به‌ڕوخسه‌تی مه‌زنترین زمان‌ناسی کورد، مه‌سعود محه‌مه‌د:… به‌شی پێنجه‌م
به‌ڕوخسه‌تی مه‌زنترین زمان‌ناسی کورد، مه‌سعود محه‌مه‌د:… به‌شی پێنجه‌م
بۆ پرۆ- دووستانده‌رده‌کانی زمانی کوردیی له هه‌ر کوێیه‌ک بن!
کامیار سابیر
"زمانی هاوبه‌ش نه‌ک دایه‌لێکته‌کان، نوێنه‌رایه‌تی ئایدێنتیتیی نیشتمانیی ده‌کات"
"جڤاکی نیشتمانیی له زمانێکی نیشتمانییدایه"
Thorlac Turville-Petre
به‌شی پێنجه‌م
مافه‌کان و چه‌واشه‌کارییه‌کان
پرۆ-جووتستانده‌رده‌کان، مافی مرۆڤ، کوردایه‌تیی، کۆمۆنیزم ، دادی کۆمه‌ڵایه‌تیی، پانکوردیزم، ناسیۆنالیزمی کوردیی و ئایدیۆلۆژیاکانیان وه‌ک چێشتی مجێو‌ر تێکه‌ڵ ده‌که‌ن. به‌جۆرێک مه‌گه‌ر به‌س له مێنیوی چێشتخانه‌ی ئه‌م جۆره سیاسییه لینگویستییکانهدا هه‌بێ. یاخود لهسهقهتترین به‌راوردکردن و تێکه‌ڵکردنی کارته‌کاندا بوونی هه‌بێ. بۆ چه‌واشه‌کاریی، دۆخی چه‌ند زمانیی و چه‌ند ستانده‌ردیی له هه‌ریه‌که له وڵاتانی کانه‌دا وبهلجیکاو سویسرا به کوردستانێک ده‌قه‌بڵێنن، جگه له‌خاوه‌نی چه‌ند دایه‌لێکتێک، هێشتا خاوه‌نی یه‌ک دانه ستاندهردیش نییه! کۆمه‌ڵێ زمانی جیاواز له ره‌گوڕیشه‌وه، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ زاراوه‌و بنزاراوه‌ی زمانی کوردییدا تێکه‌ڵ ده‌که‌ن و سیاسییانه‌و ئایدیۆلۆژیایانه خه‌ڵکی پێ چه‌واشه ده‌که‌ن.
ئه‌م نووسینه، ئه‌و مافه به‌خۆی نادات که بوختان و قسه‌ی هه‌ڵبه‌ستراو بۆ که‌س دروست بکات. به‌ڵام گومان دروست ده‌کات و گومانێکی زۆر قووڵی له‌وه هه‌یه، ئایا که‌سانێک وه‌ک ئاردی ناو دڕک له رۆژئاوادا، چه‌ندین ساڵه له‌نووسین چوونه‌ته‌وه، چۆنه له‌پڕێکدا زۆربه‌یان پێکه‌وه راستبوونهتهوه و که‌وتوونه‌ته ساتیرنووسین و په‌خشان و داڕشتن نووسین. ئایا ئه‌مانه له‌گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و حکومه‌تی کوردیی سوودمه‌ند نین؟ گه‌لۆ ئه‌مانه لۆبیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خێڵه‌کییه کوردییه نین له رۆژئاوادا نوێنه‌رایه‌تی لۆبیی دایه‌لێکتی کوردیی و چه‌ند ستانده‌ردیی بکه‌ن؟ ئایا بۆ ده‌بێ نووسه‌رانێکی کوردستانی رۆژهه‌ڵات که له‌شارێکی کوردستانی باشوور خوێندنی زانکۆیان ته‌واو کردبێ، ئێستا ده‌قاوده‌ق ئایدیۆلۆژیا و بیرکردنه‌وه زمانناسییهکهیان وه‌ک ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌و شاره کوردییه‌ی کوردستانی باشوور، جووت و فیت بێ که باچله‌ر یان ماستهرنامهکهیان تێدا وه‌رگرتووه؟
