
غهززهبی هه‌ڵه‌بجه و ئاوشویتس له غه‌ززه‌دا…..به‌کر ئه‌حمه‌د
"غه‌ززه"بی هه‌ڵه‌بجه و ئاوشویتس له غه‌ززه‌دا
به‌کر ئه‌حمه‌د
20090120له 3289 که‌سدا که به‌شداری پرسیاری:" له هێرش و کاره‌ساتی غه‌ززه‌دا کێ به‌رپرسیاره، له 60% به‌شداربووان پێیانوایه حه‌ماس به‌رپرسیاره و له 38% پێیانوایه ئیسرائیل." ئه‌م ڕاپرسییه له ئیسرائیل‌دا ئه‌نجامنه‌دراوه که باڵێکی کێشه‌ی له‌شکرکێشی ئیسرائیله بۆ سه‌ر غه‌ززه و هاوڵاتییانی ده‌کرێ به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان به‌و شێوه‌یه وه‌ڵامبده‌نه‌وه. به‌لكو ئه‌مه تێڕوانینی خه‌لکی کوردستانه له به‌رانبه‌ر کوشتاری ژن و منداڵی فه‌له‌ستیندا که وه‌ڵامی ڕاپرسی سایتی "ئاوێنه"یان داوه‌ته‌وه.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م له‌شکرکێشییه‌ی به‌ر له‌سه‌ری ساڵی 2009ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته ڕه‌سمییه‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌ستگاو ڕۆژنامه‌گه‌ری خۆرئاوا بوو به گشتی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م کێشه خوێناوییه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. دڕندایه‌تی ئیسرائیل و کوشتنی بێشوماری هاوڵاتییانی مه‌ده‌نی ئه‌م ناوچه‌یه، خێرا هه‌ڵوێستی شه‌قامی سیاسی و ته‌نانه‌ت به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زۆر ده‌وڵه‌تیشی گۆڕی.
به‌ڵام بۆ قوربانییانی دهسهلآتێکی فاشیستی وه‌کو به‌عس له به‌رانبه‌ر هاوچاره‌نووسه‌کانی وه‌ک خۆیاندا، دڵشادن و ئه‌م قه‌تڵ و عامه‌ی ئیسرائیلییان به :" مافی خۆپاراستن له به‌رانبه‌ر تێرۆریستاندا" له قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن. ڕیوایه‌تێک که هێنده‌ی له‌لایه‌ن مێدیایی ئیسرائیله‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرێت ، هیچ نیهاد و ناوه‌ندێکی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌تیی و غه‌یری ده‌وڵه‌تیی له‌م کێشه‌یه‌یی دوایدا، به هۆکارێکی ڕه‌واییان نه دایه قه‌ڵه‌م و ته‌نها ئه‌مریکا و ئیسرائیل ئه‌م مۆدێلی شیکردنهوهییان به گوێی هاوڵاتییانی خۆیاندا ده‌دا.
به‌ڵام چی واده‌کات هه‌ڵوێستێکی هێنده زه‌قی ئیسرائیلدۆستانه له لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه (60% ی ڕاپرسییه‌کی ئاوێنه) بگیرێته به‌ر له کاتێکدا سه‌رتاپای دنیا و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تیی و ئه‌منستی ئه‌نته‌رناسیوناڵ، ئیسرائیل به‌وه تاوانبارده‌که‌ن که تاوانی جه‌نگیی له غه‌ززه‌دا ئه‌نجامداوه و چه‌کی فسفۆریی قه‌ده‌غه‌کراوی به‌کارهێناوه.
بێگومان به‌شێکی ئه‌م کێشه‌یه له چۆنێتی تیشکخستنهسهری مێدیایی ئه‌م کێشه‌یه‌دایه له مێدیایی کوردییدا. ئه‌گه‌ر دیدی جه‌نگی دژی تێرۆر خاڵی ده‌ستپێکردنی میدیایی ڕه‌سمی ده‌سه‌ڵاته و له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ته‌ماشای کێشهکهکراوه، بێگومان ڕووداوه‌کانیش له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه سه‌رنجی ده‌درێتێ و هه‌ر ئه‌م گوتاره‌ش به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه که حه‌ماس به‌رپرسیاری ئه‌م ماجهرایهیه. بێگومان مێدیایی ئه‌هلی له مێدیایی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی باشتر نه‌بووه و له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچکه ڕاپۆڕتی ڕۆژنامه‌وانی خۆیان پێشکه‌شکردووه . بابه‌تێک که شوێنی تێڕوانینی من نابێت له‌م وتاره‌دا.
