Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
سواڵکردنی ژنانی ئێراق بۆ بینینی ڕۆڵه‌کانیان….وه‌رگێڕانی: ئازاد به‌کر

سواڵکردنی ژنانی ئێراق بۆ بینینی ڕۆڵه‌کانیان….وه‌رگێڕانی: ئازاد به‌کر

Closed
by December 8, 2008 گشتی

 سواڵکردنی ژنانی ئێراق بۆ بینینی ڕۆڵه‌کانیان    
 
 
 دایکی عه‌لا به‌ جله‌ ڕه‌شه‌ دڕاو وسه‌رتاپا تۆزاویه‌کانیه‌وه‌ چه‌ند کاتژمێرێکی دوورودریژ له‌به‌رده‌می مزگه‌وتی (ئیخوه‌ت سالحین)ی گه‌ڕه‌کی عامریه‌ی به‌غدا ڕاده‌وه‌ستێ، تاچه‌ند هه‌زار دینارێک به‌ده‌ست بهێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی کوڕه‌ گیراوه‌که‌ی بکات له‌ به‌ندیخانه‌ی (سوسێ) که‌ له‌ نێو چیاکانی سله‌یمانیدایه. دایکی عه‌لا مکوڕه‌ له‌سه‌ر نیشاندانی کارتی فه‌رمی که‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ شوێنی گرتنه‌که‌ی، کوڕه‌که‌ی کاتی خۆی پاسه‌وانی ئه‌و مزگه‌وته‌ بووه‌‌ که‌ له‌ ئاکامی شه‌ڕی تایفی و ڕووداوه‌ توندوتیژیه‌کاندا له‌ شوباتی 2006 دا له‌ سامه‌ڕا ته‌قێنرایه‌وه‌. که‌یسی دایکی عه‌لا ته‌نیا و ده‌گمه‌ن نی یه‌، له‌م ماوانه‌ی دواییدا دیارده‌ی پاڕانه‌وه‌ له‌ پێناوی په‌یداکردنی پاره بۆ سه‌ردانی زیندانیه‌کان زۆر ته‌شه‌نه‌ی کردووه‌.‌ بوونی هه‌زاران زیندانی که‌ به‌ندیخانه‌کانی وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆ و داد پێ پڕکراوه‌، سه‌ره‌ڕای به‌ندیخانه‌کانی هێزی داگیرکه‌ری ئه‌مه‌ریکا. تێبینی ده‌کرێ له‌ لای ده‌رگای مزگه‌وته‌کانه‌وه‌ ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ ژنان خه‌ریکی ئه‌م کاره‌ن، وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ڕێژه‌یان له‌ زیادبووندایه‌ به‌ تایبه‌تی له‌کاتی نوێژی هه‌ینیدا چونکه‌ نوێژکه‌ران له‌م ڕۆژه‌دا زیاتر خێر به‌ هه‌ژاران ده‌که‌ن. کاتێک ئه‌وپارانه‌ی له‌وێ ده‌ستیان ده‌که‌وێت که‌مه‌و به‌شی سه‌ردان یان (مواجه‌) ناکات تراژیدیا‌که‌ی ئه‌و ژنانه‌ په‌ره‌ده‌سێنێت، ده‌چن هه‌موو بازاڕ و دوکانی بازرگانی و ماڵان ده‌گه‌ڕێن و و پرسیار له‌ خه‌ڵکی ده‌که‌ن نرخی بینینی کوڕه‌کانیان پێ بده‌ن. بارودۆخی دایکی ئه‌م گیراونه‌ و هه‌ڵوێستیان له‌م دیارده‌یه‌ جیاوازه‌، له‌کاتێکدا خه‌وله‌ به‌یاتی دایکی گیراوێکه‌ له‌ زیندانی (ته‌سفیرات) سوێند ده‌خوات و ده‌ڵی گه‌رکه‌لوپه‌لی ماڵه‌که‌ هه‌مووی بفرۆشم ‌ یان نه‌چوون بۆ بینینی کوڕه‌که‌م پێ باشتره بیر له‌ پاڕانه‌وه‌ی ده‌ستی خه‌ڵکی بکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام دایکی عه‌لا به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی توڕه‌یی به‌ڕوویه‌وه‌ ده‌ڵی:(له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئێمه‌ هیچمان نی یه‌ بیفرۆشین، پێش دووساڵ له‌گه‌ڕه‌کی شوعله‌ ده‌ریانکردین و نه‌یان هێشت هیچ شتێکی ماڵه‌که‌مان له‌گه‌ڵ خۆماندا به‌رین). به‌پێ ی سه‌رژمێری وه‌زاره‌ته‌کانی داد و مافی مرۆڤ 49 به‌ندیخانه‌ی هه‌میشه‌یی و کاتی له‌ ئێراقدا هه‌یه‌، له‌و نێوه‌دا 14 به‌ندیخانه‌ی گه‌وره‌یه‌، یه‌کێکیان تایبه‌ته‌ به‌ژنان و چواریان بۆ مێردمنداڵان، چوار گرتووخانه‌ی گه‌وره‌ش که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی داگیرکه‌ر سه‌رپه‌رشتی ده‌کات، که‌ (بۆکا) له‌ به‌سره‌ و (کرۆبه‌ر) یان (فڕۆکه‌خانه‌) له‌ به‌غدا که‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ گیراوانی تێدایه‌، هه‌روه‌ها( خه‌زراو) له‌ ناوچه‌ی سه‌وز، که‌ تایبه‌ته‌ به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تی وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی داگیرکه‌ر بێده‌نگیان لێکردووه‌، وه‌ گرتووخانه‌ی (سوسێ) له‌ سله‌یمانی که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردی ده‌سه‌ڵات و ئیراده‌یان به‌سه‌ریه‌وه‌ نی یه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ کوردستانیشدایه‌، هه‌روه‌ها گرتووخانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی له‌ تاجی و سه‌لاحه‌دین و کوت، به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دا و مافی مرۆڤ. ئاماژه‌ به‌و ڕاپۆرتانه‌ی وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ که‌ له‌‌ لیژنه‌ی پشکنینی به‌ندیخانه‌و گرتووخانه‌کانه‌وه‌ هاتوون ژماره‌ی گیراوه‌کان، بێ جگه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، نزیکه‌ی 47445 که‌سه‌، نزیکه‌ی نیوه‌یان (23229 گیراو) له‌ به‌ندیخانه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا ده‌ناڵێنن. له‌م به‌ندیخانانه‌دا ئه‌شکه‌نجه‌دان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان و زۆره‌، لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ 112 حاڵه‌تی گرتووه‌ که‌ له ‌نێوانیاندا سیانیان ژنان بوون، هه‌روه‌ها دیارده‌ی به‌رتیل خواردن له‌ که‌س و کاری گیراوه‌کان، هه‌ر له‌ پارێزه‌ره‌کانه‌وه‌ که‌ نرخه‌کانیان له‌ 500 دۆلاره‌وه‌ بۆ 2500 دۆلاره‌ به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی که‌یسه‌کان له‌ که‌س و کاری گیراوه‌کان. هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌ی بچوکیش له‌ناو زیندانه‌کاندا ده‌کرێ تا گیراوه‌که‌ له‌گه‌ڵ که‌س و کاریدا به‌ ته‌له‌فۆنی موبایل قسه‌ بکات به‌کارتی 10 دۆلاری و 20 دۆلاری که‌ده‌بێت له‌پێشدا پاره‌که‌ی بدرێ و له‌ باشترین حاڵه‌تدا قسه‌کردن دوو تا سێ ده‌قه‌ ده‌خایه‌نێ.
