هه‌روه‌ک له ناو زگی دایه…نه‌سرین شاکه‌لی
هه‌روه‌ک له ناو زگی دایه
نه‌سرین شاکهلیکۆڵانێکی چۆڵ و تاریک له‌هه‌ردوو په‌نجه‌ره‌ی ماڵی به‌رامبه‌ره‌وه ڕووناکییه‌کی کز دیاره.
تۆ به تارمایی له ناکاوت کۆڵانه‌که ئاوه‌دان ده‌که‌یته‌وه. ده‌م و چاوت به ملپێچێک داپۆشیوه و خۆتیش نازانی چ ڕه‌نگه. چۆن بوو بڕیارت دا به‌م کۆڵانه‌دا تێپه‌ڕی؟ بۆچی ئه‌مشه‌وت هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌م هاتنه؟
کێ ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی تۆ بۆی هاتووی وه‌ک خۆی ماوه؟کۆڵه پشتییه‌که‌ت زوو زوو لار ده‌بێته‌وه، به شانهه‌ڵته‌کانێ ڕاستی ده‌که‌یته‌وه. لاقه‌کانت ئازاریان هه‌یه و چین چین ئاره‌قه ده‌که‌ی… هه‌ست به برسێتی ده‌که‌یت، نازانی بۆچی پێشنیازی نانخواردنێکی چه‌ورو گه‌رمت ڕه‌ت کرده‌وه؟ بۆچی ئه‌مڕۆ به هه‌موو شتێکت وت نا و نه‌تهێشت هیچ شتێک ببێته به‌ربه‌ستی ئه‌م هاتنه‌ت؟!
سه‌رت هه‌ڵده‌بڕی، یه‌کێ له چراکان ده‌کوژێته‌وه، کۆڵانه‌که ئه‌وه‌نده‌ی تر تاریک ده‌نوێنێ.
له پڕ پاسکیلسوارێک به ده‌م گۆرانییه‌وه به لاتدا تێده‌په‌ڕێ، زۆر سه‌یره! نازانی تێده‌په‌ڕێ یان ده‌فڕێ؟
پاسکیل ئاژووتن، به‌م شه‌وه تاریکه‌و له‌م کۆڵانه ته‌سکه‌دا… و به‌و خێرایییه؟ سه‌یره!
له پڕ گۆرانییه‌که‌ت دێته‌وه یاد، چ گۆرانیه‌ک!
( وه‌ره ڕێگای ماڵ م پێنیشانده …
من له مێژه خه‌ون به ماڵ ه‌وه ده‌بینم،
تاسه‌م بۆ ماڵ گه‌وره تره له،
له هه‌موو ترسه‌کانم !)بیر ده‌که‌یته‌وه که‌ی بوو گوێت له‌م گۆرانییه بوو؟ که‌ی بوو کوڕێکی کاکۆڵڕه‌شی چاو ڕه‌شی چه‌ناگه چاڵ به په‌نجه درێژه‌کانی ژێی گیتاره‌که‌ی ده‌لاواندو گۆرانییه‌کی ده‌چڕی…
که‌ی بوو له په‌نجه‌ره‌که‌ته‌وه جگه له چه‌ند په‌ڵه هه‌ورێکی ڕه‌ش و ئاسمانیکی خۆڵه‌مێشی و دارێکی پیری وشکهه‌ڵاتووی بێگه‌ڵا، هیچی تر دیار نه‌بوو… ؟
کاتێ تۆ چاوت له ته‌له‌ڤزوێنه‌که‌ی به‌رامبه‌رت ده‌کردو گوێت له‌و گۆرانییه ده‌گرت، ئه‌و به ئه‌سپایی خۆی کرد به ژووردا. چه‌نێ نه‌خۆش بووی کاتێ ئه‌و هات… وه‌ک هه‌میشه ده‌تزانی چاوه‌ڕوانی بکه‌یت یان نه‌که‌یت ئه‌و هه‌ر دێت.
ئه‌و هات و له په‌ناتا چادرێکی ڕه‌شی هه‌ڵداو ده‌ستی کرده بالۆره ووتن. وورده وورده سه‌رنجت به ته‌واوه‌تی له سه‌ر کوڕه‌چاوڕه‌شه، گیتارلێده‌ره‌که لاچوو.
