
سڵاو لەوگەنجەى لەدواى ( وچنانێكى كورت ) نەگەڕایەوە
سڵاو لەوگەنجەى لەدواى ( وچنانێكى كورت ) نەگەڕایەوە
پێشڕەو حەمید
ئەو خۆى دەیزانى مەرگ بەردەرگاى پێگرتوە, هەربۆیە هەمیشە لە دوا بەرنامەكەیدا دەگوت ( بیرتان دەكەین , بیرى بینەراكانم دەكەم ,وەك چۆن ئەوان بیرمان دەكەن ) دڵنیابە بینەراكانت بیرت دەكەن گەنجە جوانەكە , بەداخەوە هەروەك خۆت هەمیشە دەتگوت ( دواى وچانێكى كورت دێمەوە لاتان ) بەڵام زۆرمان چاوەڕوان كردى نەهاتى تەوە لامان , گەنجە ئازیزەكە میوانە ئێسك سوكەكە , بڕوابكە من بۆخۆم نەكەوتومەتە ژێر هەیمەنە یان حەماسەتى كەناڵەكانى ڕاگەیاند بۆ دوا ماڵئاوایت , نا نەخێر , بەڵكو تۆخۆت شیرن بویت , گەنجێكى چالاك و ڕوخۆش بویت , پڕبویت لە گەشیبینى بۆ بینەراكانت , بەڵام ئەفسوس دوا دیارت بوە یادگارو خەوێكى بەدى نەهاتو بۆ هەمومان (گۆران گیان ) ئەوە دوا بەرنامە و دوادیدارت جارێكى تر بوە میوانى ماڵەكانمان بەڵام , ئەم جارەیان جیاوازجیاواز بو ؟ گۆران گیان , من دڵنیام تۆ لەژێر یەكێك لە كڵاوەكانى دوا بەرنامەجوانەكەتدا چارەنوسى خۆتت دەبینى ؟! بۆیە غەمبارانە دەهاتیەتە پێش چاوەكانمان , من دڵنیابوم دەتزانى ئەوە دوا دیارە هەربۆیە هەمو ساتێك دەتوت " بیرتان دەكەم و ئەمە دوا بەرنامەیە " گەنجە جوانە مەرگەكە , گەنجە خۆشەویستەكە , لەدواساتى بەرنامەكەتدا كاتێك دەستەكانت بەرزكردەوە بۆ ماڵئاویى , من دڵنیابوم كە دەتزانى ئەوە دوا دیارە و دوا ساتى ژیانە ( گۆران گیان ) تۆ نەكوڕى بەرپرسێك بویت نە سەرۆك كۆمارێك , تابە ناوبەنگ بیت و بەمردنت هاودارنت گریان بیانخنكێنێت , نا نەخێر ( تۆ ) بە خۆش ڕوى خۆت و بە تواناى خۆت , خۆت خزاندە دڵەكانەوە , هەربۆیە هەمیشە لەیاد ناچى , هەمومان خۆشمان ویستى و خۆشمان دەوێیت وەك هەموئەو گەنجەكوردانەى تر كە لە پەناى بن بەردێكى گۆڕەپانى شەڕەكانەوە یان لەو دیو سنورەوە یان لەنێو دەریاكانادا ماڵئاویان كردو ئیدى نەهاتنەوە , خۆشمان دەوێن ئەى ئەو گەنجانەى داهێنەرو چالاك و ڕۆح سوك بون و بۆهەمیشە نەگەڕانەوە .
دواجار گۆرانى جوان و ڕوخۆش , هەرچەندە لەنزیكەوە نەتم دەناسى , بەڵام مەرگى ناوادەت برینێكى قوڵى خستە دڵمەوەو لەدوا بەرنامە جوانەكەتدا تا نوسینەوەى ئەم برینانەش گریام و گریام و لەدواى ( وچانێكى كورت ) هەرنەهاتیتەوە .
ماڵ ئاوا , ماڵ ئاوا گۆرانى جوانتر لەشیعرەكانى گۆران .