ئایا هه‌موو ئه‌مانه رێکه‌وته و گه‌زۆ بارینی وه‌رزییه! نا گومانی ئه‌م نووسینه له‌وه‌دایه که هه‌موویان له ڕێگه‌ی حیزبێکه‌وه، دهسگایهکهوه، ئینستیتیوتێکهوه سه‌ره‌نجام هه‌ر ده‌ڕژێنه‌وه ناو که‌لله‌سه‌ری به‌شێک له‌ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی کوردیی له‌کوردستانی باشووردا، که به‌ئاشکراو به نهێنیی، لایه‌نگریی خوێندنه به دوو زار ، به‌دوو په‌روه‌رده، به‌دوو سیسته‌م و به‌دوو جۆر کوردایه‌تیی! . ئایا ئه‌وه‌ی باپیری ، نه‌نکی به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان لهقارهمانهکانی شۆڕشی کۆن و خێروبه‌ره‌که‌تی شۆرش و ده‌سه‌ڵاتی کوردییه‌وه نزیک بێ، هۆی چییه وا گڕیان گرتووه‌و له‌مپه‌ر دروست ده‌که‌ن، له‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا، نه‌توانێ به‌خاوه‌نی زمانێکی فه‌رمیی وستاندهرد ببێ ؟
زمانی نیشتمانیی ئه‌و میکانیزمه پڕ لهبههایهیه، که هه‌موو سنوورێکی ناوچه‌گه‌ریی، خێڵایه‌تیی، شارچییه‌تیی و ریزبه‌ندیی لابه‌لا ده‌په‌ڕێنێت، یهکڕیزبهندیی سه‌رتاسه‌ریی و نیشتمانیی دروست ده‌کات. سیمبۆڵیزمی نه‌ته‌وه‌یی و ئایدێنتیتیی نیشتمانیی و هاوپشتیی سه‌رتاسه‌ریی و مێژووی هاوبه‌ش تۆکمه‌تر ده‌کات. به‌پێچه‌وانه‌وه دایهلێکتبازیی و گه‌مه‌ی چه‌ند ستانده‌ردیی، گیانی سیاسیی و مێژوویی کورد هه‌لاهه‌لا ده‌کات، جومگه‌کانی یه‌ک نه‌ته‌وه‌یی و یه‌ک نیشتمانییش له دوورمه‌ودا شلوشاو ده‌کاته‌وه‌و مه‌ترسیی په‌یدابوونی شه‌قڵی گه‌وره‌ی به‌دواوه ده‌بێ. ئه‌گه‌ر له‌ڕۆژگاری کۆندا ئه‌مانه رووی نه‌داوه، هه‌نووکه دنیا گۆڕاوه‌و زمانیش وه‌ک دیارده‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌گۆڕاندایه، ئه‌گه‌ر دایه‌لێکته‌کان به‌جودا بفراژێن و له‌گۆڕاندا بن، ئه‌وه زۆر به‌یه‌قینه‌وه، کورد هه‌رگیزاو هه‌رگیز نابێ به‌خاوه‌نی یه‌ک زمانی ستاندهردو فه‌رمیی و یه‌کگرتوو ( له‌ڕووه سیاسیی و یاسایی و ئینستیتیوتییهکهوه).
چاوه‌ڕێکردن و رۆژگار بهڕیکردن و پشتگوێخستی پرسی زمانی ستانده‌ردی کوردیی له‌کوردستانی عێراقدا، زه‌نگێکی مه‌ترسییداره، به‌پله‌ی یه‌که‌میش ده‌سه‌ڵاتی کوردیی به‌گشتیی و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، مه‌سعود بارزانیی، به‌تایبه‌تیی لێی به‌رپرسیاره. ئه‌وه زمانێکی یه‌کگرتووه، نه‌ک جوکهجوکی دایه‌لێکته‌کان که تاکی کورد وه‌فاداریی loyalty و ئایدێنتیی خۆی پێوه گرێ ده‌دات. هه‌روه‌ک میڵ Mill باسی وه‌فاداریی و ئایدێنتیی نیشتمانیی و متمانه‌ی نێوان گرووپ و جڤاکه‌کان ده‌کات، پێیوایه "دێمۆکراسیی پێویستیی به کۆده‌نگییه‌کی لینگویستیکیی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌بێ، ئینستیتیوتیی ئازاد، بوونی ئه‌سته‌مه"(Mill, 1972,230 ). لهههرشوێنێکیش ئینستیتیوتی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ نه‌بێ، هه‌موو به‌هاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسیی ده‌که‌ونه ژێر پرسیاره‌وه.
