
یه‌کێتی چه‌پ له‌پێناو چی؟……هه‌ژێن
یه‌کێتی چه‌پ له‌پێناو چی؟
هه‌ژێن
05ی دێسه‌مبه‌ری 2008
ڕێکه‌وتی 03ی دێسه‌مبه‌ری 2008 ڕاگه‌یێنراوێکی پێکهاتنی "یه‌كێتی چه‌پی كوردستان" که له 25ی نۆڤه‌مڤه‌ری 2008دا ده‌رچووه، له «سایتی هاوپشتی»دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. منیش وه‌ك هه‌ر خوێنه‌رێکی به‌سه‌رنج که‌وتمه خوێندنه‌وه‌ی ڕاگه‌یێنراوه‌که و چه‌ند پرسیار و سه‌رنجێك لام گه‌ڵاله بوون و به پێویستم زانی بۆ قسه‌وباسکردن له‌سه‌ریان له‌ته‌ك ئێوه‌ی خوێنه‌ری هێژا بکه‌ومه بیر و بۆچوون گۆڕینه‌وه…
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که پێشتر له‌مه‌ڕ ڕۆڵی «پارت»* له خه‌باتی سۆشیالیستیدا و جیاوازی «چه‌پ»** و سوشیالیست، که‌م تا زۆر بیر و بۆچوونی خۆم ده‌ربڕیوه، بۆیه به پێویستی نازانم لێره‌دا جارێکی تر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و باسه. به‌ڵام به پێویستی ده‌زانم په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕابکێشم، که ده‌سته‌گه‌ری ڕێکخراوه‌یی (سیکتاریزمی پارتی) به‌درێژایی مێژووی خه‌باتی چه‌وساوه‌کان، گه‌وره‌ترین زیانی له بزاڤه‌که داوه و ئه‌و لێدانانه‌ی که بۆرژواکان له هێرشه‌کانیاندا بۆ سه‌رکوتی بزاڤی ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌یان توانیوه پێیان هه‌ستن، پارتچییه‌تی به کنه‌کردنی بۆ ناو بزووتنه‌وه‌که و پارچه‌پارچه‌کردنی ڕیزه‌کانی، خۆبه‌خشانه بۆی ئه‌نجام داون. نزیکترین و باشترین نموونه‌ش بزاڤی سۆڤیه‌تی ناو ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991 و دواتریش ڕێکخراوه جه‌ماوه‌رییه‌کانی بێکاران و ژنان و ئاواره‌کان و … تد، که به‌هۆی سکتاریزمی گروپی و جیابوونه‌وه یه‌ك له دوای یه‌که‌کانی ناو گروپه ڕامیارییه‌کان، که بووه هۆی پڕشوبڵاوی و سه‌رهه‌ڵدانی کینه‌دۆزی و پارتپه‌رستی و ئۆتوریته‌گه‌ری ئه‌م و ئه‌و و دواجار له‌باربردنی هه‌وڵه‌کان و دابه‌شکردنی بزاڤه‌کان به‌سه‌ر گروپ و ده‌سته و پارتی ده‌سه‌ڵاتخوازدا، دژایه‌تیکردنی هه‌ر هه‌وڵ و ئاراسته‌یه‌ك که بیه‌وێت یه‌کێتی چینایه‌تی چه‌وساوه‌کان له بزووتنه‌وه‌کاندا بخاته سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندییه که‌سی و پارتییه‌کان. هه‌ر بۆیه هه‌میشه یه‌کگرتن و کاری هاوبه‌شم –مه‌به‌ست یه‌کێتی چینایه‌تییه نه‌ك پێکهێنانی پارتی رامیاری- له ده‌سته‌گه‌ری و جیابوونه‌وه و پارتپارتێنه پێ باشتره. چونکه بوار بۆ سکتاریزم و گروپچییه‌تی به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه. سه‌رنجه‌کانیشم له‌سه‌ر ئه‌م ڕاگه‌یێنراوه، هه‌ر له‌م روانگه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه.
ده‌ستپێکی راگه‌یاندنه‌که به‌م ده‌سته‌واژه ده‌ست پێده‌کات "وه‌كو پێویستیه‌كی سیاسی چاره‌نووسساز‌و بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر جیاوازیه‌كان و ….."
