تەماشاكردنى دوێنىَ، بەمەبەستى بینینى ئێستا
دەقو رەخنە:
تەماشاكردنى دوێنىَ، بەمەبەستى بینینى ئێستا
خوێندنەوەیەكە بۆ شیعرى (ئەشكەوتە پیرۆزەكە)ى شێركۆ بێكەس*
محەمەد كوردۆ
ئەشكەوتە پیرۆزەكە
-بیرەوەریى-
شێركۆ بێكەس
كە ئەشكەوتەكەى "سەردێمان"
بوو بە "شانەم"
من تەمەنم
بیستو پێنج هەنگو بیستو پێنج
گیزە گیزى هەرزەكارىو
بیستو پێنج گوڵى دار چوالەى
دەورو بەرى "گەڵاڵە" بوو!
من ئەو ساكە
زەڕنەقوتەى
ناو دارستانى زمان بووم
تا سەر ئەكەتمە سەر شانى شیعرىَو
تا ئەچوومە ئەستێركێكى پەخشانەوە
سەد جار ئەكەوتمە خوارەوەو
لەبیریشمە
چەند جار خەریك بوو بخنكێم!
من ئەو ساكە
هێشتا هەر لە خەودا ئەفڕیم
ئاوازم نوستووى ناو پووشو
خەیاڵم بىَ پەڕو باڵو
سنوورى جووكە جووكیشم
تا لێوارى هێلانە بوو!
***
ئێمە عەشقى رووتو قووتى
"سەكرى سەكران"و باى "هەڵگورد"
بردبووینى بۆ لاى بەفرو بۆ لاى ئاگر
وەرزىَ بەفرمان ئەكردە بەرى شیعرو
وەرزێكى تر گڕمان ئەكرد
بەجامانەى سەرى سروود!
لەو دەمەدا ئێمە سەرو ملمان مۆمو
مۆمدانیشمان دۆڵى چڕو
ئەو شەوانەى دائەگیرساین
قوربانیەكان لەچوارلاوە
سوور سوور بەڕیز
دەس بەچراى یادەوەرىو
دەم بەخەندەى بارانەوە
هەموو ئەهاتن بۆ لامان.
لەوىَ جاران
دەمىَ ئەبووین
بە هاژەى ژێر پردى "زەرد"و
دەمێكى تر
بەمانگەشەوى خەواڵووى
"گەلى بەدران".
لەسایەقەى سەردێماندا
ئاسمان وەك چاوى ساوایان
پاكو روون بوو
ئەستێران هێندە نزم بوون
ئەتووت هاتوون بێنە خوارىَو
لەو گوىَ چەمە تا بەربەیان
لەگەڵ شەپۆلان هەڵپەڕن!
***
"باڵەكایەتى" شۆخێكى
هێندە جوان بوو هێندە جوان بوو
كاتىَ شیعر لەبەردەمیا رائەوەستا
وەكو مانگە شەوى ناو گۆم
چۆن لاڵ ئەبىَو چۆن ئەوق ئەبىَ
ئەویش هەر وا!
بەیانیەك چاوم لێبوو
لەكەلێكدا، لایەكى مەمكۆڵەى سپى
لەژێر بەفرە تەنكۆڵەكەى كراسەوە
بە حاڵ دەركەوت!
من ئیتر شێت بوومو هەستام
وتم ئەچم بۆ لاى "هەڵگورد"
تا بیخوازم!
كە گەیشتم
دەستى "هەڵگورد"م ماچكردو
وتم: قوربان! من شاعیرى كوڕى شاعیرمو
هاتووم بمكەیت بەكوڕى خۆت
"باڵەكىَ خان"م بدەیتىَ!
هەڵگورد پێكەنىو پێى وتم:
تۆ نەزان كوڕى نەزانى!
باڵەكىَ كچى من نیەو
هى یەزدانەو
یەزدانیش هەرگیز كچى خۆى
نادا بەتۆ!
