
بهنگلادیشیم …..رۆژانه‌ی (شێرزاد هه‌ینی)یه
برێڤ — رۆژانه‌ی (شێرزاد هه‌ینی)یه.
Sherzad.heini@gmail.com
بهنگلادیشیم
ئه‌و براده‌رانه‌ی له‌کاتی پشووه‌کانی کار‌و خوێندن و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و به‌رنامه حزبیه‌کان و ساخکردنه‌وه‌ی موڵک و سامانه‌کانیان، یان بۆ سه‌ردانی دایکه نه‌خۆشه‌کانیان ده‌چنه‌وه کوردستان، حه‌زده‌که‌ن یه‌کتری ببین، دانیشتن و رازی یه‌کتریان لا خۆشه، باسی خهمو خشته‌ی گه‌ڕانه‌وه‌و قورسی جانتاو هه‌رزانی و گرانی بازاری هه‌ردوو وڵات ده‌که‌ن، به‌یه‌که‌وه بابه‌تی هاوبه‌شیان زۆره، بۆیه منیش هاوڕێیه‌کم دۆزییه‌وه که‌پێش من گه‌ڕابووه‌و له‌گه‌ڵ خۆی شتێکم پێ رهوانهکردبوو، هه‌ر بۆ سوپاسکردن و بۆ هاوبه‌شی قسه‌کانمان دیمانه‌مان بوو.
زوو لێم پرسی، شێری یان ریوی، چیتکرد، دایکت داوه‌که‌ی بۆ دانایتهوهو پێوه‌بوویت، ژنه‌که‌ت ماره‌کرد، ده‌به‌سه ده‌ی! ده‌بێ تۆش بۆ خۆت ماڵ و حاڵێک بۆ خۆت پێکوهبنێت، ئه‌ویش به‌بزه‌وه وڵامی دامه‌وه‌و وتی:
به‌ڵێ، مامه هه‌مووشته‌کان ته‌واوبوو، مارهشم کرد‌و له‌سه‌فاره‌تی سوید له تاران نۆره‌ی ئینتهرڤیویشیان بۆ گرتم، ئاسان بوو، دوو سه‌ردان و دوو دانیشتن و دوو نیگا‌و دوو به‌ڵێن و دوو ده‌رچوون، له‌گه‌ڵ په‌نجا میسقال زێر‌و په‌نجا وێنه‌ی ره‌نگاوره‌نگ و په‌نجا جار ته‌له‌فۆن و په‌نجا پرسیار‌و وڵام، پێنج کیلۆ شیرینم برد‌و پێنج دیارییم بۆ ماڵه‌وه‌یان هه‌ڵبژارد ته‌واو… جارێک له رێستورانتی (دوو به دوو) نانمان خوارد، دوو جار له بازاری قه‌یسه‌ری دیاریمان هه‌ڵبژاردو له پارکی هه‌ولێریش دوو گوڵمان بژاردو ته‌واو. ده‌ستی بۆ مۆبایله‌که‌ی گیرفانی برد‌و وێنه‌ی ده‌ستگیرانه‌که‌ی له‌سه‌ر شاشه بچووکه بۆ ده‌رهێنام و وتی، ئه‌وه‌ش وێنه‌ی هه‌ردووکمان، ئه‌وه‌ش وێنه‌ی حه‌یاته‌که.! واده‌زانم ده ساڵه ده‌یناسم، واده‌زانم هه‌رده‌م ده‌ستی له‌ناو ده‌ستمه، له‌ته‌نیشتم ده‌ڕوات، له‌ناو دڵ و هه‌ناسه‌م جێگای بوویته‌وه.
دیاره منیش پیرۆزباییم لێکردو هانمدا زووتر کاره‌کانی ته‌واو بکات، تا له ستۆکهۆلم ئاهه‌نگێکمان بۆ سازبێت. هه‌ر به‌پێکه‌نینه‌وه براده‌ره‌که وتی، من وه‌ک خه‌ڵکی نه‌مووت، من له گه‌له‌ری (شیستا) کارده‌که‌م، نه‌مووت له ساڵی یه‌که‌می زانکۆم، نه‌مووت کاری وهرگێری ده‌که‌م، نه‌مووت مۆڵه‌تی تاکسی و پریڤاتم هه‌یه، نه‌مووت رێستوارانتم هه‌یه، به‌ساده‌یی و به‌ئاسانی وتم، من له‌وێ وه‌ک ئه‌و به‌نگلادیشیانه‌ی ئێره کاری پاککردنه‌وه‌و خاوێنکردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌کان و قوتابخانه‌کان و جامخانه‌کان ده‌که‌م، وه‌ک ئه‌وانه به‌دله‌یه‌کی شینم له‌به‌ره، وه‌ک ئه‌وانه رۆژانه هه‌شت سه‌عات کارده‌که‌م، من رێک وام وت، به‌ڵام به‌روونیش وتمÖ
مووچه‌که‌م باشه، شوقه‌ی خۆم هه‌یه، کۆمپیوته‌رو ئه‌نته‌رنێت و کامیراو ته‌له‌ڤزێونی پلازماو ماڵی خاوێن و کۆنه ئوتومبێلێک و پشووی یه‌ک مانگی و پاشکه‌وتی مانگانه‌و خواردن و خواردنه‌وه‌ی باش و .. هه‌موو شتم هه‌یه، به‌ڵام وه‌ک به‌نگلادیشییه‌کانی ئێره به‌دله‌یه‌کی شینم له‌به‌ره‌و به ئوتومبێلێکی دوا مۆدیلی شه‌ریکه‌که‌مان به‌یانیان ده‌چمه سه‌رکارو به‌هه‌مان ئوتومبێلێش ده‌گه‌رێمه‌وه، به‌و پاره‌یه‌ش زێرهکهم کڕیوه‌و سه‌فه‌ره‌که‌م کردووه‌و خانووه‌که‌ی گه‌ڕه‌کی برایه‌تیم تاپۆکردووهو ژنه‌که‌ش دهگوازمهوهو له هۆلێکی نازداری ستۆکهۆلمیش ئاهه‌نگێکی شاهانه‌ش ده‌که‌م، سه‌د که‌سیش داوه‌ت ده‌که‌م، تا نیوه‌ی شه‌ویش با شاییش بکه‌ین، پاشان من ده‌ستی (رووناک) ده‌گرم و ده‌یبه‌مه ژوورێکی (تاریک).