Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
ئاسمانى خوێن …. هەردى شەفیق

ئاسمانى خوێن …. هەردى شەفیق

Closed
by February 7, 2009 ئەدەب

 ئاسمانى خوێن …. هەردى شەفیق
              

 (بەتۆ پێشكەشە كەهەمیشە دەستەخوێناویەكانتم پیا ئەسڕى ئەى نیشتیمان )
 دوو دیوى بەیەكترى نامۆم
 دیوەكانم لەیەكترى هەڵدێن وبەدواى یەكتریدا ئەگەڕێن
 نیوەم بەدواى حەقیقەتداو نیوەم بەدواى گوماندا
 نیوەم بەدواى عیشقداو نیوەم بەدواى خۆكوشتندا
 هەردوو نیوەكەشم یەكترى ئەكوژن
 
 با هەر بەناو كەلاوەدا بڕوَین و بیر لە باڵەخانە بكەینەوە
 با هەر بەنێو خوێنى خوشكەكانماندا بڕۆین و بۆگوڵ بگەڕێین
 بەهەر لەنێو دڵى براكانماندا زۆڵەكان بدۆزینەوە كەهى، ئێمەنین
 با هەر ئەم دەرگاى جەننەتە بكوتین و كەسیش (فەرموو)نەكات
 با هەر بەنێو لاشەى ئەم مردوانەدا بڕۆین و كەسیش هەناسەیەكى سارد هەڵنەكێشىَ
 بەناو سەرابدا بڕۆین و سرود بۆ جەنگ بخوێنین
 با خوێن وەكو سێبەرەكانمان بە دوامانەوە بێت
 بەنێو تەرمى ئەم باڵندە كوژراوانەدا ڕٍێ بكەین ئاسمانى شەو دەیان كوژىَ
 باهەربڵێین ئێمە كوڕە زۆڵە كانى تۆین و ئەویش هەر حاشامان لێبكات
 با گوناه  هەمیشە وەكو كەشكۆڵى شوان بە كۆڵمانەوە بێت
  باهەر بەنێو ئەم لیتاوەدا بڕۆین و گۆرانى( بۆنى خاك) بڵێین
 …………………………………………….
 
 باهەر لەم جەنگەڵەدا بكوژرێین و سرود بۆ جەنگ بخوێنین
 باهەر بەنێو ئەم ئاشوبى ڕۆحەدا بڕۆین و گوڵ بڕوێنین
 باهەر سرودى ئەم  بەچكە شێرانە بڵێین هەلاهەلامان ئەكەن
 باهەر لەم مەیخانەدا بادەنۆشى بكەین و ساقیەكانیش خوێنى ئێمە بگێڕن
 باهەر بەنێو ئەم قامچیانەدا بڕۆین لە ڕۆحى ئێمە ئەدرێن
 باهەر بەنێو ئەم قوڵینگە بریندارانەدا بڕۆین و بگرین
 باهەر بەنێو ئەم بۆنى خوێنەدا سەفەر بكەین و بۆنى شەو مان لێبێت
 ……………………..
 وەك ئەو پیاوەى پایزان بۆسەیرى ڕوت بونەوەى درەختەكان دەچێت
 
 بۆسەیرى برین و خوێن و سواڵكەرەكانت دەچووم
 لە خوێنى خۆمدا سەوزبووم و كەس نەیبینى
 مەرگم ئاوداو خوداش ئاوى نەدام
 مردوى ناو مەیتخانەكانیان پىَ ئەشۆردم
 گوڵى سوریان لەنێو خوێندا پىَ سەوز ئەكردم
 ئەسپە كانیان لە مەیخانەكاندا پىَ ئاو ئەدام
 برینى ئەسپەكانیانم تیمار ئەكرد
 ێەگى پاسەوانە كانیانم بە خێو ئەكرد
 ……………………………
 من دەم ویست سەرم بخەمە سەرمەمكەكانى كچێك و خەوم لێبكەوێت
 جلە خوێناویەكانم لەبەر باراندا بشۆم و ئاوى گوڵە سورەكان بدەم
 ئەو مناڵە پەشیمان كەمەوە بەدارو لاستیكەوە بەردى ئەگرتە پەنجەرەى مانگ
 ئەو كچە بهێنمە پێكەنین مانگ بەبریندارى لەچاوەكانیدا ئەگریا
 ئەو عاشقانە پەشیمانكەمەوە فاڵیان بەپەڕەى گوڵەكان دەگرتەوە
 دەم ویست هاواربكەم بابێن تایەفەى پەپولەكان
 بابكوژرێن عەشیرەتى مرۆڤەكان
 دەم ویست ئەم قانونى كوشتنە تێك بدەم و گاڵتە لەگەڵ ئەم خوێنەدا بكەم
 كەچى شاعیرەكان هاواریان دەكرد :
 ڕەشەباى مەرگ هات بائەم هەوارە  جێبێڵین
 تاعون هەڵیكرد بالێرە بڕۆین
 …………………………
 ئیدى دەبَى كوڕەكانى تۆ بوتڵى بادەكانیان لابەرن و نیشانە لە دڵى من بگرن
 من بووم لە زیندانە كانەوە بیرم لە مەیخانەكان كردەوە
 ئەم كەموڵەى ئازادیەم بە خوێنى خۆم پڕكرد
 نەم دەزانى گوڵباران ئیشى تۆنیە و عاقیبەت گوللە بارانم دەكەیت
 دەبىَ ئیدى بڵێم :باڵى فریشتەكانى خوا بۆخۆت كەخوێناوین
 بەباڵى ڕۆحى خۆم دەفڕم كەهى پەپولەن
 دەزانم ئیدى دەبێت
 تەرمى ئەو عاشقانەمان بخەینە چاڵ بەزۆر بردیان
 پیلان بۆ هاوڕێكانمان دابنێین و بیان بەینە گۆڕستان
 
