حه‌مه به پاره‌ی بزنێ ژنێ ده‌هێنێ…..ڕێبوار ڕه‌شید
حه‌مه به پاره‌ی بزنێ ژنێ ده‌هێنێ
– ئه‌رێ حه‌مه كوڕم ئه‌وه خێره، ئه‌و بزنهگهڕهت به‌و ئێواره وه‌خته بۆ وه‌پێش خۆت داوه؟
– حاجی گیان ده‌چم ژن دێنم، ئه‌رێ وه‌ڵا، خودای ته‌عالا ئه‌قڵی خسته سه‌ری یاساشه‌وه، وا ئیتر یاسا و شه‌ریعه‌ت هه‌ردووكیان به فره‌ژنیی ڕازیین.
– وه‌ڵا كوڕم كاری خێر خێره، ئه‌م میله‌ته‌ی ئێمه ئیحتیاجی به كاری خیره، به‌ڵام خۆ تۆ به نقه‌نق خاسێی ژنت به‌خێو ده‌كه‌ی، دوو ژنت هه‌بێ ناچار ده‌بی نانیان بده‌یتێ و ئاویان بده‌یتێ.
– وه‌ڵا قوربان له‌و یاسایه‌دا نه باسی ئاوی تێدایه و نه نان. هه‌ر ده‌ڵێ به‌خێویان بكه‌ن. ئێ قوربان، من به‌یانیان نان به‌وانه‌ی خۆم ده‌ده‌م و نیوهڕووانیش ئاویان ده‌ده‌مێ و بۆ شامیش ئه‌گه‌ر هه‌بێت نانیش و ئاویشیان ده‌ده‌مێ، له‌وه زیاتریان بۆ چیه خۆ نایاندۆشم؟
– وا بكه كوڕم، ژن زینه‌تی ماڵه، به‌و خودایه‌ی لێم گه‌ڕێن پێنجی دیكه‌ش دێنم، كوره خۆ به‌رد نین سه‌ران بشكێنن. ئه‌وا پێنجم له ماڵی به‌ستووه‌ته‌وه و عالهمێش نه‌ڕووخاوه.
– نه‌وه‌ڵا قوربان جا عاله‌مێ بۆ ده‌ڕووخێ، ئه‌گه‌ر عاله‌مێ بڕووخایه فارلهمهنتاڕهپارهكانمان، به‌ڵا له‌و كه‌لیمه‌یه بدا كه وا قورسه، یاسای وایان ده‌رنه‌ده‌كرد.
– وه‌ڵا كوڕم ئه‌و ناوه بۆ منیش زه‌حمه‌ته، له ناوی ئهجنهبیا به حه‌ول و قوه‌تی ئه‌و خودایه‌ی هه‌ر ناوی میكائیل و جوبرائیلم لا قبوڵه. پێم وایه به زمانی فه‌ڕه‌نسی ئه‌و ناوه به مانای بیلامانێ ئه‌قڵی زل دێت.
– وه‌ڵا مامه حاجی هینیان گه‌وره‌یه، ئه‌ره‌وه‌ڵا…
– كوڕم گه‌وره‌یه به‌ڵام خۆ ناچه‌مێنه‌وه…
– مامه خۆ من له سیاسه‌تێ حاڵی نیم، به‌ڵام خودا شاهیده ماندوو ده‌بن، خۆ قوربان دروێنه ناكه‌ن تا بچه‌مێنه‌وه، خودا نه‌مگرێ حاجی، بیستوومه نانیشیان بۆ ده‌به‌ن بۆ ئه‌وێ، من خۆم بینیومه كه ئه‌و فه‌قیرانه له‌وێنده‌رێ له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ی خۆیان خه‌ویان پیا كه‌وتوه. قوربان له بیرم چوو، ناوی ئیزرائیلیش له قورئانێدا هاتووه.
– ماڵت ئاوه‌دان بێ حه‌مه لۆ ناوت هێنا. ئه‌و ئیزرائیلهی به‌و ساختمانه‌ی، له‌م گونده‌ی ئێمه ئینشائه‌ڵا به دوور بێ، خودایه هه‌ر ئه‌و پێنج ژنه‌م هه‌ن، به ناوی خۆت قه‌سه‌م، ئه‌ها ها ها، یه‌كیان لێ بكوژی دووانیان له جیاتی دێنم، خۆ نایه‌ڵم سوێندم كه‌وێ!