ئه‌و هات و هه‌ر به‌ره‌و دواوه ڕایکێشای، ده‌ستی برد‌و چمکی کراسه‌که‌تی گرت، کۆڵان به کۆڵانی ڕابووردوی پێ ته‌ی کردی…. هات و پێتی ووت تۆ ده‌مری! به‌م زووانه ده‌مری و چرای ژیانت بۆ هه‌تاهه‌تایه ده‌کوژێته‌وه. فریا ناکه‌وی، پڕ به دڵ بۆ دوێنێ بگریت.
تۆ ده‌مریت و قه‌ت هاوڕێکانت ناتبیننه‌وه تا سه‌ره‌خۆشی دوێنێت لێ بکه‌ن، قه‌ت فریا ناکه‌وی له ژێر گه‌ڵای ئه‌و نه‌مامه بحه‌سێیته‌وه که چه‌ندان ساڵه ئاوی ده‌ده‌ی!
ووتی، چۆن فریای مردنی دایه‌گه‌وره نه‌که‌وتی ئاوهاش فریا ناکه‌وی بۆ ته‌نیا جارێ، بچیته سه‌ر گۆڕه‌که‌ی. بچیت هاڵاوی گه‌رمیی گه‌ڵا تۆڵه‌که‌کانی ده‌وری گۆڕه‌که‌ی تێکه‌ڵ به هه‌ناسه‌ت بێ. ووتی فریا ناکه‌وی ته‌نیا جارێ له سه‌ر گۆڕه‌که‌ی هه‌ندێ ده‌رده‌دڵ بکه‌یت. پێی بێژی، بیری ناوله‌په زبره‌کانت ده‌که‌م، کاتێ سه‌ری پڕ له ئازارمت ده‌شێلا، بیری لایه‌لایه‌کانت و چیرۆکی گوێئاگردانه‌کانت ده‌که‌م، بیری بۆنی باوڵه‌که‌ت و چارۆکه‌که‌ی کۆڵت … نا فریا ناکه‌وێ!
ووتی تۆ ده‌مری و فریا ناکه‌وی سه‌رێ له دوێنێ بده‌ی، ده‌لاقه‌ی دوێنێ بکه‌یته‌وه چاوێ بخشێنی به ده‌فته‌ره زه‌رده‌کانی دوێنێدا.
ووتی یه‌ک جاری تر بۆت نالوێ له کن ڕۆخی ڕووباره‌که‌ی دوێنێ چۆک داده‌یت و گوێلێ ئاو به ڕوومه‌تی گه‌رمهاتووتدا بکه‌یت.
ووتی نا! فریا ناکه‌وی له هه‌رده‌که‌ی دوێنێ چه‌پکێ شه‌وبۆ بچنی، پیارسکه‌یه‌ک دۆمه‌ڵان بهێنیته‌وه،سه‌به‌ته‌یه‌ک پڕ بکه‌یت له که‌نگرو گێلاس، ته‌نانه‌ت یه‌ک قوم ته‌نها یه‌ک قوم له ئاوی کانییه‌که هه‌ڵقوڕێنی، ده‌مری و فریا ناکه‌وی!
ووتی، فریا ناکه‌وێ، له گه‌ڵ ده‌سته‌خوشکه‌کانی دوێنێت ته‌نها جارێ، پڕ به هه‌ناوت پێبکه‌نی به‌و قسانه‌ی دوێنێ ده‌تانکردو باسی سبه‌ینێتان ده‌کرد،سبه‌ینێی دوێنێتان هه‌ر نه‌هات…
ووتی، ده‌مری و شوێنپێی خۆت له سه‌ر هیچ سه‌رزه‌مینێ نابینی!
ئه‌و هات و ئه‌مانه‌و زۆر شتی تری به‌ده‌م بالۆره‌یه‌کی به کوڵه‌وه ووت. هات و خوێی خسته نێو برینه‌کانت، هات و برینی هه‌زار ساڵه‌تی کولانده‌وه. هات و بووه ئاوێنه‌و هه‌موو ڕۆژو شه‌وه تاڵ و سوێر‌و جار جارشیرینه‌کانی دوێنێی وه بیر هێنایته‌وه.
هات و ووتی،
دانیشه‌و ته‌مه‌نێ دابنێ تایبه‌ت بۆ شیوه‌ن و گرین، بۆ لاواندنه‌وه‌ی دوێنێ
سه‌رزه‌مینێ چێ بکه بۆ گۆڕستانی دوێنێ،
ووتی، بچۆ ڕه‌شترین کوتاڵی دونیا بێنه و کاڵایه‌ک بۆ خۆت بدرووه، ئازیه‌تبار به بۆ دوێنێ!
