ئه‌و شه‌وه‌ی گوندێکی له مێژوو شارده‌وه…بێریڤان جه‌مال حه‌مه سه‌عید
پێشكه‌شه به سێ شه‌هیده نه‌مره‌كه
شه‌هید كه‌مال، شه‌هید ڕێبوار ، شه‌هید جه‌مال
پێشكه‌شه به مامۆستا ژیان عه‌لادین كه
فێری خۆشه‌ویستی و ڕێزلێنانی مناڵی كردم
خۆر دووركه‌وته‌وه و ماڵئاوایی كرد، مانگ له پشت شاخه‌كه‌وه خه‌ریك بوو هه‌ڵده‌هات و خۆیی بۆ شه‌و ئاماده ده‌كرد، ورده ورده به‌رزبووه‌وه و به سه‌ر ڕۆشنایی ئه‌ستێره بچووكه‌كاندا زاڵ بوو، ئینجا تیشكی خۆی گه‌یانده زه‌وی و لێره‌و له‌وێ، شه‌خته و به‌سته‌ڵه‌ك برسیكه بریسكیان تێكه‌وت. چرا هه‌ڵكراو و دووكه‌ڵی زۆپای دێیه‌كانی بنار شاخه‌كه بڵاوبووه‌وه و، به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵكشا. ماڵات كرانه ژووره‌وه و ده‌رگای ته‌ویله و گه‌وڕه‌کان داخران، دوابه‌داوی ئه‌وه‌ش قیڕه‌ی قاز و مراوی و قه‌له‌موونیش، نه‌ما. شه‌و به ته‌واوی داهات و مانگ تیشكی خۆی به هه‌موو لایه‌كدا بڵاوكرده‌وه. هه‌موو شتێك كپ و هێمن بوو، له ده‌نگی هاژه‌ی چه‌مه‌كه و ناوبه‌ناویش قڕه‌یه‌كی خه‌مبارانه‌ی په‌پوویه‌ك، ده‌نگی هیچی تر نه ده‌هات. تیشكی چرا و ڕووناكی نایلۆنی سپی دیواری ژووره‌كه و شه‌خته به‌فری ده‌ره‌وه، شه‌وقی دابوو به ده‌ورووبه‌ر، به جۆرێك هه‌موو شتێك سپی ده‌چۆوه. جوانی مانگ بێ ئه‌ندازه بوو شه‌وگه‌روك بانه و بانی ده‌كرد، هه‌ناوی به خه‌رمانه گیرابوو، ده‌توت بۆ ژووان رێی ئه‌وینی گرتۆته به‌ر. به ده‌وری زۆپایه‌كه‌وه، له‌گه‌ڵ گێلاس عبدلره‌حمانی هاوڕێم ، دانیشتبووین، خۆمان گه‌رم ده‌كرده‌وه و گوێمان له گۆرانی خالقی (شه‌ده‌لار) بوو، ده‌نگی به سۆزی مه‌زهه‌ر و ئاواز و میلۆدی گه‌رمی حه‌سه‌نی یوسف زه‌مانی، ئه‌وه‌نده‌ی تر شه‌وه‌كه‌ی هێمن و مه‌ست كردبوو: "بێ بۆ جێ ژوان عیشق و شه‌یداييم، دڵته‌زێنه ده‌ردی ته‌نیایم، مه‌ستم له نه‌شئه‌ی دوو چاوانت، سه‌رخۆشی باده و مه‌ی گێڕانت". ئه‌و گۆرانی و ئاوازه كه وه‌ك موگناتیس هه‌ستی راده‌كێشاین، به جۆرێك هه‌ستی دڵنیایی پێ ده‌به‌خشین، وه‌ك ئه‌وه‌ى خالقی ئه‌ندازیاری رۆح و ئاشنای هه‌سته‌كانی ئێمه بوو بێ و، به زمانی ئێمه‌وه بدوێ، ده‌توت نوێنه‌رێكه و باسی گرفتاریی ئێمه ده‌كات، جۆرێك ئازاری ده‌روونی ده‌خوڵقان، چنگی له ناخ گیرده‌کرد و هه‌ناوی ده‌كرۆژت، ئه‌و ئازارانه‌ی كه له ناخدابوون و ئه‌و هه‌ستانه‌ی كه ئالۆزیی تێكه‌ڵ به هه‌ستی ته‌نیایی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنایه كایه‌وه، به‌ڵام هه‌ر که گوێبیستی ده‌نگێكی نامۆ، یان خشه‌یه‌ك بووینایه، هزرمان ده‌پچراو گوێقوڵاخ ده‌بووین، ئیدی هه‌ستمان ڕاده‌گرت. له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بووین رووداوێکی به‌دوادا بێ، ئه‌و شه‌وه ئه‌و دڵنیگه‌رانیه‌ی دایگرتبووم و هێشتا به‌ری نه‌دابوم.