***
تا سنوورى هەرە دوورى
هەتەرى چاو
شین خۆى ئەكرد بەناو سەوزاو
زەرد خۆى ئەكرد بەناو ئاڵداو
سوور ئەچووە ناو سپییەوەو
كاڵو تۆخیش نێرو مىَ بوون
بەناو یەكدا ئەشكانەوە!
لەوىَ رەنگ رەنگێكى تر بوو
لەوىَ بۆن بۆنێكى تر بوو
لەوىَ ئاو ئاوێكى ترو
جوانیش جوانیەكى تر بوو!
***
بەڵام من خەوى رۆمانسیم
لەنیوە شەوى شیعردا
لىَ ئەزرشاو
هەژارى ئەیهێنامەوە
لاى برسێتى ئەم خانمە!
بەناو كێڵگەى دەردەداردا
ئەیبردمەوە بەردەم هەتاوى نەخۆشى
ناو ماڵانو
بەردەم گوڵى سیلاوى ناو باخەكانو
لەبەردەمى زەردەخەنەى پایزانەى
ئافرەتانو منداڵاندا رایئەگرتم!
هەموو جارىَ لەنیوە شەوى شیعردا
خەونى ناسكم وەك تەونى جاڵجاڵۆكە
بە هەناسەى ساردى ئەوان
ئەپەشۆكاو ئەئاڵۆزاو تێك ئەچۆوەو
بۆ بەیانى خۆمو شیعرم
ئەبووینەوە
بەپووشو پەڵاشو چیلكەو
بە هەرزنو
بە قوڵینەى گریاوى نان!
***
لەزەمانى ئەو ئەشكەتە پیرۆزەدا
ئێمە بیست حیلەى "ئەیلول" بووین
یاڵمان هەورى ئەرخەوانیى
سەر "زۆزك"و
ناوچەوانمان تاشەبەردى
هەرە بەرزى
"هەندرێن" بوو!
لەزەمانى ئەو ئەشكەوتە نەمرەدا
ئێمە بیست ژێى گەرووى وشەى
رادیۆیەكى تاقانەبووین.
"ێاڵح یوسفى" باوكمانو
باوەشى گردىَ دایكمانو
"مامە رووتە"یش باپیرمان بوو!
هەموو رۆژىَ ئێمە سەد جار
ماچى رادیۆكەمان ئەكرد
لەدەورى سەرى ئەگەڕاین
دەستمان بەقژیا ئەهێنا
بەساقەى زارى ئەبووینو
لەمسەرەوە هەتا ئەو سەر
لەسەر پەنجە ئەمانگێڕا!
هەر بۆ ئەوەى
خۆى لە وەڕینى سەگەلى
"هانى هانى" لابداتو
لاڕىَ بگرىَو
هەرچۆنىَ بىَ
گەر بەهەنگە شەلێش بووە
بگاتە شار!
***
لەزەمانى نوزەى نانو
قۆڕەى سكى وشەو رستەو
تلۆقى بن پێى ئازادیىو
لەزەمانى كێچو ئەسپىَو خۆدۆزینو
"دى. دى. تیدا". لەزەمانى بەرگى شڕى
پیناویى بەر "ئەى رەقیب"دا
ئێمە لەوىَ لەتەكیەكەى
ئەو ئەشكەوتە سۆفییەدا
بیست دەروێشى
سەربەستیى بووین
وەختىَ كە حاڵمان لێئەهات
هیچ شتێكمان نەئەبینى
جگە لەروحى باڵگرتووى شەهیدانو
جگە لەخواو لەشاخو داخ!
***
لەزەمانى بىَ گیرفاندا
وەختىَ كەسەرى مانگانیش
بەدەم چەقەنەلێدانى
سى یان سىو یەكەوە ئەهات
-رۆژى موچە-
وەرمئەگرت، ئەچوومەوە
ژوورى برسى
هەر خۆم تەنیا
لەسەر دۆشەكى چڵكنى
بە حەیاتى هەڵنەگیراو
دائەنیشتمو پشتم ئەكردە دەرگاكە.