ئه‌و ئایدیۆلۆژیسته کوردانه‌ی، خه‌می نازونوزی دایه‌لێكته کوردییهکانیانه، له‌ژێر په‌رچه‌می زمانناسییدا، پێویسته خه‌می پاراستنی زمانی که‌مینه نه‌ته‌وه‌کانی تریان له بیردا بووایه، له سبه‌ی رۆژی ده‌ستنیشانکردنی زمانی فه‌رمیی کوردستاندا، چ له هه‌نووکه‌دا به بێ که‌رکوک و ناوچه ته‌عریبکراوه‌کانی تر، چ له سبه‌ینێی هه‌رێمی کوردستاندا به‌هه‌موو خاکه‌که‌یه‌وه، پاراستنی زمانی عه‌ره‌بیی، تورکمانیی، کهلدانیی و ئاشوورییه‌کان، ده‌بێته فه‌نکشنی سه‌ره‌کیی، نه‌ک دایه‌لێکت و سهبدایهلێکته کوردییه‌کان. مافی پاراستنی زمانه‌کان ئه‌رکی مرۆیی و دێمۆکراسیی و لیرالیزمه، نه‌ک گورنهتهڵهیی دایه‌لێکته کوردییه جۆراوجۆره‌کان. ئه‌م چه‌واشه‌کاریی و سهرلێشواندنانهی به ناوی پاراستنی زمانه‌وه له کاته‌گۆریی دایهلێکتهکاندا ده‌کرێن، ئاژاوه‌نانه‌وه‌یه‌کی زۆر ئایدیۆلۆژیستانهو خێڵه‌کییانه‌یه.
کوردستانی باشوور و کوردستانی گه‌وره!
له کاتی سه‌پاندنی زمانی کوردیی به‌سه‌ر ته‌واوی هه‌رێمی کوردستاندا، کوردێکی هه‌ورامان، شارباژێر، پشده‌ر، بادینان، ده‌شتی قه‌راج و گه‌رمیان هیچ تشتێکی پیرۆز له‌ده‌ست ناده‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه شانازییه‌کی نیشتمانیی و سیمبۆڵێکی سه‌رتاسه‌ریی ده‌بێته ئایکۆنی ئایدێنتیییه نیشتمانییه‌که‌یان له بواری لینگویستیکییدا. ئه‌مه به‌و واتایه نییه، ته‌واوی زاراوه‌و بنزاراوه‌کان بفهوتێنرین، ئه‌مه له‌توانای هیچ جهبهرووتێکدا نییه، هاوکات فهوتاندنیشیان به‌قازانجی که‌س نییه، چونکه به‌رنامه و رێبازی ( planning and policy) زمانناسیی بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ پێویستیی پێیان ده‌بێت. راستییه‌کی جیۆپۆلیتیکی هه‌یه، که کوردستانه‌کان بهدابهشکراویی بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ده‌مێننه‌وه( ئه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌کیش بگرنه‌وه) ، ئه‌م نووسینه له‌وبڕوایه‌دایه، هه‌رگیزاوهه‌رگیز کوردستانی گه‌وره دروست نابێ، له‌به‌ر هیچ نا ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مێنتا‌ڵیتی تاکی کورد، خێڵی کورد، ئینتێلهجێنسیای کورد هه‌رگیز به‌و ئاسته ناگات.