– قوربان باسی ئیزرائیلت كرد، ئه‌وه‌یان ناوی چییه كه فووی پیادا كردووه؟ له خه‌ونمدا خودا له پیاوان تووڕه بووبوو، نه‌فره‌تی لیكردین و فه‌رمانی دا هه‌ر ژنه و حه‌وت پیاوی هه‌بێ. كاكه له خه‌ونمدا ده دوازده سه‌رڕووتی بیتام چوارده‌وری ماڵمیان گرتبوو و ده‌ستیان بۆ خاسێ ده‌برد. منیش به تێڵایه‌ك وه‌دوویان كه‌وتم حاجی، ده‌مكێشا به ئه‌ندامی هه‌ریه‌كه‌یاندا لێم ده‌كرده‌وه. كوره گوتم گهوداینه، هه‌ی دایكت و خوشكتان وا لێ بكه‌م و وا پێ بكه‌م، خۆ هه‌ر من ژنم نییه. حاجی كه خه‌به‌رم بووه‌وه خاسێ وه‌ك منداڵ له باوه‌شی گرتبووم و رای ده‌ژه‌ندم. بڕوا بكه حاجی هه‌تا ئه‌م نیوه‌ڕۆیه‌ش به‌و تێلایهوه له‌و ناوه ده‌سووڕامه‌وه، ده‌مگوت نه‌كا خه‌به‌رم نه‌بووبێته‌وه.
– جا هه‌تیو ئه‌وه خه‌ونه یان كفره؟ عه‌مرت كورت نه‌بێ و خه‌ونت نه‌یه‌ته‌دی ئینشاڵا
– ئا حاجی، جا كه خودا فه‌رمانی دا ئه‌و ئیسرافیله به‌دبه‌خته بوو‌و فووی پیادا كرد، یا ڕه‌بی فووی بێ هه‌وا بێ.
– جا كوڕم، خۆ به خه‌ونی تۆ و فووی ئیسرافیلی بێ پیاو له كورددا نامێنێ. گوندمان له بێ پیاویدا ژنئاوا ده‌بێ.
– گوندی چی قوربان، گوند گوندت گرتوه‌ته‌وه، گوندمان داویه‌تی له شار، ئێستا ئێمه شارهكین، قوربان، خۆت ده‌زانی گوێدرێژمان هه‌بووه وه‌ك نێره‌كه‌ر، وه‌ك ئه‌سپی شێ، به‌ڵام ئه‌مانه هاتوون و گوتویانه ئه‌مه شاره و نابێ كه‌ری تیا بێ. حاجی له‌و شاره زلهیا هه‌ر كه‌ری ئێمه دیاره.
– ئه‌و بزنه‌ی به ژنێ؟ كوڕم ئاخر وه‌لا گوناحه!
– قوربان بزنه‌كه گوناحه یان ژنه‌كه
– ژنه‌كه گوناحه ڕۆڵه، ئه‌و بزنه سه‌د دیناری سه‌ددامی ناهێنێ،
– قوربان من به‌و جوانانه ناگه‌م تۆ هێشووت له ڕه‌زیان ڕنییووه، هه‌رچیه‌ك خودا بیدا ده‌ستی پێوه نانێم، پاره‌ی بزنه سكچوو وه‌رده‌گرم و ده‌چمه خوازبێنی ئه‌و مامزه‌ی حاجی فه‌تێ، كاكه عه‌وڵا و ساله ده‌به‌م و كاكه … …
– نا نا ئه‌و نه‌به‌ی، ئه‌و به فڵتهفڵتێ كاره‌كه‌ت لێ خراپ ده‌كا و پاره‌ی بزنهكهشت ده‌خۆن، كوره نه‌كه‌ی. به خودا بینیومه پاره‌ی پیاوی كاسبیان لوول داوه، جه‌ماعه‌تی مامۆستای به‌ره، ئه‌وان هیچ نه‌بێ ئه‌هلی خودان، كهرهكهشت به‌رن له به‌رچاوی خۆت باری ناكه‌ن، كوڕم، خراپ هه‌یه و خراپ هه‌یه. به‌ڵام ئه‌و هه‌تیوه‌یان مه‌به، ئه‌و قورمساخهی ته‌كانێ ناخوا، هه‌ر قسان ده‌كا و هیچیش ناڵێ.