جگە لەچوار پێنج مشكى ناسیاوو
دوو سىَ شەوگەردى ئەبڵەق بووى
سەر دیوارى بەرامبەرم
كەسێكى تر نەیئەبینیم
"سىَ سەدو پەنجا فلسەكەم"
سەد جار ئەژمارد
ئەوسا ئیتر
"سابوون، تووتن، سیغار، گوێزان
دوو سىَ پیلو نوقڵو لفكەیەكى تازەو
دەفتەرێكو دوو قەڵەمو
مێوژە رەشكەو چەند باسووقىَ.
پڕیان ئەكردم لەخۆزگەو
ئەیانبردم
بۆ بازاڕەكەى "گەڵاڵە"!
***
ئێمە لەوىَ
لەو زەمانى ئەشكەوتەدا
"یوسفى" فریشتەیەك بوو لەپەمووى خوا
ئاو پێى ئەوت:
تۆ نەرمترى یاخود من؟!
نان پێى ئەوت:
من برسیمەو بەڵام ئەى تۆ
برسیت نەبوو؟!
"عەبدولخالق" ئەنتێنە هەرە بەرزەكەى
سەر ئەشكەوت بوو.
وەختىَ ئەدواو پێئەكەنى
گوڵ خەندەران سیماى ئەو بوو
ئەكرایەوەو
لەگۆنەوە سوور ئەبۆوەو
دائەگیرسا!
"ئەمجەد" هێواش نەرم نەرم
سەوزە گیا بوو.
كاسە دۆیەكى سادەبوو
بەقەد نانى تازەى سەر ساج
خۆشەویست بوو!
"غالب" دەنگى دارو بەرد بوو بە ئینگلیزى.
بەو رۆژگارە بەپێى پەتى
عاشق، عاشق
ئەچووە كێڵگەى فەرهەنگەوەو
بەشوێن وشەدا ئەگەڕا!
"ناكام" هەمیشە چوار مشقى
لەداڵانى رۆمانێكدا دانیشتبوو
هەر ئەینوسىو هەر ئەڕۆیشتو
رێى رۆمان تەواو نەئەبوو.
"عوزەیرى" پەڕسێلكە بوو
چاوى شین بوو
رۆژىَ بردیان نەهاتەوەو
تا ساڵێكیش ئەشكەوتەكە بۆى ئەگریا!
"عوسمان" بەرد بوو نەڕەى ئەهات
كە هەواڵى ئەخوێندەوەو
وەكو تاپڕ رستەیشى دائەگرتەوە
یەك لەدواى یەك وەك تەرەقەو
دەمەرقاچان وشەكان ئەتەقینەوەو
ئەشكەتەكە دائەچڵەكى!
"جەلال" درەختى گردەڵەى
ناو كەركوك بوو
هەمیشە بۆنى بابەگوڕگوڕو بۆنى
خەمو لیمۆى ئەوىَو بۆنى
"ئیمام قاسم"ى لێئەهات!
"دڵشاد" شمشاڵىَ بوو سەرخۆش
نوكتەیەك بوو لەداماوییدا رسكابوو!
"هێدى" بەردەوام وەفایىو
حاجىو حافزى شیرازىو
خانىو نالى میوانى بوون
بەردەوامیش یەك لەسەر یەك
شیعرى دیژلەمەى ئەدانىَ!
"جەلیل" خورماى خەستەوى بوو
بەسوارى پشتى فەیلیەكان
لەپایتەختەوە هاتبوو!
***
لە زەمانى سەردێماندا
لەو رۆژگارە نسرمەدا
كە گۆرانى گەنجێتیمان
لەسەرمادا هەڵئەلەرزىو
خۆشیمان رووتو رەجاڵو
زەردەخەنەمان ئەتەزىو
بەشەوگاریش
خەنەكانمان
چوون چلوورەى دەربەند ئەیبەست!
لەو زەمانە بێكەسەدا
ئێمە كۆمەڵىَ شمشاڵ بووین
لێومان ئەنا بەكونى زامى جەستەوەو
فوومان ئەكرد بەخەمانداو
ئازادیمان پێلێئەدا.
