Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
میلله‌تێكى بێ هونه‌ر !!!…..بەشى یەكەم

میلله‌تێكى بێ هونه‌ر !!!…..بەشى یەكەم

Closed
by September 16, 2008 گشتی

 میلله‌تێكى بێ هونه‌ر !!!
 هونه‌رى كوردى له‌ نێوان بوون و نه‌بووندا
 
 رێبوار ره‌زا چوچانى……………………………………………………. بەشى یەكەم

 
 
 ( سۆكرات)ده‌ڵێت"ئه‌و هێزه‌ى پشت به‌ ژماردن و كێشان ده‌به‌ستێ، باشترین هێزى ئه‌قڵى مرۆڤه‌".
  (ئه‌لبێرت كامۆ)ش ده‌ڵێت" رۆڵى من ئه‌وه‌ نیه‌ جیهان یان مرۆڤایه‌تى بگۆڕم، چونكه‌ نه‌هێنده‌ چاكم و نه‌ ئه‌و داناییه‌شم هه‌یه‌ شیاوى ئه‌و كاره‌م بكات، به‌ڵام ده‌شێ رۆڵم ئه‌وه‌ بێت له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بم، خزمه‌تى ئه‌و به‌ها كه‌مانه‌ بكه‌م، كه‌ ئه‌گه‌ر جیهان لێیان بێبه‌رى بێت، ده‌بێته‌ شوێنێك شایسته‌ى ژیان نابێت، هه‌روه‌ها مرۆڤ به‌بێ ئه‌و به‌هایانه‌ چه‌ند خۆشى تازه‌ بكاته‌وه‌، شیاوى رێز نابێت".
 (پلیخانۆف)یش له‌ باره‌ى هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ ده‌ڵێت"هونه‌رمه‌ند دید و بۆچونى خۆى، له‌ رێگه‌ به‌ڵگه‌ى لۆژیكییه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، گه‌ر نوسه‌رێك له‌ جیاتى وێنه‌گرتن، په‌نا به‌رێته‌ به‌ر به‌ڵگه‌ى لۆژیكى با ئه‌و وێنانه‌ى كه‌ ده‌یانگرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بێت كه‌ ئه‌م یان ئه‌و بابه‌تى پێبسه‌لمێنێت، ئه‌وا ئه‌و نوسه‌ره‌ له‌ خانه‌ى هونه‌رمه‌ند ده‌رده‌چێت و ده‌بێت به‌ جاڕده‌ر(موبه‌لیغ)، ئیدى با نوسین و گوتاره‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ش نه‌بن، به‌ڵكو رۆمان و كورته‌ چیرۆك و شانۆنامه‌ش بن".
 گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لاى هونه‌ر، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ لاى خه‌مه‌ ئینسانییه‌كان، وه‌ك چۆن گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناو كایه‌ رۆحییه‌كانیش، ئه‌و كایانه‌ى كه‌ مرۆڤ له‌ جیهانێكى تایبه‌ت به‌ خۆیدا، خاوه‌نى ئازادییه‌كى ره‌هایه‌، ئازادییه‌ك كه‌ مرۆڤ و ژیان و فیكر و دنیابینییه‌كانى پێكه‌وه‌ گرێده‌داته‌وه‌، وه‌ك چۆن هێما ده‌كات بۆ وجود و بونیاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ژیانیش، چونكه‌ مرۆڤ به‌بێ ئازادى بونه‌وه‌رێكه‌ خاڵى له‌ پرۆژه‌، به‌ڵام هیچ كاتێك ناتوانین بڵێین له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا مرۆڤ ئازاد نه‌بووه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ژیانى ده‌ره‌وه‌و ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ئازاد نه‌بێت، ئه‌وا له‌ دیوێكى ترى ژیاندا ده‌توانێت قه‌ره‌بووى ئه‌و نائازادییه‌ى خۆى بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناو جیهانى ناوه‌وه‌ى خود، جیهانێك كه‌ له‌وێدا رۆح باڵاده‌سته‌ و هه‌موو شته‌كان به‌ ئازادى خۆیان ده‌نوێنن و مرۆڤ ده‌توانێت موماره‌سه‌ى ئازادییه‌كانى خۆى بكات، به‌ڵام