سه‌باره‌ت به زیندانیانی سیاسیی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان
سه‌باره‌ت به زیندانیانی سیاسیی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان
ڕێبوار ڕه‌شید
بڵاوكردنه‌وه‌ی نامه‌یه‌ك كه گوایا چه‌ند پارێزه‌رێك نووسیوویانه و كه تیایدا باس له نه‌بوونی مانگرتنی زیندانیی سیاسیی له كوردستان ده‌كه‌ن یان به شێوه‌یه‌ك ژماره و شێوه‌ی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه جێی چه‌ند قسه‌یه‌كه كه ده‌بێت كوردستانیان بیكه‌ن.
كۆماری ئیسلامیی ئێران له سیاسه‌تی داگیركردندا درێژه به سیاسه‌تی حوكمهتگهلی له‌وه‌به‌ر له كوردستان ده‌دات. له سی ساڵی ته‌مه‌نی خۆیدا حكومه‌تی خومه‌ینی گه‌لی كوردی له خوێن هه‌ڵكێشاوه.
كوشتن و بڕینی كورد، راوه‌دوونان و ته‌نانه‌ت به‌زاندنی سنووره‌كانیش بۆ تیرۆركردنی كورد، ترساندن و هه‌ڕه‌شه و تۆقاندن، برسیكردن و بێكاركردنی كورد، له زیندانهاویشتن و سهرنگونكردن و ته‌نانه‌ت ته‌رم نهسپاردنهوهش كاری ڕۆژانه‌ی حكومه‌تی خومه‌ینی بووه له كوردستان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه كوردستان له‌و په‌ڕی به‌كارهێناندا دهڕهتێندرێتهوه و سامانی سه‌رزه‌وی و بنزه‌وی ده‌دزرێ و تاڵان ده‌كرێت و خه‌ڵكی كوردستان له هه‌موو بڕیارێكی سیاسیی كه پێوه‌ندی به منداڵ و لاو و گه‌وره‌ساڵ و بهساڵداچوویانهوهیه، كه پێوه‌ندی به باری ئابووریی و ته‌ندروستیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و كولتورییانهوه هه‌بێت، به‌شدار نابن و بۆیان نییه به‌شدار ببن.
حكومه‌تی داگیركاری ئێران هاوكات كوردستانی كردووه به زه‌مینه‌یه‌كی سه‌ربازیی و زیاتر له دووسه‌د هه‌زار سه‌رباز و پاسداری (بێ له جاش و سیخوڕ) تێدا مۆڵ داوه. که ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه ده‌رده‌خات که له پاش شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه كوردستان هیچ كاتێك وه‌كوو ئێستا نهكردراوه به بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی.
له كوردستان به ده‌یان هه‌زار مین چێندراوه و ده‌یان بنكه‌ی سه‌ربازیی گه‌وره به موشه‌كی دوورهاوێژ و دووربڕهوه دامه‌زرێنراون. ڕێگاوبانهكانی كوردستان ته‌نیا به مه‌به‌ستی هاتوچوونی سه‌ربازیی و سوپایی دروستكراون و یه‌كێك له فهنكسیۆنهكانی هه‌موو رێگایه‌كی كوردستان ئه‌ركی دابڕین و ئیزۆلهكردنی ناوچه‌كانه له یه‌كتر.
له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته داگیركهرانهدا كه ده‌ستی به خوێنی كورد سووره، كه سامانی كورد ده‌دزێت و تاڵانی ده‌كات، كه زمانی كوردی قه‌ده‌غه ده‌كات و كو‌لتور و فه‌رهه‌نگی كورد سووك ده‌بینێت و خه‌فه‌ی ده‌كات، كه گه‌لی كورد له یه‌كتر داده‌بڕێت، كه له كوردستان مه‌زهه‌ب و ئایینزاكان ده‌كات به دوژمنی یه‌ك، كه ده‌ستی ناوه‌ته گه‌رووی سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده، كه مرۆڤی كوردی له خه‌فه‌قانی بێكاریی و برسێتیی و سه‌رئێشه‌ی نه‌بوونی نان و ئاوی ڕۆژانه‌دا به‌گیرهێناوه، بێگومان كچان و كوڕان و ژنان و پیاوانی كورد كه دڵسۆزی خاك و نهتهوهكهیانن، ده‌سته‌وه‌ستان دانانیشن و وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه.