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی ئه‌م ده‌سته‌واژه بده‌ین، ده‌بینین، که به‌هه‌مان بیری پاوانخوازی پارته‌وه داڕێژراوه، که بوونی جیاوازی له بیر و بۆچووندا به‌مه‌ترسی بۆ سه‌ر بوونی خۆی ده‌زانێت. به بڕوای من هه‌نگاونان بۆ یه‌کیتی و یه‌کگرتن، ده‌بێت به ئامانجی پاراستنی جیاوازی و زه‌مینه خۆشکردن بێت بۆ بوونی ده‌نگی جیاواز. چونکه بوونی جیاوازی زیندوویه‌تی ده‌به‌خشێت و به‌ر به دۆگمابوون ده‌گرێت. له هه‌ر شوێنێکدا جیاوازی نه‌ما، زیندوویه‌تی ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه – هه‌روه‌ك چۆن له ڕێکخراوی (یه‌کێتی بێکاران له کوردستان)داباڵی مه‌نسوریسته‌کان که‌وتنه کپکردن و دوورخستنه‌وه‌ی نه‌یارانی ڕامیارییان له لێژنه و کۆمیته‌کانی بڕیارداندا و دواجار ئه‌و ڕێکخراوه سه‌رتاسه‌رییه‌یان کرده گروپێکی چه‌ند که‌سی و به‌ده‌ستی خۆیان قوفڵیان له ده‌رگه‌ی بنکه‌کانی دا- ، ئاواش ئه‌م یه‌کگرتنه سه‌ره‌نجام پوکانه‌وه‌ی ڕێکخراوه‌کانی خۆیانی به دوادا دێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئامانجی یه‌کگرتنه‌که، له‌ناوبردنی جیاوازییه له ڕیزه‌کانیدا و دواجاریش سه‌رکوتی هه‌ر بیر و چوونێکی جیاواز، که له‌ته‌ك وه‌ڵامه له‌پێش ئاماده‌کراوه‌کانی ڕێکخراوه یا به‌ره تازه‌که‌دا نه‌یێته‌وه.
به بڕوای من، مه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تیبوونه‌وه و جێگیربوونی هه‌ر بزاڤێك له نێوه‌ندی پرس و کێشه ئابووری و رامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، هه‌بوونی یا به‌هه‌ند وه‌رگرتنی بیر و ڕای جیاوازه. چونکه بیر و رای جیاواز مۆتۆری به‌روپێش به‌ری بزاڤه‌کانه و له بوونی جیاوازی بیرکرنده‌وه‌دا بیر و بۆچوونی نوێ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. نموونه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش دۆگمبوونی ئایینه‌کانه، که نه‌زۆك ده‌مێننه‌وه. کاتێك که گروپ و پارتێك جیاوازی ڕه‌تده‌کاته‌وه، ناچار ده‌بێت بۆ نه‌هێشتنی جیاوازی پاڵاوتنی ڕیزه‌کانی بگڕێته‌به‌ر هه‌روه‌ك چۆن پارتی سۆشیال-دیموکراتی ڕوسیه (که دواتر بوو به پارتی کۆمونیست)، له 1918 له‌سه‌ر ده‌ستی لێنین و 1936دا له‌سه‌ر ده‌ستی ستالین که‌وته ده‌رکردن و دوورخستنه‌وه و کوشتنی بیر و بۆچوونه جیاوازه‌کان. هه‌ر به‌م پێیه دواجار ناچار ده‌بێت، له ئاستی کۆمه‌ڵگه‌شدا هه‌مان هه‌نگاو بنێت و دیکتاتۆری پارت ڕابگه‌یێنێت!
له به‌شێکی تری ڕاگه‌یێنراوه‌که‌دا هاتووه، که " ئامانجی سه‌ره‌كی "یه‌كێتی چه‌پی كوردستان" دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد‌و دادپه‌روه‌ر‌و خۆشگوزه‌ران‌و بێ چین‌و چه‌وسانه‌وه‌یه و …"
گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم، ئه‌وا ناوه‌ڕۆکی ئه‌م ده‌ربڕینه، که ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه گرتوویه‌تییه خۆی، دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سۆشیالیستی – کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك که له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی دامه‌زرابێت- ده‌گه‌یێنێت. چونکه ته‌نیا له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سۆشیالیستیدا چینه‌کان و چه‌وسانه‌وه له‌نێو ده‌چن. دیسانه‌وه به‌و پێیه‌ی که له یه‌کسانبوونی مرۆڤه‌کاندا ئازادی دێته‌بوون و به‌بێ ئازادی و یه‌کسانی، قسه‌کردن له‌سه‌ر دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بێجگه له خۆڵکردنه‌چاوی چه‌وساوان هیچی دیکه ناگه‌یێنێت. که‌واته له ڕواڵه‌تدا – ده‌ڵێم رواڵه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که پارت ئامرازه بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ی قوچکه‌یی (هه‌ره‌می) تاکه‌کان و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌لات و له‌هه‌ر شوێنێك ڕێکخستنی قوچکه‌یی هه‌بێت، ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری بوونیان ئه‌سته‌م ده‌بێت- ئه‌م پێکهاتنه قسه له خه‌باتکردن بۆ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سۆشیالسیتی ده‌کات. ئه‌م پاگه‌ندانه تازه نین و مێژووی دووسه‌د ساڵی رابوردوو پڕیه‌تی له‌م ڕواڵه‌تگه‌رییه، وه‌ك ئامرازێك بۆ فریودان، باشترین نموونه‌ش پاگه‌نده‌کانی پارتی بۆلشه‌ڤیك بوون، که به قۆستنه‌وه و به‌رزکردنه‌وه‌ی ڕواڵه‌تی داخوازی و دروشمی چه‌وساوه‌کان، توانی سواری ملی بزاڤه‌که ببێت و دواجار گه‌وره‌ترن و ئاماده‌ترین هه‌وڵی چه‌وساوان بۆ له‌ناوبردنی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی له‌نێو به‌رێت و پاش ڕێکخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی قوچکه‌یی و پارتیکردنی ده‌سه‌ڵات، به‌ره‌به‌ره په‌لاماری کۆمیته‌ی کارخانه‌کان بدات و سۆڤیه‌ته‌کان په‌راوێز بکات و بنه‌ما ئابوورییه‌کانی سیسته‌می بۆرژوازی زیندوو بکاته‌وه و بۆ خۆپاراستنی په‌یمانی دۆستانه له‌ته‌ك ده‌وڵه‌تانی دراوسێ مۆر بکات و سه‌ره‌نجام ڕێگه‌ی بۆ لێدانی هه‌ر هه‌وڵێك که ده‌یویست بڕیار له ده‌ست پارت ده‌بهێنێت و به سۆڤیه‌ته‌کانی بسپێرێت، خۆشکرد و بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی له نێوان 1918-1921 خه‌ڵتانی خوێن کرد.