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌واوی هاوکێشه هه‌رێمیی و پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌داهاتوودا ئه‌م هه‌له بۆ یهکگگرتنهوهی کوردستانه‌کان! بڕه‌خسێنن. به‌ڵام ئێمه لهههنووکهداین و کوردستانی عێراق دیفاکتۆیهکهو ده‌بێ له‌گه‌ڵیدا مامه‌ڵه بکه‌ین، که‌واته له‌دوورمه‌ودادا، کاڵبوونه‌وه‌ی دایه‌لێکته کوردییه‌کان هیچ زیانێکی بۆ زمانی کوردیی نییه، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه گوژمێکی کو‌لتووریی گه‌وره به‌زمانی ستاندهردو ئۆفیشه‌ڵ و یه‌کگرتووی هه‌رێمی کوردستان ده‌دات. ئه‌وسا ئه‌م زمانه به‌یه‌کگرتوویی له‌گه‌ڵ زمانی کوردیی کوردستانی تورکیا( که گومانی تێدا نییه کرمانجیی سه‌روو ده‌بێت)، مامه‌ڵه ده‌کات بۆ پێکه‌وه‌نانی زمانێکی یه‌کگرتووتر( به‌دڵنیاییه‌وه به‌تێکه‌ڵکردن نا، به رێژه‌ی زۆروبۆریی کرمانجه‌کان نا، به‌ڵکوو به‌پێی پرێستیژبوون و قورسایی فه‌نکشن و مێژووی تێکست….تاد).
وه‌ک جه‌ختکردنه‌وه، لهوڕێنهش به‌ولاوه تره، لهههنووکهو داهاتوویه‌کی نزیکیشدا، بیر له زمانێکی ستانده‌ردی یه‌کگرتوو بۆ سه‌رتاسه‌ری پارچه‌کانی کوردستان بکرێته‌وه. زمانی کوردیی له‌کوردستانی عێراقه‌وه دروست بووه و ده‌بێ ئه‌م راستییه تاڵه بپه‌ژرێنین. ده‌شبێ له‌م هه‌رێمی کوردستانه‌وه ساغبکرێته‌وه‌و فۆرومی Forum سه‌ره‌کیی ئه‌و پلان و رێبازه زمانه‌وانییانه بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستانه‌کانی تردا ده‌ستنیشان بکرێ. گومانێکی ئه‌وتۆ هه‌ڵناگرێ، کوردستانی رۆژهه‌ڵات، به‌شێوه‌یه‌کی سروشتیی و ئۆتۆماتیکیی ده‌که‌وێته ژێر هێجه‌مۆنی ئه‌م زمانه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه، کوردستانی سوریاش که‌م و زۆر ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌رییه‌کانی، لای که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سکریپتی نووسینه‌که‌یان ئارامییه.
کاتێکیش زمانناسه‌کانی داهاتوو، نه‌وه‌ی نوێ، له‌دوور مه‌ودادا دێنه سه‌رئه‌وه‌ی که زمانی کوردیی یه‌کبخه‌ن له‌ئاستی کوردستانی گه‌وره‌دا!، ئه‌وسا به‌کرده‌وه رووبه‌ڕووی ئه‌وه ده‌بنه‌وه که ئه‌و ئاوه‌ی جه‌لاده‌تی به‌درخان رشتی بۆ په‌ژراندنی سکریپتی تورکیی- لاتینیی چ زیانێکی قه‌باره گه‌وره‌ی له‌سه‌رتاسه‌ری مێژووی کورد، کولتووری کوردیی ، زمان و ئه‌ده‌بی کوردیی داوه. تێگه‌یشتن له‌م مه‌ترسییه، حیکمه‌ت و وردبینیی و کاتێكی زۆری ده‌وێ. ته‌نیا تێپه‌ڕبوونی کاته، که کورد به‌ئاگا ده‌هێنێته‌وه، کورد به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی کاتێ تێده‌گات، رۆژگارێک بهچاولێکهریی و نه‌زانیی و مێنتاڵی خێڵه‌کیی و کوێخایه‌تیی، چ کوته‌کێک دراوه له‌که‌مه‌ری کورد و بۆ هه‌تاهه‌تایه دابه‌شی کرد.