 لەشەرمان نێو چاوانمان بخەینە سەرتەرمى برا كوژراوەكانمان و بگرین
 ئەو برایانەى دەمان كردن بەپلیكانەى جەنگەكان
 ئەو برایانەى لەدواوەى سەنگەرەكان و
 سەنگەرەكانى بەرامبەریانەوە دەمان پێكان
 …………………………………..
 دەزانم گۆڕ هەڵكەن و گۆڕ فرۆشەكانت لەگشت كەس دەوڵەمەند ترن
 بەس جلە خوێناویەكانمان بەرەوە بۆ دەزگیرانە كانمان وپێیان بڵىَ:
 ئەڵقەكانیان مۆمیا بكەن
 بەتابلۆكێشەكانیشت بڵىَ :وێنەى ڕوتى ئەوان لەسەر گۆڕەكانمان بكێشن
 ناوى ئەوانیش لەسەر گۆڕەكانمان بنوسن
 ئەو گۆڕانەى تامەحشەر ناڵەیان لێوە دىَ و
 خوێنیان بەسەردا دەبارىَ
 بەو كچانە بڵىَ: لەبرى پارە خەیانەتى براكانیان ئەژمارد
 لەبرى گوللە ماچى عاشقەكانیان دەیكوشتن
 ئێمە ئەو پەپولە پێكراوانە بووین نەكەس بەدواى تەرمەكانماندا گەڕاو
 نەپەیكەر تاشێكیش كردینى بەسەربازى ون!
 ……………………….
 لێرەوە ئیدى دەڕۆم
 بەرلەوەى وەكو گۆشتى قوربانى ماڵەو ماڵ بمگێڕیت
 وەكو  زیناكەرێك  شارەو شار سوارى كەرێكم كەیت
 پێت دەڵێم نمەك حەرام  دەرچویت، نیشتیمان
 تۆ كەى ئاوا مناڵەكانى خۆتت بەبۆنى گوناه دەكوشت ؟
 لەبیرتە وەك چۆن بیابان ڕێبوارەكان لەنێو لەپى خۆیدا ئەكوژىَ
 ئاوا گوناهم لە خۆمدا ئەكوشت؟  
 وەك چۆن كوێستان گوڵاڵە سورە لەڕۆحى خۆیدا سەوز ئەكات
 ئاوا ڕۆحم لە خوێنى خۆمدا سەوز ئەكرد
 منێك كەسەر شۆڕى خۆم نەئەخزاندە  نێو دێڕى ئینشایەك
 وەكو خوێنى قوربانى ئەمدەى  لەدەرگاى پەرستگایەك
 ……………………………..
 لەژێر تریفەى مانگدا ڕوتم كەرەوە، لەژێر باراندا ماچت دەكەم
 
 تۆ دەزانى كوشتنى بوكەڵەیەك بە باوەشى مناڵێكەوە یانى چى ؟
 دروست كردنى شەراب لە كەللەسەرى كوژراوێكدا یانى چى؟
 قومار كردن لەنێو خوێنى شەهیدەكانتدا یانى چى؟
 من  لە لاڵەكانیشت  تێدەگەم  چى دەڵێن
 هاوارەكانت بەكەڕیش دەبیستم
 بەبىَ بازاڕى مردوشۆرەكانیش دەزانم چ خوێنىَ بەنێودڵى تۆدا دێت ودەچىَ
 بەبىَ تابووت سازەكانیشت دەزانم ژمارەى خۆكوژەكانت چەندە
 بەبىَ دەف ژەنین دەزانم ژمارەى ئەو دەروێشانەت چەندە
 بە چەقۆ سەرى زمانیان لەت لەت دەكەن
 …………………………..
 بەنێوگریان و خوێنى ئەم كوكوختیانەدا بەرەو چ وێرانەیەك دەچیت ؟
 من ڕۆژگارى برینەكانت لە كۆڵ دەكەم
 پێڵوەكانمت  وەكو فەرشى سور بۆ ڕادەخەم بەسەریا بڕۆى
 سەركردە كانت بەقەڵادۆشكان دەگێڕم
 شیعرى زیندانەكانت كۆ ئەكەمەوەو ئەیكەم بەدیوانى شەهیدەكان
 نامەى عاشقە كوژراوەكانت هەڵدەگرم بۆ كاتى كەیف و سەفا
 بەخوێنى دڵ و ڕۆحى خۆم گەورەت دەكەم
 شەرەفى سۆزانیەكانت دەخەمە سەر چاوم
 ئابڕوى لەشكڕەكانت دەخەمە ژێر پێم
 تۆش وەكو ئەو سواڵكەرەى سەیرى كۆشك و ڤێلاو ژنى جوانى گەورەكان ئەكات ،بمكوژە
 وەك ئەو سۆزانیەى لەژێر لەززەت و ئازاردا دەناڵێنىَ،بمكوژە
 وەك چەقۆیەكى كول گۆشتى قوربانیەك پارە پارە ئەكات پارە پارەم كە
 وەك قەێابێك كۆترێك سەر ئەبڕێت سەرم ببڕە
 ئاخر من كوفر بەخواى هەموو قەبیلە ژن كوژەكانت دەكەم و دەڵێم:
 ئەوەتا خوێنە ڕژاوەكەت ژەنگ هەڵدێنىَ و
 جوانیت وەكو كێوىَ بەفر هەرەس دێنىَ
 ……………………………….
 بمكوژەو خۆڵەمێشەكەم بكە بەباخچەكانى شارەوە
  ئەوە دڵم گەر مناڵە شەهیدێكى پێ ژیر دەبێت
 ئەوە ڕۆحم گەر دایكێكى ڕەشپۆش ئەخاتە پێكەنین
 
