ڤۆدگا و جنێو و ته‌نه‌که‌ی خۆڵ
ڤۆدگا و جنێو و ته‌نه‌که‌ی خۆڵ
به‌کر ئه‌حمه‌د
په‌لامار بۆ سه‌ر گووزه‌ران و ژیانی ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیان له دوای ڕووخانی بلۆکی خۆرهه‌ڵاته‌وه، به یه‌کێک له خوێناوی‌ترین په‌لاماره‌کانی بازار له قه‌ڵه‌م ده‌درێت بۆ سه‌ر مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی هاوڵاتییان. له کۆتایی نه‌وه‌د و دوودا بۆ چه‌ند مانگێک له مۆسکۆ ده‌ژیام. له به‌رانبه‌ر ئه‌و ئاپارتمانه‌ی ئێمه‌ی لێدهژیاین، سه‌موونخانه‌یه‌کی لێ‌بوو. چه‌ند جارێک ڕێککه‌وتووه که بۆ به‌یانییه‌که‌ی سه‌موونم به ده ڕۆبڵی رووسی کڕیوه و له ئێوارانیشدا، به په‌نجا. ئه‌م تێپه‌ڕاندنه له بازاڕی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تییه‌وه بۆ بازاڕی ئازاد، زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی کۆمه‌ڵگای ڕووسی و هه‌موو ده‌وڵه‌تانی سه‌ر به‌م بلۆکه‌ی تووشی شێزۆفرێنیایهکی کۆمه‌ڵایه‌تی کردبوو.
له جاڕ و جه‌نجاڵی به تایبه‌تیکردنی که‌رته‌کانی به‌رهه‌مهێنانی ده‌وڵه‌تییه‌وه بۆ که‌رتی تایبه‌ت، شه‌پۆلێکی به‌رینی ناڕه‌زایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی روسیای داگرت. یه‌کێک له هه‌واڵنێرانی رۆیته‌ر له شۆفێری تاکسییه‌کی مۆسکۆ ده‌پرسێت:" پێت وایه شۆڕشێکی دیکه به‌ڕێوه بێت له‌به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یهلتسیندا"، ئه‌و له وه‌ڵامدا ده‌ڵیت:" ئێستا نا، ئاخر هێشتا نرخی ڤۆدگا وه‌ک خۆیه‌تی"
(تیۆدۆر کالیفاتیدێس) نووسه‌رێکی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک یۆنانی نیشته‌جێی سویده. له په‌یوه‌ند به جیاوازییه کولتوریه‌کانی په‌نابه‌ران و کۆمه‌ڵگای نوێ‌دا، سه‌رگوزشته‌یه‌کی خۆش ده‌گێڕێته‌وه. کاتێک کالیفاتێدێس له یه‌کێک له کارخانه‌کانی سویددا کارده‌کات، ده‌نگه‌ده‌نگێک ده‌که‌وێته نێوان ئه‌و و هاوکارێکی سویدییه‌وه. کالیفاتدێدێسێک که به کۆده کولتورییه‌کانی یۆنانه‌وه ده‌یه‌وێ بچیته وێزه‌ی ده‌مه‌قاڵێیه‌کی ساده‌ی کرێکارێکی سویدییه‌وه، به به‌هێزترین چه‌که‌کانی جنێوی یۆناییه‌وه، به‌رانبه‌ر هاوکاره کرێکاره‌که‌ی ڕاده‌وه‌ستێت و
ده‌ڵێ:" دایکت ده‌گێم". کرێکاره سویدییه‌که، به ساردییه‌کی پر له هێمنییه‌وه دێته وه‌ڵام:" پێموانییه دایکم پێیناخۆش بێت، ئاخر ئه‌و زه‌مه‌نێکه به ته‌نیا ده‌ژی و هاوڕێی پیاوی نه‌بووه.ڕه‌نگه پێویستیشی پێی بێت" کالیفاتێدێس، بێده‌نگ ده‌چێته‌وه سه‌ر کاره‌که‌ی. ئاخر چه‌که کاریگه‌ره‌که‌ی ئه‌و، نیشانه‌ی نه‌پێکا.
