Skip to Content

Monday, November 11th, 2024
شوناس لەنێوان نووسین و یادەوەریدا

شوناس لەنێوان نووسین و یادەوەریدا

Closed
by October 12, 2008 ئەدەب

 شوناس لەنێوان نووسین و یادەوەریدا
 نیهاد جامى

 شوناس تێكستێكى شیعرى كچە شاعیر (شەرمین وەلى) ە، كە لە ڕۆژنامەى ئەلكترۆنى (دەنگەكان) بڵاو بۆتەوە، ئێمە لەو نووسینەدا هەوڵ دەدەین چەمكى شوناس لەنێوان پرۆسەى بەر لەنووسین یادەوەرى و شوناس لەناو نووسینى ئەو تێكستە دەست نیشان بكەین، سەرەتا تێكستەكەى شاعیر دەخەینە ڕوو.
 ئایا مانا وێنەیەكى نەگۆڕ بەرهەم دێنێت؟ ئەگەر مانا و پرۆسەى ناونانى شتەكان بەمەبەستى بنیاتنانى وێنەیەكى جێگیر بێت، ئەوا هەمیشە دەبىَ لەودیو وێنەى ماناوە بەدواى ئاستە جیاوازەكانى بینینى خوێنەر و رەهەندە جیاوازەكانى تێكست نەڕۆین، بەڵام كاتىَ زمان ماناى نەگۆڕ تێك دەشكێنىَ، پرۆسەى لەدایكبوونەوەى مانا دەست بە جولە بەراییەكانى دەكاتەوە، ئەوە ئینتیما كردنەوەیە بۆ زمان و چارەسەرى ئیشكالیەتى پەیوەندى نێوان (زمان و بوون) ە، بەماناى ئەو پەیوەندیەى ئێمە لەناو تێكستدا بەدواى مانا كەشف نەكراوەكانى دەگەڕێین پەیوەندى هەیە بەوەى كە ئەگەر زمان ماڵى بوون بێت، بەڵام ئاخۆ بوون ماڵى زمانە؟ ئەوە سەرەتایەكە بۆ گومان كردن، بەهۆى ئەوەى زمان خوڵقاندنەوەى ژیان و تێكشكاندنى تەواوى ئەو دنیاییە كە بوونى خۆى لەدەرەوەى زمان بنیاتناوە، بەڵام شیعر لەناوەوەى زمان ئەو بوونە دەنووسێتەوە، ئەوە نووسینەوەى شوناس و چارەسەركردنەوەى ئیشكالیەتەكانیەتى لەدیدێكى فانتازیەوە، ڕوانینێكى شاعیریانەیە، بۆ گەڕان بەدواى پرسیارى شوناسى منى شاعیر چیە؟ ئەو پرسیارە گۆڕینى منى ڕەگەزیە بۆ منى شاعیر.
  بۆیە شەرمین وەلى لە قەسیدەى (شوناس) لەدەرەوەى زمان خاوەنى شوناسى (منى ژن) ە، بەڵام زمان دەیگوازێتەوە بۆ (منى شاعیر) ئەو منە كەسێكى نێو زمانە، لەڕێگەى زمانەوە هەوڵى نووسینەوەى شاعیریەتى خۆى دەدات، بەوەى سەرەتاكانى ئەو زمانە گەڕانە بەدواى مەعریفە، مەعریفەى عەشق، مەعریفەیەكى گوماناویە، بەوەى پێویستى بەوەیە بزانێت دۆست نیگاكانى بەرەو كام كۆلانە فانتازیاكان دەیبات، ژنێتى من كارەكتەرێكى شەرمنە، زمان دەیەوىَ ئەو شەرمە بگۆڕێت بە چوونە نێو بونیادى كەینونى، ئەو بونیادە لە ژنێكى شەرمنى ماڵەوە، دەیباتە نێو تەنیایەكانى كەنارەوە، ئەوەش خەڵوەتى شیعریى و نووسینەوەى منە، منێكى تەنیا و شەرمن و تێكشكاو، شیعر پرۆسەى خوڵقاندنەوەیە لەڕێگەى زمانەوە، وەزیفەى زمان لەناو ئەو تێكستە شیعریەدا نووسینەوەى كۆى شكستەكان و گومانكردنە لە تەواوى ئەزموونى منى ژن، بەڵام ئەو ئەزموونە گەڕان نیە بەدواى شوناسى ڕەگەزى هێندەى گرفتى شوناسى خودێتى خۆى هەیە، خودى بریندار كە لەرٍێگەى شیعرەوە خۆى دەنووسێتەوە، نووسینەوەى شیعر نووسینەوەى زمانە بۆ شوناس، بەڵام پرۆسەى نووسینەوە پرۆسەى دڵەڕاوكە و ترسى نێو شیعرە، ئەو ترسە خودى بریندار لە ئەنجامى دڵەڕاوكەى خودى بەرەو ترس لە چارەنووسى عەشق دەگوازێتەوە، یەكێك لە جوانیەكانى ئەو عەشقە پەیوەندى نیە بە ئەزموونى فەردانى خودەوە، بەڵكو پەیوەستە بە ئەزموونى خۆشەویستى ئەوانیترەوەش