با بزانین، ئه‌و ئه‌رکانه‌ی که "یه‌كێتی چه‌پی كوردستان" خستوونییه ده‌ستووری کاری خۆیه‌وه، چۆن به‌ره‌و "دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد‌و دادپه‌روه‌ر‌و خۆشگوزه‌ران‌و بێ چین‌و چه‌وسانه‌وه " مان ده‌به‌ن:
1. چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ره‌سمی ناسینی" مافی دیاریكردنی چاره‌نوس"، تائاستی جیابوونه‌وه‌و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ.
مافی چاره‌ی خۆنووس یا بڕیاردانی که‌سێك، گه‌لێك، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، … تد له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ڕێکخستنی ژیانی، سه‌ره‌تاییترین مافی مرۆییه. هه‌روه‌ها وه‌لانانی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی هه‌نگاوێك چه‌وساوه‌کان له ئازادی و هوشیاری چینایه‌تی نزیك ده‌کاته‌وه. به‌ڵام ئایا له خودی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا پرسی نه‌ته‌وه و چاره‌نووسی له توانادا نییه چاره‌سه‌ر بکڕێت؟ ئه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، که ئه‌گه‌ر پارتی کۆمونیستیش به‌ڕێوه‌به‌ری بێت، هه‌ر هه‌مان ده‌وڵه‌تی چینایه‌تییه نییه؟ چ په‌یوه‌ندییه‌کی به کۆمه‌ڵگه‌ی " بێ چین‌و چه‌وسانه‌وه "وه هه‌یه؟ ئایا ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ که بڕیاره "یه‌كێتی چه‌پی كوردستان" بیهێنێته دی، سۆشیالیزم پیاده ده‌کات؟ ئایا چاره‌سه‌ری سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت؟ ئه‌ی سه‌ربه‌خۆ له کێ؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له سه‌ربه‌خۆبوونه له ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ر، ئه‌ی شوناسی ده‌وڵه‌ته سه‌ربه‌خۆکه و ئامانجێك که له پێناویدا سه‌رهه‌ڵده‌دات، چی ده‌بن؟
ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ که "یه‌كێتی چه‌پی كوردستان وه‌كو ئامانجێكی سه‌ره‌كی له‌م بارودۆخه‌دا خه‌باتی ده‌كات."، په‌یوه‌ندی به "دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد‌و دادپه‌روه‌ر‌و خۆشگوزه‌ران‌و بێ چین‌و چه‌وسانه‌وه " چییه؟ ئه‌گه‌ر "یه‌كێتی چه‌پی كوردستان" له ئه‌مڕۆدا وه‌ك ئامانجێکی سه‌ره‌کی خه‌بات بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی ده‌کات، ئه‌دی که‌ینێ خه‌بات بۆ ئامانجی لاوه‌کی که سۆشیالیزم " کۆمه‌ڵگه‌ی بێ چین‌و چه‌وسانه‌وه"یه، ده‌کات؟ ئایا ئه‌م پاگه‌نده‌یه له‌ته‌ك پاگه‌نده‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان، که ده‌یوت "ئامانجی نزیکمان مافی چاره‌ی خۆنووسینه بۆ گه‌لی کورد و ئامانجی دوورمان سۆشیالیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانه"*** چییه؟ ئایا به ڕزگارکردنی کوردستان له‌ده‌ست داگیرکه‌ر کۆتایی به مشه‌خۆڕی و سه‌رکوتگه‌ری بۆرژوازی هات، ئه‌ی جیاوازی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی سه‌ربه‌خۆ و ناسه‌ربه‌خۆ چییه؟
2. دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی‌و دیموكراتی‌و عه‌لمانی له‌كوردستان، له‌سه‌ر بنه‌مای مافی هاووڵاتیبوونی یه‌كسان بۆ هه‌موو دانیشتوان به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئاینی‌و تائیفی، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن‌و گۆڕینی په‌رله‌مانی ئێستا‌و دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی نوێ كه‌پشت به‌ده‌نگدان‌و به‌شداری راسته‌وخۆی خه‌ڵك ببه‌ستێت‌و دیموكراسیه‌تی راسته‌خۆ له‌به‌ڕێوه‌بردنی كوردستاندا په‌یڕه‌و بكات.
