
خه‌باتی چه‌کداری و نه‌هامه‌تییه‌کانی…به‌شی دووه‌م
خه‌باتی چه‌کداری و نه‌هامه‌تییه‌کانی
شێرکۆ کرمانج
کاندیدی دکتۆرا له بواری دیراساتی نێونه‌ته‌وه‌یی له زانکۆی ساوس ئوسترالیا
به‌شی دووه‌م
خه‌باتی چه‌کداریی و له‌دستدانی جڵه‌وه‌ی بزوتنه‌وه
گوتمان خه‌باتی چه‌کداری و پشتبه‌ستن به لایه‌نێکی دیکه په‌یوه‌ندییه‌کی دیاله‌کتیکیانه‌یان هه‌یه. هه‌رکاتێکیش پشت به لایه‌نێکی دیکه ببه‌سترێت، ئه‌وه له‌لایه‌ک ده‌بێته مایه‌ی له‌ده‌ستدانی جڵه‌وی بزوتنه‌وه‌که. له‌لایه‌کی دیکه‌ش بزوتنه‌وه‌که ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریی ئایدیۆلۆژیی و فکریی لایه‌نه پشتپێبه‌ستراوه‌که. با بزانین چۆن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی په‌که‌که تا ئێستاش تا ڕاده‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراستووه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی باره‌گای سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی له سوریا بوو ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر ده‌خزایه ژێر باڵی سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته. هۆیه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی که تا ده‌هات بزوتنه‌وه‌که پێداویستی جه‌نگ و تفاق و شوێنی مه‌شقکردنی زیاتر ده‌بوو. بوونی په‌که‌که له سوریا که هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ستبردنی بۆ چه‌ک بووه یه‌کێک له‌و هۆیانه‌ی که له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و ئیسرائیل وه‌ک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ته‌ماشابکرێت، چونکه سوریا، وڵاته پشتپێبه‌ستراوه‌که، ده‌یان ساڵه وه‌ک وڵاتێکی پاڵپشت له تیرۆر ناسراوه. توندڕه‌ویی سوریا کاریگه‌رییه‌کی خراپی له‌سه‌ر ڕه‌وتی فکریی و پراکتیزیی په‌که‌که دانابوو. سوریا به‌مه‌به‌ستی فشارخستنه سه‌ر تورکیا و پارسه‌نگکردنی ته‌رازوی هێز له کێشه‌ی ئاو له‌گه‌ڵ تورکیا په‌که‌که‌ی به‌کارده‌هێنا. له‌هه‌مانکاتدا شه‌ڕی مه‌عنه‌وی و ئایدۆلۆژی ئه‌مریکا و ئیسرائیلشی پێده‌کرد، به قسه‌ی خۆیان گوایه به‌ره‌ی دژی ئیمپریالیزمیان پێکهێنابوو.
نمونه‌یه‌کی دیکه، بزوتنه‌وه چه‌کدارییه‌که‌ی باشوری کوردستانه. پارتی دیموکراتی کوردستان له دوای دامه‌زراندنی له 1946 تا سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو زیاتر خه‌ریکی خه‌باتی ژێرزه‌مینی و جه‌ماوه‌ری بوو. په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ هیچ ده‌روجیرانێکی کوردستان نه‌بوو، که‌چی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه چه‌کدارییه‌که‌ی 1961 هه‌رزوو سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی به‌مه‌به‌ستی کۆمه‌ک وه‌رگرتن ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئێران تێکه‌ڵکرد. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا له‌ڕێگای چه‌ند که‌سێکه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسرائیلیش په‌یوه‌ندی به‌سترا.
