گۆپته‌په مۆمێكى به‌ڕووی تاریكی ئه‌نفالدا هه‌ڵكرد
گۆپته‌په مۆمێكى به‌ڕووی تاریكی ئه‌نفالدا هه‌ڵكرد
عومه‌رمحمه‌د
پاش ئه‌وه‌ی له‌ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا هه‌واڵێكم له‌باره‌ی هه‌وڵی گه‌نجه‌كانی گوندی گۆپته‌په به كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌یه‌ك خۆێنده‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی گه‌نجانی گوندێكی ئه‌نفالكراو‌و كیمیابارانكراو، له‌ناخه‌وه هه‌ژاندمی، چونكه جگه له‌وه‌ی كارێكی گه‌وره‌و بوێرانه‌یه.. داگیرساندنی مۆمێكیشه به‌رووی تاریكستانی ئه‌نفالدا.. له‌به‌رایدا ده‌مه‌وێ سوپاسی ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌و رۆژنامه‌نوسه‌كه‌شی بكه‌م، كه‌گرنگیان به‌وماڵه هه‌ژاره‌ی گۆپته‌په داوه.. سوپاس گوزاریانم، كه‌له‌تاریكستانی ئه‌نفالدا تروسكاییه‌كیان بۆ دۆزیمه‌وه.
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 5/6 له‌گه‌ڵ كاك ئه‌كره‌م هه‌ڵه‌بجه‌یی كه‌خۆشی بریندارێكی چه‌كی كیمیاویه وه‌ك ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه – چاك‌و رێكخراوی وادی ئه‌ڵمانی به‌نیازی سه‌ردان‌و هاوكاری كردنی ئه‌و كتێبخانه‌یه له‌سلێمانیه‌وه به‌ره‌و گوندی گۆپته‌په به‌رێكه‌وتین، به‌ناو شیودۆڵ‌و ده‌شتایه‌كانی ناوچه‌ی قه‌ڵاسێوكه‌و به‌رێگا خوارو خێچ‌و پرله هه‌ڵته‌ك‌و داته‌كه‌كه‌ی رێگای عه‌سكه‌روگۆپته‌په‌دا تێپه‌ڕین، رێگایه‌ك كه بۆ نۆزده ساڵ ده‌چێت به‌رپرسانی پله به‌رزی ئه‌م وڵاته هه‌موو ساڵ یایدێكی 3ی ئایار به پۆشته‌وپه‌رداخی‌و به‌سه‌یاره‌ی گرانبه‌هاوه پیایدا ده‌رۆن بۆ یادكردنه‌وه‌ی قوربانیانی كیمیابارانكردنی گۆپته‌په‌و عه‌سكه‌ر، كه‌چی وه‌ك بڵێی گۆپته‌په‌و عه‌سكه‌ر هه‌موو ئینسانه‌كانی له‌حساباتی به‌رپرسانی حزب‌وحكومه‌تدا له‌ئێواره‌ی 3ی ئایاردا شه‌هید بووبن‌و ئاوه‌دانی تێدانه‌مابی، هه‌تا شایسته‌ی رێگایه‌كی گونجاوبن هاتووچۆی پێدا بكه‌ن..؟!! من زانانم به‌رپرسان كه ده‌چنه یادی شه‌هیدانی كیمیابارانكردنی گۆپته‌په‌و به‌ڵێنی جێبه‌جێنه‌كراو به‌جێده‌هێڵن‌و به‌هه‌مان ئه‌و رێگاخراپه‌دا ده‌گه‌رێنه‌وه كه هه‌موو سیمایه‌كی رێگاوبانی وون كردووه‌و بووه‌ته شتێكی تر، چۆن له‌ویژدانی خۆیان ناپرسنه‌وه كه كه‌سوكاری ئه‌نفال‌و كیمیابارانكراو به‌وحاڵه خراپه بژین، باشه ئه‌گه‌ر من رێزم له زیندوه‌كانیان نه‌گرت مردووه‌كان قسه‌ی پڤدراویان بۆچیه..؟
قسه‌كردن له‌سه‌ر قوربانیدان‌و هاوكاری كردنی هێزی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه به‌گشتی‌و هه‌ردوو گوندی گۆپته‌په‌و عه‌سكه‌ر به‌تایبه‌تی مه‌سه‌له‌یه‌كی مشت‌ومڕ هه‌ڵنه‌گره، ژماره‌ی شه‌هید‌و ئه‌نفالكراوه‌كانی گه‌واهی ده‌ده‌ن، چه‌نده بووه‌نه‌ته جێگه‌ی سه‌رنجی به‌عس بۆ ئه‌وه‌ی گورزی كه‌مه‌رشكێنیان به‌ربكه‌وێ .. ئیدی هیچ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ئازایه‌تی نیه به‌ڵكو ئه‌ركی سه‌رشانێتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بنیاتنانه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌م گوندانه بخاته پێش ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك ناوچه‌وه.. چ جای ئه‌وه‌ی هاوكاری‌و بار بۆی شوێنی نیشته‌جێی سه‌ره‌ك خێلێك‌و به‌رپرسێك (كه ڕه‌نگه جاش یان باشێكی خاوه‌ن فایل بوو بن) بخاته پێش ئه‌م گوندانه‌وه‌و گرنگی به‌وانه بدا‌و (گۆپته‌په‌و عه‌سكه‌ر، شێخ وه‌سانان‌و بالیسان‌و سێوسێنان ) به‌و ئه‌ندازه‌یه فه‌رامۆش بكرێن‌و هێشتا به ئاسته‌م هه‌ناسه بده‌ن…؟!