تا ئێستا كاردانه‌وه‌ی حكومه‌تی داگیركا‌ر و هاوكات دیكتاتۆر و فاشیستڕهفتار بێ له كوشتن، له ڕاوه‌دوونان و ترساندن و زیندانی كردن و ماڵ لێتێكدان، كه‌متر نه‌بووه.
بێ له‌وه‌ی كه ته‌واوی كوردستان زیندانێكی گه‌وره‌یه و دووسه‌د هه‌زار سه‌رباز و پاسدار و به‌سیج لێی خافڵ نیین، هاوكات هه‌ر شار و شارۆچكه‌یه‌ك خاوه‌نی زیندانی خۆیه‌تی. شار و شارۆچكه له كوردستان نییه كه جۆرێك له زیندانی سیاسیی تێدا نه‌بێت.
مه‌گه‌ر ئه‌و كوردانه‌ی بۆ په‌یداكردنی دوو پارووه نان ڕوو ده‌كه‌نه به‌شێكی دیكه‌ی كوردستان و له‌سه‌ر سنوور ده‌گیرێن و به دوو هه‌فته و به مانگ و به ساڵ زیندان ده‌كرێن، جۆرێك زیندانیی سیاسیی نیین؟ مه‌گه‌ر ئه‌و كوڕ و كچانه‌ی به ئاسته‌م له‌سه‌ر كو‌لتور و فه‌رهه‌نگی خۆیان ده‌دوێن و بۆ لێپرسینه‌وه و لێپێچینه‌وه ڕاپێچی ئه‌و گهمهخانهیه ده‌كرین كه ناوی "دادگایه"، زیندانیی سیاسیی نیین؟
ئێمه‌ی كورد له سی ساڵی ڕابردوودا به هه‌زارانمان له زیندانه‌كانی ئێران‌دا لێكوژراوه، زیندانیانی كورد دووچاری ده‌سدرێژی و سووكایه‌تی و تۆبه پێكردن؛ دووچاری درۆبهدهمخۆوه كردن، گوزارشدانی ناڕاست، فه‌لاقه و لێدان و ئه‌شكه‌نجه و ژووری ئینفرادی هاتوون. پاش زیندان ناچاركراون ڕۆژانه بڕۆن بۆ بنكه‌كانی پۆلیس و پاسدار و له‌وێبوونی خۆیان بسه‌لمێنن، زۆرێك له‌وانه به دوو سه‌عات و سێ سه‌عات له‌به‌ر ده‌رگای ئه‌و بنكانه ده‌هێڵرێنه‌وه تا له ده‌ستی پۆڵاینی حكومه‌ت حاڵیان بكه‌ن و له به‌ر قاپی ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌تدا چۆكیان پێ دابده‌ن و له ده‌رووندا تووشی هه‌ره‌س و ڕووخانیان بكه‌ن. كه‌سانی خانه‌واده‌یان له وه‌زیفه‌ی حوكمه‌تی ده‌ركراون یان بۆیان نه‌بووه درێژه به خوێندن بده‌ن یان وامی ده‌وڵه‌تییان لێ حه‌رام كردراوه. به هه‌زاران كه‌س خانوو و زه‌مین و موڵك و سامانی بگوێز و نهگوێزیان لێ داگیر و زه‌وتكراوه.
