Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
ورچه‌کانی ئه‌‌ڵمانیا و به ‌ورچیش نه‌بوه‌کانی قه‌ندیل!… د.هه‌ژار مه‌عروف

ورچه‌کانی ئه‌‌ڵمانیا و به ‌ورچیش نه‌بوه‌کانی قه‌ندیل!… د.هه‌ژار مه‌عروف

Closed
by February 2, 2008 گشتی

ڕۆژی 18.01.08 ئه‌نجومه‌نی پار‌ێزگای شاری Nuernberg له‌ ئه‌ڵمانیا بڕیاریدا ئه‌و به‌چکه‌ ورچه‌ سپییه ی 4 به‌خێوکه‌ری  تایبه‌تی ڕۆژانه‌ خزمه‌تیده‌که‌ن ناوی Flocke  ی لێبنێن که‌ به‌ واتای (کولوی به‌فر) دێت. چه‌ند ڕۆژێک پێشتر له‌ هه‌مان باخچه‌ی ئاژه‌ڵدا ورچه‌دایکێکی تر دو به‌چکه‌ی تازه‌زاوی  خۆی خوارد و ئه‌م ڕوداوه‌  له‌ میدیا ئه‌ڵمانی و جیهانییه‌کانا گرنگیی زۆری پێدرا و ویژدانی ملێۆنه‌ها  ئه‌ڵمانی هه‌ژاند . بۆ دوباره نه‌‌بونه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ساته‌ حه‌یوانییه‌ ی خه‌ریکبو مودیری   هه‌مان باخچه‌ی ئاژه‌ڵی له‌سه‌ر ده‌ربکرێت، Flocke له‌دایکی سه‌ندرایه‌وه‌ تا له‌ مه‌ترسیی خورانی له‌مه ڕ دایکی خۆیه‌وه‌ ڕزگاربکرێت و به‌ ناز و نیعمت له‌ لایه‌ن 4 پسپۆڕی تایبه‌تیی حه‌یوان به‌خێوکردنه‌وه‌ گه‌وره‌بکریت.  هه‌واڵی ئا ئه‌م ورچانه‌‌ بوبه‌ سه‌رتۆپی میدیا جیهانییه‌کان له‌ یابانه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مریکا.  له‌ هه‌مان ڕۆژی 18.01.08 دا نزیکه‌ی 40 ڕۆژنامه‌نوسی ڕچه‌شکێنی خاوه‌ن هه‌ڵوێست  له‌ شاری سله‌یمانیی هه‌ڵمه‌ت وقوربانییه‌وه‌ به‌ڕێده‌که‌ون به‌ره‌و بناری قه‌ندیل بۆ شکاندنی ڕچه‌ی به‌سته‌ڵۆکی هه‌ست و شعوری ئه‌و ئابلوقه ‌یه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ دانراوه‌  که‌ ڕاسته‌وخۆ بۆته‌ هۆی  ئابلوقه دانی ‌چه‌ند هه‌زار  پێشمه‌رگه‌یه‌کی (هێزی پاراستنی گه‌ل) ی سه‌ر به‌ (په‌که‌که‌) ، ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ سه‌رده‌قشکێن و به‌ڕومه‌تانه‌  به‌و چالاکییه‌ ساده‌ و ساکار و ئاشتیخوازانه‌یان ‌ ده‌یانویست ده‌نگ و ڕه‌نگی چه‌ند هه‌زار ئینسانێک که‌ زۆربه‌یان کو‌ردن و له‌ ژێر ئاگری تۆپ و ته‌یاره‌ی شۆڤێنیی بێبه‌زه‌یی ده‌وڵه‌تی تورکا و له‌ ناو (دۆزه‌خی سپیی) به‌فر و سه‌رما و له  برسێتیی ناو شا خی ڕه‌ق و ته‌ق و کڕێنی قه‌ندیلا ده‌ناڵێنن ، به‌ڵێ ! ئه‌و40 ئینسانه‌   ده‌یانوست ده‌نگ و ڕه‌نگی ئه‌م ‌چه‌ند هه‌زار  ئینسانه‌ ،  وه‌ک ده‌نگ و ڕه‌نگی ورچه خوراو و نه خوراوه‌‌‌کانی  Nuernberg  بگه‌یه‌ننه‌ ناوه‌وه‌ی کوردوستان و هه‌مو دونیای له‌ ئاست ئێش و ئازاره‌کانی  کوردا و به‌ تایبه‌تی کوردی تورکیا که‌ڕ و نابینا. ته‌ماشاکه‌ن  چ سه‌یرێکه‌: کاربه‌ده‌ستانی کوردی ‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان ڕێ به‌ ڕۆژنامه‌نوسه‌کان ده‌گرن و ناهێڵن ئه‌و ئه‌رکه پیشه‌یی ــ ڕۆژنامه‌گه‌ری و  مرۆڤدۆستی و نه‌ته‌وه‌ییه‌‌ پیرۆزه‌ ، که‌ ده‌بوایه‌ خۆیان له‌مێژه‌ بییانکردایه‌  یان هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا  ئابلوقه‌که‌یان نه‌خستایه‌ته‌ سه‌ر قه‌ندیل، ئه‌نجام بده‌ن.