گۆڕانکارییه‌کی ئه‌وتۆ له سه‌ره‌تای دامه‌زراندی پارتی تا ئه‌و کات له سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌که و ڕه‌وته فکرییه‌کانی پارتی ڕویاننهدابوو، ئه‌ی بۆچی ته‌نیا دوای ده‌ستپێکردنی خه‌باتی چه‌کداریی بزوتنه‌وه‌که په‌له‌قاژه‌ی ئه‌وه‌ی تێکه‌وت که ده‌ست بۆ ده‌رودراوسێ درێژبکات. ئه‌گه‌ر خه‌باتی چه‌کداری نه‌بوو بێت ئه‌ی ده‌بێ چی بێت؟ به نزیکبوونه‌وه له ئێران و ئیسرائیل بزوتنه‌وه‌که له ڕه‌وته شۆڕشگێڕییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌می ناوچه‌که دوورکه‌وته‌وه، له‌وانه ته‌نانه‌ت حزبی شیوعی عێراقیش. کاتێک بزوتنه‌وه شۆڕشگێرییه‌کانی دنیا ڕوو له بلۆکی ڕۆژههڵاتبوون بزوتنه‌وه‌ی کورد له باشور ڕووی له ئێران و له پاڵئهویشهوه له ڕۆژئاوا بوو. که‌چی له‌به‌رئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌ی باکور بنه‌وبارگه‌ی له سوریا دانابوو، سوریاش دژ به ڕۆژئاوا‌و به شنه‌ی ڕۆژهه‌ڵات سه‌مای ده‌کرد، وه‌ک ده‌رئه‌نجامێک بزوتنه‌وه کوردییه‌که‌ش له‌سه‌ر هه‌مان ئیقاع سه‌مای ده‌کرد و ئاڵای سووری کۆمۆنیزمی له شاخه‌کانی کوردستان هه‌ڵده‌کرد. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا له لوبنان له‌پاڵ فه‌له‌ستینییه‌کان شه‌ڕی ئیسرائیلی ده‌کرد.
ئه‌مانه هه‌موو نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن که بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری له‌به‌ر پێداویستییه‌کانی ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ری فکریی و ئایدیۆلۆجیی ئه‌و لایه‌نانه‌ی پشتی پێده‌به‌ستێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ی نه‌ک هه‌ر له ده‌ستدانی جڵه‌وی بزوتنه‌وه‌که به‌ڵکو ئاراسته فکرییه‌کانیشی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقعی ڕۆژ نابن چونکه به ناچاری ده‌که‌ونه ژێر ره‌حمه‌تی خه‌ته ئایدیۆلۆجییه‌کانی ده‌وڵه‌ت یان لایه‌نه پشتپێبه‌ستراوه‌که.
خه‌باتی چه‌کداریی: شێوه خه‌باتێکی باونه‌ماو
خه‌باتی چه‌کداری یان شه‌ڕی پارتیزانی شێوه خه‌باتێکی نوێ بوو له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیست هێزو لایه‌نه شۆڕشگێره کۆمۆنستییه‌کان و چه‌په‌کان دایانهێنا و له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه ڕزگاریخوازه نیشتیمانییه‌کانیش لاسایی لێکرایه‌وه. واچاکه لێره ئاماژه به‌وه بکه‌ین که ئامانجی کۆمۆنیسته‌کان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه ڕزگاریخوازه نیشتیمانییه‌کان زۆر لێکجییان. کۆمۆنیسته‌کان به حکومی باوه‌ڕبوونیان به دکتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا و حه‌تمیه‌تی ڕوخانی ڕژێمی سه‌رمایه‌داریی له هه‌وڵی سهرنگۆکردنی ڕژێمه سه‌رمایه‌دارییه‌کان و بنیاتنانی سیسته‌مێکی سوشیالیستیی دان. که‌چی بۆ بزوتنه‌وه ڕزگاریخوازه‌کان، بۆنمونه کوردستان، ڕوخانی ڕژێمه داگیرکه‌ره‌که حه‌تمیه‌تێکی تاریخی نیه. ئه‌گه‌ر کۆمۆنیسته‌کان پێیانوایه یان وابوو که ته‌نها له ڕێگای خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه ده‌توانن ئاڵوگۆڕ له سیسته‌می ده‌وڵه‌تدا بکه‌ن، ئه‌وه بۆ کورد پێکهاتن له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌که یان ناچارکردنی به داننان به مافه ڕه‌واکانی کورد ده‌کرێت به ئامانجه‌که‌ی بگات یان لانیکه‌م لێی نزیکبێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه ده‌توانین بڵێین ڕێگه‌ی نزیکبوونه‌وه‌ی کۆمۆنیسته‌کان و بزوتنه‌وه ڕزگاریخوازییه‌کان له چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ده‌کرێت جیابێت.