 هەمیشە دەگریم بەیادى
  توانەوەى جەستەكان و
  كڵۆڵبوونى چارەنووسى هاویارانم
  بەڵام گریان چەندە گوزارشت لە بێتوانایى ئەو بكات، دواجار زمان دەیباتە سەر پرسیارى من كێم لەبەرامبەر چارەنووسى عەشق؟ یادەوەرى خود خاڵى نەبۆتەوە لەناو زمان، بۆیە یادەوەرى تواناى ئەوەى هەیە بەشدارى لە وەڵامى پرسیارەكە بكات، زمان پرۆسەیەك نیە لەو تێكستەدا بۆ نووسینەوەى ڕووبەرى نەبینراو، بەڵكو زمان نەستى خود بەشدارى پێدەكات، لەپێناو نووسینەوەى شوناسى من، لەوەدا لەوە تێدەگەین كە چەمكى شوناس وابەستەیە بە تەواوى بوونى ڕابردوو، وەزیفەى زمانیش هێندەى نووسینەوەى یادەوەریە، یادەوەرى خنكێنراو لەناو دەنگى حیكایەتە خودیەكان، زمان تواناى ئەوەى نیە سیستمێكى دەلالى كەشف نەكراو بێنێتە بوون، بۆچى زمان ئەو توانایەى نیە؟ ئایا چۆن دەكرىَ یادەوەرى خود لە زمان خاڵى بكەینەوە؟ جارىَ پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەوە بكەین كە شاعیرەكەمان تواناى ئەوەى تیا نیە كە بوێرى ناو زمان وەدەست بێنێت، بەوەى لە كارەكتەرێكى ناو ژیانەوە لەبڕى پەڕینەوە خۆى بگوازێتەوە بۆ ناو كارەكتەرێكى زمانەوانى، بەوەى ناتوانىَ بڕوا بەوە بێنىَ كە زمان تواناى ئەوەى هەیە ماچە سارد و سڕەكان بگۆڕێت بۆ ماچى گەرمى عەشق، چونكە دەشىَ ئەو عەشقەى ئەو وێناى بۆ كردووە تەنیا لەناو شیعر و زماندا بوونى هەبێت، بەڵام ئەو ناتوانىَ لەناو زمان بیدۆزێتەوە، نەدۆزینەوەى دەسبەردار نەبوونە لە پرۆسەى بەر لەنووسینى شیعر، بەماناى شاعیر لەناو زمان لەدایك نەبۆتەوە، بەڵكو بە كۆى یادەوەرى بەر لە زمان هاتۆتەوە ناو زمان، ئەوەش واى كردووە منى زمان كە منێكى شیعریە جیا نەبێتەوە لە منى عاشق، بەواتاى منى عاشق و منى شاعیر منى زمان پێك دێنن، ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى ئێمە دوو خودى جیاوازمان نەبێت، خودى بەر لە شیعر و خودى ناو شیعر، هێندەى شیعر وێناى بەشە تەواو نەكراوەكەى خودى عاشق دەكات.
  ئەوەش دەمانگەیەنىَ بە وەڵامى ئەو پرسیارەى كە زمان تواناى ئەوەى نیە ئەو خودە لەیەك جیا بكاتەوە، چونكە شاعیرەكەمان بڕواى بەوە نیە كە یادەوەرى خود لە زمان خاڵى بكرێتەوە، ڕەنگە ئەوە بۆ ئەزموونێكى خودگەراى كەسى عاشق ڕاست بێت بەوەى یادەوەرى عەشق تێكستمان پىَ دەنووسێتەوە، بەڵام زمان نایەوىَ بوونێك هەبێت كە كار بكاتە سەر سیستمى دەلالى ئەو، بۆیە دەیەوىَ خۆى ئەو سیستمە بەرهەم بێنێتەوە، نەك یادەوەرى بەرهەم هێنەرى بێت، یادەوەرى دەبێتە دەنگى خودى زمان، بەماناى یادەوەرى زمان دەنووسێتەوە، نەك زمان یادەوەرى بنووسێتەوە كاتىَ داوا دەكات (مەمكوژە) ئەو كوشتنە پرۆسەى ئیشكردنەوەیە لەسەر یادەوەرى خود.
