Skip to Content

Monday, November 4th, 2024
تۆ له‌ كوێی؟

تۆ له‌ كوێی؟

Closed
by February 19, 2009 چیرۆک

تۆ له‌ كوێی؟
باران

     ٢٠٠٩-٢-١٧
      www.baran.nu

هات بۆ تۆ بنووسێ.. وازی له‌ هه‌موو ئه‌و چیرۆكانه‌ هێنا كه‌ ده‌ستیپێنه‌كردن و ته‌واو بوون! حیكایه‌تی (ئاو)ی به‌ چاوی سپارد و نهێنی پشت دێڕه‌كانی كرده‌ قوربانیی پارچه‌یه‌ك مۆسیقای خه‌مگین. به‌دیار گڕی مۆمێكه‌‌وه‌ ڕاهێنانێكی هێوركردنه‌وه‌ی ده‌روونیی ئه‌نجامدا و هێشتا هه‌ر ته‌ژیی بوو له‌ هه‌ردین(١)!
ئه‌و ئه‌زانێ! نیوه‌شه‌وی سبه‌ینێ له‌خه‌وێکی ناخۆش دا‌ئه‌چڵه‌كێ و خه‌به‌ری ئه‌بێته‌وه‌، دوو په‌نجه‌ی له‌ هه‌ردوو لاچاوی توند ئه‌كا و به‌ تاریکی ژووره‌که‌دا ئه‌ڕوانێ، دڵی به‌په‌له‌ لێئه‌دا و زوو زوو له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه‌ ئه‌ڵێ خوایه‌ باش بێ، ئارام نووستبێ، کێشه‌ی نه‌بێ و ناهه‌مواری نه‌یه‌ته‌ ڕێ، خوایه‌ باش بێ!
ئای خودایه، قه‌ده‌ری ئه‌م كچه‌ ماندووه‌ چه‌ند له‌ قه‌ده‌ری ئه‌و کیژه‌ بچكۆلانه‌یه‌ی چه‌ند سه‌ده‌ پێش ئێستا ئه‌چێ! كاتێ شه‌وانه‌ له‌رز و تا ئه‌یگرت و له‌گه‌ڵ هه‌ستی ڕوودانی كاره‌ساتدا، چین چین ئاره‌قه‌ی ده‌رئه‌دا.. یه‌زدانم ئه‌مه‌كێ، به‌گۆ بێ! ئاخۆ چاره‌نووسی كامیانه‌ له‌گه‌ڵ ژان موتووربه‌ بووه‌ ! دڵنیاش نیم ئه‌م هه‌ر ئه‌وه‌؟ یاخود ئه‌شێ ئه‌و ئه‌م بووبێ؟! نا هه‌تا خۆیشی نازانێ! ئاخر ئه‌و زۆر جار ئه‌پرسێ ئاخۆ جاران گه‌وره‌یه‌کی مناڵ بووه‌؟ یان ئێستا مناڵێکی گه‌وره‌یه‌؟ ئاخۆ ژیان له‌مێژه‌ له‌گه‌ڕ که‌وتووه‌ یان ئه‌م ده‌مێکه‌ ئه‌و درمه‌ی هه‌یه‌؟
ئه‌یه‌وێ بۆ تۆ بنووسێ و خه‌یاڵی ئه‌یباته‌وه‌ ئه‌وێ.. دێته‌ گوێی كاتێك‌ (مام ڕه‌سوڵ)(٢) له‌سه‌ر سه‌ربانه‌ گڵه‌كه له‌سه‌رمانا‌ هه‌ڵكورماوه‌ و له‌ پیاده‌كانی ئه‌و كۆڵانه‌ ته‌نگه‌ ئه‌پرسێ: شقارته‌ت پێییه‌، جگه‌ره‌یه‌كم به‌یتێ؟!
له‌ویادا به‌ خێراییه‌كی سه‌یر چریكه‌ی (گریانمدێ هه‌ر به‌ هه‌وه‌س)ی (ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ)(٣)ی لێ تێكه‌ڵ به‌ هه‌ناسه‌ی (پیر)ی سه‌ر سه‌ربانه‌كه‌ ئه‌بێ. له‌ به‌راوردكردنێكی په‌له‌دا هه‌ست به لێكچوونێكی زۆری چاره‌نووسی دوو زات ئه‌كا و له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه‌ ئه‌ڵێ پێئه‌چێ قسه‌ی ئه‌و پیاوه‌ ڕاست بووبێ كاتێك وتوێتی: شتێك نییه‌ به‌ ناوی ئێستا و داهاتوو، ئه‌وه‌ هه‌ر ڕابردووه‌ دووپات ئه‌بێته‌وه‌ و كه‌مێك كاڵتر، كه‌مێك تێرتر خۆی ئه‌نوێنێ!!
په‌رش و بڵاو هه‌ست به‌ خۆی ئه‌كات و ئه‌خوازێ له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ تۆ، خۆی كۆبكاته‌وه‌. شتێك هانی ئه‌دا وه‌ك دانپیانانێك پێت بڵێ: به‌ ناسكیی په‌پووله‌یه‌كه‌وه‌ دێمه‌ لات، به‌ئاگابه‌ له‌ خولیای به‌رزه‌فڕی باڵه‌كانم، من پڕم له‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگیی خه‌ون و تۆ بوویته‌ته‌ لووتكه‌ی ویست و هیواكانم!
دوودڵییه‌ك له‌ ئاماده‌گی تۆیه‌ یان له‌ وجوودت، له‌مه‌ په‌شیمانی ئه‌كاته‌وه‌ و یه‌ت بنووسێ: پێناچێ ئێمه یه‌كتری بناسین، ڕه‌نگه‌ هه‌ر قه‌تیش به‌ دیده‌نت ڕانه‌گه‌م !كه‌چی من وائه‌زانم تۆ منت له‌وێ ون كرد، له‌ ڕێگای دوورگه‌یه‌كی دوور، به‌ سه‌فه‌رێكی كوورت!
گه‌ر وابێت، تۆ ئێستا، ئه‌شێ بۆم بگه‌ڕێیت؟ ئه‌گه‌ر ناش! له‌سه‌ر من پێویسته‌ به‌ئاگا بێمه‌وه‌..

