كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی تیوری قه‌یرانی ئابووری له‌لای ماركس….1
كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی تیوری قه‌یرانی ئابووری
له‌لای ماركس
خه‌سره‌و سایه
Saya.xasraw@yahoo.co.cukبه‌شی یه‌كه‌م:
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی "قه‌یرانی دارایی" لهئهمریكاو جیهانی بوونه‌وه‌ی، ناوی ماركس له‌پانتاییه‌كی فراواندا كه‌وته‌وه سه‌رزای ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و له‌لایه‌ن گه‌لێك نوسه‌ر و لێكۆڵیاری سیاسی وئابوورییه‌وه ئاماژه‌ی پێكرایه‌وه. دیاره ئه‌مه به‌و هۆیه‌وه‌یه كه‌ماركس وه‌ك بیرمه‌ندێكی كه‌م وێنه وخاوه‌ن تیورێكی مونسه‌جم ویهكپارچهی زانستییه له‌مه‌یدانی ڕه‌خنه‌گرتن له‌ئابووری سه‌رمایه‌داریدا. له‌م ووتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین خستنه‌ڕوویه‌كی كورتی تیوری ماركس سه‌باره‌ت به‌قه‌یرانی ئابووری، باس لێوه بكه‌ین وهه‌مووان به‌ڕاده‌یه‌كی هه‌رچه‌ند كه‌میش بێت به تیورییه ئابوورییه‌كانی ئه‌و له‌مه‌ڕقه‌یرانی ئابووری له‌ڕژێمی سه‌رمایه‌داری ئاشنا بكه‌ین.
به‌لام له‌به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م ووتاره‌دا وله‌سه‌ره‌تادا بۆ تێگه‌یشتن له‌ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه به‌پێویستی ده‌زانین ئاماژه‌یه‌كی گشتی به‌تیوری ئابووری ماركس و ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه‌په‌یوه‌ندیان به‌قه‌یرانی ئابووریه‌وه هه‌یه بخه‌ینه‌ڕوو.
تیوری ئابووری ماركس وه‌ك زانستێك:
ئه‌گه‌ر تشارڵزداروین له‌مه‌یدانی ڕه‌چه‌ڵه‌ك ناسی جۆره‌كانی زینده‌وه‌ره‌وه به‌تیوری "كێشمه‌كێش له‌پێناو مانه‌وه‌دا" گه‌یشتبێ و"شانه‌ی زیندوو"ی وه‌ك یه‌كه‌یه‌ك له سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ره‌تاكانی ژیانی زینده‌وه‌رانی دۆزیبێته‌وه وبه‌م هۆیه‌شه‌وه بناغه‌ی زانستی بایۆلۆژی داڕشتبێت، ئه‌گه‌ر ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین له‌بوواری مادده‌و دۆخه‌كانی جوڵه وپێكهاته ناوهكیهكانیدا به‌تیوری ڕێژه‌یی وگۆڕان لهجۆووڵهوه بۆ ووهزه، گه‌یشتبێ و شۆڕشێكی له‌زانستی فیزیادا به‌رپاكردبێت، ئه‌وا كارڵ ماركس به‌دۆزینه‌وه‌ی تیوری چه‌وسانه‌وه و سه‌رچاوه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون له‌كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخدا، توانی بناغه‌كانی زانستی ئابووری دابڕێژێ وبه‌م كاره‌شی ناوی خۆی له‌پاڵ زانست ناسانی جیهاندا جێگیر بكات. له‌مه‌ش زیاتر ماركس به ڕه‌خنه‌گرتن لهتیورو باوه‌ڕی كه‌سایه‌تیه ناوداره‌كانی سه‌رده‌می خۆی له‌وانه ئاده‌م سمێس ودیڤید ڕیكاردۆ، وجۆن ستیورات میل، توانی پێكهاته‌كانی سیسته‌می ئابووری سه‌رمایه‌داری (كالا، دراو، سه‌رمایه، به‌ها، پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان، بازرگانی، ده‌وڵه‌ت..) شیبكاته‌وه و له‌ڕه‌وتێكی مێژوویدا قانونمهندی سه‌رهه‌ڵدان وگه‌شه‌و پاشان قه‌یرانه‌كانی سه‌رمایه‌داری بناسێنێ و ناكۆكیه ده‌روونیه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه دابڕێژێته‌وه.
