سه‌ره‌تایه‌ک بۆ خوێندنه‌وه‌ی (حیکایه‌تی ڕه‌شپۆشه‌کان)ی (دانا فایه‌ق)
سه‌ره‌تایه‌ک بۆ خوێندنه‌وه‌ی (حیکایه‌تی ڕه‌شپۆشه‌کان)ی (دانا فایه‌ق)
ئاراس وه‌هاب
ئه‌گه‌ر هه‌ر تێکستێک له ڕێگای پێکهاته‌کانی خۆیه‌وه شێواز و جۆری خوێندنه‌وه دیاری بکات، ئه‌وا کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی (حیکایه‌تی ڕه‌شپۆشه‌کان)ی (دانا فایه‌ق) خوێندنه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گردا ده‌سه‌پێنێت. بۆ کردنه‌وه‌ی کۆدی چیرۆکه‌کان، به‌ره‌و زانیاری و مه‌عریفه‌ی پێشوه‌خت نامانگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵکو تێگه‌یشتنمان ده‌خاته ناو ئه‌و سنووره‌ی، که تێکسته‌که تێیدا درێژ ده‌بێته‌وه. هه‌موو ئه‌و زانیاری و مه‌عریفه‌یه‌ی به ده‌ستی ده‌هێنین، له ئه‌نجامی کارلێکی ئێمه‌یه له‌گه‌ڵ ئێتمۆسفێری ڕووداوه‌کاندا، که ده‌بێ له‌و سنووره و به که‌ره‌سه‌کانی خۆی لێکدانه‌وه‌یان بۆ بکه‌ین. ئه‌مه یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و چیرۆکنووسه و ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی دوالیزمی پۆزیتیڤ و نێگه‌تیڤه‌وه سه‌رنج له‌م خاڵه ده‌ده‌ین. له ڕێگای زمانێکی ساده‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ک خێرا له ڕووی ڕێتمهوه و له‌لایه‌کی دیکه ڕه‌وان له ڕووی جووڵه‌وه، گێڕانه‌وه دینامیکهتی خۆی وه‌رده‌گرێت. نه‌بوونی وه‌سف به مانا کلاسیکییه‌که‌ی هێزی ئه‌و خێراییه‌ی زیادتر کردووه، هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حیسابی ئیستاتیکییش بووبێت. هه‌ر لێره‌دا ده‌توانین ئاماژه به خاڵێکی دیکه‌ش بده‌ین، که خێرایی ئه‌و ڕێتمه زیاتر ده‌کات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که (دانا فایه‌ق) پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی نووسه‌رانی دیکه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین به زمان و ڕێنووسێکی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر دروست ده‌نووسێت. لێره‌شدا زمانێکی ئاسان و ڕه‌وانمان هه‌یه. سنووری ئه‌و زمانه هه‌مان سنووری بیرۆکه‌کانه، به‌ڵام له‌ناو ئه‌و سنووره‌دا چڕییه‌کی گه‌وره له مانا هه‌یه. ده‌توانین بڵێین ئه‌وه‌ی له ئێمه دیاره، ته‌نها ئه‌و شتانه‌ن، که هه‌ندێک جار کاره‌کته‌ر و هه‌ندێک جار چیرۆک‌نووس خۆی له ڕێگای گێڕانه‌وه‌ی بێلایه‌نه‌وه پیشانمانی ده‌ده‌ن. هه‌ر ئه‌مه‌ش ڕه‌گه‌زی تامه‌زرۆیی ده‌کاته خاڵێکی هاوبه‌ش له ته‌واوی چیرۆکه‌کاندا. بۆ ئه‌مه‌ش زیره‌کانه سه‌ره‌تای چیرۆکه‌کان به ڕسته‌ی سه‌رنجڕاکێش ده‌ست پێ ده‌کات، که یه‌کێکه له‌و ته‌کنیکانه‌ی له چیرۆک و ڕۆمانی نوێ‌دا بایه‌خێکی به‌رچاوی پێ ده‌درێت. گواستنه‌وه له ئێستاوه بۆ رابردوو، به‌بێ ده‌ستێوه‌ردانی چیرۆکبێژ، جۆرێک نۆرماڵێتیی به جووڵه‌ی خه‌یاڵی کاره‌کته‌ر، هاوکات به خه‌یاڵی خوێنه‌ریش ده‌به‌خشێت. ماتریالی گێڕانه‌وه‌ش ئه‌و خه‌مه وردانه‌ن، که سه‌رچاوه‌کانیان نیگه‌رانی و شپرزهیین. به واتایه‌کی دیکه چیرۆک‌نووس خه‌مه زه‌قه‌کانی نه‌ته‌وه و نیشتیمان، که له چیرۆکی حه‌فتاکان و هه‌شتاکان، بگره له هه‌ندێک له چیرۆکی سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانیشدا ڕووبه‌رێکی گه‌وره‌یان داگیر ده‌کرد، بۆ کۆمه‌ڵێک خه‌می ورد و شاراوه ده‌گۆڕێته‌وه، که به‌شێکن له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خود به‌رانبه‌ر به په‌لاماره‌کانی کات و له شێوه‌ی نامۆبووندا ده‌رده‌که‌وێت. ناڕێکی له‌نێوان تاک جارێک له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا و جارێک له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا، سیمایه‌کی به‌رچاوی ئه‌و چیرۆکانه‌ن، که کاره‌کته‌ر له ڕووداوه گه‌وره‌کانی نه‌ته‌وه داده‌بڕێت و به خه‌مه میتافیزیکییه‌کانی خۆیه‌وه خه‌ریکی ده‌کات. سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر ناونیشانی یه‌کێک له چیرۆکه‌کان (یاسای قه‌فه‌زه بچکۆله‌کان) بێت. قه‌فه‌ز وێنه‌یه‌کی بچووککراوه‌ی نیشتیمانه وه‌کو چۆن لای (کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور) قوتابخانه‌ی وێنه‌ی گه‌وره‌کراوه‌ی ته‌ڵه‌ی مشکه. (دانا فایه‌ق) چ له‌م چیرۆکه و چ له چیرۆکه‌کانی دیکه‌یدا مامه‌ڵه‌یه‌کی ناتوڕاڵیی له‌گه‌ڵ سیمبۆلدا کردووه. مه‌به‌ستیشمان له مامه‌ڵه‌ی ناتوڕاڵی ئه‌وه‌یه، که ئه‌و سیمبۆله خۆی له ئه‌نجامی سرووشتی بیرۆکه‌ی چیرۆکه‌که‌وه ده‌رده‌که‌وێت، نه‌وه‌ک پلانێکی مه‌عریفیی له پشته‌وه بێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه وا ده‌کات ئه‌و سیمبۆله زیاتر خزمه‌ت به لایه‌نه هونه‌رییه‌که‌ی چیرۆک بکات و له ڕاسته‌وخۆیی دووری بخاته‌وه. ده‌کرێت بڵێین سیمبۆل په‌یوه‌ندیی نێوان تایبه‌ت و گشتی و به‌ش و سه‌رجه‌م پێکده‌هێنێت. خوێندنه‌وه‌ی سیماکانی گشت و سه‌رجه‌م له‌سه‌ر ئاستی تایبه‌ت و به‌شدا، به مانای خوێندنه‌وه‌ی کاریگه‌ریی خه‌مه گه‌وره‌کانه له‌سه‌ر خوددا. که‌واته زمان هه‌ر ته‌نها ئه‌وه نییه ئه‌رکی گه‌یاندنی بیرۆکه‌کانی له ئه‌ستۆ بێت، به‌ڵکو ئه‌رکێکی دیکه‌ی ئیستاتیکییشی هه‌یه، که خۆی له دروستکردنی ده‌مامک بۆ ئه‌و بیرۆکهکانهدا ده‌دۆزێته‌وه، با به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ندێک ساده‌ش بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گێڕانه‌وه له ڕووی جۆره‌وه، گێڕانه‌وه‌یه‌کی ساده‌یه، به‌ڵام توانیویه‌تی به‌ته‌واوی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی زنجیره‌یی ڕووداو بێته ده‌رێ و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆی دابمه‌زرێنێت، که بریتییه له ته‌قاندنه‌وه‌ی خه‌یاڵ و دۆزینه‌وه‌ی هه‌ست و خرۆش و زینده‌خه‌ون و خه‌ون، به مه‌به‌ستی پێکهێنانی ئێتمۆسفێرێکی فانتازی. ئه‌مه‌ش وا ده‌کات تێکسته‌کان له ڕێگای هه‌ست و سۆزه‌وه به‌ره‌و ناو واقیع درێژبوونه‌وه‌یان هه‌بێت، نه‌وه‌ک له ڕێگای ڕووداوه‌وه. کات و شوێنیش له زۆربه‌ی تێکسته‌کاندا به‌شێوه‌یه‌کی دیاریکراو ده‌رناکه‌ون و ناویان نییه. کات به مانای سه‌رده‌م ده‌رنه‌خراوه، هیچ ئاماژه‌یه‌ک به سه‌رده‌مێکی دیارکراو نه‌دراوه، به‌ڵکو به مانایه‌کی بچووکتری وه‌کو ڕۆژ و کاتژمێر هه‌یه. شوێنیش ورده ورده له درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌وه سیماکانی خۆی ده‌رده‌خات.
