Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌…..ئارام سدیق

ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌…..ئارام سدیق

Closed

ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌
ئارام سدیق

سه‌ره‌تا
مێژووی‌ ئه‌ده‌بی‌ كوردی‌ گه‌لێك شاعیر و نووسه‌ری‌ جیدی‌ تێدایه‌ كه‌ تا ئێستا به‌ فه‌رامۆشی‌ ماونه‌ته‌وه‌ و رۆژگار فه‌رامۆشی‌ كردوون، هه‌ندێكیان هه‌م له‌ ده‌وروزه‌مانی‌ خۆیاندا فه‌رامۆش بوون و هه‌م له‌ ئێستاشدا فه‌رامۆش كراون و هه‌ندێكیشیان له‌ سه‌رده‌می‌ خۆیاندا فه‌رامۆشكراون و ئێستا وه‌ك پێویست ئاوڕیان لێدراوه‌ته‌وه‌ یان زیاتریش، كه‌ ئه‌مه‌ به‌رای‌ من حه‌قی‌ شه‌رعی‌ هه‌موو نوسه‌ر و شاعیرێكه‌ و ده‌بێت هه‌وڵی‌ بێوچانه‌ ئه‌وان فه‌رامۆش نه‌كه‌ین، چونكه‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك نوسه‌ر و شاعیرانی‌ فه‌رامۆش كرد، گۆڕان و هه‌نگاونان به‌ره‌و نوێبوونه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌خۆوه‌ نابینێت، یان زۆر لاواز ده‌بێت. 
یه‌كێك له‌و شاعیرانه‌ی‌ به‌رده‌وام فه‌رمۆش كراوه‌ و تا ئێستاش فه‌رامۆش ده‌كرێت موفتی‌ پێنجوێنییه‌. ئه‌م فه‌رامۆشكردنه‌ی‌ ته‌نها له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ فیستیڤاڵ‌ و كۆڕ و یادی‌ تایبه‌تی‌ بۆ ناكرێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌وه‌شدایه‌ كه‌ تا ئێستا دیوانه‌كه‌ی‌ وه‌ك پێویست و به‌شێوه‌یه‌كی‌ هونه‌ری‌ جوان چاپ نه‌كراوه‌ و ده‌زگاكانی‌ چاپیش پشتگوێیان خستووه‌. موفتی‌ پێنجوێنی‌ له‌و شاعیره‌ ده‌گمه‌نانه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌ده‌بی‌ كوردی‌ شانازیان پێوه‌ بكات و خانه‌ی‌ تایبه‌تیان بۆ بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ ده‌داته‌ ئه‌م شاعیره‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌موو شاعیرانی‌ هاوسه‌رده‌می‌ خۆی‌ زیاتر به‌ ته‌نگ ئازادی‌ ئافره‌ت و داكۆكیكردن بووه‌ له‌ مافی‌ ژن و هه‌وڵدا بۆ چه‌سپاندنی‌ یه‌كسانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ره‌گه‌زی‌ به‌رامبه‌ردا. هه‌روه‌ها ئه‌و داكۆكیكردنه‌شی‌ كه‌ له‌پێناو زانست و وشیاركردنه‌وه‌ی‌ تاكی‌ كورددا له‌و سه‌رده‌مه‌دا داویه‌تی‌ هه‌وڵێكی‌ پڕ بایه‌خ و سه‌نگینه‌، ئه‌گه‌رچی‌ شاعیرانی‌ تری‌ وه‌ك بێكه‌س و ئه‌حمه‌د موختار جاف و قانع و هه‌ندێكی‌ تر له‌و جۆره‌ هه‌وڵه‌یان هه‌بووه‌، به‌ڵام گرنگی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ موفتی‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ شوێنێكی‌ كه‌ناری‌ وه‌ك پێنجوێن و له‌ناو ئه‌و خه‌ڵكه‌ ره‌شوڕووته‌دا هه‌وڵی‌ وشیاركردنه‌وه‌ و گه‌یشتن به‌زانست بدات. له‌مه‌دا موفتی‌ پێنجوێنی‌ زۆر له‌ قانیع ده‌چێت و قانیعیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ژیانی‌ له‌ پێنجوێن و ده‌وروبه‌ری‌ بردۆته‌سه‌ر، به‌ڵام قانع بزێوتر بووه‌ و زیاتر له‌ موفتی‌ گه‌ڕاوه‌ و سه‌رچاوه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو كه‌ قانع چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ‌ موفتیدا چووه‌ بۆ بانه‌ و سه‌قز و مه‌هاباد بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ دروست بكه‌ن. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م قسه‌ له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی‌ شیعری‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ بكه‌م به‌و هیوایه‌ی‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بێت له‌م شاعیره‌ په‌راوێزخراوه‌. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم جوانی‌ ئه‌م شاعیره‌ له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ تێكسته‌كانی‌ به‌ به‌لاغه‌تێكی‌ هونه‌ری‌ به‌رز نووسیوه‌و هونه‌رێكی‌ نوێی‌ له‌ شیعری‌ كوردیدا كه‌شف كردووه‌، یان رێبازێكی‌ تازه‌ی‌ داهێناوه‌، به‌ڵكو له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌و وه‌ك به‌شێكی‌ تری‌ له‌ شاعیرانی‌ هاوسه‌رده‌می‌ شیعری‌ كردۆته‌ وه‌سیله‌ی‌ وشیاركردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌و هاندانی‌ تاكی‌ كورد بۆ خۆشویستنی‌ نه‌ته‌وه‌و پاراستنی‌ ئه‌و خاكه‌ی‌ له‌سه‌ری‌ ده‌ژین. واته‌ ده‌بێت ئه‌وه‌مان لاڕوونبێت كاتێك ده‌ڵێن ئه‌م شاعیره‌ پێویستی‌ به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێز له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ بگرین، كه‌ ئه‌و ئه‌و هه‌وڵه‌ شیعریانه‌ی‌ له‌ بواری‌ وشیاركردنه‌وه‌دا داویه‌تی‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌رز بینرخێنین.

وشیاری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ لای‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌
موفتی‌ پێنجوێنی‌ له‌و شاعیرانه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ دیوانه‌كه‌ی‌ تایبه‌ته‌ به‌ نه‌ته‌وه‌، یان ده‌توانین بڵێن هه‌موو دیوانه‌كه‌ی‌ له‌ خزمه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یدا بووه‌، ئه‌مه‌ش به‌و ده‌لیله‌ی‌ كه‌ بێجگه‌ له‌ شیعره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ كه‌ به‌ڕوونی‌ هه‌ستی‌ پێده‌كه‌ین  له‌ شیعره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئه‌و شیعرانه‌ی‌ بۆ كوڕوكچانی‌ كوردی‌ نوسیوه‌، یان ئه‌و شیعرانه‌ی‌ وه‌ك وه‌سێتنامه‌ بۆ كچ و كوڕانی‌ خۆی‌ نوسیوه‌، یان به‌ جوانی‌ سروشتی‌ كوردستاندا وتویه‌تی‌. له‌ تێكڕای‌ ئه‌مانه‌دا هه‌ستێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ په‌نهان ده‌خوێنینه‌وه‌ و كه‌ هانی‌ كوڕ و كچانی‌ كورد ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان به‌ زانست و زانیارییه‌وه‌ خه‌ریك بكه‌ن ئه‌مه‌ له‌پێناو نه‌ته‌وه‌كه‌دایه‌ و هاوكات كه‌ بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش ده‌خاته‌ به‌رباس بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ سه‌رفرازبكات و هه‌وڵی‌ نوێبوونه‌وه‌ و گۆڕان بدات تێیدا. با سه‌رنج له‌م نمونه‌یه‌ی‌ شیعری‌ موفتی‌ بده‌ین:
ئه‌ی‌ وه‌ته‌ن من تێئه‌گه‌م بۆ شین و زاری‌ كارته‌
بۆ نه‌بوونی‌ عیلمی‌ به‌رزی‌ گه‌وره‌ و سه‌ردارته‌
ئاخ و داخ و ئاهی‌ سه‌ردی‌ تۆ سه‌به‌ب ئه‌م دوانه‌یه‌
