نووسەران چۆن لەوانی دی دەڕوانن ؟! …. سەباح ئیسماعیل
نووسەران چۆن لەوانی دی دەڕوانن ؟!
سەباح ئیسماعیل
ئەو دەمی نووسەر دەست دەداتە خامە و دەیەوێت شتێك بنووسێت ، ئەگەر بەتەنێ بۆ خۆیشی بنووسێت ، یان بۆخەڵكانی دی ، یاخود بۆ مرۆڤایەتی ، ئەوا سادەترین شتێك دەبێت لێی ڕزگاربێت هەستی جیاوازی كردن وسڕینەوە و گەورەكردنی نەتەوەكەی خۆیەتی بەسەر ئەوانی دیدا . چونكە ئەوی حاشاهەڵنەگرە دەبێت نووسەران و ڕۆشنبیران ، تەنانەت خەڵكە سادەكەش هەوڵی ئەوە بدەن لەو جیاوازییە ڕەگەزییە قوتاربن . چونكە ئەمە نەك هەر لە خزمەتی ڕۆشنبیران و ئەدەبەكەدا نییە ، بەڵكو زیانیشی پێ دەگەیەنێت و درزی ڕق و كینەی نێوان میللەتان گەورەتر دەكاتەوە . ئەگەر نەتەوەپەرستی بگاتە ئاستی سەرخستنی نەتەوەیەك لەسەر حیسابی نەتەوەیەكی دی ئەوا مایەی ئەوپەڕی شەرم و دژی ئینسانییە .
مهدی اخوان الپالپی شاعیری ناوداری فارس ڕەگەزپەرستییەكەی بەرابەر بە نەتەوەی عەرەب هێند خەست كردۆتەوە نكوڵی لە هەموو ئەو شیعرانەی خۆی كردوون ، كە وەرگێڕراونەتە سەر زمانی عەرەبی و بە شیعری خۆیانی دانانێت.
یاخود نووسەرێكی گەورەی وەكو نێر حامد ابو زید هەمیشە نووسینەكانی مایەی دەستخۆشی و جێی قسەلەسەركردن و بابەتی گفتوگۆی گەلێك لە ڕۆشنبیران و نووسەرانی كورد بوونە . هەروەها لەسەر ئەو هەڵوێستە پڕ لە بوێرییەی لە نووسینەكانیدا بەدی دەكرێن . لەلایەن زۆرێكەوە وەكو داكۆكیكار لە ڕاستی و لە مافی چەوساوەكان و گەلانی ژێردەست ناسراوە . ئەوەتا لە دوا كتێبیدا ( هكژا تكلم ابن عربی ) هەروەكو لەتیف هەڵمەتی شاعیرلە دوا ژمارەی گۆڤاری بانەڕۆژدا لەبارەی نێر حامد ابو زیدەوە :
سەرسامی خۆی بۆ بیروباوەڕی خۆشەویستی و لێبوردن و یەكسانیی گەلانی جیهان و دژایەتی كردنی دەمارگیری و نەتەوەیی و ڕق و كینە و جیاوازیی نێوان مرۆڤایەتی و نێر و مێ و هەموو نەتەوە و ئاینەكان دەردەبڕێت .
كەچی نێر حامد لە دوا چاوپێكەوتنیدا دەڵێت :
سوننەی عێراق پەراوێز خراون و شیعە فەرمانڕەوایە و كورد پلەی سەرۆكایەتی وەردەگرن…. هتد .
پاشان وا دەخاتە ڕوو ، كە بیركردنەوەی كورد بۆ مسۆگەركردن و چەسپاندنی مافی نەتەوەیی خۆی و بەرجەستە كردنی سنووری نیشتیمانی نەتەوەیی خۆی ، بیركردنەوەیەكی دەمارگیری و خێڵەكییە و دژی لۆژیك و مێژووە . ئەو مافی ڕەوای كورد تەنیا لە مافە ڕۆشنبیرییەكاندا دەبینێتەوە !