ناساندنی چیرۆکه‌کان:
ته‌رمێک له‌ودیو تهلهدڕکاویهکانهوه
دایهلۆگێکه له‌نێوان پاڵه‌وان و خه‌یاڵه‌کانیدا، له کاتێکدا سه‌یری ته‌رمی برایه‌کی ده‌کات، که که‌وتۆته به‌رده‌م که‌ڵبه‌ی سه‌گی هار. چیرۆک‌نووس ئه‌گه‌رچی هیچ ئاماژه به شوێنێکی دیاریکراو نادات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ماتریالانه‌ی به‌کاری هێناون، ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت، که ئێمه سه‌ر سنوور بهێنینه به‌رچاومان. چیرۆک‌نووس له شوێنێکی زۆر جوانه‌وه و به ماده‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش چیرۆکه‌که‌ی ده‌ست پێ ده‌کات، که ئه‌ویش ئاوه. ئاو ده‌کاته مه‌تریاڵی خه‌یاڵکردنه‌وه. بیرکردنه‌وه له هاوڕێ خنکاوه‌که‌ی له ئاودا. جگه له‌وه‌ش له درێژه‌ی چیرۆکه‌که‌دا باس له قوربانیدان بۆ بیروباوه‌ڕ ده‌کات، که ده‌کرێت ئه‌مه به زۆر جۆری جیاواز شرۆڤه بکرێت. ئه‌م چیرۆکه له‌گه‌ڵ کورتییهکهیدا دیمه‌نێکی تراژیدییمان نیشان ده‌دات. باس له‌و جۆره ئه‌شکه‌نجه و ئازارکێشانه ده‌کات، که گه‌نجانی کوردستان تووشیان ده‌بێت له ڕیگای هه‌وڵدانیان بۆ ده‌ربازبوون له دۆزه‌خێکه‌وه، به مه‌به‌ستی گه‌یشتنینان به شوێنێک، که هیچ سیمایه‌کی دیار نییه.
یاسای قه‌فه‌زه بچکۆله‌کان
له‌م چیرۆکه‌دا نووسه‌ر زۆر شاره‌زایانه دونیایه‌کی سه‌یری دوور له واقیعیی ده‌خوڵقێنێت. له ڕێگای نیشاندانی چه‌ند کاره‌ساتێکه‌وه، ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک هه‌ڵوێسته‌مان ده‌کاته‌وه. ده‌سکارییه‌کی سوریالییانه‌ی له زه‌مه‌ندا کردووه، به‌وه‌ی کوڕ و باوک ده‌کاته هاوته‌مه‌نی یه‌کتر. کوڕ و باوک له کۆڵان شه‌ڕه‌شه‌ق و هه‌ڵماتێن ده‌که‌ن و دارلاستیک ده‌هاوێژن. (ئه‌گه‌رچی گه‌لێکجار له کاتی یاریکردن و شهڕهشهقدا چینێکی باشی تێههڵدهدام و ده‌یگریاندم، به‌ڵام من به‌رده‌وام ئه‌وه‌م له‌به‌رچاو بوو، که ئه‌و باوکمه و لێدانیش به‌ده‌ستی باوک شتێک ئاساییه، هه‌رنه‌بێ له گه‌ڕه‌که‌که‌ی ئێمه‌دا…!! ل16)
به‌ڵام ئه‌م پێوه‌ندییه ڕووێکی دیکه‌ی هه‌یه، که ئه‌ویش توندوتیژییه. له‌پاڵ هه‌ر یارییه‌کدا، ڕووبه‌ڕووی لێدانیش ده‌بێته‌وه له‌لایه‌ن باوکیه‌وه. هه‌روه‌ها باوکیشی سه‌رده‌می خۆی هه‌مان ئازاری به ده‌ستی باوکی خۆیه‌وه چه‌شتووه. چیرۆک‌نووس توندوتیژیی ناو خێزان به‌شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی نیشان ده‌دات. ئه‌و یاریکردنه ته‌نها به مه‌به‌ستی یاریکردن نییه به خه‌یاڵ، به‌ڵکو له‌وه واوه‌تر ده‌چێت و کۆمه‌ڵێک دابونه‌ریتی واقیعی تێهه‌ڵکێش ده‌کات. (ته‌نانه‌ت بیری ئه‌و بڕگهیهشی نه‌ماوه له یاسای ماڵی خۆیاندا، که پاڵکه‌وتن یان قاچڕاکێشان گه‌وره‌ترین تاوان و بێئه‌ده‌بییه و سزای توندی له دوایه.