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئێسنۆکولتوورییهکان له‌لایه‌ک، خۆتێههڵقورتاندنهکانی ده‌وڵه‌تیش له‌لایه‌کی تره‌وه، لیبراڵیسته‌کان، لایه‌نگریی ئه‌وه بوونه که حکومه‌ت یان ده‌وڵه‌ت ده‌بێ بڕیار بدات که زمان کامه‌یه‌و چییه؟ زمانی داموده‌سگا گشتییه‌کان، زمانی دادگاکان، ناوی شه‌قام و رێگه‌وبانه‌کان، بێرۆکراسیی، سوپا، میدیای ئازاد، خوێندنگاکان…تاد ده‌بێ ده‌وڵه‌ت ده‌ستنیشانی بکات و به‌یه‌ک زمانی فه‌رمیی و یه‌کگرتوو گشتگیر بکرێ. ئه‌مانه له لیبراڵیزمدا پێیان ده‌گوترێ" بڕیارگه‌له دیفاکتۆکان".
جادووی ئه‌م مه‌ته‌ڵه conundrum پڕ له‌گرێ کوێره‌یه، له زمانناسیی کوردییدا، که که‌م که‌س ده‌یه‌وێ خۆی له قه‌ره‌ی په‌یڤی سه‌پاندن بدات، له‌دیدی لیبڕالیزمه‌وه به‌رنامه‌یه‌کی زۆر ستراتیژییه. ئه‌گه‌ر له نووسه‌ران و ئه‌کادیمستانی کورد ورد بینه‌وه، زۆر که‌م ده‌بینین بوێرن بڵێن زمانی کوردیی ده‌بێ بسه‌پێنرێ! به‌هه‌زارو یه‌ک بیانوو خۆیانی لێده‌دزنه‌وه، یان نا‌وێرن به راشکاویی وبێ پێچوپه‌نا باسی بکه‌ن. هۆکاره‌کانی کۆمه‌ڵێ کارێکته‌ری سۆسیۆلۆژییه له هه‌ناوی هه‌ر تاکێکی کورددا که‌م تا زۆر مۆڵی به‌ستووه. ئه‌م نووسینه نایاته سه‌ر لایه‌نه سۆسیۆکولتوورییهکانی ئه‌م خۆدزینه‌وه‌و شه‌رمکردن و له‌بن لێوه‌وه قسه‌کردنانه، به‌ڵکوو دێته سه‌ر ئه‌وه‌ی دیدی لیبڕاڵیزم له‌سه‌پاندنی زماندا چییه؟
پێش هه‌موو تشتێ ، ئه‌و چوارچێوه سه‌ره‌کییه ده‌بێ ده‌ستنیشان بکرێ، سه‌پاندنی زمان وه‌ک سه‌پاندنی ئایین ، یان گۆڕینی ئایدێنتیتی مرۆڤ نییه (٢٠٠٠Reaume,). له سه‌پاندنی ئاییندا، مرۆڤه‌کان ناچار ده‌کرێن، بڕوایان بهخوداکهیان بگۆڕن، شێوازی بیرکردنه‌وه ئایینیه‌کانیان بگۆڕن و له دنیایه‌که‌وه بچنه دنیایه‌کی تره‌وه، یان ئایدێنتیتی گۆڕینی مرۆڤ وه‌ک ئه‌وه‌ی ستالینیسته‌کان و به‌عسییه‌کان و که‌مالیسته‌کان ده‌رهه‌ق به نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان کردوویانه. به‌ڵکوو زمان سه‌پاندن پانوپۆڕکردنهوهی که‌ناڵی لێکتێگه‌یشتن و مکۆمکردنهوهی پرسه نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه. لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه به‌وه بدرێ، سه‌پاندنی زمانێکی جودا به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی جودادا نا، وه‌ک ئه‌وه‌ی کۆمۆنیزم کردی له کۆماره‌کانی پێشووتری سۆڤێتدا، وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌عسییه‌کان و ئهتاتۆرکهکان له‌سه‌پاندنی زمانی عه‌ره‌بیی و تورکیی به‌سه‌ر کورددا کردیان، به‌ڵکوو سه‌پاندنی زاراوه‌یه‌کی پرێستیژی کوردیی به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا. ئه‌م سه‌پاندنه‌ش له‌به‌ر دۆزی سیاسیی و نیشتمانیی گه‌لی کورده له‌کوردستانی عێراقدا، نابێ له‌به‌ر دڵی عهشیرهتچییهکان و دهڤهرپهرستهکان و دایهلێكتهکان ئه‌م سه‌پاندنه چیتر دوابخرێ.