ئه‌م خاڵه‌یان تێکه‌ڵه‌یه و قسه‌ی فره‌تر هه‌ڵده‌گرێت؛ ئایا " دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی‌و دیموكراتی‌و عه‌لمانی له‌كوردستان، له‌سه‌ر بنه‌مای مافی هاووڵاتیبوونی یه‌كسان بۆ هه‌موو دانیشتوان به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئاینی‌و تائیفی، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن‌و گۆڕینی په‌رله‌مانی ئێستا‌و دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی نوێ " له باشترین باردا هیچ جیاوازی له‌ته‌ك ده‌وڵه‌ته بۆرژوازییه‌کانی ئۆروپادا هه‌یه، که سه‌رچاوه و پشتوپه‌نای ده‌وڵه‌تێکن که له عیراق و کوردستاندا فه‌رمانڕه‌وایه، ئایا له سایه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا "چین و چه‌وسانه‌وه" هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه؟
دیموکراسی راسته‌خۆ، هه‌م زۆرینه‌ی تاکی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به‌م چه‌مکه نائاشنایه و هه‌م له سه‌ر ئاستی بزاڤه رامیارییه جۆراوجۆره‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و کوردستان نامۆیه. ئه‌مه‌ش هه‌م له‌به‌ر پابه‌ندی تاکی کۆمه‌ڵگه‌که‌مان به ڕێسا خێڵه‌کییه‌کان و هه‌م زاڵی بیری ده‌سه‌لاتخوازی به‌سه‌ر بزاڤه ڕامیارییه‌کاندا. بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه بگه‌ین، پێویسته که‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چه‌مکه ڕه‌سه‌نه‌کانی خودی دیموکراسی و له واتاسازییه درۆینه‌کانی دواتری جیابکه‌ینه‌وه.
دیموکراسی له به‌ره‌به‌یانی کۆمه‌ڵگه شارییه‌کاندا به واتای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌لی دێت و ئه‌وکات شتێك نییه به واتای نه‌ته‌وه و گه‌لی هاوچه‌رخ. به‌ڵکو گه‌ڵ به واتای کۆمه‌ڵ یا دانیشتوانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دێت. ئه‌م چه‌مکه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌ك له دایكبوویه‌کی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی هه‌ڵگری دوو لێدانه‌وه یا دوو فۆرمی بۆ چیکراوه، ئه‌ویش به‌پێی جێکه‌وته‌یی باری کۆمه‌ڵگه‌کان بووه. له‌وێدا که چینه دارا‌کان توانیویانه کۆمه‌ڵگه به‌ته‌واوی لخاو بکه‌ن، دیموکراسی واتای ده‌سه‌ڵاتی که‌مینه‌یه‌کی دارای له ڕێگه‌ی ده‌نگدان به تاکه‌کانی ئه‌و که‌مینه په‌یدا کردووه، واته دیموکراسی ئامرازێك بووه بۆ دوورخستنه‌وه و نه‌هێشتنی شه‌ڕی ده‌سه‌لاتخوازان له‌سه‌ر کۆنترۆڵکردنی چه‌وساوه‌کان، به‌ڵام له‌وێدا که ده‌سه‌لاتی چینه دارا‌کان مۆڵه‌ق بووبێت و شۆڕش و یاخیبوون هه‌بووبێت، ئه‌وا دیموکراسی واتای گشتگیرکردنی هه‌ڵبژاردن و مافی ده‌نگدانی وه‌رگرتووه. بۆ ده‌رکه‌وتن و تێگه‌یشتن له‌مه، ئه‌وه‌نده به‌سه سه‌رنجی ڕه‌وتی به‌ده‌ستهێنانی مافی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن له‌و سیسته‌مانه‌دا بده‌ین، که به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌لی خۆیان ناوزه‌د کردووه. به‌ڵام تا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر واتاسازییه‌کانی هاوچه‌رخ بۆ ئه‌م چه‌مکه، ئه‌وا هیچی له‌و راستییه نه‌گۆڕیوه، که دیموکراسی لای چه‌وسێنه‌ران واته مافی بێچه‌ندوچوونی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و ڕه‌وایه‌تی کاری کڕێگرته و چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ. یاریکردن به‌م چه‌مکه بۆ سه‌رلێشیوان و به‌لاڕێدابردنی بزاڤه‌کان، ئه‌وه‌ی کردووه‌ته شتێکی نه‌گۆڕ که دیموکراسی یا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌لی واته ڕێسایه‌کی ڕێکخستن که تێیدا تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌چنه پای سندووقه‌کانی ده‌نگدان و له میانی که‌سانێكدا که شانوشکۆی سه‌روه‌رییان هه‌یه، که‌سێك هه‌ڵبژێرن و بیکه‌نه شوانه‌ی خۆیان. وه‌ك بیانوو بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ئه‌وه‌یه که ده‌نگ و داخوازی هه‌ڵبژێره‌ر بگه‌یێنێته به‌رزترین ئۆرگانی بڕیاردان – بڕیاردانی ڕواڵه‌تی- و ئیتر له‌و کاته‌وه که هه‌ڵبژێردراو پۆسته‌که‌ی وه‌رده‌گرێت تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، ئه‌وا بڕیاری هه‌رچی بدات، به ڕێسای نوێنه‌رایه‌تی ناڕاسته‌وخۆ، بڕیاری هه‌ڵبژێره‌ره. ئه‌گه‌رچی له کاتێکدا هه‌مان ده‌نگده‌ر بێته سه‌ر شه‌قام و ده‌نگ دژی شه‌ڕێك بدات، که نوێنه‌ره هه‌ڵبژێردراوه‌کان ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ن، ئه‌وا مافی بێچه‌ندوچوونی نوێنه‌ره‌کانه فه‌رمانی ته‌قه‌کردن و سه‌رکوتی ئه‌و ده‌نگده‌ره نارازییه به پۆلیس و سه‌ربازه‌کانیان بده‌ن!