 خاكى ژێر پێى سواڵكەرەكانت ئەكەم بەماڵى دڵ
 نێو لەپى قەرەجەكانت پڕئەكەم لەڕۆحى تۆ
 نێو دڵى خۆم پڕئەكەم لە گوللەى دوژمنانت
 بەس لێگەڕىَ كوكوختى ئەم عومرە كوژراوەم بخوێنىَ
 
 وەك چۆن مەینۆشێكى نائومێد بینى بۆ دواهەمین پێكى بادە ئەكاتەوە
 ڕۆحم بۆ هەموو نائومێدیەكانت ئەكەمەوە
 تۆش چۆن عاشقە درۆزنەكانت ماڵەكانى ڕۆح ئەكەن بەكەلاوە ،بمڕوخێنە
 وەك چۆن موسافیرەكانت،خەونەكانت و خەونەكانیان
 لەجانتاى سەفەردا ئەپێچنەوە
 یادگاریەكانیان بەڤیزایەك ئەگۆڕنەوە ،لەگەڵ مەرگدا بمگۆڕەوە
 ئێستاش دڵم وەكو قوڕقوشم بتاوێنەرەوەو بۆ وێنە جوانەكەى جارانت بگەڕىَ
 من هەر كوڕە كەچەڵەكەى ناو خەونە كۆنەكان و عاشقە دێرینەكەى جارانى تۆم
 گەر ئەشزانیت بەمردنم سواڵكەرێكت  تێر ئەكەیت
 وەك دواهەمین جگەرە بمنىَ بەلێوى خۆ كوشتنەوە
 گەردەزانیت بە كوشتنم  نائومێدێكت ئاسودە ئەكەیت
 ئابڕوى لەشفرۆشێكت ئەكڕیتەوە ،یاقەرەجێكت نیشتە جێ ئەكەیت
 ئەوا وەك دواهەمین گوللە بمنىَ بەناو چاوى مردنەوە
 ………………………………
 لێرەوە دەڕۆم لەم ماڵى وێران بوونەوە
 لەوێوە دێمەوە لەو سەرى فەننا بوونەوە
 ڕیسوامكە وەك قەرەجێكى سۆزانى
 هیچ مەملەكەتێكى نیە جگەلەدڵ و ڕۆحى تێك شكاوى خۆى
 ڕۆحى هەلاهەلام وەكو ناوساجى بدە بەدانیشتوانى شار
 دڵى پارەپارەم وەكو گۆشتى قوربانى ببەخشەرەوە
 بەبزمار دامكوتە بەنێوچاوى گۆڕستانێكتدا شەهیدەكانتى تیایە
 گۆڕستانێك، شەهیدەكانت بۆ خۆكوشتن دێنێتەوە
 سیەكانم دەبەخشم بەتۆ بۆنى تاعونى شارە وێرانەكانتى پێبكە
 دەستەكانم دەبەخشم پێت نازى پاساریە تەڕەكانتى پێهەڵگرە
 دڵم دەبەخشم بەتۆ بیكە بە مۆزە خانەى خەیانەت كارانت
 
 ئەو ڕۆحە شكاوەشم قەێیدەى شاعیرە كوژراوەكانتى لەسەر بنوسە
 بەس بەبرینى ئەم سواڵكەرانەوە مەمكوژە ،برینى ڕۆح ئەیان كوژىَ
 بەخوێنى ئەم مناڵانەوە مەمنێژە، پاكى ئەیان نێژىَ
 دێم بۆدیدەنیت بەناو خوێن و برینەكانى ڕۆحى خۆمدا ،
 بەچاوى تۆ بەناو سەگوەڕو لەت لەت بونى دڵى خۆمدا دێم
 بەس قەدرى ئەوەم لێبگرە
 بەكۆڵىَ برینى دڵى خۆم و هەناسەى بێوەژنە ڕەشپۆشەكانەوە دێم
 ئەو بێوەژنەى من و تۆ و كوڕەكانت ئەتكمان كرد
 مۆرى بەد بەختى و نەهامەتیمان نابەنێو چاویا
 وەك تەشتىَ قوڕ
 خوێن و تف و كەساسیمان دابەڕویا
 ……………………………..
 ئەوكاتەى بایەكت بەعامودەكانى شاردائەكاوفلودێكى شاعیرانە ئەژەنىَ و
  شاعیرێكت خۆكوشتنى كوڕێكت ئەخوێنێتەوە
 دەڵێم سێبەرى تفەنگەكانت لابەرە
 لەم گۆڕە دێرینەدا هەزار خەونم بە كوشتنى خۆمەوە دیوە
 دڵم لە كورەى ئەو ئاسنگەرانە دەربێنە تەنها چەك و باڵە خانە دروست دەكەن
 تەبیبە درۆزنەكانت بەرەو برینەكانى ڕۆحى خۆمم دەرەوە
 جوانیەكانت بەرەو عیشقە ڕەش وڕوتەكەى جارانم دەرەوە
 بەقەرەجەكانت دەڵێم تا ناولەپم پڕنەكەم لەخوێن نازانن چارەنوسى من چیە
 بەسیاسیەكانت دەڵێم تادەرگاى ڕۆحى خۆتان نەكەنەوە نازانن نیشتمانى من چیە
 تكات لێئەكەم باسى جەننەتم بۆ مەكە لەجەهەنەماو
 گوللەكانت مەنىَ بەچاومەوە ،دڵم ئەوەستىَ
 كەمن لەو سەرى خوێنەوە دێمەوەو
 ڕۆژگارى خوێن بارینەكانت دەم بەنە بەردەرگاكانى خۆ كوشتن
 كەلەپچەو كۆتەكانت ماچ دەكەم شمشێرە خوێناویەكەت لابەرە
 درۆیە كۆتر بەسەر سەرى ئیمبراتۆرەوە نانیشىَ
 ……………………………
 ئەى مەملەكەتى قومارە غەریبەكان
 دەزانم ستەم وەك پەتایەكى شوم لێت نابێتەوە
 