ل17). هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌و مهنهلۆگهدا ده‌مانباته لای به‌رپه‌رچی خۆڕسکانه‌ی کۆمه‌ڵگا و سزای قورسی باوکیمان له‌لایه‌ن باپیریه‌وه پێشان ده‌دات:( له‌ناکاو هه‌ستم به ئازارێکی داچڵه‌کێنه‌ر کرد له بنی پێم.. ئازارێک مرۆڤ له درێژه‌ی ته‌مه‌نیدا که‌مجار رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئازاره‌که‌دا بۆنکڕووز لووتمی پڕکرد، بۆنێک تا ئێستاش هه‌ست به بوونی ده‌که‌م له لووتمدا!.. له‌گه‌ڵ ئازار و بۆنکڕووزهکهدا به په‌له ئاوڕم دایه‌وه، باوکم له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ دانیشتبوو و تا جگه‌ره‌که‌ی ده‌ستی به ژێری پێم نه‌کوژایه‌وه ده‌ستی هه‌ڵنه‌گرت).
له‌و مهنهلۆگهدا ته‌نها به‌وه‌وه ناوه‌ستێت باس له شێوازی یارییه‌کانی سه‌رده‌می منداڵییمان بۆ بکات، به‌ڵکو حاڵه‌تێکی ده‌روونی و نه‌خۆشییه‌کی کوشنده‌مان بۆ وێنه ده‌کێشێت، ئه‌ویش سادیزمه، که تیایدا مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی ئه‌و توندوتیژییه‌ی سه‌رده‌می منداڵیی خۆی له گه‌وره‌کانی کۆمه‌ڵگا بسێنێته‌وه، ده‌که‌وێته وێزه‌ی گیانی ئاژه‌ڵانیش. ئه‌وه‌تا له لاپه‌ڕه‌ی 18 دا ده‌ڵێت: (له‌ناکاو هه‌ستم به ئازارێکی داچڵه‌کێنه‌ر کرد له بنی پێم.. ئازارێک مرۆڤ له درێژه‌ی ته‌مه‌نیدا که‌مجار رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئازاره‌که‌دا بۆنکڕووز لووتمی پڕکرد، بۆنێک تا ئێستاش هه‌ست به بوونی ده‌که‌م له لووتمدا!.. له‌گه‌ڵ ئازار‌و بۆنکڕووزهکهدا به په‌له ئاوڕم دایه‌وه، باوکم له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ دانیشتبوو و تا جگه‌ره‌که‌ی ده‌ستی به ژێری پێم نه‌کوژایه‌وه ده‌ستی هه‌ڵنه‌گرت). سزادانی بۆق و پشیله و مریشکه‌کان ئاماژه‌ن به بوونی ئه‌و نه‌خۆشییه له ده‌روونی کاره‌کته‌ره‌کاندا. چیرۆک‌نووس نه‌ک ته‌نها ڕووی سادیزمی باوکی پاڵه‌وانمان بۆ ده‌خاته ڕوو، به‌ڵکو دیسان ئاماژه به یه‌کێک له هه‌ره قێزه‌ونترین نه‌ریته کۆنه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌کات، که به‌کارهێنانی توندوتیژییه له به‌رامبه‌ر ڕه‌گه‌زی مێیینه به ناوی پاراستنی شه‌ره‌ف و که‌رامه‌ته‌وه، که خۆی ده‌کشێنێته نێو گیانداره ماڵییهکانیشهوه و ئه‌وانی بهستهسزمانیش ده‌بنه به‌شێک له قوربانیی ئه‌و یاسای پاراستنی شه‌ره‌فه! باوکی کاره‌کته‌ر هه‌ست به سوکایه‌تی ده‌کات و واده‌زانێ شه‌ره‌فی ده‌تکێت، ئه‌گه‌ر مریشکه‌که‌یان که‌ڵه‌شێری دراوسێکه‌یان به‌سه‌ریدا بتسێ. هه‌رئه‌وه‌شه وای لێ ده‌کات سزای مه‌رگ به‌سه‌ر مریشکهکهیاندا بسه‌پێنێت: (باوکم ده‌یگوت: به چاوی خۆم بینیم، که‌ڵه‌شێرێک به‌سه‌ریدا فسی و دواتر ئاماده‌بوو بۆ که‌ڵه‌شێره‌کانی تر!، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵکو بێباکانه ده‌وه‌ستێ بۆ که‌ڵه‌شێری ماڵه‌کانی تریش!..)
