Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
کۆنگره‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌سه‌ر گه‌لکوژی ئه‌نفال و هه‌روه‌سته‌یه‌ک‌… شاخه‌وان شۆڕش

کۆنگره‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌سه‌ر گه‌لکوژی ئه‌نفال و هه‌روه‌سته‌یه‌ک‌… شاخه‌وان شۆڕش

Closed
by January 25, 2008 گشتی

له‌ کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، ده‌نگۆی به‌ستنی کۆنگره‌یه‌ک له‌سه‌ر گه‌لکوژی بۆ به‌جیهانیکردنی گه‌لکوژی ئه‌نفال له‌ شاری هه‌ولێر له‌ لایه‌ن به‌رێوه‌کاری هه‌رێمی کوردستان (وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفال و له‌ژێر چاودێری نێچیرڤان بارزانی) بڵاوبووه‌وه‌. ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادر بم ده‌سه‌ڵاتی کوردی (هه‌ولێر) ئه‌وه‌ دووه‌مجاره‌ کۆنفرانس بۆ ئه‌نفال ساز ده‌کات، یه‌که‌میان له‌ 14.4.2002 بوو، ئه‌وه‌یان له‌ 28.01.2008 – 26 دا.
ئه‌گه‌ر سه‌یری ئامانج و ته‌وه‌ره‌کانی کۆنگره‌که‌ ئێستا‌ بکه‌ین، خاڵی گونجاو ریزکراون، به‌ڵام چی له‌ژێر ئه‌و سه‌ردێرانه‌دا پێشکه‌ش ده‌کرێت و سنوره‌کان له‌کوێ داده‌ندرێن، بابه‌ته‌کان چین و سانسۆری پارت ڕۆڵی چی ده‌بێت، له‌ خودی کۆنفرانسه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت.
ئاسایی به‌ستنی کۆنفرانسی گه‌وره‌ که‌ به‌شداری شاره‌زایانی وڵاتانی جیهان ده‌گرێته‌خۆی، به‌لایه‌نی که‌م ده‌بی شه‌ش مان به‌ر له‌ به‌ستنی ڕابگه‌یه‌ندرێت، مانگێک به‌ر له‌به‌ستنی کۆنفرانسه‌که‌ ناوی هه‌موو به‌شداران، میوانان و بابه‌ته‌ ئاماده‌کراوه‌کان ده‌نوسرێت، به‌رنامه‌ی کۆنفرانسه‌که‌ به‌ هه‌موو بۆنه‌کانیه‌وه‌ به‌پێی کاته‌کان ده‌نوسرێن، له‌ به‌رنامه‌ی کۆنفرانسدا بڵاوده‌کرێته‌وه‌.  ئه‌و کۆنگره‌یه‌ی هه‌ولێر که‌ ناوی کۆنگره‌ی جیهانی لێنراوه‌، مانگێک و چه‌ند ڕۆژێک به‌ر له‌به‌ستنی له‌ 17.12.2007 دا ڕاگه‌یه‌ندراوه‌.  له‌و ماوه‌ کورته‌دا ناتواندرێ پێداویستیه‌ گرنگه‌کان ئاماده‌بکرێن‌ و هاتنی به‌شداران سنوردار ده‌بێت. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بزانین شاره‌زایان ده‌بێ چه‌ند مانگ به‌ر له‌وه‌ ئاگادار بکرێنه‌وه‌، چونکه‌ له‌به‌ر به‌رنامه‌ پڕی و سه‌رقالیان هه‌روا ئاسان ناتوانن ئاماده‌ بن.