 مەرگ وەك پیرى زەمانەو وەك مەیزەدە ئەم مەیخانە كۆنە جێناهێڵىَ
 دەزانم لەبەر پێىَ سیاسیەكانتا فەرشى سورو لەناو دامێنى  تۆدا خوێنى سور دەڕژێت
 من لەنێو لەپى سواڵكەرەكانتەوە سەیرى خوا ئەكەم
 سەیرى ئەو پیاوانەت دەكەم لەگەڵ خوێنى تۆدا جوت دەبن
 خەون بەو سوارچاكانەتەوە دەبینم ئەسپەكان دەبەنە ماڵى شاعیرەكان
 سەیرى دوكەڵى جگەرەكانت دەكەم وەكو ئاسەوارى دوكەڵى جەنگەكان
 دەزانم ناكرێت لەم بازنەى پەتى سێدارەوە سەیرى ژیان بكەیت و
 لەنێو ئەم زیندانەوە لەحەقیقەت تێبگەیت
 بەڵام خۆتۆش لەهەموو خرابخانەیەك ئەچیت جگە لەنیشتیمان
 ……………………………
 ئەى ئەو شمشێرەى هەمیشە خوێنى حەقیقەتت پێوەیە
 ئەى ئەو شەترەنجەى خانەكانت بە خوێن و خیانەت دروستكراوە
 داشەكانت شەمشەمەكوێرەو گوڵەئەستێرەن
 یارى كەرەكانت پەپولەو جەللادن
 ئێمە سەرى بیرەكانمان بۆ ئاو هەڵدایەوەو خوێنمان خواردەوە
 شەوەكان بۆ مانگ گەڕاین و مانگ گیرانمان بینى
 كفنى براكانمان هەڵدایەوە گوللەى براكان ماچى كردبوون
 ئیدى ئەو دەستانە دەبڕم دەستى دوژمنەكان ماچ دەكەن و
 لولەى تفەنگەكان لەپشت سەرى براكانەوە دەگرن
 من ئەو ئێوارانەم بیر دەكەوێتەوە
 بەدەم دەستڕێژەكانەوە دەتلاینەوەو جلە خوێناویەكانت هەڵدەگرت
 لەژێر كێبڵەكاندا دەمردین و گۆڕەكانت ماچدەكرد
 من دەزانم تازە دڵیش بدەیتەوە بەمردوەكان ڕۆحیان لەوىَ نیە
 ڕۆحیش بدەیتەوە بەمردوەكان دڵیان لێرە نیە
 …………………….
 نیشتیمانم،ئەى ئەوەى وەكو تلیاك و سەرەتان تێكەڵاوى خوێنم بوویت
 كوان ئەوانەى بەخوێنى ئێمە پەیمانى عیشقێكى تر ئیمزا ئەكەن؟
 خێڵەكانى خوێن لەكوێن ئاهەنگى كوشتنمان بگێڕن ؟
 مەرگ وەك كحول تێكەڵاوى یادگاریەكانمان بكەن
 كفن فرۆش و مردوشۆرەكانت لەكوێن چیرۆكى مردنمان داڕێژن؟
 
 گەداو بێنەواكانت لەكوێن لەگریانمان هەڵبكێشن؟
 ……………………….
 دڵم دەخەمە شوشەیەك تێزاب و هەڵى دەگرم
 ڕۆحم لەنێو بۆنى ئەم گوڵ و باروتەدا مۆمیا ئەكەم
 ئێمە لەسایەى ئەرخەوانێكدا مەست دەبین بەرلەئێمە پایز جلەكانى بۆ یادگارى بردوە
 بۆماڵێك ئەچین ژنێك لەپەنجەرە خوَڵەمێشیەكانیەوە سەیرى خوائەكات
 لەسەر تەختە ڕەشێك وانە ئەخوێنین، ئاشوبى ساڵەكانى وێران بوونى پێوەیە
 دەرگاى ماڵێك ئەكوتین بۆ حەسانەوە، خاوەن ماڵ چاوەڕىَ ى مردنى تیائەكات
 ………………………
 حەكیمە كانت ئەچنەوە بەر دەرگاى دێوانەكان
 بەڕەنگى خوێن و بۆنى خوێنەكەمدا بمناسەوە، نیشتیمان
 ئەوەتا لەو بازاڕەى دۆلفیەنكانت دەفرۆشرێن بەقەێابخانەكان
 پەپولەكانت دەسپێردرێن بەگۆڕستانەكان
 ئەوەتا نێو لەپت لەنێو لەپى سواڵكەرێكى جادەى (مەولەوى) ئەچىَ
 سواڵى مردن ئەكاو كەسێك نیە بیكوژىَ
 لەلەشفرۆشێكى شارى(منارە) ئەچێت دڵى بۆمردن ئەكاتەوە
 ئامێزى تۆ پڕبووە لەشەیتانى پیلانكارو پیاوى خیانەتكار
 ناو گەڵى تۆ پڕ بووە لەپەڕۆى شەهوەتاوى و خوێناوى
 كاتێكیش دەمەوىَ ڕۆحم بخەمە جانتاكەم و بەجێت بێڵم
 بانگم دەكەن: ئەم هەوارە بۆ چۆڵ ئەكەى هەى حەیشەرى
 گوىَ ناگرم نیشتیمان،گوىَ ى نادەمىَ نیشتیمان
 وەك چۆن پیاوێك ژنەكەى لەگەڵ حەشاماتێك نێرینەدا دەگرىَ بەجێت دێڵم
 وەك چۆن ژنێك پیاوەكەى لەگەڵ دونیایەك سۆزانیدا دەگرىَ بەجێت دێڵم
 ………………………
 بەخوێنەكەم تابلۆى ئەم گوناهانە بكێشە ڕەنگیان لەڕەنگى نیشتیمان ئەچىَ
 شاعیرێكت ئەڵى: ئێستا نیشتیمان بوكى دەریا نیە، سەماى ماسیەكە لەشوشەیەك خوێندا
 شەهیدێك ئەیوت: بۆنى لاشەى مردویەكى لێدىَ نیشتیمان
 نیشتیمان حیكایەتێكە خوێن ئەینوسێتەوە
 سواڵكەرێك ئەیوت :برینێكە ڕۆح تەفسیرى ئەكات
 مناڵێك ئەیوت: ئەو بوكەڵەیەكە بەخوێنەوە خستومانە چاڵ
 