به‌لام به جیا له‌وه‌ی داپۆشینی مێدیایی ئه‌م کێشه‌یه له ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌دا چۆن بووه تا هه‌ڵوێستێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ڵخڕێنێ، خاڵیكی دیکه‌ی گرنگ هه‌یه که ناکڕێ سه‌رنجی نه‌درێتێ. ئه‌ویش، سایکۆلۆژیهتیی له ئینسانیخراوی " dehumanisation" خه‌ڵکی کوردستانه. سایکۆلۆژییهتێک که ژێرده‌سته‌یی و زه‌بروزه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له عێراقدا له پرۆسه‌یه‌کی درێژی خوێناویدا به‌سه‌ر کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا فهرزیکردووه و کاریگه‌ری خۆیشی له ناخی ئینسانه‌کاندا به‌جێهێشتووه. با سه‌رنجێکی کورتی ئه‌م لایه‌نه بده‌ین.
شه‌وی 28:ی سیپتێمبه‌ری ساڵی 1994 و من وه‌ک کرێکارێک له‌سه‌ر که‌شتییه‌کی "Stena Line" ی نێوان سوید و ئه‌ڵمانییا کارده‌که‌م. خێرای با له‌و شه‌وه‌دا زیاتر له 28 مه‌تره له چرکه‌یه‌کدا. که‌شتی وه‌ک کاغه‌زێکی سه‌رئاو به‌ده‌م شه‌پۆله‌وه هه‌ڵده‌له‌رزێ. بێ ئاگا له‌وه‌ی که له دووری سه‌ده‌ها کیلۆمه‌تری دیکه‌وه و له هه‌مان ده‌ریادا، که‌شتییه‌کی دیکه به ناوی "Estonia"وه به خۆیی و 982 نه‌فه‌ره‌وه، نوقمده‌بێت و 852 نه‌فه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ بنی ده‌ریا راده‌کێشێت. ئه‌م کاره‌ساته ڕه‌شترین کاره‌ساته‌کانی مێژووی سویده. ناسیاوێکمان له به‌رانبه‌ر بێتاقه‌تی من و سه‌رقاڵبوونی منه‌وه به‌م کێشه‌یه‌وه ده‌ڵێ:" چیی قه‌وماوه ماڵت ئاوا بێ، کورد چه‌ندین ساڵه لێده‌کوژرێت و با ئه‌وانیش که‌مێک قوربانی بده‌ن"
هه‌مان تێڕوانین له زۆرێک له تراژیدییا گه‌وره‌کانی دیکه‌ی دنیادا، به هه‌مان کۆمێنتار وهلامیدراوهتهوه و لێره و له‌وێش له نێوان هاوڵاتیاندا ده‌بیسترێت . به کورتی، به‌وه‌ی کورد قوربانییه‌کی هه‌میشه‌یی ده‌ستی ڕژێمی به‌عس بووه و شایه‌تی ده‌یان کاره‌ساتی گه‌وره بووه، با خه‌ڵکانی دیکه‌ش که‌مێک تامی ئه‌و ماڵوێرانییه بکه‌ن که کورد دووچاری بووه. کاتێکیش خه‌ڵکانێکی دیکه ڕۆلی قوربانی ده‌بینن و ئینتیمای ئهتنییان عه‌ره‌ب، فارس یان تورک ده‌بێت، ئه‌وا ئه‌م پڕۆسه‌ی پێخۆشحاڵبوونهی کوردی قوربانی به زمانێکی ڕاشکاوانه‌تر دێته گۆ. ئیتر سایکۆلۆژیه‌تی ئینسانی ژێرده‌سته، تێكه‌ڵ به پڕۆژه‌یه‌کی خوێناوی ناسیونالیستانه ده‌کرێت و ئه‌گه‌ر ترس له ئابڕووچوون و سکانداڵی سیاسی نه‌بێت ، زه‌ماوه‌ندی ئه‌م خوێنڕشتنه ده‌گرێت، یاخود هه‌ڵوێستێکی هێنده پاسیفیستانه ده‌گڕێته‌به‌ر، که له دوا ده‌رئه‌نجامه‌کانیدا، پرۆسه‌یه‌کی له‌وه‌ی یه‌که‌مییان باشتر نییه.