به‌ئاگا دێمه‌وه! لێ بێقه‌رارانه‌ ده‌بزڕكێنم: كه‌ناره‌كانی كامه‌رانی چه‌نێك لێیان نزیك بیته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ لێت دوور ئه‌كه‌ونه‌وه‌.. هه‌ر ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی لێت هه‌ڵبێن، تا تۆ هه‌نگاوێك لێی ئه‌چیته‌ پێش ئه‌و هه‌نگاوێك ئه‌ولاتر ئه‌كه‌وێ..! سه‌رده‌مێك پێموابوو به‌خته‌وه‌ری له‌ ناخی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵئه‌قوڵێ و چوارده‌ور به‌ جوانی ئه‌ته‌نێ.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕووئه‌دا جیاوازه‌، ئه‌وه‌تا هه‌ر دژه‌ته‌نی ده‌وروبه‌ره‌ و هه‌ره‌س به‌ كڕۆكت دێنێ.. ئه‌وه‌تا گلێنه‌ی دییه‌ته‌ و بیناییت له‌ چاو ده‌ردێنێ.. ئه‌وه‌تا زۆرت له‌سه‌ره‌ به‌ كام ئازار قورسه‌ ڕابێی.. ده‌نا چی ئه‌كه‌ی؟ ها؟ چی ئه‌كه‌ی؟
تكایه‌ گه‌ر هاتیت قسه‌ی قه‌ڵه‌وم بۆ مه‌كه‌، هه‌مووییم له‌به‌ره‌.. ئه‌زانم، منیش ئه‌توانم به‌ قسه‌ بتگه‌یه‌نمه‌ ئه‌وپه‌ڕی.. به‌ڵام باوه‌ڕ بكه‌ دواجار ئه‌و قسانه‌ هه‌ر بۆ كتێب جوانه‌ و بۆ دیمه‌نی فیلمێكی سینه‌مایی! لێ ئێمه‌ لێره‌دا نه‌ ئه‌كته‌ری هۆلیودین و نه‌ ‌كتێبنووس، ئێمه‌ ڕاشكاوانه ئه‌ژین!
ئا، ئه‌زانی له‌ كتێبدا چه‌ند جوانه ‌گه‌ر بۆ نموونه بنووسی: خۆشه‌ویستی په‌رجوو(٤) ئه‌خوڵقێنێ!  ئه‌م دێڕه‌ چه‌نێك به‌چه‌شنی خوێ ئه‌ڕژێته‌ چاوم، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌مخاته‌ سه‌ر گازه‌رای پشت و قاقا به‌ پێكه‌نینم ده‌هێنێ.. ئازیزم ئه‌م ڕۆژانه‌، به‌خته‌وه‌ری، هه‌ر له‌ سێبه‌ری خۆت ئه‌چێ، چه‌نێك پێتوایه‌ نزیكه، چه‌نێك ئه‌ڕۆیت و نایگه‌یتێ..  به‌ڵام ………………… تۆ له‌ كوێی؟

 
هه‌ردین(١)؛ به‌ مانای (په‌ستبوون) دێت.
مام ڕه‌سوڵ(٢)؛ پیاوێكی پیری ته‌نیا بوو له‌سه‌ر سه‌ربانی (گه‌رماوی موفتی) ده‌ژیا و هه‌ر له‌وێش گیانی سپارد.
ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ(٣)؛ هونه‌رمه‌ندی به‌ڕێز و گۆرانیبێژ، كه‌ زۆربه‌ی ژیانی له‌ توونی گه‌رماوێك به‌سه‌ربرد.
په‌رجوو(٤)؛ واتای (موعجیزه)‌ ئه‌دات.
 

     

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.