Skip to Content

Sunday, November 3rd, 2024
شاعیرەكان نامرن وەك ئاو

شاعیرەكان نامرن وەك ئاو

Closed
by October 24, 2008 ئەدەب

 شاعیرەكان نامرن وەك ئاو
 
 
 عومەر جەلال

 
 ئەگەر رامان لە ئاو گەورەترین پانتایى لە ژیانى مرۆكاندا درووست كردبێت ئەوە بێهودە نییە مەرگى شاعیرەكانیش ئەو پانتاییە بەردەوامەى لە هزرى خوێنەردا درووست كردووە,مەرگى شاعیرهێند پەیوەندى بە نەمرییەوە هەیە بەو ئەندازەیە پەیوەندى بەونبوونییەوە نییە یان بەمانایەكى دى مەرگى شاعیر لەوێڕا  دەست پێدەكات كە تێكستێكى مردوو دەنوسێت وەلێ تێكستى زیندوو رۆحییەتى نەمرى دەبەخشێت بەتەمەن و بەردەوامى شاعیر لە ژیاندا.
 بەر لەچەند هەفتەیەك لەمەو بەر شاعیرى بەرەنگارى و نوێگەرى عەرەب و جیهانى (دەروێش) كۆچى دوایى كرد, لە بەخاكسپاردنیدا ئامادەگى كەسانى ئازیزى ئەو شاعیرە و خوێنەران و رۆشنبیران بەو ئەندازە فرەیە هیچى كەمتر نەبوو لە بەخاك سپاردنى (عەرەفات) ى سەرۆكى ئەو وڵاتە ,ئەشێ سەركردەكان وەك هەر مرۆڤێكى ئاسایى بمرن وەلێ شاعیرەكان جودا لەوانى دى هەمیشە بەزیندووى دەمێننەوە .
 ئەگەر چى نالى و مەحوى گۆران لە ژیاندا نەماون ,زیندوویەتى ئەو شاعیرانە ئامادەگیان لە پانتایى ئەدەبی كوردى فراوانترە لەو كەسانەى بەناوى شاعیرو داهێنەرەوە خۆیان دەناسێنن,لەوەش ساناتر شاعیرەكان ئەو چانسەیان هەیە بەپێ ى  سەردەم و بەردەوامى ژیان و زۆربوونى خوێنەر و كردنەوەى دەرگاكانى كولتوورى دى  زێتر دەناسرێن ,(سوهراب) و (قەبانى )و (لۆركا) و (ت.س.ئیلیوت) هێندە ئەمرۆ ناسراون و دەناسرێن لە سەردەم و ژیانى خۆیاندا بەو ئەندازەیە نەناسراو بوون لەوەش گرنگتر (شەكسپیر)و(بۆدلێر ) و (رامبۆ ) هەنووكە ئەو هەموو ماستەر ودكتۆراو لێتوێژنەوەیە  لەئەزموونى ژیان و نووسینەكانیان دەكرێت هەرگیز لەسەردەمى خۆیاندا بەو فۆرمە نەبووە و تەنانەت بە كولەمەرگى هەوڵى لەچاپ دانى نامیلكە شیعرییەكانیان داوە,روونتر بڵێێن شاعیرەكان لەتەك مردن و كۆتایى هێنانى ژیانى بایۆلۆژیاو جەستەییاندا بە ژیانێكى دى و دەنگدانەوەیەكى دى و خوێندنەوەى دى دەگەرێننەوە ناومان , رۆژ پاش رۆژ گرنگى بە رۆحییەتى ئەدەبی زیندوویان دەدرێت و هەمیشە دەخوێندرێننەوە .
 نكۆڵى لەوە ناكرێت تارمایى مەرگ لەتەك خۆیدا سەرجەم هزر و نووسینەكان دەبات ,وەلێ شاعیرە ناسراوەكان خودى تێكستەكانیان بە زیندووى دەمێننەوە هەناسە دەدەنە خوێنەر ,مەرگ ئەو چەمكەى كەلەیەك ساتدا ناتوانێت نووسین و جەستە لەتەك خۆیدا ببات ئەشێ بەتۆپزى جەستە ون بكات و كۆتا نووسینى كۆتا هەناسەى بێت ,وەلێ كۆى ئەو تێكستانەى پاش خودى شاعیر  رۆحى نەمرى و جاویدانى هەڵدەگرێت ,هەمیشە بە بەرگێكى نوێ و جیهانبینى نوێ ودیدگایەكى دى دەژێت.
 كێشەى مەرگ ونووسین جودایە لە كێشەكانى دى ,مەرگى گوڵێك هەمیشە جودایە لەمەرگى تێكستێك ,ئەگەرى هەیە گولێكى دى بەهەمان بۆن و رەنگ و پەرچووەوە  ببینینەوەو بۆنى بكەین وەلێ هەرگیز ناتوانین تێكستى مردوو جارێكى دى ببینینەوە ,بۆ وێنە شاعیرگەلێك لە ناوماندا دەژین وەك كەسانێكى ئاساى دەژین كەچى هەست بەمردنیان دەكەین و بە پێچەوانەى ئەوانى دى كە ئاوێزانى مەرگبوونەو كەچى لەناوماندا دەژین.
 (كلیلى دەرگاى دڵم ونكردووە/بۆ ئەبەد تۆ لە نێوى دڵمدا دەمێنیتەوە) ئەم دێرە شیعرە كەس نازانێت شیعرى كێیە ونووسەرەكەى ناوى چی بووە ئەوەندە دەزانرێت شیعرى یەكێك لەشاعیرە ئەڵمانیەكان بووە لەسەدەى سیانزەدا نووسراوە ,چێژى ئەو دێرە شیعرە لە روانگەى مۆزیكى شیعرى وفانتازیاى شیعریەوە لە ئاستى زۆر لەو شیعرانەدایە هەنووكە دەیانخوێنینەوە و دەیانبینین ,نائامادەگى ناوى شاعیر و كات و شوێن هێما نیە بۆ مەرگى شاعیر بەو ئەندازەیەى كە نووسەرى تێكستەكان نادیاربن,
 ژیانیش هەروەك ئەوەى كە بووە و دەبێت مەرگیش لكێكە لەو ژیانە سادەیەى بەردەوام دەبێت,شیعریش لە هەناوى خۆیدا جەنگێكى نەبڕاوەى لەتەك مەرگ و ژیاندا هەڵگرتووە ,بوونى شیعر وەك كۆنترین ژانرى ئەدەبی و فرە هەمیشە كاریگەرى رەهاى بە ئیمپراتۆر ودەسەڵات و سەردەمەكانەوە هەبووەو دەبێت, گوناهى شاعیر ئەوەبووە سرووتێكى دى بۆ مرۆكان ئافراندووە و لەتەك سرووشت و خود هەماهەنگى هەبووە و بەردەوام لەسەرووى مردنەوە ئامادەگى هەبووە.
 
 omerjelal@yahoo.com
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.