 دایکی عه‌لا خه‌رجی سه‌ردانی کوڕه بیست و چوار ساڵیه‌که‌ی  زیندانی سوسێ ی شاری سلێمانی به‌ درێژی ده‌گێڕێته‌وه‌، گه‌شته‌که‌ی له‌ ناوچه‌که‌ی خۆیانه‌وه له‌ قه‌را‌غی به‌غدا‌ بۆ گه‌ڕاجی نه‌هزه‌ به‌ دوو هه‌زار دینار ‌ ده‌ست پێده‌کات، 15000 دیناریش کرێ ی سه‌فه‌ره‌که‌یه‌تی‌ به‌ سه‌یاره‌ بۆ که‌رکوک، پاشان بۆ سلێمانی 6000 دینار ده‌دات، له‌م قۆناغه‌ی دوایشدا ئاماده‌کردنی که‌فیل زه‌حمه‌ته که‌ ده‌بێت کوردبێت‌، ‌ئه‌وه‌ش مه‌رچی چوونه‌ ناوه‌وه‌ی شاری سلێمانی یه، هه‌رکه‌سێکیش که‌فیلی نه‌بێ ناتوانێ بچێته‌ ناوشار و ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ به‌غداد، پاش گه‌یشتن به‌ گه‌راجی سله‌یمانی ، هه‌رزانترین ته‌کسی بۆ ناوچه‌ی ئوتێله‌کانی شه‌قامی کاوه‌ ‌ 5000 دیناره‌. پێویسته‌ ئه‌و که‌سه‌ی سه‌ردانی گیراو ده‌کات ژوورێک له‌ یه‌کێک له‌ ئوتێله‌کان به‌کرێ بگرێت و تیا بمێنێته‌وه‌ و له‌ وێوه‌ به‌ره‌و به‌ندیخانه‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌به‌یاندا بکه‌وێته‌ ڕێ، له‌ کاتێکدا ناتوانی خۆت بخه‌یته‌ مه‌ترسی و له‌شه‌ودا له‌ به‌غداوه‌ سه‌فر بکه‌یت، وه‌ نرخی شه‌وی ژوورێک مانه‌وه‌ 25000 دیناره‌ بێ هیچ خزمه‌تگوزاریه‌ک، له‌ به‌یانی زوودا دایکی عه‌لا ئوتومبێلێک ده‌گرێ که‌ نه‌فه‌ری به‌ 6000 دیناره‌ و به‌ره‌و به‌ندیخانه‌ی سوسێ له‌‌ نێو زنجیره‌یه‌ک چیادایه‌‌ ده‌که‌وێته‌ ڕێ. وه‌ پێویسته‌ بڕێک پاره‌ش بداته‌ گیراوه‌که‌ بۆ پێویستیه‌کانی ڕۆژانه‌ی خۆی له‌ناو زینداندا که‌ 100000 دیناره‌ (نزیکه‌ی 83 دۆلاره‌) ڕاسته‌وخۆ ده‌یدا به‌ زیندانیه‌که‌ یان وه‌ک باڵانسێک لای بازاڕی به‌ندیخانه(حانوت)‌ دایده‌نێت. وه‌ به‌ خه‌رجی کرێ ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ به‌غدا که‌وه‌ک چوونه‌که‌یه‌تی، که‌مترین بڕه‌ پاره‌ بۆ سه‌ردانی زیندانیه‌ک چاره‌که‌ ملیۆنێک دیناره‌ (نزیکه‌ی 215 دۆلاره‌)، وه‌ کرێکه‌ به‌ ڕۆشتنی مناڵی زیندانیه‌که‌ یان ژنه‌که‌ی زیاتر ده‌کات،‌ دایکی عه‌لا پرسیار ده‌کات له‌ چۆنێتی به‌ده‌ستخستنی ئه‌م پاره‌یه‌ هه‌موو دوو یا سێ مانگ جارێک، بۆ بێوه‌ژنێکێک که‌ هیچ به‌خێوکه‌رێکی نه‌بێ جگه‌ له‌ کوڕه‌ گیراوه‌که‌ی. به‌ هه‌مان شێوه‌ کرێی سه‌ردانی به‌ندیخانه‌ی بۆکا له‌ به‌سره‌ش هه‌روایه‌ له‌گه‌ڵ ماندوویی و زه‌حمه‌ت جارێک بۆ دیاریکردنی کاتی سه‌ردان و جارێکی تر بۆ سه‌ردانی گیراو که‌ئه‌مه‌ش خه‌رجی سه‌ردان دووقات ده‌کات. دایکی عه‌لا تا