
رۆشنبیر به بێ شارستانییه‌ت… د. ئه‌حمه‌ی مه‌لا
به‌شی دووه‌م و کۆتایی…
چۆن واقیعی كوردی ده‌توانی ئاسۆی شارستانییه‌تی لێوه دیار بێت؟
یه‌كێك له بنه‌ماكانی شارستانی ئه‌وه‌یه كه جۆره گرێبه‌ندییه‌ك له نێوان تاك و كۆ دا به‌رقه‌رار بێت. ئا لێره‌وه گه‌لێك له گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی كه كوێرایی داوه‌ته كۆمه‌ڵگه‌مان له به‌ردمان قووت ده‌بێته‌وه. ده‌سه‌ڵاتی كوردی به مه‌هانه‌ی جیواز ده‌یه‌وێ ئه‌م چه‌مكه بشێوێنێ ؛ له ته‌لفزیۆن به‌رنامه‌ی بۆ چێ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سوبغهیهكی تاریك بچهسپێنێته هه‌نییه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ی كه هه‌موو دیموكراسییهتێكی راسته‌قینه‌ی له‌سه‌را به‌نده. هه‌موو هێز و وزه‌ی تاكه كه ده‌رژێته سنووقی ده‌نگدانه‌وه، كاتێ سنووره‌كانی تاك ته‌نها به قازانجی كۆمه‌ڵ كۆتایی دێت، ئه‌وه ته‌نها ده‌نگێكی نامۆ ده‌رژێته سنووقی ده‌نگدانه‌وه. هه‌موو بۆچوونه‌كانی تاك و سه‌رجه‌م ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه له ده‌وری تاك دا ده‌خه‌مڵێن به به‌ره‌ڵایی رۆژئاوا گرێ ده‌درێت ؛ له حاله‌تێك دا فیدرالیسم له بۆچوونه هه‌ره فراوانه‌كه‌یدا هیزی تاك و جیاوازییه‌كان به هه‌ند وه‌رده‌گرێت.
به‌ره‌ڵایی له بۆچوونی كوردهواری ته‌نها له ده‌وری جینس دا ده‌خه‌مڵێت، واته سه‌ره‌جه‌م غه‌ریزه‌كانی نامووس و شه‌رم و ده‌چینه ژوانی ژێرخانێكی سایكلۆژی هه‌نده قه‌واره ته‌سكه‌وه كه موخاته‌به‌ی دونیایه‌كی تاریك ده‌كات، له جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌م چه‌مك و بۆچوونانه به شێوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی و پێداگۆژی بۆ خه‌ڵك و خوا روون كرێنه‌وه.
به‌ره‌ڵاییه‌كانی دی به ته‌واوی له واتاكانی خۆی به‌تاڵ ده‌كرێن و له كۆتاییش ئه‌و بهرهڵاییانه هیچ مه‌فهوومێكی نامێنێ! : به‌ره‌ڵایی شه‌ڕه‌كانی ناوخۆ، به‌ره‌ڵایی هه‌ژاران و ده‌سكورتان له سه‌ر جاده و شه‌قامه‌كان، به‌ره‌ڵایی سه‌رجه‌م ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی كه ده‌كرێن، به‌ره‌ڵایی بۆ گه‌نده‌ڵیی و نه‌بوونی هیچ شه‌فافییه‌تێك، به‌ره‌ڵایی بۆ په‌رله‌مه‌نتاران كه توانای خوێنده‌ی بڕیارێكی ئابووریان نییه، به‌ره‌ڵایی بۆ شوفێران و هاتوچۆكه‌ران، به‌ره‌ڵایی بۆ ته‌جاوز و شێواندی روخساری شار، به‌ره‌ڵایی بۆ كشتوكاڵ و بنه‌ما ئابوورییه‌كان، به‌ره‌ڵایی بۆ ده‌ربازبوون له سنووره‌كان، به‌ره‌ڵایی له هه‌موو نه‌خشه‌یه‌كی رێك بۆ داهاتوو و ئایندهی وڵات. كه‌س باس له‌م بهرهڵاییانه ناكات. به‌ڵام له ده‌بێ هه‌موو حاڵه‌تێكدا ره‌شمه‌ی به‌ره‌ڵایی نامووس لغاو بكرێت به‌و مانایانه‌ی كه كچانمان خۆیان ده‌سووتێنن، "دوعا"كانمان ره‌جم ده‌كرێن.