ئه‌و هات و ئاوێنه‌یه‌کی دا به‌ده‌ستته‌وه که دانه دانه تاڵه چه‌رمووه‌کانی پرچتی تێدا بژمێری. هات و ووتی دوێنێ مرد و تۆ هێشتا شینت بۆ نه‌کرد.
هات و شیوه‌ن و گرینێکی وه‌های کرد هه‌ر نه‌بێته‌وه، دوێنێ ی وا لاوانده‌وه، به خوڕ هێناتیه گریان…
که زه‌ریایه‌ک گریای و که دڵت پڕ بوو له ده‌ریایه‌ک خه‌م، که ئاسمانت ته‌ڵخ و که هه‌موو دونیات تاریک تاریک بوو، پڕتی کرد له فرمێسک و به تاقی ته‌نیا به جێی هێشتی!* * * * * * * * *
سه‌رت به‌رز ده‌که‌یته‌وه خۆت له به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه ده‌بینی، چرای ئه‌وێش کوژاوه‌ته‌وه، که‌وابێ زۆر دره‌نگه تۆ دره‌نگ بڕیارت دا‌و دره‌نگ پێ ڕاگه‌یشتی، تۆ خاو بووی، ده‌بوا وه‌ک ئه‌و پاسکیلسواره فڕیبای!
پشتت ده‌که‌وێته ژان و لاقه‌کانت سڕ ده‌بن، کۆڵه پشتییه‌که‌ت له په‌نای په‌نجه‌ره‌که داده‌نێی، که‌مێک ده‌وه‌ستیت. هه‌ست به ده‌نگێ یان جووڵه‌یه‌ک، نازانی کامییان؟ ده‌که‌یت، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌سێک به ئاسته‌م هه‌ناسه بدات، یان به نهێنی بگری. هێواش ده‌گه‌ڕێیته‌وه دواوه خۆت له په‌نای دیواری ئه‌ملای په‌نجه‌ره‌که‌وه مه‌ڵاس ده‌ده‌ی،
ته‌واو مات و بێ ده‌نگ ده‌بی.. گوێت له هه‌نسکی گریانێکه، ده‌زانی له‌لای په‌نجه‌ره‌که‌وه دێ، خۆت کووڕ ده‌که‌یته‌وه. له ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌که‌وه گوێ هه‌ڵده‌خه‌یت. گوێت له بالۆره‌یه‌کی به کوڵه، ده‌نگی لاوانه‌وه‌ی دوێنێ…
باش گوێقوڵاخ ده‌بی تۆ بڵێی خه‌و نه‌بینی، یان وڕێنه نه‌که‌یت؟ خۆ نه‌خۆش نیت ؟ خۆ یاوت لێ نه‌هاتووه؟ ئه‌مه هه‌ر ده‌نگی ئه‌وه، بێ سێ و دوو ده‌نگی ئه‌و ده‌ناسییه‌وه، لێره چ ده‌کات، کێ گه‌یاندییه ئێره؟
سه‌رت به‌رز ده‌که‌یته‌وه بریا کونێ هه‌بوایه ئه‌و دیوی په‌نجه‌ره‌که‌ت بدیایه. چۆن بزانی ئه‌مه‌ی هه‌نسک ده‌دات، ئاوێنه‌یه‌کی له پێشدا نییه‌و خه‌ریک نییه ته‌ڵه سپییه‌کانی پرچی بژمێرێ…؟
خۆ تۆ به‌ڕێوه‌ی بۆ دیدارێکی لای ئه‌م دوو په‌نجه‌ره ، ئه‌م دوو په‌نجه‌ره، په‌نجه‌ره‌ی یه‌ک ماڵن، ئێ با تاریکیش بێ… هێزێک پێت ده‌ڵی بچۆ له زه‌نگی ده‌رگا بده!
ڕه‌نگه له ڕووی هه‌ڵنه‌یه‌ت ده‌رگات لێ بکاته‌وه. ڕه‌نگه حه‌ز نه‌کات چاوه سوورهه‌ڵگه‌ڕاوه‌کانی ببینی، ڕه‌نگه پێی وابێ، ئه‌و ته‌نهاو ته‌نها بۆ لای ئه‌م دێت و ئاوێنه نیشانی ئه‌م ده‌دات، بالۆره بۆ ئه‌م ده‌ڵێت و دوێنێی ئه‌م ده‌لاوێنێته‌وه.
هه‌نگاو ده‌نێی به‌ره‌و لای ده‌رگاکه، پاسکیلێک ده‌بینی ! دڵت داده‌خورپێ!
