وه‌ستانێک له نێوان نهۆمه‌کانی باڵه‌خانه‌ی یاعقوبییاندا….ڕانانی: به‌کر ئه‌حمه‌د
وه‌ستانێک له نێوان نهۆمه‌کانی باڵه‌خانه‌ی یاعقوبییاندا
ڕانانی کتێب: باڵه‌خانه‌ی یاعقوبییان
نووسینی: عه‌لا ئه‌لئه‌سوانی
چاپخانه‌ی: ئه‌لبێرت بۆینه‌رش
وه‌رگێڕانی بۆ سویدی :تێتز ڕووکێ
ڕانانی: به‌کر ئه‌حمه‌د
"هاڵسبێری"، ناو‌کی هێڵه ئاسنینه‌کانی تۆڕی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کانی سویده. به‌شێکی زۆری هێڵه ئاسنینه‌کانی سوید، له هاڵسبێریدا به‌یه‌ک ده‌گه‌ن. بۆ ئه‌و موسافیرانه‌ی به شه‌مه‌نده‌فه‌ر هاتووچۆده‌که‌ن و هێڵی ئاسنین ڕاسته‌وخۆ بۆ شوێنی سه‌فه‌رییان ناچێت، له هاڵسبێریدا، چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک ده‌بێت چاوه‌ڕێ بن تا شهمهندهفهرهکانییان بگۆڕن. له نزیکی وێستگای شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کاندا، کافیتێریا و ڕێستۆران و هۆڵی چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌ی لێیه. بۆ سویدییه‌کان، هاڵسبێری شوێنی به‌یه‌کگه‌یشتنی هه‌موو هاوڵاتییانی سویده و خه‌ڵکی شار و دێهاتی دووره‌ده‌ستی ئه‌م مه‌مله‌که‌ته درێژه، له هاڵسبێریدا و له چاوه‌ڕوانی شه‌مه‌نده‌فه‌ری خوازراوی خۆیاندا، ده‌کرێ یه‌کتری ببینن. ئه‌گه‌ر ڕۆماننووسێکی چاوتیژ مامه‌ڵه‌یه‌کی ئه‌ده‌بییانه‌ی به شاری هاڵسبێری بکردایه و چه‌ندین موسافیری جۆراوجۆری شار و شارۆچکه‌کانی سویدی له ژێر سه‌قفی کافیتێریا و ڕێستورانێکی ئه‌وێدا کۆبکردنایهتهوه و هه‌ر یه‌که و ده‌ردی دڵی خۆیی و خه‌ونه‌کانی بهێنرایه‌ته سه‌ر کاغه‌ز، ده‌کرا شاکارێکی جوانی لێبهرههمبهێنرایه.
به‌ڵام کارێکی له‌و جۆره و مامه‌ڵه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی وا به شوێنێکی تایبه‌ت، ده‌بێ به خآڵی ده‌ستپێکردنی نووسه‌ری میسری "عه‌لا ئه‌لئه‌سوانی" له رۆمانی "باڵه‌خانه‌ی یاعقوبییان"دا. ڕۆمانێک که ناوبانگێکی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ نووسه‌ر تۆمارده‌کات و به‌رهه‌مه‌که‌یشی وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر کۆمه‌ڵێک زمانی جیهانی.
باڵه‌خانه‌ی یاعقوبییان، ماڵێکی گه‌وره‌ی چه‌ند نهۆمییه و ئه‌لئه‌سوانی هه‌موو کۆمه‌ڵگای میسری ئه‌مڕۆی تیا جێده‌کاته‌وه. ڕه‌نگه یه‌کێک له به‌هێزترین خاڵه گرنگه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه، ئه‌م مامه‌ڵه ئه‌ده‌بییه سه‌رکه‌وتووانه بێت به بابه‌تێکی ساده بۆ خوڵقاندنی که‌ره‌سته‌یه‌کی گرنگ بۆ ڕۆمان. ئه‌ویش له ڕێگه‌ی ده‌ستپێکردن له خاڵێکی بچووکه‌وه بۆ په‌ڕینه‌وه بۆ کۆمه‌ڵێک خاڵی گه‌وه‌ره که بناغه‌ی ڕۆمانی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنرێت.