چیرۆک‌نووس زۆر وشیارانه ئه‌و توندوتیژییه درێژ ده‌کاته‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌گاته ئه‌وه‌ی کوڕی کاره‌کته‌ره‌که، که ئێستا گه‌وره بووه، بکاته پاسه‌وانی باپیری، نه‌وه‌کا بچێته ده‌ره‌وه و شه‌ڕه‌شه‌ق بکات.نهێنیه‌کان ئه‌ودیوو وێنه‌که‌ی ژه‌نه‌راڵ
وه‌کو پێشتر گوتم هه‌ڵبژاردنی سیمبۆل و تێکه‌ڵکردنی له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ره‌کانی ناو چیرۆکدا، ته‌کنیکێکه زۆجار نووسه‌ر په‌نای بۆ ده‌بات و له ڕێگه‌یه‌وه په‌یامه ئه‌ده‌بییه‌که‌ی خۆی ده‌گه‌ێنێته خوێنه‌ر. چیرۆکه‌که ڕێک له‌سه‌ر شێوازی خه‌ون دامه‌زراوه. ڕووداوه‌کان ناواقعیین. لایه‌نی سایکۆلۆژیی کاره‌کته‌ره‌که، که منداڵێکه و ئه‌و حاڵه‌ته ویژدانییه‌ی ئه‌و منداڵه بایه‌خی پێ دراوه، که له‌گه‌ڵ وردبوونه‌وه‌ی له وێنه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵدا ده‌رده‌که‌وێت. ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌ره‌سانه‌ی، که بۆ نزیککردنه‌وه‌ی منداڵه‌که له ژه‌نه‌ڕاڵیش به‌کار هێنراون، هه‌ر سیمایه‌کی سیمبۆلییان هه‌یه. وه‌کو ئه‌و کتێبانه‌ی، که ده‌یانخاته ژێر قاچییه‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌ی له ده‌موچاوی ژه‌نه‌ڕاڵ نزیک بێته‌وه و بیانبینێت: (نزیکترین شت لێمه‌وه کتێبخانه‌که‌م بوو، به په‌له چه‌ند کتێبێکم راکێشاو خستمه ژێر قاچم، نازانم به‌ڕێکه‌وت ئه‌و کتێبانه به‌ده‌ستمه‌وه هاتن یان له‌به‌ر گه‌وره‌یی قه‌باره‌کانیان بوو ده‌رم هێنان: (القرا‌ن الکریم، کورد‌و کوردستان، به‌نده‌کانی مافی مرۆڤ، ئینجلی پیرۆز، راس المال).
