فیاسکۆی ئۆپۆزیسیۆن له‌هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌کوردستاندا.
فیاسکۆی ئۆپۆزیسیۆن له‌هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌کوردستاندا.
کامیار سابیر
ماوه‌یه‌که، بیروبۆچوونه جیاوازه‌کانی ناو رێکخستنه‌کانی یه‌کێتیی و ئه‌وانه‌ی به کۆنه یه‌کێتیی ئه‌ژمارد ده‌کرێن، به‌ئاستێکی دژوار گه‌یشتووه. زۆر نووسه‌رو رۆشنبیر و که‌سایه‌تیی، بۆچوونه‌کانیان به‌نووسین و به‌شێوازی تر بڵاوکردووه‌ته‌وه. سه‌رنجڕاکێشترینی ئه‌و بۆچوونانه لای من ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێ" یه‌کێتیی و پارتیی ته‌واو لێک ده‌چن و جیاوازییان نه‌ماوه". ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌کی ره‌ها راست نییه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌نده له‌یه‌ک ده‌چن، خه‌ریکه وه‌ک دوو رووی یه‌ک دراو ببینرێن. له ترادیسیۆنی حیزبیی و سیاسییه‌وه بیگره، تا به ئۆلیگارشی‌ی به‌ڕێوه‌بردن و قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات و لرفدانی سامانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی خه‌ڵکی کوردستان ده‌گات. هه‌نووکه گهجهرترین و نهدانترین که‌س ئه‌و که‌سه‌یه که بڵێ یه‌کێتیی و پارتیی جیاوازییان زۆره و له‌یه‌کچوونه‌کانیان که‌متره.
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ره‌خنه له یه‌کێتیی و مه‌کته‌بی سیاسییه‌که‌ی ده‌گرن، به‌لای سه‌ره‌داوی کێشه‌کاندا، که خودی مام جه‌لاله، ناچن،. چ ئه‌وانه‌ی له ده‌وروبه‌ری"ره‌گ"ن ، یاخود باڵی ریفۆرم و لایه‌نگرانیانن، به موجامه‌له‌یه‌کی زۆر بێماناوه به هه‌ڤاڵ " مام جه‌لال" ده‌ست پێده‌که‌ن و به چه‌ترو مه‌رجه‌ع کۆتایی به بۆچوونه‌کانیان ده‌هێنن. راسته ساڵانێکی دوورودرێژه ئه‌و پیاوه تێکۆشانی سیاسیی هه‌یه، زۆرینه‌ی کورد" به‌خۆیشمه‌وه" خۆشحاڵ بووین که کوردێک بۆیه‌که‌مجار له‌مێژوودا به‌سه‌رۆکی عێراق ببێ. به‌ڵام ئه‌وه گرنگه ئایا مام جه‌لال له‌هه‌نووکه‌دا له‌کوێی هاوكێشه سیاسیی و جیاوازییه‌کاندا وه‌ستاوه. قازانجه‌کان و زیانه‌کانی ئه‌گه‌ر لێکیان ده‌رکه‌یت، چه‌ندی ده‌مێنێته‌وه.
ئاخر چۆن مام جه‌لال ده‌بێ به " مه‌رجه‌ع" و چه‌تری کۆکردنه‌وه، له‌کاتێکدا هیچ جیاوازییه‌ک له‌نێوان هه‌نووکه‌ی مام جه‌لال و مه‌لا مسته‌فای بارزانییدا نه‌ماوه. هه‌ردووکیان له قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها له‌ده‌ستی تاکه رابه‌ردا، ته‌واو هاوبه‌شن. هه‌ردووکیان سامان و دارایی حیزب و شۆڕش و گه‌لیان به‌ته‌واویی له‌به‌رده‌ستدا بووه‌و هه‌یه. ئایا هیچ سه‌رکرده‌و سیاسییه‌کی یه‌کێتیی، جگه له‌خودی مام جه‌لال، ده‌زانێ سامان و موڵکی حیزب چه‌نده و له‌کوێیه؟. ئه‌وانه‌ی پێیانوایه که مام جه‌لال ده‌کرێ ببێ به‌چه‌تری کۆکردنه‌وه‌و مه‌رجه‌عی بۆچوونه جیاوازه‌کان، له کوانووی ئه‌ندێشه‌دا ده‌یگوزه‌رێنن و ئاگایان لهدیفاکتۆکان نییه. یاخود له‌باشترین دۆخدا خۆیانی لێ نه‌بان ده‌که‌ن. مام جه‌لال که خۆی داینه‌مۆی هه‌موو شتێک بێت، خۆی لایه‌نگری باڵی سه‌ره‌کیی و زاڵ بێ و هیچ سیناریۆو پێشهاتێک نییه ئه‌و ئاگاداری نه‌بێ و ئاماده‌ش نییه به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی خۆی بۆ هه‌ر پێشنیار و که‌سێک به ئاسته‌م له‌ق بکات، چۆن به مه‌رجه‌ع ده‌بێت؟