ئه‌گه‌ر ڕووداوه گه‌وره‌کان سه‌رنجی زۆرێک له رۆماننووسانی دنیای ڕاکێشاوه بۆ خوڵقاندنی شاکاری ئه‌ده‌بی و به‌رهه‌می سه‌رکه‌وتوو، ئه‌وا عه‌للا ئه‌لئه‌سوانی له ڕێگه‌ی ڕووداوی بچکۆله و سه‌رگوزشته‌ی ساده‌وه ده‌یه‌وێت بچێته وێزه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ک که گه‌نده‌ڵی سیاسیی و دیکتاتۆریی و نه‌بوونی ئازادییه مه‌ده‌نییه‌کان مۆری خۆی به ناوچه‌وانی هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانه‌وه داوه.
پاڵه‌وان له ڕۆمانی ناوبراودا، ڕۆڵی سه‌ره‌کی نابینێت. ئه‌م ڕۆمانه چنینی سه‌رگوزشته‌ی کۆمه‌ڵێک ده‌موچاوی جۆراوجۆرن که هه‌ریه‌که و به ڕۆڵ و شوێنی دیاریکراوی خۆی، گۆشه‌یه‌ک له ژیانی "باڵه‌خانه‌ی یاعقوبییان" یان دروستتر، کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی میسر، نیشانده‌دات. ئه‌گه‌ر چی چاره‌نووسی به‌شێکی زۆری پاڵه‌وانه‌کانی باڵه‌خانه‌ی یاعقوبییان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا یه‌کناگرنه‌وه و وه‌ک هێڵێکی ته‌ریب به ته‌نیشتی یه‌کدا درێژده‌بنه‌وه، به‌ڵا هه‌موو سهرگوزشتتهکان و چاره‌نووسه‌کان ئه‌و چوارچێوه‌یه ده‌سازێنن که پێیده‌وترێت باڵه‌خانه‌ی یاعقوبییان.
زه‌کی بێ ئهلدهسوقی، ته‌ها ئهلشهدحیلی، مه‌له‌ک، بوسه‌ینه، حاته‌م، عه‌بدو، ئهلفولی، حاجی عه‌ززام، شێخ شاکیر، کۆمه‌ڵێک ناون که له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆماندا، ده‌کرێ له سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت کۆتایی ڕۆماندا بێنه سه‌ر شانۆ.
"زه‌کی"یه‌ک که له‌گه‌ڵ زۆریی ته‌مه‌نیدا هێشتاش به شوێن خواردنه‌وه و سێکسه‌وه‌یه. "ته‌ها"یه‌ک که کوڕی ده‌رگاوانی باڵه‌خانه‌یه و خه‌ونی ئه‌وه‌ی هه‌یه له کۆلیژی باڵای پۆلیس وه‌ربگیریت، به‌ڵام کاتێک ئه‌م خه‌ونه نایه‌ته دی، له ئیسلامی سیاسی‌دا ئایندهی خۆی ده‌دۆزێته‌وه و ده‌بێته تێرۆریست. "حاته‌م"ێک که سه‌نووسه‌ری ڕۆژنامه‌یه و هۆمۆسێکسوێله، به شوێن سه‌ربازانی سه‌ر شه‌قامه‌وه‌یه و ئاواتی به‌رقه‌رارکردنی په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی هه‌میشه‌ییه. "بوسهیینه"یه‌ک که هه‌ژاری و نه‌داری کۆمه‌ڵگاکه‌ی فێری ده‌کات که پیاوان جگه له سێکس بیر له هیچی دی ناکه‌نه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌م تێڕوانینه ژیانی ئه‌مڕۆ و ئاینده‌یشی داده‌ڕێژێت. "حاجی عه‌ززام"ێک که سه‌رمایه‌دارێکی گه‌وره‌یه و سیسته‌می سیاسی ئه‌و وڵاته و گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئیداری پاڵیپێوه‌ده‌نێت له پاڵ کاری بازرگانی خۆیدا، بچێته په‌رله‌مانی وڵاته‌وه. "ئهلفولی"یه‌ک که په‌یوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆی به ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه هه‌یه و کێی بووێت بۆ په‌رله‌مان، ده‌توانی دایبنێت و کێیشی نه‌وێت، ده‌توانێت تڕۆی بکات.