ماركس له‌ناسینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبووندا، چه‌مكی سامان، له‌چه‌مكی داهات جیاده‌كاته‌وه وئاماژه به‌وه ده‌كات كهسامان بوونێكی فیزیكی وسروشتیانهی هه‌یه. یانی سروشت خۆی له‌خۆیداو له‌شێوه خاوهكهیدا، سه‌رچاوه‌ی هه‌موو سامانێكی كۆمه‌لایه‌تییه. له‌وانه ده‌كرێ بڵێین كه سروشت سه‌رچاوه‌ی، ئاو ووزه، كانزاو وته‌نانه‌ت هێزی مرۆیی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سروشتی وبه‌شێك له‌سروشت ئاماده‌یه. به‌لام داهات كرده‌یه‌كی كۆمهلاتییه و لهپڕۆسهیهی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌لایه‌تیدا به‌ده‌ست دێت. پڕۆسه‌یه‌ك كهئینسانهكان به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆیان هه‌ڵیان بژاردبێت تێی ده‌كه‌ون وله‌ده‌وری هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ده‌چنه په‌یوه‌ندێكی ئابووری وكۆمه‌لایه‌تی وسیاسی وئایدۆلۆژی وته‌نانه‌ت یاسایی و كه‌لتورییه‌وه. له‌م پڕۆسه‌یه‌شدا ئینسانه‌كان له‌ڕێگای ئه‌قڵ وبیرو ئه‌زموونه‌وه وبه به‌كارهێنانی هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان سامانی سروشت ده‌گۆڕن به‌داهاتی كۆمه‌لایه‌تی كه‌دواتر ئه‌م داهاته له دابه‌شبوونه‌وه‌ی خۆیدا به‌سه‌ر به‌شه كۆمه‌لایه‌تیه‌كاندا دابه‌ش ده‌بێت وئینسانهكان له‌قه‌واره‌ی چینه كۆمهلایهتییهكاندا ڕێژه‌یه‌ك له‌و داهاته‌یان به‌نسیب ده‌بێ. به‌لام دیاره دابه‌شبوونه‌وه‌ی داهاتی كۆمه‌لایه‌تی به‌رهه‌مهاتوو له‌كرده‌ی به‌رهه‌مهێناندا، كارێكی ڕیازی وئه‌خلاقی نییه، بگره پڕۆسه‌یه‌كی ئالۆزه وچه‌ندین فاكتۆری سیاسی ویاسایی و ته‌نانه‌ت ئایدۆلۆژی و فه‌رهه‌نگی تێیدا حوكم دهكاو ڕۆژانه‌و سات له‌دوای سات كێشمه‌كێشه مرۆیی وچینایهتییهكان ئاڕاسته ده‌بێت بۆێ. به‌لام ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ماركس له‌پڕۆسه‌ی گۆڕینی سامان بۆ داهاتدا پێداگری له‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌وه‌یه كه‌دابه‌ش كردنه‌وه‌ی داهات به‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندان وههژاراندا، به‌سه‌ر كرێكاران و سه‌رمایه‌داراندا، له‌هه‌موو سیسته‌مه ئابوورییه‌كاندا وبهتایبهتیش له‌سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا، له‌سه‌ر دزینی ڕه‌نج و میحنه‌ت و هێزی كاری به‌شێكی كۆمه‌ڵگا ڕاوه‌ستاوه وههرئهمهش ده‌بێته بناغه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ئینسان له‌لایه‌ن ئینسانه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌مه بناغه‌ی ناعادیلانه بوونی هه‌موو سیسته‌مه چینایه‌تی وئابووریهكانه كه‌تێیدا كهمایهتییهكی كه‌م له‌كۆمه‌ڵگا به‌هۆی خاوه‌ندارێتیانه‌وه بۆ ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان زۆرینه‌ی زۆری داهاتی كۆمهلایهتیان له‌ده‌ستدا خڕ ده‌بێته‌وه وبه‌بێ ئه‌وه‌ی خۆیان ماندووبكهن وزه‌حمه‌ت بكێشن ژیانێكی پڕلهنازو نیعه‌ت وفیرعهونی به‌ده‌ست دێنن، كه‌چی له‌ولاشه‌وه كرێكاران وزه‌حمه‌تكێشان كه‌زۆرینه‌ی پێكهاتی ئینسانی كۆمه‌ڵگا دیاری ده‌كه‌ن و ڕۆژ تائێواره زه‌حمه‌ت وماندوویی ده‌كێشن و ته‌مه‌نی خۆیان له‌به‌رهه‌مهێنانی كۆمهلایهتییدا سه‌رف ده‌كه‌ن، كه‌چی هه‌میشه هه‌ژار وده‌ست كورتن وسفرهیان خاڵیه‌و موحتاجی بژیوی و ساوپهنایهكن بۆ ژیانكردن.