وه‌ک شێوازێکی خه‌بات شه‌ڕی پارتیزانی له که‌م شوێنی دنیا باوی ماوه. هه‌ندێک ڕێکخراوی چه‌پ له ئه‌مریکای لاتین ئێستاش په‌یڕه‌وی له‌م شێوه خه‌باته ده‌که‌ن. دیاره نابێت ئه‌وه له‌بیربکه‌ین که په‌که‌که و پژاک هه‌ردووکیان ئێستاکانه درێژه به‌مشێوه خه‌باته ده‌ده‌ن و سه‌رئێشه‌یه‌کی زۆریشیان بۆ هه‌رێمی کوردستان دروستکردوه.
له‌وانه‌یه ئه‌م پرسیاره بکرێت، مه‌گه‌ر ڤێتنام، چین، کوبا، نیکاراگوا… هتد. له ڕێگه‌ی خه‌باتی چه‌کداری ڕزگاریان نه‌بوو؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین، به‌ڵێ، به‌ڵام نابێت ئه‌وه له‌بیربکرێت که دنیای ئه‌و سه‌رده‌م دنیای دوو جه‌مسه‌ری بوو. زۆرجار به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌ک له‌م جه‌مسه‌رانه وای ده‌خواست که پشتیوانی له خه‌باتی ڕزگاریخوازی گه‌لێک یان وڵاتێکی داگیرکراو، ڕسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، تا سه‌رکه‌وتن بکات.
له ڕێگای خه‌باتی چه‌کداری چه‌ند وڵاتی دیکه‌ش وه‌ک جه‌زایر و لیبیا له ژێر ده‌ستی کۆلۆنیالیستی فه‌ره‌نسا و ئیتالیا ڕزگاریان بوو. ئه‌مه‌ش ڕاسته، به‌ڵام ده‌بێ بزانین که وڵاته کۆلۆنیالیسته ته‌قلیدییه‌کانی وه‌ک بریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتالیا مانه‌وه‌یان له وڵاته کۆلۆنیالکراوه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج و زه‌ره‌ر هه‌ڵده‌سه‌نگاند. هه‌رکاتێک ته‌رازوه‌که به‌لای زه‌ره‌رێکی کۆنترۆڵنهکراوبا ئه‌وه وڵاته‌که‌یان به‌جێده‌هێشت. زۆرجار له ڕێی خه‌باتی چه‌کداریی ئاکامێکی له‌م شێوه‌یه ده‌هاته‌پێش و وڵاته کۆلۆنیالیسته‌که ناچار به ده‌رچوون ده‌کرا. ئه‌وه‌ی لێره زۆرگرنگه ئاماژه‌ی پێبکه‌ین له په‌یوه‌ند به بارودۆخی داگیرکردنی وڵاتانی کۆلۆنیالکراو و داگیرکردنی کوردستان ئه‌وه‌یه که داگیرکردنه‌کان له بنه‌ڕه‌تدا جیان. کوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانێکه‌وه داگیرکراوه که خاکی کوردستان به به‌شێکی نه‌پساوه‌ی وڵاته‌که‌ی خۆیان داده‌نێن، که‌چی فه‌ره‌نسا و بریتانیا و وڵاتانی دیکه‌ی کۆلۆنیالیست به‌ده‌گمه‌ن وڵاته داگیرکراوه‌کانیان به به‌شێکی نه‌پساوه‌ی وڵاته‌کانیان داده‌نا. هۆی هه‌ره سه‌ره‌کیش بۆ ئه‌مه دووری وڵاته کۆلۆنیالیسته‌کان بوو له وڵاته داگیرکراوه‌که. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر کوردستاندا هاتووه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا به کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی (internal colonialism) ناوده‌برێت. ئێره شوێنی ده‌رخستنی هه‌موو جیاوازییه‌کانی نێوان کۆلۆنیالیزم و کۆلۆنیالیزمی ناوخۆی نیه، به‌غه‌یره‌ز له‌وه‌ی که گوتمان وڵاته داگیرکه‌ره‌که خاکی وڵاته داگیرکراوه‌که به به‌شێک له خاکی خۆی ده‌زانێت و به‌گشتیش خاکه داگیرکراوه‌که به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن ده‌زگا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی وه‌ک نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به‌به‌شێک له خاکی وڵاته داگیرکه‌ره‌که ناسراوه.