ئه‌م گونده جگه له نه‌هامه‌تی و كوشتار و داماوی زۆر مه‌ینه‌تی تریان به سه‌رهاتبوو، قوڕ و لیته و ترس و نه‌بوونی ئه‌م ده‌شته كلۆڵه‌ی گرتبوو، سه‌ختی و گرانی ژیان له سیما و رووخساری خه‌ڵكه ڕه‌شوڕووته‌كه‌دا ڕه‌نگی دابۆوه، نه‌خۆشی كۆكه‌ڕه‌شه به ناو مناڵاندا بڵاوببۆوه، دوو منداڵ گیانیان له ده‌ستدا، خه‌ممان بوو منداڵی تریش به‌و ده‌رده سه‌ر بنێنه‌وه، بۆ یه‌كه‌م جار بوو لاشه‌ی مناڵێكی مردووم به‌رچاو كه‌وت، له ناوه‌راستی ژووره‌كه له سه‌ر ته‌خته‌یه‌ك دانرابوو، مناڵێكی خرپنی جوان، هێشتا له‌شی گه‌رم بوو، چاو و ده‌می كرابۆوه، دایكی ده‌گریا، چۆن گریانێك، جه‌رگی مرۆڤی ده‌بڕی. له‌و لاشه‌وه پیرێژنێك دڵی ده‌دایه‌وه: مه‌گری.. ئه‌مه كاری خودایه… ڕۆله گیان مه‌گری…گریان بۆ مردوان خراپه.
به‌فره‌ی به‌سته‌زمان تووشی كۆكه ڕه‌شه ببوو، كه‌س نه‌بوو فریای بكه‌وێ، خه‌ڵكی دێیه‌كه بێده‌سه‌ڵات و ده‌سته‌و‌ه‌ستان بوون، ترس چۆكی پێدادابوون. ئای له مه‌ینه‌تی ئه‌م ژیانه كه تێیدا ترس و نه‌زانین ده‌بنه په‌رژین ، ده‌كرێ قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ی كه مناڵه‌كانیان بۆ پشكنین، بۆ شار ببه‌ن، گه‌رنا ئه‌وا ده‌مرن. به‌ڵام چۆن ترس له گیانیان ده‌رده‌كه‌ی! خه‌ڵكه‌كه به كۆمه‌ڵ تووشی شۆك بووبوون، هیچ شتێك نه‌ده‌چوو به گوێیاندا، ته‌نانه‌ت مردنی كۆرپه‌كانیشیان چی تر ڕاینه‌ده‌چڵه‌كاندن! پیاوه‌كانیان له ماری سڕبووی زستان ده‌چوون، هیچ كاری لێ نه‌ده‌كردن، دڵڕه‌قیی خه‌ڵكه‌كه و سه‌ختیی ژیانی ئاواییه‌كه، تێكه‌ڵ بووبوون به یه‌ك . كاتی خۆی و له ساڵانی حه‌فتادا، گونده‌كه‌یان كه شارستێن٭بوو، کاول کرابوو، مه‌ڕوماڵاتیان له‌ناوبرابوو، خه‌ڵكه نه‌گبه‌ته‌كه‌ش كۆچیان به‌ره‌و ئه‌م ده‌شته کردووه و له نزیك شاخی هه‌زارمێرد، ئه‌م دێیه تازه بێ ئاو و كاره‌بایه، ئاوه‌دان ده‌كه‌نه‌وه. گه‌ر عه‌سكه‌رێكیان ببینیایه، زه‌ننه‌قیان ده‌چوو، هه‌ندێكیان نه‌یان ده‌وێرا روو له شار بکه‌ن، هه‌ندێكی تریشیان سه‌ربازی هه‌ڵاتووبوون، چوونه شار ترسناك بوو بۆیان، ژنانیش نه‌یان ده‌توانی مناڵان به‌ره‌و شار ببه‌ن ، چونكه ئه‌و پرده‌ی كه له سه‌ر چه‌مه‌كه دروستكرابوو، پێش چه‌ند ساڵێك به هۆی لافاوه‌وه ڕووخابوو، بۆیه گه‌ر بچوویتایه بۆ ئه‌وبه‌ری ئاوه‌كه، ده‌بوایه به ناو ئاو و سه‌هۆڵاودا بپه‌ڕیته‌وه. شه‌و له ده‌رگا درا و مناڵێك به جلی پیناوییه‌وه هاته به‌ر رووناکییه‌که، ده‌م و چاوی سور هه‌ڵگه‌رابوو ، جووتێ چاوی بریقه‌داری پرشنگیان ده‌دا، سڵاوی كرد و داوای ده‌رمانی كرد: مامۆستا حه‌مه‌ی برام نه‌خۆشه ده‌رمانتان هه‌یه؟ حه‌مه زۆر ده‌كۆخێ ! خه‌ریكه ده‌خنكێ. ئه‌وه‌ندی پێنه‌چوو ژاوه‌ژاوێك دروستبوو، سه‌گ وه‌ڕی و ژاوه‌ژاو كه‌وته ئاواییه‌که، نه‌مانزانی چی روویداوه؟ پاش که‌مێک هه‌واڵ هات و وتیان: پێشمه‌رگه دابه‌ش بوون. ژاوه‌ژاو نه‌ماو دووباره هێمنی باڵی كێشایه‌وه به سه‌ر دێیه‌كه‌دا. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند بوو به ته‌قه‌یه‌كی زۆر، وه‌ک برێشکه ده‌نگی قازیفه و هاوه‌ن، ئه‌و ناوه‌ی پڕ كرده‌وه، ترسێكی زۆر كه‌وته دڵمانه‌وه، گه‌رچی ترس میكانیزمێكی ئاساییه، مرۆڤ كه رووبه‌ڕووی ترس ده‌بێته‌وه ده‌توانێت بۆ پاراستنی خۆی یان هه‌ڵبێ، یان به‌رگری بكات، به‌ڵام ڕاكردن بۆ كوێ و له ده‌ست كێ؟ شه‌و سارده‌و به‌رگریش له كێ؟ نازانین كێ ته‌قه ئه‌كات و له كێ ئه‌كرێ؟ نازانین چی قه‌وماوه، ئه‌وه‌نده ئه‌زانین گڤه گڤی فیشه‌ك و ناڵه‌ی قازیفه هه‌موو دێیه‌كه‌ی پڕكردووه‌ته‌وه. له نیوه‌شه‌ودا ده‌نگی ته‌قه نه‌ما، به درێژایی شه‌و چاومان لێكنه‌نا، جاروبار نوزه و ناڵه‌ی یه‌كێ ده‌هات كه هه‌تا به‌ره‌به‌یانی خایاند، پرسیارمان ده‌كرد ده‌بێ كێ بریندار بووبێ، كێ زامداره و ته‌نیایه، كێیه جێماوه و نركه نركێیه‌تی و ناتوانێ هه‌ڵبێت؟
له به‌ره‌به‌یاندا ڕیزێ ته‌قه‌ی تر كرا، ئیتر ده‌نگی ناڵه ناڵه‌كه‌ش نه‌ما. به‌یانی خۆرهه‌ڵات و تیشكی به سه‌ر بان و كۆڵانه خواروخێچه‌كاندا بڵاوبووه‌وه، كه سه‌ره‌وژوور به‌دێیه‌كه‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕان، یان به‌ره‌و خوار شۆڕده‌بوونه‌وه و كه‌موكووڕی و سیمای سه‌ختی دێیه‌كه‌ی ده‌خسته‌ڕوو. دێیه‌كی بچووك که خانووه‌كانی له قوڕ دروستكرابوو و هه‌ندێكیان له‌وحێك یان نایلۆنێك ده‌رگای ماڵه‌كه‌یان بوو، ده‌بوایه به خۆدانه‌وینه‌وه بچیته ژووره‌وه. ئه‌و به‌یانیه نه جریوه‌ی چۆله‌كه‌یه‌ك، نه‌قیڕه‌ی قاز و مراویه‌ک، نه ده‌نگه ده‌نگی مناڵێك ده‌هات، زۆر كشومات بوو، ده‌تووت خۆڵی مردوو به‌سه‌ر دێیه‌كه دا بێژراوه‌ته‌وه، وورده‌وورده ڕوونبووه‌وه، كه شه‌وی ڕابووردوو چی ڕوویدا بوو ، به‌ڵێ له شه‌وی 16 له سه‌ر 17 ی مانگی جه‌نیوه‌ری ساڵی 83 ده‌وری دێیه‌كه به جاش و سه‌رباز گیراو، ئه‌و دێیه‌ی ته‌نانه‌ت سی ماڵ نه‌ده‌بوو، که‌چی سه‌دان جاش و سه‌رباز گه‌مارۆیان دابوو، ده‌ركه‌وت سێ پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان (شه‌هید كه‌مال، ناسراو به كه‌مال قه‌مه‌رناز، شه‌هید ڕێبوار، شه‌هید جه‌مال ساڵح میرزا) له ماڵی خوێندكارێكمان شه‌هیدكراون.
