دیمانه له‌گه‌ل عه‌بدولکه‌ریم فه‌تاح…سازدانی:سۆران عه‌زیز
"رۆشنبیری سه‌رده‌م نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی ناڵه‌ی ده‌روون و تینوێتی رۆح و تێركردنی ئه‌قڵمان بداته‌وه."
"ئه‌دیبانی كورد هه‌ڵگری ئه‌ندێشه‌ی منداڵیین و له بازنه‌ی گه‌ڕان به دوای فریادڕه‌سدا ته‌عبیر له خۆیان ده‌كه‌ن."
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح:
ئه‌ده‌بی كوردی لۆكاڵییه و نه‌گه‌یشتۆته ئاستی ئه‌ده‌بی جیهانیسازدانی: سۆران عه‌زیز
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كان وه‌ك نووسه‌ر و رۆشنبیر و ئه‌دیبێك ده‌ركه‌وتوه و خاوه‌نی چه‌ندان بابه‌تی تایبه‌ت به‌و ژانرانه‌یه، ماوه‌یه‌كیش خاوه‌ن ئیمتیاز و نووسه‌رێكی دیاری گۆڤاری ژیاربووه، كه چه‌ند ژماره‌یه‌كی لێدرهچوو، ئێستاش وه‌ستاوه. رۆمانێكی به‌ناوی " گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌رگ" له ژێر چاپدایه، ئێمه‌ش بۆ قسه‌كردن له دنیای ئه‌ده‌ب و رۆمان و زمانی نووسین، ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.
كوردستان راپۆرت: مهزینترین جیهانی چۆن له‌دایك ده‌بێت، ئایه له كاتی له دایك بوونی رۆمان‌دا به‌زین و سه‌ركه‌وتن چۆن هه‌ستی پێده‌كرێت؟.
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح: مه‌زنترین رۆمانی جیهانی له بۆشاییه‌وه له دایك نه‌بووه، به‌ڵكو ده‌یان و سه‌دان رۆمانی خراپ و ناباش و باش و زۆرباش پێشی كه‌وتووه ئه‌وجا رۆمانێك هاتووه و ئه‌وانی كردۆته په‌یژه و پێی گه‌یشتۆته لووتكه. ئه‌و رۆماننوسانهی رۆمانه‌كانیان ئاستێكی جیهانی وه‌رگرتووه گیان و ئاماده‌یی ده‌یان مرۆڤی شكستخواردوویان هه‌ڵگرتووه، سه‌ركه‌وتووه‌كان چیترنین، جگه له كۆكردنه‌وه‌ی بهزیوهكان؟!.
كوردستان راپۆرت: تۆ بڵێی رۆمان ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌موو بۆشاییه‌كانی (ئه‌ده‌ب) مان بێت؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح: ناڵێم رۆمان ئهڵتهناتیڤی هه‌موو بۆشاییه‌كانی ئهدهبمانه، وه‌لێ بۆشاییه‌كی گه‌وره له ئه‌ده‌بمان پڕ ده‌كاته‌وه، چونكه گه‌وره‌ترین ئاوێنه‌یه خۆمانی تیادا ده‌بینینه‌وه. قووڵی برینه‌كانمان و به‌رینی ئازاره‌كانمان ئه‌ده‌بێكی قووڵ و به‌رینی گه‌ره‌كه، كه ته‌نها له دنیای رۆمان‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت.
كوردستان راپۆرت: ئه‌و هۆكارانه ده‌رهاویشته‌ی چیین كه بوونه‌ته پاڵنه‌ر تا خوێنه‌رانی ئه‌ده‌بی كوردیی تا ئه‌م ئاسته له ده‌وری رۆمان‌دا كۆببنه‌وه؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح : ئه‌و هۆكارانه‌ی خوێنه‌ری كوردی له ده‌وری رۆمان كۆده‌كاته‌وه ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و سایكۆلۆژیا پڕ ئازاره‌ن كه له كاڵبوونه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانمان و خه‌مه‌كانی ئێستا و ترسه‌كانی داهاتوه‌وه فۆرمیان گرتووه.