خۆ په‌سه‌ندیی‌ و غایه‌ ویستی‌ گه‌وره‌كانته‌
موفتی‌ پێنجوێنی‌ وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، تێده‌گات ده‌ردی‌ دواكه‌وتوویی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ چییه‌ و ئه‌و ده‌یگێڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی‌ زانست و خۆ به‌ شت زانینی‌ سه‌ردارانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌، بۆته‌ ده‌ردی‌ دواكه‌وتوویی‌ و خۆره‌ی‌ جه‌سته‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌. هه‌ر له‌و شیعره‌دا ئاماژه‌ به‌ پێشكه‌وتووی‌ هه‌موو وڵاتانی‌ دنیا ده‌كات و ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ پێشكه‌وتنی‌ ئه‌وان به‌هۆی‌ ئه‌و زانسته‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ جیاوازی‌ پێشكه‌وتنی‌ نێوان لوبنان و كوردستان ده‌كات و ده‌نوسێت (فه‌رقی‌ تۆ و لوبنانه‌ به‌ینی‌ ئاسمان و زه‌مین). له‌م نیوه‌ به‌یته‌ی‌ موفتییه‌وه‌ دوو حاڵی‌ گرنگ خراوه‌ته‌ڕوو یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ شاعیر ئاواتی‌ خواستووه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ئه‌ویش وه‌كو لوبنان پێشبكه‌وێت و ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنانه‌ی‌ ئه‌وكات لوبنان هه‌یبووه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ‌. دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موفتی‌ شاعیرێكی‌ ئاگادار بووه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری‌ خۆی‌ و كه‌سێكی‌ بێئاگا نه‌بووه‌ له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ جیهان بۆیه‌، نه‌ك ته‌نها له‌م شیعره‌دا، به‌ڵكو له‌ زۆر شیعری‌ تریشدا ئه‌م بابه‌ته‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ به‌رچاوی‌ هه‌بووه‌ و له‌ شیعرێكدا به‌ناوی‌ (سۆز) كه‌ شیعرێكی‌ پێنج خشته‌كییه‌ موفتی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م كورده‌ هه‌ر خه‌وتووه‌ و بێدا نابێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگات به‌ زانست  و وشیاربێته‌وه‌ ئه‌و ده‌نوسێت:
كورده‌ خه‌و تاكه‌ی‌ ده‌سا ده‌ستی‌ من و دامانته‌
وه‌ختی‌ هوشیاریته‌ خه‌و زنجیری‌ ئه‌ژنۆ و رانته‌
دوژمنت دایم خه‌ریكی‌ موڵك و ماڵ‌ و گیانته‌
حه‌یفه‌ تۆ فكر و خه‌یاڵی‌ گه‌ردش و سه‌یرانته‌
رۆژی‌ تێكۆشین و هه‌وڵ‌ و كاتی‌ هه‌ڵسوڕانته‌
موفتی‌ پێنجوێنی‌ زۆر به‌ په‌رۆشی‌ نه‌ته‌وه‌وه‌ بووه‌ و بێ‌ نه‌ته‌وه‌  ئه‌و هیچ مانایه‌ك له‌ نێو ژیاندا نابینێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌سته‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر واقیعی‌ له‌ شیعره‌كانی‌ ئه‌م شاعیره‌دا هه‌ستی‌ پێده‌كرێت. ده‌رككردنی‌ موفتی‌ به‌و هه‌موو شته‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا گرنگیه‌كی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌م گرنگیه‌شه‌ كه‌ ئه‌م شاعیره‌ ده‌خاته‌ خانه‌ی‌ نه‌مرییه‌وه‌. چونكه‌ هیچ شاعیر و نووسه‌رێك ناتوانێ‌ نه‌مری‌ بۆ خۆی‌ و به‌رهه‌مه‌كانی‌ به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌گه‌ر شاهیدی‌ راستگۆی‌ قۆناغێكی‌ ژیانی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ نه‌بێت و ئه‌ركی‌ مێژوونوسێكی‌ راستگۆ نه‌گێڕێت، بۆیه‌ ده‌كرێت لێره‌دا و پاش خوێندنه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ دیوانه‌ پڕ بایه‌خه‌كه‌ی‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ ناسنامه‌ی‌ مێژوونوسێكی‌ راستگۆش بده‌ینه‌ پاڵ‌ ئه‌م شاعیره‌، چونكه‌ هه‌موو نوسه‌رێك به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌ستیان له‌ نووسینه‌وه‌ی‌ مێژووی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ گرنگه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كام له‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌ بوونه‌ته‌ مێژوونوسێكی‌ راستبێژی‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ی‌ خۆیان، كه‌ من پێموایه‌ موفتی‌ له‌پاڵ‌ چه‌ند شاعیرێكی‌ وه‌ك نالی‌ و سالم و كوردی‌ و بێكه‌س و ئه‌حمه‌د موختار جاف وپیره‌مێرد و قانیع و…هتد شایه‌نی‌ ئه‌و نازناوه‌یه‌ و ئه‌وه‌شی‌ ئه‌م شاعیره‌ی‌ خۆستۆته‌ په‌راوێزه‌وه‌ رۆژگاره‌ كه‌ نه‌یهێشتووه‌ ئاوڕی‌ جیدی‌ لێبدرێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر ئه‌و پێنج خشته‌كیه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ به‌راورد بكه‌ین به‌ به‌یتێك شیعری‌        ئه‌حمه‌د موختار جاف كه‌ ده‌ڵێت:
له‌خه‌و هه‌ستن دره‌نگه‌ میلله‌تی‌ كورد خه‌و زه‌ره‌رتانه‌
هه‌موو تأریخی‌ عاله‌م شاهیدی‌ فه‌زڵ‌ و هونه‌رتانه‌
له‌ به‌راوردكردنی‌ ئه‌م دوو شیعره‌دا ئه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ هه‌ردوو شاعیر ده‌یانه‌وێت نه‌ته‌وه‌كه‌یان به‌خه‌به‌ر بهێنن و به‌ره‌و عیلم زانست هه‌نگاو بنێت، به‌ڵام جیاوازی‌ ئه‌م دوو به‌یته‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر سه‌ركۆنه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ ده‌كات و هیچ زانست و هوشیارییه‌كیان تێدا نابینێت، به‌ڵام ئه‌حمه‌د موختار جاف ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ مێژووی‌ جیهان گه‌واهیده‌ری‌ به‌رزی‌ هونه‌ری‌ ئێوه‌یه‌. له‌مه‌ی‌ ئه‌حمه‌د موختار جاف ده‌كرێت ئێمه‌ دوو بۆچوون بخه‌ینه‌ڕوو یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م شاعیره‌ ویستبێتی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ هه‌ڵبنێت و غیره‌تیان بخاته‌به‌ر. دووه‌میشیان ئه‌وه‌بوبێت كه‌ ئه‌حمه‌د موختار جاف له‌شاردا ژیاوه‌ و تا راده‌یه‌كی‌ زۆر دنیابینی‌ له‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ فراوانتر بووه‌، به‌و حوكمه‌ی‌ كه‌ موفتی‌ له‌ شارۆچكه‌یه‌كی‌ وه‌ك پێنجوێنی‌ دووره‌ ده‌ستدا گیری‌ خواردووه‌ ئه‌مه‌ وایكردووه‌، كه‌ ئه‌حمه‌د موختار ئاگادار ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ بێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا خاوه‌نی‌ بووه‌ و موفتی‌، یان به‌ كه‌می‌ زانییوه‌، یان كه‌مێك لێی‌ بێئاگا بووه‌ كه‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ی‌ موفتیش حاڵه‌تی‌ ئاسایییه‌.

