ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی ئابووری، گورزێک له ئایدیۆلۆژیای لیبرالیزمی بۆرژوازی
ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی ئابووری، گورزێک له ئایدیۆلۆژیای لیبرالیزمی بۆرژوازی
ئازاد به‌کر
ده‌سه‌ڵاتدارانی قه‌یرانگرتووی سه‌رمایه‌داری به ده‌ستبردنیان بۆ خۆماڵیکردنی که‌رته گرنگه‌کانی ئابووری له ووڵاته‌کانیاندا، له هه‌وڵدان هاوکێشه‌ی ئابووری سیاسی به‌قازانجی چینی بۆرژوازی به‌جێگیری بمێنێته‌وه، به‌جۆرێک سه‌رمایه‌دارانی بانکی له‌بازاڕی ئازادی سه‌رمایه‌دا تاڕاده‌یه‌ک په‌راوێزبخه‌ن و ده‌وڵه‌ت لێپرسراوێتی بانکه‌کان بگرێته ئه‌ستۆ. به‌م هه‌نگاوه‌ش ئابووری سه‌رمایه‌داری ببوژێننه‌وه و له ڕۆچوون و سستی و نابووتی ده‌ربازی بکه‌ن. له ئه‌نجامی نه‌بوونی سیاسه‌تێکی کارا و یه‌کگرتوودا، هه‌ریه‌ک له‌ووڵاتانی گه‌وره و به‌هێزی ئابووری و پێشکه‌وتوو له‌بواری پیشه‌سازی و بازرگانیدا هۆکار و تاوانی ئه‌و شکسته ده‌خه‌نه سه‌ریه‌کتری و ئه‌نجامیش سه‌رمایه‌دارانی جیهانی له‌ناوخۆیاندا به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی و قووڵی و کاریگه‌ری قه‌یرانه‌کان دابه‌شده‌بن. ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا جیهانی سه‌رمایه‌داری هه‌ژاندووه ڕیشه‌یه‌کی قووڵ و له مێژینه‌ی هه‌یه، گه‌رچی ئێستاکه نیشانه‌کانی زیاتر ده‌رکه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له هه‌مووکات زیاتر سه‌رده‌می وه‌لانانی ئه‌م سیسته‌مه‌یه. کاتێک ئابووری ووڵاتێک په‌نگ ده‌خوات و خاو و خلیچک ده‌بێت، ئه‌وسا باری دارایی و بازرگانی و پیشه‌سازی به‌ره‌وڕووی ڕوخان و ناله‌باری ده‌ڕوات، هه‌ڵئاوسان ته‌نگی پێ هه‌ڵئه‌چنێ و ئاڵۆزی ده‌که‌وێته گشت که‌رته‌کانی سه‌رمایه‌گوزاری و به‌رهه‌م هێنانه‌وه. فاکته‌ری سه‌ره‌کی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیارده‌یه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاراسته‌ی ناسروشتی سیسته‌می په‌ڕپووتی ژێرخانی ئابووری په‌یڕه‌وکراو. شێوازێک که جیهانی ئابووری سه‌رمایه‌داری به‌خۆوه‌گرتووه بریتی یه له بێ سانسۆری ڕه‌هاو کرانه‌وه و ئازادی ئه‌و بازاڕه له‌به‌رده‌م به‌رهه‌مهێنه‌ران و سه‌رمایه‌دارانی چاوچنۆکدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانجێکی زۆر یه‌کبینه لرفه و هه‌ڵپه‌یانه. گه‌ر مایه‌و سوودی کاڵای فرۆشراو به‌راورد بکه‌ین ده‌بینین هه‌ر له‌ده‌رچوونی کاڵا له شوێنی دروستکراوه‌وه تا گه‌یشتنی به‌ده‌ستی به‌کارهێنه‌ر و به‌رخۆر، قازانجێکی خه‌یاڵی خراوه‌ته سه‌ر نرخی خه‌رجی و تێچوون، چونکه کڕینی که‌ره‌سته‌ی خاو و کرێی که‌می هێزی کار و گواستنه‌وه‌ش له دواجاردا ناکاته نیوه‌ی نرخی فرۆشتنی کاڵاکه. واته هه‌ر له‌خاوه‌ن کارگه‌وه تا کۆمپانیاکانی بازرگانی ناوه‌ندی و فرۆشیاری کۆ و فرۆشیاری تاک قازانج له فرۆشتنی ئه‌م به‌رهه‌مهێنراوه ده‌خۆن، واته گه‌ر کرێی کرێکارانی لێده‌ربکه‌ی ئه‌و قازانجه‌ی ده‌مێنێته‌وه، مارکس ڕوون و ئاشکرا