Skip to Content

Monday, November 4th, 2024
حیكایەتی پیاوێكی بێ سەرەتا

حیكایەتی پیاوێكی بێ سەرەتا

Closed
by November 22, 2008 ئەدەب

 حیكایەتی پیاوێكی بێ سەرەتا
 چیرۆك / هێمن مەحمود
 

 نازانم لەكوێوە دەست پێبكەم، هەمیشە كێشەم ئەوەبوە لەسەرەتاكاندا تێدەكەوم، لەدڵی خۆمدا هەموو شتەكان ئامادە دەكەم بەڵام كە دەگەمە سەرەتا هەموو شتەكانم بیردەچێتەوە و چەند قسەیەكی تێكەڵ وپێكەڵ دەكەم.
  ساڵانێكی درێژ عاشقی كچێك بوم، شەوەهای شەو كتێبم بۆ دەخوێندەوە وشیعرم بۆ لەبەردەكرد، هەموو گۆرانیەكانی كامكارەكانم لەبەر بوو.
 هەموو رۆژێك لەدڵی خۆمدا هەموو ئەو وشانەم دەوتەوە كە دەبوو لەساتێك لەساتەكانا پێ بڵێم، هەموویم لەبەر بوو تەنانەت ئەو زەردەخەنانەش كە دەبوو لەكاتی قسەكردندا لەسەر لێوم بێت.
 دەبوو پێی بڵێم خۆشم دەوێیت، پێ بڵێم دەزانی چەندێكە من چاوەڕوانی تۆم، چەندێكە سەیرتدەكەم، دەزانی لەتۆ جوانترم نەدیوە.
 هاوڕێیەكی مناڵیم هەبوو هەمیشە پێكەوەبوین، نیوەڕوان هەموو خەڵكی دەخەوتن و ئێمەش لەسێبەری ئەو دار تووە تەنیایەدا دادەنیشتین كە لەحەوشەكەماندا بوو.
 تەنانەت كە دەچوین بۆ بازاڕ پێكەوە دەستمان دەكردە ملی یەك و بەسەروو فانیلەی خەت خەتەوە لەبەردەمی ئەو دوكانانەدا رادەوستاین كە خاوەنەكانیان بەتوڕەییەوە دەریاندەكردین.
  ئەو نیوەڕۆیەش باوكی لەداخی ژنەكەی (كە خەڵكی گەڕەك بەچرپەوە دەیانوت ژنێكی خراپە، بەڵام لەگەڵ ئێمەدا هەمیشە میهرەبان بوو و هەمیشەش جیاواز لەژنەكانی دیكەی گەڕەك بۆنی عەترێكی خۆشی لێدەهات) ئۆتۆمبیلێكی هێنا و هەموو ماڵەكەی تێكرد و رۆشتن.
 من خەوتبوم خوشكە گەورەكەم بەچاوێكی خەواڵووە ووتی هەستە ماڵ سیامەند باردەكەن.
 بەخێرایی خۆم گەیاندە كۆڵان، هەموشتێك باركرابوو، باوكی سیامەند بەگرژییەكەوە لەدواوەی ئۆتۆمبیلەكە وەستابوو دەیوت هیچی ترتان بیرنەچوە، دایكی سیامەندیش كە ئەو میهرەبانییەی جاران و جلە كەشخەكانی بەری و بۆنی عەتركانی ونكردبوو بەبێزارییەكەوە وتی نا.
 لەپڕ دامە گریان، بەدوای ئۆتۆمبیلەكەیان كەوتم، سیامەند لەسەر كەلوپەلەكانی ناو ئۆتۆمبیلەكە بەكزییەكەوە دەستێكی بۆ ڕاوەشاندم و لەبەرچاوم ونبو.
 باوكم تێكەڵەیەكی سەیربوو لەرق و خۆشەویستی، یەكێك بوو لەوپیاوە كوردییانەی بمردایە بەمناڵێكی خۆی نەدەوت خۆشم دەوێیت.
 ماچی دەكردین و دەیگرتینە باوەش، لەبازاڕ جلی جوانی بۆ دەكڕین و خواردنی خۆشی بۆ دەهێناینەوە، بەڵام هەرگیز پێی نەدەوتین خۆشم دەوێن.