خاڵێکی دیکه‌ی جیاوازی حاله‌تی کوردستان ئه‌وه‌یه که داگیرکه‌رانی کوردستان زۆر که‌م ئیعتیبار بۆ زه‌ره‌ری مانه‌وه‌یان له کوردستان داده‌نێن، چونکه لێخۆشبوو‌ن له کوردستان به داشکان له سیاده‌ی نیشتیمانی داده‌نێن. بێجگه له‌مانه، ڕای گشتیی و میدیای ئازاد له‌م وڵاتانه نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌یی که فشاری ڕاسته‌قینه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروستبکه‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌مریکییه‌کان و میدیاکه‌یان کردیان له کاتی جه‌نگی ڤێتنام. تورکیا ساڵانه نزیکه‌ی 10 ملیار دۆلار له شه‌ڕی کوردستان سه‌رفده‌کات که زۆربه‌ی هه‌ر زۆری قه‌رده، که‌چی کورد گۆته‌نی ته‌قه‌ی سه‌ری دێت. ڕای گشتیی و میدیای تورکیا نه‌ک هه‌ر دژی شه‌ڕ نین به‌ڵکو ته‌واوی بزوتنه‌وه‌که‌ی کوردستان به تیرۆریست له قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن. حکومه‌تی عێراق له پێناو له‌ناوبردنی بزوتنه‌وه چه‌کدارییه‌که‌ی 1974 به‌شێکی خاکی عێراقی به‌خشیه ئێران. جمهوریی ئیسلامی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ڕێژه‌ی ئاوسانی (التچخم) ئابورییه‌که‌ی هه‌ندێجار ده‌گاته %100 که‌چی له هیچ شتێک ناسڵه‌مێته‌وه له ڕاوه‌دونان و کوشتنی کادیر و پێشمه‌رگه‌کان نه‌ک هه‌ر له‌م دیو سنور به‌ڵکو سنوره دووره‌کانیش ده‌بڕێت.
له دیدی ئه‌وروپا و دنیای ئازاد خه‌باتی چه‌کداری نه‌ک هه‌ر باوی نه‌ماوه به‌ڵکو زۆر به‌دناوه. له‌یلا زانا و عه‌بدوڵا ئۆجالان هه‌ردووکیان کوردن و له کوردستانی بنده‌ستی تورکیا خه‌بات ده‌که‌ن بۆ مافه‌کانی کوردستانیان. له‌یلا زانا له‌به‌رئه‌وه‌ی توندوتیژی وه‌ک شێوازێکی خه‌بات ڕه‌تکردۆته‌وه که دگیرێت هه‌موو ئه‌وروپا له‌سه‌ری بهجوابدێت. که‌چی ئۆجالان له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌کداری وه‌ک ڕێباز و وه‌سیله‌یه‌ک به‌کارده‌هێناو خۆی سه‌رکردایه‌تی گه‌ریلاکانی ده‌کرد کاتێک چوو بۆ ئه‌وروپا نه‌ک دوژمنانی کورد به‌ڵکو دۆسته‌کانیشی به هانای نه‌هاتن. بۆیه کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به زمانی زه‌مانه بدوێت و دژایه‌تی ڕه‌وتی جیهانی نه‌کات ده‌بێت به شێوازه‌کانی خه‌باتی خۆیدا بچێته‌وه و بزانێت که شێوه خه‌باتێکی باونه‌ماو ناتوانێت گوێگر‌و پشتیوانی له خه‌باته‌که‌ی له دنیای بڕیاربه‌ده‌ست بۆ په‌یدابکات.
خه‌باتی چه‌کداریی: شکستی به‌رده‌وام
زۆربه‌ی حیزب و ڕێکخراوه سیاسیه‌کانی کوردستان خه‌باتی چه‌کداریان به به‌رزترین و شکۆدارترین قۆناغی خه‌باتی ڕزگاریی نیشتیمانیی به جه‌ماوه‌ری کوردستان ناساندوه. له هه‌مانکاتدا به درێژایی مێژوو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که هێزی پێشمه‌رگه (لێره مه‌به‌ستمان پێشمه‌رگه‌ی شاخه) تاکه هێزی به‌رگریکه‌ره نه‌ک هه‌ر له کوردستان به‌ڵکو شه‌ره‌ف و ناموسی کورد. دیاره ئه‌م تێڕوانینه له دیدێکی ڕوتی ناسیونالیستیه‌وه هه‌ڵقوڵاوه.