ئه‌و به‌یانیه جاشی پڕ چه‌ك، ده‌وری فێرگه‌كه‌یان دا‌و هه‌موویان فیشه‌كدان سنگی داپۆشیوبوون، شه‌پۆلی قاقای پێكه‌نین و حیلكه حیلك، ئه‌و ناوه‌ی پڕ كردبوو، فێرگه‌كه‌یان داگیركرد، كۆمه‌ڵێك جاشی تر له سه‌ربانی بیناكه به‌و به‌یانیه زوو‌ه خه‌ریكی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ركێ بوون، ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنیان ده‌گێرا، سێ پێشمه‌رگه‌یان شه‌هید كردبوو، هه‌ندێكی تریان به ناو پۆله‌كاندا بڵاوبووبووبنه‌وه، فێرگه‌كه‌ش كه له قوڕ دروستكرابوو، پێكهاتبوو له سێ ژوور و له به‌رزاییه‌كدا له ده‌ره‌وه‌ی ئاواییه‌كه، به‌رامبه‌ر ماڵه‌كان بوو. خه‌می گه‌وره‌م هه‌ره‌س هێنانی فێرگه‌كه بوو. بینایه‌كی بچووكی له قوڕدروستكراو به دوو كۆڵه‌كه ڕاگیراكراو، چۆن به‌رگه‌ی هه‌ڵپه‌ڕكێی ئه‌و هه‌مووه ده‌گرێ؟ خه‌ڵكی ئاواییه‌كه‌ش له ترساندا زمان به‌ستراو و ده‌م له قفڵدراو بوون، نه‌یان ده‌وێرا قسه بكه‌ن، هه‌رچی پیاو و گه‌نج هه‌بوو له‌به‌ر خزمه‌تى سه‌ربازی بۆ دێهاته‌كانی ده‌وروپشت یان بۆ چه‌مه‌كه هه‌ڵهاتبوون، ئه‌وه‌ی مابووه‌وه، ته‌نها ژن و مناڵ و و پیر و په‌كه‌وته‌کان بوون، خه‌ڵكی دێیه‌كه بڵاوبوونه‌وه، ژنه‌كان به گریان و ڕۆڕۆ به‌ره‌و چه‌مه‌كه كه‌وتنه ڕێ و به‌شوێن كه‌س و كاریان ده‌گه‌ڕان، پیرێك به‌هه‌نكه هه‌نك كه نیشانه‌ی ژیانی له ده‌موچاودا نه‌ده‌بینرا، هاواری ده‌كرد: ڕۆڵه‌كانم، مه‌گریین، هێز له خواوه وه‌رگرن و چیدی مه‌گرین، که‌چی خۆیشی ده‌گریا، به گریانێكی ئه‌وتۆ كه به‌ندی جگه‌ری مرۆی ده‌بڕی. ئای چه‌ند زوڵمه ، له‌و خاكه‌ی خۆتدا که هۆگری بووی و سوكایه‌تیت پێبكرێ!