 دڵڕەقییەكی سەیریشی هەبوو، هەرلەخۆیەوە چەندان رۆژ قسەی نەدەكرد لەگەڵماندا و لەماڵەوە بە بێدەنگی و زۆرجاریش بەشەڕ كاتەكانی بەڕێدەكرد.
 دەزانی هەستدەكەم دەمارێكی باوكم لەخوێنی منیشایە، خۆم هەستی پێدەكەم هیوادارم تۆش هەستی پێبكەیت و تیاما نەهێڵییت.
 لەخۆمەوە هەندێ جار تاقەتم نیە تەنانەت بیریش بكەمەوە، چەندین كاتژمێر بەتانیەك دەدەم بەسەر خۆمدا و قسەناكەم.
 هەندێ جار كەسانێكم هێندە خۆشدەوێت حەزدەكەم هەمیشە لەنزیكیانەوە بم و بۆنیان پێوەبكەم.
 ساڵانێك زوتر كچێكی هاورێم هەبوو كە زۆربەی كاتەكان پێكەوە قسەمان لەسەر خوی پیاو وژن دەكرد دەیوت تۆ بۆیە هەمیشە نیگەرانی دەتەوێت خۆشەویستیەكی ئەفسانەیت دەستكەوێت و كەسی بەرامبەرت هەرگیزاو هەرگیز هەڵە نەكات.
 ئاخر من خۆشم هەمیشە هەڵەم دەكرد و دواتریش پەشیمان دەبومەوە كەچی لەهەڵەی كەس خۆش نەدەبوم.
 برادەرێكی نوسەرم هەیە كە حەزدەكات هەمیشە نیگەرانی و خەیاڵەكانی ئینسان بە دیاردە ئابورییەكانەوە ببەستێتەوە پێم دەڵێت مرۆڤی سەردەمی جیهانگەرایی هەمیشە نیگەرانە و نازانێت داوای چیدەكات.
 ئەو كەلەچاخانەكاندا هەمیشە ئەم قسە زلانە دوبارەدەكاتەوە ئێوارەیەكی هاوین منی لەناو حەشاماتی بازاڕەكەدا گرت و وتی: بیر لەهیچ شتێك مەكەرەوە شتێك نیە شایانی بیركردنەوە بێت، سەردەمی ئێمە سەردەمی بیركردنەوە نیە، سەردەمی ئەوەیە چەند وشەیەكی زل زل بزانین و دوبارە و سەد بارە و هەزار بارەی بكەینەوە و لەگەڵ هەمو مەسەلەیەكدا بیگونجێنین.
 دواتر وەك ئەوەی خەیاڵێكی تیژ بەدڵیدا بچەقێت بەخەمگینیەكەوە وتی دەزانی منیش زۆر نیگەرانم و نازانم چۆن دڵی خۆمت بۆ بكەمەوە.
 ئازیزی من ..دڵ كردنەوە رەنگە من نەتوانم ئێستا بەئاسانی تۆ تێبگەیەنم و دڵی خۆمت بۆ بكەمەوە، بەڵام دڵنیام رۆژێك دێت تۆ لەم دڵ كردنەوەی من تێدەگەیت.
 من نەمزانی چۆن دەست پێ بكەم، كە ئەو ساتەش هاتە پێشەوە بەو كچە بڵێم كە بۆی دەمردم  هات نەمزانی چۆن دڵی خۆمی بۆ بكەمەوەو و چەند قسەیەكی هەلەق و مەلەقم كرد و بۆ هەتایە رۆشت.
 ئەو نیوەرۆیەش كە سیامەندی هاورێم بەخەمگینی دەستی بۆ بەرزكردمەوە نەمزانی دەستێكی بۆ بەرزكەمەوە و تێیبگەیەنم كە خۆشم دەوێ و بۆ ئەبەد نایبینمەوە.
 باوكیشم كە تێكەڵەیەكی سەیربوو لەخۆشەویستی و رق هەرگیز نەمتوانی نهێنیەكانی دڵی خۆمی بۆ ئاشكرابكەم و بەدەنگی بەرز پێی بڵێم خۆشم دەوێت باوكە گیان سەرەڕای هەموو رەقەكانت، دەزانم تۆش وەك من نەخۆشی، تۆش وەك من هەست بەتەنیایی دەكەیت. تاوەكو بەیانیەكی زستان بۆ دواجار چاوی لێكنا.