لەو دەمەدا
-دوور لە ئێستا-
ئێمەو ئەشكەوتى سەردێمان
هیچمان لە دنیا نەئەویست
جگە لە پەیڤێكى جوانو
لەتىَ نانو
یاخود گوڵێكى كێویلە
بیدەین لەیەخەى نیشتمان!
سلەیمانى 27/3/2008
تەماشاكردنى دوێنىَ، بەمەبەستى بینینى ئێستا
خوێندنەوەیەكە بۆ شیعرى (ئەشكەوتە پیرۆزەكە)ى شێركۆ بێكەسمرۆڤ هەمیشە لە ئێستاو لەو شوێنەى تیایدا وەستاوە هەڵدێتو چاوى لەكاتێكى دیكەو لەشوێنێكى دیكەیە. رەنگە بتوانین ژیانى مرۆڤ بەسەر دوو قۆناغى سەرەكییدا، دابەش بكەین. كە لە قۆناغێكیاندا چاو دەبڕێتە ئایندەو لە قۆناغەكەى دیكەیاندا چاو بەرەو رابردوو دەگێڕێتەوە. لە قۆناغى یەكەمدا سەرنجەكانى ئاراستەى ئایندە دەكاتو بەدیهاتنى خەونەكانى لەچركەساتە نەهاتووەكانى ئایندەدا دەبینێتو خەیاڵدانى بە وێنەگەلێكى دڵنشین پڕ دەبێت كە هەستدەكات لە ئایندەدا دەیانبینێتو پێیان دڵشاد دەبێت. ئەم هەستەیە كە زۆرجار هێزى بەرگەگرتنى نەهامەتییەكان بەمرۆڤ دەبەخشێتو تواناى درێژەدان بەژیانی تێدا بەهێز دەكات. ئایینەكانیش بەقوڵى كار لەسەر ئەم بونیادەى نێو روحى مرۆڤ دەكەنو لەبەرژەوەندى خۆیان بەكارى دەهێنن، ئایینەكان بۆ ئەوەى مرۆڤ بتوانێت لەو دۆزەخەدا بژى كە لەژیانى دنیاییدا تێیدەكەوێت، بەردەوام باسى بەهەشتێكى پڕ لەروبارى شیرو شەرابى بۆ دەكەن كە لە ژیانى دواییدا پێیدەگات. لەزۆرێك لە ئایینەكاندا لەبەرامبەر دۆزەخێكى ئێستاییدا، بەهەشتێكى ئایندەیى هەیە. دەمەوێت بڵێم مرۆڤ كە بەخەیاڵدانێكى پڕ لە دیمەنى جوانو دڵنشینەوە چاو دەبڕێتە ئایندەو بەدڵێكى خۆشەوە بەرەو رووى دەڕواتو هێدى هێدى بۆى دەردەكەوێت لەنەخشاندنى وێنەى ئایندەدا زیادەڕەویى كردووەو نەیتوانیووە وەك خۆى بیبنێت، دواى ئەوەى بەدەستى خۆى تەرمى بەشێك لەخەونەكانى خۆى دەنێژێتو دڵى چەندین برینى نائومێدیى تێدەكەوێت، ئیدى لەبرى ئەوەى حەز بە ئایندە بكات لێیدەترسێت. كاتىَ لە ئایندە دەترسێتو ناشتوانێت بەژیانى هەنوكەیی خۆى رازى بێت، ناچار چاو بەرەو رابردوو دەگێڕێتەوەو دڵ دەداتەوە بەڕابردوو. رابردوو جگە لەوەى جوانییە بەسەرچووەكانى ژیانى مرۆڤ لە حەقیقەتى خۆیان زیاتر دەچریسكێنێتەوە، نەهامەتییەكانیشى كەمتر جێگاى نیگەرانین، چونكە تاقیكراونەتەوە، چونكە تێپەڕێنراونو ئەنجامى كۆتاییان زانراوە. شۆڕشەكان زۆرجارو دواى ئەوەى ئەو دنیا جوانەیان بۆ دروستناكرێت كە پێشتر پەیمانى دروستكردنیان داوە، دەگەڕێنەوە بۆ رابردوو و لەناو