كوردستان راپۆرت: خوێنه‌رانی ئێمه ئه‌و توانسته‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ ره‌وته فیكرییه‌كانی رۆمان‌دا پتر یه‌كتریی بگرنه‌وه ، تا ئازار و نیگه‌رانییه‌كان؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح : رۆمان به هه‌ر سێ زهمهنهكهدا گوزه‌رمان پێده‌كات ، رابردوو، ئێستا ، داهاتوو، رابردووی پڕ تراژیدیامان لا به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه و به له‌حزه پڕ له ئازاره‌كانی ئێستادا گوزه‌رمان پێده‌كات و ده‌مانپه‌ڕێنێته‌وه بۆ داهاتوویه‌ك كه ئاسۆكانی زۆرجار لای رۆماننووس ته‌م و مژاوییه و گه‌شبینانه لێی ناڕوانێت.
كوردستا ن راپۆرت: بۆچی ڕێژه‌ی زۆری خوێنه‌رانمان به دوای ئازاردا ده‌گه‌ڕێن له نێو ئه‌و رۆمانانه‌ی كه ده‌یانخوێننه‌وه، ئه‌گه‌ر رۆمانێك ئه‌م لایه‌نه‌ی به شێوه سهڵتهكه ته‌وزیف كرد، ده‌كرێ ناوی به رۆمانێكی خراپه ببرێت؟.
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح : نه رۆماننووسه‌كانی ئێمه له‌و ئاسته‌دان، ته‌واوی ئه‌وه‌ی تان و پۆی ده‌چنن له ناو رشته‌و ره‌وتێكی فیكری و فه‌لسه‌فی قووڵدا بێت، نه خوێنهرانیشمان توانای دۆزینه‌وه‌ی فیكری قوڵ و ده‌لاله‌ته شاراوه‌كانی ناو رۆمانیان هه‌یه، خوێنه‌ر ده‌یه‌وێ به خوێندنه‌وه‌ی رۆمان له ئازاره‌كانی خۆی دوور بكه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌ش به فڕێدانی كۆڵی مه‌ینه‌تییه‌كانی به‌سه‌ر كاره‌كته‌رێكی هاوشێوه‌ی خۆی له ناو رۆمانه‌كه‌دا، یاخود به هه‌ڵمژینی شه‌پۆلی هیوایه‌ك كه له كاره‌كته‌رێكی فریادڕه‌سه‌وه كه به‌رچاوی ده‌كه‌وێت.
رۆشنبیری سه‌رده‌م نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی ناڵه‌ی ده‌روون و تینوێتی رۆح و تێركردنی ئه‌قڵمان بداته‌وه، ئه‌م قه‌یرانه قووڵه‌ی پانتایی رۆشنبیری مرۆڤی ئاڵۆز كردووه و به دوای ئارامییهكدا ده‌گه‌ڕێت تاكو تاوێك له سایه‌یدا بحه‌وێته‌وه، ئه‌و پێی وایه رۆمان ئه‌و سه‌هه‌نده‌یه به‌شێك له پێویستییه رۆحی و فیكرییه‌كانی ئه‌و ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
له دیدی زۆرینه‌ی خوێنه‌ری ئێمه‌وه به‌ڵێ ، ئه‌گه‌ر رۆمانێك یان هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی تر ئه‌و ئارامی و ئاسوده‌ییه‌ی پێ نه‌به‌خشێت به‌لاواز و كاڵ و كرچ لێك ده‌درێته‌وه.
كوردستا ن راپۆرت: ده‌شێ هه‌ر رۆمانێك كه ده‌لاله‌ت له ده‌روونمان نه‌كا، وه‌كوو نووسراوێكی خراپ ته‌ماشای بكه‌ین؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح : هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌یی جیاوازه له خوێندنه‌وه‌ی رۆمانخوێنهكان، دهگهونجێ ده‌قێك شاكارێكی ئه‌ده‌بی مه‌زن بێت و خوێنه‌رانی ئێمه وه‌كو پێویست چێژی لێوه‌رنه‌گرن، چونكه له كلتوور و ژیارێكی تره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ، پێچه‌وانه‌ی ئه‌م رایه‌ش دیسان دروسته بۆی هه‌یه خوێنه‌رانی ئێمه چێژی زۆر له ده‌قێك وه‌ربگرن، چونكه ته‌عبیر له سایكۆلۆژیای ئه‌و ده‌كات، به‌ڵام له‌و ئاست و بڵندییهدا نه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر ته‌ماشای ده‌كات.