به‌ڵام ئه‌و دیموکراسییه‌ی که "یه‌كێتی چه‌پی كوردستان" هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، وه‌ك خۆیان پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن " به‌شداری راسته‌وخۆی خه‌ڵك …. و دیموكراسیه‌تی راسته‌خۆ… "یه. وه‌ك په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشا له سایه‌ی ده‌سه‌لاتی که‌مایه‌تی و ڕێکخستنی قوچکه‌ییدا ته‌نیا دیکتاتۆری سه‌روه‌ران له ڕواڵه‌تی دیموکارسیدا، ده‌کرێت په‌یڕه‌و بکرێت و له‌ته‌ك ئه‌و فۆرمه‌دا گونجاوه. چونکه دیموکراسی ڕاسته‌وخۆ که ده‌ربڕین و تێگه‌ییشتنی هه‌ندێکه بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یا به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵکی به واتای ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و بڕیاردان و جێبه‌جێکردن ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن تاکه کارگه‌ره‌کانه‌وه -که‌سانێك که له کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌شداری ده‌که‌ن-. ئه‌مه‌ش ته‌نیا له سیسته‌می ڕێکخستن له خواره‌وه‌ڕا بۆ سه‌ره‌وه و به پێچه‌وانه‌ی سیسته‌می ڕێکخستنی قوچکه‌یی، که له گشت جۆره‌کانی ده‌وڵه‌ت – پارله‌مانی، پاسایه‌تی، سه‌ربازی، پۆلیسی، دیکتاتۆری پارتی پیشڕه‌وی- دا په‌یڕه‌و ده‌کرێت، به‌ردی بناخه‌یه!
دیموکراسی ڕاسته‌خۆ که مه‌به‌ست لێی ڕێکخستن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه‌یه له خواره‌وه‌ڕا بۆ سه‌ره‌وه، ته‌نیا له بارێک‌دا مه‌یسه‌ر ده‌بێت، که یه‌که‌کانی به‌ڕێوه‌بردن له هه‌ره‌وه‌زییه ئازاده‌کان پێك هاتبێت. دیموکراسی ڕاسته‌وخۆ له‌و فۆڕمه‌دا له‌ته‌ك پارله‌مان و سیسته‌می پارله‌مانیدا ناگونجێت و نایێته‌وه. چونکه ئازادی له سیسته‌می پارله‌مانیدا وه‌ك ئه‌وه وایه به‌که‌سێك بڵێت تۆ ئازادی به هه‌وه‌سی خۆت هاوار بکه‌ی و بۆچوونی خۆت ده‌رببڕیت و له‌ولاشه‌وه تفه‌نگێك بده‌یته ده‌ست پۆلیسێك و بڵێ تۆ ئازادی له کوشتنی هه‌رکه‌سێك که فزه‌ی لێوه بێت! پارله‌مان و سیسته‌می پارله‌مانی و هه‌ڵبژاردنی چه‌ند ساڵ جارێك و نوێنه‌رایه‌تی و قوچکه‌ییکردنه‌وه‌ی ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگه، ته‌نیا له‌ته‌ك سه‌روه‌ری چینایه‌تی و کۆیله‌راگرتنی زۆرینه له‌لایه‌ن که‌مینه‌وه، دێته‌وه. له‌ولاشه‌وه دیموکراسی راسته‌وخۆ ئه‌گه‌ر له‌ته‌ك خۆمان و خوێنه‌ر راستگۆبین، ئه‌وا به واتای سیسته‌می ناچینایه‌تی و ڕێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌ماکانی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری، ئه‌مه‌ش به‌بێ لێدان له بنه‌ماکانی کۆیله‌تی هه‌رگیز نایێته‌دی. که‌واته کورد واته‌نی خورمیش بۆمان ده‌ست نادات؛ یا خورما یا کشمیش! ئێمه ناتوانین به لکاندنی واژه‌ی یا پاشگری (ڕاسته‌وخۆ) به دیموکراسی و سیسته‌مه باوه‌که‌یه‌وه، کۆمه‌ڵگه‌ی بێ‌چین و چه‌وسانه‌وه به‌رپابکه‌ین. کۆمه‌ڵگه‌ی بێ‌چین و چه‌وسانه‌وه ناتوانرێت به به‌کاربردنی هه‌مان میکانیزمه‌کانی کارکردن و به‌ڕێخستنی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی، چێ بکرێت. به‌ڵکو ته‌نیا به لێدانی میکانیزم و یاساکانی ڕێکخستنی سیسته‌می چینایه‌تی ده‌توانین، کۆمه‌ڵگه‌ی ناچینایه‌تی به‌ڕێ بخه‌ین، ئه‌مه‌ش ته‌نیا و ته‌نیا به لێدانی پایه‌کانی مه‌یسه‌ر ده‌بێت؛ واته خاوه‌نداری تایبه‌تی و کاریکرێگرته، که سه‌روه‌ری چینایه‌تی ئه‌رکی پارێزگاری لێیان ده‌گرێته ئه‌ستۆ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پارله‌مان و سوپا و پۆلیس و دادگه و به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان و سه‌رۆکه‌کان ده‌خه‌نه گه‌ڕ و دواجار پارته‌کان له هه‌ر به‌رگێکدا بن، ئامانجیان گه‌ییشتنه به لوتکه‌ی پێگه‌ی ئابووری و ڕامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی پله‌به‌ندی‌کراو!