بۆچی رۆشنبیر بێده‌نگ ده‌بێت؟ بێده‌نگنه‌بوونی رۆشنبیر مانای ئه‌وه نییه بچێته گژ ده‌سه‌ڵاتی نهوژنی كوردی و له ختوخۆڕایی له گێچه‌ڵ بگه‌ڕێت، بڕوا ناكرێت رۆشنبیر هه‌بێت ئاینده‌یه‌كی رۆشن بۆ ئه‌و میلله‌ته نه‌خوازێ، به‌ڵام رۆشنبیر ده‌بێ داوای ئازادی تاك بكات. ئازادی تاك واته بوار نه‌دان به گشت ئه‌و به‌ره‌ڵاییه‌ی كه له كوردستان دا به‌رقه‌راره. ئازادی تاك واته ئافراندن و به‌رهه‌می به پێز، ئازادی تاك واته كۆمه‌ڵێ یاسا ك ده‌بێ ته‌تبیق بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی شه‌فه‌قی شارستانییهتێكمان لێوه دیار بێت كه كۆمه‌ڵگا هه‌ست به شانازی بكات كه ده‌بینێ تاكه‌كانی ئازدانه نارازین له كێشه‌یه‌كی دیاریكراو، ئازایه‌نه، كوێرانه ده‌نگ به‌م حیزب و ئه‌و حیزبه ناده‌ن.
رهنبگێ له كۆمه‌ڵگه‌كانی رابردوودا، تاك هه‌ند خاوه‌ن هێز نه‌بووبێت، چونكه كۆمه‌ڵگه‌كان به هێزی كۆمه‌ڵگه‌رایی پێشدهكهتن، به كورتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسی ده‌بێ هێزه‌كانی تاك ئازاد كرێت و سنووره‌كانی جه‌سته ئازادیی تاك بێت.
بۆچی ده‌سه‌ڵاتی كوردی دژی چه‌مكی تاكه؟
تاك له كۆمه‌ڵگه دیموكراسییه‌كاندا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته، ده‌سه‌ڵات ته‌نها ته‌عبیرێكه یا ته‌رجه‌مه‌یه‌كی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه له رێگای ده‌نگدانی تاكه‌وه به‌رقه‌رار ده‌بێت. لێره‌وه تاك به چاوێكی لێپرسراوییه‌وه ده‌نگ ده‌دات، هه‌روه‌ها چاودێریی حكوومه‌ت ده‌كات له به‌ڕێوه‌بردن و خه‌رجكردنی داهات و بودجه و سه‌رجه‌م كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه : په‌روه‌رده، بێكاریی، ژینگه، ته‌ندروستی هتد. بۆ ئه‌وه‌ی تاك بتوانێ چاودێریی بكات، ئه‌وه له رێگای كهمهڵگهی مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه یا له رێگای موعاره‌زه‌ی سیاسییه‌وه كه هه‌میشه وه‌كو ئه‌ندامێكی چالاك داوای وه‌سڵ له حكوومه‌ت ده‌كات.
له‌م نێو ئه‌م ئیشكالاتانه ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌یه‌وێ نه‌ك ته‌نها رۆشنبیر بكاته یه‌كێك له پێكهاته‌كانی خۆی و پێكڕا خه‌ونی نه‌ته‌وایه‌تی ببینن، به‌ڵكو له كۆڕ و یه‌كێتی و سه‌ندیكادا به ئیمتیازاتی جۆراوجۆره‌و حه‌پسیان ده‌كات ؛ یا ئه‌وه‌ته خه‌رجی ده‌كردنی گۆڤار و رۆژنامه‌كانیان ده‌دات و ئا لێره‌وه زۆربوونی رۆژنامه و گۆڤار له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی خۆی به‌یان ده‌كات. هه‌ر لێره‌وه‌شه ره‌وت ونهمهتهكانی گۆڤاری "به‌یان" و "رۆشنبیریی نوێ" له ره‌واج دان و هه‌ر لێره‌وه‌شه رۆشنبیر هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به چه‌مك و بۆچونه‌كانی شارستانییه‌ته‌وه نامێنێ. چونكه ئه‌وه‌ی بیری لێ نه‌كردۆته‌وه ئه‌م چه‌مكه زیندووه‌یه كه سه‌رجه‌م خه‌مه‌كانی نووسین و خوێندنه‌وه له دووتۆی دا خۆی ساغ ده‌كاته‌وه.
له مێژایه چه‌مكی تاك وه‌كو ئه‌ژده‌هایه‌ك و ئافهتێ ته‌ماشاكراوه. یا له دوا پێناسه به ده‌ردێكی بورژوازی لێكدراوه‌ته‌وه.
كێشه‌كانی ژن كێشه‌ی تاكه له جه‌وهه‌ردا. راسته رۆشنبیر په‌یوه‌ندیی به مافی ژنانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێسته ته‌نها له‌وه‌دا خۆی نابینێته‌وه كه كۆڕێك بۆ ژنان ببه‌سترێت، له موناسه‌باتی جیاوازدا سیاسه‌تمه‌داران ده‌عوه‌تی ژنان بكه‌ن، له رهجمكردنی "دوعا" دا شیعر و چیرۆك بنووسن و قه‌ڵه‌مه‌كانیان دژ به دزێوییه‌كانی كۆمه‌ڵ ده‌ربخه‌ن و نووكی رمی فه‌لسه‌فه‌كانی ره‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تیژ كرێته‌وه، نه‌خێر ئه‌مه په‌یوه‌ندیی به كولتووره‌وه نییه، ئه‌مه‌ش هیچ شتێك له واقیعی چه‌قبه‌ستووی كوردی ناگۆڕێت.
له نیزامی دیموكراسی ده‌بێ ئه‌م گله‌ییانه ته‌رجه‌مه‌ی واقیع بكرێن و ببنه یاسا. ئه‌و یاسایه‌ی كه كه‌رامه‌تی ئازادی تاك ده‌پاریزێت له هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر و هاوڕێ دا. كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دان به هاوڕێیه‌تی دوو ره‌گه‌ز نه‌دات، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه تا سه‌ر ئیسقانی نه‌خۆشه و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێناكرێت هه‌راش ببێت. هه‌ندی چه‌پڵه‌ی دوژمنداری له‌و كۆمه‌ڵگایانه لێده‌درێت، هه‌نده‌ی ئافرین بۆ هاوڕێتی و دۆستایه‌تی لێنادهرێت.
كتێب به‌شێكه له كلتوور، به‌ڵام ده كتێب به‌های هه‌ڵسوكه‌وتێكی ژیانی نییه، ده به‌رگی فه‌لسه‌فه به‌های سڵاوێكی ئازادیی نییه له نێوان دوو هاوڕێ، چ كچ بن چ كوڕ یا له هه‌مان ره‌گه‌ز پێكهاتبێتن.
ده‌سه‌ڵاتی كوردی ناره‌زایی خۆی ده‌رده‌بڕێت كاتێك كچێك خۆی ده‌سووتێنێ و ره‌نگه ئه‌ندامه‌كانی له ناخه‌وه پێیان ناخۆش بێت، به‌ڵام به فرمێسك گرفته‌كانمان چاره‌سه‌ر ناكرێن، سه‌رجه‌م گرفته‌كانمان پێوسیتیان به ده‌سه‌ڵات هه‌یه. ده‌سه‌ڵاتی یاسا دارژتن، نه‌ك به‌ڕێوه‌بردنی پرسه‌كان.
ئه‌گه‌ر تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتێك توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت نیزامی هاتوچۆی ناوشار ته‌نزیم بكات ده‌بێ چاوه‌ڕوانی چی لێ بكرێت. هاتووچۆی هاتووچهكهران به سه‌لامه‌تی و به ره‌هایی له ده‌یان كورته چیرۆك گینگتره.
