خەونێكى سپى… داستان بهرزان
خەونێكى سپى… داستان بهرزان
پێش ئەمشەو .هەندىَ جارى كەم نەبێت هەرگیز نەچوبوومە سەر گۆڕەكەى. بەڵام ئەمشەو . دواى بینینى خەونێكى سپى بە ڕوخسارى ڕاستەقینەیەوە. بڕیارمدا بچمە گۆڕستان و كەمێك لەلاى بمێنمەوە .
شەو لە نیوەى ئاوابووندا بوو .. ئەستێرەكان تا دڵ حەز بكات ئارام و لەسەرخۆ لەگەڵ یەكدى ئەدووان . زستانى ئەو ساڵە یەكەمین جارى بوو بەفرى تیا ببارىَ.مانگە شەو لە بەینى پەڵە هەورەكانەوە نیگاى لە بەفرى ئەو شەوە دەكرد.
هەر لە یەكەمین هەنگاومەوە بۆ نێو باوەشى گۆڕستانەكە.بینیم لەسەر پارچەیەك بەردى سپى نوسرابوو (ئێرەیە ماڵى مردن)چاوم بۆ گۆڕەكەى ئەو دەگێڕا . بەڵام نەمدەدۆزییەوە .. دەگەڕام وەك ئەوەى لەو شەوەدا شتێكم بیستبىَ . دەنگى بەفرەكە لە ژێر پێمدا بەجۆرێك لەشمى بەترس بارگاوى دەكرد . كە لەو بڕوایەدا نەبووم بەهەزاران شەوى دواى ئەمشەو بێمەوە سەر بارى ئاسایى …..
دەڕۆشتم تەماشاى سەر كێلى گۆڕەكانم دەكرد . لە ناوەكانیان ورد دەبوومەوە.
مردووەكانى گۆڕستان هەریەك بەجۆرىَ پێناس كرابوون . گۆڕى وا هەبوو مێژووەكەى ئەمەندە كۆن بوو. تەخت و تاراجى تێك و پێك شكا بوو ….هى واش هەبوو كە بە لایدا دەڕۆشتى گوێت لێدەبوو كە دراوسىَ مردووەكانى بەخێرهاتنیان دەكرد بۆ (ماڵى مردن)…لەسەر كێلى گۆڕەكان بە فۆنتى ژیان ،سورەتى مردن نوسرابوونەوە
لە هەندىَ پێچ و پەناى گۆڕستانەكەدا . پاشماوەى شوشە و قوتى بەدمەستان دەبینرا.
هەستم بە قورس بوونى هەنگاوەكانم دەكرد.وەك ئەوەى هێزى كێش كردنى زەوى لە سەرم زیادى كردبىَ . بەدەم خەیاڵێكى سپیەوە سەرم بەرز دەكردەوە و ڕوانیمە دار زەیتونەكانى دەور و پشتم . كە لەژێر سپێتى بەفرەكەدا . هەر یەكەیان گوزارشتیان لە دیمەنێك دەكرد . نزیكترین دار زەیتون لە منەوە ، شێوەى كۆمەڵە مرۆڤێكى وەرگرتبوو كە لەتاو سەرما باوەشیان بە یەدا كردبىَ . دوورترینیشیان پیرەدارێكى پەك كەوتە بوو كەلقەكانى وەك پرچى پیرە ژنێكى توڕە و نەخۆش هەر تاڵەى ڕووى لە لایەكى گۆڕستانەكە كردبوو . بەڵام ئەوەى ببووە جێگەى نیگەرانیم . دار ئەرخەوانێكى هەرزەكار بوو . كە بەجۆرێك بەفر باڵاى داپۆشیبوو . دەتگوت ئێستە نا ئێستە شالقى جوانى دەشكێتەوە و لە تاو قیژەى هەموو زیندەوەرەكانى شار بەئاگا دێنەوە.
دواى ماوەیەك گەڕان . دۆش دامابووم. نەمدەزانى ڕوو لە كوێى گۆڕسان بكەم . هەموو ناوچەكە بە گۆڕ تەنرابوو . دڵنیاش بووم لە ناو هەر گۆرێكدا. مرۆڤێكى سپى بە ئارامى پاڵ كەوتووە … لێم دەڕوانىَ….ڕەنگە بێزاریشم كردبىَ. چونكە میوانێكى ناوەخت بووم . .. لەبەر خۆمەوە لەگەڵیاندا دەدوام.
ببوورن…..میوانێكى ئێسك قورسم…..تەنیا ئەم شەو بێزارتان دەكەم ….هەر كە دۆزیمەوە ….. ئیتر ئەچمە لاى و پێى ئەڵێم : گلەیم بگەێنە بە ئاسمان ….. تۆ نەدەبوو بمرى ….. هێشتا زوو بوو بۆ مردن … گلەیم بگەێنە …
لە ڕۆیشتنوو گەڕان بەدوایدا ماندوو نەدەبووم . دروست وەك ئەوەى هێزێكى خودایى هاتبێتە جەستەمەوە.لەو شەوەدا جۆڕاوگەى جادرى سەر گۆڕەكان هەریەكەو بە ئاوازێك دەهاتنەخوار . بەهەمووشیان ئاوازێكى تایبەت بە گۆڕستانیان دروست دەكرد.كە ڕەنگە كەسێك لە دوورەوە گوێبیستى بێت وابزانێت مردووەكانن و ئاهەنگى یادى مردنیان دەگێڕن.