ناوی برد به زێده‌قازانج کهبهری ڕه‌نجی کرێکاره‌و ده‌چێته گیرفانی سه‌رمایه‌دارانه‌وه. سه‌رمایه‌داران بۆ ساخکردنه‌وه‌ی کاڵاکانیان پێویستیان به بازاڕ هه‌یه،ڕاده‌ی فرۆشتنی کاڵاکانیش به‌پێی داواکاری و که‌می و زۆری کاڵا له بازاردا نرخه‌که‌ی دیاریده‌کرێت، بۆ جێگیرکردنی نرخیش سه‌رمایه‌داری ده‌ست به‌سه‌ر بازاڕدا ده‌گرێ و کاڵاکان به‌پێ ی پێویستی کڕیار ده‌خاته بازاڕه‌وه. له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داریدا داهاتێک ده‌که‌وێته ده‌ستی سه‌رمایه‌داران و جارێکی تر ئه‌و داهاته ده‌خرێته‌وه وه‌به‌رهێنان و زۆرجار له شێوه‌ی دراودا له‌ڕێگای بانکه‌کانه‌وه سوود و قازانج دێته‌وه ده‌ستی سه‌رمایه‌داران و له که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ی داراییدا کۆده‌بێته‌وه. سه‌رچاوه‌ی سه‌رمایه‌ی بانکی به‌رهه‌مهێنانی ئابووری پیشه‌سازییه به‌مانای ئه‌وه‌ی هه‌مان زێده‌بایی به‌ری ڕه‌نجی کرێکارانه‌و له شێوه‌ی قازانجێکی قۆرخکراودا هه‌ڵئاوسانێک له ڕژێمی دارایی ئابووری سه‌رمایه‌داریدا دێنێته کایه‌وه. مارکس ووته‌نی له مێژه سه‌رمایه‌داری خه‌وی به‌وه‌وه ده‌دی که که لهسهرمایهی داراییه‌وه بێ ئه‌وه‌ی به پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا تێپه‌ڕێت قازانجی خه‌یاڵی ده‌ستکه‌وێ، ئیتر ئه‌م بنه‌ڕه‌ته بۆ قازانجکردن بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان سه‌رمایه‌دارانی چڵێسی گیرۆده‌ی له خۆبایبوون کرد. سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئابووری، په‌ککه‌وتنی گه‌شه‌ی ئابوورییه، وه به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازیش ده‌خاته قۆناغێکی سه‌خت و دژواره‌وه، سه‌رمایه‌ی دامه‌زراوه‌کانی دارایی‌ش خامۆش و ناجێگیر ده‌کات. شکستی بنه‌مای ئابووری سه‌رمایه‌داری ئه‌مه‌ریکی نرخی دۆلاری هێنایه‌خوار و نرخی نه‌وتی له بازاڕه‌کاندا گه‌یانده ئه‌وپه‌ڕی، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی دابه‌زینی دۆلاردا نرخی کاڵاکانی تر به نه‌وتیشه‌وه به‌رزبووه وه، دوای پاشه‌کشه له کڕین و داواکاری نه‌وتدا نرخی نه‌وت جارێکی تر هاتهوهخوار که تا ئێستا ناسه‌قامگیره و له ڕاده‌یه‌کدا ناوه‌ستێ و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز ده‌کات. ئه‌مانه هه‌مووی له لایه‌ک و دانی قه‌رزی بانکی به هاوڵاتیانیش وه نه‌دانه‌وه‌ی له‌کاتی خۆیدا و خستنه سه‌ری سوود و قازانجێکی زۆر بێ له به‌رچاوگرتنی سستی جوڵه‌ی ئابووری بێده‌رامه‌تی و بێ‌کاری و گرانی، وه شه‌ڕی هه‌مه ڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی هه‌ره‌سی به دارایی سه‌رمایه‌داری هێنا، چونکه نه‌توانرا هاوسه‌نگی له نێوان بازاڕیی ئازاد و سه‌رمایه‌ی ئابووریدا بکرێت، وه نه‌یتوانی دابینی یه‌کسانی ئابووری له له‌نێوان کار و سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵگه‌دا بکات. یاریکردنی بانکه‌کانیش به سامان و داراییه‌ک که له‌به‌رده‌ستیاندا بوو حکومه‌تی