ئێواره پیاسه‌یه‌ك به کۆڕنیشه‌که‌ی که‌رکووکدا
ئێواره پیاسه‌یه‌ك به کۆڕنیشه‌که‌ی که‌رکووکدا
سه‌لام محه‌مه‌د
نامه
ئاواره‌یه‌ك له فه‌یله‌قی که‌رکووکه‌که‌وه
ده‌رباره‌ی مادده‌ی بیستوچوار
نامه‌یه‌کی ناڕه‌زایی بۆ په‌رله‌مانه‌که‌ی عیراق
خستبووه رێ
تا نامه‌که گه‌یشته جێ
یه‌ك یه‌ك هه‌موو حه‌رفه‌کانی
ببوون به پشکۆی ئاگر و زه‌رده‌واڵه
زه‌رفه‌که‌یش ببووه مه‌قاڵه
ڤالانتاین 14 / 02 / 2009
به بۆنه‌ی ڤالانتاینه‌وه دڵداره‌کانی شۆریجه و ره‌حیماوه
هه‌موویان بڕیاریان داوه
له داخی په‌ڕۆی سه‌وز و زه‌رد
ئیمساڵ یاده‌وه‌ری جه‌ژنی خۆشه‌ویستی ناکه‌نه‌وه
له‌و رۆژه‌دا مانده‌گرن و به‌ختی کورد ئه‌ده‌نه به‌ر به‌رد
قه‌ره قۆینلو
وه‌چه‌ی قه‌حتان
کاتێ هاتن وه‌کو گه‌نه، بوون به دوومه‌ڵ
بوون به قالۆنچه و به قاچی ( ده هه‌زاره‌وه )
نووسانه پێستی شاره‌وه
پاشان عرووبه و موسه‌ننا و ئه‌نده‌لوس و ئه‌بو غه‌زبان
کۆبوونه‌وه‌و
به‌ربوونه گۆڕینی ناوی کۆڵان و بازاڕ و دوکان
به‌ر له‌وانیش ئالی عوسمان
کاتێ هاتن
تووره‌که‌یه‌ك کێچی ( قه‌ره ) ی وه‌ك دڵی خۆیان بۆ هێنام
ئێستایش بۆیه شارێکی پڕ له فه‌رته‌نه‌م
شڵه‌ژاوی بۆردومانی کێچ و گه‌نه‌م
هاوسه‌ره‌که‌ی مامه‌ڕیشه
له‌گۆڤارێکدا خوێندمه‌وه
هاوسه‌ره‌که‌ی مامه‌ڕیشه
داخوازیه‌کی نووسیوه ، تیایدا وتوویه‌تی ئه‌ویش
حه‌زده‌کات سه‌یاره‌یه‌کی قنج و بچکۆلانه‌ی هه‌بێت
سه‌یاره‌یه‌کی ئاسایی نه‌ك مارسیدس و شۆفرلێت
کاتێ چۆته نووسینگه‌ی شار
کاربه‌ده‌ستێکی قه‌ڵه‌وی سگ پڕ دۆلار
گله‌یی لێده‌کا و ده‌ڵێت
تۆ چی له سه‌یاره ده‌که‌ی
ئه‌وه‌نده‌ت به‌سه خێزانی
شه‌هیدێکی گه‌وره‌ی وه‌کو مامه‌ڕیشه‌ی
غه‌می باڵابه‌رز
باڵه‌خانه‌کانی هه‌ولێر
شوقه‌کانی سله‌یمانی
راسته به‌رزن وه‌ك بورج وان
به‌ڵام له‌وانیش به‌رزتر
عیماره‌ی غه‌می که‌رکووکه
وا چۆته حه‌لحه‌له‌ی ئاسمان
قوتابخانه‌ی میلله‌ت
دوو مناڵی کوردی نه‌گبه‌ت
خه‌ڵکی خانووه قوڕه‌کان بوون
هه‌موو رۆژێك نیو سه‌عاتێ به پێده‌چوون
به‌ره‌و قوتابخانه‌ی میلله‌ت
دوو مامۆستای کراس سه‌وز و کراس زه‌ردی گه‌نج و خرپن
له‌وێ فێری ( دارا داری دی ) ده‌کردن
کاتێ من چووم سه‌به‌ته‌یه‌ك مێوه‌ی خۆشم
له گه‌ڵ خۆمدا بۆ بردبوون
مناڵه‌کان پاش ئه‌وه‌ی له نیگای چاوی
هه‌ردوو مامۆستاکه رامان
یه‌کێکیان سێوێکی سه‌وز و
ئه‌وه‌که‌یتر هه‌رمێیه‌کی زه‌ردی رفان
نه‌خشه‌ی کوردستان
یه‌که‌مجار که هاتمه سوید هه‌ر له فڕۆکه‌خانه‌وه
پۆلیسێك چه‌ند پرسیارێکی ئاراسته‌م کرد
– ناوت چییه و له کام وڵاته‌وه هاتووی؟؟
– – وتم ناوم سه‌لام محه‌مه‌د ئه‌مینه
– وڵاته‌که‌میش : کوردستان.