رابردوودا دەژین. شێركۆش لەم شیعرەدا بەقوڵى كار لەناو رابردوودا دەكات، بەڵام ئەو وەك شۆڕشەكان بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو ناشیرینییەكانى ئێستامان لەبیر بباتەوە، بەڵكو رێك بە ئاراستەیەكى پێچەوانەى ئەو ئاراستەیە كار دەكات. دەیەوێت لەڕێى جوانییەكانى رابردووەوە قوڵتر ناشیرینییەكانى ئێستامان بۆ ئاشكرا بكات. لەم شیعرەدا هەموو وێنەكان وێنەى رابردوون، بەڵام ئامانجى هەموویان راكێشانى سەرنجى ئێمەیە بۆ ئێستا. بۆ پەڕاندنەوەى سەرنجەكانى ئێمەش لە دوێنێوە بۆ ئێستا، شێركۆ ئاوێنەیەكى داوینەتىَ. نەبوونى ئەو ئاوێنەیە ئێمە لەناو رابردوودا قەتیس دەكاتو لەبینینى ئێستا بێبەشمان دەكات. ئەو ئاوێنەیە ئەگەرچى لە رووكاردا زۆر سادەو كەمبایەخ خۆى دەنوێنێت، كەچى لەقوڵاییدا شیعرەكەى لە شیعرێكى ئاساییەوە كە هاتووە كۆمەڵە بیرەوەرییەكمان بۆ بگێڕێتەوە، گۆڕیووە بەشیعرێكى جیدى كە رەخنەى قووڵى لە ئێستا هەیە. ئاوێنەكە لەناو ئەم رستە بچوكەدایە: -دوور لە ئێستا-. ئەم ئاوێنەیە دەرفەتى ئەوەمان دەداتىَ زۆرینەى ئەو تیشكانەى لە شیعرەكەدا ئاراستەى رابردوو كراون پێچەوانە بكەینەوەو ئاراستەى ئێستایان بكەین. دەتوانین لە ناونیشانى شیعرەكەوە دەستپێبكەینو پیرۆزیى ئەشكەوتەكە، كە شوێنى دوێنێى ئێمە بووە، وەك ناپیرۆزیى كۆشكەكان تەماشا بكەین، كە شوێنى ئێستاى ئێمەن. ئەشكەوت خۆى هێماى ژیانێكى دوور لەشارو شارستانییەتە، وەلىَ لەم شیعرەدا شوێنى كۆكردنەوەى ئەو كەسانەیە وا لە پێناوى ئازادییدا تێدەكۆشنو وەكو ((كۆمەڵىَ شمشاڵ، لێو دەنێن بەكونى زامى جەستەوەو فوو دەكەن بە خەمانداو ئازادیى پێلێدەدەن))، بەم مانایە ئەشكەوت لەم شیعرەدا هێماى ئازادییە. لێرەوە دەتوانین ناونیشانى شیعرەكە وا بخوێنینەوە كە هاتووە پێمان بڵێت: دوێنێى ئێمە، ئەگەرچى لە ئەشكەوتیشدا بوو، لە ئێستامان جوانترو پیرۆزتر بوو، چونكە لەناو ئەو ئەشكەتەوە چاومان لە ئازادیى بوو، خەونمان بەئازادیىو بەژیانێكى جوانترو سەربەرزانەترەوە دەبینى. ئێستامان ئەگەرچى لەناوجەرگەى شارەكاندایەو لە كۆشكى گەورە گەورەدا دەگوزەرێت، ناپیرۆزە، چونكە ئیدى ئێمە چاومان لەهیچ نییەو خەون بەهیچ شتێكەوە نابینین. واتە شێركۆ لەنێوانى دوو جۆر ژیاندا كە یەكێكیان لەناو ئەشكەوتدایە، بەڵام ئازادیى رووگەیەتى، لەگەڵ ژیانێكدا، كە لەناو كۆشكدایە، بەڵام هیچ رووگەیەكى نییە، ژیانى نێو ئەشكەوتەكە هەڵدەبژێرێت. نەك هەر ئەوە، بگرە سیفەتى پیرۆزییشى پێدەبەخشێت. پێشتر وتمان ئاوێنەكە ئەم شیعرە لە دەقێكى ئاساییەوە كە هاتووە بیرەوەرییەك، یان چەند بیرەوەرییەكمان بۆ بگێڕێتەوە دەكات بەشیعرێكى جیدى، كەرەخنەى قوڵ ئاراستەى ئێستا دەكات، بابزانین چۆن؟ كاتىَ شاعیر دەڵێت : ((ساڵح یوسفى باوكمانو باوەشى گردىَ دایكمان بوو))، ئەوا لەراستییدا ویستویەتى بڵێت: بەرپرسانى دەزگاو دامەزراوە رەسمیىو ناڕەسمییەكانى ئێستاى ئێمە، ناتوانن باوكمانو كۆشكو سەراكانیشمان ناتوانن دایكمان بن! بێگومان ئەو باوكایەتییەى یوسفى وەكو ئەو باوكایەتییە نییە كە شێرزاد حەسەن لە حەساردا باسى دەكات، ئەم باوكە لەبرى ئەوەى حەسار بەدەورى نەوەكانییدا دروستبكات، فێرى شكاندنى حەسارەكانیان دەكات. لەبرى ئەوەى بیانخەسێنێتو بیانتۆقێنێتو بیانچەوسێنێتەوە، خۆیان دەكات بە حیلەى نێو ئەشكەوتێكى پیرۆزو یاڵیان دەكات بە هەورى ئەرخەوانیى سەر زۆزكو ناوچەوانیشیان دەكات بە تاشەبەردى هەرە بەرزى هەندرێن! ئەم باوكە فریشتەیەكە وەكو پەمووى خوا پاكو سپىو وەكو ئاو نەرمو نییانە. شێركۆ لەڕێى وێنەكێشانو پیشاندانى ئەم باوكەوە، وێنەى باوكێكى دیكەمان پێدەبەخشێت، كە باوكى نێو دەزگاو دامەزراوە رەسمیىو ناڕەسمییەكانى ئێستاى ئێمەیە. باوكێكمان پیشان دەدات، كە ئیدى هەرگیز ناتوانێت جێى دڵنیایى نەوەكانى بێتو فێریان بكات بۆ خۆیان پەیڤى جوانو بۆ نیشتیمانەكەشیان گوڵى كێویلەیان لە دنیا بوێت! باوكێكمان پیشان دەدات كە هەرگیز ناتوانێت بەچاوى باوكایەتییەكى وەكو ئەوەى ساڵحییەوە سەیرى هەموو نەوەكانى بكات، باوكێك هەندێجار، لەناو ماڵەكەى، (دەزگاكەى- دامەزراوەكەى) خۆیدا دەستدرێژى دەكاتە سەر كچەكانىو كوڕەكانى دەچەوسێنێتەوە. باوكێك هەر لەجۆرى سڵاوكردنو پێشوازیكردن لە نەوەكانییەوە، تا دەگات بەدابەشكردنى موڵكو سامان بەسەر نەوەكانییدا، نادادپەروەرە. زۆر شت بەهەندێكیان دەبەخشێتو هیچ بەهەندێكى دیكەیان نابەخشێت. شێركۆ كە دەشڵێت گردێك دەبوو بە دایكمان، لەڕاستییدا ویستویەتى بڵێت: كۆشكەكانمان هەستكردنى ئێمەیان بە گەرمایى كۆشى (دایك- نیشتیمان) لە روحدا كوشتووینو لەو نیعمەتەیان بێبەش كردووین. وەختىَ دەڵێت: ((لە زەمانى نوزەى نانو قۆڕەى سكى وشەو رستەو تلۆقى بن پێى ئازادیىو لە زەمانى بەرگى شڕى پیناویى بەر ئەى رەقیبدا، ئێمە لەوىَ لە تەكیەكەى ئەو ئەشكەوتە سۆفییەدا، بیست