به‌ڵێ ده‌توانین.. به‌شی دوو
به‌ڵێ ده‌توانین.. به‌شی دوو
هۆمه‌ر قه‌ه‌ره‌داغی
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده له سوید1. ریفۆرم له قۆناغی بنه‌ڕه‌تیدا: یه‌کێک له‌و ڕیفۆرمانه‌ی که بۆ قۆناغی بنه‌ڕه‌تی پێشنیازکراوه بریتیه له به‌هێزکردن و په‌ره‌پێدانی (دیداری گه‌شه). که دیدارێکه له نێوان قوتابی و دایک‌وباوکی قوتابی و قوتابخانه دایه. دیداری گه‌شه باشترین سه‌رچاوه‌ی زانیاری و پردی په‌یوه‌ندی نێوان خێزان و قوتابخانه‌یه که به به‌رده‌وامی له په‌ره‌سه‌ندندایه. یه‌کێک له پێشنیازه نوێیه‌کان ئه‌وه‌یه که بۆ هه‌موو پۆلێک و هه‌موو وانه‌یه‌ک هه‌ڵسه‌نگاندنی قوتابی به نوسراوی هه‌بێت. واته مامۆستا ده‌رباره‌ی ئاستی زانستی قوتابیه‌که‌ی ڕاپۆرتێکی کورت پێشکه‌شده‌کات. ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه، نمره‌دانان و ده‌رچون و ده‌رنه‌چون نیه. به‌ڵکو زانیاری کۆکردنه‌وه‌یه له سه‌ر ئاستی زانستی قوتابیه‌که، هه‌ڵسه‌نگاندێکی ئۆبیهکتیڤیانهیه ده‌رباره‌ی لایه‌نه به‌هێز و لاوه‌زه‌کانی قوتابیه‌که. لایه‌نێکی تری ریفۆرمه‌کان زیادکردنی تاقیکردنه‌وه نیشتمانیه‌کانه (هه‌روه‌ک له سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا ئاماژه‌م پێکردوه، تاقیکردنه‌وه‌ی نیشتمانی له سوید زۆر جیاوازه له تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری له کوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێک که‌س به هۆی نه‌بونی زانیاریانه‌وه له سه‌ر سیسته‌می فێرکاری سوید ئه‌م دوو جۆره تاقیکردناوهیه تێکه‌ڵ ده‌که‌ن). تاقیکردنه‌وه نیشتمانیه‌کان ژماره‌یان زیاد ده‌کرێت و له پۆلی نۆدا جگه له وانه‌کانی زمانی سویدی، ماتماتیک و زمانی ئینگلیزی به پێی ئه‌م پێشنیازه نوێیه وانه‌کانی فیزیا، کیمیا و بایۆلۆجیش ده‌گرێته‌وه. به‌ڵام هه‌ر قوتابیه‌ک له یه‌کێک له‌و وانانه‌دا (فیزیا، کیمیا یا بایۆلۆجی) تاقیکردنه‌وه‌ی نیشتمانی ده‌نوسێت. له هه‌ندێک له وانه‌کانی پۆلی سێ و پێنجی قۆناغی بنه‌ڕه‌تیدا، تاقیکردنه‌وه‌ی نیشتمانی له زمانی سویدی، ماتماتیک و زمانی ئینگلیزی داده‌نرێت. مه‌به‌ست له‌م تاقیکردنه‌وانه ده‌ستنیشانکردن و به‌راوردکردنی ئاستی زانیاری و زانستی قوتابیانه نه‌ک مانه‌وه و نه‌مانه‌وه‌یان له پۆله‌کانیاندا. له پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تیدا ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه‌ی نیشتمانی وه‌ک ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی ئاسایی وه‌رده‌گیرێت، نه‌ک وه‌ک تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری له کوردستان که بۆ مانه‌وه و نه‌مانه‌وه و چاره‌نوس دیاریکردنه. خۆشبه‌ختانه له کوردستان تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری پۆله‌کانی شه‌ش و نۆی بنه‌ڕه‌تی نه‌ماون و ئێستاش ورده ورده ئه‌نجامه ئه‌رێنیه‌کانی ئه‌و گۆڕانکاریه گه‌وره‌یه ده‌رده‌که‌وێت. بێگومان له چه‌ند ساڵێکی تردا ده‌بێته هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌واری له کوردستاندا که ئه‌مه‌ش سه‌روه‌ت و سامانێکی زۆر گه‌وره‌یه و گرنگتره له به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له کوردستاندا. زۆر گه‌شبینیشم به‌وه‌ی که له چه‌ند ساڵێکی داهاتودا تاقیکردنه‌وه‌ی پۆلی دوانزه (پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی) نه‌مێنێت.