هه‌ر ئێستا شارۆچكه و شاری كوردستان نییه زیندانی سیاسیی تێدا نه‌بێت، هه‌ر ئێستا هه‌موو زیندانێكی دیكه‌ی مه‌ركه‌زیی ئێران كوردی گیراو به تۆمه‌تی سیاسیی و سیاسیبوونی تێدایه. كوردی به تۆمه‌تی سیاسیی گیراو هه‌ن كه هه‌زار كیلۆمه‌تر دوور له زێدی خۆیان زیندانین. به شێوه‌یه‌ک زیندانه‌کانی زۆربه‌ی شاره‌کانی ئێران لانی که‌م چه‌ند کوردی تیدایه که به تاوانی سیاسی گیراون یا دوورخراونه‌ته‌وه بۆ ئه‌و زیندانانه.
هیچ كاتێك هیچ جۆره داموده‌زگایه‌كی بیانیی و نێونه‌ته‌وه‌یی و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌كان بۆی نییه سه‌ردانی ئه‌و زیندانانه بكات. هیچ جۆره ڕێكخراوه‌یه‌كی كوردیی بۆی نییه سه‌ردانی ئه‌و زیندانیانه بكات. هیچ جۆره دادگاییهكردنێكی جیددی له ئارادا نییه تا ڕۆح و ژیانی ته‌نانه‌ت یه‌ك كه‌سیش ڕزگار بكرێت.
قسه‌ی وه‌كوو زیندان كه‌من و مانیان نه‌گرتووه و مانیان گرتووه به‌ڵام وا نییه، قسه‌ی سیاسیی خه‌ته‌ر و داگیركهرانهن. ئه‌وانه قسه‌ی دوژمنانه‌ن و زیانی سیاسیی گه‌وره به كورد ده‌گه‌یه‌نن.
ئێمه ده‌زانیین زیندانیانی سیاسیی كورد چۆن ده‌خرێنه ژێر فه‌لاقه و شه‌ق و لێدان و سووكایه‌تی پێكردن و ترس و تۆقاندن و وه‌حشه‌ت. ئێمه ده‌زانیین كه زیندانی ئێران زیندانێك نییه سێ ژه‌م و دوو ژه‌م خۆراكی تێدا بێت. ئێمه ده‌زانین كه زیندانی كورد له زیندانه‌كانی ئێران‌دا چۆڕێك ئاوی گه‌رمیان وه‌كوو شۆرباو پێ نادرێت. ده‌زانین خۆراكی ئه‌وان چه‌ند خراپه، سلولهكانیان چه‌ند بچووكن و هه‌وایان چه‌ند خراپه.
ئێمه ده‌زانین نه‌خۆشیی ئه‌وان به چ جۆرێك ده‌رمان ده‌كرێت و كاتێك نه‌خۆش ده‌كه‌ون به چ جۆرێك مامه‌ڵه‌یان له ته‌كدا ده‌كرێت و چه‌ند گوێ ده‌درێته ددانئێشه یان نه‌خۆشی ژنانه‌یان.
ئه‌وانه نه‌ك هه‌ر ئیجازه‌ی سه‌رلێدانیان نییه، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت مهیتیشیان به‌كه‌سوكاریان نادرێته‌وه.
له كاتی سه‌ردانه‌كانیشدا خزموكهسوكاریان ده‌بنه گاڵته‌جاڕی پاسدار و پاسه‌وانانی زیندان و پاره‌وپولیان هه‌موو له ڕێگای سه‌فه‌ر و له مه‌سره‌فی كه‌سی گیراویاندا سه‌رف ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه ژێر باری قه‌رزه‌وه.
زیندانی كورد له دۆخێك‌دا نییه بتوانێت ڕاشكاوانه بدوێت و هیچ كاتێك ده‌نگی به ده‌ره‌وه ناگات. زیندانیی كورد ده‌ست ده‌خرێته گه‌رووی و به سه‌د جۆر هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی خانه‌واده و جۆری تیرۆری كه‌سوكار و خۆشه‌ویستانی لێ ده‌كردرێت.