ئه‌لئه‌سوانی زیره‌کانه و سه‌رکه‌وتووانه به ژیانی پاڵهوانهکانیاندا ده‌چێته‌خوار و تابلۆیه‌کی زۆر بێ ڕتووش ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی میسر نیشانده‌دات.
ڕه‌نگه گرنگترین شتیک له‌م ڕۆمانه‌دا جێگای وردبوونه‌وه‌یه‌کی زیاتر بێت، قهڵهمئازادیی و بوێریی نووسه‌ر بێت له په‌یوه‌ند به تیشکخستنه‌سه‌ر یه‌کێک له تابۆکانی کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیی و زۆڕێک له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی دی‌دا که ئیسلام تیایدا باڵاده‌سته، ئه‌ویش پرسیاری هۆمۆسێکسوالیتێتیی نێوان به‌شێک له ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگایه و له جه‌ده‌لی ئه‌م وڵاتانه‌دا، به ته‌واوه‌تی ونه. ئه‌سوانی له نیشاندانی خۆشه‌ویستی حاته‌م و هاوڕێ کوڕه‌کانیدا، سنووره‌کانی تێڕوانینی باوی کۆمه‌ڵگا تێکده‌شکێنێت و ئه‌و پێشداوه‌رییه باوه‌ی که له ده‌وری ئه‌م پرسیاره خوڵقێنراوه، زیره‌کانه وه‌لاده‌نێت و خۆشه‌ویستی نێوان هۆمۆکان وه‌ک خۆشه‌ویستییه‌کی ساده و ئینسانی ده‌خاته ڕوو.
به بڕوای من ، هۆی سه‌ره‌کی ناوبانگده‌رکردنی ئه‌م ڕۆمانه له گشتییه‌تی خۆیدا، به‌شێکی بۆ ئه‌م لایه‌نه‌ی به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی دیارده‌ی هۆمۆسێکسوالێتێته له کۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌کاندا، لایه‌نێکی دیکه‌یشی له بهتێرۆریستبوونی پاڵه‌وانێکی دیکه‌ی ڕۆماندایه که نابه‌رابه‌رییه‌کانی کۆمه‌ڵگا و تێڕۆری دستگاکانی ده‌وڵه‌ت ده‌یکه‌نه تێرۆریست. دوو بابه‌ت که له‌مڕۆی خۆرئاوادا جێگای تێڕامانێکی زیاتره له چاو پرسیاره‌کانی دیکه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا.
خوێندنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی یاعقوبییان وه‌ک سه‌رکه‌وتن به قاڵدرمه‌کانی ئه‌م باڵه‌خانه‌دایه به پێ. لادانه له ماڵی نهۆمی یه‌ک و خواردنه‌وه‌ی چایه‌که له‌گه‌ڵ دراوسێکه‌ی نهۆمی دوو و که‌مێک ئاخاوتنه له گه‌ڵ کرێچییه‌کی دیکه‌ی باڵه‌خانه له نهۆمێکی دیکه‌دا. وه‌ستان و ئاخاوتنکردن و که‌مێک ئیستراحهتکردن و پاشان به‌رده‌وامبوون بۆ سه‌رکه‌وتن بۆ نهۆمه‌کانی سه‌ره‌وی باڵه‌خانه، ده‌کرێ هه‌مان هه‌ستت له‌لا دروست بکات کاتێک ئه‌م ڕۆمانه ده‌خوێنیته‌وه. ئه‌و ئاره‌زووه گه‌وره‌یه‌ی بۆ گه‌یشتن به کۆتایی ڕۆمان و بیننی ڕووداوی وا که سه‌رنجت به لاپه‌ڕه‌کانی ڕۆمانه‌وه ببه‌ستێت، کارێکی وا ده‌کات که ڕووبه‌ڕووی هه‌ستی" ئۆی ئۆی ئۆی" تایبه‌ت نه‌بیته‌وه. به‌لام هێشتاش ڕۆمانێکه که شایه‌نی خوێندنه‌وه‌یه.