به واتایه‌کی تر، هه‌ستی خۆبهتهنیابینینهوهی خه‌ڵکی کوردستان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و زه‌بروزه‌نگه له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌ی که له‌به‌رانبه‌ریدا ئه‌نجامدراوه و بێده‌نگی کۆمه‌ڵگاکانی ده‌وروبه‌ری و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له زه‌مه‌نێکی درێژدا، کائینێکی دروستکردووه به هه‌مان ئه‌ندازه بێدهربایست و بێده‌نگ له به‌رانبه‌ر ئازاره‌کانی خه‌ڵکانی دیکه‌دا. ئه‌م په‌رچه‌کرداره کاردانه‌وه‌یه‌کی سروشتییه که له ناوشیاریدا ڕووده‌دات. زیاتر له هه‌ست و نه‌ستی که‌سێک ده‌چێت که هێنده‌ی قیژه و هاوار بیستووه، ئیتر هیچ گوێ به قیژه و هاواری که‌سانی دیکه نادات. بگره ده‌کرێ به جۆرێک دڵنه‌وایی خۆیشی پێبداته‌وه و وێنه‌ی ئه‌وی قوربانی که به‌سه‌ریدا فه‌رزکراوه له‌لای خۆی بسه‌لمێنێته‌وه و که‌مێک ئازاره ڕۆحییه‌کانی خۆیشی پێکهمکاتهوه؛" ئاخر خۆ به ته‌نها من نیم هێنده ڕۆژڕه‌ش و بێچاره‌م و ژێرده‌سته‌م. ئه‌وه‌تانێ خه‌ڵکانێکی دیکه‌ی وه‌ک منیش هه‌ن"
به‌ڵام ئه‌م کاردانه‌وه سروشتییه‌ی ڕۆحییه‌تی قوربانی، ده‌کرێ بگۆڕدرێت به پرۆژه‌یه‌کی سیاسی و په‌یوه‌ست بێت به په‌یامی ئه‌و هێزه سیاسییه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌لیلکردنی ئه‌وی دی به‌رانبه‌ر، کارده‌کات. هه‌ربۆیه‌ش کاتێک به‌رگێکی ئایدیۆلۆژی به‌سه‌ر ته‌رمی قوربانییه‌کانی کاره‌ساتی که‌سانی دیکه‌دا ده‌درێت وه‌ک له ڕووداوی غه‌ززه‌دا، ئه‌و کاته کوشتنی :" عه‌ره‌ب و وه‌چه و نهوهکانیشییان" ده‌بێته هه‌ڵوێستێکی سیاسی و قه‌تڵ و عامی منداڵانی غه‌ززه، ده‌کرێته سیناریۆیی پاراستنی ئه‌منیی ئیسرائیل له به‌رانبه‌ر مووشه‌که‌کانی حه‌ماسدا. ئیتر ده‌ربڕینی له چه‌شنی:" بابه کورد هه‌زارانی لێکوژراوه و با خه‌ڵکانی دیش نیو ئه‌وه‌نده‌ی کوردی‌یان لێبکوژرێ" ده‌کرێ وه‌ک ده‌ربڕینی ساده‌ی هاوڵاتییان ، لێره و له‌وێ ببیسترێت.به‌لام به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م تاوانبارکردنه‌ی حه‌ماس له‌م ههڵوێستوهرگرتنهدا که ڕاپرسییه‌که‌ی سایتی "ئاوێنه" گێڕه‌ره‌وه‌یه‌تی، به مانای کوشتنی هاوڵاتییانی ناوچه‌یه‌کی جوگرافییه به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵادارێتی سیاسی تیایدا فڵانه یاخود فیساره گرووپه. به‌لام پرسیاری ساده ئه‌وه‌یه: ده‌کرێ هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌ڵمانیا بکوژرێن به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ئه‌ڵمانیادا نازیسته‌کان بوون. ده‌کرێ هه‌موو خه‌ڵکی هه‌ورامانی کوردستان بخرێنه ژیر مه‌نگه‌نه‌ی تازه‌ترین چه‌که‌وه به‌وه‌ی ده‌ته‌وێ جوندولئیسلام وهدهرنێیت. یه‌کێک له‌و ده‌ربڕینه باوه سه‌قه‌ته‌ی له په‌یوه‌ند به کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا دووپاتده‌کرێته‌وه بۆ ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی ڕه‌خنه‌گری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یه‌کێتی و پارتین ئه‌وه‌یه که :" ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ پاسداردا هه‌ڵه‌بجه‌یان نه‌گرتایه، به‌عس کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی نه‌ده‌کرد و ئه‌و دهرفهتهییان نه‌ده‌دایه ده‌ستی به‌عس"