مافه‌کانی مرۆڤ که‌ له‌  حوکومه‌تی هه‌رێم دا وه‌زاره‌تێکی بۆ دانراوه‌، به‌ پێی قانون و بڕیارنامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ــ که‌ هه‌رێمیش دانیپێداناون‌ ــ مافی universal  و سه ر‌تاسه‌ری و هه‌مه‌گیر و هه‌رده‌م (کات) و هه‌رشوێنن، به‌ واتای ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێت له‌ پێناو و بۆ خێر و خۆشیی  هه‌مو مرۆڤه‌کانی ئه‌م دونیایه به‌کار بهێنرێت، ‌ به‌ باش و جاش و شۆڕشگێڕ و تیرۆریسته‌کانیشه‌وه‌. تۆپ و ته‌یاره‌کانی تورکیا شیرینی و پێخه‌ف و ده‌رمان نابارێنێت به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌کانی په‌که‌که‌ دا. به‌هۆی ئه‌م  ئابلوقه‌یه‌وه‌  ئێمه مانانی ــ سوپاس بۆخوا ده‌روه‌ی ئه‌م گه‌مه‌ کڕێش و پۆخڵه‌ ی سه‌واو موعامه‌له‌ی سیاسه‌تی کوردی و ئه‌مریکی و تورکی و عێراقیه‌وه‌ ــ ڕاستیی قوربانیه‌کانی ئه‌و بۆمبابارانه‌ی هێشتا هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌، نازانین . ئیمڕۆ 20.01.08 له‌  سله‌یمانیی ناوجه‌رگه‌ی ژین و ژیار 6 که‌س له‌ سه‌رما و سۆڵه‌ ڕه‌قبونه‌ته‌وه‌ ، ده‌بێت ڕه‌وش و باری ته‌ندروستیی ئینسانه‌کانی په‌که‌که‌ له‌ قه‌ندیلی هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ ساردتر له‌ سله‌یمانی ، له‌ قه‌ندیلی  ده‌ره‌وه‌ی ژین و ژیار!  له‌ قه‌ندیلی ژێر ئابلوقه‌ی حوکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان چۆن بێت ؟ که‌ دیمه‌نی چاوی له‌ برسان به‌قوڵاچوی ئه‌وان و دیمه‌نی ئاهوناڵه‌ی برینداره‌ بێ ده‌رمانه‌کان و له‌سه‌رما هه‌ڵله‌رزیوه‌کانیان و دیمه‌نی په توه‌‌ شڕ و چڵکنه‌کانی ژێر چادره تاریکه‌کانی ئه‌وانی گوڵبژێرو پێشڕه‌وی خوشک و براکانی باکوری به‌ زۆر به‌ تورکیاوه‌ به‌ستراو دێنمه‌وه‌ پێش گوێ و  چاوی خۆم ، ته‌زو و موچڕکه‌یه‌کی ساردی بێ به‌زه‌یی سه‌رتاپای  بڕبڕه‌ی ‌ پشتم داده‌گرێت و ئه‌و ڕۆژه‌ لێکچوانه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیی ناو یه‌کێتیی نیشتمانیی خۆمم دێته‌وه‌ یاد . له‌و سه‌رده‌مه‌ دا من و دوکتۆره‌ کانی تری ( ی ن ک) گه‌لێک جار   ناچارده‌بوین  برینداره‌ کانمان بنێرینه‌ ئێران. من هیوادارم  بازنه‌ی ئه‌م ئابلوقه دۆزه‌خییه‌ی دژی‌سه‌ره‌تاییترین‌ مافه کانی مرۆڤ ‌ درێژ نه‌بوبێته‌وه‌ بۆ سه‌ر پێداویستیه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ئینسانه‌کانی ناچارکراون  له‌ قه‌ندیل بمێننه‌وه‌
( هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بڵێم له‌ قه‌ندیل ده‌ژین!)، به‌و واتایه‌ی که‌ به‌ساڵاچوه‌کانیان و بریندارو نه‌خۆشه‌کانیان و لاواز و که‌نه‌فته‌کانیان بێ‌ هیچ مه‌رج و ئه‌ملاولایه‌ک و به‌ ڕێز و حورمه‌تی شایسته‌ی  ئینسانه‌وه‌ پێشوازیان لێبکرێت و کێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی ژیانیان ده‌موده‌س چاره‌سه‌ربکرێن و پاشان لێگه ڕێن بۆ کوێ ده‌چن با بچن.