به‌لام ماركس له‌م ڕاستیه ساده‌یه‌وه له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی چینی كرێكار‌و هه‌ژاری كۆمه‌ڵگاوه ده‌ست ده‌كات بهشیكارێكی زانستیانه له‌مه‌ڕ بونیاده‌كانی ئابووری سه‌رمایه‌داری و یاساكانی داده‌ڕێژێته‌وه وسه‌ره‌نجامیش ڕه‌خنه‌ی خۆی له‌م سیسته‌مه ده‌خاته‌ڕوو. وه‌له‌م نێوه‌شدا ڕۆلی كرێكاران وه‌ك گۆڕههڵكهنی ئه‌م سیسته‌مه ده‌ناسێنێ. ته‌نانه‌ت له‌هه‌وڵه شیكاریه‌كانی ماركسدا بۆ ڕژێمی سه‌رمایه‌داری ئه‌و كلیله زانستیه‌ش ده‌داته ده‌ست كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری كه‌بتوانێ ماك وبونیادهكان وڕه‌وتی گه‌شه‌و سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌كان وسیسته‌مه ئابوورییه‌كانی پێش سه‌رمایه‌داری بناسێنێ و ماهیه‌تیان بخاته‌ڕوو. ئه‌م ڕاستیه‌ش له‌ووته به‌ناوبانگه‌كه‌یدا به‌ته‌واوی به‌رجه‌سته‌یه، كاتێك ده‌ڵێت:
" ئاناتۆمی ئینسان ڕێگایه‌كه بۆ ئاناتۆمی كردنی مه‌یمون".
به‌لام ماركس له‌هه‌وڵه شیكارییهكانیدا بۆ ئابووری سه‌رمایه‌داری وداڕشتنه‌وه‌ی تیوریه‌كانی پشتی به‌ستووه به میتۆدی ماتریالیزمی دیاله‌كتیكی وسه‌ره‌نجامیش ڕێبازێكی شیكاری بۆ ئابووری سیاسی به‌ده‌سته‌وه ده‌دات. كه‌وایه ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕیبازه چییه؟
میتۆدی شیكاری ماركس بۆ ئابووری سه‌رمایه‌داری لهتهجریدكردن وسه‌رنجدان لهكالا وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی بناغه‌یی ئابووری سه‌رمایه‌داری كه‌خۆی هه‌ڵگری به‌های به‌كاربردن وبه‌های ئاڵوێر پێكردنه، ده‌ستپێده‌كا و لێره‌شه‌وه بهڕاستییهكانی ئابووری سه‌رمایه‌داری وناكۆكیه ده‌روونییه‌كانی ده‌گا. به‌ووته‌ی خۆی "هه‌ڵهێنجانی دلۆپێك ئاو له‌ده‌ریا، ده‌توانرێ به‌هه‌مان تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خودی ئاوی ئه‌و ده‌ریایه بگه‌یت".
له‌ڕوانگه‌ی ماركسه‌وه مه‌یل وئاره‌زووی سه‌رمایه بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانج و دووباره به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی زۆرتری قازانج، یه‌كێكه لهخاسیهته جیانهبوهوهكانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری كه‌سه‌ره‌نجام له‌ڕه‌وتی چه‌قبه‌ستن و گه‌وره بوونه‌وه وكهڵهكهبوونیدا حوكمی مه‌رگی خۆی به‌رهه‌مدێنێ.