2. ڕیفۆرم له بواری خوێندنی پراکتیکدا (شاگردیدا): ئه‌م ڕیفۆرمه بۆ ئه‌و قوتابیانه‌یه که له ئاستی تێوریدا لاوازن، به‌ڵام له کاری ده‌ست و پیشه‌ییدا به توانان. نیوه‌ی سێ ساڵی خوێندنی ئاماده‌ییان به شێوه‌ی پراکتیک یا شاگردی له بازاڕیکاردا ده‌بێت. خاوه‌نکاره‌کان کۆرسی تایبه‌تی له چۆنیه‌تی سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و قوتابیانه‌دا ده‌خوێنن. ئه‌م جۆره خوێندنه بۆ وڵاتێکی وه‌ک کوردستان که تازه خه‌ریکه ده‌که‌وێته سه‌رپێی خۆی، زۆر گرنگه. مه‌رج نیه هه‌موو که‌س له خوێندنی تێوریدا باشبێت یا هه‌موو هه‌وڵه‌کان به‌ره‌و خوێندنی به‌رزی دکتۆری و ئه‌ندازیاری بێت، به‌ڵکو مرۆڤ توانای جیاوازی هه‌یه و هه‌رکه‌س به‌پێی توانای خۆی به‌بێ ئه‌وه‌ی مۆرکی ته‌مه‌ڵی پێوه بنرێت.
3. خوێندنی لوتکه‌یی: واته خوێندن بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ی که له ئاستی توانای خوێندندا له لوتکه‌دان. ئه‌و قوتابیانه پێویستیان به‌وه نیه که قۆناغی ئاماده‌یی به سێ ساڵ ببڕن، به‌ڵکو ده‌توانن به ماوه‌یه‌کی که‌متر ئه‌و قۆناغه ته‌واوبکه‌ن، له‌و کاته‌ی که قۆناغی ئاماده‌یی له پۆلی کۆتاییدا ده‌خوێنن، چه‌ند وانه‌یه‌کی قۆناغی زانکۆش له‌و بواره‌ی که حه‌زیان لێبێت ده‌خوێنن. به‌و شێوه‌یه کاتێک که ده‌ستده‌که‌ن به زانکۆ هه‌ندێ وانه‌یان ته‌واوکردوه و کاتیان ده‌بێت زیاتر قووڵببنه‌وه له‌و بواره‌ی که خۆیان حه‌زیان لێیه‌تی. به‌م شێوه‌یه‌ش ڕێگای تۆژینه‌وه و خوێندنی باڵا بۆیان ئاسانترده‌بێت. بۆ خوێندنی ساڵی 2009 / 2010 بیست قوتابخانه ئه‌و پۆله‌یان ده‌بێت. له قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی ئۆڤا، که یه‌کێکه له قوتابخانه‌کانی من، داوامانکردوه یه‌کێک له‌و پۆلانهمان هه‌بێت. به بۆچوونی من، کارێکی خراپ نیه که له هه‌ندێک له قوتابخانه ئاماده‌ییه‌کانی کوردستاندا بواری تایبه‌تی بۆ قوتابیانی لوتکه بڕه‌خسێنرێت له پێناوی به‌هێزکردنی ئاستی تۆژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه له بواره زانستیه‌کاندا، به‌تایبه‌تی بواری پیشه‌سازی نه‌وت و کانزا‌کان.
4. ڕیفۆرم له بواری خوێندنی تیۆری گه‌وره‌ساڵاندا: هه‌موو گه‌وره‌ساڵێک، که خوێندنی هه‌ر قۆناغێکی ته‌واونه‌کردبێت، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه که خوێندنی گه‌وره‌ساڵان بخوێنێت. خوێندنه‌که بۆ ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر قوتابیه‌ک له وانه‌یه‌کدا یان چه‌ند وانه‌یه‌کدا ده‌رنه‌چووبێت یا نمره‌ی به‌رزی نه‌هێنا بێت ده‌توانێت له خوێندنی گه‌وره‌ساڵان خوێندنه‌که‌ی ته‌واوبکات و نمره‌که‌ی به‌رزبکاته‌وه. به‌وه‌ش به ئامانجه‌کانی خۆی بگات.