هه‌موو کۆمه‌لگایه‌ک سنوورێکی تایبه‌تی ئازاری هه‌یه و زیاترکردنی فشاره‌کان له‌سه‌ر هاوڵاتییان، به "نه‌و" وتنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی جه‌ماوه‌ری وه‌ڵامده‌درێته‌وه. بۆ کۆمه‌ڵگای ڕووسی، ڕه‌نگه به قسه‌ی شۆفێره‌که‌ی مۆسکۆ، ڤۆدگا بێت. بۆ کۆمه‌ڵگای سویدی، به‌شێکی گه‌وره‌ی له‌و تۆره به‌رینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی بیمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هاوڵاتییاندایه که به سه‌روه‌رییه‌کانی سۆسیال‌دیموکراتی و بزووتنه‌وه چه‌په‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگای سویده‌وه ده‌ناسڕێنه‌وه. ده‌ستبردن بۆ فشارهێنانێکی زیاتر له‌سه‌ر هه‌ندێک له‌و به‌ها گرنگانه‌ی کۆمه‌ڵگا که هاوڵاتییان پێیانوانییه ئاسان له‌ده‌ستی بده‌ن، سنووره‌کانی نێوان هاوڵاتییان و ده‌سه‌ڵاتی به ڕۆشنی دیاریکردووه.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات کۆمه‌ڵێک هێڵی سووری به‌ده‌وری هاوڵاتیاندا کێشاوه و بهزاندنییان بۆ هاوڵاتییان به ده‌ردی سه‌ری ته‌واو ده‌بێت، هاوڵاتییانیش هێڵه سووره‌کانی خۆیان هه‌یه و ده‌بێ ده‌سه‌ڵات ئاسان نه‌توانێت ده‌ستیان بۆ به‌رێت. به‌ڵام چی له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا سنووری مافه‌کانی هاوڵاتییانه که دسه‌ڵات ناتوانێت ئاسان بیبه‌زێنێت؟
نانه، کاره، کاره‌بایه، ئاوه، مافی بوونی خزمه‌تگووزاری پاککردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌کانه؟ بۆ که‌سێک که له ده‌ره‌وه ته‌ماشای ئه‌م کۆمه‌ڵگایه ده‌کات، ئه‌م سنوورجیاکردنهوهیهی هاوڵاتییان بۆ مافه‌کانیان نابینێت. ئاخر هیچ شۆفێرێکی تاکسی شاره‌کانی کوردستان، ناتوانێت وه‌ڵامی ڕۆژنامه‌نووسێکی بیانی بداته‌وه و بڵێ:" هێشتا نرخی نان وه‌ک خۆیه‌تی" یاخود:" هێشتا بیست و چوار سه‌عات کاره‌بامان هه‌یه:"
هێشتا ئومێد به موه‌لیده، خه‌ونی کاره‌بای بیست و چوار سه‌عاته‌ی له هاوڵاتییان کڕیوه‌ته‌وه. که‌واته به کورتییه‌که‌ی، کۆمه‌ڵگای ئێمه سنوورێکی تایبه‌تی ئازاری نییه و ده‌سه‌ڵات به بێ هێچ دوو دڵییه‌ک چی ده‌وێت ده‌توانێت بیکات. له هه‌ر وڵاتێکی دنیادا، کاره‌با و ئاو وه‌ک کوردستان بوایه، ده‌سه‌لات، له نوکتهشدا، جێگایه‌کی بۆ نه‌ده‌مایه‌وه.