ناشێ ئه‌وه‌ش له‌ بیر بكه‌ین، كه‌ ئازادییه‌كانى جیهانى رۆح و ئازادییه‌كانى جیهانى ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر هاوبه‌شییه‌ك نه‌بێت له‌ نێوانیاندا، ئه‌وا مه‌حاڵه‌ مرۆڤ بتوانێت پرۆژه‌كانى خۆى به‌رجه‌سته‌ بكات، هونه‌ریش ئه‌گه‌ر تێكهه‌ڵكێش نه‌بێت له‌ نێوان ئه‌و دوو جیهانه‌دا، ناتوانین ناوى بنێین هونه‌ر، به‌هه‌ر حاڵ ئێمه‌ لێره‌وه‌ ئه‌م باسه‌ ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ هونه‌رى كوردى" مه‌به‌ست هونه‌رى گۆرانى و موزیكى كوردییه‌"، به‌ڵام ئه‌م باسه‌ باسێك نیه‌ كه‌ له‌ رووى زانسته‌كانى موزیكه‌وه‌، له‌ هونه‌ر بڕوانین و كه‌م و كوڕییه‌كان ده‌ست نیشان بكه‌ین (چونكه‌ ئه‌مه‌ ئیشى من نیه‌) به‌ڵام هه‌وڵمداوه‌ له‌ رێگه‌ى هونه‌ره‌وه‌ تێڕوانین له‌ خه‌مه‌ گه‌وره‌كانى مرۆڤ بكه‌ین له‌م كۆمه‌ڵگه‌دا، كه‌ هیچ كاتێك هونه‌رى كوردى نه‌یتوانیوه‌ پایه‌كانى خۆى له‌سه‌ر ئه‌م ره‌هه‌نده‌ بونیات بنێت.
 هونه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناو خود، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناو جیهانه‌ خه‌فه‌كراوه‌كه‌ى ئینسان خۆى، كه‌ ئه‌ویش جیهانى رۆحه‌، چونكه‌ هیچ كاتێك ناتوانین هونه‌ر و رۆح لێك جودا بكه‌ینه‌وه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن ناشتوانین هونه‌ر و فیكر و په‌یامه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان لێكجودا بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ چه‌ند ره‌هه‌ندێكن، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ریشه‌یى و قوڵ و لێك دانه‌بڕوییان هه‌یه‌، په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ له‌ یه‌كه‌م سه‌رهه‌ڵدانى مرۆڤه‌وه‌ دروست بووه‌ و تا كۆتا مرۆڤیش هه‌ر ده‌مێنێت، كاتێك ئێمه‌ روانینێكى سه‌رپێییانه‌مان بۆ هونه‌ر هه‌بوو، ئه‌و كاته‌ خۆمان ده‌بینه‌ بكوژێكى سه‌ره‌كى، ئه‌و ره‌هه‌نده‌ پڕ ته‌لیسم و شاراوه‌ى كه‌ له‌ ناو ئه‌ندێشه‌ و هزرى مرۆڤدا پێگه‌ی خۆى هه‌یه‌، هه‌موو مرۆڤێك هونه‌رمه‌ند نیه‌، به‌ڵام هه‌موو مرۆڤێك هه‌ستێكى هه‌یه‌ بۆ هونه‌ر، هه‌موو هونه‌رمه‌ندێكیش داهێنه‌ر نیه‌، به‌ڵام هه‌موو داهێنه‌رێك هونه‌رمه‌نده‌، ئه‌مه‌ هاوكێشه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ئاشنابونى مرۆڤ به‌ هونه‌ر خۆى هێشتۆته‌وه‌، چونكه‌ داهێنان له‌ ناو ده‌وروبه‌رێكدا دروست ده‌بێت، كه‌ پانتایى فیكر و ئه‌ندێشه‌كانى مرۆڤ، مه‌وداى به‌رجه‌سته‌كردنى داهێنانیان هه‌بێت، بۆیه‌ ده‌شێ ئێمه‌ تێكڕاى خه‌مه‌ گه‌وره‌كانى جیهان له‌ ناو شاكارێكى هونه‌ریدا ببینین، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانین تێكڕاى شاكاره‌ مه‌زنه‌كان له‌ ناو جیهاندا ببینین، چونكه‌ زۆر خه‌یاڵى جوان و مه‌ودا به‌رفراوان به‌ڵام كات بۆ هه‌ڵنه‌كه‌وتوو هه‌ن، وه‌ك شاكارێكى گه‌وره‌ له‌ ناو خه‌یاڵى مرۆڤدا خۆیان ده‌هێڵنه‌وه‌، به‌و پێیه‌ش هه‌موومان خاوه‌نى شاكارى گه‌وره‌ین، به‌ڵام