– – وتی ئاخر کامه به‌شیان؟
– تورکیا ؟ عیراق ؟ سوریا ؟ ئێران ؟؟
– – وتم هیچیان
– لای خۆت بنووسه که‌سێکی بێ وڵاتی ناوچه‌ی گه‌رمیان
باڵنده موهاجیره‌کانی که‌رکووك
به‌یانیه‌ك ئه‌چووم بۆ کار
ره‌وه باڵنده‌یه‌کی زۆر
وڵات وڵات هه‌ڵفڕیبوون
به‌ره‌و سوید
بینیم حه‌وشه و سه‌ردیوار و باڵه‌خانه و
دره‌خته‌کانی میگراشوون*
هه‌موو پڕبوون
له پاساری و په‌ڕه‌سێلکه و سوێسکه‌و کۆتر
ده‌نگی گمه‌گم و زیقه و جریوه‌یان
دڵی هێنابوومه گریان
سێ سێ ، دوو دوو
سه‌ریان به یه‌که‌وه نابوو
هه‌موو به‌سه‌رهاتی خۆیان
بۆ یه‌کتری باس ئه‌کرد چۆن
له که‌رکووکدا بێ هێلانه و
له سلێمانی و هه‌ولێریش به ئاواره ناونووس ده‌کرێن
هاتوون به‌ڵکو ، لێره ئیقامه وه‌ربگرن
ئه‌وسا به ئاره‌زووی خۆیان بڕۆن و بێن..
کوردستانی سوید
ئه‌گه‌ر هه‌موو دانیشتووانی کوردستان
به فڕۆکه‌ی پان و به‌رین
بۆ وڵاتی سوید به‌رین
سویدیه‌کانیش هه‌موویان
ببه‌ین بۆ کوێستان و گه‌رمیان
بشێ ئه‌وسا
کاروانی کۆچ و هیجره‌تی په‌نابه‌ران
لێره‌وه بێت بۆ وڵاتی رۆژهه‌ڵاتی سویدستان ؟؟؟
سیمفۆنیای ئه‌جه‌ل
جوانترین شیعر بنووسم
جوانترین چیرۆك و رۆمان
گریمان بووم به خاوه‌نی په‌نجا دیوان
به چی ئه‌چێ و چی ئه‌گۆڕێ
که بیر له سیمفۆنیای ئه‌جه‌ل ئه‌که‌مه‌وه
نوقمی خه‌یاڵی دوور ئه‌بم
ئه‌ڕۆم بۆ که‌وکه‌بێکی جوان
پڕ له نێرگزی سه‌عاده‌ت ، له رێحانه‌ی سپی رۆح و
له فریشته و له په‌پووله‌ی خه‌ونی پیرۆزی مناڵان
ئا له‌وێدا ، دیوارێکی شووشه‌به‌ندی
له گه‌رما سوور هه‌ڵگه‌ڕاوی ره‌ق و ئه‌ستوور
ئه‌که‌وێته نێوان من و خواوه‌نده‌وه
ئه‌گینا بۆ خۆم به نووری خۆشه‌ویستی خوا ئه‌سووتام
سوید – 20 / 09 / 2008-09-20
له ژماره 33 ی گۆڤاری هه‌ناردا بڵاوکراوه‌ته‌وه
چه‌ند سه‌رنجێك :
میگراشوون مه‌به‌ست له دایره‌ی هیجره‌یه به زمانی سویدی.
قه‌ره واته ره‌ش به زمانی تورکی وه‌ك قه‌ره سالم ، قه‌ره حه‌سه‌ن ، قه‌ره هه‌نجیر که عوسمانیه‌کان به زۆره‌ملێ سه‌پاندوویانه.
بێجگه له دوا کۆپله ئه‌وه‌کانیتر ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی تایبه‌تی شاری که‌رکووك و کوردستان به گشتین . چۆن سیاسیه‌کان خیتابی خۆیان هه‌یه پێم وایه شاعیریش هه‌ندێجار مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه خیتابی خۆی هه‌بێت و خواوه‌ندی ئیلهام لایه‌نه هونه‌ریه‌که‌ی ئه‌به‌خشێت ئه‌گه‌ر له پێناوی مه‌سه‌له‌یه‌کی ره‌وادا بێت و له سه‌ر هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی بچووك لێپرسینه‌وه‌ی له گه‌ڵدا ناکات.