كوردستا ن راپۆرت: چێژ، وه‌كوو یه‌كێك له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی لهلاكاتی خوێندنه‌وه‌دا ده‌خوڵقێ، ئه‌گه‌ر نه‌خوڵقا خه‌تای رۆمانه یاخود خوێنه‌ر؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح : چێژ له خوێندنه‌وه‌ی رۆمان‌دا وابه‌سته‌ی چه‌ند شتێكه.
+ فه‌زای رۆمانه‌كه: توانیبێتی ته‌ماسێك، له نێوان واقیع و خه‌یاڵدا دروست بكات. له یهكدانی واقیع له خه‌یاڵ خوێنه‌ر ده‌گوێزێته‌وه بۆ ژینگه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی خولقێنراو كه وای لێده‌كات له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و رووداوه‌كانی ناو رۆمانه‌كه‌دا تێكه‌ڵ ببێت، به‌ڵكو ده‌بێت به به‌شێك له رۆمانه‌كه و دنیای پڕ له رۆتینی خۆی به‌جێ ده‌هێڵێت و به مهلهكوتێك ئاشنا ده‌بێت، ئه‌مه‌ش چێژێكی تایبه‌ت به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت، رۆمان ده‌بێ هێزی راكێشانی هه‌بێت بۆ دوورخستنه‌وه‌ی خوێنه‌ر له خوده فیزیكییه‌كه‌ی.
+ ئاماده‌یی خوێنه‌ر بۆ كارلێكردن له‌گه‌ڵ رۆمان‌دا، ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی پچڕ پچڕ رۆمان ده‌خوێننه‌وه تام و چێژ له رۆمان وه‌رناگرن، چونكه ئه‌و جۆره خوێندنه‌وانه ته‌نها باڵه‌ته‌پێ لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات و هێزی فڕینی پێ نابه‌خشێ و ناتوانێت بۆ فه‌زایه‌كی تر به‌رز ببێته‌وه ئه‌م باڵه ته‌پێ به‌رده‌وامه‌ش وه‌ڕسی ده‌كات و گیانی چێژ له خوێندنه‌وه‌دا ده‌مرێنێت، پێویسته خوێندنه‌وه‌ی رۆمان سه‌رو مڕ بیێت و ته‌نها ئه‌و كاتانه ده‌ستی لێ هه‌ڵبگریت كه ده‌ته‌وێ پشوو بده‌ی، یاخود بنویت له‌و بارانه‌شدا رۆحت له‌گه‌ڵ رۆمانه‌كه‌دا ئاوێزانی یه‌كتر ده‌بن و له خه‌وندا بێت یان له بێداریدا له‌ناو رۆمانه‌كه‌دا ده‌ژیت، به‌ڵكو هه‌ندێك كات خۆت لێده‌گۆڕێت به یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو رۆمان و وه‌كو ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌یت.
كوردستا ن راپۆرت: جوانی و باشیی، ناشیرینی و خراپیی رۆمان چۆن ده‌رده‌كه‌ون؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح : رۆمان ژیانه به هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانییه‌وه.
+ رۆمانی باش ده‌توانێت ره‌هه‌نده‌كانی ژیانمان له پۆشاكێكی ئه‌ده‌بی باڵادا بۆ به‌رجه‌سته‌بكات به هه‌موو جوانی و ناشیرینییهكانییهوه.
+ رۆمانی باش رۆمانێكه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كولتوری گه‌ل و نه‌ته‌وه جیاجیاكاندا پێ بكرێت ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌بێت سنوره لۆكاڵییه‌كانی به‌زاندبێت و له‌بازنه‌یه‌كی به‌ریندا خۆی نمایش بكات و مرۆڤبوونی به‌ر له هه‌موو شتێك تهماشاكردبێت …
+ رۆمانی باش وێنه‌یه‌كی تر بۆ ژیان له لای خوێنه‌ر ده‌خولقێنێ و له‌و قاڵب و چوارچێوانه قوتاری ده‌كات كه به به‌رده‌وامی مرۆڤ سنوردار ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له به‌های مرۆڤبوونی كه‌م بكه‌نه‌وه.
+ رۆمانی باش كهڵكهڵهو خولیا لای مرۆڤ دروست ده‌كات و ئاماده‌یی و ئه‌نگیزه‌كانی به‌گه‌ر ده‌خات و ده‌یه‌وێت گۆڕانێك له‌خۆی و ده‌ورووبه‌ریدا سه‌ر هه‌ڵبدات.
كوردستا ن راپۆرت: شیعر و چیرۆك و رۆمانی كوردیی ، تا چ ئاستێك توانیویانه سوودێكی ته‌ندروست له ئه‌ده‌بیاتی جیهانیی وه‌ربگرن و له به‌رژه‌وه‌ندیی (ئه‌ده‌ب) و (داهێنان) ی كلتووری كوردییدا به كاری بهێنن؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح : تا ئه‌م ساته ئه‌ده‌بی كوردی ئه‌ده‌بێكی لۆكاڵییه و نه‌یتوانیوه خۆی بگه‌یه‌نێته ئاستی ئه‌ده‌بێكی جیهانی، ئه‌مه‌ش به‌شێكی بۆ ساده‌یی ئه‌دیبان و به‌شێكی تری بۆ تهفاعول نه‌كردنی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری كوردی ده‌گه‌رێته‌وه له‌گه‌ڵ كه‌ڵچه‌ره جیهانییه‌كاندا ، تاكو هه‌نوكه بزاڤی وه‌رگێڕان و وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه له بارێكی ساده و نزمدایه و ئه‌دیبان و نوسه‌ران به دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بێ‌ئاگان، جا به‌هۆی نه‌شاره‌زایی ئه‌وانه‌وه بێت له‌و زمانانه، یاخود زمانزانن و به زمانی دووه‌م ( second language) ناخوێننه‌وه.
كوردستا ن راپۆرت: دوور له ئه‌ركه‌كانی هه‌ر نووسینێكی باش، جوڵاندن و گواستنه‌وه، واته ئه‌فسوونمان بكا، له هه‌مان كاتیش‌دا دوورمان بكاته‌وه له خۆیشمان، به‌ده‌ر له‌مانه‌ی كه تیشكم خستنه سه‌ریان، چ ئه‌ركێكی دیكه هه‌یه كه بیخه‌ینه ئه‌ستۆی نووسین، به تایبه‌تی (چیرۆك) كه به‌ڕێژه‌یه‌كی ئێجگار كه‌م ده‌خوێنرێته‌وه؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح : بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ت هه‌رئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، رۆمان و چیرۆك جگه له جوڵاندن و گواستنه‌وه، ئاماده‌ییه‌كان ( potential) ده‌ته‌قێنێته‌وه و په‌رده له‌سه‌ر په‌نهانه‌كان لا ده‌دات و مرۆڤ به مرۆڤ ئاشنا ده‌كات.
كوردستا ن راپۆرت: ئه‌گه‌ر به وردیی سه‌رنج له رۆمانه كوردییه‌كان بده‌ین، ده‌بینین به‌شی زۆری كارئه‌كته‌ر و پاڵه‌وانه‌كانیان ئه‌فسانه‌یی و سوپهرمانیین و به‌دوای فریادڕه‌سدا وێڵن؟.
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح : كورد به درێژایی مێژوو به دوای فریادڕهسێكدا گه‌ڕاوه ، فریادڕه‌سێك پارێزگاری له بوون و قه‌واره‌ی بكات، فریادڕه‌سێك ته‌كان و ته‌وژمێكی پێبدات و له ره‌وره‌وه‌ی گه‌لان نزیكی بكاته‌وه، زۆرجار فریادڕه‌س ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه بوون كه ته‌نها پشتیوانێكیان چیا مه‌زنه‌كان بووه، جه‌نگاوه‌ر وێنه‌یه‌كی پیرۆز و ئه‌فسانه‌یی پێ به‌خشراوه. ئه‌دیبانی كورد تاكو هه‌نووكه هه‌ڵگری ئه‌ندێشه‌ی منداڵیین و له بازنه‌ی گه‌ڕان به دوای فریادڕه‌سدا ته‌عبیر له خۆیان ده‌كه‌ن. رۆمانی " گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌رگ "كه‌م، كه ئێستا له‌ژێر چاپدایه، گه‌ڕانه به دوای فریادڕه‌سدا، به‌ڵام مه‌رگ سه‌رئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی.