كه‌گه‌یشتین، گه‌نجێك بۆپێشوازیمان هاته سه‌ر رێگا‌و یاوه‌ری كردین بۆناو كتێبخانه‌كه‌یان.. كتێبخانه‌ی چی..؟ خانویه‌كی قوڕی ڕوت‌وقوتی نائه‌ندازه‌یی.. له گوندێكدا كه هێشتا بۆنی ته‌رمی سارده‌وه‌بووی لێدێ، هێشتا ئاسه‌واری شوێن پێی پۆستاڵ‌و كڵاشی ئه‌نفالچی به كوچه‌وكۆڵانه خواروخێچه‌كانی گونده‌وه دیارن، هێشتا یاده‌وه‌ری مه‌رگ‌و نه‌ڕه‌ی زمانی جه‌لاد، زمانی خه‌زره‌جی‌و سامه‌ڕایی، له گوێی قوربانیدا ده‌زرنگێته‌وه‌و گرموهوڕی كۆپته‌ری مه‌رگ هێن به‌ڕاسه‌ری گۆپته‌په‌وه یاده‌وه‌ری تاڵن، كه‌چی حكومه‌تی به‌ناو دیموكراسی كوردوعه‌ره‌ب نه‌یانتوانیوه " راستتره بلێین نه‌یویستووه " ئاسه‌واره ترسناكه‌كانی بسڕێته‌وه. ده‌سته‌یه‌ك لاوی تازه پێگه‌یشتوو كه‌هه‌موویان خوێنده‌وارو ده‌رچووی زانكۆ‌و په‌یمانگاكانن، به‌لاشانی خۆرائاوای گونده‌كه‌وه خانویه‌كی له‌گڵ‌وبه‌رد دروستكراویان له گوندنشینێكی گۆپته‌په به‌كرێگرتووه‌و كتێبخانه‌یه‌كیان تێدا بنیاتناوه. له‌راستیدا خانوه‌كه ته‌نها له‌كتێبدا ده‌وڵه‌مه‌نده ده‌نا نه رایه‌خ نه‌تاقم كورسی‌و قه‌نه‌فه‌ونه تروسكایی گلۆپێكی تیدانیه، خۆیان ته‌نها 5 كورسی‌و مێزێكیان هه‌یه كه سه‌نته‌ری بابان بۆی دابین كردوون، ده‌نا كورسیه‌كانی تر هی مزگه‌وتن‌و له‌كاتی پرسه‌دا ده‌برێنه‌وه.. ئێراده‌و بڕوابوونی ئه‌وگه‌نجانه كتێبخانه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێناوه كه‌ئه‌مرۆ مۆمێكه به‌ڕووی تاریكستانی ئه‌نفالدا. به‌ڵام ده‌شێت ئه‌م بروابه‌خۆبوونه سبه‌ینێ نیشتمانێكمان بۆپڕبكات له مۆم، وڵاتێكمان بۆ بكه‌ن به‌هاوڕێی كتێب. بۆیه ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی هه‌موومانه هاوكارییان بكه‌ین.
من له وتارێكدا نوسیبووم ئازا ئه‌وكه‌سانه نین كه جنێو به‌تاریكی ده‌ده‌ن، به‌ڵكو ئه‌وكه‌سانه‌ن كه مۆمێكی به‌روودا هه‌ڵده‌كه‌ن. بێگومان ئازایه‌تی گه‌نجانی گۆپته‌په به‌تایبه‌تی ( مامۆستا هێمن، مامۆستا زاهیر، مامۆستا ڕێباز، مامۆستا مه‌ریوان ) له سنوری ئه‌ولۆژیكه‌دان، ئه‌و گه‌نجه خوێندكارانه نه‌مزایه‌ده به‌سه‌رئه‌نفاله‌كانیانه‌وه ده‌كه‌ن، نه شه‌ری كۆنگره‌و ۆركشۆپی ناو هۆتێله راقیه‌كانیش ده‌كه‌ن، نه‌جنێو به‌به‌رپه‌رسانی حكومه‌ت ده‌ده‌ن،به‌ڵكو ئازایانه هاتوون مۆمێك به‌ڕوی تاریكی ئه‌نفال‌و ناعه‌داله‌تی‌وهه‌موو پێشیلكاریه‌كی مافی مرۆڤدا هه‌ڵده‌كه‌ن، ئه‌وان به‌هیمه‌تی خۆیان‌و له‌گیرفانی خۆیان ئه‌مڕۆ توانیویانه كتێبخانه‌یه‌ك بكه‌نه‌وه. به‌و هیوایه‌ی تاریكی نه‌بێته میوانی سبه‌ینێ، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌م گونده ئازارچه‌شتووه‌وه زمان بگرێ بۆئه‌وه‌ی جارێكی تر لاڵ‌وپاڵ نه‌بنه ده‌مراستمان‌و به‌پێشچاوی دنیا‌و بێكه‌س كوژمان نه‌كه‌ن.
ئیتر ماوه‌ته‌وه بلێم به‌رێزان: وه‌زیری رۆشنبیری فه‌رموو ئه‌وه لاوى رۆشنبیر، فه‌رموو وه‌زیری وه‌رزش‌ولاوان ئه‌وه لاوی رۆشنبیر‌و وه‌رزشوان ، فه‌رموو وه‌زیری شه‌هیدان‌وئه‌نفالكراوان ئه‌وه كوری ئه‌نفالكراوانی چالاك.. خۆیان ساز‌و ئاماده‌ن ته‌نها هاوكاری ئێوه‌یان گه‌ره‌كه..