ئه‌گه‌ر له ڕووی سایکۆلۆژییه‌وه له‌و چیرۆکه بڕوانین، ده‌بینین ژه‌نه‌ڕال وێنه شاراوه‌که‌ی باوکی کاره‌کته‌ره. ئه‌و وێنه‌یه، که له واقیعدا ناتوانێت ڕووبه‌ڕووی بوه‌ستێته‌وه، بۆیه له شێوه‌ی چهپاندندا ده‌رده‌که‌وێت. شێوازێکه له شێوازه‌کانی کوشتن و پیرۆزکردنی باوک وه‌کو حاڵه‌تێکی ئۆدیپی. سه‌یر نییه، ئه‌گه‌ر ده‌بینین کاره‌کته‌ر منداڵه و کوڕیشه.شه‌وی نه‌نووسینه‌وه‌ی حیکایه‌ته‌کان
چیرۆکێکی سه‌یر و ئاڵۆزه. پڕه له ترادیژیای به‌رجه‌سته‌کراوی ناو کۆمه‌ڵگای کورده‌واری. شێوازی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌که ته‌کنیکی نوێی تیادا به‌کارهاتووه. چیرۆک‌نووس وه‌ک چیرۆکبێژێک ڕۆڵی خۆی له سه‌ره‌تاوه دیاریده‌کات و به کاره‌کته‌رێکمان ده‌ناسینێت، که ده‌یه‌وێت له فێستیڤاڵیکدا به‌شداربێت. زۆر دره‌نگ به‌و بڕیاره گه‌یشتووه، جگه له‌وه‌ش پاڵه‌وانی چیرۆکه‌که خۆشی چه‌ند پاڵه‌وانێکی تری له میشکدا بۆ دروستبووه و دهیاندوێنێ. ڕاڕایه له‌وه‌ی چۆن و کامیان له‌نووکی پێنووسه‌که‌یه‌وه بخاته سه‌رکاغه‌ز. ته‌کنیکی چیرۆک له‌ناو چیرۆکدا و تێکه‌ڵبوونی خه‌یاڵ و واقیع، زۆر به‌وردی کاری له‌سه‌ر کراوه. ئێمه له به‌رده‌م حاڵه‌تێکی وجوودییدا داین. ترسی تاک له گرووپ. له‌و گرووپانه‌ی بڕیار له‌سه‌ر چاکی و خراپیی تاک ده‌ده‌ن. ترسی کاره‌کته‌ر و نیگه‌رانییه‌کانی له‌به‌رده‌م هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وانی دیکه‌دا، ترسێکی وجوودییه. ته‌نها درهنگبڕیاردانهکهی نابێته کێشه‌ی پاڵه‌وان، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی که زیاتر سه‌ری لێدهشوێنێت، زۆری و چڕیی ئه‌و حیکایه‌ته واقیعییانهن، که پاڵه‌وان بینیوونی و بیستوونی. هه‌ریه‌کێکیان بگری بۆ خۆی داستانێکی سه‌ربه‌خۆ و دڵته‌زێنه و ده‌شێ ببێته مایه‌ی گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتنی پاڵه‌وان له‌و فێستیڤاڵه‌دا، به‌ڵام کێشه‌که له ده‌ربڕین دایه. وه‌کو گوتمان ترسه‌که له شێواندنی ئه‌و وجووده دایه له‌لایه‌ن ئه‌وانی دیکه‌وه. چه‌مکی هه‌ریه‌کێک له‌و حیکایه‌تانه بگریت، ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی واقیعیی باری سیاسیی کۆمه‌ڵگایه، زیندان و ده‌ربازکردنی زیندانییان، له‌سێداره‌دان و کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌کانی ده‌وری. هه‌موو ئه‌مان به کۆمه‌ڵێک ده‌لاله‌تی مێژوویی و سۆسیۆلۆژی نیشان دراون. کات و شوێن له‌م چیرۆکه‌دا زۆر به‌جوانی دیاریکراوه، ده‌توانیین دڵنیا بین له‌وه‌ی، که کات بریتیه له دوای سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین و شوێن بریتیه له گۆڕه‌پانی مه‌یدانی فڕکانفڕکانی هه‌موو ئه‌وگۆڕانکاریانه‌ی که خۆمان شاهیدی حاڵی بووین، به‌بێ ئه‌وه‌ی چیرۆک‌نووس ڕاسته‌وخۆ له نیشاندنایاندا ڕۆڵی بینیبێت. هه‌روه‌ها نه‌بوونی خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه و شیاو له بواری نووسیندا یه‌کێکه له‌و په‌یامانه‌ی چیرۆکنووسلهودیوی سیومبۆڵهکانیدا شاردوویه‌تیه‌وه. کاتێک که پاڵه‌وانی سه‌رلێشێواو و گیرخواردوو له‌نێوان کۆمه‌ڵێک چیرۆکی توقێنهردا ناتوانێت ئاکامی خۆی بپێکێت، که ئه‌ویش بردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه، یاخود کاتێک پاڵه‌وان ناتوانێ له کاتی خوێندنه‌وه‌ی حیکایهتهکانیدا به‌ڕه‌وانی و وه‌کو خۆی چیرۆکه‌کان بخوێنێته‌وه، به‌ڵکو به گریانه‌وه ده‌رده‌په‌ڕێته ده‌ره‌وه، ئه‌مانه مانای تێکشکاندنی پاڵه‌وان نابه‌خشن، به‌ڵکو خوێنه‌ر یاخود بیسته‌ری فێستیڤاڵ له چیرۆکه بێسهروبنهکانی ئه‌و تێناگه‌ن و ناتوانن به‌یه‌کیانی ببه‌ستنه‌وه، که وه‌کو پێشتر گوتمان هه‌موو ئه‌مانه ئه‌نجامی ئه‌و ترسه‌ن، که خود له به‌رامبه‌ر بابه‌تدا هه‌یه‌تی.