– جا حاجی تۆ ده‌بێ قسه‌ی خێرم بۆ بكه‌ی، ده‌نا جه‌ماعه‌تی مامۆستای ئاوڕ له من ناده‌نه‌وه، ده‌یده‌نه‌وه؟
– كوره كوڕم، پاره ئاوه‌ڕ به سوبحانههوش ده‌داته‌وه. خۆ پاره‌ی بزنێ هه‌مووی ناكه‌یته ده‌ستی باوكی كچه‌وه، به یه‌ك دوو دیناری ده‌می جه‌ماعه‌تی مامۆستای چه‌ور كه. ئه‌و زه‌هری ماره‌یان بۆ بكڕه، ئه‌و ئاره‌قه بۆگه‌نه‌ی، به خودای وات بۆ با ده‌ده‌ن، كاولی ئه‌و كاولبووهی نه‌یكردبێ.
– ده‌ی مامه حاجی من به دوعا، توخوا دوعای خێرم بۆ بكه، به یه‌كێك له‌و ژنانه‌ی خۆت بلێ خاسێ نه‌سیحه‌ت بكا، با خاسێ نه‌یكا به له‌وچه‌له‌وچ. خاسێ خاسه كه خاس بێ، به‌لام بگاته تینی وه‌ك ئاوری بێئامانه، ده‌یناسم.
له ڕۆژی زه‌ماوه‌ندا پیاوان له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ر سه‌رچۆپییان گرتبوو و ژنانیش به چیچكان و به ڕاوه‌ستانه‌وه، ده‌ست له ژێرچه‌نه، له دووره‌وه دهیانڕووانی. له ماڵی بوكێوه ئاگر هه‌ڵسا. ژنان یه‌ك و دوو گه‌یشتنه به‌رده‌م ماڵی بوكێ و پیاوانیش به كونجكاوی وه‌دوویان كه‌وتبوون. دایكی بوكێ له به‌رده‌م كۆتهرهسووتاوێكدا وه‌ك بت ڕاوه‌ستابوو. ئاگره‌كه بۆنی گۆشت و پێست و موو و جلی سوورمه‌ی لێ ده‌هات. حه‌مه وه‌ك پشیله‌ی پێ سوتا و به‌و ناوه‌دا ده‌گه‌ڕا و پاشان سوێند و ته‌ڵاقی خوارد كه ئه‌وه بۆنی مار و پێستهكۆنی سووتاوه و پاشماوه‌ی گۆشت و ئێسكی خانم نییه. ژنان له‌مبه‌ره‌وه به قووڵی له دایكی خانمیان دهڕووانیی و پیاوانیش به په‌نجه‌یان شانه‌ی ڕیشی خۆیان ده‌كرد و بیریان تیژ ده‌كرده‌وه.
حه‌مه به باوهڕۆ، بوكم ڕۆ و كارمامزه و بزنم ڕۆ به‌ره‌و ماڵی خۆی هه‌ڵهات. كاتێك گه‌یشته ماڵ ئه‌و ده‌سته‌جله بووكێنیهی خاسێی ژنی به شۆراوی و به ته‌ڕی بینیی كه له‌سه‌ر ته‌نافێكی شل هه‌ڵواسرابوو.
ماڵ ده‌تگوت هه‌زار ساڵه ڕووخاوه، ده‌نگی ده‌داوه.
خاسێ له هیچ شوێنێكه‌وه دیار نه‌بوو.
ژنان گه‌یشتبوونه سه‌ر حه‌مه و له‌به‌رده‌م ماڵی حه‌مه‌دا كۆبووبوونه‌وه و به بێده‌نگیی له یه‌كیان دهڕووانیی.
زوڕناژه‌ن و دههۆڵكوت كه هێشتا باس نه‌گه‌یشتبووه لایان هه‌ر ده‌یانژه‌نی و دهیانكوتی.
كوڕان و كچانی لاو به چاو ده‌ستی یه‌كیان ده‌گرت و دوور له یه‌ك هه‌ڵده‌په‌رین.
گۆشتی بزنه‌كه‌ی حه‌مه به شاردا بڵاوبووبووه‌وه، پارچه‌یه‌كی نه‌رمه‌ی برژێنرابوو و به‌ره‌و ئه‌و بینایه ده‌ڕۆی كه نه حاجی و نه حه‌مه ناویان بۆ ده‌هات.
شار بۆنی گونده‌كه‌ی حاجی لێ ده‌هات.
شار بۆنی گیسكه ڕیاوهكهی حه‌مه‌ی لێ ده‌هات.
ڕێبوار ڕه‌شید
٣٠/١٠/٢٠٠٨