پاژێک له‌ڕۆمانی که‌سێک لازۆی دیبێ؟!… حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
[هیچ له‌وه سووکایهتیتر نییه، کاتێک برا، خوشکی خۆی ده‌بینێ به‌حه‌رام سکی به‌رزکراوه‌ته‌وه!]
*
کفت و که‌شه‌نگی هه‌وراز و نشێوی ڕێ و ته‌ڕی وهشهنگ و گۆپاڵبارانی ژێر تهشبریقی شه‌و. به‌چی مه‌علووم ئه‌و کڵاشینکۆفه قوڕاوییه نرتونوێیهی له تاریکیی شه‌ودا و له‌و چه‌قی ڕێیه‌دا پێی (هه‌ردی) ی پێشه‌نگی مهفرهزهکهتانی لێههڵنووتا، هی پێشمه‌رگه‌یه‌کی کۆنی به‌ئه‌زموونی وه‌ک ئێوه ماندووی ڕووه و سنوور سهرههڵگهرتوو نه‌بێ!.. چ پێشهاتێکی نهترهبهره؟.. چ زاتچوونێکه؟. جه‌نگاوه‌رێک چه‌که‌که‌ی لێببێته ته‌وق له‌و چه‌قی چڵپاوه‌دا جێیبێڵێ، هه‌ر بۆئه‌وه‌ی بارسووکتر، ترسی که‌متر بێ و سهردهرکا.. ئه‌و کڵاشینکۆفه قوڕاوییه چ ترسێکی ئه‌ستووری بهکۆڵتاندا دا؟! چه‌ند قووڵ ترسه‌که بهناختاندا ڕۆچوو؟!.. دڵبرینی ڕه‌نجی بێوهرن، ئێوه‌ی مازووچنه کون لهپاشۆڵهکان..
بهکوێرهڕێدا باده‌ده‌نه‌وه، چون گیانداری کڕێوهپێچ، لاده‌ده‌نه باسکێکی ڕوانگه‌ی به‌زنار و ده‌وه‌ن و په‌نا و په‌سێر و ده‌یکه‌نه ئه‌نوا. خۆریش وا بهقهیچییه سپی و سۆڵه بهبریسکهکهی، په‌رده‌ی ڕه‌شی شه‌و ده‌بڕێ. له‌گه‌ڵ خاوبوونه‌وه‌ی له‌شی ماندووتاندا، کزه‌ی سه‌رما لهگیانتان ده‌گه‌ڕێ و موچوڕکتان پێدادێ و به‌یه‌کدا هه‌ڵده‌ڕوانن. بێتووک و لاواز و ڕیشهاتوو. جامانه‌وه چۆغهکانتان به‌سه‌ر به‌رده‌کاندا هه‌ڵده‌خه‌ن. برسین و گۆشتی سابرێنی غهزریوی نێو که‌لاوه‌که‌ی مزگه‌وتی کاردۆخ ڕوو لهکزییه.. له‌دوور، هاڕه‌ی تانک و شۆڤڵ دێ. تۆش لازۆ، کۆمه‌کۆم، ههڵدهکهیته بان و تاچاو ههتهرکا جووڵه‌یه‌ک نابینی. هاڕه‌هاڕی شۆڤڵ و تانکی دووره ده‌سته. سه‌رکردن و په‌رتبوونی دووکه‌ڵی کادێن و داروپه‌ردوو دیاره. ته‌شقی هه‌تاوی لوتکه و باسک گهستوو، که‌مێک ته‌مه‌که‌ی پهرتکردووه و ته‌نکتر دێته پێشچاو. ئاسمان لێڵ و هه‌وا بۆخنک. ده‌شێ ئه‌م ته‌متومانه بێکۆتاییه له‌چاوی دوژمنتان وه‌شارێ. له‌وانه‌یشه ته‌ونی جاڵجاڵۆکه بێت و بتانخاته دا‌و…
له‌ژێر پێتا کورتهگیای ته‌ڕی پاش بارانی به‌دووکه‌ڵ ڕه‌نگپه‌ڕیو، ئاسمانی ڕه‌نگپه‌ڕیو، پێمیمی ڕه‌نگپه‌ڕیو، ڕۆژی ئاخره‌تی هێناوه‌ته ئه‌م ده‌ڤه‌ره.. پێجگه له‌م ده‌سته‌یه‌ی، که تۆ سه‌ره‌وکاریی ده‌که‌ی، پێناچێ که‌سێک له‌م ئاکاره مابێ. ئه‌وا بۆ مرۆڤه‌کان زانیمان. ئه‌دی هه‌وێرده، بانگخۆشکه، بووکهدۆمانه و مریشکه‌ڕه‌شه جێبه‌خۆ نهگرتووهکان کوێوهچوون؟.. بۆ زریوه و جریوه‌یان نایه؟ قاقڕ و کرکایکرک. هاکا ئێوه‌شیان بۆپای ده‌شتی مه‌حشه‌ر په‌لکێشکرد. تۆ داده‌به‌زی و به‌هزاد سه‌رده‌که‌وێ..