فرمێسکه‌کانی پاش مه‌رگی باوکم
له‌م چیرۆکه‌دا خۆمان له به‌رده‌م ستایلێکی نوێتر له‌وانی دیکه‌دا ده‌بینینه‌وه. چیرۆک‌نووس ڕاویه و وه‌کو که‌سی یه‌که‌می تاک و پاڵه‌وانی ناو چیرۆکه‌که ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت. کاره‌کته‌ر که‌سێکی راڕایه و له ڕێگای ئه‌و فلاش باکانه‌ی سه‌رکه‌وتووانه به‌کاری هێناون، سه‌رچاوه‌کانی ئه‌و ڕاڕاییه‌ی ده‌دۆزینه‌وه. کوڕی باوکێکه له‌و باوکه دیکتاتۆرانه‌ی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا نموونه‌یان زۆره. چیرۆک‌نووس زیاتر مه‌به‌ستی ده‌رخستنی ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانه، بۆیه که‌متر به‌لای دیمه‌نی ده‌روه‌دا چووه. هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ کوشتنی باوکیه‌تی، به‌ڵام له‌به‌ر ڕاڕایی، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی سه‌ر ناگرن. (فرۆید) ناو له‌و حاڵه‌ته ده‌نێت بوونی دژایه‌تیی ویژدانی له هه‌ستدا. واته له یه‌ک کاتدا خۆشه‌ویستی و ڕق بوونیان هه‌یه. وه‌ک ده‌بینین له‌پاڵ هه‌موو ئه‌و ڕقانه‌ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی چیرۆکه‌که له ئاستی باوکی‌دا هه‌یه‌تی، زۆر جار به‌زه‌ییشی پێیدا دێته‌وه و ده‌گاته ڕاده‌ی خۆشه‌ویستییش. بوونی ڕه‌گه‌زی دایک له چیرۆکه‌که‌دا، که ئه‌ویش هه‌ر له‌لایه‌ن مێردیه‌وه ڕووبه‌ڕوی توندوتیژی بووه‌ته‌وه، بۆ نیشاندانی باری کۆمه‌ڵایه‌تی نییه، به‌ڵکو بۆ خزمه‌تکردنی ئه‌و بیرۆکه سایکۆلۆژییه‌یه، که چیرۆک‌نووس مه‌به‌ستیه‌تی بیگه‌یه‌نێت. ئه‌وه به‌هانه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کته‌ر زیاتر ڕه‌وایه‌تی به پلانی کوشتنی باوکی بدات. جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر حاڵه‌تی میزکردنیش، که به‌رگرییه‌کی میکانیزمییه. ده‌روونناسه‌کان ئه‌و حاڵه‌ته لای منداڵ بۆ بوونی توندوتیژیی ناو خێزان ده‌گێرنه‌وه. چیرۆک‌نووس توانیویه‌تی یارییه‌کی جوان به کات بکات، که یه‌کێکه له‌ڕه‌گه‌ز و مه‌تریاله سه‌ره‌کییه‌کانی داڕشتنی چیرۆک. ماوه‌ی نێوان ڕاکردن له ده‌ست باوک و گه‌یشتنه به‌ر دارتووه‌که‌ی نزیک ماڵی خۆیان و و ده‌ستوبرد بیستنی هه‌واڵی مردنی باوکی، ده‌شێ له چه‌ند خوله‌کێکی که‌م تێنه‌په‌ڕێت، به‌ڵام توانیویه‌تی کۆمه‌ڵێک ڕووداوی چڕ و سه‌مه‌ره بخوڵقێنێت، که پڕیه‌تی له فلاش باک و مه‌نه‌لۆگ. کۆتایی چیرۆکه‌که‌ش زۆر سه‌رنجڕاکێشه، که کاره‌که‌ته‌ر بۆی ده‌رده‌که‌وێت ئه‌و هه‌واڵه‌ی پێی گه‌یشتووه، گوایه باوکی مردووه، ڕاست نییه و باوک ماوه، که کۆمه‌ڵێک په‌یامی سایکۆلۆژیی گرنگ نیشان ده‌دات.