ماركس هه‌وڵیدا تائه‌و ڕاستیه بسه‌لمێنێ كه سه‌رمایه‌داری ڕژێمێكی ئه‌به‌دی وهه‌تاهه‌تایی نییه‌و تاسه‌ر له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌دا نییه، به‌ڵكه ده‌ورانێك ڕووله ڕاوه‌ستان و ده‌ورانێكی تر ڕوو له‌قه‌یرانه چارههڵنهگرهكانی خۆی دهكاو سه‌ره‌نجام مل بۆ بنبه‌ست ونابوودی خۆی ده‌نێ. بهواتایهكیتر ڕه‌وتێكی سروشتی سه‌رهه‌ڵدانی ناكوكیه ده‌روونیه‌كانی ئه‌م ڕژێمه سه‌ره‌نجام چاره‌نووسی سه‌رمایه دیاری ده‌كا، سه‌ره‌كی ترینی ئه‌م ناكۆكیانه‌ش ناكۆكی نێوان سروشتی كۆمه‌لایه‌تی به‌رهه‌مهێنان و به‌كاربردنی هێزی كاره بۆ به‌رهه‌مهێنانی زێده‌بایی له‌گه‌ڵ موڵكدارێتی تایبه‌تی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێناندا. خودی هه‌رئه‌م ناكۆكیه‌یه كه‌سه‌ره‌نجام گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌و سه‌رمایه‌داری به‌بنبه‌ست و مه‌رگدا ده‌كێشێ وزه‌نگی كوتایی هاتنه‌كه‌شی ده‌كوتێ.
ماركس له‌ئه‌نجامی سه‌رنجدانی زۆری لهكالا سنوری "یاسای به‌ها"ی ڕێكاردۆی تێپه‌ڕاند و"یاسای زیده‌بایی" كه سه‌رچاوه‌ی چه‌وسانه‌وه ودهوڵهمهندبوون و كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه‌و سامانی سه‌رمایه‌دارانه گه‌یشت و سه‌ره‌نجام ئه‌و پێناسه‌یه‌ی بۆ ئابووری سه‌رمایه‌داری كرد كه‌بریتییه له پڕۆسه‌ی یه‌كیتی نێوان به‌رهه‌مهێنان و ئالۆوێری كۆمه‌لایه‌تی كه‌له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌رهه‌مهێنانی زیده‌بایی ڕاوه‌ستاوه، بهواتایهكیتر ئابووری سه‌رمایه‌داری بریتییه له‌به‌رهه‌مهێنانی كالا و زیده‌بایی. ئه‌مه‌ش به‌ومانایه دێت كه‌سه‌رچاوه‌ی قازانج وكهڵهكهی سه‌رمایه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، بۆ ئه‌وبه‌شه له‌سه‌رمایه ناگه‌ڕێته‌وه كهلهبووارهكانی بازرگانی (یانی سه‌رمایه‌ی تیجاری) و بانك (یانی سه‌رمایه‌ی مالی) و عه‌قارات دا وه‌گه‌ڕخراون، به‌ڵكو ئه‌وه سه‌رمایه‌ی پیشه‌سازیه كه‌له به‌رهه‌مهێنانی كۆمهلایهتییدا ئاڕاسته‌یه بۆ به‌كاربردنی هێزی كاری كرێكاران وبه‌رهه‌مهێنانی كالایی. وهلێرهشهوه ئه‌و به‌شه لهزیدهبایی به‌رهه‌م هاتوو له‌پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌لایه‌تیدا، خۆی ده‌گوازێته‌وه بۆبهشهكانی سه‌رمایه وبه‌شێوه‌ی "سود" و"ریع" و"قازانجی بازرگانی" ده‌بێته داهات بۆ به‌شه جیاجیاكانی سه‌رمایه‌داران. بناغه‌ی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ی ماركس ئه‌و باوه‌ڕه پێكدێنێ كهقهیرانی ئابووری سه‌رچاوه‌كه‌ی لهبهرههمهێناندایه نه‌ك له‌به‌شه‌كانی تری وه‌ك بانك وبازرگارنی وعه‌قارات. به‌لام بۆ تێگه‌یشتن لهتیوری قه‌یران له‌لای ماركس پێویسته له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ندی چه‌مكی ئابووری له‌ده‌زگای فیكری ماركسدا ڕۆشن بكه‌ینه‌وه.