 ئیماندارێك ئەیوت :ئایەتێكە تەفسیرەكانى جوانیمان لێ سەندوەتەوە
 باوكم دەیوت: نیشتیمان وەسیەت نامەیەكە
 قاچاخچیەك لەباخیرەیەكى (ئیجەدا) لەگەنجێكى دڵشكاوى وەرگرتوە
 دایكم ئەیوت :ئەو كچێكى ڕۆح سوكە بەرلەوەى بەنا بەدڵی بیدەن بەئەختیارێك خۆى ئەسوتێنىَ
 نائومێدێك ئەیوت: نیشتیمان ماڵى ڕۆحە، دەرگایەكى ترە بەڕوى خۆكوشتندا
 فیمینستەكان دەیان وت: ئەو كچى عەشیرەتێكى ژن كوژە
 ئەو پیاوێكە هەیبەتى مردنى هەیە
 سیاسیەكان دەیان وت: دەرگاى تەلیسمێكە بەخوێن دەكرێتەوە
 نیشتیمان ئێستا فۆبیاى قوربانیەكە لەژورێكى تاریك وتەنیادا
 ئێستا مەیزەدەیەكە هەرشەوەى لەماڵى سۆزانیەكى شاردا دەخەوێت
 ڕۆژیش لەپشت بادەو نائومێدیەوە بەسەر دەباو
 هەموو ڕۆژىَ قومارچیەكان لەشەیتان خانەكانى شاردا ئەیدۆڕێنن
 باغێكى سەوزە هەموو ڕۆژێك داربڕەكان ئەیكەن بەخەڵوز
 ئەو نەلە قومار حاڵى دەبىَ و
 نەسەرى لەماتماتیكەكانى مردن و ژیان دەر ئەچێت
 ئەو ئێستا پاكەتەكەى خاڵیكردوەتەوە لە جگەرەكانى نائومێدى
 ئەو ئێستا قومار خانەیەكە هەر شەوەى وەجبەیەك تیایدا ئەدۆڕێت
 هەرشەوەى كۆمەڵێك فریشتەى سپى
  كەڕەنگیان لەڕەنگى شیعر ئەچێت تیایدا دەكوژرێت
 ……………………..
 ئێوارەیەك ئێمە جەللاد ترین وخوێناویترین پیاوە كانى شاربووین
 دەچووینە ناوشارێكى تەنیاو تەریكەوە
 دەچوینە ناو خەوێكى قورس وتاریكەوە
 شارێك بۆنى مەیخانەیەكى تازەو كلیسایەكى دێرینى لێدەهات
 بۆنى مەیتخانەیەكى تازەو مەیخانەیەكى كۆنى لێدەهات
 دەمان بینى ئەو بنێشتى كات كوشتن و جەنگێكى بێماناتر ئەجوىَ
 تەزبیحى خوێنێكى پوچتر بەر ئەداتەوە
 مەیمونێك دانەدانە گوڵە ئەستێرەكانى ئەكوژێنێتەوە
 جەنگ وەك تازە هەرزەكارێكى عاشق كوچەو كۆڵانە كانى دەگەڕىَ
 