ئا لێره‌وه‌یه، که شتێکه له‌ئه‌سته‌م ده‌چێ، سکریپتی نووسینی نه‌ته‌وه‌یه‌ک! یه‌ک نه‌بێ، باسی ئه‌فسانه‌ی زمانی یه‌کگرتووی کوردییش له‌ئاستی کوردستانی گه‌وره‌دا! بکرێ. زۆر گرنگه ، سه‌ر له‌خۆمان نه‌شێوێنین و راستییه سیاسیی و جیۆگرافییه‌کان ههرسبکهین و له‌چوارچێوه‌ی کوردستانی عێراقدا بیر له‌زمانی یه‌کگرتوو بکه‌ینه‌وه. به‌پێی هه‌موو یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیش، هیچ کۆسپێ نییه که گه‌لی کورد له‌کوردستانی عێراقدا، زمانی فه‌رمیی خۆی ساغبکاته‌وه و چیتر چاوه‌ڕێی خه‌ون وخه‌یاڵی پانکوردیسته‌کان، سکۆلاره کۆمۆنیسته‌کان، ئێسنۆزمانناسهکان، ناسیۆنالیسته سه‌رسه‌خته‌کان و مێنتاڵی زۆر‌و بۆریی نه‌بین.
کورد له‌هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا، ئه‌زموونگه‌لێکی زۆر زیندوو، نزیک و پڕ زانیاریی له‌به‌رده‌ستدایه، ئه‌زموونه‌کانی ته‌واوی ئه‌و کۆمارانه‌ی له‌یه‌کێتیی سۆڤێته‌وه له‌دایک بوون، ئه‌و وڵاته نوێیانه‌ی باڵکان له‌ده‌یه‌ی رابردوودا دروست بوون، گوژمێکی زۆر باشه که بیر لهستاندهردایزی زمانی کوردیی هه‌رێمی کوردستان بکرێته‌وه‌و یه‌کلایی بکرێته‌وه. به‌ڵام پرسیارێکی سیاسیی و سۆسیۆکولتووریی یه‌خه‌ی هه‌موومان ده‌گرێته‌وه ئایا گه‌لی کورد له‌کوردستانی عێراقدا، ئه‌جێندای بڵندی نیشتمانیی، یان ئه‌جێندای خێڵ و عه‌شیره‌ت و شار‌و ده‌ڤه‌ره‌که‌یان؟ به‌لاوه گرنگتره. له زمانناسییدا ئه‌وه واڵا بووه‌ته‌وه، هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌و ئێسنیکێک بیه‌وێ له ده‌وری ته‌وره‌ی زمان خۆی یه‌کبخات ( integration) ، پێویسته خاوه‌نی ئایدێنتیی و به‌های به‌رزی نیشتمانیی بێت.
به‌پێچه‌وانه ئه‌گه‌ر که‌چه ئایدێنتیتیی و به‌های نزمی نیشتمانیی هه‌بێ، حه‌ز به سه‌رخواردن و به‌تواندنه‌وه ( assimilation) ی خۆی ، له‌ناو نه‌ته‌وه‌و ئێسنیکی تردا ده‌کات. ئه‌م دیبه‌یته‌ی له‌کوردستانی عێراقدا له‌ئارادایه، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ئه‌م مێنتاڵیتییه‌ی له‌خۆگرتووه. ئه‌و که‌ڵه‌گاییه‌ی زمانی عه‌ره‌بیی به‌سنگێکی فراوانه‌وه له‌بادینان له‌سه‌رده‌می به‌عسدا ، به‌سه‌ر زمانی کوردییدا په‌ژرێنرا که ئینتێڵهجێنسیاکانی ئه‌وسا و هه‌نووکه‌ش به" سۆرانیی" ناوی ده‌به‌ن، نموونه‌یه‌کی گه‌شه‌و ئاماده‌نین بۆ لقێک له زمانه‌که‌ی خۆیان بیپهژرێنن. له‌ڕوانگه‌ی ئهسرۆپۆلۆجیای زمانیشه‌وه هه‌میشه دایه‌لێکته‌کان به‌یه‌کدا دهشاخێن. به‌ڵام سنووردانان بۆ ئه‌م بهههڵداشاخانه زۆر ئاسانه، ته‌نیا کاریزمایی و وردبینیی سیاسییه‌کان و لینگویستیکهکانی ده‌وێ.