ئێستا کۆمه‌ڵه‌یه‌ک یان پارێزه‌رێکی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ به‌خۆڕایی کۆمه‌کی پێ بکات و کوڕه‌که‌ی بۆ بگوێزنه‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌کی نزیکی به‌غدا، سه‌ره‌ڕای دڵنیایی له‌وه‌ی کوڕه‌که‌ی به‌شداری هیچ کارێکی چه‌کداری نه‌کردووه‌ و (  ڕۆژێک له‌ ڕۆژانیش دژی حکومه‌ت نه‌بووه‌)، یاسای لێبوردنی گشتی که له‌ مانگی‌ شوباتی ڕابردوودا ده‌رچووه‌ ده‌یگرێته‌وه‌، دیسانه‌وه ‌دایکی عه‌لا  ده‌ڵێ ( داوای به‌ربوونی کوڕه‌که‌م ناکه‌م تا سه‌ره‌ی خۆی دێ و داوا ده‌که‌م بیگوێزنه‌وه‌ بۆ کازمیه‌ یان یان ته‌سفیرات یان نسور( ئه‌مانه‌ به‌نیخانه‌ن له‌ به‌غدا). ئه‌م ژنه‌ په‌نجا ساڵی یه‌ له‌ به‌یه‌کگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ که‌س و کاری گیراواندا له‌ زیندانه‌کانی به‌غدا فێر بووه‌ که‌ ده‌ڵێ (دۆخی سه‌ردان له‌ به‌ندیخانه‌کانی به‌غدا زیاتر قورستره‌، سه‌ردان له‌ ڕێی دوو دیواری ته‌لبه‌نده‌وه‌یه‌‌ ماوه‌ی نێوانیان یه‌ک مه‌تر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی زیندانیان و ئه‌وانه‌ی سه‌ردانیان کردوون به‌و جۆره‌ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌مدا هه‌رچه‌ند هاواریش بکه‌یت کارێکی مه‌حاڵ ده‌بێت‌)، له‌ هه‌مان کاتدا ده‌بینێ ئه‌و پاره‌زۆره‌ی له‌ ڕێی به‌غداو سلێمانیدا خه‌رجی ده‌کات، وه‌ ئه‌و کاره‌ ناخۆشه‌ی ده‌یکات تا پاره‌ی ده‌ست که‌وێت وای لێده‌کات ئاواته‌خوازی که‌مترین چاره‌بێت، ئه‌ویش چاوه‌ڕوانی کۆتایهاتنی ڕاپه‌راندن و جێبه‌جێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی یه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌وڵانه‌ی لێپرسراوان داویانه‌ له‌ داڕشتن و گفتوگۆ و بڕیاردان له‌سه‌ر یاسای لێبوردنی گشتی مانگی شوباتی ئه‌م ساڵ، که‌ زۆربه‌ی خێزانه‌ ئێراقیه‌کان بۆ به‌ربوونی کوڕه‌کانیان له‌ زیندانه‌کاندا پشتیان پێ به‌ستووه‌، به‌ڵام ئه‌و یاسایه‌ به‌ ئاشکرا سستی له‌ جێبه‌جێکردنیدا ده‌کرێ‌ تاڕاده‌ی وه‌ستاندنی له‌ مانگی سیبته‌مبه‌ری ڕابردووه‌ وه‌ تائێستا، وه‌ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هۆکاری ئه‌م دواکه‌وتنه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ ( سه‌ختی کارگێڕێتی) که‌ له‌ پێویستی مسۆگه‌رکردنی کاروباری گوێزانه‌وه‌ی گیراوه‌ ئازادکراوه‌که‌وه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ تا گه‌یاندنه‌وه‌ی