من له‌و باوه‌ڕه‌دام که کوردستانیان ده‌بێت به چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌و واقعیانه‌ی دوور له هه‌ستی کوێرانه‌ی کوردانه به مێژووی کوردستاندا بچنه‌وه‌و بزانن ئایا به‌ڕاستی هێزی پێشمه‌رگه توانیویه‌تی ئه‌م ئه‌رکه گه‌وره‌یه له شاخ ببینێت؟ به واتایه‌کی دیکه ئایا له توانایدا بووه ئه‌م ئه‌رکه قورسه بخاته سه‌ر شان؟ به خستنه‌ڕووی چه‌ند نمونه‌یه‌ک هه‌وڵده‌دین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌ینه‌وه.
مێژووی کورد پڕه له نمونه‌ی به ئاکام نه‌گه‌یشتنی خه‌باتی چه‌کداری. شۆڕشی ئه‌یلول 1961-1975 له باشوری کوردستان نمونه‌یه‌کی زه‌قه. به شایه‌دی هه‌موو لایه‌ک گه‌وره‌ترین شۆڕشی کوردستان بووه به‌تایبه‌تی له بواری به جهماوهرییبوونیدا. شۆڕش له 1974 زیاتر له 120000 چه‌کداری هه‌بوو، که‌چی هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی تا نسکۆ له 1975 ڕۆژانه له پاشه‌کشه دابوو. له ڕاستیدا ئه‌و هێزه گه‌وره‌یه‌ی پێشمه‌رگه به‌بێ شه‌ڕ زۆربه‌ی شاره گه‌وره‌کانی کوردستانی چۆڵکرد. ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه قه‌بوڵ بکه‌ین که شۆڕشه‌که به پلانێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناوبرا، خۆ ناکرێ دیفاع له شکسته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی پێش پلانه‌که بکرێت. ڕاسته سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ش به‌ده‌ستهاتووه له پێکدادانه‌کاندا، وه‌ک شه‌ڕی هندرێن و ده‌یان داستانی قاره‌مانانه‌ی هه‌موو شۆڕشه‌کانی کوردستان. به‌ڵام تورکمان په‌ندێکیان هه‌یه ده‌ڵێت ‘ئاخیره باخ’، واته ئاخیری شه‌رته. بردنه‌وه‌ی پێکدادان (معرکه) گرنگ نیه، به‌ڵکو بردنه‌وه‌ی شه‌ڕ (حرب) گرنگه، چونکه ئه‌نجام له‌سه‌ر شه‌ڕ ڕاده‌وه‌ستێت نه‌ک پێکدادان.
دوابه‌دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له 1979 به‌شێکی زۆری خاکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان بوو. که‌چی پێشمه‌رگه‌کانی حزب و کۆمه‌ڵه نه‌یانتوانی به‌رگری له ناوچه ئازاده‌کان بکه‌ن. تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی پێشوو لێره‌و له‌وێ نه‌بێت پێشمه‌رگه له ڕۆژهه‌ڵات بوونێکی ئه‌وتۆی نه‌ما و ئاودیوی سنورکران. له ساڵی 1984 په‌که‌که بانگی ده‌ستپێکردنی خه‌باتی چه‌کداری ڕاگه‌یاند. ئه‌وان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که ده‌رسیان له هه‌ڵه‌کانی شۆڕشه‌کانی پێشخۆیان وه‌رگرتووه، که‌چی تا سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌کان هێزێکی وایان له باکوری کوردستان نه‌ما. سه‌رکردایه‌تی و بنکردایه‌تیان گواسته‌وه ناوچه‌کانی خواکورک و قه‌ندیل له هه‌رێمی کوردستان. له‌وکاته‌وه به‌به‌رده‌وامی کێشه‌و گرفت بۆ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم دروستده‌که‌ن. ئێره شوێنی ئه‌وه‌یه نیه که باس له‌وه بکه‌ین کێ تاوانباره له‌و کێشانه. به‌ڵام ده‌سبردنی په‌که‌که بۆ خه‌باتی چه‌کداریی و دواتر ڕاوه‌دونانیان له باکور و هاتنیان به چه‌که‌وه بۆ هه‌رێم هۆی هه‌ره سه‌ره‌کی سه‌رهه‌ڵدانی کێشه‌کانه.