کۆنفرانس که‌ مه‌به‌ستی لێکدانه‌وه‌ی بابه‌تی و زانستی هه‌یه‌، له‌سه‌ر هه‌ر پرسێک بێت، ته‌نها کاتێک ده‌کرێ مه‌به‌ستی خۆی بپێکێت ئه‌گه‌ر ئه‌و کۆنفراسه‌ بێلایه‌ن بێت، له‌ لایه‌ن ده‌زگایه‌کی زانستی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نه‌وه‌ سازبکرێت و به‌رێوه‌بچێت. بۆئه‌وه‌ی بتواندرێ له‌ژێر که‌شێکی ئازادا و به‌بێ بوونی هیچ سانسۆر و سنوردانانێک، بێلایه‌نانه‌ و زانستیانه‌ تیشک بخرێته‌سه‌ر لایه‌ن جیاجیاکانی بابه‌ته‌کان. ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌و مه‌رجه‌ له‌ ئارادا نه‌بێت سه‌رکه‌وتنی ئه‌و کۆنفرانسه‌ له‌ ڕوانگه‌ زانستیه‌که‌وه‌ کورت دێنێ و سوودێکی ئه‌وتۆی زانستی نا‌گه‌یه‌نێت. ناوزه‌دکردنی کۆنفرانسه‌که‌ به‌ زانستی و ئه‌کادیمی، ڕیزکردنی چه‌مکی زل و گه‌وره‌ ناتوانێ له‌ ناوه‌ڕۆکی ڕاستیه‌که‌ بگۆرێت.
کۆنفراس‌ له‌سه‌ر پرسێکی هه‌ستیاری وه‌کو گه‌لکوژی یا مافی مرۆڤ زیاتر هه‌ستیار تره‌ له‌ پرسه‌ ڕامیاریه‌کان و هه‌میشه‌ زیاتر پێویستی به‌ لێکدانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌یه‌کی بێلایه‌ن و بابه‌تیانه‌ هه‌یه‌. له‌و جۆره‌ کۆنفراسانه‌دا نابێ نه‌ ده‌سه‌ڵات نه‌ پارتی ڕامیاریی ڕۆڵی هه‌بێت، کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وت و ناوه‌ڕۆکی کۆنفرانسه‌که‌دا هه‌بێت.
له‌ نوسراوی ڕاگه‌یاندنی کۆنگره‌که‌دا که‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان بڵاویکردۆته‌وه‌، له‌ ده‌ستپێکدا نووسراوه‌: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ژێر دروشمی:"به‌جیهانیکردنی جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی کورد" به‌ چاودێری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ، سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ، کۆنگره‌ی جیهانی جینۆساید له‌ رۆژانی 26هه‌تا 28ی کانونی دوه‌می 2008 له‌ هه‌ولێری پایته‌خت له‌ هۆڵی بۆنه‌کانی شه‌هید مامۆستا سه‌عد ساز ده‌کات. 
وه‌کو له‌و ده‌ستپێکه‌دا ده‌خوێندرێته‌وه‌، مۆرکی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پارت و ده‌سه‌ڵات زاڵن. هه‌روه‌ها له‌ کۆبوونه‌وه‌ ئاماده‌کاریه‌کاندا به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ بڕیاره‌کاندا به‌شداریان کردووه‌.  به‌کورتی کۆنفرانسه‌که‌ بێلایه‌ن نییه‌، له‌ لایه‌ن پارتێکی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێت، بۆیه‌ سنور بۆ گه‌لێ بابه‌ت داده‌ندرێت، گه‌لێ بابه‌ت ڕێگه‌ی پێشکه‌شکردنیان نابێت، وتار و وته‌ و دروشمی ڕامیاریی که‌موزۆر بوونیان ده‌بێ. بۆیه‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێکردنی کۆنفرانسه‌که‌ مرۆ به‌ره‌وڕووی ئه‌و تێبینیانه‌ ده‌بێته‌وه‌ و ناتوانێ گه‌شبین بێت. هه‌روه‌کو له‌ کۆنفرانسه‌‌که‌ی سالی 2002 ڕوویدا، کۆنفرانسه‌که‌ بۆ پارت و به‌پێی ئاره‌زووه‌کانی پارت به‌رێکرا.
له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پێی ئه‌زموونه‌کان ده‌سه‌ڵاتی کوردی (سلێمانی و هه‌ولێر) له‌به‌ستی کۆنفرانس له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێک بێت، خۆی که‌نترۆڵ و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌رۆک و ڕووداوه‌کانی ناو کۆنفرانسی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌هه‌موو باره‌کاندا کۆنفرانسه‌کان لایه‌نگیر بووین و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار تیایاندا به‌رز ڕاگیراون. هه‌ر کۆنفرانسێک که‌ ده‌به‌سترێت مۆرکی ئه‌و پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی ناوچه‌که‌ی پێوه‌ بووه‌، که‌ کۆنفرانسه‌که‌ یا کۆنگره‌که‌ی تێدا گیراوه‌. واته‌ له‌ هه‌ولێر بێت، مۆرکی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پ.د.ک ی به‌ دیاری پێوه‌ بووه‌. له‌ سلێمانی بێت مۆرکی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ی.ن.ک ی به‌ دیاری پێوه‌ بووه‌. بۆیه‌ گه‌لێجار دوو کۆنفرانس له‌سه‌ر یه‌ک بابه‌ت له‌ هه‌ردوولادا هه‌بووه‌، هه‌ر لایه‌نه‌ ویستوویه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پارته‌که‌ی خۆی به‌ خه‌ڵک بفرۆشێت.