من دڵنیام  جگه‌ له‌ تورکیا،  نه‌ ئه‌مریکا ، نه‌ عێراق و نه‌ هیچ ده‌وڵه‌تێکی تری ئه‌م دونیایه‌‌ به‌رانبه‌رهه‌ڵوێستێکی ئاوای گونجاو له‌گه‌ڵ ڕێکه‌وتننامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌‌کانی مافی مرۆڤ ،نه‌ک هه‌ر  ڕه‌خنه‌ی جیددی  له‌ حوکومه‌تی هه‌رێم ناگرن، به‌ڵکو لێپرسراوانی هه‌رێم ده‌توانن شانازی به‌ هه‌ڵوێستێکی مۆدێرن و مه‌ده‌نیی ئاوا  ڕند و خوێنگه‌رمه‌وه‌ بکه‌ن. له‌ قانونی ئه‌ڵمانیدا به‌ندێک هه‌یه‌ که‌ مرۆڤ ناچار ده‌کات کۆمه‌کی مرۆڤه‌کانی تربکات و له‌کاتی ته‌نگانه‌دا به‌هانایانه‌وه‌ بێت و فریایان بکه‌وێت ، ئه‌گه‌ریش به‌سه‌ریه‌کێکدا سه‌لما که‌ ئاگاداری ته‌نگانه‌ی مرۆڤه‌که‌ی تر بوه‌ و به‌ڵام فریای نه‌که‌وتوه‌ ، ئه‌وا توشی لێپرسینه‌وه‌ی قانونی ده‌بێت و داواکاری گشتی که‌ نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ته‌ سکاڵا له‌ دژی تۆمار ده‌کات. ئه‌گه‌ر به‌ندێکی ئاوا له‌ قانونی هه‌رێم یا قانونی عێراقیدا هه‌بێت ، ئه‌وا له‌کاتی پیاده‌نه‌کردنیدا به‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌کانی په‌که‌که‌ ، حه‌قیه‌تی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ڕێکخراوه‌ ناده‌وڵه‌تییه‌کان NGOs سکاڵایه‌کی به‌کۆمه‌ڵ له‌ دژی حکومه‌تی عێراق و هه‌رێمی کوردوستان بده‌نه‌ به‌رزترین دادگا له‌ کوردوستان و عێراق. ئه‌گه‌رقانونێکی ئاوا نه‌یشبێت، ئه‌مه‌ یاسای سروشتیی مرۆڤه‌ نه‌ک هه‌ر به‌رانبه‌ر به‌ مرۆڤ به‌ڵکو به‌رانبه‌ر به‌ حه‌یوانه‌ ماڵیه‌کانی که‌ له‌گه‌ڵی ده‌ژی! خۆ ئه‌گه‌ر سه‌ره‌ڕای پێشێلکردنی ئه‌م قانو نه‌  به‌  ئه‌نجامنه‌دانی فریاکه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ نه‌خۆش و بریندار و برسی و سه‌رمابرده‌ ‌کانی  په‌که‌که‌ ، حکو‌مه‌تی هه‌رێم  شوڵی لێهه‌ڵکێشا و قه‌ده‌غه‌ی ئه‌وانه‌شی   کرد که‌  له‌به‌رهه‌رهۆیه‌ک بیت ده‌یانه‌وێت به‌ هانا و فریای  په‌ککه‌وته‌کانی په‌که‌که‌وه‌  بچن، ئه‌وا ئه‌م حوکومه‌ته‌ خۆی دو ‌جار تاوانبارده‌کات.