هه‌موومان چانسى به‌جێگه‌یاندن و به‌رجه‌سته‌كردنى ئه‌و شاكارانه‌مان نیه‌، كه‌واته‌ مرۆڤ بۆ خۆى گه‌وره‌ترین هونه‌رمه‌نده‌ له‌ ناو دنیا شاراوه‌كه‌ى خه‌یاڵى خۆیدا، كه‌ ده‌توانێت شاكارى مه‌زن له‌ ناو خه‌یاڵ و هزریدا به‌رجه‌سته‌ بكات، ده‌شێ بڵێین فیكر و تێڕوانینه‌كانى مرۆڤ، سه‌رچاوه‌ى هه‌موو داهێنانێكن، هه‌ر كاتێك ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ى كه‌ مرۆڤ ده‌توانێت داهێنانیان تێدا بكات، خاڵى كران له‌ فیكر و خه‌یاڵ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو كایه‌ رۆحییه‌كان كه‌ لێوانلێون له‌ ئیحساس، ئه‌وا مه‌حاڵه‌ داهێنانیان تێدا بكرێت و بتوانرێت به‌ نه‌مرى بهێڵرێنه‌وه‌.
 ئه‌گه‌ر ئێمه‌ لێره‌وه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ى (ڤانكۆخ) كه‌ ده‌ڵێت" ژیان تابلۆیه‌كى ته‌واو نه‌كراوه‌"، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه‌ ئیتر پێویسته‌ له‌و فه‌وزا هونه‌رییه‌دا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ماناكانى هونه‌ر و تێڕامان له‌و دنیا مه‌ودا فراوانه‌ى، كه‌ له‌ پشته‌وه‌ى هونه‌ره‌وه‌ وه‌ك باكگراوندێك وجودى هه‌یه‌، چونكه‌ گوزارشت كردنى ژیان له‌ رێگه‌ى كارێكى هونه‌رییه‌وه‌، ئه‌مه‌ خۆى نیشاندانى رووه‌ مه‌زنه‌كه‌ى هونه‌ره‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌وه‌ له‌ ژیان بڕوانین و بپرسین، ئه‌گه‌ر ژیان تابلۆیه‌كى ته‌واو نه‌كراو بێت، ئایه‌ كێ ده‌بێت ئه‌و تابلۆیه‌ ته‌واو بكات، ئایه‌ ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ى كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ده‌بینه‌ ته‌واوكارى ئه‌و تابلۆیه‌ له‌ كوێیه‌ و چۆن بیاندۆزینه‌وه‌، ئایه‌ ئه‌و ره‌نگانه‌ى كه‌ به‌شه‌ ته‌واو نه‌كراوه‌كه‌ى ئه‌و تابلۆیه‌ى پێڕه‌نگ ده‌كه‌ین، چۆن ده‌توانین تێكه‌ڵیان بكه‌ین و بتوانین ژیان له‌و په‌ڕى ره‌ونه‌قدا بنه‌خشێینین، كه‌ ئه‌و كات ره‌نگى مرۆڤدۆستى فه‌زایه‌ك نه‌هیڵێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ره‌نگانه‌ى كه‌ هێمان بۆ شه‌ڕ و شۆڕ و ماڵوێرانى و هێمان بۆ دروست كردنى نه‌هامه‌تییه‌كانى مرۆڤ، كه‌ به‌شێكى هه‌ره‌ سه‌ره‌كى هونه‌ر پێویسته‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ته‌رخان بكرێت، چونكه‌ ئه‌و به‌شه‌ ته‌واو كراوه‌ى ئه‌و تابلۆیه‌ى كه‌ (ڤانكۆخ) ده‌یكاته‌ هێما بۆ ژیان، به‌ هه‌موو جوانییه‌كانیشیه‌وه‌، لێوانلێو بوو له‌ شه‌ڕ و نه‌هامه‌تییه‌ گه‌وره‌كانى سه‌ر رێگاكانى مرۆڤ، به‌ڵام تێڕوانینه‌ هه‌ڵه‌كان هه‌رگیز ناتوانن په‌ى به‌وه‌ ببه‌ن، كه‌ هونه‌ر شاڕێگه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى مرۆڤه‌، بۆ سه‌ر ئه‌و پرسیارانه‌ى كه‌ له‌ ناو خه‌یاڵ و هزریدا، به‌ رووى ژیاندا خۆیان مانیفێست ده‌كه‌ن، ئه‌و پرسیارانه‌ى كه‌ گه‌ڕان بۆ وه‌ڵامه‌كانیان و دواتر به‌رچنگخستنى وه‌ڵامه‌كانییان، ده‌روازه‌ به‌ڕووى مرۆڤدا ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ شاڕێگاى گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و ئینسانبوون بگرنه‌وه‌ به‌ر، چونكه‌ هونه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناو خود، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و شوناسه‌ى كه‌ خه‌ریكه‌ هێدى هێدى له‌ ده‌ستى ده‌ده‌ین، كه‌ ئه‌ویش شوناسى ئینسانبوونه‌، به‌ڵام هونه‌رى كوردى له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ هیچ بایه‌خى به‌ ره‌هه‌نده‌ ئینسانییه‌كان نه‌داوه‌، هونه‌رى كوردى له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ى بارگاوى بووه‌ به‌ سۆزێكى درۆزنانه‌، ئه‌وه‌نده‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ قوڵایى گرفته‌ ئینسانییه‌كانه‌وه‌ مانیفێستى خۆى بكات، هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤایه‌تى له‌م به‌شه‌ زه‌وییه‌ى كه‌ كوردى تێدایه‌، رووبه‌ڕووى گرفتگه‌لێكى قوڵ بۆته‌وه‌، تا راده‌یه‌ك كه‌ لێره‌ مرۆڤ ئاواته‌خواز بووه‌، له‌ زۆر حاڵه‌تدا مرۆڤ نه‌بوایه‌، چونكه‌ نه‌هامه‌تییه‌كانى رێى مرۆڤ له‌م پانتاییه‌ جوگرافییه‌دا، گه‌شتۆته‌ ئاستێك كه‌ هه‌ر یه‌كه‌مان شاهێدى هه‌زاره‌ها حاڵه‌تى لێوڕێژ له‌ نائۆقره‌یین، هه‌زاره‌ها حاڵه‌ت كه‌ لێوڕێژن له‌ سوكایه‌تى به‌ ئینسان و له‌ ژێر پێنانى شكۆى به‌شه‌رى و له‌ ناو بردنى هه‌ستى ئینسانى ئینسانه‌كان، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌مانبینى هونه‌ر ببێته‌ وه‌سیله‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى مرۆڤ، بۆ سه‌ر كه‌لاكى رابردووه‌كانى!!! ئه‌وه‌نده‌ى ئێمه‌ له‌ هونه‌ر و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سه‌رقاڵى ئه‌و كاره‌ هونه‌رییانه‌ین ده‌بیستین، كه‌ هونه‌ر بریتییه‌ له‌ چێژ و شادى، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یانتوانییوه‌ باس له‌وه‌ بكه‌ن كه‌ هونه‌ر ده‌بێت هه‌ڵگرى خه‌مه‌ گه‌وره‌كانى ئینسان بێت، نه‌مانبیستووه‌ بڵێن، ده‌بێت یه‌كێك له‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى هونه‌ر، ره‌هه‌نده‌ تراژیدییه‌كه‌ى بێت، چونكه‌ هونه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر سۆزه‌ خه‌فه‌كراوه‌كانى مرۆڤ، مرۆڤ كاتێك ناتوانێت ئه‌و سۆزانه‌ى كه‌ رۆحى جۆش ده‌ده‌ن، له‌ رێگه‌ى زارییه‌وه‌ ده‌رببڕێت، ئه‌وا هه‌وڵده‌دات له‌ رێگه‌ى شاكارێكى هونه‌رییه‌وه‌ ده‌ریببڕێت" كه‌ من بڕواموایه‌، هه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ بووه‌ واى كردووه‌، مرۆڤ بیر له‌ هێنانه‌كایه‌ى بوارێكى وا گرنگ بكاته‌وه‌"، كه‌واته‌ ده‌شێ بڵێین، په‌یامى سه‌ره‌كى هونه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر خه‌مه‌ ئینسانییه‌كان، ئه‌و خه‌مانه‌ى كه‌ تا ئێستا ئێمه‌ نامنبینیوه‌ هونه‌رى كوردى پایه‌یه‌كى گرنگى خۆى له‌سه‌رى دابمه‌زرێنێت" هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ناتوانین نكوڵى له‌ به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانى دیارى قه‌ره‌داغى و نه‌ریمان بابان بكه‌ین، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى هونه‌رى خۆیان بۆ ئه‌م ره‌هه‌نده‌ ته‌رخانكردووه‌"، به‌ڵام تێنه‌گه‌شتنى مرۆڤى كورد واى كردووه‌، كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ بكه‌ین، كه‌ ئه‌مه‌ش ناچارمان ده‌كات بچینه‌ لاى (د.