پێناسه‌ی چه‌ند چه‌مكێك لهتیوری ئابووری ماركسدا:
سه‌ره‌كی ترینی ئه‌و چه‌مكانه‌ی كهلهتیوری قه‌یرانی ئابووری ماركسدا به‌كاردێن وپێویسته لێره‌دا له‌سه‌ریان ڕاوه‌ستین ئه‌مانه‌ن:
سه‌رمایه‌ی نه‌گۆر: به‌و به‌شه له‌سه‌رمایه ده‌وترێت كهخهرج كراوه بۆدابینكردنی ئاله‌ت ومهكینهو پێداویستیه‌كانی تر كهبهكاردێن له‌پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا. ئه‌م به‌شه له‌سه‌رمایه بۆیه پێی ده‌وترێت نه‌گۆڕ چونكه به‌های خوی به‌شێوه‌یه‌كی شێنه‌یی و به‌به‌رده‌وامی وه‌ك خۆی به‌ش به‌ش له‌پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا ده‌گوێزێته‌وه بۆ نرخی كالا به‌رهه‌مهاتووه‌كان. بهواتایهكیتر سه‌رمایه‌ی نه‌گۆڕ هه‌میشه له‌به‌رده‌م داخوران و دووباره تازهكردنهوهدایه، به‌بێ ئه‌وه‌ی گۆڕانێك به‌سه‌ر نرخهكهیدا بێت سه‌رمایه‌داران پێبهپێی به‌رهه‌مهێنانی كالاكان به‌شێكی ده‌باته نرخی ئه‌و كالایانهوه كهبهرههم هاتووه وبه‌م جۆره‌ش بزربوونی خۆی ده‌پارێزێت و به‌های خۆی وه‌ك خۆی دووپات ده‌كاته‌وه.
سه‌رمایه‌ی گۆڕاو: به‌و به‌شه له‌سه‌رمایه ده‌وترێن كه‌به‌شێوه‌ی كرێ له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دارانه‌وه ده‌درێت بهكرێكاران له‌بری كارێكی دیاریكراودا و بۆماوه‌یه‌كی دیاری كرا‌و. ئه‌م به‌شه له‌سه‌رمایه بۆیه پێی ده‌وترێت گۆڕاو چونكه له‌به‌رامبه‌ر نرخی هێزی كاردایه وله‌ژێر چه‌ندین كاریگه‌ریدا به‌رده‌وام كه‌م و زیاد ده‌كات. نرخی هێزی كار له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا له‌ژێر كاریگه‌ری یاساكان وكاری تهخسووسی و شاره‌زایی و خه‌باتی چینایه‌تی و ئاستی بژێوی چینی كرێكاردا كه‌م و زیاد ده‌كات. به‌لام سه‌رمایه‌ی گوڕاو بۆیه له‌لایه‌ن ماركسه‌وه پێناسه‌ی "گۆڕاو" ی بۆكراوه جگه‌له و پێناسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه هاوكات له‌پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا ڕێژه‌كه‌ی ده‌چێته سه‌ره‌وه، واته سه‌رمایه‌یه‌ك كهلهشێوهی كرێ دا له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دارانه‌وه بۆكڕێنی هێزی كار ده‌درێ بهكرێكاران، به‌هایه‌كی زیاتر له‌خۆی ده‌خاته سه‌ر ڕێژه‌ی ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ی به‌كارهێنراوه بۆكڕێنی هێزی كار. كه‌ماركس بهزیدهبایی ناوی لێده‌نێت.
زیده‌بایی: ههرسهرمایهدارێك له‌پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا بڕێك له‌مه‌وادی سه‌رتایی (بۆنمونه خوری) وئامڕازهكانی به‌رهه‌مهێنان وگواستنه‌وه و ووزه و شوێنێك (كارگه) بۆكاركردن به‌كاردێنێ. به‌لام بۆئه‌وه‌ی له‌پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، ئه‌م پێكهاتووانه بگۆڕی بۆكالایهكیتر- بۆنمونه خوری بگۆڕێ به پۆشاك – پێویستی بهقهوارهیهك له‌هێزی كار‌و به‌كارخستنی كرێكارانه. له‌پاش ئاماده‌بوونی ئه‌م هۆكارانه كالایه‌ك دێته كایه‌وه كهسهرمایهداران به‌نرخێكی زیاتر له‌نرخی تێچووی له‌بازاڕدا ده‌یفرۆشیته‌وه و به‌م جۆره‌ش بڕێكی زیاده ده‌ستگیر ده‌كات. ماركس به‌م بڕه زیاده‌یه ده‌ڵێت "زێده‌بایی". با لههاوكێشهیهكی حسابیدا كه‌مێك زیاتر نهێنی ئه‌م بڕه زیاده‌یه ڕوونبكه‌ینه‌وه:
