Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كۆتایهاتنی دەسەڵاتی ئابووری ئەمریكا!

كۆتایهاتنی دەسەڵاتی ئابووری ئەمریكا!

Closed
by October 18, 2008 گشتی

 كۆتایهاتنی دەسەڵاتی ئابووری ئەمریكا!
 
 هێمن مەحمود

 hemnm1979@yahoo.com
 
 پەندێكی ئەمریكی هەیە دەڵێت (ئەگەر سەد دۆلارت لەبانك قەرزكرد و نەتوانی بیدەیتەوە، كەواتە تۆ لەكێشەدایت! بەڵام ئەگەر یەك ملیۆن دۆلارت لەبانك قەرزكرد و نەتتوانی بیدەیتەوە، كەواتە بەڕێزم بانك لە كێشەدایە).
 رەنگە ئەم پەندە بە ئاسانی بنەماكانی ئەو تەنگەژە داراییەمان بۆ ئاشكرابكات كە ئێستا توشی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هاتووە.
 ئەم تەنگەژەیە كە ئێستا بازاڕی سەرمایەی ئەمریكی داگیركردووە هەر بەتەنها تایبەت نیە بە چەند كۆمپانیایەك یاخود بانكێكەوە، بەڵكو تەنگەژەیەكی ئابووری گشتگیرە كە لەئەنجامی خراپ بەڕێوەبردنی بوارەكانی ئابووری و سیاسی و سەربازیی و پەیوەندییە دەرەكییەكانەوە دروستبووە، تەنگەژەیەك كە لەدوای تەنگەژەی دارایی ساڵی 1929 بەمەترسیدارترین تەنگەژە دادەنرێت.
 ئەمریكا تەنها لەدووبواردا توانیویەتی سەربكەوێت كە ئەوانیش بواری زانستی و تەكنەلۆژین، كە ئەمەش وەهایكردووە كە لەبوارەكانی ئابووری و سەربازیدا سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت.
 لەگەڵ ئەمانەشدا هۆكارێكی دیكە هەیە كە یارمەتی دەسەڵاتی ئابووری ئەمریكی داوە بەسەر جیهاندا ئەویش ئەوەبوو لەسەرەتای هەفتاكانی سەدەی پێشودا وازی لە بنەمای ئاڵتون هێنا لەپشتگیركردنی دراوەكەیدا(دۆلار)، ئەویش بەبیانوی ئەوەی كە هێزی ئابووری ئەمریكا پشتگیری سەرەكی دراوەكەیەتی.
 ئەمەش رێگای ئەوەی بۆ خۆشكرد لەبەرامبەر ئەو دراوەدا كە دواتر بو بەدراوی یەكەمینی جیهان كەرەستەی خاو و كاڵا و شت و مەك لەوڵاتە جیاوازەكانی جیهانەوە بهێنێت.
 ئەوەشی وەهایكرد دۆلار ببێتە دراوی یەكەمینی جیهان شەڕی ساردبوو كە وڵاتەكانی كوتلەی سەرمایەداری لەمامەڵە دەرەكییەكاندا ئەو دراوە بەكاربهێنن.
 هەربۆیە هەناردە سەرەكیەكانی وڵاتان بۆ ئەمریكا بەدۆلار دەكڕدرا و ئەمریكاش 24 كاتژمێر  لەو دراوە چاپ دەكات و وەهایكردووە ئابووری ئەمریكا یەكەمین ئابووری وسەرەكیترین ئابووری جیهان بێت لەدەیەكانی پێشودا.
 هۆكارەكانی ئەم تەنگەژە داراییە جۆراوجۆرن و چەندین ڕای جیاوازیشی لەسەرە، بەڵام ئەوەی شتێكی دیاربێت و بەزۆری باسی لێوە بكرێت چەند هۆكارێكن.
 یەكێك لەو هۆكارانە دەركەوتنی دراوی (یۆرۆ) یە، هەروەها بەرزبونەوەی ژمارەی ئەو وڵاتانەیە كە بەو دراوە مامەڵە بازرگانییەكانیان دەكەن و وازیان لە دۆلار هێناوە، بۆنمونە بەتەنها وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا مامەڵە بازرگانییە دەرەكیەكانیان لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا نزیكەی 8705 ملیار دۆلارە لەساڵی 2006دا واتە بەرێژەی 36% بازرگانی جیهانی.
 هۆكارێكی دیكە كورتهێنانی بودجەی ئەمریكایە كە بەپێی زانیارییەكانی بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی ئابووری ئەمریكی نزیكەی سێ دەیەیە لەهەردوو بودجەی بازرگانی و خزمەتگوزاری كورت دەهێنێت، لەساڵی 2006 نزیكەی 791 ملیار دۆلار و لەساڵی 2007 نزیكەی 800 ملیار دۆلار كورتی هێناوە، ئەمە جكە لەوەی بودجەی حكومەتی ناوەندیش ساڵانە نزیكەی 700 ملیار دۆلار كورت دەهێنێت.
 یەكێكی تر لەو هۆكارانەی دیكەش شەڕەكانی ئەمریكایە لە ئەفغانستان و عیراقدا كە تاوەكو ئێستا نزیكەی یەك ترلیۆن دۆلار لەسەر ئابووری ئەمریكا كەوتووە.
 ئەگەر لەبەدبەختی  سەرۆك بۆش بێت كە لەسەردەمی ماوەی یەكەمی سەرۆكایەتیدا روداوەكانی ئەیلولی 2001 رویدابێت، ئەوا بەهۆی خراپی ئیدارەدانی وڵاتەكەیەوە كارەساتی ئەیلولی 2008ی بەسەر ئەمریكادا هێنا كە هەمو كارەساتەكانی دیكە لەبیردەباتەوە بە ئەیلولی 2001یشەوە، چونكە وادەردەكەوێت ئەمڕۆ شوێنی ئەمریكا لە ئابووری جیهاندا ئەو شوێنەی پێشوتر نیە، وەك ئەوەی وەزیری دارایی ئەڵمانیاش رایگەیاند.
 ئاماژەكان وەها دەردەكەون كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەهەمان ئەو رێگایەدا دەڕاوت كە یەكێتی سۆڤیەت لەدواین ساڵانی خۆیادا پێیادا تێپەڕیوە.
 لەدوای دوو دەیە لە كەوتنی تیۆری شیوعیەتەوە، ئەوەتا ئابووری زەبەلاحی ئەمریكیش لێدانێكی بەهێزی یەكلاكەرەوە دەخوات، بەر لەوەی بكەوێت دەنوشتێتەوە! بەڵام ئەو پرسیارەی كە دەبێت ئەمڕۆ بكرێت ئەوەیە: دوای كەوتنی رژێمی سەرمایەداری بەدیلی ئابووری جیهان چییە؟
 
 سەرچاوە/ سود لەدوو وتاری رۆژنامەی (الغد)ی ئوردونی و (الحیاە) لەندەنی وەرگیراوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.