 من ئا وای ده‌بینم :‌ له‌غاوی ئێستره‌ دزێو و  چه‌موشه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی تورک له‌ده‌ ست ئه‌مریکایه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا نه‌بوایه‌ له‌ مێژبو تانک و زرێپۆشی تورکیا به‌ ڕاسته‌ ڕێکاندا هاتبونه‌ هه‌رێم و باڵه‌فڕه‌ جه‌نگیه‌کانیان شاره‌کانی کوروستانیان بۆمباران کردبو. که‌واته‌ به‌ ‌ یارمه‌تی نه‌دانی ئینسانیی قه‌ندیلنشینه‌کان و ئا‌بڵوقه‌ خستنه‌ سه‌ریان  به‌هانه‌ و بیانو له‌ ‌ ده‌ست تورکیا ده‌رناهێنین و هیچ ، هه‌ر هیچ له‌ هه‌ڵوێستی دوژمنانه‌ی تورکیا به‌رانبه‌ر کورد له‌ هه‌رکوێ بێت به‌ هێنده‌ی موویه‌ک ناگۆڕیت. کاتی خۆیشی (چه‌مبه‌رلین) ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و( مۆلۆتۆڤ) ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیی سۆڤیه‌تی جاران بۆ خۆپاراستن  له‌ گه‌ڕ و گێچه‌ڵی (هێتله‌ر)بڕێک کوڕنوش و ته‌نازول و چۆکدادانیان بۆکرد و هیچ دادیشی نه‌دان و هێتله‌ر هه‌ر شه‌ڕی خۆی له‌گه‌ڵ کردن.
بۆیه‌ من ئه‌م پێشنیازه‌ ده‌که‌م: ئه‌رکی مرۆڤایه‌تی و سروشتی و پزیشکی و ئیسلامه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی کوردی عێراقه به‌ حوکومه‌ت و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ( ڕێکخراوه‌کانی ژنانیش نابێت له‌بیرخۆیان به‌رنه‌وه‌ که‌ نزیکه‌ی له‌ هه‌ر 3 پێشمه‌رگه‌ی په‌که‌که‌ یه‌کێکیان ژنه‌!)  و مزگه‌وته‌کان و کلێساکان و نه‌خۆشخانه‌کان و دوکتۆرو برینپێچه‌کان و مرۆڤه‌ تاکه بۆ مافی مرۆڤ دڵ و ده‌رون گه‌رمه‌کان ، که‌ به‌شداربن له هه‌رچی زوتر‌ دروستکردنی چه‌ند بنکه‌ یه‌کی  پۆشته‌ و په‌رداخ  به‌ هه‌مو که‌ره‌سه‌ مۆدێرنه‌کانی فریاکه‌وتن و چاره‌سه‌رکردنی بریندار و نه‌خۆش و برسی و سه‌رمابردو و که‌مخۆراک و هتد… له‌ چه‌ند شوێنێک دا به‌ درێژایی سنوره‌کان له‌ بادینانه‌وه‌ هه‌تا قه‌ندیل . ‌هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی په‌که‌که ش ‌  ڕێک و ڕه‌وان و بێ په‌رده‌پۆشی  له‌ بون و ناونیشانی ئه‌م بنکانه‌  ئاگادار بکرێنه‌وه‌ تا په‌ککه‌وته‌کانی خۆیانی بۆ بنێرن، به‌ کارێکی ئاوا سه‌ربه‌رزییه‌کی دیرۆکی مه‌زن  بۆ خۆمان تۆمار ده‌که‌ین نه‌ک هه‌ر لای خۆمان به‌ڵکو لای هه‌مو ئه‌و  که‌سایه‌تی و  ده‌وڵه‌تانه‌ی که‌ ڕێز له‌ مافی مرۆڤ ده‌گرن .

20.01.2008
hajarmaroof@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.