Skip to Content

Thursday, May 23rd, 2024
درۆبكە..درۆبكە تا ژیانت نوغرۆ دەكەیت !

درۆبكە..درۆبكە تا ژیانت نوغرۆ دەكەیت !

Closed
by February 11, 2009 گشتی

 درۆبكە..درۆبكە تا ژیانت نوغرۆ دەكەیت !
 توێژەرى  كۆمەڵایەتى : حەمەى  ئەحمەد  رەسوڵ

 درۆ، دژو پێچەوانەى راستییە، دیوە ناشرینو قێزەوەنو نالەبارەكەى دیكەى راستگۆییە.. درۆ ئەو وشەیەیە كە لە راستىو واقیعەوە دوورە، درۆ ئەو رستەیەیە كە لەبەر خاترى مەیسەركردنى بەرژەوەندییەك بە كاردەهێنرێت ! درۆ بۆیە دەكرێت تا بتوانێت راستى بشیۆێنىو تێكوپێكى بداتو خۆى بچێتە شوێنىو بەزۆردارەكى بە رووداوەوە دەلكێنرێتو كەسى بەرامبەرى پىَ لەخشتە دەبرێت .. درۆ ئاسانەو وەكو دەڵێن بۆیە هەیە بۆ ئەوەى كە بكرێت.. رەنگە هەموومان لە هەندێك كاتدا درۆ بكەینو بەگۆڕینى شێوەو شێوازى راستییەكە هەوڵ دەدەین درۆكانمان ئاراستە بكەینو بیانووى زل زلیشى بۆ دەهێنینەوە كەجێى گومانو دڕدونگى نەبێت .
 بەشێوەیەكى گشتى، درۆ خوویەكى زۆر خراپەو یەكەمین هەنگاوە بۆ لادانو لاڕێى مرۆڤ بەرەو هەڵدێرو تێكچوونى ستراكتۆرى كەسێتىو ئەخلاقى مرۆڤ ..درۆ دوچارى كەسانێك دەبێتەوە كە لاوازەو بێباوەڕە، كەسێك كە ترسنۆكو بودەڵو بێئیرادەو بێمتمانەن بە خۆیانو بە خێزانو بە كۆمەڵگەكەیان ..درۆزن كەسێكە ناتوانێت بە ئازایىو جەربەزەیىو بوێرییەوە رووبەڕووى ئاكامەكانى راستگۆیى ببێتەوە! لێرەدا ەكرێت بپرسین، كە ئایا بۆچى جار نا جارێك ئێمەى مرۆڤ هانا بۆ درۆكردن دەبەین .؟! لە مبارەیەوە زۆرێك لە زانایانى دەروونناسىو كۆمەڵناسى كۆكن لەسەر ئەوەى كە درۆ وەكو چارەسەرێكى خێراو ئاسانو گونجاو بە كاردێت كە رەنگە لە وتنى راستگۆییدا سەریەشەو كێشەى كۆمەڵایەتى دروست بكات ! یان پێدەچێت بۆ ئەوە بێت كەسێك بەدرۆكردن خۆى لە مەترسییەك بپارێزىَ، یان بۆ ئەوە بێت پارێزگارى لە بەرژەوەندییەكى گرنگى خۆى بكات.. یاخود زۆركەس پێیان شەرمە لە زۆر كاتو زەماندا ، لە زۆر جێگەو شوێندا خۆیان تەریق بكەنەوەو خۆیان بشكێنن، لە نوشوستى یان دۆڕان یان ئاشكرا بوونى نهێنییەك كە متمانە بە دەرەنجامو ئاكامە خراپەكانى ناكرێت!
 دوو جۆرە درۆ لە نێو خەڵكیدا بڵاو و باوە، یەكەمیان درۆیەكى سادەو بىَ زیانە كە پێى دەڵێن : درۆى سپىو دووەمیان درۆیەكى مەبەستدارو زیانبەخشو وێرانكەرە كە پێى دەڵێن درۆى رەش.. رێژەى درۆكردنو بەكارهێنانى جۆرەكانى درۆ لە كەسێكەوە بۆ كەسێكى یكە ، یان لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكى دیكە گۆڕانكارى بەسەردا دێتو جیاوازییان هەیە ..بەڵام گرنگترین فاكتەرو هۆكارى درۆكردن مرۆڤ لەگەڵ خۆىو لەتەك ئەوانیدیكەدا، دوو هۆكارى سەرەكین : یەكەمیان : ژینگەو دەوروبەر، كە وەكو هاوكێشەیەكى پێكەوەیى وایەو خێزان كە یەكەمین خانەى كۆمەڵگایەو پەروەردەكردنى باوان بۆ منداڵەكانیان سەنگى محەكە لە راستگوتن یان درۆكردنى تاكە كەساندا، دیارە جیاوازى ستراكتۆرى خێزان ئافەریدەكارى ئەم دیاردەیەیە بۆ وێنە, ماڵى پڕ لە ئاژاوەو توندوتیژىو لێدانو جنێوو بێسەروبەرەیىو بێبەرنامەیى لە پەروەردەى خێزانیدا، زەمینە خۆشكەرە بۆ دروست كردنى كەسێكى شێواوو  لادەرو درۆزن .بەڵام لەو خێزانەدا كە دینداریىو خودا پەرستى بۆتە میتۆد بۆ پەروەردەى كۆمەڵایەتى كەسێكى راستگۆو سەركەوتووتر بەرهەم دێنێت لە خێزانێك كە مەى خواردنەوەو قوماركردن خەسڵەتى زاڵو ركێف بێت تیایدا .. هەروەها لەو خێزانانەدا كە رۆشنبیرنو ئاسوودەن ، متمانەو باوەڕ بەخۆبوون  بە منداڵەكانیان دەبەخشنو فەراهەم دەكەن .. ئەتمۆسفیرو كە شوهەوایەك بەركەماڵ دەبێت تیایدا كە سوزو میهرەبانىو پەیوەندى كۆمەڵایەتى دروستو نەرمونیان پەخش دەكاتەوە بەسەر ئەندامەكانیدا، دواجار تاكەكانیش هاناو پەنا بۆ درۆكردن نابەنو بەجەربەزەییەوە راستى هەڵدەبژێرن ..شایانى وتنە، چەندە باوان گفتو پەیمانى درۆ بە منداڵەكانیان بدەن، دەئەوەندەش رۆڵەكانیان فێرى درۆكردن دەبنو بەگووتنێكى ئاسایى دەزاننو لە راستگۆییەوە دوور دەبن .