ئێستا هه‌ندێك كه‌س و هه‌ندێك بڵندگۆی گومان‌لێكراو به قسه‌ی بێ مانا هه‌وڵ ده‌ده‌ن مێژووی خوێناوی كورد و ڕۆڵی حكومه‌تی بكوژ و داگیركه‌ری كورد وا كه‌م بكه‌نه‌وه كه بیكه‌ن به‌وه‌ی كه زیندانیان كه‌من و ئه‌گه‌ر هه‌بن چی و چی.
به كۆیله‌كردنی مرۆڤی كورد و داگیركردنی كوردستان له بناخه‌وه هه‌ڵه‌یه و ده‌بێت كۆتایی پێ بهێنرێت. زیندانیانی كورد به‌شێك له سه‌رئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ن.
مامه‌ڵه‌كردنی وه‌حشیانه و كێویانه له‌گه‌ڵ زیندانیانی كورد، هه‌وڵێكی له ڕووی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه ناسراوه كه له پێناوی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و بندهستیهدا ده‌كردرێت.
ئێمه داوا ده‌كه‌ین و شیلگیرانه پێ داده‌گرین كه نابێت له كوردستاندا یه‌ك دانه زیندانیی سیاسیی كورد هه‌بێت، هه‌ر كه‌سێك به تاوانی سیاسیی ده‌گیرێت ده‌بێت سه‌ربه‌رزی و شانازیی ئینسانیی بپارێزێت. حوكمه‌تی داگیركا‌ر بۆی نییه و نابێت بۆی هه‌بێت زیاتر له ده ملیۆن كرد له وڵاتی خۆیدا زیندان بكات و گه‌ر یه‌كێك له‌وانه فزه‌ی لێوه بێت بهاوێته زیندانێكی بچووكترهوه (سلوولی ئینفرادی).
ده‌نگی كوردستانیان له هه‌نده‌ران ده‌نگێكی زولاله و ده‌توانێت زۆر بڕبكات و دوور برووات. دیاره ئه‌وه حكومه‌تی داگیركا‌ر و دیكتاتۆری ئێران ده‌ترسێنێت چونكه ده‌زانێت ئه‌و ده‌نگه پشتوپه‌نایه‌كی گرینگه بۆ خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی كورد. له‌به‌رئه‌وه ده‌وڵه‌تی ئێران هه‌موو هه‌وڵێك بۆ كه‌مكردنه‌وه و بۆ بهكهمدانانی ئه‌و چالاكیانه ده‌دات،و وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌ی خۆی هه‌ر ده‌نگێکی ئازادیخوازی به فیتی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا و جووله‌كه و زایۆنئیزم و ئیستکباری جیهانی ناو ده‌بات.
ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیی ئێران كه كوردستانی داگیركردووه و ئێرانی كردووه به دۆزه‌خ، ئه‌وه‌ی نیشانداوه که تا له سه‌ر ده‌سه‌ڵات بێ، بێجگه له کوشتار و ئه‌شکه‌نجه و زیندان و برسیه‌تی و قات و قڕی زیاتر بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ناهێنێت. که دیاره چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ئێمه‌ی کوردیشی لێ زیاد ده‌بێت. بۆیه ده‌بێت دڵنیا بین ته‌نیا به له نێوچوونی ئه‌م حکوومه‌ته و گه‌یشتنی خه‌ڵک به دیاریکردنی ئازادانه‌ی چاره‌نووسیان،ئه‌و زوڵم و سته‌مانه و له‌وانه نه‌مانی زیندانی سیاسیی کۆتای‌یان دێت.
كوردستانیان، ئازادیخوازان و ئاشتیخوازان ده‌بێت هه‌میشه، بێ هه‌لومه‌رج، له سه‌نگه‌ری زیندانیانی سیاسیی‌دا بن
نا بۆ كردنی كوردستان به زیندانێكی گه‌وره،
نا بۆ زیندانیكردنی مرۆڤی كورد به هۆی سیاسی.
ڕێبوار ڕه‌شید
٥/١٠/٢٠٠٨