کورد و ڤاله‌نتاین: یادکردنه‌وه‌ی عه‌شق له وڵاتی عا‌شقکوژاندا
کورد و ڤاله‌نتاین: یادکردنه‌وه‌ی عه‌شق له وڵاتی عا‌شقکوژاندا
نه‌زه‌ند به‌گیخانی- زانکۆی بریستل
چه‌ند ساڵیکه له کوردستاندا رۆژی خۆشه‌ویستی ناسراو به ڤاله‌نتاین که بۆنه‌یه‌كی به ره‌سه‌ن مه‌سیحی-رۆمانیه شایانی لێده‌نرێ و یادی ده‌کرێته‌وه. که‌ناله‌کانی راگه‌یاندن و رێکخراوه‌کانی لاوان و رۆشنبیریی حکومی و ناحکومی له‌م رۆژه‌دا به ناوی ستایش بۆ عه‌شق و عاشقانی وڵات چالاکیی جیاجیا ده‌نوێنن. به‌ڵێ.. ستایش بۆ عه‌شق!! لێره‌دا حاله‌تێکی لابه‌لا و موته‌ناقیز له‌م یادکردنه‌وه‌یه و ره‌فتاری گشتیی کۆمه‌ڵگه‌دا به‌دی ده‌کرێ: له وڵاتێک‌دا که خۆشه‌ویستی وه‌کو تاوان ده‌بینرێ و عاشقان تیایدا به‌ردباران و ئه‌تک ده‌کرێن، چۆن ستایش له خۆشه‌ویستی بنێین و عاشقان ده‌توانن چ په‌یامێک بگه‌یه‌نن؟
ڤاله‌نتاین ناوی قه‌شه‌یه‌کی رۆمانیه که به سانت ڤاله‌نتاین (واته حه‌زره‌تی ڤاله‌نتاین) ناسراوه. ئه‌و قه‌شه‌یه له سه‌ده‌ی سێیه‌می زایینی‌دا ته‌حه‌دای ئیمپراتۆری رۆم، کلۆدیۆسی دوو، ده‌کات و له ئه‌نجامدا ده‌که‌وێته زیندان و ده‌کوژرێ. ته‌حه‌دای سانت ڤاله‌نتاین په‌یوه‌ست بووه به بڕیارێکی ئیمپراتۆر که بۆ زیادکردنی ژماره‌ی جه‌نگاوه‌ر له سوپاکه‌ی و ناردنیان بۆ جه‌نگه نه‌بڕاوه و زۆره‌کانی، بڕیاری راگرتنی زه‌ماوه‌ند ده‌دات له نێوان کچ و کوڕه لاوه‌کانی رۆمادا، چونکه به رای ئه‌و خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندیی کوڕه لاوه‌کان به کچانه‌وه له ئه‌رکی سوپاییان داده‌بڕێنێ. سانت ڤاله‌نتاین به‌دزیه‌وه ته‌حه‌دای ئه‌و بڕیاره ده‌کات و زه‌ماوه‌ندی نێوان کچ و کوڕان له که‌نیسه پیرۆز ده‌کات. دواتر ئاشکرا ده‌بێت و زیندانی ده‌کرێ و پاشان فه‌رمانی کوشتنی بۆ ده‌رده‌کرێ. له ماوه‌ی زیندانیکردنیدا، کچی پاسه‌وانی زیندانه‌که‌ی عاشقی ده‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌کی رۆحی و قووڵ له نێوانیان دروست ده‌بێت. له رۆژی کوشتنیدا که رێکه‌وتی 14 ی فێبرایه‌ر بووه، سانت ڤاله‌نتاین په‌یامێک بۆ کچه‌که ده‌نێرێت و ده‌نووسێت: "له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستیی ڤاله‌نتایندا". دوای مردنی، سانت ڤاله‌نتاین به شه‌هید ده‌درێته قه‌ڵه‌م و ده‌بێت به سیمبۆلی خۆشه‌ویستی. له‌و کاته‌وه ئه‌و رۆژه وه‌کو رۆژی عه‌شق یادی ده‌کرێته‌وه و له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌میشه‌وه له رۆژئاوا یادکردنه‌وه‌که شێوازێک وه‌رده‌گرێ که له یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌وه نزیکه و بازرگانه‌کانیش له‌و ماوه‌یه‌دا بۆ چالاککردنی بازاڕیان به‌کاری ده‌هێنن.
