ڕیفۆرم یا گۆڕان ……. ئازاد به‌کر
ڕیفۆرم یا گۆڕان ……. ئازاد به‌کر
سه‌ره‌تا ده‌زانین هه‌موو دیارده‌یه‌ک بنچینه‌ی مادیی خۆی هه‌یه، واته به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی. هه‌موو دیارده سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه جیاوازه‌کان ده‌به‌سترێنه‌وه به کێشه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌کانه‌وه، وه سروشتی پێکهاته‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی دیارده و کێشه و ململانێ و په‌یوه‌ندیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه دیاری ده‌کات. به‌درێژایی مێژوو بزووتنه‌وه‌ی ڕیفۆرمخواز‌ی نه‌یتوانیوه گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی و ڕیشه‌یی له لوتکه و قووڵایی پێکهاته‌ی دامه‌زراوه سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا بکات. چونکه ڕیفۆرم زیاتر ئه‌رکی گۆڕینی سه‌رخانی دامه‌زراوه‌کانی ڕژێمێکه به ڕژێمی تر‌ی سه‌رو خه‌ڵکی له‌سه‌ر هه‌مان سیسته‌م و په‌یوه‌ندی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی پێشتر، بێ گرێدانه‌وه‌ی ڕۆڵ و نه‌خش و کاریگه‌ری و به‌شداری سیاسی و ڕای زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌و گۆڕانکاریانه‌دا، وه سه‌پاندنی جۆرێکی تر‌ی دیکتاتۆری به ڕوخسارێکی نوێ و به ته‌کتیک و ستراتیژی چینی که‌مینه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خوازه‌وه، له‌وه‌ش خراپتر گه‌شه‌پێدان و نوێکردنه‌وه‌ی ڕژێمی پێشووتر به داپۆشراوی و چینبه‌ندیه‌کی نوێ، ڕه‌خنه‌کانیشی له ده‌سه‌ڵات هێنده ڕووکه‌ش و ساکار و سانایه ناتوانێت هاوسه‌نگی هه‌میشه‌یی له بواره هه‌ستیار و گرنگه‌کانی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا بێنێته‌کایه‌وه. زیاتر ڕوو له گۆڕینی ده‌سه‌ڵات و هێشتنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی زاڵه نه‌ک گۆڕانکاری له بنه‌مای ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و جێخستنی سیسته‌مێکی نوێی مۆدێرن و ئاره‌زوومه‌ندانه و شایسته به‌مرۆڤی هاوچه‌رخ بۆ به‌لاداخستنی یه‌کجاری سه‌رجه‌م کێشه و گرفته سه‌ره‌کیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه، واته خۆی له ئاڵوگۆڕێکی ڕیشه‌یی شۆڕشگێڕانه‌دا نا بینێته‌وه. لێره‌وه ده‌رده‌که‌وێ که ڕیفۆرم چه‌ند دووره له ئاڵوگۆڕی بنچینه‌یی و شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی سته‌م دیده و بێبه‌شانی کۆمه‌ڵگه. ده‌بێ بپرسین ئایا ڕیفۆرم ده‌توانێ چاکسازی له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌کات؟ ده‌سه‌ڵاتێک سه‌رتاپای دامه‌زراوه‌کانی له‌سه‌ر چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ و بردن و تاڵان‌کردنی داهات و ماڵی جه‌ماوه‌ر دامه‌زرابێت. ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌کانی مێژوو ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه باشکردنی گوزه‌ران و به‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادیه سیاسی یه‌کان، گۆڕانکاری له سیسته‌می ئابووری و سیاسی‌دا له ڕێگه‌ی یاسا و ده‌ستورێکه‌وه نایه‌ته کایه‌وه که خۆی سه‌رچاوه‌ی گشت ناهه‌مواری و نه‌هامه‌تیه‌کان بێت، گه‌ر چاکسازیش بکرێت ناتوانرێ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی کوێره‌وه‌ریه‌کان له بنه‌ڕه‌ته‌وه هه‌ڵته‌کێنێ و به هیچ شێوه‌یه‌ک نابێته دادپه‌روه‌ریه‌کی مرۆڤانه خه‌ڵکی له سێبه‌ریدا خۆشگوزه‌ران بژین. ده‌سه‌ڵاتێک له پێناوی مانه‌وه‌ی چینی خۆی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانیدا هه‌ڵه و لادان و یاری به چاره‌نووسی میلله‌ته‌وه بکات. ده‌سه‌ڵاتێک سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌س و شه‌ڕ و هه‌ژارکردن و ئاواره‌کردن و چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌کی و جوداخوازی بێت و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی له ئیراده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان داماڵیبێ و بیه‌وێ نه‌وه‌کانی به بیر و باوه‌ڕی کۆن و نا شارستانی و دواکه‌وتوو گۆش بکات، کاتێکیش ده‌نگی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر له که‌رته جیا جیاکانی کار و فرمانیاندا به‌رز‌بێته‌وه به ده‌ستڕێژ و ئاگر و ئاسن وه‌ڵام بدرێته‌وه، بێگومان ئه‌وه چاکسازی تێدا ناکرێ، چونکه هه‌ر هێزی ئه‌و ئاگر و ئاسنه‌یه ئه‌وانی وا به‌پێوه ڕاگرتووه. له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌م باردۆخه‌ی ده‌سه‌ڵات پیاده‌ی ده‌کات هه‌ر له چوارچێوه‌ی پێکاته‌ی دامه‌زراوه‌کانیه‌وه تا کار و کرده‌وه‌کانی له سیاسه‌ت و ئابووریدا هه‌ر ئه‌مه‌ی لێ ده‌چنیته‌وه که هه‌یه، کێشکردنی جه‌ماوه‌ر به ئاڕاسته‌یه‌کی ڕاستڕه‌وانه‌یناشایسته به ئاستی مرۆڤانه‌ی ئه‌مڕۆی دونیا، سه‌رهه‌ڵدانی دواکه‌وتووی له گشت بواره‌کانی ژیان وبێسه‌لیقه‌یی و بێتوانایی له بواری سیاسی و ئابووری و وابه‌سته‌یی به ده‌وڵه‌تانی تر و پێشێلکردن و به‌شداری نه‌کردنی دانیشتوان له کاروبار و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه و قۆرخکردنی هه‌موو ئیمتیازات و دارایی له بنده‌ستی خۆیان و مامه‌ڵکردن به دواڕژی خه‌ڵک له بڕیاردان و ڕێکه‌وتن و سازش و ئاشتی و شه‌ڕیاندا، بێ ئه‌وه‌ی ڕێز و بایه‌خ و به‌هایه‌ک بۆ خه‌ڵک دانرابێت. که‌واته گه‌ر فاکته‌ری گۆڕین و پێویستیه‌کانی به‌ده‌سته‌وه نه‌بن ڕیفۆرم چ چاره‌سه‌رێک ده‌کات، ناکرێ به هه‌مان دیدگای کۆنه‌پارێزی که دروستکه‌ری ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێسته‌یه ڕیفۆرم بکرێت، ده‌بێ داهاتوو ئێستا ڕه‌تکاته‌وه له‌سه‌ر وێرانه‌که‌ی ڕابردوو داهاتوویه‌کی نوێ دامه‌زرێنین. ئێمه ناتوانین ڕیفۆرم له بۆشاییدا بکه‌ین ده‌بێ که‌ره‌سه‌ی نوێ و بیری نوێ و ئایدیای نوێ و ڕه‌خنه‌ی ڕیشه‌یی له سه‌رتاسه‌ری ئه‌و سیسته‌م و دام و ده‌زگایه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵدێرو دواکه‌وتوویی و هه‌ژاری و پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ بردووه بگرین. ده‌بێ ئێمه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ئابووری تێ‌بکۆشین، پێش هه‌موو شت ده‌بێ ئازادانه ده‌نگمان بسه‌پێنین، گه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌وه نیگه‌ران بێت ئێمه بیربۆچوون و ڕه‌خنه‌کانمان ئازادانه بڵێین و خه‌ریکی ڕێگرتن و کپکردنی ده‌نگ و سه‌رکوتی