كوردستا ن رتپۆرت: رۆماننووسه كورده‌كان تا چه‌ند توانیویانه له سایه‌ی گێڕانه‌وه‌دا كه‌ڵك له زمان وه‌ربگرن؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح : رۆماننووسه كورده‌كان كه‌متر توانیویانه له سایه‌ی گێڕانه‌وه‌دا كه‌ڵك له زمان ببینن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له لاوازییه‌كانی رۆمان و چیرۆكی كوردی له‌و مه‌یدانه‌دا، رۆماننووس یاخود چیرۆكنووس، بۆ خۆ قوتاركردن له‌و لاوازی و ته‌نگه‌ژه‌یه، به‌زۆری خۆیان له ژینگه‌یه‌كی سنورداردا به‌ند ده‌كه‌ن و كاره‌كته‌ره‌كانیان سه‌ربه یه‌ك ژینگه و شار و جێگه‌ن، به‌ڵكو زیاتر له‌مه جۆرێك ته‌مه‌ن به‌و كاراكته‌رانه ده‌به‌خشن كه رۆماننوس ئاشنایی له‌گه‌ڵ زمانیاندا هه‌بێت. رۆماننووسێكی شاری كه‌متر ده‌توانێت زمان و سایكۆژلۆژیا و كێشه‌ی گوندنشینه‌كان به‌رجه‌سته بكات، رۆماننووسی لاو كه‌متر گیانێكی پیرانهمان لا به‌رجه‌سته ده‌كات، بۆیه به‌ڕای من رۆماننووسی سه‌ركه‌وتوو كه‌سێكه له ته‌جروبه‌ی ته‌مه‌نه‌وه یاخود به خوێندنه‌وه و رۆشنبیری كه‌ڵه‌كه بوه‌وه ده‌ست بۆ نووسینی رۆمانه‌كه‌ی ببات.
كوردستا ن راپۆرت: زۆر له چیرۆكنووسان روانینیان وه‌هایه كه ژانری چیرۆك پلیكانه‌ی یه‌كه‌مه، مه‌رجه بیبڕی، دوای ئه‌وه نۆڤلێت دێ، دواجاریش رۆمان. ئه‌و هاوكێشه پله‌داره چۆن ده‌بینی؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح : ئه‌و پله‌به‌ندییه بۆ دنیای ئه‌كادیمیا دروسته واته گه‌ر بمانه‌وێت به‌ڕێگه‌یه‌كی ئه‌كادیمی كار بۆ دروستكردنی رۆمانی نووی بكه‌ین، وه‌لێ ئه‌گه‌ر حه‌قیقه‌تت ده‌وێت ئه‌ده‌ب خولقێكی شێتانه و گیانێكی بێ په‌روا و پانتاییه‌كی بێ سنوره.
من به‌ش به‌حاڵی خۆم به‌و پله‌به‌ندییه‌دا گوزه‌رم كردووه و به‌رله نوسینی رۆمانی " گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌رگ " چوار چیرۆك و رۆمانێكی ترم به‌ناوی " كۆمارێك له سێبه‌ر " و سێ كورته چیرۆك و درامایه‌كی ته‌له‌فزیۆنی و دیوانێكی شیعرم ئاماده‌یه كه هیچیانم به چاپ نه‌گه‌یاندووه ، چونكه وام به په‌سه‌ند زانیوه بڵاوكردنه‌وه‌یان بۆ قۆناغێكی تری ته‌مه‌ن دوا بخه‌م ، ئێستاش له‌سه‌ر داوای هه‌ندێك له دۆستان و خانه‌واده‌كه‌م رۆمانی " گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌رگ " م به چاپ گه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر ده‌شپرسی بۆ؟ ئه‌وا رۆمانه‌كه بخوێنه‌ره‌وه وه‌ڵامه‌كه‌ت به‌رچنگ ده‌كه‌وێت.