ڕۆژی داهاتوو گزنگی دا‌و، خۆر له نێوان هه‌وره ڕه‌شه‌كانه‌وه به كزی هه‌ڵات و خۆی گه‌یانده زه‌وی، كه‌ڵه‌شێر خوێندی و ده‌رگای گه‌وڕ و ته‌ویله‌كان كرانه‌وه و مانگا‌و قه‌ل و قازی لێهاته ده‌رێ. به‌ره‌و فێرگه كه‌وتمه ڕێ و له‌وێ كه‌وتمه كۆكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانم و شته‌كانی تر كه ده‌ستكاریان كردبوو، كاتێ چاوم به شووشه ده‌رمانی كۆكه‌کان كه‌وت، ووره‌م به‌رداو نه‌مزانی چۆن شرووبی كۆكه‌که به چنگ كۆبكه‌مه‌وه، هه‌مووی له‌و ناوه‌دا رژابوون، عه‌رزه‌كه په‌مه‌یی ده‌چووه‌وه، شووشه‌کان به سه‌ر كراوه‌یی فرێدرابوون، له هه‌ر 30 شووشه‌كه‌ی كه په‌یدام كردبوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌یانیان به مناڵانی بده‌م، هیچی نه‌ما بوو، ئیدی هه‌ناوم كه‌وت ئاخر چۆن جارێكی دی ده‌رمانم ده‌ستكه‌وێته‌وه؟ دوابه‌داوی ئه‌وه قوتابیان به‌ڕه‌نگی زه‌رد و تاساوه‌وه به‌ره‌و فێرگه هاتن و كه‌وتینه كۆكردنه‌وه‌ی شووشه و سه‌ری شووشه، له هه‌ر شووشه‌یه‌ك كه دلۆپێكی تێدا مابوو شووشه‌یه‌كمان كۆكرده‌وه بۆ ئه‌و مناڵه‌ی كه زۆر نه‌خۆش بوو… دێیه‌كه بۆنی خوێنی لێ ده‌هات، دووباره ده‌ترساین جاشه‌كان بێنه‌وه سه‌رمان، ئه‌وه‌نده زوو زوو هێرشیان ده‌كرده سه‌رمان ئه‌مانناسینه‌وه، که جاشه‌كانی عوسه‌ی هۆكلن یان ته‌حسین شاوه‌یسن یان جاشه‌کانی یه‌حیای جێشانه‌ن، نه‌مان ده‌زانی چۆن خۆمان لێیان بپارێزین؟ ماته‌مینی و خه‌م و په‌ژاره، باڵی به سه‌ر هه‌موو دێیه‌كه‌دا كێشابوو، ئه‌م مرۆڤه ترسناكانه هه‌ر سێ پێشمه‌رگه‌ی ئازاییان نه‌كوشت، بگره له‌وكاته‌ی هێرشی دڕندانه‌یان ده‌كرده سه‌ر دێیه‌كه، له هه‌مان كاتدا وه‌ك قه‌ساو كه‌سایه‌تی مناڵه‌كانیشیان له‌توپه‌ت ده‌كرد، له‌و كاته‌ی كه وه‌ك دڕه‌نده‌یه‌ك سوكایه‌تییان به كه‌سوكاری مناڵه‌كان ده‌كرد، له هه‌مان كاتیش‌دا کۆشکی دڵنیایی و بڕوابه‌خۆبوونی مناڵه‌كانیان ده‌ڕماند، گوڵزاری دڵه خاوێنه‌کانیانی سیس و زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو ده‌کرد، كه‌سایه‌تییه‌کانیانی زینده‌به‌چاڵ ده‌کرد، له‌و كاته‌ی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌و ماڵه هه‌ژارانه‌وه ده‌له‌وه‌ڕاند و ئه‌ركێك بوون به سه‌رشانی ئه‌و خه‌ڵكه‌وه، ئیتر چێژی ژیانی ئه‌و مناڵانه تاڵ وتفت ده‌كرد، ئه‌و كاته‌ی ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنیان ده‌گێڕاو له ژووره‌كانی فێرگه‌كه‌دا بڵاوببوونه‌وه، له‌و كاته‌دا وه‌ك بایه‌قوشی سامناك ده‌كه‌وتنه هه‌ڵكۆڵینی تاسه و حه‌ز و كرۆژتنی ئاره‌زووی مناڵه‌كان ،سه‌ره‌نجام تۆوی ڕكوكینه و گیانی تۆڵه و دڕنده‌ییان، له نێو ناخ و ده‌روونی ئه‌و منداڵه بێ تاوانانه‌دا ده‌چاند.
* ئه‌م بابه‌ته له گۆڤار نێوه‌ند ژماره 47 بلاوکراوه‌ته‌وه
٭ له عه‌زیزاوا شه‌هید كران