هەنگاوم دەنا بەرەو بەرزاى گۆڕەكان . تاگەیشتمە بەرزترین شوێنى گۆڕستانەكە. لەوێوە دەمتوانى بە هەموو لایەكدا بڕوانم.لەپڕێكا چاوم كەوت بەو درەختەى لە بایانیەكى مناڵیمدا لەگەڵ باوكم چووینە گۆڕستان . ئاوم كردە ژێرى . بەڵام ئەو دەم هەمیشە لە خومم دەپرسى ئەمە گۆڕى كێیە؟.تا دواتر بۆم دەركەوت….
لەنزیك درەختەكەوە .لە سەر باكگراوندێكى ڕەش – دایكم- بە بەرگێكى سپیتر لە بەفرەوە دەركەوت.دەستەكانى لە بەر سنگیدا . لەسەر یەك دانابوو. بزەیەكى بەهەشتى لەسەر لێوەكانى گەشابۆیەوە. بەچەشنى (مۆنالیزا) لە نێو وێنە دەگمەنەكەى (لیۆنارد داڤنشى) دا… لەگەڵ دەركەتنیدا. تەزوویەكى سارد لە قاچەكانمەوە هات و گەیشتە ناو سنگم لەوێدا بووە تاسەیەكى مردوو… دواى كەمێك تەماشا كردنى گۆڕەكانى دەور و پشتى . وەك ئەوەى بیەوێت نوستوەكان لە شیرینى خەو ڕانەچڵەكێن.بە هێواشى سىَ بۆ چوار جار بانگى كردم . منیش دەست بەجىَ خۆم بۆ ڕۆشتن ئامادەكرد.لەبەر خۆمەوە بە دەنگێكى بزڕەكاوەوە وتم: واهاتم ….چەند شەوێكى خۆشە….ئەوە تۆى دایكە گیان ….ئیتر دڵم بە دنیا خۆش دەبىَ …لەمەودوا گلەى لە بەختى خۆم ناكەم…..بۆستە واهاتم…هاتم .. مەڕۆ..هەرچەندە ئەو دەمێك بوو لە نێو تەنیایى ژیانێكى خەمناكدا بەجێیهێشتبووم…بەڵام….دەنگى نامۆ نەبوو بەگوێم ……چونكە دڵنی بووم…. ڕۆژانێكى مناڵیم هەمان دەنگى ئەو تێكەڵ بە گریانەكانم بووە و بۆتە ژیانێكى خەندە ئامێز
بە شپرزەى چەند هەنگاوێكى درێژ لێى چوومە پێشەوە. هێندەى نەمابوو بگەمە بەردەمى.لە خۆشیا خەریك بوو بە هەموو ویستى خۆم بانگى بكەم.كەچى ئەو وردە..وردە لە نێو تاریكیەدا سپێتیەكەى كاڵ دەبۆیەوە…تا واى لێهات بە تەواوى تێكەڵ بە تاركیەكە بوو.دڵتەنگیەك لە شێوەى هەورێكى ڕەشدا هاتوو سەتاپا دڵى داپۆشیم . بە دەنگێكى توساوەوە بانگم دەكرد.
– دایكە…وەرە…ئەوەمنم…بۆچى وازوو دەڕۆى…من بۆ لاى تۆ هاتووم…تكایە….ئەگەر بۆ یەكجاریش بێت….با چاوم پێت بكەوێت …..پێویستم بە سۆزى تۆیە …..تكات لێدەكەم …. دایكە … وەرە …
بە هەموو هێزى خۆم هاوارم دەكرد.كەچى ئەو بۆ تەنیا جارێكیش وەڵامى نەدامەوە .دەستەكانم لە تاو سەرما سور هەڵگەڕان. سەر گۆڕەكەیم بەتەواوەتى لە بەفر پاك كردەوە. دەمگوت بەڵكو وەڵامم بداتەوە . بەڵام سودى نەبوو ئەو ڕۆشتوو جارێكى تر نەگەڕایەوە .
منیش وەك مامزێكى دابڕاو . ملى ڕێگام گرتە بەر. لەگەڕانەوەمدا چاوم بە تارماى سپى دەكەوت لە شێوەى مرۆڤدا. دیار بوو ئەوانیش دەگەڕانەوە بۆ ناو گۆڕكانیان . هەندێكیان مناڵ بوون. هێشتا گریانى بوون بە سەر لێوەكانیەوە تەڕ بوو . هەشیان بوو هەرزەكار و سەرێكش. لەگەڵ هەنگاوەكانیاندا گۆرانیان دەچڕى و دەست بازیان لەگەڵ یەك دەكرد. پیرەكانیشیان لە دواوەى هەموویان دەستیان نابووە پشت خۆیان و بە هەناسە بڕكێوە دەڕۆشتن. كە گەیشتمە گۆتاى گۆڕستانەكە ئاوڕێكم لێدانەوە .بەڵام ئەوان لە چاو ون بوون . لەگەڵ گەیشتنەوەم بۆ بەردەم ماڵە تەنیاكەم . بانگى یەكەمین ڕۆژى جەژن لە مزگەوتەكان بەرز بۆیەوە.خەڵكى جیاواز لە هەر بەیانیەكى تر بۆ نوێژكردن لە سەر تەرمى شەو ڕێیان دەكرد .
خۆم كرد بە یەكێك لە ژوورەكانى ماڵەكەدا. بە بەتانیەكى ڕەش دەموو چاوى خۆم داپۆشى و كەوتمە لێكدانەوە ئەو سەفەرە سپیەى كە ئەمشەو كردمیە میوانى گۆڕستان ..هەر بەدەم لێكدانەوەوە . خەوم لێكەوتەوە و نەمزانى ماناى سەفەرەكەم چى بوو …..
زستانى 2008
سلێمانى