ڕێکخراوی چاک وه‌کو ڕێکخراوێکی بێلایه‌نی چالاک له‌ بواری گه‌لکوژی و کۆمه‌ڵکوژیدا، ده‌توندرا سوودی لێوه‌ربگیرێت، به‌مه‌رجێک کۆنگره‌که‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگایه‌کی بێلایه‌ن و زانستیه‌وه‌ ببه‌سترایه‌. ڕێکخراوی چاک هه‌مان زمانی ده‌سه‌لات بۆ تاوان و کاره‌ساته‌کانی گه‌لی کورد به‌کار ناهێنێت، چونکه‌ ئه‌و ڕێکخراوه‌ کوردستانییه‌ به‌پێی توانا ویستوویه‌تی گه‌لی کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌ و له‌و بواره‌دا مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک پیشان بدات و به‌رگری لێ بکات. بۆ چاک گه‌لی کورد چی له‌ گه‌لی ئه‌رمه‌ن یا جوو که‌متر نییه‌ و ده‌بێ هه‌مان ئه‌و مافانه‌ی له‌و باره‌یه‌وه‌ پی بدرێت که‌ گه‌لانی دیکه‌ی گه‌لکوژ لێکراو هه‌یانه‌. دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی ڕوانینێکی جودا له‌وه‌ی هه‌یه‌ و که‌ به‌ کۆمه‌ڵێ ڕێککه‌وتن و به‌رژه‌وه‌ندی ڕامیاریه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. جوداییه‌کان به‌گشتی لێره‌وه‌ سه‌رهه‌ڵ ده‌ده‌ن. بۆیه بوونی چاک له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدا نییه‌. به‌شداری چاک له‌ کۆنفرانسه‌که‌ی هه‌ولێر ده‌کرا بۆ ناساندنی ڕێکخراوه‌که‌ سوودێکی هه‌بێت، به‌ڵام گومان له‌وه‌دایه‌ ڕۆڵێکی ئه‌وتۆی گرنگی پێبدرێت، یا بواری گوتنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌کانی له‌مه‌ڕ گه‌لکوژی ئانفالدا پێ بدرێت یا بتوانێ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وتی کۆنفرانسه‌که‌ بکات. جگه‌له‌وه‌ی مه‌ترسی به‌کارهێنان زۆره‌. گومان له‌وه‌دا نییه‌ له‌ به‌شدارانی کۆنگره‌دا که‌سانی گونجاو هه‌ن و بابه‌تی گونجاویان پێیه‌، هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ ئه‌و به‌رێزانه‌ ده‌خوازم.  ‌
له‌ لایه‌ن ئاماده‌کارانی کۆنگره‌‌که‌وه، هه‌ندێ له‌ ئه‌ندامانی چاک له‌ په‌یوه‌ندی که‌سییدا ته‌نها بۆ میوانی بانگکراون، هه‌ندێ وه‌کو نووسه‌ر و لێکۆڵه‌ر په‌یوه‌ندیان پێوه‌کراوه‌. من له‌م باره‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌کرا، به‌ڵام به‌شداریم له‌ کۆنفرانسێکی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات پێ باش نه‌بوو، چونکه‌ گومانم له‌ بێلایه‌نی و مه‌به‌ستی کۆنگره‌‌که‌ هه‌بوو. جگه‌له‌وه‌ی زۆر بێزارم له‌ هه‌موو ئه‌و لادان و که‌موکوڕیانه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به‌ پرسی گه‌لکوژی کورد و قوربانیه‌کانی کردوویه‌تی و ده‌یکات، به‌جۆرێ زیانی زۆریان به‌ زۆر لایه‌نی ئه‌و پرسه‌ گه‌یاندووه‌. بۆنمونه‌ ئه‌وان به‌رپرسیاریی سه‌ره‌کیان له‌وه‌دا ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ که‌ گه‌لی کورد نه‌توانێ وه‌کو گه‌لانی دیکه‌ی گه‌لکوژکراو هه‌مان ئه‌و ڕێز و مافانه‌ی هه‌بێت که‌ گه‌لانی دیکه‌ پێیان ره‌وا بیندراوه‌. هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ نه‌زانی و لاوازیان له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌و پرسه‌یان به‌خراب بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان به‌‌کارهێناوه‌.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ ئێراقچین و له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی و خۆجوداکردنه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌ ئێراق نین، له‌ هه‌موو پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌کاندا که‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌ها نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌، نیوه‌چلی و که‌مبه‌هایی خۆی ده‌رده‌خات، چونکه‌ له‌ ئێراقی یه‌کگرتووی یه‌کێتی و پارتیدا سه‌روه‌ری دراوه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی باڵا ده‌ست‌ و ئه‌وان به‌ر له‌ هه‌ر شتێ له‌پێناو به‌هاکانی گه‌لی ئێراق وه‌کو گه‌لی سه‌رووی نه‌ته‌وه‌کان کار ده‌که‌ن، به‌ها نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی کورد وه‌کو له‌ دوای گه‌لی ئێراقه‌وه‌ دێن، واته‌ وه‌کو پله‌ دوو و پاشکۆ دێن و سه‌ربه‌خۆییان نادرێتێ. ئه‌و پرۆسه‌ ڕامیارییه‌ که‌ مۆرکی به‌سه‌ر هه‌موو جموجۆڵه‌ فه‌رمیه‌کانه‌وه‌ سه‌پاندوه‌،‌ له‌ کۆنگره‌ی هه‌ولێریشدا کاریگه‌ری ده‌بێت، ره‌نگی خۆی ده‌داته‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌درێت، ڕه‌وایه‌تی به‌ ئێراق و گه‌لی ئێراق بدرێت و پاکانه‌یان بۆ بکرێت. ئه‌وه‌ش واده‌کات بابه‌تی گرنگ لاری به‌رامبه‌ر بکرێت و به‌ ناته‌واوی و ناڕاستگۆیانه‌ بخرێنه‌ڕوو. پرۆسه‌ی ڕامیاریی ئێراقچیه‌تی ده‌سه‌لاتی کوردی وایکردووه‌:
1. ره‌وایه‌تی به‌ ئێراق و کانونی ئێراقی بدرێت و ئاماژه‌ به‌ تاوانه‌کانی ئێراق وه‌کو ستات دژ به‌ کورد نه‌کرێت.
2. له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه‌ دادگایه‌کی ناڕه‌وای ئێراقی و عاره‌بی کراوه‌ته‌ ڕه‌وا و پێێ هه‌ڵده‌گوترێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌کرده‌وه له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی ته‌نها ته‌ماشاکه‌ره‌، به‌گوتنی هه‌ندێ له‌ به‌رپرسانیان پشتگوێ ده‌خرێن. گه‌لی کورد له‌ پرسی گه‌لکوژیدا نه‌شاره‌زایه‌ و نازانێ له‌و پرسه‌دا چ ناره‌وایه‌تیه‌کی له‌ به‌رامبه‌ردا کراوه‌. 
3. پاراستنی یا ده‌ربازکردنی تاوانبارانی گه‌لکوژی ئه‌نفال له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردیه‌وه‌.
4. خۆ بواردن له‌ داوای لێبوردنکردن له‌ لایه‌ن ستاتی ئێراقه‌وه و پاکانه‌ بۆ کردن که‌ گوایه‌ "ئه‌و رژێمه‌ی ئێستا تاوانی نه‌کردووه‌ بۆ داوای لێبووردن بکات!". دیسان نه‌زانی، به‌رژه‌وه‌ندی ڕامیاریی و ئێراقچیه‌تی وایکردووه‌، به‌رپرسانی کورد بچنه‌ سه‌نگه‌ری لایه‌نی به‌رامبه‌ر و به‌رگری له‌وان بکه‌ن. ‌