گرفتی تێرمۆنۆڵۆجییه زمانه‌وانییه‌کانی زمانی کوردیی
جگه له‌گرفتی دایه‌لێکت جیاوازیی، کۆمه‌ڵێ ورده‌کاریی و تێرمۆنۆڵۆجی زمانناسیی دی هه‌یه، هه‌ر ده‌ڵیی خشت به‌باڵای زمانی کوردیی بڕدراون. له‌وانه ئایسهگڵۆس isogloss، ئێسنۆلێکت ethnolect ،….تاد. به‌ده‌ر له‌وه‌ی له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا ئه‌و زمانه کوردییه‌ی ره‌گوڕیشه‌یه‌کی پته‌وی هه‌یه، ستاتۆسێکی سۆسیۆلێکت sociolect ی وه‌رگرتووه. لهزمانناسییدا، سۆسیۆلیێکت به‌و زمانه یان زمانانه ده‌گوترێ که کارێکته‌ره‌کانی له باکگراوندێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌هێزه‌وه په‌لوپۆیان هاویشتووه. هه‌ر ئه‌م سۆسیۆلێکتبوونهی زمانی کوردیی هه‌رێمی کوردستانه، که له‌چه‌ند دایهلێکتێکهوه ( به‌تایبه‌ت کرمانجیی ناوه‌ڕاست و خواروو ) بووه به زمانێکی باڵای ناوچه‌یه‌کی به‌رفراوان و ئه‌ده‌ب و تێکست و مێژوویه‌کی زۆری گه‌لی کورد. هه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه پرێستیژبوونهیشه که رۆڵی لینگوافرانکایهکی بناغه ئه‌ستووری داوه‌تێ.
هاوکات له‌نێو گرفت و ورده‌کارییه‌کانی تری زمانی کوردییدا، راستییه‌کی جیۆگرافیی و سنووردابڕانی زمانیی هه‌یه پێویسته له‌به‌رچاو بگیردرێ، لهزمانناسییدا به‌م دابڕانه سنووریی و که‌رتبوونه جیۆگرافییانه ده‌گوترێ ئایسهگڵۆس . ئه‌م هه‌لومه‌رجه ئایسهگڵۆسییه ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می کۆڵۆنیالیزه‌کردنی کوردستان و دابه‌شکردنه‌وه‌ی کوردستانیشدا له‌لایه‌ن هێزه ده‌ره‌کییه‌کانه‌وه لهبهرچاوگیردراوه. له کوردستانی عێراقیشدا، جێپه‌نجه‌ی دیاره، ئه‌م ده‌ردی ئایسهگڵۆسییهیه شه‌ڕی مه‌لایی و جهلالییشی زێتر گهشکردهوه، تێرمی "سۆرانیی" و "بادینیی"شی زێتر له‌یه‌ک سویوه. له ئاست کێشه‌کانی زمانی کوردیی‌شدا، ئایسهگڵۆسیی به‌ڵایه‌کی مه‌ترسییداره بۆ سه‌ر فۆرمێکی گشتگیر و یه‌کده‌ستی زمانی کوردیی له کوردستانی عێراقدا. دیاره له‌ناو ئایسهگڵۆسیای زمانی کوردییدا، جیاوازیی رێزمان به‌گشتیی و راناوه‌کان به‌تایبه‌تیی سه‌رگه‌ردانییه‌کی تره.