 ئازیزی من… كە ئێستا هەموو ئەم شتە بێ سەروبەرانەم بۆ ووتی هیوادارم لێم بگەیت، حەزناكەم دڵتەنگ بیت كە لەگەڵ پیاوێكا تەنها و بێ كەسدا قسە دەكەیت لەشێت دەچێت.
 حەزناكەم وەها سەیرم بكەیت كە ئیدی من تارماییەكم و هەركە لەم ئۆتۆمبیلە دابەزین لەبیرت دەچمەوە.
 دەزانی ئەمە یەكەمجارمە ئاوەها لەگەڵ كچێكا دەدوێم، یەكەمجارمە ناترسم و سەرەتایەكی باشم هەبوە، پێ مەكەنە، بەجدیمە، یەكەمجارمە توانیومە دڵی خۆم بكەمەوە.
 حەزم لەجانتاكەی دەستە، جانتایەكی گەورەیە، هاورێیەكم هەبوو جانتایەكی وەهای هەبوو، هەمیشە كە دەیهێنا بۆ كولیە لەنێوان من و خۆیدا دایدەنا، بەپێكەنینێكەوە دەیوت با ئەو جانتایە سنوری هەردولامان بێت و دوایی بە باوكم یاخود براكەم نەڵێن شانی داوە بەشانی كوڕێكەوە.
 منیش بە ئەنقەست هەندێ جار قەڵەمەكەم دەخستە سنوری ئەوەوە بۆ ئەوەی هەڵیبگرمەوە خۆم دادەنەواندەوە تەنها بۆ ئەوەی بۆنی عەترەكەی بكەم كە بەو بەیانیە زووانەی ناو كولیە بۆنێكی ئەفسونای هەبوو.
 باوەڕم پێناكەی لە كولیە خوێندبێتم، هەقی خۆتە، سەیرم دەكەی رێبوارێك كە سەروچاوی زەمەن پیرێتی لێ دەنوێنێ و لەناو پاسێكایە كێ  باوەڕدەكات كولیەی تەواوكردبێت.
 ئازیزی من …ئێمە چەند كاتژمێرێكی خۆشمان بەڕێكرد لەناو ئەم پاسە كۆنەدا، من هەمیشە رقم لەسەفەرە، ئەو كاتانەشی كە بەم رێگا دوورەدا هاتۆچم دەكرد سەرم دەنا بەجامەكەوەو تادەگەشتین بیرم دەكردەوە، لێم مەپرسە بیرم لەچی دەكردەوە چونكە بەسەدەها سەفەری دیكەی وەها حیكایەتم تەواونابێت.
 بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە كچێكی وەك تۆ هاوسەفەرم نەبوو،هەموو ئەو كچانەشی دەهاتنە پاسەكەوە نەدەهاتنە تەنیشت منەوە چونكە پێیان عەیببو لەپاڵ كوڕێكا دانیشن.
 هەندێ جار زستان كە بەم رێگایەدا دەهاتمەوە بارانێكی بەخوڕ دەباری و هەندێ جاریش دەیكرد بەتەرزە، دەزانی ساڵانێكە باران و تەرزەی لەو چەشنە نەباریوە، لەجامەكەوە هەزارەها دەنك بارانم دەژمارد و هەرگیز كۆتاییان نەدەهات تا تاقەتم نەدەما.
 هەموجار رقم لەسەفەر بوە، ئەو شەوەی سەفەرێكم هەبوو تاوەكو بەیانی خەوم لێنەدەكەوت، جارێكیان دەمویست بۆلای دایكم بگەڕێمەوە شەوەكەی تا رۆژبویەوە نەخەوتم، كەچی دواتر چەند چركەیەك خەو زەفەری پێهێنام و هەموو ساتانەم بینی كە چۆن دەچمەوە بۆلای دایكم و چۆنیش باوەشم پیادەكات بۆیە ساتەكانی رۆشتنەوەم دەزانی.
 ئازیزی من… زۆرمان نەماوە بگەین، حەزم لە پێكەنینەكەتە، حەزم لەناسكیكەتەكە كە هەمیشە بەمەكرێكەوە دەڵێت سەرەتایەكی خۆشە، سەریحییەكی سەیرە.