ژن له‌ دیدی‌ موفتی‌ پێنجوێنییه‌وه‌
دیاره‌ موفتی‌ له‌ ریزی‌ ئه‌و شاعیرانه‌دایه‌ كه‌ ده‌ورێكی‌ گرنگ و دیاری‌ له‌ وشیاركردنه‌وه‌ی‌ تاكی‌ كوردیدا هه‌بووه‌ له‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا وشیارییه‌ك كه‌ ده‌كرێت وه‌ك رۆشنگه‌رێكی‌ كورد سه‌یری‌ ئه‌م شاعیره‌ بكه‌ین. شیعره‌كانی‌ موفتی‌ ساده‌ و بێگرێن و ره‌وانبێژی‌ و وشه‌سازییه‌كی‌ زۆر كه‌میان تێدایه‌ و ته‌كنیكی‌ شیعری‌ تێیاندا لاوازه‌ و كۆی‌ ده‌قه‌كانی‌ له‌ خزمه‌تی‌ ناوه‌ڕۆكدایه‌. موفتی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ هه‌وڵی‌ داوه‌ ده‌ربڕینه‌كانی‌ بۆ ئه‌و رۆژگاره‌ و بۆ وشیاركردنه‌وه‌ مرۆڤی‌ كوردبێت ئه‌وه‌نده‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بووه‌ كه‌ شیعرێكی‌ پڕ له‌ وشه‌سازی‌ ده‌قێكی‌ هونه‌ری‌ به‌رز پێشكه‌ش بكات. هه‌ر ئه‌م خاڵه‌شه‌ جیاوازی‌ نێوان شاعیرانی‌ وه‌ك (نالی‌، سالم، كوردی‌، مه‌حوی‌‌ومه‌وله‌وی‌) و موفتی‌ و قانیع و چه‌ند شاعیرێكی‌ تر، چونكه‌ شیعری‌ ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌ خزمه‌تی‌ ته‌كنیك و له‌ خه‌می‌ ئه‌وه‌دا بووه‌ كورد بكه‌نه‌ خاوه‌نی‌ شیعر و زمانێكی‌ شیعری‌ به‌رز بۆ ئێمه‌ی‌ كورد بخولقێنن ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌می‌ په‌یامی‌ شیعره‌كه‌دا نه‌بوون، هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌وانه‌ گرنگیان به‌ هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ داوه‌، به‌ڵام په‌یامی‌ ئه‌و شاعیرانه‌ جیاوازبووه‌ له‌ په‌یامی‌ كه‌سێكی‌ وه‌ك موفتی‌ و قانیع و بێكه‌س. ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ گرنگی‌ هیچكامیان كه‌مناكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ جیاوازی‌ په‌یامی‌ ئه‌م دوو كۆمه‌ڵه‌ شاعیره‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ ئێستادا ئه‌ركمان جیاكردنه‌وه‌ و قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ریان، نه‌ك په‌راوێزخستنیان و هه‌موویان به‌پێی‌ یه‌ك پێوه‌ر بخوێنینه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ر یه‌كه‌یان به‌پێی‌ ده‌قه‌كان و دنیابینی‌ شیعری‌ خاوه‌ن گرنگی‌ تایبه‌تی‌ خۆیه‌تی‌.
ئه‌گه‌ر (نالی‌، سالم، كوردی‌، مه‌حوی‌‌ومه‌وله‌وی‌)  به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ زمانی‌ كوردیان دانابێت به‌م شێوه‌زاره‌ی‌ ئێمه‌ی‌ ئێستا پێی‌ ده‌دوێن ئه‌وا موفتی‌ و قانیع و بێكه‌س به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ ئه‌و بیروبۆچوونه‌یان داناوه‌ كه‌ ئێمه‌ ئێستا باس له‌ "ئازادی‌ ژن" بكه‌ین و به‌بێ‌ ئه‌و بناغه‌یه‌ نه‌ده‌گه‌یشتینه‌ ئه‌وه‌ی‌ باس له‌ هیچ كام له‌ ماف و ئازادیه‌كانی‌ ژن بكه‌ین. رۆڵی‌ موفتی‌ و قانیع و بێكه‌س و ئه‌حمه‌د موختارجاف و چه‌ند شاعیرێكی‌ تری‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو ناكرێت ته‌نها له‌وه‌دا كورت بكرێته‌وه‌ كه‌ شاعیر بوون و چه‌ند تێكستێكی‌ شیعرییان بۆ ئێمه‌ به‌جێهێشتووه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ئێمه‌ به‌ دنیابینی‌ فراوانتره‌وه‌ له‌و ده‌قه‌ شیعریانه‌ بڕوانین و خوێندنه‌وه‌ی‌ قوڵتریان بۆ بكه‌ین.
له‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌مدا كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ رووبه‌ڕووی‌ گۆڕان ده‌بێته‌وه‌ و منه‌وه‌ره‌كانی‌ ئه‌وكاتیش (واته‌ خوێنده‌وارانی‌ ئه‌وكات) به‌ هه‌موو رێگه‌یه‌ك هه‌وڵی‌ وشیاركردنه‌وه‌ی‌ تاكی‌ كوردی‌ ده‌ده‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌و بیرو ئه‌ندێشه‌ نوێیانه‌ ئاشنایان بكه‌ن، كه‌ پێویستی‌ هه‌نووكه‌ین. له‌و سه‌رده‌مه‌دا شیعر یه‌كه‌مین و ئاسانترین رێگه‌ بووه‌، كه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ خوێنده‌وارانی‌ ئه‌وكات ده‌ستیان پێی‌ گه‌یشووه‌ و رێگه‌یه‌كیش بووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ تێگه‌یشتن و ئاستی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ ئه‌وكاتدا هاتۆته‌وه‌. بۆیه‌ شاعیرانی‌ وه‌ك موفتی‌ و قانیع له‌ پێشڕه‌وانی‌ ئه‌و وشیاركردنه‌وه‌یه‌دا له‌ سنووری‌ پێنجوێن و له‌ سلێمانیش پیره‌مێرد‌و بێكه‌س و ئه‌حمه‌د موختار و چه‌ند شاعیرێكی‌ تر  له‌ پێشڕه‌وانی‌ ئه‌و نوێكردنه‌وه‌یه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌دان.
موفتی‌ له‌و شاعیرانه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌وڵ و كۆششێكی‌ زۆری‌ بۆ وشیاری‌ گه‌له‌كه‌ی‌ سه‌رف كردووه‌ و كه‌ به‌ دیوانی‌ ئه‌م شاعیره‌دا گوزه‌ر ده‌كه‌ین ده‌بینین شیعره‌كانی‌ ئه‌وه‌ندی‌ له‌ قاڵبی‌ وشیاركردنه‌وه‌ و هانداندان ئه‌وه‌ند له‌ قاڵبی‌ تردا نین و ئه‌و ستایشی‌ نه‌وه‌كانی‌ ده‌كات كه‌ رێگه‌ی‌ خوێندن بگرن و له‌ خزمه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌دا بن. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی‌ دیدگای‌ ئه‌م شاعیره‌وه‌ له‌مه‌ڕ ژن ئه‌م شاعیره‌ له‌ پاڵ‌ ئه‌و وشیاركردنه‌وه‌ گشتیه‌دا بۆ كۆی‌ مرۆڤی‌ كورد به‌تایبه‌تیش هه‌وڵی‌ وشیاركردنه‌وه‌ی‌ بۆ ژنی‌ كورد و مێیه‌ی‌ كورد داوه‌ به‌شێك له‌ شیعره‌كانی‌ دیوانه‌كه‌ی‌ بۆ ته‌رخان كردووه‌. له‌ شیعره‌كانیدا هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ی‌ داوه‌ كه‌ با كچانیش وه‌ك كوڕان بخوێنن و هه‌وڵی‌ خوێندن بده‌ن، كه‌ ده‌ربڕینی‌ ئه‌و رایانه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا شتێكی‌ گرنگ بووه‌، چونكه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ به‌تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سلێمانی‌ كچان نه‌ده‌خرانه‌ به‌ر خوێندن و خوێندنگه‌كان ته‌نها بۆ كوڕان بوون.