لەم چەند ڕۆژەشدا سەردار زەنگنەی ڕۆژنامەنووس دیمانەیەكی بۆ گۆڤاری ئەدەبیی نەوشەفەق لەگەڵ ڕۆماننووسی ناوداری میسر ، نووسەری ڕۆمانی "باڵاخانەی یاقوبیان" و "شیكاگۆ" عەلا ئەسوانی سازداوە . ئەویش لەو دیمانەیەدا درێغی ناكا و بە هەمان شێوازی نووسەری گەورەی عێراقی د. مالك المگلبی ڕۆشنبیریی كوردی بە بەشێك لە ڕۆشنبیریی عەرەبی و ئیسلامی دەزانێت .پێشتریش نووسەرێكی گەورە و داهێنەری وەكو زەكەریا تامر بەهەمان شێوازی دژی ئینسانیی بن لادن وتوویەتی : (ئەوانەی لە باكووری عێراقدا دەژین ، هەموویان جوداخواز و چەتەن و شایانی ژیان نین )"1" .
یاخود كەسێكی وەكو شێخ یاسینی سەرۆكی ئەو كاتی ڕێكخراوی ئیسلامیی حەماسی فەڵەستینی ، لەسەر كورسیی شەلەلبوون و سەقەتییەكەیەوە هەر لەگەڵ ڕاپەڕینی 1991 ی باشووری كوردستاندا ، گوتی :
(كوردەكانی شیمالی عێراق دەیانەوێت ئیسرائیلێك دابمەزرێنن ) .
ئەم وتەیەی شێخ یاسینی كوژراو بە دەستی ئیسرائیلییەكان هێند وەلانان و سڕینەوو ڕەتكردنەوەی ئەوی دی (ئەوی لە خۆیان نەبێت ، بەمانا ئیسلامی و نەتەوەیییەكەشییەوە ) تێدایە هیچی لەو قسەیەی ئیبن تەیمییە ی سەرچاوەی یەكەمی وەهابییەت كەمتر نییە ، كە دەڵێت : (ئەوی گومان لە كافریی شیعە بكات ، كفر دەكات )"2".
بەڕاستی مایەی شەرمەزارییە كەسانێك لەم ئاستەدا بن ، بەم ئاوایە بیربكەنەوە ، هەمیشە لە دید و جیهانبینی و بە پێودانگی نەتەوەی سەردەست لە شتەكان بڕوانن و ڕِاستییەكان چەواشە بكەن . ئایا ئەمە وا لە زۆرێك ناكات ئەوانیش بەهەمان شێوە لەو نەتەوە و دەستە و تاقمانە بڕوانن ، كە ئەوان بەرابەرەكەیانی پێ دەبینن ؟ هەڵبەت كە من ئەوانە بە نموونە دێنمەوە مەبەستم گشتاندن (تعمیم) نییە ، ئەگینا لە هەمان كاتدا هەر لە ناو ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین و هەڵدەكەن كەسانی وەكو ( هادی عەلەوی و كەنعان مەكییە و ئەحمەد مەتەر و شاكر نابولسی و ئەحلام موستەغانمی و زوهێر جەزایری و….هتد) شی تێدان ، كە لە سەختترین دۆخدا بەئاشكرا بەرگرییان لە مافەكانی گەلان و گەلی كوردیش كردووە و هەندێكیان لەو سۆنگەیەوە تووشی گرتن و لێپرسینەوە و دەردەسەریش هاتوون .
لە ئەنجامدا دەگەینە ئەو قەناعەتەی كە ئەو نووسەرانە و هاوشێوەكانیان چەندێك لە بیردا دەوڵەمەند بن ، هێندەش لە كرداردا هەژارن !
پەراوێزەكان :
1-میدیا ، ژ(156) ی 15/2/2004
2-عەفیف ئەخزەر، عەلمانییەت و ئسووڵییەت. و:شوان ئەحمەد-سلێمانی2005ل92.