دەروێشى سەربەستى بووین))، ئەوا لەراستییدا ویستویەتى بڵێت: لە ئێستادا كە نان تێرو پۆشتەیەو قۆڕەى سكى نایەو ئازادیى پێڵاوى ئەمریكایى لەپێدایەو پێیەكانى تلۆق ناكەنو ئەى رەقیب بەرگى جوانو نوێى لەبەردایە، كۆشكە جوانو رازاوەكانمان ئێمەیان لەدەروێشى سەربەستییەوە كردووە بە پاشاى كۆیلە. ئێمەیان لەمرۆڤگەلێكى پڕ لە خەونەوە گۆڕیووە بۆ مرۆڤگەلێكى بێخەون. كاتىَ دەڵێت: ((وەختىَ كە حاڵمان لێئەهات، هیچ شتێكمان نەئەبینى، جگە لەروحى باڵگرتووى شەهیدانو جگە لە خواو لە شاخو داخ))، ئەوا لەراستییدا ویستویەتى بڵێت: لە ئێستادا وەختىَ حاڵمان لێدێت هەموو شتێك دەبینین شەهیدانو خواو شاخو داخ نەبێت، كە سىَ هێمان بۆ سەربەرزىو گەورەیىو ئازادیى. دواتر كە دەچێتە نێو وردەكارییەكانى ژیانى سادەى ئەوساو باسى ئەوە دەكات چۆن زیاتر لە سەدجار ئەو سێسەدو پەنجا فلسەى ژماردووە كە موچەى یەك مانگى رەبەقى بووەو چۆن دڵى پێخۆشبووەو چەند شتێكى سادەى وەكو سابوونو توتنو سیغارو گوێزانو پیلو نوقڵو لفكەو دەفتەرو قەڵەمو مێوژە رەشكەو باسوقو سجوقى پێكڕیووە، لە راستییدا ویستویەتى بڵێت: ئێمە ئەوسا دەمانتوانى دڵمان بەو شتە بچوكو سادانەش خۆش بێت، چونكە خۆمان گەورە بووینو خەونى گەورەمان دەبینى. بەڵام ئێستا ناتوانین دڵمان بە كۆشكو سەرا گەورەكانمانو بە ماشێنو بەسەروەتو سامانە زۆرو زەبەندەكانیشمان خۆش بێت، چونكە خۆمان بچوك بووینەتەوەو خەونى گەورەمان نەماوە. ویستویەتى بڵێت: ئێستا ئێمە لە مرۆڤگەلێكى گەورەى نێو شتگەلێكى بچوكەوە گۆڕاوین بۆ مرۆڤگەلێكى بچوكى نێو شتگەلێكى گەورە! ویستویەتى بڵێت ئێمە شوێنى خۆمانو شوێنى شتەكانمان گۆڕیوەتەوە، خۆمان چوینەتە شوێنى ئەوانو ئەوانیشمان خستۆتە شوێنى خۆمان. ویستویەتى بڵێت: ئێمە جوانىو گەورەیىو بەهاكانى خۆمان بە شتەكانمان بەخشیووەو خۆمان تا رادەیەكى زۆر بێجوانىو بێگەورەیىو بێبەها ماوینەتەوە. بەمجۆرە ئێمە دەتوانین ببینین شاعیر كاتىَ دەبێت بەخاوەنى هێزێكى گەورە بەسەر وشەدا، چۆن دەتوانێت بەكورتترین رستەو بەكەمترین وشەو دەستەواژە، ئەو دیوى شیعرەكەى پڕبكات لە وێنەو دەربڕینو رەخنەى قوڵ. چۆن دەتوانێت كارێك بكات نەوتراوەكانى نێو شیعرەكەى، یان راستتر ئەو دیوى شیعرەكەى، لە وتراوەكانى كەمبایەختر نەبن؟ چۆن دەتوانێت كارێك بكات شیعرەكەى لەگەڵ دوایین وشەى خۆیدا نەك تەواو نەبێت، بگرە بوونى راستەقینەى خۆى دەستپێبكات.