 ژنە شاعیرە كە ئەو ژنەى هەمیشە دەیوت :
 ئاااااى دەردى شیعرو شعور چیت پێكردین؟!
 ئەو ئێوارە قژە ماش و برنجیەكەى دەڕنى ودەیوت:ئەیەڕۆ ئەم مردنە بۆ وا حەشر ئەكات؟
 ئێمە دەمانزانى لەسەر زەمینێكى ترو ڕۆحیترا یەك ئەبینینەوە
 وەك مەینۆشێكى نائومێد بەناو خوێن وبرینە كانیدا هاوار ئەكات ،هاوارمان ئەكرد
 لەناو خوێنى خۆمدا سەوزم ئەكەى و نامەوىَ
 لەناو فرمێسكى پەشیمانیدا باڵام پێ ئەكەى و  نامەوىَ
 وەك بێوەژنێك كۆشێك مناڵى بێسەرەو بەرە جێدێڵىَ
 دەگریاین ودەمان وت واااااااااااااى نیشتیمان !!!
 چەند گریاین و هاوارەكانت نەبیستین ؟
 چەند فەغانمان كردو گوێت پێنەدا ؟
 چەند خەونمان پێتەوە بینى وپێت نەزانى ؟
 چەند عاشقت بووین و تەڵاقت داین؟؟
 …………………
 لەم مەملەكەتى فریشتەو خوێنەدا بۆكوێم دەبەى؟
 بۆ خۆم دێم و لەشەقامێكى تاریك وتەریكدا ڕوتم كەرەوە
 لەناو خوێن وخۆڵەمێشا لاشەكەم سەیركە
 شوێنى شەلاق و قامچیەكانت بەسەر گیانمەوە بژمێرە
 شوێنى گوللەو برینى دوژمنەكانت ببینە
 من ئێستا كوڕى ژورى كێبڵى كارەباو بەیان نامە نهێنیەكانى خوێن نیم
 زەڕنەقوتەى پاساریە كوژراوەكانى خەیاڵم
 تاعونى كەناریە دەستەمۆكراوەكانى خەونم
 ئەوە من بووم مناڵەكەى خۆت
 لەژورى ئیعتیرافدا بەدەم سارد كردنەوەى ئوتوەكانەوە
 بەدوژمن و جەللادەكانتم وت: پۆساڵەكانى نیشتیمان لەئێوە گەورەترە
 ئێستاش كەلەسەر ئاڵاكەت دووئێسقان وكەللە سەرێكى كۆنە دەبینم،پێت دەڵێم:
 بەس خیانەت لەخوێنى قوربانیەكانت مەكە
 دەستە خوێناویەكانم هەڵدەبڕم و دوعاى خێرت بۆ دەكەم
 ………………………….
 لەبیرتە بەزمانى دایكێكى میهرەبان
 
 لەناو گۆڕستان و كوشتنى كوڕەكانتدا پێت دەوتم: گۆرانى بڵىَ
 لەبەردەمى دوژمنەكانتدا(ئەى ڕەقیب)بخوێنە
 لەژورى ئینفیرادیە  شەڵاڵ بوو بەخوێنەكاندا  ێەبورى بكێشە
 من هەر ئەو مناڵەم لەناو خوێنى دیدەكان و دوكەڵى جەنگە كاندا گەورە بووم
 هەر ئەو ڕیش سپیەم خوێنى خۆمم ئەكردە بن نێرگزە ژاكاوەكانى ئازادى
 هەرئەو گەنجە سەر كەشەم عیشقى ناو دڵى خۆم ئەكردە پێم و بەرەو جەنگەكان دەهاتم
 لەدوامەوە برین و دوكەڵ و خوێنم جێدەهێشت و
 بەرەو مەرگ و گوللەو ئاگر دەهاتم
 بەڵىَ، بەڵىَ هەرئەو مناڵەم بەرداشى زەمانەكان هاڕیمیان و نەمردم
 هەموو داربڕەكان سەریان بڕیم وهەزار سەرم لێڕوان
 لەنێو كەللە سەرەكاندا گوڵم سەوزكرد و
 لەناو خوێنەكاندا ئینسان
 ئێستاش دێم و دوكەڵ و خوێنم لێئەتكىَ
 بۆنى مێژویەكى خوێناوى و دۆڕاوم لێدىَ
 بۆنى دوكەڵ و خوێن و پاڵەوانێكى لەبیركراوم لێدىَ
 ………………….
 بەڵىَ هەرئەو مناڵەم پێڵاوى شۆڕشگێڕەكانت بۆیاخ ئەكەم
 كوكوختیەكانت دێنمەوە بۆگوێسەبانەى لادىَ چۆڵەكان
 بەگڕى گوڵەئەستێرەكانت مۆمى  سەر گۆڕى شەهیدەكانت دائەگیرسێنم
 باڵندە ئەتككراوەكانت دێنمەوە لانەكان
 بەپەڕەسێلكە قەرەجەكانت دەڵێم:هێلانە قوڕینەكانتان لەڕۆحتاندا دروست بكەن
 لەسەر گۆڕى شەهیدەكانیشت دەنوسم ئێمە لەمردن بەهێزترین
 بە جوتیارەكانیشت دەڵێم: لەناو گۆلى توتنەكاندا
 جارجارە گوڵى سوریش  ئاوبدەن
 …………………….
 ئەوە من بووم مناڵە سپى پۆشەكەى تۆ ،مناڵە خوێن پۆشەكەى تۆ
 بەسەر هەموو پلیكانەكانى مردندا سەركەوتم و جەللادم جێهێشت
 بەرەو جاویدانى بەڕىَ كەوتم و مردنم جێهێشت
 ئاگرو خوَڵەمێشم خستە دواى خۆمەوە
 ئێستاش پڕبەگەروم هاوار دەكەم:
 