هه‌نووکه ده‌نگۆی ئۆپۆزیسیۆنبوونی زۆرێک له‌کادیرانی یه‌کێتیی له‌ئارادایه، به‌ڵام گرفتی کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ناو باڵی ریفۆرم و به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆمپانیای وشه‌ش ئه‌وه‌یه، که ئاماده‌نین "به‌رپرسیارییه‌تیی" له‌ئه‌ستۆ بگرن. هه‌ر که‌سایه‌تیی و سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسیی ، ئازایه‌تیی سیاسیی تێدا نه‌بێ ددان به‌هه‌ڵه‌کانی خۆیدا نه‌نێت و له‌سه‌ر کاره هه‌ڵه‌کانی داوای لێبووردن له‌خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی خۆی نه‌کات ، هه‌رگیزاو هه‌رگیز نابێت به سه‌رکرده‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی و خۆشه‌ویستی زۆرینه‌و مێژووش ( هه‌رکه‌سێ بینووسێته‌وه) ناتوانێ لاپه‌ڕه ره‌شه‌کانی ژیانی بسڕێته‌وه.
زۆرینه‌ی ئه‌و سیاسیی و که‌سایه‌تییانه‌ی له‌م کاته‌نه‌دا باس له رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنبوون ده‌که‌ن، له مه‌یدانه‌کانی جه‌نگ و کوشتوکوشتارهوه هاتوون، له‌قوتابخانه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیی و میلیشیاییه‌وه بارهێنراون. زمانی دایه‌لۆگیان ته‌نێ تاقم و تفه‌نگ بووه. له بۆگه‌نی شه‌ڕگه‌کانی ناوخۆوه هاتوون، به‌درێژایی شه‌سته‌کان و حه‌فتاکان و هه‌شتاکان و نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو، مه‌زه‌ی سه‌رگه‌رمکردنیان خۆێنی براکان و شه‌ڕی نێوخۆیی بووه. به‌م رابردووه گه‌شه‌یانه‌وه!، گه‌ش وه‌ک خوێنی رژاوی ده‌یان هه‌زار لاو و پیری کورد، هێشتا ده‌یانه‌وێ به ئه‌سپسواری ئۆپۆزیسیۆن ببن.
ئه‌گه‌ر له‌ناو ٦ بۆ ٧ میلیۆن کوردی کوردستانی باشووردا، دوو که‌سی سیاسیی تێدا نییه که بانگه‌شه‌ی ریفۆرم و ئۆپۆزیسیۆن بوون بکه‌ن، به‌مه‌رجێ مێژوویان له‌گه‌ڵ خوێندا تێکه‌ڵ نه‌بووبێ ، جێی خۆیه‌تی ئه‌وانه‌ی ئێستا جه‌رائه‌ت و کاریزمای سیاسیی له‌خۆیان نیشان ده‌ده‌ن بانگه‌شه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ده‌که‌ن، داوای لێبووردن له قوربانیانی شه‌ڕی ناوخۆ و مێژووی گه‌لی کورد بکه‌ن. من ناڵێم ئه‌وه‌نده‌ی له‌ژیاندا ماون، پێویسته له زینداندا به‌سه‌ری به‌رن، چونکه وڵاتێک نهیاسای تێدا بێت، دوو حیزبی میلیشیایی حوکمڕانیی بکه‌ن، ئه‌و رۆژگاره وا زوو نایاته پێشه‌وه که خاڵ لهسهرتیپهکان دابنرێته‌وه. به‌ڵام دڵنیام زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌نده دڵیان گه‌وره‌یه، له‌هه‌موو جه‌به‌رووت و زه‌بروزه‌نگ و مێژووی خوێناوییان ده‌بوورن، ئه‌گه‌ر ددان به‌هه‌ڵه و تاوانه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆدا بنێن. ئه‌گه‌ر به‌رپرسیاری سه‌ره‌کییش نه‌بووبێتن، لای که‌م کاره‌کته‌رێکی دیار‌و به‌رچاوی قه‌سابخانه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی یه‌کێک له‌قۆناغه‌کانی چل ساڵی پچڕپچڕی شه‌ڕی ناوخۆ بوونه.