هێنایه له‌رزین تا بیر له خۆماڵیکردنی بانکه‌کان بکاته‌وه و جڵه‌وی دارایی بخاته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه، ئه‌مه‌شیان زیاتر بۆ شان خاڵیکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته له‌و شکستانه‌ی به‌رۆکی پێگرتووه، چونکه حکومه‌ت خۆی به‌شدار و به‌رپرسی یه‌که‌می ئه‌و قه‌یرانه‌یه. له خۆڕا گۆردن براونی سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا ناڵێ ئێمه پێویستیمان به سیسته‌مێکی ئابووریی نوێ ی زیاتر به ئینساف و دادپه‌روه‌ر له جیهانداههیه، بێگومان قه‌یرانه‌که ئه‌وه‌نده قووڵ و مه‌ترسیداره بۆ سه‌رمایه‌داران، هه‌رچه‌نده کاریگه‌ری گه‌وره‌ش له‌سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژاری جیهان داده‌نێت، ئه‌وه‌تا نوێنه‌ری سه‌رمایه‌داران به بۆش و براون و هاوتاکانیانه‌وه دینێته گۆو شکستی ئابووری سیسته‌مه‌که‌یان ڕاده‌گه‌ێنن، که له‌سه‌ر ده‌ستی تاتشه‌ر و ڕیگاندا بره‌وی پێ‌درابوو. له ئاستی جیهانیشدا متمانه‌یان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن ئیتر وه‌ک جاران ئه‌مه‌ریکا ناتوانێ خۆی به پێشڕه‌و و زلهێزی یه‌که‌می سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری بازاڕی ئازاده‌وه بابدات، ئه‌و سیاسه‌ته لیبرالیزمییهی بۆرژوازی پیاده‌ی ده‌کرد شکستی خوارد وه‌ک شکستی بانکه‌کان و خه‌زێنه‌ی ئه‌مه‌ریکی تووشی مایه‌پووچی بوو، قه‌یرانی ئابووری باڵی کێشا به‌سه‌ر هه‌موو به‌شه گرنگه‌کانی پیشه‌سازی و بازرگانی و بازاڕه‌کانی بۆرسه‌و داراییدا، سه‌رمایه‌ی دارایی (بێ به‌رهه‌می کاڵایی) سوودی خۆی گه‌یانده ئه‌وپه‌ڕی، ئه‌مه‌ش ناکۆکی و جیاوازی خۆی له‌ناو خێزانی سه‌رمایه‌داریدا زیاتر قووڵکرده‌وه. ڕکهبهرێ له بازاڕی سه‌رمایه‌دا بۆبردنه‌وه‌ی قازانج، سه‌رمایه‌ی سه‌رمایه‌دارانی خسته قه‌یرانه‌وه و ئابووری سیاسی سه‌رمایه‌داری له‌بازاڕی ئازادی بازرگانی و پیشه‌سازیدا داته‌پاند. خۆماڵیکردنی به‌رهه‌مهێنانیش کێشه‌ی دارایی کۆتایی پێناهێنێ، چونکه ئابووری نووقمی قه‌رزداری بووه، نرخی کاڵاکان له‌بازاڕدا هاتۆنهتهخوارێ چاره‌سه‌ری سیاسی ده‌وڵه‌ت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ بارودۆخێکی وادا ته‌نیا چاوه‌ڕوانیه‌کی درێژخایه‌ن و خه‌مێکی گه‌وره‌یه بۆ سه‌رمایه‌داری، شێواوی بازاڕ و کێشه‌ی دارایی و خاوبوونه‌وه‌ی جوڵه‌ی ئابووری به خۆماڵیکردنی بانکی چاره‌ناکرێ، واته که‌مکردنه‌وه و لێسه‌ندنه‌وه‌ی جڵه‌وی ئابووری له‌که‌رتی تایبه‌ته‌وه بۆ که‌رتی گشتی یان له سه‌رمایه‌ی ئازاده‌وه بۆ سه‌رمایه‌ی ده‌وڵه‌تی، که مۆدێلێکی کۆنی سه‌رمایه‌داریه و ده‌مێکه ئه‌م مۆدێله شکستی خۆی ڕاگه‌یاندووه. شاده‌ماری سیسته‌می ئابووری بڕاوه و به پینه‌وپه‌ڕۆکردنی ناتوانرێ خوێن له‌به‌ربوونی به‌کۆمه‌کی بانکه‌کانی خوێنیش بگرسێنرێتهوه. ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ ئابووری سه‌رمایه‌داری تێدایه ده‌رئه‌نجامی ئه‌و سیسته‌مه نا مرۆڤانه‌یه که ته‌نیا له پێناوی قازانجدا هه‌موو به‌ها ئینسانیه‌کان پشگوێ ده‌خرێ، هه‌ڵپه‌ی گه‌وره‌ی سه‌رمایه‌دارن بۆ ده‌سکه‌وتنی سوود و قازانج ئه‌نجامه‌که‌ی ئاماده‌کردنی چاڵی مه‌رگی خۆیانه به‌ده‌ستی خۆیان، ئه‌وه‌ش ناڕاستی و نادروستی بنه‌مای پڕههڵهی تیۆری ئابووری و سیاسه‌تی ئابووری و دراوی سه‌رمایه‌داری ده‌خه‌نه ڕوو. هه‌ره‌سی سیاسه‌تی دارایی ئێسته‌ش نیشانه‌ی تێکچوون و ناهاوسه‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی پایه‌کانی ئابووری یه و ده‌ست بهدهستکردنی دراویش له‌بازاڕی دراوی سه‌رمایه‌دا ڕووی پرۆسه‌ی بنه‌ڕه‌تی تایبه‌ت به که‌ڵه‌که‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه ده‌شێوێنێ. سیاسه‌تی ئابووری ده‌خاته گێژاو و ناجێگیری نرخی کاڵاکان و به‌رزونزمی نرخی دراو نا ئارامی له به‌دستهێنانی بازاڕدا بۆ ساخکردنه‌وه‌ی کاڵا و تێکچوونی ئاسایشی ووڵاتان به‌هۆی شه‌ڕو داگیرکاری و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری به‌ڕووی نادادپه‌روه‌ری ده‌سه‌ڵاتداران و گرانی و زیادبوونی ژماره‌ی بێ‌کاری ئه‌وه‌نده‌ی تر دۆخه‌که‌ی شڵه‌قاندووه. کاری سه‌ره‌کی ئه‌مڕۆ تازه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م نیزامه‌یه واته ده‌بێ ئه‌م سیسته‌مه به پڕۆسه‌یه‌کی قووڵی گۆڕانکاریدا بڕوات تا سیاسه‌تێکی نوێی جیهانی بۆ سه‌رمایه بێته کایه‌وه به‌ڵام سه‌رمایه به‌م مۆدێله‌ی ئێستایه‌وه به‌بنبه‌ست گه‌یشتووه و ناتوانێ چوارچێوه‌ی کاره‌کانی خۆی له‌ڕێی هه‌مان سیسته‌می سه‌رمایه‌داریه‌وه له کۆمه‌ڵگادا ڕێکبخاته‌وه. چونکه ئاسۆی ئابووری سه‌رمایه‌داری ناڕۆشنه و نازانێ به‌ره‌و کوێوه هه‌نگاوبنێ و دوور نی یه ئه‌م قه‌یرانه ئارامی جیهان تێک نه‌شێوێنێ و زه‌مینه‌ی شه‌ڕی زیاتری نوێی گه‌رم و سارد نه هێنێتهکایهوه. له‌ناخی ئه‌م قه‌یرانه‌دا هه‌ست و متمانه به بووژانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌رهه‌م هێنانی سه‌رمایه‌داری و چاکسازی ئابووری ناکرێت، به ناچاری له‌ڕێی خۆماڵیکردنهوه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه ناله‌باره سه‌رمایه‌داران خه‌ریکی هێشتنه‌وه و کۆنترۆڵکردنی ئابووری و دارایی کۆمه‌ڵگه‌ن له‌ده‌ستی حکومه‌ته‌کانیاندا. به‌ڵام شه‌پۆلی ناڕه‌زایی و مانگرتنه‌کانی کرێکاران پێچه‌وانه‌ی دید و خواستی سه‌رمایه‌دارانه له‌جیهاندا، نه مۆدێلی کۆنی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی و نه مۆدێلی بازاڕی ئازاد نا‌توانیت وه‌ڵام ده‌ره‌وه‌بێت به خواست و پێداویستییه‌کانی خه‌ڵک، چونکه کرێکاران و توێژی بیبه‌شی کۆمه‌ڵگه‌کان خوازیاری هێنانه‌کایه‌ی سیسته‌مێکی نوێی ئابووری و سیاسی نوێن که بتوانی ئازادی و یه‌کسانی و خۆشگوزه‌رانی مسۆگه‌ربکات و کۆمه‌ڵگا له چه‌وسانه‌وه‌ی دیینی و نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکی و چینایه‌تی ڕزگاربکات، ئه‌وه‌ش ته‌نیا و ته‌نیا شۆڕشی سۆسیالیستی یه، شۆڕشی چینایه‌تی چینی کرێکاره له پێناوی به‌دیهێنانی سۆسیالیزمدا.
15ی نۆڤه‌مبه‌ر 2008