فوئاد زه‌كه‌ریا) چونكه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ لاى كه‌سانى تریش هه‌بووه‌، (د.فوئاد زه‌كه‌ریا) له‌ باره‌ى هه‌مان حاڵه‌ته‌وه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ى خۆى به‌ ناوى (گوزارشتى مۆسیقا)، ده‌نوسێت" بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ وا باو بوو كه‌ ئامانجى گشت جۆره‌كانى هونه‌ر ئه‌وه‌یه‌، له‌زه‌ت یان شادى له‌ ئینساندا ببزوێنێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌م دیارى كردنه‌ گشتییه‌ بووایه‌، ئه‌وا هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ده‌هاته‌ گۆڕێ، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ ئه‌وكاته‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت مه‌به‌ستى هه‌ردوو له‌زه‌ت و شادى دیارى بكه‌ین و رونى بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێك كه‌س به‌شێوه‌یه‌كى سلبى له‌ له‌زه‌ت تێده‌گه‌ن"، دواتر له‌سه‌ر ئه‌م بۆچونه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت" حاڵه‌تێك دێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ ئینسان ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌رى ده‌ره‌كى و زۆر به‌خاوى به‌ره‌و پیرى ده‌چێت و راده‌ى هه‌ره‌ كه‌مى چالاكى پێویست بۆ تێگه‌شتنى ساده‌ به‌كار ده‌هێنێت، دیاره‌ ئه‌م چه‌مك و تێگه‌شتنه‌ ده‌رباره‌ى له‌زه‌تى هونه‌رى له‌ گشت بواره‌كانى هونه‌ریدا ناڕه‌زایى له‌سه‌ره‌"، به‌ڵام تا ئێستا لاى ئێمه‌ نه‌ك نه‌مانتوانیووه‌ له‌ ماناكانى له‌زه‌ت و شادى تێبگه‌ین، به‌ڵكه‌ تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ پێناسه‌یه‌ك بۆ هونه‌ر و وه‌زیفه‌كانى هونه‌ریش بدۆزینه‌وه‌، نه‌دۆزینه‌وه‌ى وه‌زیفه‌كانى هونه‌ریش بارگاویمان ده‌كات به‌ ناهوشیارییه‌ك، له‌ باره‌ى كایه‌ رۆحییه‌كانى خودى مرۆڤ خۆشى (هه‌رچه‌نده‌ رایه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت هونه‌ر وه‌زیفه‌ى نیه‌، به‌ڵام به‌ بڕواى من هه‌موو ئه‌و كایانه‌ى كه‌ مرۆڤ و فیكرى مرۆڤ به‌ خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن، خاوه‌ن وه‌زیفه‌ن، كه‌ وه‌زیفه‌ى سه‌ره‌كى هونه‌ر به‌ لاى منه‌وه‌ ناچار كردنى مرۆڤه‌، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو رۆح و جیهانه‌ شاراوه‌كه‌ى خۆى)، (د.فوئاد زه‌كه‌ریا) ده‌وێت له‌و روانگه‌وه‌ بڵێت، له‌ ده‌ستنیشانكردنى له‌زه‌ت و شادیدا مرۆڤ گرفتێكى ئه‌وتۆى نابێت، به‌ڵام كاتێك دێته‌ سه‌ر رونكردنه‌وه‌ و دیارى كردنى مه‌به‌سته‌كانى ئه‌و دیوى ئه‌و حاڵه‌ته‌ى، كه‌ مرۆڤ جۆش ده‌ده‌ن تا به‌دواى له‌زه‌ت و شادییه‌كاندا، هونه‌ر بكاته‌ وه‌سیله‌یه‌ك بۆ گه‌شتن پێیان، ئه‌و كات ئه‌و مرۆڤه‌ كڵۆڵانه‌ هه‌ست به‌ نه‌قسى خۆیان ده‌كه‌ن، كه‌ هێشتا نازانن ئایه‌ مه‌به‌ست له‌ چێژ و له‌زه‌ت چیه‌؟