3. نه‌هێشتنی كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی سیاسی، ئیداری‌و ئابووری له‌كوردستان.
لێره‌دا ته‌نیا ئه‌وه‌نده به‌سه، که بپرسین: ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی به لانیکه‌م گه‌یشت، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێکجار بۆ سه‌رمایه پێویسته – وه‌ك ئۆروپا و ئه‌مه‌ریکا-، ئیتر پێویست ده‌کات خه‌بات بۆ "دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد‌و دادپه‌روه‌ر‌و خۆشگوزه‌ران‌و بێ چین‌و چه‌وسانه‌وه " بکه‌ین؟ ئه‌گه‌ر ئامانجیشمان سۆشیالیزمه، ئیتر چ پێویست به‌م پێچاوپێچه‌ی پارت و ئۆتوریته و پارله‌مان و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌کات، یا ئه‌وه‌تا له بنه‌ڕه‌تدا ئامانج ده‌وڵه‌تێکی بۆرژوازی سیکیولاریسته، که ده‌توانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه بێت به داخوازی و ڕه‌خنه‌ی ورده‌بۆرژوازی ناڕازی ورده‌گیر؟ ئه‌گه‌ر ئامانجی بزاڤی سۆشیالیستی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی سیکیولاریست بێت، که‌واته ئه‌وانه‌ی له ئۆروپا داخوازی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سۆشیالیستی ده‌که‌ن، دژی سۆشیالیزمن؟
4. دابینكردنی ئازادیه سیاسی‌و مه‌ده‌نیه‌كان له‌چه‌شنی ئازادی بیروڕا، رۆژنامه‌گه‌ری، رێكخراوبوون، خۆپیشاندان‌و مانگرتن‌و جێگیركردنیان له‌ده‌ستوورو یاساكاندا.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م خاڵه‌شیاندا ده‌کرێت، بپرسین: ئایا ئازادیخوازانی کۆمه‌ڵگه‌کانی ئۆروپا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئازادی ڕامیاری و سڤیلیستی له چه‌شنی ئازادی بیروڕا، ڕۆژنامه‌گه‌ری، ڕێکخراوبوون، خۆپیشاندان و مانگرتن له ده‌ستوور و یاساکانیاندا جێگیرکراون، ئیتر له خۆڕا خوازیاری کۆمه‌ڵگه‌ی بێ‌چین و چه‌وسانه‌وه‌ن؟
5.دامه‌زراندنی سیستمێكی ئابووری له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه، په‌ره‌دان به‌خاوه‌ندارێتی گشتی‌و ده‌خاله‌تی ده‌وڵه‌ت له‌دامه‌زراندن‌و بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری كوردستاندا، دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه ته‌ندروستی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.
هه‌رچه‌نده پێشتر که‌م تا زۆر ڕۆشناییم خسته سه‌ر ئه‌م تێڕوانینه، به‌ڵام " نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه، په‌ره‌دان به‌خاوه‌ندارێتی گشتی‌و ده‌خاله‌تی ده‌وڵه‌ت له‌دامه‌زراندن‌و بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری كوردستاندا، دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه ته‌ندروستی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. " قسه‌ی زیاتر هه‌ڵده‌گڕیت.