بزووتنه‌وه و مانگرتن و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری بێت، گه‌ر بیه‌وێ ده‌نگی ئازادی شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان و پێشکه‌وتنخوازان نه‌هێڵێ و به‌ئاره‌زووی خۆی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بکات ئه‌وه ئیتر شێوازه‌کانی هه‌ڵوێست و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ناڕازی کرێکاران و کارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌ران ده‌چێته جێگه‌یه‌کی تر‌و وه‌ڵامی تر‌ی پێویسته که ئه‌م جاره‌ش ئه‌کرێت بیڵێینه‌وه ڕیفۆرم ناتوانێ چاری بکات. جونکه ڕیفۆرم له کۆمه‌ڵگه‌یه‌گدا ده‌کرێ ڕۆشبیری کۆمه‌ڵایه‌تی باڵی کێشابێت به‌سه‌ر تاکه‌کانیدا و کۆمه‌ڵگا له ئاستێکی گه‌شه و تاڕاده‌یه‌ک ئاشتی و ئارام و خۆشگوزه‌راندا بێت و مرۆڤه‌کانی ئازادبن له ده‌ربڕینی بیر و باوه‌ڕیاندا و ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری و مافیایی و پۆلیسی ته‌نگی پێ هه‌ڵنه‌چنی بێت. به‌و جۆره‌ی ئێستا گه‌ر ڕیفۆرمیش بکرێت هه‌ر دووباره‌بوونه‌وه‌ی پێشوو ده‌بێت، هه‌مان بیرکردنه‌وه و بۆچوون و هه‌مان یاسا و ڕێسا و ده‌ستووری جاران ده‌بێت، گه‌ر له‌و فه‌زایه‌شدا هه‌ڵبژاردنیش بکرێت پێش هه‌ڵبژاردن لیستی حیزب و باڵه‌کانی زاڵ له ده‌سه‌ڵاتدا هه‌موو پۆسته‌کان له نێوان خۆیاندا دابه‌ش ده‌که‌ن و ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن ده‌بێته شتێکی کارتۆنی و چاوبه‌ستنی چه‌ماوه‌ر و ده‌سه‌ته و تاقمی ئۆرستکراتی چه‌ک به‌ده‌ست و پاره‌دار به‌فێڵ و به زۆر و تۆپزی و ته‌ڵه‌که‌بازی ده‌سه‌ڵات له چنگی خۆیاندا ده‌هێڵنه‌وه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی کار و پرۆگرامی گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له پێناوی ئامانجه پیرۆزه‌کانی ڕزگاری مرۆڤه‌کان له گشت جۆره‌کانی چه‌وسانه‌وه، ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی ، به ئه‌جنده‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه و چینایه‌تیه‌وه نه‌چێته پێشه‌وه ئه‌نجام هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت که ئێستاکه هه‌یه و جیاوازی له‌گه‌ڵ ڕابردوودا نابێت. گه‌ر ووردتر بۆ گۆڕینی هاوکێشه‌کان بڕوانین ناکرێ ڕیفۆرم به ده‌رمانی ده‌رده کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسیه‌کان بزانین، چونکه له توانایدا نی یه وه‌ڵامی داخوازیه ڕه‌واکانی کۆمه‌ڵگه به گشتی له ئازادی و یه‌کسانی خۆشگوزه‌رانیدا بداته‌وه. که مێژوویه‌که مرۆڤایه‌تی خه‌بات و تێکۆشانی بۆ ده‌کات. له سایه‌ی ڕیفۆرمدا بێ‌کاری و بێده‌رامه‌تی و نه‌بوونی و بێ خانه‌ولانه‌یی هه‌ژاران له‌لایه‌ک و ده‌وڵه‌مه‌ندی و چاوچنۆکی سه‌رمایه‌داران له‌سه‌ر پارو و گیرفانی ڕه‌نجده‌ران له‌لایه‌که‌ی دی چاره‌ناکرێت. هه‌ژاران ناتوانن سوود له زانست و خوێندن و ته‌کنه‌لۆژیا و سامان و داهاتی کۆمه‌ڵگه وه‌رگرن ته‌نیا و ته‌نیا ده‌چێته باخه‌ڵی چه‌وسێنه‌رانه‌وه. ڕیفۆرم ناتوانێ ئاست و پله و قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی و دزی و تاڵانی ماڵ و سامانی خه‌ڵکی نه‌هێڵێ چونکه هه‌ر به‌و یاسا و ده‌ستووره‌ی له ئارادایه هه‌ڵتده‌خڵه‌تێنێ و له خشته‌وده‌بات و به ئاره‌زووی خۆی لێکدانه‌وه و پاساو بۆ فه‌رهود و ڕاو و ڕووته‌کانی دێنێته‌وه. خۆ ئه‌وه نی یه بڵێ ی ده‌سه‌ڵات گێله و ناتوانێ و نازانێت کۆمه‌ڵگه به‌ڕێوه‌ببات، ئه‌و وای به‌ڕێوه‌ده‌بات که به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی له‌سه‌ر و به‌رژه‌وه‌ندی گشتیه‌وه دابنێت و خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی به میراتگر و خاوه‌ن داهاتی کۆمه‌ڵگه ده‌زانێ، هه‌وڵ و خه‌باتیشی بۆ ئه‌وه بووه، حیزبه‌کانی نێو ده‌سه‌ڵات پێش هاتنی ئه‌م بارودۆخه‌و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتیش هیچ کاتێک بۆ هیچ مه‌سه‌له‌یه‌کی ژیاری و گرنگ پرسیاریان به‌خه‌ڵک نه‌کردووه، ڕێزیان بۆ بیر‌و بۆچوون و باوه‌ڕ و هه‌وڵ و خه‌باتی کۆ و تاکه‌کانی جه‌ماوه‌ر دانه‌ناوه که له پێناوی ئازادی و ڕزگاری و نه‌مانی چه‌وسانه‌وه و به دیهێنانی ژیانێکی شایسته به‌مرۆڤدا ده‌ریایه‌ک قوربانیانداوه. ئیتر ده‌سه‌ڵات ڕایه‌ڵی په‌یوه‌ندی نێوان خۆی و خه‌ڵکی به شێوازی حوکمی و په‌یڕه‌و و سیاسه‌ت و یاساکه‌ی پچڕاندووه و دژایه‌تی کردنی ئاشکرای ده‌سه‌ڵات به‌رانبه‌ر به زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ به‌ڕۆشنی هه‌ست پێده‌کرێت. کاتێک ڕیفۆرم دێت گیانی خه‌بات و شۆڕشگێڕانه‌ی کۆمه‌ڵگه له به‌دیهێنانی داخوازیه هه‌نووکه‌یی و خزمه‌تگوزاریه‌کانیدا دێنێته‌خوار و ئاسۆی ئایینده‌ی لێڵ و چه‌کی سه‌ره‌کی ڕزگاری و ئازادی نا‌دۆزێته‌وه ئه‌وا به‌ناچاری ئه‌م شێوازه بیرکردنه‌وانه ده‌کاته ئه‌لته‌رناتیڤێکی سازشکارانه و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ر له جێگه‌ی لابردن و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵک.
ته‌وژمی ڕیفۆرم و دیموکراتی به‌رنامه‌ی ته‌سک بین و تێڕوانینی ئه‌و بۆ کێشه‌کان ناتوانێ مژده‌ی خێر و خۆشی بداته خه‌ڵک، چونه‌که خه‌ڵکی چاوی له گۆڕینی قووڵ و ڕیشه‌یی یه، ناتوانێ ده‌روازه‌ی هیوا و ئامانجێکی شۆڕشگێڕانه بخاته سه‌رپشت بۆ گێڕانه‌وه‌ی ماف و ئازادیه‌کانی خه‌ڵکی که ساڵانێکی زۆر هه‌وڵ و تێکۆشان و خوێنیان بۆ ڕشت. گه‌ر وانی یه بۆچی ده‌سه‌ڵات له نوێ بوونه‌وه و گه‌شه و پێشکه‌وتنی سیاسی و فیکری ده‌سڵه‌مێته‌وه و ده‌می نه‌یاران و ڕه‌خنه‌گرانی به چه‌ندین شێوازی سه‌رکوتگه‌رانه داده‌خات. بۆچی په‌نا ناباته به‌ر زمانی گفتوگۆی ئازادانه و به‌ڕێگه‌ی ئاشتیانه چاره‌سه‌ری کێشه و ململانێکان ناکات. گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ره وا نزیکه‌ی 18 ساڵه که‌چی تائێستا به‌شی زۆری کۆمه‌ڵگه له ساده‌ترین و که‌مترین خزمه‌تگوزاریه‌کانی پێشتر هه‌یبوو بێبه‌شه‌و بێ‌کاری و هه‌ژاری و گرانی و زۆر ده‌ردی تر‌ی کوشنده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی ته‌نگی به خه‌ڵکی هه‌ڵچنیوه و که‌چی له‌و لاوه ژماره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند-ملیۆنه‌ری زۆر‌و و ژماره‌ی هه‌ژارانیش بێشوماره. ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی سیاسه‌تی یه‌ک لایه‌نه‌ی به‌رژه‌وه‌ند په‌رستانه‌یه نه‌ک سیاسه‌تی هه‌مه‌لایه‌نی خزمه‌تگوزار بێ جیاوازی بۆ هه‌موو کۆمه‌ڵگا به‌گشتی.
5 ئۆکتۆبه‌ری 2008