كتێبی ژیان یا ژیانی كتێب؟
"كتێبخانه باخچه‌ی زانایانه" ئه‌م قسه جوانه‌م له كتێبخانه‌ی شاری كه‌ركووك به مێردمنداڵیی خوێنده‌وه. ئه‌و كات به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م قسهجوانانه شاگه‌شكه ده‌بووم، تێگه‌یشتنێكی رۆمانسیانهیه ؛ ئیمرۆ لێی راده‌مێنم و بزانم مانای چییه و چ ده‌گه‌یه‌نێ. له راستی دا، من كه‌مێك وه‌كو مۆنتێن، نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفی سه‌ده‌ی شانزه‌ی فه‌ره‌نسا له مه‌ڕ كتێبه‌وه بیر ده‌كه‌مه‌وه. ئه‌و وه‌كو باسی ده‌كات له ته‌مه‌نی چل ساڵ به‌ره‌وژوور، كتێبێكی له‌مسه‌ره‌وه بۆ ئه‌و سه‌ر نه‌خوێندۆته‌وه. ده‌مێكه له لای من كتێب پیرۆزیی نه‌ماوه و به‌ڵكو هه‌ندێجاریش كۆمهكهیهك رقم له كتێبیش بۆته‌وه كاتێك ئینسانه‌كان حه‌پسی نێو به‌رگه‌كانی كردووه. كتێب ته‌نها هه‌ر چرایه‌كه واقیعمان بۆ روون ده‌كاته‌وه، كتێب واقیع نییه. كتێب گرفته‌كانمان بۆ چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو یارمه‌تی ئه‌وه‌مان ده‌دات بیبینین.
كاتێك كه‌سانم بینیوه ته‌نها له پشت به‌رگی كتێبه‌كانه‌وه سه‌یری ژیان ده‌كه‌ن، سه‌غڵه‌تی كردووم. واته له پشت نووسه‌رانی كتیبهوه سه‌ر ده‌رده‌ێنن، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ خۆیان شتێكی گرینگ‌یان له باره‌ی ژیانه‌وه پێ نه‌بێت.
ئه‌مه هیچ مانای ئه‌وه نییه كه كتێب پێویست نییه، به‌ڵكو به نیسبه‌ت منه‌وه كتێب ده‌بێ ته‌نها وه‌كو وه‌سیله سه‌یر بكرێت و ئه‌گه‌ر هه‌ندێجاریش ده‌بێته توحفه و ده‌بێته مادده‌یه‌كی هونه‌ری و دانسقه ئه‌وه شتێكی دیكه‌یه، به‌ڵام له ناوه‌رۆك دا كتێب بۆ ئه‌و مهبهسهتهیه كه بینینمان له مه‌ڕ ژیان قووڵتر بكات و ته‌ماشای ئاسۆش به هیواوه بكه‌ین. واته كتێب دوو گرینگیی هه‌یه، گرینگی یه‌كه‌م بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی خودی ئینسانه و له كۆتاییش دا بۆ ئه‌وه‌ی ژیان خۆشتر كه‌ین. ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو فه‌زیله‌ته له كتێب دا نه‌بوو، با له ره‌فی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌رشیفه‌كان دانرێن تا كاتی خۆی دێت.
ره‌نگبێ ئامانجی دووه‌م، یه‌كه‌م و دوا ئامانجی كتێب بێت. له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه جۆره پیرۆزییه‌ك ده‌به‌خشرێته كتێب كه ژیانمان لێ سه‌غڵه‌ت ده‌كات. ره‌نگبی پیرۆزیی كتێب به‌شێكی بۆ نه‌خوێنده‌واری بگه‌ڕێته‌وه، به‌شه‌كه‌ی دی په‌یوه‌ندی به كتێبی پیرۆزه‌وه هه‌بێت. به‌ڵام پیرۆزیی ژیان ده‌بێت له سه‌رووی هه‌موو كتێبێكه‌وه بێت، چونكه كتێب ئه‌گه‌ر سوودی به ژیان نه‌گه‌یاند، ده‌بێ وه‌كو توحفه سهیركرێت و ببێته ئاماژه‌یه‌ك بۆ مێژوو، ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ رابردوو.
سارته‌ر له كتێبی "وشه‌كان" ده‌ڵێت من وا دیاره هه‌موو ژیانم له نێو كتێب به‌سه‌ر ده‌به‌م، به‌ڵام كه‌م كه‌س هه‌یه له‌و قۆناغه‌ی كه سارته‌ر تیایا ژیا هه‌نده ئه‌و پاپه‌ندی ژیانی خۆی و ژیانی خه‌ڵكی بووبێت. كه‌م كه‌سیش هه‌یه به قه‌د مۆنتێن بۆ سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی تامه‌زرۆی زانینی هه‌بووبێت و سڵاو له ئازادی تاكی كردبێت. "لێكۆڵینه‌وه‌كان" كتێبی ژیانی مۆنتێن خۆیه‌تی. چه‌ند به له‌ززه‌ته‌وه ژیان له‌به‌رده‌می فراوان ده‌بێت و سه‌فه‌ره‌كانی ده‌بنه وردبوونه‌وه له شارستانییه‌ته‌كانی دیكه. سارته‌ر و مۆنتێن دوو نموونه‌ی زۆر جیاواز، به‌ڵام یه‌كگرتوو له دید.