وه‌ك وتمان نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی داڕێژه‌رانی ئه‌م ڕاگه‌یاندنه چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه به واتا گشتییه‌که‌ی بێت، ئه‌وا ته‌نیا له سۆشیالیزم‌دا مه‌یسه‌ره. هه‌روه‌ها خاوه‌ندارێتی گشتیش هه‌ر له‌وێدا دێته دی و خاوه‌ندارێتی گشتی ناکاته خاوه‌ندارێتی ده‌وڵه‌تی! خاوه‌ندارێتی گشتی ته‌نیا له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا مه‌یسه‌ر ده‌بێت، که چینه‌کان ئاسه‌واریان نه‌مابێت، وه‌ك ده‌زانین تا ده‌وڵه‌ت هه‌بێت، چینێك یا ده‌سته‌یه‌کی رامیارکار سه‌روه‌ر ده‌بن، تاسه‌روه‌ریش هه‌بێت، مۆڵداری و بێموڵکی ده‌بێت، چونکه ده‌وڵه‌ت ئامرازێکه بۆ پارێزگاری له موڵکایه‌تی چینێك -بۆرژوازی- یا پارتێك -وه‌ك ئه‌وه له ڕوسیه بۆلشه‌ڤیکه‌کان جێگه‌ی بۆرژوازییان گرته‌وه و ته‌واوی کۆمه‌ڵگه بوونه پرۆلیتار-! ئیتر من تێناگه‌م " ده‌خاله‌تی ده‌وڵه‌ت له دامه‌زراندن‌و بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری كوردستاندا" په‌یوه‌ندی له‌ته‌ك "دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد‌و دادپه‌روه‌ر‌و خۆشگوزه‌ران‌و بێ چین‌و چه‌وسانه‌وه " چییه؟ ئایا ده‌کرێت بڵێین، ده‌وڵه‌تی عیراقی سه‌رده‌می سه‌دام، یوگوسلاڤیای سه‌رده‌می میلۆسۆڤیچ، ڕۆمانیای سه‌رده‌می چاوسیشکۆ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌خاڵه‌تیان له بۆژانه‌وه‌ی ئابوری ولاته‌کانیاندا هه‌بوو، سۆشیالیستی بوون و له‌و کۆمه‌ڵگه‌یاندا چه‌وسانه‌وه نه‌بوو؟
خاڵی شه‌شه‌م و حه‌وته‌م و هه‌شته‌م له‌سه‌ریان نادوێم، چونکه هه‌م ئیسلامییه‌کان و هه‌م نیئۆنازییه‌کان و هه‌م ئه‌و پارتانه‌ی که ئێستاکه له‌سه‌ر ته‌ختی سه‌روه‌رین، له کاتی هه‌ڵبژاردنی پارله‌ماندا ئه‌م دروشمه ناوه‌ڕۆك پوچانه‌یان به‌رزکردووه‌ته‌وه و ده‌که‌نه‌وه و ئه‌مه پاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه تا قسه‌کردن له‌سه‌ر گۆڕینی باری کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك. قسه‌کردن له‌و ئامانجانه له‌سایه‌ی سه‌روه‌ری چینایه‌تیدا له پاگه‌نده‌ی بێناوه‌ڕۆك به‌ولاوه‌تر نییه و نابێت!
دواجار ڕاگه‌یاندنه‌که دێته سه‌ر ""یه‌كێتی چه‌پی كوردستان" ئه‌و ماف‌و ئامانج‌و داخوازییانه‌ی سه‌ره‌وه به‌سه‌رخه‌تی گشتی پلاتفۆرمی سیاسی خۆی ده‌زانێت‌و بۆ به‌دیهێنانیان تێده‌كۆشێت، …. "
ئه‌گه‌ر هه‌ر خوێنه‌رێکی به سه‌رنج، کات و حه‌سه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بێت، ناوه‌ڕۆکی ئه‌م راگه‌یاندنه له‌ته‌ك ڕاگه‌یاندنی ده‌سته‌که‌ی پارتی کۆمونیستی کرێکاری عیراق (حککع) که بانگه‌وازییان بۆ پێکهێنانی پارتی کۆمونیستی کرێکاری کوردستان (حککک) کرد، به‌راورد بکات، ئه‌وا ئه‌وه‌نده به‌سه که وشه‌کان پاش و پیش پێ بکات و هه‌ندێکیان وه‌ربگێڕیته سه‌ر عه‌ره‌بی و فارسی، هه‌مان داڕشتن و ناوه‌ڕۆکی ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی ئه‌وان بده‌ست ده‌هێنێت، ئیتر چ پێویست به‌م و پارت و ڕێکخراو و گروپه ڕامیارییانه ده‌کات، مه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی سیکیولاریستی هه‌ر ئه‌وه نییه، که له ئۆروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئوسترالیا و که‌نه‌دا ده‌ستی ناوه‌ته بینه‌قاقای پڕۆلیتاریا و خراپتر له ده‌وله‌ته دیکتاتۆره‌کان مشه‌خۆری ده‌پارێزێت و ڕه‌وایه‌تی پێده‌دات؟ مه‌گه‌ر داخوازی مشه‌خۆرانه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته سیکیولاریستانه نییه، که له ئه‌مه‌ریکا و ئوسترالیا و ئۆروپاوه له‌شکر ده‌نێرێته سه‌ر عیراق و ئه‌فگانستان و یوگوسلاڤیا؟