ئێمه ئارگیومێنتمان له‌سه‌ر سه‌پاندنی زمانێکه له ناو یه‌ک ئێسنیکدا، له‌هه‌ر کوردێکی خوێنگه‌رم بپرسیی، ئه‌رێ لالۆ تۆ وه‌ک کورد، ئاماده‌ی زمانی یه‌کگرتوو، فه‌رمیی و ستاندهردت به‌شێوازه یاساییه‌که هه‌بێ، گومانی تێدا نییه وه‌ڵام ئهرێیه، ئه‌گه‌ر لێیشی بپرسیت، هه‌ر دایهلێکتێ بێت، دووباره گومانی تێدا نییه، ده‌ڵێ هه‌مووی له له‌شی خۆمه، له بیری خۆمه و له خاکی خۆمه، گرنگ ئه‌وه‌یه خزمه‌تی ئه‌جێندای نیشتمانیی بکات. تائێره له بواری ئاخافتن و تهکبیرداناندا له‌گه‌ڵتدایه، به‌ڵام کاتێ دێته سه‌ر ئه‌وه‌ی به کرده‌وه بڵێی فه‌رموو ئه‌وه یه‌کێ لهزارهکان، به‌باشترین پێوه‌ره زانستیی ولینگویستییهکان بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به‌بناغه‌ی زمانی فه‌رمیی وستاندهردی کوردیی له‌کوردستانی باشووردا هه‌ڵبژێردراوه ، نه‌ک هه‌ر به‌رپه‌رچی ده‌داته‌وه، به‌ڵکوو ده‌ماره‌کانی دهڤهرچییهتیی و خێڵچییهتیی و شارچییه‌تیی ره‌پ ده‌بن و به‌هه‌زارو یه‌ک بیانووه‌وه ده‌که‌ونه داتاشینی پاساو و بیانووی جۆراوجۆر بۆ ئه‌وه‌ی هیچ پرۆژه‌یه‌کی نیشتمانیی، سه‌ر نه‌گرێ.
لێره‌دا گومان له کوردبوونیش دروست ده‌بێ، ئایا نوکته‌یه نه‌ته‌وه‌یه‌کی چل میلیۆنیی خاوه‌نی زمانێکی نووسینی هاوبه‌ش نه‌بێ. لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێ بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌کان، سه‌ره‌ڕای هه‌ر کارێکی باشیان، چ زیانێکی ستراتیژییان له یه‌کبوونی کورد دا، کاتێ سکریپتی تورکیی- لاتینییان په‌ژراند و سکریپتی ئارامییان ره‌تکرده‌وه. چونکه ئه‌م سکریپت جوداییه شێرپه‌نجه‌یه‌که له جه‌سته‌ی کورددا، یان ده‌بێ ده‌ربهێنرێ، یاخود سه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورد لهیهکزمانییدا ده‌خوات.
لێره‌وه‌یه سه‌پاندنی زمانی کوردیی له‌کوردستانی عێراقدا، ده‌قاوده‌ق ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌و زمانه ده‌کات له‌رێگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم و پارله‌مان و ئینستیتیوته ئه‌کادیمییه‌کانه‌وه دێته ئاراوه. ئه‌م سه‌پاندنی زمانه، هێرش نییه بۆ سه‌ر هیچ گرووپ و جڤاکێکی کوردیی، به‌ڵکوو پێوه‌ندییه سیاسیی و کو‌لتووریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌هێزتر ده‌کات و کۆده‌نگییه‌کی نیشتمانییش دروست ده‌کات. ئه‌وه ناسیۆنالیزمی کوردییه ده‌بێت زمانێکی یه‌کانگیر و ستاندهردو فه‌رمیی ساغبکاته‌وه( بسه‌پێنێ) تا ره‌وایی به حوکمی سیاسیی خۆی بدات، کاتێک ده‌یه‌وێ نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد بکات، نه‌ک ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه خێڵێكی ته‌رته‌و وه‌رته(٢٠٠٠Baubock) بکات. له‌م روانگه‌یه‌وه زۆر بهپڕچهکییهوه ده‌توانین بڵێین، ئه‌و تێڕوانینه جیاوازانه‌ی له‌مه‌ڕ زمان سه‌پاندن و منگه‌منگی ساغکردنه‌وه‌ی زمانی کوردییدا خۆی ده‌رده‌خات، له‌ڕاستییدا جیاوازیی ئایدیۆلۆژیی، سیاسیی و ناوچه‌ییه به ستایڵێکی زۆر خێڵه‌کییانه.
هه‌ندێ له‌و ئه‌کادیمست و ئینتێڵهجێنسیایانهی له ئه‌وروپاو رۆژئاوادا، چه‌ندین ساڵه بزربوونه و له‌تاراوگه‌دا یهقیان کردووه‌ته‌وه. که‌چیی له‌گه‌ڵ باسوخواسی ستانده‌ردایزی زمانی کوردییدا، که‌وتوونه‌ته نووسینی وتاری سیاسیی و دروشم‌دان و سهربهیهکهوهنان، دژی هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ن که داوای کۆتایی هێنان بهگێرمهوکێشهی بێزمانیی ده‌که‌ن. ئه‌فسانه‌ی ئه‌کادیمیی و فشه‌ی لینگویستیکیی و بوختانی ئێنتێڵهجێنسیایی نه‌ما نه‌یکه‌ن، له‌وانه ساغکردنه‌وه‌ی زمانی کوردیی له‌هه‌رێمی کوردستاندا، به پرۆژه‌کانی به‌عس و ئه‌تاتۆرک و پانئێرانییهکان ده‌چوێنن، به دۆکترینی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه دروستکردنه‌که‌ی ستالین و ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاتی ده‌چوێنن. کرمانجه‌کانی پێ ده‌ترسێنن و تۆوی رق و کینه‌و دووبه‌ره‌کیی ده‌چێنن. ئه‌م بهلاداڕیبردنی ئاراسته‌ی ئارگیومێنتانه، به‌مه‌به‌ستی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییه‌وه ده‌کرێن.