بۆچی ئه‌و هه‌موو كتێبانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی چاپده‌كرێن و ده‌خوێنرێنه‌وه هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له سه‌ر ژیان دروستنه‌كردووه. ئایا خهتاكان له كتێبه‌كان دان، یا كاریگه‌ریی كتێب زۆر نیسبییه، یا ئه‌وه‌ته هه‌ڵه و خهتاكان له شوێنێكی دیكه‌ن؟
بۆچی كتێب ده‌نووسین؟ ئایا له‌به‌ر هه‌ندێیه كه وه‌كو رۆشنبیر خۆمان ته‌رح كه‌ین، یا هه‌ست به‌وه بكه‌ین كه كتێب ژیانمانه و نووسین و خوێندنه‌وه تاقه له‌ززه‌تی ژیانه؟ نه‌خێر!! نووسینی كتێب یا خوێندنه‌وه كتێب ده‌كرێت وه‌كو له‌ززه‌ت ته‌ماشا بكرێت به‌ڵام له‌ززه‌تی ژیانمان له لا مه‌به‌سته، له لایه‌كی دیشه‌وه، ده‌نووسین بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی خۆمان بده‌ین له‌وه‌ی ئاسۆكانی ژیان فراوان بكه‌ین و له دیدی ئه‌وی تر بگه‌ین و له كۆتایی دا بكه‌وینه دیالۆگه‌وه له گه‌ڵ ئه‌ویتر. ئه‌ویتری هاوشان یا هاوشار، یا ئه‌ویترێك كه له شارستانییه‌تێكی دیكه‌وه ده‌ژێت.
كاتێك دیالۆگ دروست نابێت خوێندنه‌وه ده‌سڕێته‌وه وه‌كو پرۆسه. كتێب هه‌موو واتاكانی ون ده‌كات و ده‌چێنه جیهانێكی تاكڕه‌هه‌ندی هه‌ژاره‌وه.
دیالۆگ و به‌هاكانی تاك له‌م پانتاییه‌دا ده‌خه‌مڵێت. دیالۆگ نیسبییه‌ت دانه به تێگه‌یشتمان له دونیا، له ئاین، له ئایدیۆلۆژیا، له هه‌ڵسوكه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان. هه‌موو په‌رده پیرۆزه‌كان دادهڕێنه سه‌ر یه‌كتر و جه‌سته‌مان وه‌كو هه‌یه ده‌رده‌كه‌وێت. رووت ده‌ڕوانینه ژیان، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌ند.
ئا لێره‌وه دیدی ره‌خنه‌ئامێزانه گه‌شه ده‌كات.
سه‌رده‌می ره‌خنه و عه‌قڵی ره‌خنه‌یی.
سه‌ده‌ی شانزه‌می فه‌ره‌نسا به سه‌ده‌ی راپه‌ڕین ده‌ناسڕێته‌وه. راپه‌ڕین به‌رامبه‌ر به چی؟ سه‌ده‌ی راپه‌ڕینی فه‌ره‌نسا، یا ئیتالیا، سه‌رده‌می راپه‌ڕینی عه‌قڵه به‌رامبه‌ر به دۆگمی ئاینیی كه پاپا سه‌روه‌ری ده‌كرد و حوكمی موتله‌قی به‌رامبه‌ر به راڤه‌كردن و تێگه‌ێشتن له ئاین شك ده‌برد. ئه‌م تاكتێگهێستنه بوو ده‌روازه دارینه‌كانی چاخی ناوه‌ندی له‌قاندو ده‌روازه‌ی نوێی بۆ شارستانییه‌تێكی دیكه یهكئاڵا كرده‌وه. ده‌روازه‌یه‌كیش بوو به رووی دونیا. كه‌شفی ئه‌مه‌ریكا و كه‌شفی سووڕی خوێن له یه‌ك سه‌رده‌م دا روو ده‌ده‌ن. سه‌رده‌می گه‌ڕانی خوێنێكی نوێه و نوقڵانه‌ی شارستانییه‌تێكی نوێێ پێیه. سه‌ره‌رای زنجێره‌یه‌ك جه‌نگی ئاینی له نێوان كاسولیك مه‌زهه‌بان و پرۆتیستان كه ئێدییت دو نانت له ساڵی ١٥٩٨ به ده‌ستی هینری چوار مۆر ده‌كرێت و كۆتایی به‌و جه‌نگه خوێناوییانه ده‌هێنێ و ئاشتی له نێوان مه‌زهه‌به‌كان سه‌قامگیر ده‌بێت.