 بۆ جوانیەكانت پیردەبن و نهێنیەكانت گەورە دەبن ،نیشتیمان؟
 ئاخر من خوێنى مێژویەكى لەبیر كراوم لەبەر دەڕوات
 نەزیفى دڵى ئەو كچە ڕەشپۆشانەم لێدىَ
 بەرلەیەكەم ماچ،یەكەم گوللە دڵدارو دەسگیرانەكانى بردن
 پڕبە گەروم هاواردەكەم ئەو هەموو فریشتە بێ ناموسە بۆ لەسەرى مندا دەقریشكێنن ؟
 ئەو هەموو سواڵكەرو سۆزانى و برین فرۆشە بۆ لەڕۆحى مندا دەبن بە جەللاد؟
 ئەم هەموو شەقامە بۆدەبن بەزیندان؟
 ئەم هەموو ڕۆحە بۆ دەبن بەلاشە؟
 من چى بكەم لەشەربەت فرۆشەكانت هاوارى خوێنى شەهیدانت ئەكەن ؟؟
 چى بكەم لەقارەمانە كانى دوێنێت قومار بەماناكانى دوێنى َى قوربانیدانت دەكەن؟؟
 …………………..
 وەك یاخیەكى دۆڕاو لەماڵى ئەم مەرگ و ڕۆح كوشتنەوە دێمەوە
 وەك ئەو شاعیرەى ماڵەكەى لەباڵى پەپولەو پەڕەى گوڵ دروست دەكات
 وەك ئەو سەربازەى لەجاسوسى تفەنگەكەیەوە گوڵە ئەستێرەیەك ئەبینىَ
 وەك ئەو جەللادەى لەقامچیەكەیەوە تەماشاى خوائەكات
 وەك ئەو قابیل و هابیلەى لەو پەڕى بێمانایدا یەكترى ئەكوژن
 وەك ئەو پێغەمبەرەى شەیتان خانەیەك ئاوەدان كاتەوە
 وەك ئەو ژنەى دوههەمین دەرگاى بەختەوەرى بەڕوى مەرگدا ئەكاتەوە
 كەللە سەرەكەم بۆ عیبرەت لەناوەڕاستى شاردا هەڵبواسەو
 لەناو خوێنەكەمدا بم خنكێنە
 بەس بەئاوازێك شەمشەمەكوێرەكان گۆرانى پێئەڵێن، پێم مەڵىَ :
 هەموو ئەو شەڕانەى كردمان بەنێو حەقیقەتدا بۆ كوشتنى حەقیقەت ئەچوین
 بەنێو كوشتنى عیشقدا بۆ كوشتنى موحیبەت دەچوین
 ……………
 نوێژى ئەم مردنە لەسەر دڵى من بخوێنە
 لەسێبەرى تفەنگە كانتا گوڵى عیشق دەڕوێنم
 لێرەوە تاقەیامەت بەناو ئازارەكانتا ئەڕۆم
 وەك مەیزەدەیەك لە سوچى مەیخانەیەكتدا دەكەوم
 وەك كەنەفتێك لەگۆشەى شەقامێكدا دەخەوم
 وەك ئەو سەربازانەى باریكایی پشتیان بە گوللەو باروت دەڕازێننەوە
 
 دڵ وڕۆحم بەپەپولە ئاوەدان ئەكەمەوە
 وەك پیاوێك سەیرى دڵى خوێناوى خۆى بكات لەناو لەپى دەستیدا ،سەیرى تۆدەكەم
 بۆئەو پیاوانەت دەگریم بەدەورى ئاگرێكدا هەڵدەپەڕین
 عاشقە كانیانى تیایدا دەسوتان
 ئەو پیاوانەى بەر لەوەى خوێنى یەكترى بكەنە بادەكانەوە خوێنى یەكترى دەخۆنەوە
 ئێسكەكانم دێنم وكورسیەك بۆ ژەنراڵە دۆڕاوەكانت دروست دەكەم
 ئەو ژەنراڵانەى دڵیان وەك وگوڵێكى ژاكاو ئەدەن بەدۆستەكانیان و
 ڕۆحیان وەكو قامچى ئەدەن لەدڵیان
 …………………..
 ئێوارەیەك لەو دیوى مردنەوە دێمەوە خوێنى زەمەنە دورەكانم لێدەڕژىَ
 بۆنى گوناهى ئەو مناڵەم لێدىَ خەیاڵ و برینى پێكەوە دەفرۆشت
 فریشتەو شەیتانى پێكەوە هەڕاج دەكرد
 من دەمزانى ئەو هەناسەى كوژراوى مردوەكان و برینەكانى دڵى خۆى ئەژمار ئەكرد
 هەمووبەیانیەك خەتێكى ڕەشى بەسەر تەقویمەكەى دڵیدا ئەهێنا
 خەتێكى سپى بەسەر ڕۆحى خۆیدا ئەهێنا
 ئەو لە گۆڕ غەریبەیەك ئەچو لە كاروانێكى ئیماندار جێمابێت
 لە لاشەى ژنێك ئەچوو تەنیایی ئەوى كوشتبىَ و
 لەڕۆحى پیاوێك ئەچوو دڕندەیەك پارە پارەى كردبَى 
 لەدڵى هەتیوێك ئەچوو ئازار لەخوێنى خۆیدا خنكاندبێتى
 ئەو بەدەم كێشانى دواهەمین جگەرەى نائومێدیەوە دەیوت :
 لەبەردەم سواڵكەرێكدا دەمكوژى و لەبەردەم ڤێلایەكدا 
 لەناو كەلاوەیەكدا دەمكوژى و لەبەردەم سەركردەیەكدا 
 بەڕۆحى خۆمدا ئەمدەى لەخاچ و نامكوژى
 بەدڵى خۆمدا ئەمدەى لەدارو نامكوژى
 وەك خوێن یەخەم بگرێت یەخەم دەگریت و نامكوژى
 وەك مەرگ ڕۆحم بگرێت ڕۆحم دەگریت و نامكوژى
 وەك جەنگ دڵم بگرىَ دڵم دەگریت و نامكوژى
 ئەو هەموو شتێك بوو جگەلە خودا
 دواجاریش ئەو هیچ نەبوو جگەلەوەهم و جگەلەخۆى
 …………………………
 