سه‌باره‌ت به ئێسنۆلێکتیی زمانی کوردیی، که له‌ناو خودی ئێسنیکی کوردییه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، هه‌نووکه کرمانجیی ناوه‌ڕاست خۆبه‌خۆی له دوو پارچه‌ی کوردستاندا بووه‌ته لینگوا فرانکا، هه‌رچه‌نده لینگوافرانکایهک نییه به‌شێوازیی یاسایی( ده‌ستووریی) و سیاسیی ، به‌ڵام به گه‌شه‌ی سروشتیی له‌ڕووی کولتوورییه ئه‌م مافه‌ی وه‌رگرتووه. هه‌روه‌ک فیشمان Fishman له سۆسیۆلینگویستیکدا باسیده‌کات و ده‌ڵێ" خودی مۆدێرنیزه رنهی له‌زمان و ئێسنیکبوون داوه و به‌ئاستێکی گرنگ له‌هۆشیاریی گه‌یاندوونه" (لا٣٣٠، ١٩٧٠ ، Fishman ). ئه‌م رنهلێدانه له‌زمانی کوردیی له‌لایه‌ن مۆدێرنیزمه‌وه راستییه‌کی تێدایه، که گه‌یاندوویه‌تی به‌و ئاسته پرێستیژه‌ی که تێیدایه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به ئێسنیکبوونی کورد، ئاستی هۆشیارییه‌که‌ی له‌هه‌مبه‌ر گرنگیی زماندا، له‌ئه‌وپه‌ڕی خراپییدایه.
له کوێوه ده‌ستپێبکرێ؟
ستانده‌ردایزی زمانی کوردیی له‌کوردستانی عێراقدا، ده‌کرێ به بۆچوونه‌کانی هاوگن Haugen ده‌ستی بۆ ببردێ، که پێیوایه له‌پێناو زمانێکی نیشتمانیی یان هه‌رێمییدا، له‌باری سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گرنگییه‌که‌ی له‌به‌رچاو بگیردرێ(١٩٧٣ ، Haugen ) . له‌دۆخێکی وه‌ک کوردستانی عێراقدا که هۆمۆجینییهسێکی homogeneous زمانیی نییه، ده‌کرێ کۆددانان( کۆدیفیکه‌یشن) له‌سه‌ر نۆرمی ئۆرسۆگرافیی، رێزمان و فه‌رهه‌نگی زمانی کوردیی بکرێته بناغه‌ی ستاندهردبوونێکی هه‌مه‌لایه‌نه(ibid ) . زیندووترین نموونه‌ی زمانه‌کانی جیهانیش له‌م بواره‌دا، زمانی رۆمانییه، که‌به‌م قۆناغانه‌دا تێپه‌ڕێندراوه.
سه‌باره‌ت بهدووستاندهردیی زمانی کوردیی له‌ئاستی کوردستانی عێراقدا، جگه له‌وه‌ی عه‌قڵییه‌تێکی عه‌شایه‌ریی و خێڵه‌کییه، به‌ڵام له‌به‌رگێکی سکۆلاریی و ئه‌کادیمییدا خۆی راده‌گه‌یه‌نێت. ئاخر ئه‌و شێتخانه‌یه چۆن ده‌بێ، له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌نجوومه‌نی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌سه‌ر دراو و پاسپۆرتی عێراقیی، ده‌ستووری عێراقیی، یاسا و دادگاکانی هه‌رێم و پایته‌خت، به‌هه‌ردووکیان بنووسرێ. وه‌ک ره‌فیق سابیر ئاماژه‌ی پێده‌کات، ئاخر هه‌ر "خۆسووکردنیشه" له‌لای نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و داگیرکارانی عێراق ( ئه‌مێریکا وبریتانیا)، له‌به‌غداد، شه‌ڕ له‌سه‌ر کام زمانی کوردیی بکه‌ین( سابیر، ٢٠٠٨ ). خۆ گاڵته‌جاڕیی ئه‌م دووستاندهردییه وه‌ک به چه‌وریی و گریسی ئایدیۆلۆژیا به عه‌قڵی هه‌ندێ ئه‌کادیمیست و لینگویستیکی کورددا چووه، به عه‌قڵی نه‌ته‌وه‌کانی