پاپا سێبه‌ری خودا له سه‌ر زه‌وی ره‌خنه‌ی لێده‌گیرێ. ره‌خنه ده‌بێته ئه‌و بناغه پته‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگای له سه‌ر هه‌ڵده‌ستێته‌وه. ئێمه په‌نجا ساڵه به ده‌وری فیكره‌یه‌كی نه‌زۆك دا ده‌خولێینه‌وه و له نێوان ره‌خنه‌ی دروستهكهر و ره‌خنه‌ی رۆخێنه‌ر، نیو سه‌ده‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌م دوو چه‌مكه حه‌په‌ساوین. وه‌كو دوو چه‌مكه ده‌سته‌خوشكه‌كه‌ی حه‌رام و حه‌ڵاڵ سه‌یرمان كردووه! چونكه ده‌ترسین شت برۆخێنین. بۆیه تا ئێستا هیچمان نهروخاندووه، ته‌نها گۆڕانكاریمان به شته‌كان كردووه. له نیزامی سیاسییه‌وه بۆ رواڵاته كۆمهڵایتییهكانی دی. نه‌مانزانیوه له رۆحی هه‌موو روخانێك دا نوێبوونه‌وه و دروستبوونه‌وه هه‌یه، نه‌مانزانیوه رۆخاندن هه‌ڵگری نهوژنیی و بووژانه‌وه‌یه. سروشت ده‌رزمان پێ ده‌لێت. گه‌ڵایه‌ك تا هه‌ڵنه‌وه‌رێ و نه‌رزێ نابێته‌وه گه‌ڵا، به‌فرێك تا نه‌توێته‌وه و نه‌بێته هه‌ڵم، نابێته‌وه ئاو. هه‌موو داته‌پینێكی راسته‌قینه گه‌رای هه‌ڵسانه‌وه‌ی پێیه، هه‌موو مردنێك له دووتۆی گه‌رای بوژانه‌وه و زیندوو بوونه‌وه‌ی هه‌ڵگرتووه.
ئێمه تا ئیستا ده‌ترسین شت بڕوخێنین. ترساندویانین. تا نهقیزهیهك له به‌حری عه‌رووز درا ئاسمان تا چۆكمان هات، تا شیعرێكی لهنگمان نووسی بوو بهشهڕه قه‌ڵه‌م، تا چیرۆكێكی هونه‌ریمان له ناهونه‌ری جیا كرده‌وه ده‌یان كتێب و سه‌دان لاپه‌ڕی بێسوودمان نووسی. تا به ده‌قێكمان وت رۆمان دونیا بوو به دوو له‌ته‌وه… تا ناوی "نالی" ساغ بووه‌وه وزه‌یه‌كی به‌لاشمان سه‌رفكرد.
تا ئێستا عه‌قڵی كوردی و به تایبه‌ت له لای رۆشنبیرانمان نه‌گه‌یشتوونه‌ته قۆناغی ره‌خنه. ره‌نگه به ده‌ور ره‌خنه بخوولێنه‌وه، ره‌نگه جاربه‌جار ره‌خنه‌یه‌ك بگرن، به‌ڵام عه‌قڵ نه‌چۆته خوولی رهخنگرتنهوه. تا قۆناغی ره‌خنه‌ش سه‌رهه‌ڵنه‌دات، چمكی هیچ شارستانییهتێكمان لێوه دیار نابێت.
ره‌خنه ده‌گیرێ به‌ڵام ناوێرین ره‌خنه له هه‌موو شتێك بگرین. تابوو له بواره كۆمه‌ڵایتی و سیاسییه‌كاندا فره‌ن.