ئێستا با بزانین، ئه‌م هه‌موو شێر و ڕێوییه‌یان له بۆ چییه" هاوكات بۆ خۆئاماده‌كردن‌و خۆرێكخستنی زیاتر خه‌ریكی زه‌مینه‌سازیه بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی پارتێكی خه‌باتكاری یه‌كگرتوو،…" بۆ ئه‌وه‌ی پارتێکی تر قوت بکه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر که‌سێك وشیار بێت، ئه‌وه ده‌زانێت، که ئه‌وه بوونی پارته کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی به‌م ڕۆژه گه‌یاندووه. پرسیارێك که لێره‌دا یه‌خه‌مان ده‌گرێت، ئه‌وه‌یه که ئێمه زه‌لیلی ده‌ستی پارت بین و هه‌ر پارتچییه‌تیش بووبێت، که بزووتنه‌وه‌که‌مانی پارچه‌پارچه کردبێت، ئیتر ئه‌و جادووه کامه‌یه که هێشتا به‌ره‌و پاوانه‌کانی پارت و کۆیله‌تی ڕێکخستنی قوچکه‌یی پارت راکێشمان ده‌کات؟ کاتێك که پارت ئامرازی گه‌شتن به ده‌سه‌لات و ده‌سه‌ڵاتیش ڕاگری کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی و دواجار ڕێکخستنه‌وه‌ی خێڵ له پارتدا و مۆدێرنیزه‌کردنی خێڵ له چوارچێوه‌ی پارتدا بێت، ئیتر ئه‌م هه‌موو شیدایی و هۆگرییه بۆ پارت له‌لایه‌ن که‌سانێکه‌وه که خۆیان به سۆشیالیستخواز داده‌نێن، له پای چییه؟
له کۆتاییدا به پێویستی ده‌زانم دوا تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتنم ئه‌م چوونه‌یه، که پارت بریتییه له مۆدێرنیزه‌کردنی خێڵ، چونکه مه‌گه‌ر تاکی خێڵ هێنده‌ی ئه‌ندامی پارت ئاماده‌یی کۆیله‌تی و گوێڕایه‌ڵی کوێرانه بێت بۆ سه‌ره‌وه. ته‌نیا تاکی خێگه‌راییه که هێنده‌ی ئه‌ندامانی پارت هۆگر و شه‌یدایی شوانه‌یه و چه‌پ و راستی بۆ دیاری بکات و گوێرایه‌ڵی سه‌رانی خۆی بۆی جێگه‌ی شانازی و ئاسووده‌یی کۆیله‌کانی ناخی بێت! له‌م سه‌رده‌مه‌دا که دیواره‌کانی نه‌ته‌وه له‌به‌رده‌م هێڕشی نیئۆلیبرالیزمدا ده‌ڕمێن، پێداویستی گه‌رانه‌وه بۆ خێڵ و مۆدێرنیزه‌کردنی به‌پێی پێداویستییه‌کانی ئه‌وڕۆکه، کۆڵه‌که‌ی راگرتنی خۆشباوه‌ڕییه‌کانه، چونکه مه‌گه‌ر خێڵایه‌تی هێنده‌ی پارتایه‌تی بتوانێت تاك گیل و ده‌سته‌مۆ بکات و به‌هه‌زار و یه‌ك سه‌ره‌داو پابه‌ندی ڕێکخستنی قوچکه‌یی کۆمه‌ڵگه‌ی بکاته‌وه!
په‌راویز:
* سه‌رچاوه‌ی لێوه وه‌رگیراو:
http://www.hawpshti.com/ku/index.php?option=com_content&task=view&id=2067&Itemid=1
** خوێنه‌رانی هێژا بۆ ئاگاداربوون له بۆچوونه‌کانم له‌مه‌ڕ پارت و چه‌پ ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینکانه بکه‌ن:
خاڵی ده‌ستپیکردن و یه‌کگرتن، سه‌راتاکانن
http://hezhean.kurdblogger.com/30080/
http://hezhean.kurdblogger.com/30081/
http://hezhean.kurdblogger.com/30082/
http://hezhean.kurdblogger.com/30083/
بزوتنه‌وه‌ی کۆمونیستی و گرفته‌کانی یا تێکشکانی پارتایه‌تی چەپ
http://hezhean.kurdblogger.com/30055/
http://hezhean.kurdblogger.com/30078/
http://hezhean.kurdblogger.com/10381/
جارێکی تریش کۆمەڵگەی کوردستان پێویستی بە خۆڕزگارکردنە نەك بە ڕزگارکەر
http://hezhean.kurdblogger.com/12172/
http://hezhean.kurdblogger.com/10379/
http://hezhean.kurdblogger.com/10380/
پەڕوپینەی کەشکۆڵی دڕا‌و بە خمڕێژکردن ناکرێ
http://hezhean.kurdblogger.com/32123/
http://hezhean.kurdblogger.com/32233/
http://hezhean.kurdblogger.com/32317/
جیابوونه‌وه‌کانی ناو (حککع)، جیابوونه‌وه له‌نێوان گێژه‌لووکه‌ی نه‌زمی نوێ و گێژاوی ئایدیۆلۆژیدا
http://www.geocities.com/dalyan20002000/1.pdf
http://www.geocities.com/dalyan20002000/2.pdf
سه‌رهه‌ڵدانی پارتی چه‌پی کوردستان
http://hezhean.kurdblogger.com/1355/
*** جیاوازی چه‌پ و بزاڤی سۆشیالیستی
http://hezhean.kurdblogger.com/11520/
http://hezhean.kurdblogger.com/11479/
*** په‌یڕه‌وپرۆگرامی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان (کۆڕه‌ك).