Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
دوو شیعر: محەمەد کوردۆ

دوو شیعر: محەمەد کوردۆ

Closed
by February 5, 2009 ئەدەب

دوو شیعر:                   
     محەمەد کوردۆ
                
                                (1)
تا رۆژى حەشر
چاوەڕوانى لێبوردنى تۆم
دڵى من چرایەک بوو
لەناو تەنیاییەکى کوشندەدا
خەریکبوو دەکوژایەوە!
بەر لەکوژانەوەى بەچەند چرکەیەک
دڵى ژنێکى میهرەبان
هات بەهانایەوە!
منء ئەو ژنە میهرەبانە
رۆژگارێکى خۆشمان پێکەوە گوزەراند
تا ئەو پەڕى دڵکرانەوە
دڵمان بەیەکتر دەکرایەوە!
رۆژێکیان من هەڵەیەکم کرد
چڵێک لە دارە ناسکەکەى دڵى ئەو
کە دیار بوو پێش منیش شکێنرابوو
بەو هەڵەیەى من کردم، شکایەوە!
ژنە میهرەبانەکە رەنجا..ء
دڵى من بەجۆرێک
کەوتە ناو دۆزەخى پەشیمانیى
کە لەجیاتى فرمێسک
خوێنء زوخاو
لەچاوى چکایەوە!
دڵى من زۆر خەمناکانە
بەژنە میهرەبانەکەى وت:
هەتا رۆژى حەشر
من هەر چاوەڕوانى لێبوردنى تۆ دەکەم
ئاخ بەڵام ژنە میهرەبانەکە رۆیشتء
بەهیچ جۆرێک
هیچ وەڵامێکى دڵى منى نەدایەوە!!
(2)
قژى ژنێکى نازدار
لەئێوارەى رۆژێکى بەهاردا
خوێنم کەوتە قوڵپدانء
بووم بە پەپولەیەکى سەرگەردانء
تا ماندوو بووم
سوڕامەوە بەناو شاردا
دڵم ئۆقرەى نەگرت
فڕیم
فڕیم
تا لەو دەشتء دەرانە
خۆمکرد بەناو قژى ژنێکى نازداردا
منداڵێک هات
ویستى هەڵمفڕێنێ
ژنەکە لەنەغمەیەکى خەمباردا
بە منداڵەکەى وت:
((نەکەى!
کێ دەڵێ روحى پیاوێکى سەرگەردان نییە
کە لە وڵاتێکى پڕ ئازاردا
پەناگەیەکى بۆ نەدۆزراوەتەوە
تاوێک خۆى تێدا حەشاردا؟)).
ئەو ژنە چەند میهرەبان بوو
ئەو چرکەساتەش ئەوەندە جوان بوو
کە خۆم بینى
پەپولە بووم
لەناو قژى ژنێکى نازداردا!!

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.