له نێو حیزبه‌كاندا سه‌رۆك و سكرتێری حیزب ته‌مه‌نی وه‌ك ته‌مه‌نی حیزب وایه كه‌س باتوانێ ره‌خنه‌بگرێ، تا ئه‌ندامانی حیزبیش ناتوانن ره‌خنه بگرن و باس له دیموكراسییه‌تیش ده‌كه‌ن به‌ڵام نابێت خۆیان بگرێته‌وه! ناتوانین ره‌خنه له ئاین بگرین و چونكه هه‌ست ده‌كه‌ین تاقه زه‌مینه‌یه كه له سه‌ری به پێوه ده‌وه‌ستین و هه‌ر ئه‌ویشه پێناسه‌مان ده‌كات و شوناسمان ده‌داتێ. ئه‌وه‌ی ئاشكرایه هه‌موو ئاینێك كه نه‌یتوانی له گه‌ڵ قۆناغ و سه‌رده‌مه‌كاندا ره‌وت كات، ده‌بێته ئاینێكی مردووی بێ‌گیان.
كه‌واته سه‌رده‌می راپه‌ڕینی كوردی ده‌بێ ببێته قۆناغی راپه‌ڕینی عه‌قڵ به‌رامبه‌ر به نه‌بزیوی غه‌ریزه، ببێته راپه‌ڕینی عه‌قڵی ره‌خنه‌یی به‌رامبه‌ر به قبوڵكردن. ره‌خنه له هه‌موو شتێك، له هه‌موو دیارده‌یه‌ك، چونكه تاقه رێگای رزگاریمان ره‌خنه‌گرتنه. سه‌رده‌م و قۆناغی ره‌خنه‌ش ئێستایه و ئا لێروكانه.
موغامه‌ره و سه‌رچڵیی
یه‌كێك له ره‌هه‌نده زیندووه‌كانی ئینسانی نوێ كه‌شفكردنی نادیار و رۆچوونه نێو دونیای نه‌ناسراوه. ئه‌م موغامه‌ره‌یه به نیسبه‌ت جوگرافیاوه راسته، به نیسبه‌ت ده‌قه‌وه راسته، به نیسبه‌ت بڕینی عورفوعاداتهوه راسته. ئینسانی ئێمه ئینسانێكی سه‌رچڵ نییه، سه‌ره‌رای ده‌یان به‌ڵكو سه‌دان راكه راك و چوونه شاخ و گه‌ڕانه‌وه، تا ئیستا له لوغزه‌كانی شاخ و چیا وه‌كو جوگرافیا نه‌گه‌یشتووین.
موغامه‌ره و سه‌رچڵیی هاجسێكی زۆر زیندووه له ناسینی خود دا. ئه‌و خوده‌ی له ئهنتیكێتیهوه ده‌مانه‌وێ بیناسین و نایناسین.
موغامه‌ره پێویسته بۆ كه‌شفكردنی سنووره نادیاره‌كانی شت. بوژاندنه‌وه‌ی فزوولییهتێكی ته‌ندروست. وه‌كو ده‌ڵێن "چیا دۆستی كورده" ئه‌م دۆستییه ته‌نها هه‌ر دیوه سیاسییه‌كه‌ی چیامان بۆ ده‌خوێنێته‌وه، ئه‌گینا كورد و چیا به هیچ شێوه‌یه‌ك دۆست نین. ئینسانی كورد به ته‌بیعه‌ت له سروشت سڵ ده‌كاته‌وه. ئه‌م سڵكردنهوهیه كه ته‌وژمێكی سایكلۆژیی تاریكئامێزه. ئه‌ده‌بییاتی كوردی و سروشت تا ئێستا یا ئینتیباعی بووه. تا رۆمانسییهتیش له دانیشتنێكی خهمۆكانهی ده‌ور مۆمێك پێكدێت كه له ئێواره‌یه‌كی مه‌یله و تاریك پێناسه‌كانی وه‌رده‌گرێت. هه‌موو واتاكانی شاعیرییهتیشمان بۆ به‌یان ده‌كات.
ته‌نها جوتیارانمان شه‌ڕیان له گه‌ڵ سروشت كردووه و خۆشیان ویستووه و قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه. چونكه سروشت بۆ جوتیار وه‌كو دایك وایه. گه‌نم و جۆ و به‌روبوومی دیكه‌ی ده‌داتێ. به‌ڵام ئه‌ده‌بییاتی كوردی به شێوه‌یه‌كی پاسیف سه‌یری سروشتی كردووه.