یاد ده‌ڵێ: حه‌زم لێ‌بوو یاسا بخوێنم. شه‌و و ڕۆژ، ئه‌و شه‌ش حه‌وت سه‌عاته‌ی لێده‌رچێ که ده‌نووستم، من بێت و کتێبم دانه‌ده‌نا. نمره‌ی یاسام به‌زیاده‌وه ده‌هێنا. ڕۆژی به‌راوردی زمانی ئینگلیزی، له‌سه‌ر مێزی تاقیکردنه‌وه، هه‌موو هۆشم خستبووه‌کار تاکو به‌سه‌ر دڵاودڵێ پێش پرسیار دابه‌شکردندا زاڵ ببم. کاتێ جێگری به‌رێوه‌به‌ری هۆڵ هاته پاڵمهوه و چپاندییه گوێما: (مه‌فره‌زه‌یه‌ک له‌ژووری به‌ڕێوه‌به‌رن، هه‌واڵت ده‌پرسن! خۆت به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ی یان…) نه‌مهێشت ته‌واوی بکات، وتم: (نانا.. به‌ڵام چۆن و له‌کوێوه ده‌رچم؟!) وتی: (ئارامبه. من پشتپێم هه‌ڵکرد ئاسایی ڕووه‌و ئاوده‌سته‌کان بچۆ. په‌نجه‌ره‌کانیان لهسهرگۆڕهپانهکهی پشته‌وه‌یه. له‌وێوه..) به‌سه‌ر ئاماژه‌ی کرد‌و که‌وته دابه‌شکردنی ده‌فته‌ره‌کان.. حه‌زم لێیه له‌وێ یاسا بخوێنم. بڵێی بتوانم؟ گرینگ په‌ڕینه‌وه‌یه.. یاد سه‌ری داژهند و قسه‌ی پێنه‌ما.
ئێوه‌ی نازلێشێواوی هه‌ڵه‌ته‌ی چه‌م و چخوردی بێئاوهدانیی، نازکێشهکان غهیبکران. ئیدی کێ سه‌ماوه‌ر تێخا؟ کێ په‌ناگه‌ی ڕۆژی تۆف و هاڤیبوونتان بێ؟ له‌کام کونجدا ئاره‌قه‌ی ڕێگه‌تان کزربکهنهوه؟ جلکی ته‌ڕتان وشکبکه‌نه‌وه؟ ئێستاش ئه‌وه‌تا هه‌ردی له‌وه‌دایه کژژهی باو هاژه‌ی سه‌رما که‌سیه‌ری بکات و بقهفڵێ. زینده‌خه‌ون بهگیزهی سه‌ماوه‌ر و فیته‌ی سیگاره‌وه ده‌بینێ. ئازادیش عه‌زره‌تی سیگارێکه و ئاسۆ به‌خه‌یاڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه شار و پاش ساڵه‌های فیراق، یادی خانزاد له‌که‌لله‌ی داوه‌ته‌وه. یاد بۆ یادی کۆلیجی یاسای له‌ده‌ستچووی گه‌ڕاوه‌ته‌وه و تۆیش بۆ لای نه‌خشین. کلوکۆتان زۆرن. تۆ لازۆ چه‌شنی خه‌وزڕاو، ده‌خزێیته جه‌نگه‌ی هه‌زاره و خه‌یاڵاتی دڵپروێنهوه..
حاجی حه‌سه‌ن، له‌نێوان دژوار و ڕزگاردا، له ژوورێکی بۆخنکدا، لهدهلاقهیهکی یه‌ک بستیی ده‌م بنمیچه‌که‌وه، تیرۆژه ڕۆشناییه‌کی تێده‌ڕژێ، به‌شی ڕۆشنکردنه‌وه‌ی ژووره ڕووتهڵهکه ناکات، لووتیان داژه‌ندووه، خۆڵهسووره برۆ و برژانگ و ڕیش و سمێڵی تێکهڵبوویانی دێزههڵگێڕاوه. ئه‌سپێ تێیداون و خۆیان هه‌ڵده‌کڕێنن، له‌نێو چهکهدووکهڵی لاستیکی سووتاوی پهنگخواردوودا، نه‌خشین و سه‌بری خان، به‌ڕووخساری ته‌ڕی تنۆکه ئاره‌قه‌ی وردی تێکه‌ڵ خۆڵهسووره، به‌ڕه‌نگی په‌ڕیوه‌وه، دڵ لهمستا، خه‌ریکن لهفافۆنه قوپاوێکدا، گوێلێک برنج لێده‌نێن. له‌ده‌ره‌وه گهپهی گه‌مبۆڵ و حه‌په‌ی گه‌ماڵه تێروپڕهکان، تێکه‌ڵ بهچهڵتهچهڵتی عاره‌بی ده‌بێ. ئه‌وانه‌ی قسه‌کان گۆده‌که‌ن یه‌ژی خورمایان له‌ده‌مدایه و ئه‌مان سه‌ری لێده‌رناکه‌ن.
دواجار، که نه‌خشینت دی، چیائاسا له‌دووره‌وه شین ده‌چۆوه، شینێکی شه‌نگی دڵ‌نشین، کاتێکیش ده‌هاته به‌ره‌وه، گوڵجاڕ.. نمه‌ی ئاونگ به‌ڕووخسار و پرجی تاپشت ئه‌ژنۆ شۆڕابه بهستوویهوه دهچریسکایهوه. کیژێکی ته‌ڕ، چون شوێنپێی به‌فر. ئێستاس ئه‌وه‌تا، وه‌ک ئه‌م ولاته ڕه‌نگپه‌ڕیوه، لێوبه‌بار و قه‌ڵاخی به‌رگ، له‌چک نیوه‌ی ڕووی داپۆشیوه.