 له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و پێناسه‌یه‌ پێناسه‌یه‌كى ناكامڵ و نا ته‌واوه‌، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین، كاتێك هونه‌ر ناچار ده‌كه‌ین ببێته‌ فاكته‌رى چێژ به‌خیش پێمان، ده‌بێت ئه‌و بڕوایه‌شمان بۆ دروست ببێت، كه‌ هونه‌ر بكه‌ینه‌ شاڕێگه‌یه‌ك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى جوانییه‌كانى ژیان، بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ناسانه‌ى ژیان، كه‌ خه‌ریكه‌ جه‌نگ و جه‌هل و جه‌ریمه‌ ده‌یانتاسێنن، به‌ڵام هه‌ڵگرانى ئه‌م بڕوایه‌ بۆ هونه‌ر له‌ ناو هونه‌رى كوردیدا، ئه‌و هوشیارییه‌یان نیه‌، كه‌ بتوانن ئه‌و مه‌به‌سته‌ى خۆیانمان بۆ رون بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گینا هیچ كاتێك هونه‌ر ناتوانێت شادى به‌خش بێت، ئه‌وه‌ى كه‌ شادى به‌خشه‌ هونه‌ر نیه‌ به‌ڵكه‌ ته‌قلیده‌ (كه‌ به‌ بڕوا ئه‌فلاتۆنییه‌كه‌ى به‌شێكى زۆرى هونه‌ر ته‌قلیده‌)، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ نیشاندانى حاڵه‌تێكه‌ كه‌ هونه‌ر خۆى نیه‌، ئه‌گه‌ر له‌ دیدى (ئه‌فلاتۆن)ه‌وه‌ له‌ هونه‌ر بڕوانین، ده‌گه‌ینه‌ به‌ره‌نجامێك كه‌ وه‌ك (ئه‌فلاتۆن) پێگه‌شتووه‌، (ئه‌فلاتۆن) ئه‌و كاره‌ ته‌قلیدییانه‌و له‌ ناوشیاندا هونه‌ر به‌جۆرێك وه‌سف ده‌كات، كه‌ نه‌ك هیچ بایه‌خێكیان بۆ دانانێت، به‌ڵكه‌ به‌ شتێكى پوچ ده‌یانناسێنێت، كاتێك له‌ رێگه‌ى گفتوگۆكه‌ى (سۆكرات) و (گڵاوكۆن)ه‌وه‌ ده‌گات به‌و به‌ره‌نجامه‌ و ده‌ڵێت" ته‌قلید كردن وه‌كو شوكردنى ژنێكى سوك وایه‌ به‌ پیاوێكى سوك، كه‌ ته‌نیا منداڵێكى سوك و چروكییان لێپه‌یدا ده‌بێت".
 كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌م بڕوایه‌ى ئه‌فلاتۆن وه‌رگێڕین و له‌ مانا گشتییه‌كه‌ى هونه‌ر بچوكى بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌و كارانه‌ى كه‌ له‌ڕێگه‌ى هونه‌ره‌وه‌ ته‌قلید ده‌كه‌ن، ده‌شێ بڵێین ته‌قلید هونه‌ر نیه‌، به‌ڵكه‌ نیشاندانى روویه‌كه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ى هونه‌ره‌، كه‌ له‌ مانا و به‌هاو حورمه‌ت و وه‌زیفه‌ى هونه‌ر كه‌م ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یرى هونه‌رى كوردیش بكه‌ین، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تاكو ئێستا، هونه‌رێك بووه‌ لێوڕێژ له‌ ته‌قلید، هونه‌رێكه‌ خاوه‌نى خۆى نیه‌، به‌ڵكه‌ ته‌سلیمبونێكى هه‌میشه‌یى پێوه‌ دیاره‌، به‌ هه‌ندێك لایه‌نى دور له‌ هونه‌ر، كه‌ ئاسان نیه‌ بتوانین پێناسه‌یه‌كى بۆ بدۆزینه‌وه‌.
 
 
 rohani1983@gmail.com
 
 
 
 
 تێبنیى:
 ئەم نوسینە لە زمارە 131 ى رۆزى1-9-2008 ى رەخنەى جاودێر بڵاو كراوەتەوە
 
 
 
 

Previous
Next