چونكه ئه‌ده‌بمان، ئه‌ده‌بێكی زیهنییه و ئهزموانگهرایی نییه. ئه‌مه‌ش گرفتێكی بێوێنه‌ی كولتووری خۆمانه. تا ئیستا ده‌قێكی كۆكمان نییه كه گه‌رمی هاوێنی به‌رجه‌سته كردبێت، له كاتێك ده‌یان و سه‌دان پارچه شیعر بۆ سه‌رما و سۆڵه و كڕێوه نووسراوه. ئه‌م سه‌رما و سۆڵه و كڕێوهیه، سه‌رماو كڕیوهی سروشت نییه، به‌ڵكو زیهنییه، ئه‌گینا باسی گه‌رمای هاوێنیش ده‌كرا كه له وڵات دا له هاوین پله‌ی گه‌رمایی ده‌گاته چل و هه‌شتی پله. كه‌سمان رۆ نه‌چوینه‌ته نێو سروشتی به‌فر به شیوه‌یه‌كی په‌نهان و تایبه‌ت!
هه‌ر ئه‌م زیهنییهتهشه كه وایكردووه كه ده‌قی كوردی دقێكی خه‌مئامێز و خه‌مۆكی بێت. ئینسان ته‌نها له نێو فرمێسك و رۆندك و كرووزانه‌وه ده‌بێته ئینسان. پێكه‌نین و قاقای ده‌ق جۆره شوورهییهكه. پێناسه‌ی ئه‌دیب و نووسه‌ر ته‌نها له قهلهندهرێك پێك دێت كه عه‌وداڵی قه‌له‌نده‌رخانه‌یه.
رابلێ له سه‌ده‌ی شانزه تا هێزی تێدایه ده‌داته قاقا له نێو ده‌قه‌كانی و ئینسانیش وێنه‌یه‌كی زه‌به‌للاحی ده‌داتێ و داوه‌تی ده‌كات بۆ سفره‌كانی خواردن و خواردنه‌وه. چ چیرۆك و ده‌قێكی كوردی هه‌یه تا ئیستا به ته‌واوی ئاوڕی له خواردن و خواردنه‌وه دابێته‌وه؟ ده‌قی كوردی له زه‌مه‌نێكی ره‌مه‌زانیدا ده‌ژێت خواردن و خواردنه‌وه به عه‌یبه‌وه باس ده‌كرێت.
سه‌رجه‌م ئه‌م گرفتانه گرفتی شارستانین و به گرفتی كولتووری ده‌ناسرێنه‌وه. ئینسانی ئێمه له نێو زوهددا ده‌ژێت. هه‌موو ژه‌مێك به ئیفتار ده‌چێت و هه‌ڵپه‌ی خۆراك خواردن سه‌رجه‌م غه‌ریزه سه‌ره‌تاییه‌كانمان تیا دهبووژێنتهوه.
ئه‌نجام
ئێستا قۆناغی بوژانه‌وه و راپه‌ڕینه كه رۆشنبیریی كوردی پێویست ده‌كات مه‌شخه‌ڵه‌كانی تاك وه‌كو تاكێكی چالاك و لێپرسراو هه‌ڵگرێت، تاكێكی سه‌ر به كۆمه‌ڵ نه‌ك پاشكۆی كۆمه‌ڵ، تاكێك كه ره‌خنه ده‌گرێت و ئازادانه باس له‌و هه‌موو بهڕهڵاییانه ده‌كاته‌وه كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تیا غه‌رق بووه و جه‌سته‌ی تاك هه‌ر ئه‌و و به‌س ده‌بێ پیرۆز بێت و كه‌سیش به مانا باوكسارییهكهی نه‌بێته خاوه‌نی كه‌س كه له وێنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه ره‌نگده‌داته‌وه تا به‌رزترین فه‌مانبه‌ری وڵات.
ئه‌گینا ئینسان به ئازادی له دایك نابێت، به‌ڵكو له نێو ته‌ون و سیسته‌مێكی ئالۆز كه به هه‌راشبوون هه‌موو مافێكی خودایهتیت له ده‌سێندرێته‌وه و ته‌نها ده‌بێ ستایش بۆ حیكمه‌ته ئه‌زه‌لییه‌كانی كۆمه‌ڵ بكه‌یت.
شارستانییه‌تی ئینسانی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه شارستانییه‌تی ئێمه‌یه و شارستانییه‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ش هیشتا له كونی تونێلێكی تاریك دایه. ده‌بێ له خودی خۆمان بگه‌ڕێن و چرایه‌ك كه هه‌یه ده‌بێ بیدۆزینه‌وه.
دانشگای كاستییا لامانچا-ئیسپانیا