با وادابنێین لهنمونهكهی سه‌ره‌وه‌دا سه‌رمایه‌دارێك بڕی 10 دۆلاری بۆكڕینی مه‌وادی خاو، یانی خوری وڕێژهیهك بۆنرخی ئامڕازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان وكرێی كارگه‌و تێچووی گواستنه‌وه وپێویستییهكانیتر سه‌رفده‌كات و له‌بری 8 سه‌عات كاری ڕۆژانه‌ی كرێكارێكیشدا 3 دۆلار خه‌رج ده‌كات و به‌م جۆره‌ش كۆی گشتی مه‌سروفاتی سه‌رمایه‌داره‌كه ده‌كاته 10+3 =13 دۆلار. به‌لام كاتێك له‌پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا خورییه‌كه ده‌گۆڕێ بۆكالایهكیتر له‌وانه به‌پۆشاكێك و دواتر ده‌برێته بازاڕی فرۆشتنه‌وه ده‌بینین به‌نرخێكی زیاتر فرۆشراوه، بۆنمونه 16 دۆلار. لێره‌دا ده‌بینین زیاده‌یه‌ك له‌چاو كۆی تیچووی كالاكه به‌رهه‌م هاتووه(16-13=3 دۆلار). نهێنی ئه‌م زیاده‌یه له‌كوێدایه؟
ئاشكرایه سه‌رمایه‌داره‌كه خوری و پێداویستییه‌كانی تری بهنرخیكی جێگیر و زانراو له‌بازاڕدا كڕیوه، هه‌روه‌ها نرخێكی دیاریكراوی داوه بهڕۆژانهكاری كرێكاره‌كه كه3 دۆلاره وكۆی هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌كاته 13 دۆلار كه‌سه‌رجه‌م نرخی تێچووی كالا به‌رهه‌م هاتووه‌كه‌یه و به‌پێی مه‌نتقی حسابی ده‌بی له‌بازاڕیشدا ئهوكالایه نرخه‌كه‌ی 13 دۆلاربێت، به‌لام ده‌بینین لهنمونهكهدا به16 دۆلار فروشراوهتهوه. كه‌وایه ده‌بی ئه‌م 3 دۆلاره سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌بێت. ئهوسهرچاوهیهش هیزی كاری كرێكارهكهیه، یانی به‌شێكی دزارهوه كه‌به‌شێوه‌یه‌كی شاراوه سه‌رمایه‌داره‌كه نه‌یداوه به‌كرێكاره‌كه. ئه‌مه‌چۆن؟ هێزی كاری كرێكاران به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌وادو ئامرازه‌كانه‌وه هه‌م فاكتۆرێكی زیندووه وههم ئه‌و خاسیه‌ته‌ی هه‌یه كه‌له‌كاتی به‌كارهێنانیدا توانای خۆ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی بهبههایهكی زیاتره‌وه هه‌یه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه مه‌واد وئالهتهكان وكارهگه هۆكارێكی مردوون ووه‌ك خۆیان نرخه‌كانیان ده‌گوازنه‌وه بۆ نرخی گشتی تیچووی كالاكان. له‌ئاستێكی ڕۆشنتردا ئه‌م نمونه‌یه ئه‌و راستیه ده‌رده‌خات كهكرێی رۆژانه كاری كرێكاره‌كه به‌واقعی 6 دۆلاره نه‌ك 3دۆلار به‌لام سه‌رمایه‌داره‌كه ته‌نها 3ی دۆلاری پێداوه. كه‌وایه كرێكاره‌كه لهڕۆژكاری كاره‌كه‌یدا كه6 دۆلاری به‌رهه‌مهێناوه ته‌نها 3 دۆلاری پێدراوه ولهم حساباتهشدا ئه‌وه ده‌سه‌لمێ كه‌نرخی نێوه‌ی ڕۆژی كاره‌كه‌ی وه‌رگرتووه و نیوه‌كه‌ی تری خاوه‌نكاره‌كه بردویه‌تی. ئه‌م نرخه دزراوهش كهچۆته گیرفانی سه‌رمایه‌داره‌كه‌وه ماركس بهزیدهبایی ناوی لێده‌نێت. هه‌رئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌ی داهات و ده‌وله‌مه‌ندبوونی سه‌رمایه‌دارانه.
