Skip to Content

Friday, April 12th, 2024
هێندەى دوریت لێمەوە نزیكى…..ئاوێزان نوری

هێندەى دوریت لێمەوە نزیكى…..ئاوێزان نوری

Closed
by December 31, 2008 ئەدەب

 هێندەى دوریت لێمەوە نزیكى
 
 وەڵامێك بۆ هاوسەرو خۆشەویستم (عومەر سەیدە)

 
 تەمەنم خستە نێو بوخچەى زەمەنێكو..
 دامە دەستى با
 با بەخێرایى خۆى بردى
 ژینم خستە نێو لاپەڕەیەكى سپىو..
 دامە دەستى قەدەر
 قەدەر بە كوێرەوەرى خۆى خوێندیەوە
 وشەم خستە نێو شوشەى پەڕەموچێكو..
 دامە دەستى شاعیرێك
 شاعیر لە دێڕێكى وونبوو نوسیەوە
 خۆشەویستیم خستە نێو باخچەى ئومێدێكەوەو..
 دامە دەستى وەرزێكى نەهاتوو
 پاییز هاتو حەرف حەرف رنیەوە
 دەستم خستە نێو دەستەكانى تۆوەو..
 پێم ووتى بمبە..
  تۆ نەتبرم
 ئەزیزى من تۆ رۆیشتىو..
 منت خستە نێو گۆماوى مەراقێكەوە
 لە سەحەردا.. لەنێو باوەشى گوماندا رازەكانم دەگۆڕمەوەو..
 ئێوارانیش پیاسەیەكى كەنارى مەرگ دەكەم
 تۆ رۆیشتىو..
 منت سپاردە تەنیایى
 منت سپاردە گریانو..
 منت سپاردە (م..ر..د..ن)
 بەڵام گیانە تۆیش بزانە
 هێندەى هەنگاوەكانى سەفەر
 هێندەى قورسى جانتاكەى شانى قەدەر
 هێندەى  پەساپۆرتەكەى گیرفانى هەور
 نزیكیت لێمەوەو..
 هێندەى دوریت عاشقتمو..
 هێندەى دوریت خۆشمدەوێى
 
 
 شەوێكى تەنیاى زستانى 2008
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.