گریمان چه‌ند ڕۆژێکی به‌ر له شانزه‌ی سێی ساڵی 1988و ئیسلامییه‌کانی کوردستان و یه‌کێتی و پارتی هه‌له‌بجه ده‌گرن و به‌عسیش به هه‌موو چه‌کێک شار ده‌خاته ژێر گه‌وره‌ترین ئابڵۆقه‌ی ئابووریی و بۆردوومانی زه‌مینی و ئاسمانییه‌وه. بۆ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له‌به‌رانبه‌ر سیناریۆیه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌دا کام هه‌ڵوێست له پله‌ی یه‌که‌مدایه بۆ تاوانبارکردنی لایه‌نه‌کانی ده‌رگیر له جه‌نگدا: گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتیی و ئیسلامییه‌کانه‌وه یان کیمییابارانکدنی شارێک. به بڕوای من هۆی کیمیاییبارانکردنی شارێک ناخرێته ته‌رازووی کۆششی سه‌ربازیی بۆ گرتنی شارێک و هیچ که‌سێکی خاوه‌ن موڕاڵی سیاسیی ناتوانێت بڵێ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه ئه‌و کاره‌یان نه‌کردایه، به‌عسیش وای نه‌ده‌کرد. ته‌نها له ده‌سه‌ڵاتێکی فاشیستی ده‌وه‌شێته‌وه که به شێوه‌یه‌کی ده‌سته‌جه‌معی سزای سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی بدات به‌وه‌ی چه‌ند هێزێکی سیاسی به پێێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تایبه‌ت شارێک ده‌گرن و ده‌وڵه‌تیش غازی کیمییاوییان به‌سه‌ردا ده‌ڕێژێت. ئه‌وه‌ی له غه‌ززه‌دا گوزه‌را هه‌مان شته به شێوازێکی که‌مێک جیاوازتر. ملیۆن و نێوێک ئینسان خراونه‌ته قه‌فه‌سێکی داخراوه‌وه و نان و ده‌رمان ده‌بێ به توونێلی ژیرزهمیندا ببه‌نه ناو بازاره‌وه تا به‌سه‌دان قات له بازرگانه‌کانی بازاڕی بکڕنه‌وه. به‌وه‌ی حه‌ماس ده‌سه‌لاتدارێتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه، هیچ ده‌وڵه‌تێک به ناوی لێدان له‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆی نییه تازه‌ترین چه‌که‌کانی سه‌رده‌م به‌سه‌ر ماڵ و منداڵی ناوچه‌یه‌کی ملیۆن و نیویدا ببارێنێت که ده‌رفه‌تی هه‌ڵهاتنیشییان لێسه‌ندرابێته‌وه. تۆ کاتێک وه‌ک هاوڵاتییه‌کی کورد پێتوانییه ده‌سه‌ڵاتی به‌عس حه‌قی خۆی بوو شارێک کیمییاباران بکات به‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک چه‌کداری سه‌ر به گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆن شارهکایان خستۆته ژێر کۆنترۆڵی خۆیانه‌وه، به هه‌مان شێوه‌ش نا‌توانیت پێتوابێ ئیسرائیل حه‌قی خۆیه‌تی ملیۆن و نیوێک ئینسان بخاته ژێر چه‌کی فسفۆڕیی و سه‌رتاپای پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ک له بناغه‌وه هه‌ڵته‌کێنێت. لێره‌دا به‌رگ و ڕه‌نگی ئایدیۆلۆژی حهماسبوون و یه‌کێتیبوون و پارتیبوون مانایه‌کییان نییه. به‌ڵکو ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، به ڕه‌هینه‌گرتنی ژیانی ملیۆن و نیوێک ئینسانه له شوێنێکدا به‌وه‌ی حه‌ماس ده‌سه‌ڵاتدارێتی ناوچه‌که‌یه.