 جانتاكەت لەنێوانما هەڵگرە، كەس لەتۆ نزیكتر نیە لەمن، تا ئێستا كەس وەك تۆ لەدڵم تێنەگەشتوە، حەزمدەكرد ساڵانێك زوتر یەكتریمان بناسیبایە، ساڵانێك زوتر پێكەوە لەم پاسەدا بوینایە، ساڵانێك زوتریش پێكەوە لەكولیە بوینایە.
 پشتت داوە بەجامی ئۆتۆمبیلەكەدا و سەیری من دەكەیـت، چەند حەزم لەسەیكردنەكانتە، حەزم لەو تاڵانەی قژتە هەندێ جار بایەكی كز دەیانجوڵێنێت.
 دەزانی دڵم زۆر تەنگە بۆیە ئەم هەموو قسانەم بۆ كردیت، دڵم پڕبووە و ساڵانێكە هیچ هاوڕێیەكم نەماوە گوێم بۆ بگرێت.
 سەیری چاوانت دەكەم، خودا دەڵێی بۆ ئەوەی سواری ئەم پاسەی كردویت تا ئەم بەردە گەورە لەسەر دڵم لاببات، تا ئەم شاخە سەختە لەبنەوە هەڵتەكێنێت كە ساڵانێكە لەسەر دڵم دروستبوە.
  پێم دەلێیت ئێستا بۆ كوێ دەچیت؟
 چیت پێ بڵێم ،خۆشم نازانم، رەنگە بەدوای بیرەوەرییەكانما هاتبم رەنگیشە هیچ …
 دەڵێت ژن و منداڵت هەیە؟ نا گوڵی من، ژنی چی، كچێك نەبوە لەمن بگات، كچێك نەبوە تاقەتی ئەم قسە قۆڕانەی هەبێت كە ئێستا بۆتی دەكەم و گوێم لێ بگرێ، چ كچێك تاقەتی بیركردنەوە و تێڕامانی هەبێت تاوەكو من بیهێنم.
 ئازیزی من.. ئەوە گەشتین، بمبورە لە هەندێك وشە، لەهەندێك دەربڕین كە بۆ من نەدەشیا لەبەرامبەر كچێكی غەریبەدا دەریبڕم، شەرمدەكەم لێت كە لەسنوری خۆم دەرچوم، ئاخر ئەو كچەی  كە هەمیشە جانتاكەی لەنێوانماندا دادەنا رۆژێك هات و وتی ئیتر تەواو، هیچ جانتایەك نەما لەنێوان من و تۆدا، قسەكانی دڵت بكە.منیش سەیرێكی چاوەكانیم كرد كە كتومت دەڵێی چاوەكانی تۆیە و تێر دڵی خۆم  قسەم بۆكردو ئیدی رۆشت و چەند رۆژ دواتر وەك بیستمانەوە ویستبوی لەمبەری شەقامەكەوە بپەڕێتەوە بۆ ئەوبەر، ئۆتۆمبیلێك كە دواتر دەركەوت شۆفێرەكەی سەرخۆشبوە لێی داو كوشتی.
 دەزانی ئیدی من دوای ئەو كچە تەنیا كەوتم و هاوڕێیەكم نەما.
 شەرمدەكەم و دڵخۆشیشم كە سنورمان نەماو جانتاكەت هەڵگرت .
 ببورە كاتی خۆتت دابەمن، ئاخر من پێویستم بەكەسێكە كاتی خۆیم بداتێ، كەسێك لێم بگات و لەكاتی قسەكردنمدا سەیری چاوەكانم بكا نەوەك بێزاربێت و چاوی بەملاوبەولادا بگەڕێت.
  من نازانم چۆن سەرەتاكانم دەست پێ بكەم،چۆن چۆنیش كۆتایی بەحیكایەتەكانی خۆم بهێنم بەڵام دەزانم ئەی هاوڕێم.. كە پاش چەند چركەیەكی دیكە لەخەیاڵی تۆشدا دەبمە تۆز، دەبمە غوبار.
 
 Hemnm1979@yahoo.com

 دەربەندیخان
 هاوینی 2008
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.