ده‌ڵێی بڕۆیت و بۆ هه‌تا هه‌تایه سه‌ر به‌م کۆڵانه‌دا نه‌که‌یت، ده‌ڵێی بمێنیته‌وه ڕووبه‌ڕووی بوه‌ستی، تۆ ئاوێنه بخه‌یته ده‌ستی ئه‌و، تا خۆی تێدا ببینێ.
قامکت له سه‌ر زه‌نگی ده‌رگاکه داده‌نێی، ده‌رگاکه ده‌کرێته‌وه….
ئه‌م به ده‌مو چاوێکی تازه شۆراوه‌وه ده‌رگاکه ده‌کاته‌وه،به‌ده‌م بزه‌یه‌که‌وه ده‌ڵێ هه‌ڵامه‌تمه! تووشت نه‌که‌م…
دێیته ژووره‌وه، هه‌موو گڵۆپه‌کان داگیرساون. تۆ پڕ ده‌بی له پرسیار، چ زوو فریاکه‌وت هه‌م ده‌مو چاوی بشوات و هه‌م ئه‌و هه‌موو گڵۆپه داگیرسێنی؟! خۆ له ده‌ره‌وه تاریک تاریک بوو.. سه‌یره!
به خێراییه‌ک وه‌ک با،چاوه‌کانت، هه‌موو کون و قوژبنی ژووره‌که ده‌پشکنن.
ئه‌ی ئه‌و له کوێیه؟ ڕه‌نگه ئه‌ویش له حه‌مام بێت و ده‌م و چاوی بشواته‌وه؟ ئیتر شوێنی تر کوێیه؟ ژووری نان خواردن و چیشتخانه هه‌ر یه‌کن ، هۆڵه‌که‌ش بێ ده‌رگایه‌و هه‌مووی دیاره، جێگای خه‌وه‌که‌شی هه‌ر له سوچێکی هۆڵه‌که‌یه.
ئه‌ی خۆ ڕێی تێناچی له دۆڵابێکدا شاردبێتییه‌وه؟ چۆن فریا که‌وت؟ هه‌مووی چرکه‌یه‌کی پێ نه‌چوو، له نێوان کاتی له زه‌نگدانی ده‌رگاو کردنه‌وه‌ی؟!!
هه‌بێ و نه‌بێ یاوت هه‌یه‌و وڕێنه ده‌که‌ی، یان بۆ ماڵێکی هه‌ڵه هاتووی… نا هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م کۆڵانه ئه‌وێ نیه!
سه‌یره! مه‌گه‌ر دانه دانه په‌نجه‌ره‌و خان‌و و به‌ردو خشتی ئه‌م کۆڵانه‌ت نه‌هاته‌وه یاد؟ چۆن وا لێت تێکچوو؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نیه، ئه‌م چۆنی ناسیته‌وه؟ بۆ نه‌یوت تۆ کێی، به‌م شه‌وه بۆچی له ده‌رگای من ده‌ده‌یت؟سه‌رت لێ ده‌شێوێ و له ناوه‌ڕاستی ژووره‌که‌دا خه‌ریکه ببورێیته‌وه. هه‌موو ژووره‌که سووڕ ده‌خوات و شێوه‌ی ئه‌م ده‌بینی، خه‌ریکه به ده‌سته‌سڕێکی گه‌وره لووتی ده‌سڕێ، هه‌ر به ته‌واوی له‌وه ده‌چێ هه‌ڵامه‌تی بێ… باشتر سه‌رنجی ده‌ده‌یت، کوت و مت خۆت ده‌بینی له به‌رامبه‌رت ڕاوه‌ستاوه… خۆت خۆتین! ڕاده‌چڵه‌کێیت و هه‌مووگیانت سڕ ده‌بێ! نازانی چی بکه‌یت، ده‌ته‌وێ هاوار بکه‌یت که‌چی ده‌نگت له گه‌روتا ده‌تاسێ!
ده‌ته‌وێ هه‌ڵسی، زه‌وی ژووره‌که ده‌بێته موگناتیزێکی به هێزو له‌شی تۆیش پارچه‌یه‌ک ئاسن ! هیچیان له یه‌کتر جوێ نابنه‌وه…
چاوه‌کانت ده‌که‌یته‌وه خۆت ده‌بینی به پێوه له سه‌ر سه‌رت وه‌ستاوه‌و
به کوڵ ده‌گری و ده‌ڵێ،
– بمبووره! هه‌ڵامه‌تم نیه … تێر گریاوم! ئاخر… ئه‌و لێره بوو، لێره‌یه…* * * * * * * * *
دیسان سه‌رت نزم ده‌که‌یته‌وه به هه‌موو هێزێکته‌وه خه‌ریک ده‌بی له‌شی ئاسنینئاسات له زه‌وییه‌که دوور بخه‌یته‌وه، ده‌سته‌کانت ڕاده‌پسکێنی، که‌چی وه‌ک قوڕ به زه‌وییه‌که‌وه نووساوی!