ئه‌وا گوزوگومهت عه‌ریف شه‌مخی، به‌لووتی پۆستاڵه نوێیه‌که‌ی، شاپێکی گه‌یانده ده‌رگه‌ی ژووره‌که‌یان. شاق ده‌رگه قڵیشایه‌وه. دای به‌دیواردا و شهققهیهکی قایمتری لێههڵدهسێ. پۆستاڵی ڕه‌ش، ده‌سکی ده‌مانچه‌ی تاریقی ڕه‌ش، قایشی پشتوینی ڕه‌ش، ڕووخساری گرژی ڕه‌ش، ڕاچه‌نینێکی به‌کۆمه‌ڵ، دڵی ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌م خێزانه دیله به‌رده‌داته‌وه.. ع. شه‌مخی، سه‌رێک به‌سه‌ر مه‌نجه‌ڵۆکه قوپاوهکهیاندا، که له چێشتهقولێی منداڵان ده‌چێ لارده‌کاته‌وه. لووتی به‌دووکه‌ڵی پێڵاوهکۆنی سووتاو، که خاوه‌نه‌کانیان لێره ڕۆژیان ته‌واوبووه، دهچووزێتهوه. چاو ده‌بڕێته ڕووی به‌ره‌وژێری نه‌خشین و بزه‌یه‌کی زه‌رد ده‌په‌ڕێته سه‌ر لچ و لیوه ڕه‌شه ئه‌ستووره‌کانی. ده‌ست له که‌له‌که، به تهڵفیسییهوه سه‌رنجی باوک و کوره‌کان ده‌دات و ده‌ڵێ: (پێده‌چێ سه‌رخێڵ بووبن. به‌رگ و سیماتان به‌و چڵکنی و پڵکنییهشهوه، گه‌واهیده‌ره..)
پیاوه‌کان هیچ نادرکێنن. ع. شه‌مخی ده‌رده‌په‌ڕێ و یه‌کسه‌ر ته‌پوکوت به‌پلیکانه‌کاندا، بۆکن مولازم حه‌ججاج سه‌رده‌که‌وێ. (سه‌ییدی، موتورفهیهکم دۆزیوه‌ته‌وه، مانگه و ده‌دره‌وشێ. ده‌کرێ ئه‌مڕۆی پێبگوزهرێنی. عه‌یبی ئه‌وه‌یه چڵکنه!)
م. حه‌ججاج ده‌خنێته‌وه و ده‌ڵێ: (عهفارین بۆ تۆ.. ئه‌م کچه خهمڕهوێنانه نه‌بن، ڕۆژگاری بیابان به‌چی دوایی دێ؟!)
م. حه‌ججاج هه‌وه‌س و ئاره‌زووه متبووه‌کانی به‌ئاگادێن. ماری زهنگوڵهداری پهپکهخواردووه و ئاماده‌ی پێوه‌دانه. ئه‌و له‌ناخه‌وه ده‌دوێ.. خه‌ڵکی شارۆچکه‌یه‌کی سێ پیتیم. ته‌نیا سێ پیته. هه‌رچه‌ند ده‌کۆشم، ڕووم نایه له‌کۆڕ و کۆمه‌ڵدا ناوه‌که‌ی بدرکێنم. هه‌ر شارێ، شارۆچکه‌یه، له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا گۆکرواو به عه‌ین ده‌ستیپێکرد، من دادهخورپێم و گومانده‌که‌م. واده‌زانم له‌گه‌ڵ شارۆچکه ئابڕووبه‌ره‌که‌ی منیانه.. زۆرێک له‌وانه‌ی ده‌هاتنه گیان دایکم و هه‌ر شه‌ش خوشکه‌که‌مم خورتی کورد بوون. شیمال تۆ له‌کوێی، شارۆچکه بهعهین دهستپێکردووهکهی من تۆ له‌کوێ؟.. نازانم بۆ، دایکم ئێستاش و ئه‌وساش ئۆخژنی به‌خورتی کاکهوات دێ؟!.. هه‌ر دایکم نا.. کاتێک کاکهوات بهتوێکڵهگوێزی ته‌ڕ و تووتنی بۆندارهوه ده‌گه‌یشتن، ئیدی خوشکه‌کانم له‌خۆشیاندا باڵیان لێده‌ڕوا و پێشوازیی شاهانه‌یان لێده‌کردن و به‌زمی خوسره‌وییان بۆ سازده‌کردن. ملکیییه و خه‌یرییه سهمایاندهکرد.. نه‌سیمه و حورییه عه‌تابه و به‌سته‌یان بۆ ده‌چڕین.. که‌ریمه و ڕه‌باب دومبهڵهک و خهشابهیان ده‌کوتا.. دایکیشم شیوی بۆلێدهنان.. دوای سه‌ما و ماچ و مووچ و له‌ئامێزگرتن و ده‌ستبازیی، ئه‌مجا تا تاریک و ڕوونی به‌یانی ده‌چوونه گیانیان. منیشیان بهچهردهیهک پاره ده‌مکوت و سه‌رکوت ده‌کرد و بۆ ساردی و پاکه‌ت کڕینیان ده‌ناردم. باوکیشم خودا عافووی کا، ده‌تگوت ئاولایداوه، سه‌رکز و بێده‌م و دوو.. نرکه و ناڵه و هاواری دایکم و ئه‌و خوشکانه‌م، له‌ژێر کاکهواتا ده‌گه‌یشته کۆڵان.. کاکا ئه‌حمه‌د دڵی به ڕه‌بابی خوشکه بچووکمدا چووبوو. هه‌ر شه‌وێک میوان بوایه، ئه‌و ڕه‌بابه‌ی خوشکم تا فه‌ردای به‌یانی له‌ژێریدا ناڵه‌ناڵ و یایوممای بوو. کوێربم بۆ ڕه‌باب.. سه‌ره‌ی کورد پێشده‌خرا. ئاوێک بوو ڕژابوو. کورده‌کان هاتن! دوو وشه‌ی ڕسته‌یه‌کی کورتی بهورشه و پرشهن، لای دایک و خوشکه‌کانم.. ئه‌وان چه‌ند به‌تاسه و ئاره‌زووه‌وه گۆیاندهکهن!