تری عێراق و زۆرینه‌ی ره‌های کوردی کوردستانی عێراقدا ناچێ، که به‌کام زمان له‌و دووستاندهرده بێت! له‌کاتێکدا کرمانجیی له‌باری لینگویستیکییهوه هه‌ر توانای بوون به‌زمانی ستانده‌ردی نییه. ئه‌م هه‌موو فڕوفێڵ و نموونه هێنانه‌وه‌ی زمانه‌کانی دنیا و به‌راورد کردنیان به دایه‌لێکته لۆکاڵییه‌کانی زمانی کوردیی، سه‌رسه‌ختییه‌کی ئایدیۆلۆژیی و نه‌سه‌لماندنی دیفاکتۆیه‌کی زمانه‌وانیی هه‌رێمی کوردستان نه‌بێ، ئه‌ی چیتره؟
به‌دبه‌ختیی کورد، هه‌ر له‌سیاسه‌تدا نییه ،که سیاسه‌توانانی یان مێنتاڵی خێڵه‌کیی و حیزبیی و ئایدیۆلۆژییان هه‌یه، یاخود پسپۆری بازرگانیی و پارهکهڵهکهکردنن و پرسه نیشتمانییه چاره‌نووسسازه‌کانیش هه‌ر ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێیان پێکردووه. به‌ڵکوو له زۆربه‌ی بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییدا، کورد هه‌مان گرفتی هه‌یه. له کێشه‌ی زمانی کوردییدا، ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌م زمانه له کوردستانی عێراقدا، لایه‌نگرانی جووتستانده‌ردیی زۆر به‌وریایی و ئاگایانه‌وه، مه‌سه‌له‌ی زمانی کوردیی له‌کوردستانی عێراقدا، تێکه‌ڵ به زۆروبۆریی ژماره‌ی کرمانجه‌کان و پارچه‌کانی تری کوردستان ده‌که‌ن. دواتر هیچ جیاکارییه‌ک بۆ هه‌لومه‌رجی سیاسیی و جیۆگرافیی و مێژوویی کوردستانی عێراق ناکه‌ن، هه‌موو چاره‌سه‌رییه‌کان له پاکیجێکدا ( جووتستانده‌ردیی) بۆ ئاستی گشت پارچه‌کانی کوردستان باس ده‌که‌ن.
چونکه به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی له ئایدیۆلۆژیای سیاسیی و تێڕوانینی سیاسیی ئه‌واندا، هه‌میشه له‌گرفته چینایه‌تییه‌کانه‌وه ده‌چنه ژووره‌وه، مه‌سه‌له‌ی زمانیشیان تێکه‌ڵ کردووه به‌م مه‌ودا سیاسیی و ئایدیۆلۆژییانه. به‌ده‌ر له‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌و دووستاندهردییه، لینگویستیکه یان نا، زمانناسییهکهی له‌سه‌ر زمانی کوردیی، ئه‌جێندای سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی له‌پشته‌وه‌یه یان نا، به‌ڵام ئه‌و دداننهنانهی به دیفاکتۆی زمانی کوردیی له‌کوردستانی عێراق و شێوازی میتۆدۆڵۆجیی زمانناسییهکهی ، بۆ خۆی به‌هه‌ندوه‌رنه‌گرتنی ئاگایی کۆمه‌ڵایه‌تیی و لاوازیی هه‌ستکردن و به‌رپرسیارییه‌تییه له رووناکبیرییبوونی و له زمانناسییبوونیدا. ئه‌مانه‌ش کاتێ له‌لایه‌ن سکۆلاره‌کانه‌وه ده‌کرێن، ئاگایی و به‌لاڕێدابردنێکی زۆر زیره‌کانه‌ی تێدا به‌کارده‌هێنرێ و له چه‌مکه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی زمانناسیی دووردهکهوینهوهو حه‌ماسی ئایدیۆلۆژیی، مێشک و هزر و قه‌ڵه‌میان کۆنترۆڵ ده‌کات(١٩٨٢،Hutton ).