له‌ شیعرێكدا كه‌ به‌ناوی‌ (كچانی‌ دێهات)موفتی‌ ئاماژه‌ به‌ بارودۆخی‌ سه‌ختی‌ ژیانی‌ كچانی‌ دێهات ده‌دات‌و ده‌نوسێت:       
كچانی‌ دێهات هه‌ناسه‌ سه‌ردن
وه‌ك به‌هار ئه‌ڕوێن وه‌ك پایز زه‌ردن
هه‌ر نامرادن گیرۆده‌ی‌ ده‌ردن
سه‌به‌ب كاریان دڵ‌ دار‌وبه‌ردن
هه‌روه‌ها ئه‌و باس ته‌نها باس له‌ كچانی‌ دێهات ناكات و له‌ شیعرێكی‌ تردا ئاماژه‌ به‌ هه‌موو كچانی‌ پێنجوێن ده‌كات و خه‌م و مه‌ینه‌تیه‌كانی‌ ئه‌وكاتی‌ كۆی‌ كچانی‌ پێنجوێن له‌و شیعره‌دا كۆده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌ناوی‌ (كچانی‌ پێنجوێن)ه‌. ئه‌و ته‌نها به‌ كچانی‌ پێنجوێندا هه‌ڵنادات، به‌ڵكو ئه‌و وه‌زیفه‌ی‌ خۆی‌ له‌وه‌دا ده‌بینێت هه‌وڵی‌ وشاركردنه‌وه‌ بدات، یان هه‌وڵی‌ خستنه‌ڕووی‌ كێشه‌كانی‌ ژیانی‌ كچی‌ كورد بدات. له‌م شیعره‌دا ده‌یه‌وێت په‌راوێزخستنی‌ كچانی‌ پێنجوێن له‌ چاوكچانی‌ شوێنه‌كانی‌ تر (كه‌ دیاره‌ موفتی‌ ئاگاداری‌ ده‌وروبه‌ر بووه‌)  هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كی‌ رۆشنبیری‌ و په‌روه‌رده‌ییان نه‌گه‌یشتۆتێ‌ بخاته‌ڕوو كه‌ ئه‌و سه‌ره‌تا ده‌نوسێت:
كچانی‌ پێنجوێن مه‌غدوورن یه‌كسه‌ر
له‌خاكی‌ عیراق ده‌ركراونه‌ ده‌ر
بێ‌ مه‌كته‌ب ئه‌ژین وه‌حشی‌ ده‌ربه‌ده‌ر
له‌هه‌ردوو دنیا وێڵ‌ و بێ خه‌به‌ر
موفتی‌ له‌گه‌ڵ‌ خستنه‌ڕووی‌ ئه‌م كێشانه‌دا كه‌ ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕوو كه‌ كچانی‌ پێنجوێن له‌هیچ روویه‌كه‌وه‌ وه‌ك كچانی‌ عیراقی‌ نین، بۆیه‌  له‌ كۆتایی‌ ئه‌و شیعره‌شدا موفتی‌ بێئومێدی‌ ده‌رده‌بڕێت و ده‌نوسێت:
-موفتی‌- په‌رته‌ وبێ هۆشی‌
یا خه‌و ئه‌بینی‌ ئاخو سه‌رخۆشی‌
نه‌ ساقی‌ مه‌جلیس نه‌ باده‌ نۆشی‌
بۆچی‌ به‌ ته‌نها وا دڵ‌ په‌رۆشی‌
له‌ شیعرێكی‌ تردا كه‌ به‌ناوی‌ (ئامۆژگاری‌ بۆ كچه‌كه‌م)دایه‌ موفتی‌ هانی‌ كچه‌كه‌ی‌ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ بخوێنێت و له‌ خوێندن دانه‌بڕێت، چونكه‌ ته‌نها خوێندن ده‌توانێت چرای‌ ژیانی‌ به‌تینتر بكات. هه‌روه‌ها له‌ شیعرێكی‌ تردا به‌ناوی‌ (موفتی‌ و كچه‌كه‌ی‌) كه‌ له‌ ساڵی‌ (1944)دا نوسیویه‌تی‌ پرسی‌ به‌زۆر به‌شوودانی‌ كچی‌ خستۆته‌ڕوو و له‌ رێی‌ دیالۆگه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ كچه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ لای‌ ئه‌و بیری‌ كۆنی‌ به‌زۆر به‌شوودان به‌سه‌رچووه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ كچ كۆی‌ حه‌ز ده‌كات پێی‌ ده‌یدات به‌و كه‌سه‌. واته‌ ده‌بێت كچ خۆی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ (شووه‌كه‌ی‌) خۆی‌ هه‌ڵبژێرێت. بێگومان بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م بیروبۆچوونانه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تا ئاستێكی‌ زۆر باش بووه‌ و پێموایه‌ كاریگه‌ریشیان هه‌بووه‌.