 بۆیە شیعر پرۆسەى داكۆكیكردنە لە خود، شوبهاندنەوەى جەستەى ژنێتیە بە جەستەى پەپولە.. گەڕانە بەدواى پاكیزەیى جەستەى مرۆییمان، كە جەستەى خودێكى عاشقە، لێرەوە وەزیفەى زمانمان بۆ ئاشكرا دەبێت، بەوەى زمان لێرەدا كارى دەبێت بە شوبهاندنى عەشق بە پەپوولە، ئەوەش گۆڕینى پرسیارى من كێمە بە "بزانە من كێم" زمان پرسیار بۆ خودى عاشق دەگەیەنێتە یەقین، ئەو گومانەى نێو پرسیار بە یەقین دەگۆڕێت، ئەوەش سەرزەنشت كردنى یار و بەرائەتى عاشقە. بەوەى بوونى ئەو دەبىَ بوونێكى ئامادە بێت، ئەوە گرفتى یادەوەریە ئەو بوونە دەسڕێتەوە، زمان دەبىَ ئەو بوونە بگەڕێنێتەوە بۆ پرۆسەى ئامادەبوون، ئامادەبوون شوبهاندنەوەى منى مێینەیە بە دەلالەتى پاكیزەیى، ئەوەش داكۆكیكردنە لە شوناسى مرۆیى، دەنگێكە بۆ هاوارى (من مرۆم) بەدواى تێگەیشتن لەو منە كە منێكە لەڕێگەى زمانەوە بەدواى گرفتى شوناس دەگەڕێت، شوناس بۆچى پێویستیەكە بۆ منى مێینەى شاعیر؟ پرسیارى وا پەیوەندى بە تێگەیشتنى ئارەزووى قووڵ هەیە بۆ نووسینەوەى مێژووى خود، ئەو مێژووەى دەبێت بە هەموو شكست و سەركەوتنەكانیەوە شوناس دابمەزرێنێت، بەڵام ئاخۆ مرۆڤ لە ساتەوەختى شكست و دۆڕانەكان بیرى لەوە كردۆتەوە ئەوانە دەبنە بەشێك لە شوناسى ئەو؟ چونكە بیركردنەوە لەخەوتن لەناو جێگایەكدا لەگەڵ دۆست هەرگیز ڕێگە نادات بەو كارە هەڵبستین كە سەرەنجام بەرامبەر بیەوىَ كوشتن شوناسى پاكیزەیى و بێتاوانى بنیات بنێت.
 "مەمكوژە
  عادەتم نەگرتووە بە مردن
  پەرۆشى پرژانم و
  كوشتن دادى پاكبوونەوەم نادا"
 ئەوەش بانگەشەیەكە بۆ ژیان نەوەك مردن، داوا كردنێكە كە نەكوژرێت، چونكە كوشتن دەلالەت لە پاكیزەیى ناكات، هێندەى قووڵ كردنەوەى برینەكان و گەورەكردنى سنورى شكست و نەدۆزینەوەى شوناسە، لەبەر ئەوەى هەریەكە لە دوانەى عاشق بەشێكیترن لەناو ئەویتر، بە هەردووكیان من و تۆ دەگۆڕن بە ئێمەى عاشق، بەڵام تاچەند ئەو دەنگە دەگاتە دۆست و ئاخۆ چارەنووس لەنێو ئەو دۆشدامانە بەكوىَ دەگات؟ ئەوە گرفتێكى نێو ساتەوەختى دڵە ڕاوكەى شاعیرە كە دەقەكەى تیا بەجێهێشتووە یاخود تەواو كراوە، بەڵام كێشەى شوناس گرفتێكى سایكۆلۆژى بۆ مێینەتى ئەو بەجىَ هێشتووە، ئەوەش ئەگەر گەیشتن بێت بە شوناس بەڵام شوناسێكە شوناسى خەونى ئەو نیە، چونكە بەختەوەرى تیایدا بوونى نیە.. دەشىَ ئەو شوناسە تێڕامانێكى شاعیرى قووڵ بێت بۆ ژیان، چونكە دەتوانین ناوى بنێین (شوناسى كچێكى تەنیا لە بوون)
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.