به‌دیارییکراویش ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فا، که وه‌ک سیمبۆڵێکی ئۆپۆزیسیۆن ده‌رده‌که‌وێ، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌رکێکی مۆراڵیی و مێژووییه که به ئاشکراو به‌نووسین داوای لێبووردن له مێژووی خوێناویی شه‌ڕه‌کانی ناوخۆ بکات، له‌و رووداوانه بکات که راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی ئه‌ودا روویان داوه . نه‌وشیروان به‌مه زیانێکی لێ ناکه‌وێ ئه‌وه‌نده‌ی قازانجی سیاسیی بۆ که‌سایه‌تیی و ئایینده‌ی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێت. به‌ڵام نه‌ک داوای لێبووردنێک له‌چه‌شنی داواکه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم که به‌ناوی مام جه‌لالیشه‌وه گوتی" بێتاوانترین دووکه‌س له‌شه‌ڕه‌کانی ناوخۆدا ئه‌و دوو زاته‌ن".
هاوکات، ئه‌وه بۆ هه‌موو چاودێرێکی ورد روون و ئاشکرایه، سه‌رده‌مانێکی زۆر خودی نه‌وشیروان مسته‌فا سیمبۆڵی سه‌رکوتکردنی ده‌نگه جیاوازه‌کان بووه، تا ڕاده‌ی راوه‌دوونان و زیندانییکردن و کوشتنیش. که‌یسی سه‌رپانکردنه‌وه‌ی "ئاش" له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا، به ئه‌ندازیاریی ئه‌و به‌ڕێوه چوو. وێڕای ده‌ربڕینی په‌شیمانیی سه‌رزاره‌کیی له‌چه‌ندین شوێن و بۆنه‌دا، به‌ڵام زۆر گرنگه به‌نووسین، وه‌ک دۆکیومێنت، ددان به‌و لاپه‌ڕه‌یه‌دا بنێ که نه‌بوونی ئازادیی و رای جیاواز رۆژگارێک چۆن به‌خوێن به‌ری پهنگێندراوهتهوه.
ئاشبه‌تاڵی حه‌فتاو پێنج، هه‌ر تواندنه‌وه‌ی شۆڕشی کورد و که‌مبوونه‌وه‌ی هێجه‌مۆنیی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی به‌سه‌ر رووداوه‌کانی داهاتوودا نه‌بوو، به‌ڵکوو ئاوابوونی مێژووی تاڵه‌بانییش بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که تاڵه‌بانیی گه‌یانده‌وه لووتکه‌ی پێشهات و رووداوه‌کان له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکان به‌دواوه، سه‌رمایه‌ی سیاسیی و مۆراڵیی و مه‌عنه‌ویی کۆمه‌ڵه بوو. راسته خۆشخه‌یاڵیی خاڵه شه‌هاب و ئارام به مام جه‌لال ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بهتاڵهبانیی دایه‌وه که به‌گه‌رمیی له‌مه‌یداندا ده‌رکه‌وێته‌وه ، به‌ڵام به‌دوای تێداچوونی ئه‌واندا، ئه‌وه نه‌وشیروانه که ته‌واوی ئه‌و سه‌رمایه سیاسیی و مۆراڵیی و مه‌عنه‌وییه‌ی کۆمه‌ڵه و مێژووی کۆمه‌ڵه‌ی خسته خزمه‌ت تاڵه‌بانییه‌وه.
هیچ که‌سێک به‌ئه‌ندازه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌شدار نییه له دره‌وشاندنه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی تاڵه‌بانییدا. مام جه‌لال له‌پڕێکدا نه‌بووه به‌م پیاوه، مێژوویه‌کی دوور‌و درێژی لهپشتوهستانی نه‌وشیروان مسته‌فا که ئه‌ویش سه‌رمایه و سیمبۆڵیزمی کۆمه‌ڵه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخانکردبوو، هه‌یه. رۆژگارێکی زۆر به‌بێ پرسی تاڵه‌بانیی، نه‌وشیروان په‌نجه‌ی بهئاویشدا نه‌کردووه. کۆمه‌ڵه‌ی ونجن-ونجن کرد‌و له تابووتێکدا ، به‌کۆمه‌ڵێک کادیری نه‌خوێنده‌وار و سهرلهقێنهوه، راده‌ستی تاڵه‌بانیی کرد. ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت، نه‌وشیروان مسته‌فا به‌خه‌ڵکی کوردستان و لایه‌نگرانی خۆیشی ناڵێ، تاڵه‌بانی خه‌تاباری سه‌ره‌کیی و بچووکبوونه‌وه‌ی یه‌کێتییه. ناڵێ کێ به‌رپرسیی سه‌ره‌کییه له گه‌نده‌ڵیی و به‌فیڕۆدانی سامانی گشتیی‌دا.
یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین فیاسکۆکانی( شکستی ته‌واو- fiasco ) ئۆپۆزیسیۆنبوون، نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت و روونکارییه. بهژێرگڵهوهکردنی سه‌ره‌داوی رووداوه خوێناوییه‌کانه. نه‌بوونی ئازایه‌تیی سیاسیی و مۆراڵییه. فڕێنه‌دانی عه‌قڵییه‌تیی میلیتانتیی و میلیشیاییه. پشتبه‌ستن و سه‌رمایه‌گوزارییه له‌سه‌ر مێژووی خوێناویی و داستانه سه‌روه‌رییه‌کانی رابردوو، خۆساغنهکردنهوهو ترسه له‌و کاریزمایانه‌ی خۆیان به‌شدار بوون له بنیاتنانیاندا. له‌هه‌نووکه‌دا کوردستان له‌هه‌موو کات زێتر پێویستیی به ده‌نگی ئۆپۆزیسیۆن هه‌یه، به‌ڵام ئۆپۆزیسیۆنێک جیاواز بێت له یه‌کێتیی و پارتیی، ئۆپۆزیسیۆنێک واز لهقوڕپێوانی سه‌روه‌رییه‌کانی یه‌کێتیی و پێشمه‌رگه‌ی کۆن و دێرین و داستان و نه‌به‌رده‌کانی سه‌رده‌می شاخ بێنێ و به‌دووی ئۆڵتێرنهتیڤێکی تردا بگه‌ڕێ. ئۆڵتێرنهتیڤێک، که‌رامه‌تی مرۆیی بۆ خه‌ڵکی کوردستان په‌یدا بکاته‌وه، دامودهسگاو ئینستیتیوت و سیسته‌مێکی سیاسیی بێنێته ئاراوه، که لێپرسینه‌وه له‌و جه‌نگه‌ڵه بکات، که خه‌می هه‌موو سیاسییه‌ک بووه‌ته که‌ڵه‌که‌کردنی هه‌رچی دارایی زۆرتر و زۆرتر .
کوردستان ئۆپۆزیسیۆنێکی ده‌وێ، په‌نجه بکات به‌چاوی کۆمانده‌کانی گهندهڵییداو به سه‌رکرده گه‌نده‌ڵه‌کانی کورد بڵێ، وه‌ک موشه‌ڕه‌ف، شه‌ریفانه واز بهێنن و کورسییه‌کانتان به‌جێی بهێڵن و ئۆغر بکه‌ن، حیساب بانکه‌کانیان که تژییه له ده‌یان و سه‌دان میلیۆن دۆلار‌و سه‌رمایه‌کانیان که به بیلیۆن ده‌قه‌بڵێنرێ ، بهێنێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی گشتیی و راده‌ستی حکومه‌تێکی بکات، که کۆمه‌ڵێ که‌سی نیشتمانیی و ته‌کنۆکراتی خاوێن و دوور لهگهندهڵیی به‌ڕێوه‌ی به‌رن و یاسا سه‌روه‌ر بکات و ئازادیی و مافی مرۆڤ پارێزراو و ده‌سته‌به‌ر بکات و ئه‌و قه‌سابخانه‌یه‌ی ژنان بوه‌ستێنێ و ژنکوژه‌کان له زینداندا بڕزێنێ. کوردستان به‌رهه‌می ئۆپۆزیسیۆنێکی ده‌وێ، لای که‌م ژماره‌ی خوێندنگاکان و نه‌خۆشخانه‌کان پێکه‌وه بگه‌یه‌نێته ئاستی ژماره‌ی ئه‌و هه‌موو مزگه‌وته‌ی کوردستان که جگه له جه‌هل و فه‌تواده‌رکردن هیچ به‌رهه‌مێکیان نییه. ئه‌م شۆڕشه کو‌لتووریی و سیاسییه به که‌سانی وه‌ک نه‌وشیروان مسته‌فا و جه‌وهه‌ر نامیق و هاوه‌ڵه‌کانیان ناکرێ، به‌ڵکوو ئه‌وان ده‌توانن رۆڵی کاریگه‌ر ببینن له پشتیوانییکردنی ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌کاندا که قوڵپ ده‌ده‌ن. ئه‌وان ده‌توانن هاوکاریی و پاڵپشتیی ئۆپۆزیسیۆن بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرخی کورسیی و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ ، له ئێستاوه فیاسکۆی خۆیان و پرۆژه‌کانیان راده‌گه‌یه‌نن.