هاوڕییه‌کم له کوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ده‌لێت:" له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌سێکدا قسه ده‌که‌یت، ناڕازییه. ته‌نانه‌ت به‌رپرسیارانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆشیان. ئه‌گه‌ر باسه‌که له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی داغانتربێت، کاکی مه‌نسوول، کۆمه‌ڵێک جنێوی ته‌ڕ له ناوگه‌ڵی خۆیه‌وه ده‌رده‌هێنێت و ئاڕاسته‌ی ناوگه‌ڵی ده‌سه‌ڵاته نێرانه‌که‌ی ده‌کات که خۆی نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات." هاوڕێکه‌م له درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێت:" میلله‌تێک و ده‌سه‌ڵاتێکت هه‌یه جنێوده‌دات. تاکه ئۆپۆزسیۆنی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌لات، له‌شکرێک له جنێوفرۆشی به‌رهه‌مهێناوه که له خه‌یالی خۆیدا، ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ده‌بینێت."
به‌ڵام کاتێک ده‌سه‌ڵات به که‌ره‌سته‌کانی ناوگه‌ڵی خۆی جنێو به ناوگه‌ڵ و پاشه‌ڵی خۆی ده‌دات، جنێو له‌وه ده‌که‌وێت که تووڕه‌بوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سایکۆلۆژی به‌رهه‌مبێنێت. کاتێک جنێوه‌کانی هاوڵاتییان له جنێوه‌کانی پیاوانی ده‌سه‌ڵات، بچووکتره، نه‌دانی باشتره. به‌ڵام له هه‌ردوو حاڵه‌تی جنێودانهکاندا، جنێوه‌کانی هاوڵاتییان و به‌رپرسیارانی ده‌سه‌ڵات به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، وه‌ک جنێوه‌کانی کالیفاتێدیسی لێ دێت. له باشترین حاڵه‌تیشدا، چۆن کالیفاتێدیس دڵشکاو ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر کاره‌که‌ی خۆی پاش ئه‌وه‌ی جنێوه‌کانی هیچ کاریگه‌رییه‌کی له دڵی به‌رانبه‌ره‌که‌یدا جێنه‌هێشت، هاوڵاتیانیش، دوای جنیوهکانیان، درێژه به ژیانی بێ ئاو وکاره‌بایی خۆیان ده‌ده‌ن و ئه‌م سوڕه بێمانایه‌ی ژیان به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌ڵام کۆمه‌ڵگای کوردستان و هاوڵاتییانی پێویستییان به دروستکردنی به‌هایه‌کی پیرۆزی کۆمه‌ڵایه‌تییه که هیچ ده‌سه‌ڵاتێک بۆی نییه، ئاسان ده‌ستی بۆ به‌رێ. لانی که‌م ، کێشانی هێڵی سوورێک له‌به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا تا هیچ نه‌بێت،به بێ خه‌یاڵ هه‌ڵنه‌کوتێته سه‌ر سنووره‌کانی.
عه‌زیز نه‌سین له چیرۆکی توالێتدا، له زمانی هاوڵاتییه‌کی تورکه‌وه، ته‌واوی کێشه جه‌نجاڵه‌کانی تورکیا کورتده‌کاته‌وه بۆ نه‌بوونی توالێت. تۆ بڵێی ئه‌م له‌شکره جنێودهرهی کوردستان، سنوورێک به‌ده‌وری ته‌نه‌که‌ی خۆل‌دا بکێشێت و بڵێ: به‌ڵێ بۆ ته‌نه‌که‌ی خۆڵ که هه‌موو ڕۆژێک به‌تاڵده‌کرێت و له بۆگه‌نی لووتی خۆیدا، لووتی ناگیرێت. ده‌کرێ ته‌نه‌که‌ی خۆڵ، سنووره پیرۆزه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی بیت و ده‌سه‌لات نه‌توانێت، ته‌نه‌که‌ی خۆله‌کان به شهخهڵهکانی ناویه‌وه، لهبهردهرکهی ماڵه‌کاندا بۆ ڕۆژێک بهێڵێته‌وه، ئه‌گه‌ر واشی کرد، نهئێکی گه‌وه‌ره ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه؟ پرسیارێکه و ده‌کڕێ ئاینده وه‌ڵامی بداته‌وه.