شه‌ڕی ئه‌م دواییانه‌ی غه‌ززه که حه‌ماس ئه‌کته‌رێکی جه‌نگه‌که‌یه وئابڵۆقه‌ی ئابووری و بۆردوومانی دڕندانه‌ی ئیسرائیل بۆ ئه‌م شوێنه خه‌سڵه‌تی جینۆسایدێکی ڕه‌سمی به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ و ئامانجه‌کانی شه‌ڕ بۆ ئیسرائیل ته‌نها بنکه سه‌ربازییه‌کانی حه‌ماس نییه و سه‌رتاپای هاوڵاتییانی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌بێته نیشانه‌ی مووشه‌ک و فڕۆکه‌کانی ئیسرائیل، ئه‌م ڕه‌هه‌نده نه‌بینراوه‌ی کێشه‌که‌یه که خه‌سڵه‌ته بنه‌ڕه‌تییه‌کانی جه‌نگ ده‌گۆڕێت و ئیدیعای لێدان له ئیسلامی سیاسی و ته‌نانه‌ت لاوازکردنیشی ده‌کاته نوکته‌یه‌کی بێتام. ئه‌وه‌ی له غه‌ززه‌دا ڕووی دا، 180 ده‌ره‌جه‌ی فه‌رقه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵادا قه‌وما. چه‌نده گرتنی هه‌له‌بجه له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ناسیۆنالیزمی کورده‌وه ناکرێ ببێته پاساوی کیمیاویبارانکردنی شارێک ، به هه‌مان شێوه‌ش موشه‌کانی حه‌ماس ناکرێت بخرێته پاساوی فسفۆڕباراندن و ئابڵۆقه‌ی چه‌ند ساڵه‌ی ئیسرائیله‌وه. دوورنما ئینسانییه‌کانی ئه‌م شه‌ڕه له به‌رگه ئایدیۆلۆژییه‌که‌ی گه‌وره‌تره و هه‌ر ئه‌مه‌شه وا ده‌کات جه‌نگی دژی تێرۆر و کوتانی پایه‌کانی ئیسلامی سیاسیی نه‌توانێت وێنه‌یه‌کی گشتیگیرترمان بداته ده‌ست بۆ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له به‌رانبه‌ر غه‌ززه‌دا.
خه‌ڵکی جوو یه‌کێک له قوربانییه گه‌وره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی نازیزم بوون. کووره‌کانی ئینسانسووتاندنی ئاوشویتس برینێکی قوڵی له ناخی ئینسانی جوودا هه‌ڵکه‌ند. به‌ڵام ئه‌م ڕۆحییه‌تی قوربانییه هه‌میشه‌ییه‌ی جوو له ده‌ستی ناسیونالیزمی جوودا کرایه پرۆژه‌یه‌کی فاشیستی که له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی نازیزستهکانی ئه‌لمانیادا له زۆر بڕگه‌دا یه‌کده‌گرنه‌وه . "ئه‌گه‌ر چاوتان غافڵ بێت، دوژمنه‌کانتان ده‌تان خۆات"، په‌یامی ناسیونالیزمی جوو بووه که له پشتییه‌وه سیماکانی جووی قوربانی ڕاوه‌ستاوه.
به‌شێک له خه‌ڵکی کوردستان که له ناو ماڵوێرانییه‌کانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌وه دێنه‌ده‌ر و سایکۆلۆژیهتێکی تێکشکاوی قوربانی له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵده‌گرن و ده‌بنه قوربانییه‌کی به دیدێکی ناسیونالیستانه گۆشکراو و له پاڵ دیدی:" کووره خۆ کورد هه‌زارانی لێکوژراوه و با دووژمنانی کوردیش هێنده‌یان لێ بکوژرێ"، له ڕووداوی جه‌رگبڕی غه‌ززه‌دا، له پاڵی فاشیسته‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله‌وه ڕاده‌وه‌ستن. به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چێت هه‌موو ڕاپرسییه‌کیش وێنه‌یه‌کی گشتیگیرمان ناداته ده‌ست و هه‌میشه سنوورێکی لێڵ ده‌مێنێته‌وه که نه‌توانرێت وه‌ک وێنه‌یه‌کی دروست چاوی لێبکه‌ین. من هیج گوومانێکم نییه که ڕێژه‌ی ناوبراوی ڕاپرسییه‌که نوێنه‌رایه‌تی به‌شێکی زۆری هاوڵاتییانی کوردزمانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن که ده‌ستییان به ئینته‌رنێت باشتردهگات و له‌پاڵ هه‌موو ده‌ستکه‌وته گرنگه‌کانی خۆرئاوادا، وه‌ک جووجهفاشیستێکی تازه بڕیاره پڕۆژه‌ی ماڵوێرانییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به ئاڕاسته‌ی مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیل‌دا به‌رن. به‌لام به ڕاستی چ تراژیدیایه‌کی سه‌یره کاتێک غه‌ززه‌ب و تووڕه‌یی قوربانی له دوایی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه و ئاوشویتسه‌وه ده‌ست به ملی یهکدادهکهن بۆ خوڵقاندنی هه‌مان چاره‌نووس له‌به‌رانبه‌ر قوربانییه‌کانی غه‌ززه‌دا. قوربانییانێک که ئه‌گه‌ر به ڕووتی له ته‌رمه‌کانییان بڕوانرێت له غه‌ززه و ئاوشویتس و هه‌ڵه‌بجه‌دا، برینه‌کانییان له‌یه‌کده‌چێت، ته‌نانه‌ت دووژمنهکانیشییان.