نمونه‌یه‌کی دیکه‌ی زه‌قی بێتوانایی هێزی پێشمه‌رگه له دیفاعکردن له کوردستان خۆڕانه‌گریان بوو له‌به‌رابه‌ر دژه‌هێرشه‌کانی حکومه‌تی عێراق دوای ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری 1991. بێجگه له به‌رگرییه‌کی کورت له توزخورماتو و ده‌وروبه‌ری کفری له هیچ شوێنێکی دیکه‌ی کوردستان هێزی پێشمه‌رگه مقاوه‌مه‌تێکی وای له خۆ نیشاننه‌دا.
هیوادارم ئه‌م ڕونکردنه‌وانه به تهعنهلێدان و که‌مکردنه‌وه له گیانی پاکی پێشمه‌رگه شه‌هیده‌کان و ڕۆحی فیداکارانه‌ی پارتیزانه‌کانی کوردستان لێکنه‌درێته‌وه، چونکه من ڕێزی بێپایانم هه‌م بۆ پێشمه‌رگه شه‌هیده‌کان هه‌م بۆ زیندوه‌کان هه‌یه. پێشموایه پێشمه‌رگه جوامێرترین ڕۆڵه‌کانی کوردستانن و ڕێزلێنان له خوێن و ڕابردویان ئه‌رکی هه‌موو کوردستانییه‌که. به‌ڵام من پێموایه ڕه‌خنه له خۆگرتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی واقعیانه‌ی ڕابردوو یه‌که‌م هه‌نگاوه بۆ تهجاوزوکردنی ئه‌و محنهتانهی به‌سه‌ر هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک دێن.
ڕاستییه‌کی تاڵ هه‌یه ده‌بێت د‌رکی پێبکهیهن ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که داگیرکه‌رانی کوردستان توانای سه‌ربازیی و لۆجستیکی و ته‌کنۆلۆجیای شه‌ڕیان زۆر له هێزی پێشمه‌رگه زیاتره. پێشمه‌رگه به کلاشینکۆف چی پێده‌کرێت له‌گه‌ڵ هیلیکۆپته‌ر و ته‌یاره‌و ده‌بابه، وره‌و له‌خۆبردویی چین له‌به‌رابه‌ر چه‌کی کیمیاوی. ئه‌و دروشمه‌ی که ده‌ڵێت "هێزی پیشمه‌رگه قه‌ڵایه‌کی پۆڵایینه و له شکان نایه‌ت" پێموایه له ڕاستی دووره، چونکه ئه‌م شیعارێکی ناسیونالیستانه‌ی ڕووته. ده‌بێت دیسان ئه‌وه بڵێم من لێره‌دا مه‌به‌ستم هێزی پێشمه‌رگه وه‌ک هێزێکی سه‌ربازی ڕاهێنراوی پڕچه‌ککراو نیه، وه‌ک ئه‌وه‌ی که له هه‌رێمی کوردستان ده‌کرێت بکرێت به‌و هێزه ئه‌گه‌ر یه‌کبخرێت و ڕێگه‌ی پێبدرێت، به‌ڵکو مه‌به‌ستم هێزی پێشمه‌رگه وه‌ک هێزێکی پارتیزانی گه‌ڕیده‌یه به شاخه‌کان. دیاره نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیربکه‌ین که هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمیش ڕێگه‌ی پێ‌نادرێت خۆی پڕچهکبکات، ئه‌وه هه‌ر ئێستاکانه حکومه‌تی مه‌رکه‌زی له هه‌وڵی سنوردارکردن و تواندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه له‌ناو له‌شکری عێراقدا. ئه‌مه‌ش جێگای سه‌رسوڕمان نیه چونکه له ده‌وڵه‌تی فیدرالی هێزی پۆلیسی لێده‌رچێت، هه‌رێمه‌کان مافی بوونی هێزی چه‌کداریان نیه.
ئه‌و هێزه‌ی که گوایه بۆ به‌رگریکردن له کوردستان دروستکرابوو له کاته هه‌ره پێویسته‌کان وه‌ک ئه‌نفالکردنی کورد له باشور و ڕوخاندن و چۆڵکردنی زیاتر له 4000 گوند له باکور نه‌یانتوانی کورد له‌و نه‌هامه‌تیانه بپارێزن. ئه‌وه مانای ئه‌و نیه که پێشمه‌رگه بێ ورهبوون به‌ڵکو ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که ئه‌و ئه‌رکه زۆر قورستره له‌وه‌ی پێشمه‌رگه بتوانێت پێیههڵبستێت. به‌کورتی هه‌موو ئه‌و کاره‌سات و بێ قودره‌تی پێشمه‌رگه له ئاستیان ئه‌وه ده‌گه‌ێنێت که خه‌باتی چه‌کداری شه‌ڕێکی دۆڕاوه‌و شێوازێکی نه‌زۆکه بۆ خه‌باتی ڕزگاریی نیشتیمانیی.