به‌ که‌س و کاری به‌سه‌لامه‌تی. هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ته‌نیا 2500 گیراویان له‌ زیندانه‌کانی بۆکا و کرۆبه‌ر (فڕۆکه‌خانه‌) له‌ مانگی ئه‌یلولی ڕابردوودا ئازادکردووه‌، دیاره‌ لێپرسراوانی ئێراقی ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌ ژماره‌یه‌کی زیاتر له‌ زیندانیان ئازاد ده‌کرێت(نزیکه‌ی 18 هه‌زار به‌ندکراوه‌)، وه‌ داخستنی ئه‌و به‌ندیخانه‌ گه‌ورانه‌‌ له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌ره‌تای ساڵی نوێدا، پاش ئه‌وه‌ی 5000 به‌ندکراو ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ی تاجی له‌ پایته‌ختی به‌غدا چونکه‌ بڕیاری لێبوردن نایانگرێته‌وه‌. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ (ئه‌حمه‌د ڕه‌عدی 24 ساڵه‌) هه‌ڵسوڕاو له‌ بواری مافی مرۆڤ و که‌یسی گیراوه‌کاندا ده‌ڵێت:( ده‌سه‌ڵاتدارانی جێبه‌جێکه‌ر له‌ وه‌زاره‌ته‌کانی به‌رگری و ناوخۆ و ده‌زگاکانی ئاسایش، یاساکه‌ جێبه‌جێناکه‌ن و هه‌روه‌ها به‌ شێوازی جۆراوجۆر و هۆکاری سیاسی و تایفی ڕێگری بۆ دروست ده‌که‌ن، سه‌ره‌ڕای ڕاگه‌یاندنی حکومه‌ت له‌وه‌ی که‌ له‌ سه‌دا هه‌شتای گیراوه‌کان بێتاوانن، وه‌ دواخستنی ئازادکردنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کاروباری کارگێڕی ‌. (ئه‌حمه‌د ڕه‌عد) به‌لایه‌وه‌ سه‌یره‌ (خاو و خلیچکی له‌ جێبه‌جێکردنی یاسایه‌کدا ده‌کرێ که‌ له‌ گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه‌ی یاسادانانی ووڵاته‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر درابێت، ئه‌م کرداره‌ش کاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ داده‌نێت که‌ بۆ ئاشتاوه‌یی نیشتمانی دراوه‌)، وه‌ ئه‌م هه‌ڵسوڕاوه‌ مافخوازه‌ ده‌بینێ ( هه‌وڵدانی زۆر ئاشکرا له‌ لایه‌ن هێندێ لێپرسراوانه‌وه‌  بۆ ڕێگرتن له‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌م یاسایه هه‌یه ‌له‌سه‌ر دژایه‌تیکردنی هێندێک هه‌ڵوێستی پێشووتردا)، ئه‌و که‌سانه‌ش ئه‌وانه‌ن که‌ دایکی عه‌لا دوای چۆڵبوونی مزگه‌وت ئه‌ڕوات و باسی ده‌کا ( ئایا ئه‌وانه‌ ڕازیده‌بن دایکان و کوڕه‌کانیان له‌ شوێنی ئێمه‌دا یان له‌م هه‌ڵویسته ملکه‌چیه‌دا‌ بوونایه).

 سه‌رچاوه‌: نه‌قاش‌ ‌ 
 http://www.almannarah.com/NewsDetails.aspx?CatID=6&NewsID=6885
 وه‌رگێڕانی: ئازاد به‌کر
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.