***
لەرووى هونەرییشەوە، ئەم شیعرە زۆرترین خەسڵەتە شێركۆییەكانى تێدایە كە دەتوانین بە ئاسانى لەرێگاى ئەو خەسڵەتانەوە شیعرى شێركۆ بناسینەوە. بۆ نمونە لەم شیعرەشدا وەكۆ زۆرینەى شیعرەكانى دیكەى شێركۆ نەتەوەو نیشتمان ئامادەیى دیكتاتۆریانەیان هەیەو لەرێى ئەوانەوە شیعرییەت بەرهەمهاتووە. كێش هەمان ئەو كێشە چوار بڕگەییە شپرزەیەیە كە زۆربەى هەرە زۆرى شیعرى شێركۆى پێنوسراوەو لەیەك دوو جێگاشدا لەنگ دەبێت. لە شپرزەیى مەبەستم ئەوەیە كە ئەم كێشە لاى شێركۆ بەو شێوە سادەو رەوانو هێمنەى بۆ نمونە لاى پەشێو هەیە بوونى نییە. لاى شێركۆ كەمتر بە چوار + چوار دەڕوات. لەبرى ئەوە دەبێتە سىَ+ پێنج، یان دوو+ شەشو هتد.
سەروا زۆرتر سەروایەكى تایبەتەو هەندێجار بە یەك پیت دروستدەبێتو هەندێجاریش بە دوو پیتو هەندێجاریش تەنها دەنگى وشەكان لەیەك دەچن. هەرگیز ئەو تێرییەى بۆ نمونە لەسەرواكانى حەمە عومەر عوسماندا هەیە لە شیعرى شێركۆدا بوونى نییە. بێگومان ئەمەش یەكێك لەو خاڵانەیە كە شیعرى شێركۆ لەشیعرى شاعیرانى دى جیادەكاتەوە.
لەم شیعرەشدا وەك زۆبەى شیعرەكانى دیكەى شێركۆ جۆرێك لە چیرۆك، بوونى هەیەو گێڕانەوە رەگەزێكى زاڵەو كاتو شوێن-یش ئامادەیى ئاشكرایان هەیە.
تەدویر یەكێكى دى لە خەسڵەتەكانى شیعرى شێركۆو ئەم شیعرەشیەتى، رستەكان بەلێشاو و بەبىَ وەستان بەدواى یەكدا دێنو كارێك دەكەن رستە كەمترو كۆپلە زیاتر بوونى هەبێت.
سروشت لەناو زۆربەى هەرە زۆرى وێنە شیعرییەكاندا توخمێكى پێكهێنو زاڵو خاوەن ئامادەییە، بەڵام لەبەر جوانییەكەى نا، بەڵكو لەبەر ئەوەى حیكایەتى نەتەوەیەكى چەوساوەو نیشتیمانێكى داگیركراوو شۆڕشێكمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەوەتا مرۆڤەكان لەبەرد دەچن، بەڵام بۆ ئەوەنا جوانى بە گوىَ ئاوێك ببەخشن، بەڵكو بۆ ئەوەى بنەڕێننو دوژمن بترسێنن.
من پێشتر لە لێكۆڵینەوەیەكى دوورو درێژدا بە وردى لە تایبەتمەندییەكانى شیعرى شێركۆ بێكەس دواوم، كە زۆرینەى ئەو تایبەتمەنییانە لەم شیعرەشدا هەن، خوێنەر ئەگەر بە پێویستى بزانێت، دەتوانێت بگەڕیتەوە سەر ئەو سەرچاوەیە:
محەمەد كوردۆ، گەڕان بەدواى شیعرو جیاوازییدا، لێكۆڵینەوە.(لەبڵاوكراوەكانى بەڕێوەبەرێتى چاپو بڵاوكردنەوەى سلێمانى: 2006).
*ئەم دەقو رەخنەیە لە ژمارە (35)ى گۆڤارى (هەنار)دا بڵاوكراوەتەوە.