له کوردستان به‌م خوێندنه ده‌گوترێت خوێندنی ئێواران و بۆ ئه‌وه‌یه که هه‌موو وانه‌کانی پۆلێک بخوێنرێته‌وه. له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر خوێندکار جارێک له وانه‌یه‌کدا ده‌رچوو بێت ئیتر پێویست ناکات ناچاربکرێت که جارێکی تر، له‌به‌رئه‌وه‌ی له هه‌ندێک وانه‌ی تردا ده‌رنه‌چووه، بیخوێنێته‌وه. خوێندنی ئێواران له کوردستان پێویستی به ڕیفۆرمی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه و ناوه‌که‌شی هه‌ڵه‌یه چونکه ته‌واوکردنی قۆناغی ئاماده‌یی پێویست ناکات هه‌ر به ئێواران بێت. له سوید به ڕۆژ و به ئێوارانیش هه‌یه. خوێندنی گه‌وره‌ساڵان (یا ئێواران) بێجگه له به‌ره‌وپێشه‌وه بردنی پرۆسه‌ی فێرکاری له وڵات‌دا، واتایه‌کی به‌رزی مرۆڤایه‌تیشی هه‌یه. ئه‌و واتایه بریتیه له ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت و شانسێکی تر بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که له کاتی خۆیدا نه‌یان توانیوه خوێندنه‌که‌یان ته‌واوبکه‌ن یان نه‌یان توانیوه نمره‌ی پێویست بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و خوێندنه وه‌ربگیرێن که ده‌یانه‌وێت. به‌م خوێندنه نمره‌کانیان به‌رزده‌که‌نه‌وه و داوای ئه‌و خوێندنه ده‌که‌ن که له‌گه‌ڵ حه‌ز، ئاره‌زوو و خه‌یاڵیاندا ده‌گونجێت. به شێوه‌یه‌کی گشتی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی زیاتر له یه‌ک ده‌رفه‌تی له ژیانیدا بۆ هه‌ڵناکه‌وێت، به‌مه‌ش حه‌ز و ویستێکی زۆر له مرۆڤه‌کان هه‌ر به گه‌نجێتی ده‌مرێندرێت و له ژیانیاندا مرۆڤێکی بێهواو دڵته‌نگیان لێده‌رده‌چێت.
5. خوێندنی زانکۆی پیشه‌یی: واته خوێندن له بواری زانکۆ و په‌یمانگاکاندا بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ی که به‌شه پیشه‌ییه‌کانیان له ئاماده‌یی ته‌واوکردوه، وه‌ک به‌شی پیشه‌سازی و کشتوکاڵ. ئه‌م خوێندنه پیشه‌ییه، واته ئه‌کادیمی نیه. ماوه‌ی خوێندنه‌که کورته و له چه‌ند کۆرسێکی ئاستی به‌رزی پیشه‌یی پێکهاتووه له‌گه‌ڵ پراکتیک له بازاڕی ئازاد‌دا.
6. خوێندنی پیشه‌یی بۆ گه‌وره‌ساڵان: تا ئێستا خوێندنی گه‌وره‌ساڵان هه‌ر له بواری وانه تیۆریه‌کاندا بووه. ئه‌م ڕیفۆرمه باس له‌وه ده‌کات که خوێندنی پیشه‌یی قۆناغی ئاماده‌یی وه‌ک پیشه‌سازی و کشتوکاڵ بۆ گه‌وره‌ساڵانیش هه‌بێت. واته بۆ ئه‌وانه‌ی که له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بوو بێت خوێندنی ئاماده‌ییان ته‌واو نه‌کردوه و ده‌یانه‌وێت له‌گه‌وره‌ساڵیدا خوێندنی ئاماده‌یی پیشه‌یی بخوێنن. له کوردستان ئه‌م بواره نه‌دراوه به گه‌وره‌ساڵان. ئه‌مه لایه‌نێکی تری سیسته‌می فێرکاریمانه که ده‌بێت بیری لێبکرێته‌وه به‌تایبه‌تی بۆئه‌وه‌ی جارێکی تر شانسێکی تر بخرێته به‌رده‌م ئه‌و که‌سانه‌ی که‌له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بووبێت نه‌یانتوانیوه له‌کاتی خۆیدا خوێندنی پیشه‌یی له قۆناغی ئاماده‌ییدا بخوێنن.