له‌مانگی موحه‌ڕه‌می پیرۆزدا په‌نجه‌مۆریان ده‌کرد، که چیتر پێشوازیی له میوان، بڵێم لهگانکهر نه‌که‌ن. که‌چی خوشکه‌کانم، له ئاستی کاکهواتا، سه‌رپێچیی بڕیاره‌که‌یان ده‌کرد و خۆیان ده‌خسته به‌ر ئه‌گه‌ری مه‌ترسیی سزای قورسه‌وه و به‌هه‌فته له‌ماڵه‌که‌دا ده‌یانشاردنه‌وه..
من دوای هه‌ر شه‌شیان هاتووم. هاتووم شوانیان بم. له لمۆزی گورگی برسیی بێشه و هه‌رد بیانپارێزم. به‌ڵام دوای چێ؟.. دوای ئه‌وه‌ی ئابڕوویان- مان تکا؟!.. نانا.. من ئه‌فسه‌رم. سه‌رکرده‌م و ئه‌رکه‌کانی دایکی نیشتمان ڕاده‌په‌ڕێنم، که یه‌کێکیان ئه‌نفالی پیرۆز و ئه‌فسانه‌ییه.. بۆ ئه‌وه‌ی توندترین تۆڵه‌یان لێبسێنم، گه‌ره‌که ده‌یان و سه‌دان جار تۆڵه‌ی دایکمیان لێبکه‌مه‌وه. به‌ڕۆژی ڕوون ده‌چمه گیانی ژنه‌کانیان. ئه‌وان به‌ڕۆژ و به‌ئاشکرا ده‌هاتنه گیانی دایک و خوشکه‌کانم. خزمه‌تی ئاڵا یه‌کسانه به‌پیاوه‌تی و نێرایه‌تی. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری سوور و ههتهربێ، به‌ڕاست و دروستی بهڕێیبکا، ئه‌وا که‌ڵه‌پیاوه و فه‌حل و به‌کار. ئه‌وه‌شی له‌خزمه‌تی ئاڵا خۆی بدزێته‌وه، نێرمووکه و له‌پیاوه‌تی به‌شی بڕاوه. بۆیه پڕ به‌پێستێتی و ته‌واو له‌جێدایه گوێی ببڕدرێ سه‌ری نهویبکرێ و مۆری ترسنۆکیی و نێرهمووکیی به ته‌ختی ته‌وێڵییه‌وه بنرێ. هه‌تا ماوه لێینه‌بێته‌وه، چونکه نه‌یتوانی به‌رگریی له‌دایکی خۆی بکا..
م. حه‌ججاج خۆی به ژووری دووکهڵگرتووی حاجی حه‌سه‌ن دا ده‌کا.. ڕاسته، ئه‌م ڕووخسارانه له سه‌ردارانی کورد ده‌چن. ئه‌مانه به‌زه‌بری قامچی و شهللاق سه‌ریان پێشۆڕناکرێ، ئه‌وه‌نده‌ی بهگایینی کچه تاقانه‌که‌یان. ژنه‌که‌ی فڵقهکۆنه، ده‌نا بهگایینی، سه‌ری خۆی و کوڕه‌کانیم نهویدهکردن. ژنه‌که‌ی به‌ره‌وڕووی عه‌ریف شه‌مخی ده‌که‌مه‌وه. به‌توندی، به‌عه‌ره‌بی تێیخوڕی:
– ناوت؟
– حاجی حه‌سه‌ن.
– حه‌جی کورد به‌تاڵه!.. ناوه‌که‌شت قابیل نییه!
م. حه‌ججاج له‌ناخه‌وه نائارامه.. گایینی کچه‌که‌ی بنده‌ستکردنی نیشتمانه‌که‌یه‌تی. تۆڵه‌ی دایکیشمه. کاتێک ژنێک له‌وانه له‌ژێر خۆمدا ده‌بینم، هه‌ست به‌سه‌رکه‌وتن و بردنه‌وه ده‌که‌م. ده‌ڵێی سه‌رکرده‌یه‌کم و له‌جه‌نگێکی یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌دا سهرکهتووم و ئاڵام له‌به‌رزترین لوتکه‌ی شیمال داچه‌قاندووه. بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واویی تۆڵه‌ی دایکم بکه‌مه‌وه، ده‌بێ زیاتر ژنی کورد بنێمهژێرم.. بۆ تۆڵه‌ی خوشکه‌کانیشم، گه‌ره‌که زگی کچه‌کورد پربکهم. هیچ له‌وه سووکایهتیتر نییه، کاتێ برا، خوشکی خۆی ده‌بینێ به‌حه‌رام سکی به‌رزکراوه‌ته‌وه.. ئێمه پاسه‌وانی کۆماریی و تایبه‌ت و سوپای ئاسایی و هه‌واڵگر و ئاسایش. نزیک به سێ ملیۆن که‌ڵه‌مێردی چه‌کدارین. که‌واته سێ ملیۆن مێینه‌ی کورد نێچیرن. ده‌که‌ونه ژێرمانه‌وه. من باوه‌ڕم به‌تیرۆری جه‌سته‌یی باو نییه نا. تیرۆری ڕاسته‌قینه ئهتککردنیانه. تیرۆری ڕه‌سه‌نی خۆمانه‌ی غه‌زو، که‌ڕو فه‌ڕی سه‌بی و زۆرهسهتگرتهی ژنیان و به‌ترش و تاڵان بردنیانه.. چه‌ک هه‌ڵگرتن بۆ نیشتمان ئه‌وپه‌ڕی نێرایهتییه. هه‌موو خۆشی و له‌ززه‌تێکی ژنیش گه‌ره‌که له‌پێناوی پیته‌دان و به‌پێزکردنی ئه‌م نێرایهتییهدا بێ. ئه‌دی ژن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نه‌بێ، بۆ چیدیکه باشه؟.. سه‌د حه‌یف و حه‌سره‌ت له‌خۆم!.. وه‌ره هه‌ر به‌وه‌ی له‌م شارۆچکه نه‌فره‌تییه‌دا چاوم هه‌ڵهێناوه ئیدی ئه‌م زێده‌ی خۆم لێمبۆته قیری که‌وای سپی و کردوومی به قه‌ڵته‌بان و ماسکه‌ش و لێمنابێته‌وه.. به‌ڵام ئه‌م سه‌رشۆڕییه، به سه‌رشۆڕکردنی حاجی حه‌سه‌ن و کوڕانی ده‌سڕدرێته‌وه. ئا، ئه‌تک بهئهتک قه‌ره‌بوو ده‌بێته‌وه. ده‌بێ بۆ به‌پێزکردنی نێرایه‌تیی خۆمان، ژنه‌کانیان به‌کاربهێنین. سه‌رکه‌وتن له پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا بۆخۆی پیاوهتییه. من ژنه‌کانیان بگێم، ئه‌وا پیاوه‌کانی ئه‌وان تۆمڕژیاگ و له‌پیاوه‌تی که‌فتگ و ئابڕووتکاو ده‌بن.. پیاوی ئابڕوو تکاو و خه‌سیو، که‌ڵه‌وه‌کێشیی پێناکرێ. کورد هه‌رده‌م باسی ئابڕوو ده‌که‌ن و خۆیانی پێوه باده‌ده‌ن. بزانه ئه‌مڕۆ چلۆن ئه‌و ڕیشه خۆڵاوییهی حاجی حه‌سه‌ن و کوڕانی ده‌که‌م به گه‌نده‌مووی به‌ری قه‌حبه (1) ئه‌م کورده خاین و خه‌شیم و نه‌فره‌تییانه، ئه‌گه‌ر یه‌کێکیان خۆشنه‌وێ پێیده‌ڵێن، کارێکت پێده‌که‌م بهقهحبهی به‌غدا نه‌کرابێ.. بۆیه باشتر وایه له‌پێشدا. لهسهرخێڵ و پیاوماقووڵانیان تۆڵهبسێنم.. ئه‌گه‌ر لێم گان، ئه‌وا سه‌ری هه‌موو ئه‌وانی دی نه‌وی ده‌بن..
به‌ده‌نگێکی گڕی فهرمانئامێز گازدهکا:
– عه‌ریف شه‌مخی؟
– نه‌عه‌م سه‌ییدی.. فه‌رمانتان به‌چییه؟
– ژن و کچی سه‌رخێڵ و پیاوماقووڵ، یان هی عوساتم گه‌ره‌که! (2)
ع. شه‌مخی سڵاوێکی سه‌ربازیی داده‌کوتێ. ته‌په له‌زه‌وی هه‌ڵده‌سێنێ و تۆزی لێبهرزدهکا.
– گه‌وره‌م نه‌خشین له‌وانه‌یه!
مولازم حه‌ججاج سه‌ری بۆ ده‌له‌قێنێ و بیری لێده‌کاته‌وه.. باوک و برای ئه‌وانه‌ی له بهقهحبهکردنی خوشکه‌کانمدا به‌شدارن ده‌که‌مه به‌ربووک و قوڕمساغ و سه‌ریان پێ حیزدهکهم، تاکو ببنه په‌ندی حه‌وت مه‌مله‌که‌ت. هه‌ر ئێستا حاجی حه‌سه‌ن ده‌که‌مه دهویتێکی سووک و سه‌لیم و کوڕانیشی ده‌که‌مه ده‌ویتی دهوتیباب.. تۆ بزانه تۆلازهکانیان له شاره‌کانی ئێمه باڵق ده‌بن و هه‌موومان بهکاولی ده‌زانن!.. هێشتا کچه‌که‌یانم نه‌گاوه، چاوشۆڕن و شه‌رمه‌زار.. سه‌رکز و ملکه‌چ..
م. حه‌ججاج په‌لاماری نه‌خشین ده‌دات و نه‌خشین خۆی ڕاده‌پسکێنێ.. سه‌بری خان گازێک له‌ده‌ستی ده‌گرێت و حاجی و دژوار و ڕزگار هه‌ڵده‌سن و ده‌بێته مرخێش مرخێش.. ع. شه‌مخی بهشاپان تێیاندهکهوێ. سێ چوار سه‌رباز لێیان بهژووردهکهون. ده‌بێ به زرم و بکوت و سمڕ سمڕ.. سه‌روچاوی پیاوه‌کان ده‌شکێن و کڵاو و جامانه‌کانیان خڵتانی لم و خۆڵهسووره ده‌بن. سه‌بری خان لووتی ده‌پژێت و ته‌ختی ژووره‌که ده‌بێت. مه‌نجه‌ڵه تێکقوپاوهکه قڵپ ده‌بێته‌وه و ئاگر ده‌کوژێته‌وه. هه‌رچواریان په‌لکێش ده‌که‌نه به‌ر سووری هه‌تاوه‌که. قاچ و ده‌ستیان ده‌به‌ستن و له‌و گۆڕه فڕێیان ده‌ده‌ن. مه‌گه‌ز تێیاندهئاڵی. زمانیان وشک و شه‌مسی هه‌ڵده‌گه‌ڕێن.