 لەدڵى مناڵیدا بۆم مەگەڕىَ لەئاخیرەتى جەنگە كانەوە دێمەوە
 لەئاخیرەتى كوشتنى خەون و خەیاڵ و خوێنەوە دێمەوە
 وەك جاڕچیەك هاواردەكەم عابا ڕەشەكەت هەڵگرە باخوێنەكەت ببینم
 تۆش ئەتوانى بمدۆزیتەوە و بمكوژى
 من دەمەوێت كوڕەكانت نیشانى خۆیان و تۆ بدەم
 بۆئەوەى نەڵێت درۆ ئەكات جانتاى موسافیرەكانت ئەكەمەوە ڕێگایەكە بەرەو مردن
 بۆ ئەوەى نەلێیت درۆئەكات، دڵى موسافیرەكانت ئەكەمەوە پڕە لەڕۆحى كوژراو
 بۆ ئەوەى نەڵێیت درۆ ئەكات ،جەللادو قوربانیەكانت نیشان ئەدەم بە خوێنەوە
 بۆ ئەوەى نەڵێت درۆ ئەكات،
 بەر لەوەى پێت بڵێم: خوات لەگەڵ نیشتیمانى غەم ،وەسیەت نامەكەمت بۆ ئەنێرمەوە
 تۆئەزانى خوێنى ئەم عەزاب و خۆكوشتنەش لەپێناوى هیچدا ئەڕژىَ
 ئاخرى هێندەى گوللەى دوژمنانت گومان لەپاكى شۆڕشگێرەكانت ئەمكوژىَ
 ………………………
 بڕوانە لەنێو ئەم دەریاى خوێنەدا چەند كەسیف و كەسیرەبووین ؟!
 كوڕەكانت مەرگى خۆیان بەدەم جگەرەیەكى هەرزانەوە دەكێشن
 من چى بكەم بەمن بوایە  تەفسیرێكى ترم بۆ خوا ئەكرد
 هەزار زمانم ئەدا بەكورسیەكان وهەزار باڵم ئەدا بەفریشتەكان و
 مێزەرم ئەكردە سەر دۆلفینەكان
 ئەوەتا لەنێو دڵى تۆدا مانگ بۆشەوى جێژنەكان دەبینین وخۆمان فاتیحاى خۆمان دەخوێنین
 تۆ دەزانى لەنێو خودەى بەجێماوى هیچ سەر بازێكدا كۆترێك ئاو ناخواتەوە
 لەنێو كەللەسەرى هیچ سەربازێكى وندا گوڵێك ناڕوىَ
 لەنێو هیچ پۆساڵێكى بۆیاخكراوى جێهێڵراودا
 كەناریەك لانە ناكا
 ئەوەتا شەهیدەكانت دەڵێن: نیشتیمان ژنە سواڵكەرێكەو
 كوڕو كاڵە تەكلیفى شتى قۆڕى لێدەكەن
 دەڵێن نیشتیمان شەڕێكە لەڕۆحى ئێمەدا
  حیكایەت خوانى خوێنە لەماڵە كانى ئێمەدا
 ئیدى بەناو ئەم گوناه و خوێنەدا بۆكوێم دەبەى و
 بێ ئەوەى لەسەر جێى هیچ یەكێك لە كچەكانت خەوتبم
 لەنێو خوێنا لەش پیسیم پێدەر ئەكەى؟!
 
 هەمووڕۆژىَ برینى سواڵكەرەكان و چەقۆى جەللادەكانت دەمكوژن
 خوێنى پەپولەو پەتى سێدارەكانت گیانم دەكێشن
 ……………………………………………….
 ئەوەتا ئێمە لەناو تەنهایی خۆماندا ئەمرین و كەس هەستى پێناكات
 لەنێو دڵى خۆماندا خۆكوژى ئەكەین و كەس چیرۆكى مردنمان ناخوێنێتەوە
 لەنێو ڕۆحى خۆماندا خۆكوژى ئەكەین و كەس نامان نێژىَ
 ئاخر جارێك تۆ لە گۆڕت ناین و جارێك دوژمنان
 جارىَ عیشق بردینى بۆ تابووتەكەو جارىَ بێهودەیى
 جارىَ ئومێد لە گۆڕى ناین و جارىَ نائومێدى
 تۆش بەژەهر مەستم مەكە كۆڵانەكانت هەرزو فێرى خۆكوژیانكردم
 نائومێدیەكانت هەرزو سێدارەى بۆ ڕاخستم
 عیشقت هەرزو دەرگاى مەرگى پێكوتام
 ئاخر لێرە لەم كوشتارگا
 خوێن وپەپولە
 گوڵ و باروت
 بكوژو كوژراو
 جەنگ و جوانى
 جەللادو قوربانى
 پێكەوە سەما دەكەن
 هەر لەم كلیساش چاوەڕىَ هاتنەوەى عیسا دەكەن
 ئەمەقسەى حەق بێژێكە ئەكرێت ڕۆژێك لەڕۆژان بیكات، یاهەر نەیكات
 قسەى ئەو ڕۆحە وێرانەیە لەوانەیە هەرئێستا لەتەریقیدا  بمرێت ،یاهەر نەمرێت
 قسەى پێغەمبەرێكە ئەشێت لەسەدەكانى تردابێت، یاهەرنەیەت
 
 مەوسیمى تەریق بوونەوە لە حزورى نیشتیمانا  لەدوو قەسیدە پێك دێت ئەمە بەشى یەكەمى قەسیدەكەیە (ئاسمان ى خوێن و بەشى دووەمى قەسیدەكەش تابورى پێنجەم بەم زوانە بڵاو دەكرێتەوە )
 hardi shafiq
 Jgarsoz8181@yahoo.com
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.