به‌رله‌كۆتایی‌
ده‌كرێت موفتی‌ پێنجوێنی‌ به‌ ده‌سته‌ی‌ رۆشنبیرانی‌ كوردی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ناو ببه‌ین وله‌پاڵ‌ ئه‌و رۆشنبیره‌ گه‌نجانه‌ی‌ كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ شاره‌كان هه‌وڵی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ رۆشنبیری‌ و وشیاركردنه‌وه‌ی‌ تاكی‌ كوردیان ده‌دا، واته‌ ئه‌گه‌ر بێكه‌س و ئه‌حمه‌د موختار جاف …… به‌یه‌كه‌مین نه‌وه‌ی‌ رۆشنبیرانی‌ شار بزانرێت ئه‌وا موفتی‌ و قانیعیش له‌و مه‌وقیعه‌ی‌ ئه‌وانی‌ تێدا ژیاون له‌ ریزی‌ ئه‌و رۆشنبیرانه‌دا بوون، بێگومان ئه‌مه‌ش ته‌نها حوكمێكی‌ سه‌رپێی‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ كۆی‌ دیوانه‌كه‌ی‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ و قانع ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ به‌ ته‌واوی‌ روون ده‌بێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر موفتی‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ شار بوایه‌ هه‌وڵی‌ ده‌ركردنی‌ رۆژنامه‌، یان گۆڤاری‌ ده‌دا كه‌ هۆكارێكه‌ بۆ رۆشنبیركردنی‌ تاك له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، كه‌ ئه‌مه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه‌ ئه‌و هه‌وڵی‌ داوه‌ له‌رێی‌ شیعره‌كانییه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نێته‌ تاكی‌ كورد له‌ هه‌ر شوێنێك بووبێت، به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌مه‌ش بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ شیعره‌كانیه‌تی‌ له‌ گۆڤاری‌ گه‌لاوێژ، كه‌ له‌ سلێمانی‌ بڵاوده‌بوویه‌وه‌ و گۆڤاری‌ هه‌ڵاڵه‌ له‌ شاری‌ بۆكان بڵاوده‌كرایه‌وه‌ و رۆژنامه‌ی‌ (ژین و ژیان)ی‌ پیره‌مێردی‌ نه‌مردا.
 بێگومان وه‌ك له‌سه‌ره‌تاشدا وتم ئه‌گه‌ر شاعیرانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئازادی‌ ژن له‌ ئێستادا ره‌نگه‌ به‌مشێوه‌ به‌رفراوانه‌ نه‌بوایه‌، یان دۆزی‌ ژنی‌ كورد له‌و ئاسته‌ی‌ ئێستایدا نه‌بوایه‌.
قسه‌كردن له‌سه‌ر دیدی‌ نێو شیعره‌كانی‌ موفتی پێنجوێنی قسه‌گه‌لی‌ زۆر تری‌ ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ لێره‌دا خرایه‌ڕوو ته‌نها به‌شێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م شاعیره‌ چیتر له‌ خانه‌ی‌ فه‌رامۆشیدا نه‌بێت و ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ی‌ ده‌یه‌وێت مێژوو و ئه‌ده‌بی‌ كوردی‌ بزانێت و شاعیرانی‌ رۆشنگه‌رانی‌ كوردی‌ بناسێت موفتی‌ له‌یاد نه‌كات، چونكه‌ له‌یادكردنی‌ موفتی‌ له‌باسكردنی‌ رۆشنبیرانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا غه‌در و ناهه‌قییه‌ له‌ تواناكانی‌ ئه‌م پیاوه‌، كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ته‌مه‌نی‌ بۆ وشیاركردنه‌وه‌ نه‌وه‌كانی‌ ته‌رخان كرد.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.