م. حه‌ججاج له‌باڵی نه‌خشین ده‌نه‌وێ، به‌شوێن خۆیدا کێشی ده‌کات. سه‌ره‌وژوور به‌پلیکانه‌کاندا سه‌ری ده‌خات. ئه‌م دیمه‌نه، خاوه‌ن کچه‌کان ده‌خاته دڵهلهرزهوه. جگه له پیشخواردنه‌وه و مه‌راق خواردن و تووک و نزا، هیچی دیکه‌یان له‌ده‌ست نایه‌ت.. تووک و نزا هیچ ده‌رد ناخواو له‌حه‌یبه‌تا سه‌رداده‌خه‌ن.. م. حه‌ججاج نه‌خشین پهلکێشدهکاته ژووره‌که‌ی خۆی. به‌سه‌ر قهرهوێڵهکهیدا ده‌دا. نه‌خشین چنگاوشی ده‌بێ و ڕوومه‌تی ده‌ڕنێ.. حه‌ججاجی ڕووڕنراوی چوارپه‌ل قه‌وی. له‌یه‌خه‌ی کراسه‌که‌ی ده‌نه‌وێ، هه‌تا دامێن ههڵیدهتڵیشێنێ. دوخێنی ئاوه‌ڵکراسه شینه‌که‌ی ده‌ترازێنێ و دایدهکهنێ. نه‌خشین به‌رگریی ده‌کا، به‌ڵام دهرۆسی نایه. ده‌کۆشێت و له‌چنگی دهردهفرتێ. ههڵدهبڵووقێتهوه و جێ به‌خۆی ناگرێ. نه‌خشین هه‌ناسه‌بڕکێی پێکه‌وتووه و چاوانی زه‌ق کراونه‌ته‌وه. پاڵی پێوه‌ده‌نێ. گاز له‌مه‌چه‌کی ده‌گرێ. تهلهفوونی سه‌ر مێزه‌که‌ی تێده‌گرێ و بهریناکهوێ. په‌رداخی تێده‌گرێ. به‌ر سینگی ده‌که‌وێ و به‌رده‌بێته‌وه. په‌رداخ ورد‌و خاش ده‌بێ.. حه‌ججاج بێباکه و به‌خۆی نازانێ. سوراحیی تێده‌گرێ. به‌ر دیوار ده‌که‌وێ و په‌راش په‌راش ده‌بێ. نه‌خشین زمانی وشکبووه. حه‌ججاج ده‌یگرێ. سوخمه‌که‌ی داده‌که‌نێ و کراسه دڕاوه‌که‌ی له‌به‌ر دادهمهڵێ. ئێستا نه‌خشین ته‌واو ڕووت و قووته. دوای تاوێکی دیکه بهشهرمگهی خوێناوییه‌وه ده‌ینێرێته‌وه لای باب و براکانی. له‌چه‌قی گۆڕه‌پانی زینداندا، به‌به‌رچاوی هه‌زاره‌ها زیندانییه‌وه لافی پێوهلێدهدا و خۆی پێوه‌باده‌دا.. به ڕووت و قووتی. بهشهرمگهی خوێناوییه‌وه ته‌سلیمی باوک و براکانی ده‌کاته‌وه. ده‌وجا هیچ باوک وبرایه‌ک حاڵی به‌حاڵی حاجی حه‌سه‌ن و کوڕانی نه‌بێت. هیچ دایکێک بهمهرهی دایکی نه‌خشین و هیچ کیژێ بهمهرهی نه‌خشین نه‌چێ. ئای که ڕۆچوونێکی سه‌خته!
ئێسته به‌ته‌واویی ڕووتیکردۆتهوه، تاکو ئه‌وپه‌ڕی چێژی لێببینێ. حه‌ججاج به‌م کاره‌ی سه‌رپاکی کناچهکانی کورد ڕووتده‌کاته‌وه.. ئامبازی نه‌خشین ده‌بێته‌وه. باوه‌ش به ناوقه‌دیدا ده‌کات و سینگی بهمهمکۆڵهکانییهوه ده‌نێ. گڕه‌ی هه‌ناسه‌ی، وه‌ختێ ده‌یدات له‌گه‌ردنی زه‌ردی نه‌خشین، لههاشهی مار ده‌چێ. نه‌خشین ته‌نگه‌نه‌فه‌سه و قسان ناکا. خۆ ئه‌م زمانی حه‌ججاج نازانێ. نه‌خشین ده‌ستێکی وا بهشهرمێیهوه. به‌تاکی پێڵاوه‌که‌ی به‌رگریی ده‌کات و لێکدا لێکدا له‌ده‌می حه‌ججاجی ده‌سره‌وێنێ.