ده‌ته‌وێ زارت بکه‌یته‌وه و شتێک بڵێی، به‌ڵام ناتوانی…
له پڕ وه‌ک لاڵ بووبێتی، بچڕ بچڕ ده‌ڵێی
– ئه‌و … ئه‌و له کوێیه؟
خۆت به سه‌ر سه‌رته‌وه فرمێسکه‌کانی ده‌سڕێ، ده‌ڵێ
– ئه‌و… مه‌گه‌ر تۆ نازانی؟ بۆچی له من ده‌پرسی؟
ده‌ته‌وێ هاوار بکه‌یت
– ناااااااااااااا، من چۆن بزانم…؟!
دیسان وشه‌کانت بچڕ بچڕ دێن… سه‌یرێکی خۆت ده‌که‌یت که به سه‌ر سه‌رته‌وه وه‌ستاوه، لێی ده‌پرسی
– تۆ ده‌زانی؟ ده که‌واته پێمبڵێ!
ئه‌م وه‌ک باوه‌ڕت پێ نه‌کات… به سه‌رسووڕمانه‌وه چاو له چاوه‌کانت ده‌بڕێ. قه‌واره‌ی چاوی، دانه دانه برژانگه‌کانی و گلێنه‌ی چاوه‌کانی که تێکه‌ڵاوه له سێ ڕه‌نگی جیاواز، کوت ومت چاوه‌کانی خۆتن! برژانگه نماوییه‌کانی خۆت، گلێنه ڕه‌نگینه‌کانی خۆت ده‌بینی وه‌ک جامێکی شووشه‌یی پڕ له ئاو، لیپاو لیپه له فرمێسک.
تک تک فرمێسکه‌کان به لاگۆناتدا ده‌ڕژێنه خوارێ… نیگاکانتان یه‌کده‌گرن، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و بووبێته موگناتیزێکی هه‌ره گه‌وره، له گه‌ڵ هێزی زه‌ویدا پێشبڕکێ بکات، تۆ بۆ لای خۆی ڕاده‌کێشێ و…. هه‌مووی تێکه‌ڵت ده‌بێ و هه‌مووت تێکه‌ڵی ده‌بێ، هه‌ر وه‌ک له ناو زگی دایه، ده‌بنه‌وه یه‌ک!* * * * * * * * *
چاوه‌کانت ده‌که‌یته‌وه، خۆت له ناوه‌ڕاستی ژووره‌که ده‌بینی و سه‌یری ده‌ره‌وه ده‌که‌یت له دوورڕا ئاسۆ دیاره‌و ڕوونه، به‌ره به‌یانه… هه‌ست ده‌که‌یت دڵت سووکه هه‌ر وه‌ک په‌پوله! نازانی که‌ی بوو هاتی و که‌ی گه‌یشتی و
ئایا خه‌وت لێ که‌وت؟
له سه‌ر زه‌وییه‌که هه‌ڵده‌ستی و ده‌چیته سه‌ر ته‌خته‌که‌ت. له‌شت له ئاره‌قدا شه‌ڵاڵه، ده‌ڵێی ته‌مه‌نێکه به شاخێکی به‌رزدا هه‌ڵده‌زنێی و وا ئێستا گه‌یشتی… ورده ورده سه‌رما له نووکی په‌نجه‌ی پێکانته‌وه به‌ره‌و سه‌راپای له‌شت ورووژم دێنێ. لێفه‌که‌ت بۆ سه‌ره‌وه هه‌ڵده‌کێشی و له نێویدا گرمۆڵه ده‌بیت، له گه‌ڵ خۆت دا به ئارامی خه‌وت لێ ده‌که‌وێت…
2007 سوێد
تێبینیی:
ئه‌م چیرۆکه له ژماره 64 ی گۆڤاری نه‌وشه‌فه‌قدا بڵاو کراوه‌ته‌وه. به‌داخه‌وه، له‌وێ له باتی بنووسرێ " هه‌ر وه‌ک له ناو زگی دایه" به هه‌ڵه نووسراوه " هه‌ر وه‌ک له‌ناو زگیدایه" که بۆته هۆی گۆڕینی ماناکه‌ی…