خۆشه‌ویستی وه‌کو هه‌ستێکی قووڵ و پڕ مه‌غزا ده‌شێ ئاره‌زوویه‌كی به‌تین و پڕسۆز بێت بۆ که‌سێ، سۆزێکی رۆمانسی یا په‌یوه‌ندییه‌كی پڕ میهره‌بانی و تایبه‌ت بێت له ده‌ره‌وه‌ی حه‌زی جه‌سته (وه‌کو په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌ندامانی خێزان یا عه‌شقی ئه‌فلاتونی)، یا ئه‌ڤین بێت بۆ جوانی، بۆ وڵات و نه‌ته‌وه، بۆ بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ و فه‌لسه‌فه و گه‌ڕان به‌دوای مانادا، تا ده‌گاته تێکه‌ڵبوون و یه‌کبوونی ته‌واو له‌گه‌ڵ زاتێکی باڵا و توانه‌وه و فراژووبوونی خود به مانا سوفیه‌که‌ی. له هه‌موو ئه‌و جۆره خۆشه‌ویستیانه‌دا و سه‌ره‌ڕای ئازار و خه‌مه گه‌وره‌کان که عه‌شقبوون ده‌یسه‌پێنێ، مرۆڤ فراژوو ده‌بێت، ده‌گاته ئاستێکی دیکه‌ی فیزیکی و بیرکردنه‌وه و تێگه‌ییشتن که له ره‌فتار و ژیانی رۆژانه‌یدا ره‌نگ ده‌داته‌وه.
له وڵاتی ئێمه‌دا عه‌شق که به‌شێکی گه‌وره له کولتوری کوردی پێکده‌هێنێ (بۆ نمونه: له مۆسیقا و ئه‌ده‌بیات) که‌متر سیما ئینسانی و رۆحیه‌که‌ی ده‌بینرێ و زیاتر له واتای کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رجه‌سته‌بووه. لێره‌دا عه‌شق سه‌رپێچیکردنه له ئه‌خلاقی گشتی و وه‌کو پێشێلکاریی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و مه‌ترسی بۆ یه‌کگرتوویی خێل و عه‌شیره‌ت و تابیه‌تمه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی-کوردی ده‌بینرێ. بۆیه کچ و کوڕانی کوردستان له‌ناو ستروکتورێکی پته‌وی کۆنترۆل و چه‌وسانه‌وه و سزاداندا جێگیر ده‌کرێن. تاک له‌و سیسته‌مه‌دا ئازادی نیه و سه‌رپشک نیه له ره‌فتار و بڕیار و دیاریکردنی ژیان و دوارۆژی خۆیدا. عه‌شق له په‌یوه‌ندیی هێز و زاڵبوونی توخمێک به‌سه‌ر ئه‌ویتر و به‌موڵکدارکردنی ره‌گه‌زی مێدا بچووک کراوه‌ته‌وه. له‌م به موڵکدارکردن و کۆنترۆل و په‌یوه‌ندییانه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتدا، چه‌مکی شه‌ڕه‌ف دێته پێشه‌وه: هه‌موو سه‌رپێچیکردن و پێشێلکارییه‌کی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تی و کوردییه‌كان، هه‌موو ده‌رچوونێک له‌و سنوره زۆرانه‌ی که به‌سه‌ر کچ و کوڕانی کورددا سه‌پێنراون، شه‌ڕه‌فی خێزان و خێل و کۆمیونیتی و نه‌ته‌وه له‌که‌دار ده‌کات و عاشقان (به تایبه‌تی کچان) به‌ره‌و رووی مه‌ترسی توندوتیژی و ئه‌تککردن و به‌ردبارانکردن و کوشتن ده‌کاته‌وه. کوشتن به‌ناوی پارێزگاریکردن له شه‌ڕه‌ف و خه‌ته‌نه‌کردن و داگیرکردنی ئازادی و تاوانه‌کانی دیکه‌ی نامووسپه‌رستی لێره‌وه چاوگه ده‌گرن و پابه‌ندن به‌و ستروکتور و عه‌قلیه‌ت و خه‌یاڵه گشتیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه.
له رۆژئاوا، پاش عه‌سرانی رۆژی ڤاله‌نتاین، عاشقان له پارک و مه‌یدان و کوچه و سووچه‌کانی شاردا به چه‌پکه گوڵ و کارتی پیرۆزباییه‌وه چاوه‌ڕوانی یه‌کتری ده‌که‌ن. هه‌رکه ده‌گه‌نه لای یه‌ك، یه‌کتری له باوه‌ش ده‌گرن و به ماچ و ده‌ست له‌ملانێ پیرۆزبایی ئه‌و رۆژه سیمبۆلیه له یه‌کتری ده‌که‌ن، په‌یامی خۆشه‌ویستی بۆ یه‌کتر دووباره ده‌که‌نه‌وه و پاشان به‌ده‌م ژه‌مێکی خۆش و رۆمانسیانه‌وه، پێکه‌وه ئێواره‌یه‌کی جوان به‌سه‌رده‌به‌ن. ئه‌م هه‌وایه‌ی عه‌شق و ئازادی مرۆڤه‌کان جوانتر ده‌کات، جوانتر ده‌یانهێنێته‌وه لای خودی خۆیان و لای یه‌کتری. ئومێد ده‌به‌خشێ، بیرکردنه‌وه و تێگه‌ییشتن فراون ده‌کات، رۆژه‌کان مانادار ده‌کات و له ئه‌نجامدا کۆمه‌ڵگه‌ش باشتر گه‌شه ده‌کات.