حهججاچ تاکه پێڵاوه‌که‌ی لێدهسهنێ و برکیدهدا. نه‌خشین ده‌ستێکی هه‌روا بهشهرمییهوه و دایپۆشیوه. ده‌نوشتێته‌وه. تاکه‌که‌ی دیکه‌ی پێڵاوه‌که‌ی هه‌ڵده‌گرێ، تاکو به‌رگریی پێ‌بکات. به‌ره‌وڕووی ڕایده‌وه‌شێنێ. توند تێیدهگرێ و به‌ر کاسکێته‌که‌ی ده‌که‌وێ. کاسکێت ده‌که‌وێته ژێر پێی ڕووتی.. حه‌ججاج پاشه‌وپاش بۆ لای ده‌رگه‌ی ژووره‌که ده‌کشێته‌وه. دایده‌خات و کلیله‌که‌ی ده‌خاته گیرفانی پانتۆڵه‌که‌ی. نه‌خشێن ته‌واو شپرزه‌یه.. تاکه پێڵاوه‌که‌ی هه‌ڵده‌گرێته‌وه و ده‌یهاوێ و به‌ر سینگی حه‌ججاج ده‌که‌وێ. لێ ئه‌و بێباکه. تاکه پێڵاو ده‌که‌وێته سه‌ر کاسکێته‌که‌ی. م. حه‌ججاج بهداکهندنی کراسه خاکییه‌که‌ی، ده‌ست بهخۆڕووتکردنهوه ده‌کا. له‌هێكڕا نه‌خشینی ڕووت و قووت پێی له مێزه‌که گیرده‌بێت و ته‌پ ده‌که‌وێت. گورجێ ده‌ست داده‌دات و ههڵدهزهقێتهوه. به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌که ملده‌نێ. پڕده‌داته ده‌سکه‌که‌ی و ده‌یکاته‌وه. حه‌ججاج به‌په‌له‌پڕووزێ قه‌یتانی پۆستاڵه‌کانی ده‌کاته‌وه و چاویشی له‌سه‌ر له‌ش و لاری ڕووشاو و شووش و پاراوی نه‌خشینه. وه‌خته بۆی شێتدهبێ و زاری ئاودهکا. قژی دڕکی بنهگهوهنه و تاڵه‌کانی ڕاساون.. نه‌خشین ده‌کۆشێ خۆی له‌م دۆخه ڕزگاربکا. له‌بیری خۆههڵداشتندایه. چه‌ند ده‌کۆشێ به‌نێوان شێشهکانی په‌نجه‌ره‌که‌وه ناچێ.. هه‌ڵده‌کاته سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی دووه‌م. ده‌یکاته‌وه. سهربهنێوان شیشهکانیدا ده‌کات. بهمیشهوه ناچێ. حه‌ججاج مژووڵی دهمانچهکهیهتی. ده‌یخاته ناو چه‌کمه‌جی مێزه‌که‌ی. نه‌خشین هه‌ڵمه‌ت بۆ چه‌کمه‌جه‌که ده‌بات. حه‌ججاجی تا نێوقه‌د ڕووت ناهێڵێ بیکاته‌وه.. له‌م هات و بگرهدا. مێز سه‌روبن ده‌بێ. هه‌رچی له‌سه‌ره، له کاغه‌ز و مه‌کینه‌ی ده‌رزی و قه‌ڵه‌م.. به‌ژووره‌که‌دا بڵاو ده‌بنه‌وه. چهکمهجیش داخراوه. نه‌خشێن به‌ئه‌ژنۆ و په‌نجه‌ی زامداره‌وه، به‌سه‌ر مێزه کهوتووهکهدا ده‌که‌وێ. وه‌ختێ دهڕهتێ، مه‌مکه‌کانی ده‌له‌رنه‌وه.. ژێر سیگارێک هه‌ڵده‌گرێ. هه‌تا هێزی تێداماوه تێیدهگرێ. ژێرسیگار سهردهکاو به‌ر وێنه‌ی لهجامگیراوی سه‌رکۆمار ده‌که‌وێ و ده‌یان درزی تێده‌بێ. پێناچی به‌ته‌واویی هۆشی به‌خۆی مابێ. وادیاره خۆنه‌ویستانه بهرنگاره و ههڵدهبڵۆقێتهوه. قژ ئاڵۆسکاو، چون کۆرپه ده‌وه‌نی ده‌م کاروانه‌ڕێ تۆزاویی. چاوانی له‌نێوان تاڵی پێکدالکاوی ئالۆسکاو و خۆڵاوییه‌وه ده‌بریسکێنه‌وه و چه‌خماخه ده‌دن. چون ده‌روێشێک حاڵی لێهاتبێ نیوه سڕ، نیوه ئاگا، هه‌ست به‌سوێ و کاوهکاوی زامه‌کانی جه‌سته‌ی خۆی ناکا. ده‌ستی لهشهرمگهی هه‌ڵگرتووه و دهربایسی شاردنه‌وه‌ی نییه. چاو ده‌گێڕێ. وه‌ک ته‌مایه‌ری فریادڕه‌سێک بێ، له‌دوا هه‌ناسه‌کانی ته‌نگانه‌دا بێته هیمدادی، چاوانی گێژ و وێژی ده‌گێڕێ. یان له‌وانه‌یشه بۆ شتێک، ئامرازێک بگه‌ڕێ به‌رگریی له‌خۆی پێبکا. حه‌ججاج. هه‌ر تاکێکی پۆستاڵهکلهی به‌لایه‌کدا فڕێده‌دا. پانتۆڵه خاکییه‌که‌ی داکه‌ند. یه‌ره‌قی کردووه. چون قه‌ڵه‌ڕه‌شه گه‌ڵاوگه‌ڵ بۆ نه‌خشینی ڕوت و قووت ده‌چێ. به‌ده‌وری مێزه له‌سه‌رپشت کهوتووهکهدا، به‌شوێنیدا ڕاده‌کات. ده‌ستی بۆ درێژده‌کات و چنگی لێگیرنابێ. له‌پڕێکدا توند مه‌چه‌کی ده‌گرێ و به‌ره‌و لای قه‌ره‌وێڵه‌که‌ی پاڵیده‌دا. له‌سه‌ر پشت ته‌ختی ده‌کا. نه‌خشین