Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
نەوەیەكى تر.. كاتێك توڕەبوون دەبێتە پرۆژە…. عەزیز ڕەئووف

نەوەیەكى تر.. كاتێك توڕەبوون دەبێتە پرۆژە…. عەزیز ڕەئووف

Closed

 نەوەكانى سەردەمى پێش ڕاپەڕین نەوەگەلێك بوون لەپاڵ دروستبوون و گەشەسەندنى بەعسدا گەورەبوون. نەوەیەك بوون تەواو زەبروزەنگى حزبى بەعسیان لەبەر چاو بوو. ئەوان كە چاویان هەڵهێنا هەستیان بەوە كرد هێزێك حوكمیان دەكات هێزێكى تەواو فاشى و ستەمكارە، هێزێكە جگە لە خوێن هیچى تر نابینێت.
 بۆیە نەوەى پێش ڕاپەڕین ئەو نەوەیە بوو كە لە سایەى تەفەنگەكاندا بەدواى ئازادیدا دەگەڕا. ئەمەش كەم تا زۆر هەڵقوڵاوى دۆخێكى تەواو خوێناوى بوو، دۆخێك بوو كە نەوەكانى ئێمە لەوەها سەردەمێكدا دەبوو چەك هەڵبگرن. هەروەك چۆن سەركردەیەكى كۆمەڵەى ڕەنجدەران لەو سەردەمەدا دەیوت: بۆ ئەوەى تفەنگ نەمێنێت پێویستە تفەنگ بەشانمانەوە بێت. ئەمەش بەو مانایە دێت كە نەوەى پێش ڕاپەڕین ئەو نەوەیە بوو كە دۆخێك خولقابوو بۆ ئەوەى چەك هەڵبگرن، ئەگینا نەوەیەك نەبوون ئارەزووى هەڵگرتنى تفەنگ بكەن.
 بەڵام پێش ڕاپەڕین سەردەمێكى تەواو جیاوازە. سەردەمێكە كە نەوەكانى پێش ڕاپەڕین خاوەنى دەسەڵات بوون و ئۆفیسەكانى ئەم هەرێمەیان بەڕێوە دەبرد. ئەمەش تەواو دۆخێكى جیاوازیان خولقاندبوو كە لەسەرەتاوە لە خەونێك دەچوو، بەڵام دواتر لەگەڵ خۆیدا شەڕى ناوخۆ و گەندەڵى و بە ناتەندروست دەوڵەمەندبوون و دۆخێكى تەواو نایەكسانى كۆمەڵایەتى لەگەڵ خۆیدا هێنا.
 نەوەكانى دواى ڕاپەڕین كە چاویان هەڵهێنا بینیان كۆمەڵگە خۆى  لەبەردەم شەڕى ناوخۆدا دەبینێتەوە كە دۆخێكى تەواو خوێناوى بوو. ئەمەش تەواو ڕۆڵى كاریگەرى هەبوو لەوەى كە نەوەكانى دواى ڕاپەڕین لەوەها دۆخێك نیگەران بن. نیگەرانبوونێك كە زۆرێك لە گەنجانى ئەو سەردەمە ولاتیان جێهێشت و ڕویان كردە هەندەران.
 ئەم توڕەبوونەى نەوەى نوىَ لە دواى پرۆسەى ئازادى عیراقەوە پەرەى سەند و بێئومێد بوو لەوەى كە دەسەڵاتى كوردى بتوانىَ خەونەكانیان بێنێتە دى. لە دواى هاتنى مارێنز بۆ ناو كۆمەڵگەى عیراقى ئیدى نەوەى دواى ڕاپەڕین تەواو دڵنیا بوون لەوەى كە هیچ هێزێك نیە بتوانێت لەگەڵ خۆیدا خۆشگوزەرانى بێنێت گەر ئەو هێزە خۆى چانسى ئەوەى نەبێت دنیایەكى باشتر بخوڵقێنێت.
 لەگەڵ فراوانبوون و دواى چەندین پرۆسەى هەڵبژاردن و گۆڕانى كابینەكان، نەوەى دواى ڕاپەڕین بینی كە هیچ هێزێكى سیاسى لەم دەڤەرە خاوەنى پرۆژەیەكى نوىَ نیە بۆ گەنج. هیچ هێزێك نیە بتوانێت خەونە جوانەكانى گەنجان بێنێتەدى. هەموو هێزە سیاسیەكانى ئەم كۆمەڵگەیە بە عەلمانى و ئیسلامیەوە هێزگەلێكن كە پیرەكان سەركردایەتیان دەكەن و خاوەنى عەقڵیەتێكى گەنجانە نین. ئەمەش واى كرد كە گەنجانى دواى ڕاپەڕین پێكەنینیان بە دروشم و بەڵێنەكانى بەرپرسان بێت و چیدى تاقەتیان لێنەبێت گوێیان لێبگرن.
 دواى ڕاپەڕین دۆخێكى تەواو لەبارە بۆ نەوەیەك كە گومان دەكات. گومان لە دروشم و بەڵێنگەلێك كە سیاسیەكانى ئەم وڵاتە خۆشیان دەزانن هەرگیز نایەنە دى. ئەم نەوەیە خاوەنى دیدێكى ترە بۆ ئایندەى خۆى، ئەو دیدەش لەوەدا خۆى دەبینێتەوە كە ئەم نەوەیە گومان لە دۆخێكى ناشرین دەكات و خەون بە دنیایەكى باشترەوە دەبینێت. ئەم نەوەیە لێوانلێوە لە توڕەبوون، لێوانلێوە لە خەونى ڕەنگاوڕەنگ. لێوانلێوە نیگەرانى لە دنیایەك كە دابەش بووە بەسەر نوخبەى دەوڵەمەندى سیاسى و چێنێكى هەژار كە گەنجان زۆرینى پێك دەهێنن.
 پرۆژە تەنها لەنێو گروپێك یاخود ڕێكرخرا و حزبێكدا بەیان ناكرێت، بەڵكو دەتوانرێت فۆرمێكى تاكەكەسى بەخۆوە ببینێت. نەوەى دواى ڕاپەڕینى ئێمە لانى كەم خاوەنى ئەم پرۆژە تاكەكەسییەیە. ئەو پرۆژەیەش بریتیە لە خەو بینین بە دۆخێكەوە كە لانى كەم گەنجان بتوانن هەناسەى تیادا بدەن.
 نەوەى دواى ڕاپەڕین نەوەیەكە خەون بەوەوە دەبینێت كە كارەبا هەبێت بۆ ئەوەى كۆمپیوتەرەكەى كار بكات. توڕەیە لەوەى كە لەسەر ئەم زەویە حكومەتێك هەیە ناتوانێت كارەبا بۆ نەوەكانى دابین بكات. ئیدى لێرەوە ئەم نەوەیە لەناو دۆخێكى تەواو تاریكدا گەورە دەبێت. سەردەمێكیش دێت ئەم توڕەبوونەى گەنجان ببێت بە پرۆژە.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.