Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
ژەنەراڵى خۆشەویستیى

ژەنەراڵى خۆشەویستیى

Closed
by January 22, 2009 ئەدەب

 ژەنەراڵى خۆشەویستیى
 شیعرى: محەمەد كوردۆ

 (1)
 خوێنى گەشى پیاوێكى سەودازەدە
 
 ئەم گەردوونە لە دێوێك دەچێ
 كەوتبێتە ناو تۆڕێكى گەورەى
 خەمو پەژارەوە..
 مرۆڤەكان،
 پاڵەوانى نێو خەونە ئاڵۆزەكانى ئەون
 تا جارێك دەگەنە بەردەمى روناكایى
 بەدەیان جار،
 تووڕهەڵدەدرێنە كەنارەوە!
 ئەم دێوە ترسناكە
 كاتێك خەونى ناخۆش دەبینێ
 تووڕە دەبێ
 كە تووڕە بوو
 بەدەم هاوارەوە
 پەلامارى روحى مرۆڤەكان دەداتو
 لەگەڵ خۆى دەیانباتو
 دەیانخاتە
 ناو ئەشكەنجەو ئازارەوە!
 لێرەوەیە كە مرۆڤەكان
 هەوڵى خۆكوشتن دەدەن:
 هەیانە خۆى دەسوتێنێ
 هەیانە خۆى دەخنكێنىَ
 هەشیانە خۆى هەڵدەواسێ بەدارەوە!
 بەڵام من بڕیارم داوە
 لەناو سینگو مەمكى ژنێكدا
 خوێنى خۆم بڕێژم
 چونكە زۆر زۆر دەمێكە
 حەزم لە تابلۆیەكە،
 تیایدا:
 خوێنى گەشى پیاوێكى سەودازەدە
 دڵۆپ دڵۆپ
 بەگۆى قاوەیى مەمكى ژنێكدا
 بچكێتە خوارەوە!!
                                  (2)
 بۆنى بەختەوەریى
 
 زۆرجار كە ئێواران دىَ
 هەر لە خۆمەوە
 هەست بە خەمبارییەكى زۆر دەكەم
 هەستدەكەم ئەو هاژە هاژە شینەى
 لە ئاوى روباران دىَ،
 هەستدەكەم ئەو دەنگە دڵنشینەى
 لە لەرینەوەى داران دىَ،
 حەسرەتەكانى مرۆڤم بیردەخەنەوە
 هەوڵدەدەم
 حەسرەتەكان بژمێرم
 نائومێدیى گاڵتەم پێدەكا:
 (كوانىَ حەسرەتەكانى مرۆڤ
 لە ژماران دىَ؟!).
 زۆرجاریش هەستدەكەم
 لەگەڵ هەڵكردنى باى ئێوارەدا
 دەنگى وردوخاشبوونى
 دڵى دڵداران دىَ!
 بەڵام ئەم ئێوارەیە
 كە پایز ئاوى كردۆتە ژێر هاوینەوە
 من زۆر دڵم خۆشە
 چونكە لەناو خۆمدا:
 بۆنى هەناسەى تۆو
 لەناو ماڵەكەمدا:
 بۆنى بەختەوەریىو
 لەدەرەوەش:
 بۆنى تەڕى باران دىَ!!
 
 (3)
 هەرێمێكى یاساخ
 
 بیرتە شەوێكیان بەخەمەوە
 نامەیەكت بۆ نوسیبووم:
 ((كوانىَ ئەو هاوسەفەرەى
 كە بڕیار بوو
 خۆى بەدڵم ببەخشێتو
 میدالیاى خۆشەویستییەكى مەزن
 بكاتە یەخەمەوە؟!)).
 منیش بۆم نوسیبووى:
 ((هیچ مەكە هیچ
 تەنها ناو دڵى خۆتى بۆ بگەڕىَ))
 كە گەڕایتو
 منت لەناو دڵى خۆتدا بینى
 دەستت خستە سەر مەمكە بۆنخۆشەكانتو
 وتت گوجیلەكەم
 هەر كاتىَ لەباخى دڵم بێتاقەت بووى
 وەرە ناو ئەم دوو باخەمەوە!
 وتت گوجیلەكەم
 منیش وەكو زۆرینەى ژنەكانى ئەم وڵاتە
 خاوەنى هەرێمێكى یاساخم
 بەڵام تۆ بەبىَ دوودڵیى
 بۆت هەیە بچیتە كونج بەكونجى
 ئەو هەرێمە یاساخەمەوە!!
 چەند خۆشە ئێستا وەكو پیاوێكى مەست
 لەنێوانى مەمكو هەرێمە یاساخەكەتدا
 خەونى دوور دەبینمو
 هێدى هێدى
 ئەو بیرەوەرییە دڵنشینانەت
 بیر دەخەمەوە؟!
 (4)
 ژەنەراڵى خۆشەویستیى
 
 رۆژگار گورزبەدەستێكى دڵڕەق بوو
 لەچەند ساڵێكى كەمى
 عومرێكى نازەنیندا،
 چەندین گورزى
 جەرگبڕى لێوەشانم!
 چەندین خەونى
 لەناو چاوەكانمدا كوشتو
 لەچەندین چركەساتى شیریندا،
 دڵە پەرێشانەكەى ئێشانم!
 بەڵام ژیان
 هەرگیز خاڵى نییە لەجوانى
 لەئێوارەیەكى دڵنشیندا،
 ژنێكى دەم بەپێكەنین
 دەستى خستە نێو دەستمەوەو
 وەكو دارێك، روحى راوەشانم!
 كۆمەڵە گەڵایەكى
 لەشێوەى چەند ئەستێرەیەكى زیویندا،
 رژانە سەرشانم!
 وتى: ((ئەگەر شیعر
 حەمە عومەر عوسمانى
 كردووە بەژەنەراڵى پایز
 من تۆ دەكەم بەژەنەراڵى خۆشەویستیى)).
 بەڵىَ هەر لەو ئێوارەیەوە
 (ژەنەراڵى خۆشەویستیى)
 بووە بە نازناو..و
 ناو..و
 ناونیشانم!!
 (5)
 
 پیاوێك لە گژوگیاو درەختەكان پاڕایەوە
 
 ئەمڕۆ رووداوێكى زۆر سەیرم بینى:
 نازانم راست بوو یان درۆ بوو؟!
 پیاوێك لە ناو مێرگوزارێكدا
 سەرگەرمى گۆرانى چڕین و
 پیاسەو
 هات و چۆ بوو!
 لە پڕێكدا ژنێك دەركەوت
 كە دیاربوو پیاوەكە چاوەڕوانى ئەوى دەكرد
 ژنەكە لە تووڕەییدا
 سەرى وەك تەنوور و
 چاوى چوون پشكۆ بوو!
 لە پیاوەكە چووە پێشىَ و
 چەقۆیەكى دایەدەستى و
 وتى:
 دەى سەرى خۆت بپەڕێنە!
 پیاوەكە
 كە نەیدەزانى ژنەكە لەچى تووڕە بووە
 سەرى خۆى پەڕاند و
 هێشتا سەرى هەر هۆشى بەخۆ بوو!
 لەگژو گیاو
 درەختەكان پاڕایەوە،
 وتى:
 ئەگەر ژنێكى پشتكۆماوەى داماو،
 هات پرسیارى لێكردن…
 توخوا
 توخوا
 توخوا
 نەك لەتاوا دڵى رابوەستىَ
 مەڵێن ئەوەى كە سەرى خۆى پەڕاند
 كوڕە سەرگەردانەكەى تۆ بوو!!
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.