بەڵێن … هێرۆ مەولوودی
لەم ڕۆژانەدا
دنیا وەك ماڵێ بچووكە بۆم
چركەكان چاوەرێن و
من
_تەنیا_
دەمارەكانم خویان گرتووەبەلێدان.
تۆ
نازانى و
من
ناتوانم- بڵێم.
خۆشەویستیت بەنهێنى دێلمەوە
وتەنیا
بەچاوى عشق دەدوێم
نەمدەزانى
ڕۆژێك دادىَ
پێكى تاڵى جیابونەوەت
دەنۆشم
نەمدەزانی نارۆی و
-لێم ون دەبى_
بەرگى تازیەى
بێ تۆیی
دەپۆشم.
رۆیشتی و وات دەزانی
شیعرەكان كۆستیان دەكەوێت و
پیتەكان
گەمارۆی هەستەكان نادەن.
رۆیشتی و
دوای رۆیشتنت
ئازارەكانی جەستەی عاشق بووم
خستە دەست دێوەزمەكان و
نگریسەكانی وەهمەوە.
رۆیشتی و
دوای رۆیشتنت
ناسنامەی كچ بوونم هەڵگرتوو
رەدووی
گوناهە نەكراوەكانی عەشق كەوتم.
لە ئازارى بێ تۆیی
لە قین قسە نەكراوەكانی دڵم
لە گەڵ شەمشەمە كوێرەكانی بوون
كەوتمە ئاخاوتن.
ئێستا
منم و دابڕان
منم و پەنجەرەكانی نەكراوەى
ژوری بێ پاسەوانى عەشق.
تەنیایی بووەتە هاورێم
نازانم لە گەڵ كێ بدوێم.
شەو و رۆژیش
لە گەڵ چركەكانی كاتژمێر درۆ دەكەن.
نازانم تۆ بڵێ:
بۆ كێ بدوێم؟
ئێستا ،كە
هەناسە لە گەرووم یاخی بووە و
فرمێسك
سەردانی كونجە رەشەكانی چاوم ناكات
و
دڵت بوەتە گاشە بەردێك
سەردانی ژورى دڵم ناكات
بەڵێن ئەدەم
بڕوا بكەم بە رۆیشتنت
بەڵێن ئەدەم
ئیزن نەدەم
چیتر نیگاكانت
خەیاڵی دڵم داگیر بكات و
بۆی بدوێم
بەڵێن ئەدەم
بڕوا بكەم بە رۆیشتنت.
gelarezan @yahoo.com