له‌و کۆنگره‌‌دا که‌ ده‌سه‌ڵاتێکی ئۆتۆنۆمیخواز و ئێراقچی سه‌رپه‌رشتی ده‌کات، هه‌وڵ ده‌درێت گه‌لێ له‌ بابه‌ته‌کان، هه‌روه‌ها ره‌وتی کۆنگره‌که‌ له‌و چاویلکه‌ ئێراقچیه‌وه‌ بڕوانێته‌ گه‌لکوژی ئه‌نفال. هه‌ر بابه‌تێک له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاو بگرێت، لێکدانه‌وه‌یه‌کی لایه‌نگیر، ڕامیارئامێز و ناته‌واو ده‌رهاویشته‌یه‌تی، که‌ هه‌رگیز ناتوانێ به‌ ته‌واوی گوزارشت له‌ کاره‌ساتی تاوانی ئه‌نفال بکات. جگه‌له‌وه‌ی لێکدانه‌‌وه‌یه‌کی لار و زیان به‌خشه‌ بۆ‌ پرسی گه‌لکوژی ناسیۆنی کورد.
24.01.2008

   کلاورۆژنه‌، 17.12.2007، ڕاگه‌یاندنی کۆنگره‌ی جیهانی له‌ کوردستان، وه‌زاره‌تی شه‌هیدان. سایتی کۆنگره‌که‌: www.anfalcongress.com
   هه‌مان سه‌رچاوه‌.
   له‌ سایتی کۆنگره‌دا www.anfalcongress.com چه‌ند هه‌واڵێک داندراوه‌ و له‌وێدا ئاماژه‌ به‌هه‌ندێ کۆبوونه‌وه‌ ده‌کرێت

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.