 دووەم هۆكار بۆ درۆكردنى مرۆڤ : بارى دەروونى -ژیریى- بایۆلۆژیى كەسێتى مرۆڤە ، ئەو كەسەى كە درۆكردن وەكو چەكێك بە كاردێنىَ دیارە كەسێكى لاوازو ترسنۆكو نەخۆشو شكستە ، خۆپەرستو هەلپەرستە ، ناوێرێت ئازایانە بە راستگۆیى هەڵوێستو پەیوەندىو بەرژەوەندى خۆیان بەڕێوەبەرن . بەڵام ئایا چارەسەر چییە ؟ چۆن رێژەى درۆكردن لە مێشكو گووتەو گفتو بیركردنەوەى مرۆڤدا كەمتر دەكرێتەوە؟ لە راستیدا چارەسەركردنى منداڵێكى درۆزن ئاسانترە وەك لە كەسێكى گەورەو تەواو ، هەروەها چاككردنو باشكردنى فاكتەرو پاڵنەرەكانى دیاردەى درۆكردن لەخێزانو لە كۆڵانو لەكۆمەڵگادا یەكەمین هەنگاوى سیستماتیكین بۆ پاككردنەوەو كەمتركردنەوەى رێژەى درۆ لەنێوانمادا ، بەو واتایەى كە لەنێوان خێزاندا هێمنىو نەرمونیانى لە پەروەردەكردندا بە كاربێت ، نەك توندوتیژى، كە ترسو دڵەڕاوكىَ بەرهەمدێنىَو تاكەكان ترسنۆك دەبن لە گووتنى راستیدا ..هەروەها سەقامگیریى ناو خێزان بە رێزو خۆشەویستى دابینبكرێتو تاكەكان گوىَ لە یەكتر بگرنو دیالۆكو گفتوگۆ لە نێوانیاندا هەبێتو راستەوخۆ روبەڕوى یەكتر، هەستو نەستەكان پێكەوە بە نەرمونیانى دوور لە لێدانو توندوتیژى باس بكەن. هەروەها گرنگە رێگە بە كەسى درۆزن نەدرێتو بوارى نەدرێت بەردەوام بێت ، گوێى لێنەگیرێتو پێى بووترێت كە خەیاڵو درۆ لە راستىو لە حەقیقەت جیابكاتەوە.. پێویستە خێزان متمانەو بڕوا بەخۆ بوون بە تاكەكانى خۆى ببەخشىَ.. رێزو حورمەت بەئەندامەكانى ببەخشىَو مافى بەمرۆڤبوونى پێببەخشىَ، نەك سووكو ریسواو پەراوێزیان بكات .. پێویستە پەروەردەكردنى خێزانى میتۆدى زانستىو مۆدێرن بەكاربێنىَ بۆ ئەوەى منداڵ ئازاو بوێر پەروەردە بكاتو پەنا بۆ درۆكردن نەباتو لە یەكەم دركاندنى درۆدا سزاى بداتو نەیەڵىَ دووبارى بكاتەوە.. دایكو باوكان پێویست ناكات پەیمانى درۆ بەمنداڵەكانیان بدەن.. درۆى سپى بەكار نەیەننو بەئاسایى نەكەن ، چونكە منداڵیش بە درۆى سپى دەست پێدەكاتو فێردەبێتو ناتوانێت وازى لىَ بێنىَ زەمینە خۆش بكات رۆڵەكانى متمانە بەخۆیان بكەنو ئازاو ئازادبنو روبەڕوى ئاكامەكانى هەقبێژىو راستگۆیى بینەوە ، بەڵام گرفتى سەرەكى لە كۆمەڵگاى كوردى هاوچەرخدا ، دەسەڵاتەكەیەتى دەسەڵاتى كوردى بەشێوەیەكى ناراستەوخۆ تاوانبارە بەرامبەر دروست كردنى قەیرانو گەندەڵىو پێشكەش نەكردنى خزمەتگوزارىو پشتگوىَ خستنى كۆمەڵگاو دیاردە كۆمەڵایەتییە قێزەونەكان.. بەرامبەر بە دزو درۆزنو گەندەڵو تاونبار زۆر خەمساردە.. بە پێچەوانەوە خۆى رۆژانە پەیمانو گفتى درۆمان پێدەداتو راستییەكانمان لىَ دەشارێتەوە ..چى دەگوزەرىَو راستەقینەیە شاردراوەتەوەو بەدرۆى سپىو رەش پینەى دەكەنو بە ئارایشتێكى زەقەوە، ئەو خۆڵەمان دەكەنە چاو كە گوایە راستیان گوتووە ، بۆیە ئێمەش لەوانەوە فێرى درۆى زەق زەق بووینو بەخۆمان نەزانیوە ژیانمان بارگاوى كردووە بە درۆى سپىو بە درۆى رەش .. بۆیە  رووی ژیانمان رەش، رەش دەچێتەوە .
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.