به‌یده‌ست ده‌بێ. حه‌ججاج شێتانه خۆی هه‌ڵده‌داته سه‌ر سێنهی. ده‌یه‌وێ زار بهزارییهوه بنێ و .. نه‌خشین په‌نجه‌کانی له سه‌روچاوی مولازم حه‌ججاج گیرکردووه و ناهێڵێ به‌مه‌رام بگات. ئێستا هه‌موو له‌شی کوتراوه. کز‌و که‌له‌لا، لێوی وشک و سپی هه‌ڵگه‌ڕاوه. ئه‌وا ته‌کانێکی دایهبهرخۆی و له‌ژێری ده‌رهات. حه‌ججاج به‌له‌شی ڕووت و قووت و باسک و شانی تووکن، پشت و سینگی تیسکن و نێوگه‌ڵی تووکنی چون تهگهوه، بهلهبهل یه‌ره‌قی کردووه. ڕه‌په‌ڕه‌پ بۆیدهچێ و له‌کۆڵی نابێته‌وه. چون باڕۆکهیهک به نیازی گرتنی ده‌یخزێنێته، گۆشه‌یه‌که‌وه. باوه‌شی بۆکردۆتهوه، ترنجاندوویهتییه گۆشه‌یه‌کی ژووره‌که‌وه و لای لێبڕیوه. چاوه زه‌قه‌کانی لێناترووکێنێ. بهههوهسێکی تۆسن و تینووه‌وه دیقه‌تی مه‌مک و شه‌رمگه و گه‌ردنی ده‌دا. نه‌خشین بهیدهسته، سست و داهزاو. له‌م ده‌مه‌دا، له‌گۆشه‌ی ژووره‌که‌دا، لالێسهندراو ده‌سره‌وێ و سه‌رهه‌ڵدێنێ. پرچی به‌سه‌ر ڕوخسار و سینهڕژاویدا بۆ دواوه هه‌ڵده‌داته‌وه. ده‌ستێک له که‌له‌که‌ی و ده‌ستێکی ها وه‌بان شهرمگهیهوه. به‌پێی په‌تی، وشک وه‌ستاوه. حه‌ججاج له‌م هه‌ڵوێسته‌ی واق ماوه. ئاره‌قه‌ی ڕه‌ش و شینی ده‌رداوه. ئه‌بڵه‌ق، وه‌ک بڕوا به بهیدهستبوونی نه‌هێنێت. نه‌خشین بێباک، بهگۆشهنیگای به‌رز، وه‌ک بۆ ئاسۆ بڕوانێ، چاو ناترووکێنێ. سینه‌ی به‌رز و بێجووڵه‌یه. ته‌نگه نهفهسییهکهی تاوێک له‌مه‌وبه‌ری ته‌واو لهکۆڵبۆتهوه. ڕه‌نگ و ڕووه‌که‌ی ئه‌وسای کاردۆخی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ته‌ڕ و ناسک. چ زوو زامه‌کانی جه‌سته‌ی ساڕ‌ێژ بوون؟! مه‌مکه‌کانی قوت. حه‌ججاجیش یه‌ره‌قی کردووه و ڕه‌په ڕه‌پ و گهڵاگهڵ بۆی ده‌چێ. دڵی خۆشه نه‌خشین بۆی هاتۆته ڕه‌دا. نه‌خشینم نه‌خشین، له‌ره‌ی بۆناکا. گوێی پێنادات و چاوی لێناترووکێنێ. نتم و بێبزاڤ. له‌پڕ حه‌ججاج هه‌ردوو باسکی لهنێوقهدی وه‌ردێنێ. له‌و ده‌مه‌دا که ده‌یه‌وێ لێوه ئه‌ستووره‌کانی بۆلێوه ههنارییهکهی به‌رێ، گوز و گومه‌ت، سه‌ری به‌ر سه‌ری نه‌خشین ده‌که‌وێ. ژان ده‌په‌ڕێته په‌ڕه‌ی دڵی و نێوچاوانی به‌خوێن ده‌بێ. سڵه‌مینه‌وه‌یه‌کی زراوڕژاوانه ده‌سڵه‌مێته‌وه. باسکی لهنێوقهدی ڕه‌ق و ته‌قی نه‌خشین ده‌ترازێ و دهساکێ. له‌وه‌دایه زاتی بچێ. نه‌خشین بۆته په‌یکه‌ر. په‌یکه‌رێکی مهڕمهرینی دڵنشینی ساردوسڕ و بێجووڵه. په‌یکه‌رێک وه‌ک ده‌یان ساڵ بێت، به‌ده‌ستی په‌یکه‌رتاشێکی شاره‌زا چێکرابێ و له‌گۆشه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌کدا بۆ پیشاندان دانرابێ. جوان و له‌به‌ردڵ..
تۆش لازۆ به‌ده‌م لێوکرۆشتنهوه. یهکبهخۆت ڕاده‌په‌ڕی. پێمیمهکان ده‌پرینگێنه‌وه. دوا ئه‌ندامی جه‌سته‌ت نیشتوونه‌ته سه‌ر ئاره‌قه. هه‌ناسه‌یه‌ک، دوانی قووڵ هه‌ڵده‌مژی، تاکو سامی ئه‌م مێردهزمهیهی له‌سه‌ر سینگت چۆکی دادابوو، بڕه‌وێته‌وه.. چاوی براده‌ره‌کانت له‌سه‌ره و نایده‌نه ڕووت.. هێشتا ئاوێنه خڕه چکۆله‌که‌ت به‌رامبه‌رت ڕاگرتووه،. کاتێک سه‌رنجی ده‌ده‌یته‌وه… ئهه، چی ڕوویداوه؟! هه‌ناسه‌یه‌کی خێرای دوای ڕاچڵه‌کین هه‌ڵده‌کێشی. ئاوێنه‌که‌ت ده‌یان درزی بردووه.. ڕووی ماندووتی بهکهرت و پهرتکراویی تێدا ده‌بینی.
(1) ئاماژه‌یه به‌دێڕه شیعرێکی شێخ ڕه‌زا
(2) عصاة: یاخیبوو، ناتۆره‌یه‌ک بوو ده‌وڵه‌ت دوای پێشمه‌رگه‌ی خستبوو.