له وڵاتی ئێمه‌دا، ئه‌و رۆژه جگه له خۆنواندن و لاساییکردنه‌وه و رازاندنه‌وه‌ی رووبه‌ری رۆژنامه‌کان و هه‌ندێ که‌نالی دیکه‌ی میدیا و بڵندگۆی رێکخراو‌ه حکومی و ناحکومیه‌کان، هیچی له رۆژه‌کانی دیکه جیا نیه. وه‌کو هه‌ر رۆژێکی دیکه، ئه‌گه‌ر کوڕ و کچێک له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه گشتیه‌کان یا له سه‌ر کورسیی پارکی زانکۆکان یه‌کتری ماچ بکه‌ن و یه‌کتر له‌باوه‌ش بگرن، یا ته‌نانه‌ت ده‌ستی یه‌کیش بگرن، ئه‌وه هه‌ڵلایان بۆ لێده‌درێ و شاربه‌ده‌ر ده‌کرێن. ئه‌و ماچ و ده‌ست له‌ملانێیه‌ش ده‌بێته تانه‌یه‌کی ره‌ش و مایه‌ی بێشه‌ڕه‌فی بۆ هه‌تا هه‌تایه. بۆیه له وڵاته‌که‌ی ئێمه، عاشقان له ژێر عه‌ده‌سه‌ی وردبینی ئاسایش و مامۆستا و خه‌ڵکی پۆلیس ئاساوه چاودێری ده‌کرێن و له زانکۆ و قوتابخانه‌کان ستیگماتیزه ده‌کرێن، فه‌سڵ ده‌کرێن، به‌ردباران ده‌کرێن. له وڵاته‌که‌ی ئێمه‌دا، لێدان و توندوتیژی و کوشتن شایانیان زیاتره له ده‌ربڕینی ئاره‌زوو و جوانی و خۆشه‌ویستی. خۆ ئه‌گه‌ر که‌سێ له‌و رۆژه و له هه‌ر رۆژێکی دیکه‌دا، له‌سه‌ر شه‌قام یا له هه‌ر شوێنێکی گشتیدا شه‌قازیله‌یه‌ك له کچێک بدات، ئه‌وه قبوڵ ده‌کرێ و شایانی لێده‌نرێ و له‌وانه‌یه چه‌پڵه‌شی بۆ لێبدرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کچ و کورێک یه‌کتری ماچ بکه‌ن، ئه‌وه به جوێن و هه‌ڕ‌ه‌شه و تیزاب و به‌رد وه‌ڵامیان ده‌درێته‌وه. هیچ حه‌زره‌تێکی ڤاله‌نتاین یش ، یا خوانه‌خواسته مه‌لا و زانایه‌کی ئایینیش به ده‌نگیانه‌وه نایه‌ت و بۆ به‌رگریکردن له خۆشه‌ویستی، ئه‌خلاقی گشتیی کۆمه‌ڵگه و ره‌فتاری ئیمپراتۆرخوازیی ده‌سه‌ڵاتداران ناخاته ژێر پرسیار و ته‌حه‌داکردنه‌وه. رۆژی ڤاله‌نتاین یش وه‌کو زۆربه‌ی بۆنه و رۆژه جیهانیه‌کانی دیکه ده‌بێته سه‌کۆیه‌ك بۆ نمایش و خۆنواندن و گه‌شه‌پێدانی کولتوری روواڵه‌تکاری که ئیمڕۆ له کوردستان له‌بره‌ودایه.
ئێمه‌ی کورد ژیان به پڕی ناژین، به‌ڵکو دڵشکاو و نامۆ و توو‌ڕه و نا‌ئومێد و پڕ له شه‌ڕه‌فێکی موزه‌یه‌ف به ته‌نیشت ژیاندا تێده‌په‌ڕین، بۆیه هه‌میشه له که‌وتن نزیکین. خۆشه‌ویستیش که جوانترین په‌یوه‌ندیی نێوان دوو مرۆڤه و ده‌توانێ پاکانه بۆ وجود بکات ده‌یکوژین.
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، ژماره 499، 15/ 2/ 2009 دا بڵاوبۆته‌وه.
***