پێكهاتی ئۆرگانیكی سه‌رمایه: مه‌به‌ست له بالانسی به‌كارهێنانی ڕێژه‌یه‌ك لهسهرمایهی نه‌گۆره بۆ سه‌رمایه‌ی گۆڕاو. ئه‌مه به‌ومانایه‌دێت كهپێكهاتی ئۆرگانیكی سه‌رمایه په‌یوه‌ندی نێوان بڕی به‌كار هاتووی ئالات وئهداوات و ماكینه‌ی پێشكه‌وتووه له‌چاو بڕی هیزی كاردا. سه‌رمایه‌داران هه‌میشه بۆ ئاسان كردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كالاكان و خێرا پێكردنی ده‌ورانی به‌رهه‌مهێنان هه‌وڵده‌دان كه ئامڕاز ومهكینهی نوێ ببه‌نه نێو به‌رهه‌مهێنانی كالاكانهوه، به‌مه‌ش ڕێژه‌ی پێویست بوونی به‌هێزی كار له‌كاره‌كانیاندا كه‌م ده‌كاته‌وه. به‌لام سه‌رچاوه‌ی زیده‌بایی وبه‌رهه‌مهێنانی به‌های زیاتر ئامڕاز و ئاله‌ت ومهواددی خاو نییه به‌لكو سه‌رچاوه‌ی زیده‌بایی هێزی كاری كرێكارانه. جا به‌چوونه سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی سه‌رمایه‌ی نه‌گۆر، یانی به‌چوونه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی به‌كارهێنانی ئالات ومه‌كینه وئامرازی پێشكه‌وتوو كه‌خۆی ده‌بیته مایه‌ی كه‌م بوونه‌وه‌ی به‌كارهێنانی ڕێژه‌ی هێزی كار ئه‌وا ڕێژه‌ی زیده‌بایی كه‌م ده‌بێته‌وه. بۆنمونه سه‌رمایه‌دارێك كه‌جاران بهپاچ وخاكهناز كهناڵكیشی بۆراكێشانی ئاو به‌كارهێناوه پێویستی به ژماره‌یه‌كی زۆر له‌كرێكاران بووه بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌ی، به‌لام كاتێك شۆفل و ده‌زگای پێشكه‌وتوو تر ده‌خاته هه‌ر ئه‌م كاره‌وه پێویستی به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌متر له‌كرێكاران ده‌بێ. به‌م جۆره‌ش ڕێژه‌ی پێكهاتی ئۆرگانی سه‌رمایه‌كه‌ی، یانی هاوسه‌نگی نیوان سه‌رمایه‌ی نه‌گۆڕ له‌چاو سه‌رمایه‌ی گۆردراو كه‌بۆ كڕین وبه‌كارهێنانی هێزی كاری كرێكارانه به‌رزده‌كاته‌وه. له‌م نمونه‌یه‌شدا ئه‌گه‌ر گریمانه بكه‌ین كه‌جاران بۆ كاره‌كه‌ی 20 كرێكاری به‌كارهێنابێت ئێستا 7 كرێكاری پێویسته. به‌لام دیاره به‌كه‌م بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی كرێكاره‌كان له20 بۆ 7 سه‌رچاوه‌ی زیده‌بایی وقازانج له‌كاره‌كه‌ی كه‌م ده‌كاته‌وه.چونكه زیده‌بایی له‌هێزی كاره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت نه‌ك لهتهكنۆلۆژیا و ئامڕازهكانهوه. ئه‌مه ئه‌و ناكۆكیه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داری ده‌رده‌خات كه‌ماركس به‌ناكۆكی نێوان پێویستی سه‌رمایه بۆ به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆژیای پیشكه‌وتوو له‌لایه‌ك و توشبوونی به‌كه‌م بوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی زێده‌بایی. یانی ناكۆكیهیهك كه‌له پێكهاتی ئۆرگانی سه‌رمایه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئه‌مه به‌و حاڵه‌ته‌وه كهپێكهاتی ئۆرگانیكی سه‌رمایه ڕێژه‌ی سه‌رمایه‌ی نه‌گۆره له‌چاو سه‌رمایه‌ی گۆراودا كه‌پێ به‌پێ له‌پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا گۆڕانی به‌سه‌ردادێت، كه‌دیاره له‌هاوشانی خۆیدا ئه‌م ناكۆكیه توندتر‌و قوڵترده‌كاته‌وه.لێره‌دا به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م باسه ته‌واوده‌كه‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین له‌به‌شی داهاتوودا ئه‌م چه‌مك و بۆچوونانه له‌باسكردنی تیوری قه‌یرانی ئابووری له‌لای ماركس زۆرتر بناسێنین.
درێژه‌ی هه‌یه