خه‌باتی چه‌کداری؛ هه‌ڵئاواردنی نوخبه و جه‌ماوه‌ر
دامه‌زراندن و ناردنه شاخی ده‌سته چه‌کداره‌کان هه‌میشه یه‌که‌م کاری حزب و ڕێکخراوه کوردستانیه‌کان بووه. ده‌سته چه‌کداره‌کانیش به‌گشتی له نوخبه (elite)ی سیاسیی و ڕۆشنبیریی هه‌ره لێهاتویی حزبه‌کان و ڕێکخراوه‌کان بوون. هه‌رزووش ڕه‌وانه‌ی چیا‌و ئه‌شکه‌وته‌کان ده‌کرێن. به‌م کاره بزوتنه‌وه کوردییه‌کان دوو هه‌ڵه‌ی جه‌رگبڕیان ده‌کرد، یان بڵێین دوو ئاکامی خراپی لێده‌که‌وته‌وه. یه‌که‌میان، جیاکردنه‌وه‌و دوورخستنه‌وه‌ی نوخبه‌ی ڕوناکبیرو ڕابه‌رانی بزوتنه‌وه‌که بوو له جه‌ماوه‌ری شار و شارۆچکه‌کان. دووه‌میان، له ده‌ستدانی ڕۆڵه هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی ناو ئه‌و نوخبه‌یه بوو له شه‌ڕه نابه‌رابه‌ره‌کاندا. شه‌هیدبوونی ده‌یان که‌ڵه سه‌رکرده که له ته‌مه‌نێکی کورتی خه‌بات گیانیان له ده‌ستدا ده‌کرێت به نمونه بهێنینه‌وه. له ده‌ستدانی ئه‌و هه‌موو که‌ڵه شه‌هیده ڕوناکبیره زه‌ره‌رێکی ئێجگار گه‌وره‌یه که له بزوتنه‌وه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی کوردستان که‌وتوون. بێگومان په‌نابردن بۆ چه‌ک هۆی هه‌ر سه‌رکیی شههیدبوونیانه.
ئه‌و نوخبه‌ی که ڕه‌وانه‌ی شاخ و دۆڵه‌کان ده‌کرێن ئه‌گه‌ر شه‌هیدیش نه‌بن ئه‌وه به حوکمی دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له جه‌ماوه‌ر کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆیان له ڕه‌وتی ڕوداوه‌کان له‌ناو شار و شارۆچکه‌کاندا نامێنێت. ئه‌وان له‌به‌رئه‌وه‌ی به ڕۆژ له شاخه‌کان زۆربه‌ی کاتیان به‌سه‌رده‌برد و به شه‌و به ماندویی و شه‌که‌تی له‌ناو دێهاته‌کان له‌گه‌ڵ بوونی ترسێکی زۆر له دوژمن نه‌یانده‌توانی وه‌ک پێویست جه‌ماوه‌ر ڕێکبخه‌ن. دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نیه که له دێهاته‌کان کار نه‌کراوه یان له شاره‌کان ڕێکخستنه‌کان بوونیان نه‌بووه یان نیه. به‌ڵکو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئه‌و نوخبه‌یه که ده‌بوایه له ناو خه‌ڵک با له‌به‌ر په‌نابردن بۆ چه‌ک سنوری کاره‌کانیان له ناوچه‌یه‌کی دیاریکراو قه‌تیس ده‌بێت، کاتێکیش شه‌هید ده‌بن کۆتایی پێدێت. له مێژووی کوردا چه‌ندین ڕێکخراو له شار له دایکبوون و له شاخ وه‌ک ئاردی ناو دڕکیان لێهاتووه. هۆی ئه‌مه‌ش دیسان هه‌ڵپه‌کردنه بۆ خه‌باتی چه‌کداری. له به‌شی سێیه‌م درێژه به خستنه ڕووی نه‌هامه‌تییه‌کانی خه‌باتی چه‌کداریی ده‌ده‌ین.