به‌ره‌وه ماڵێک له ئاو
له‌م چیرۆکه‌دا به‌ره‌و ڕووی فانتازیایه‌کی سه‌یر و سه‌رنجڕاکێش ده‌بینه‌وه. فانتازیا یه‌کێکه له‌و مه‌تریالیانه‌ی، که چیرۆک‌نووس له‌م چیرۆکه‌دا زۆر به‌سه‌رکه‌وتوویی به‌کاری ده‌هێنێت و یارییه‌کی جوانی پێده‌کات. جوانیی به‌کارهێنانه‌که‌شی له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، که ته‌کنیکی فلاش باکی به سه‌رکه‌وتوانه به‌کارهێناوه: ( ئه‌و ده‌سته، نه له ده‌سته زبر‌و ره‌قه‌کانی باوکم ده‌چوو، نه له ده‌سته تووکنه‌کانی خۆیشم، هه‌روه‌ها له ده‌سته تووڕه و بهزهبرهکانی سه‌رده‌می منداڵیی خۆیشی نه‌ده‌چوو، که له کاتی تووڕه‌بووندا لا روومه‌تی ئێمه‌ی سڕ ده‌کرد، به‌ڵکو زیاتر له‌و ده‌سته بێ ئێسکانه‌ی پیاوه نوورانییهکانی ناو حیکایه‌ته ئهفسانهییانهکان ده‌چوو، که له ده‌می داپیره‌وه بیستبوومن). هه‌روه‌ها ئه‌م پهرهگرافهش: (هه‌رچه‌نده نه‌مده‌زانی ئه‌و ده‌سته به‌ره‌و کوێ په‌لکێشم ده‌کات، که‌چی نه‌رمییه‌که‌ی جگه له‌وه‌ی جۆره ئاسووده‌یی و چێژێکی ده‌روونیی پێ ده‌به‌خشیم، هه‌روه‌ها ئه‌و کاتانه‌ی سه‌رده‌می منداڵیشمی ده‌خسته‌وه بیرم، که له دواوه توند توند فه‌قیانه‌ی کراسه‌که‌ی دایکمم ده‌گرت، بۆ ئه‌وه‌ی لێی ون نهبمو لۆژه لۆژ دوای ده‌که‌وتم. ره‌نگه هه‌ر به‌هۆی ئه‌و چێژ‌و یادهوهرییانهشهوه بووبێت، که نه‌مده‌ویست یان حه‌زم نه‌ده‌کرد زوو بگه‌ین.). گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڕێ خنکاوه‌که‌ی سه‌ره‌تا ئاسایی دێته به‌رچاو، به‌ڵام دوایی کاتێ له درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌دا کۆمه‌ڵێک چیرۆکی لۆکا‌ڵی له‌و باره‌یه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، ڕووبه‌ڕووی جۆرێک کابووس ده‌بینه‌وه. ئه‌و خنکاوه بۆ ئه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هه‌تا ئه‌م له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ ناو ئاو به‌رێت. لێره‌دا ته‌نها ئه‌وه نییه، که ئه‌و هاوڕێیه خنکاوه‌ی ئیدینتیفیکێشنی له‌گه‌ڵ ئاودا کردووه، به‌ڵکو فه‌زای چیرۆکه‌که، که وه‌کو گوتم کابووسێکه، جۆرێکه له ئیدیتیفیکێشن، چونکه واقیع به‌مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆی گۆڕاوه به یه‌کێکی دیکه. له‌م چیرۆکه‌دا کات و شوێن مامه‌ڵه‌یه‌کی زۆر قووڵیان له‌گه‌ڵدا کراوه، ئه‌گه‌رچی زمان خۆی ساده نیشان ده‌دات. له هه‌موو ئه‌وانه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی کاره‌کته‌ر جا چ له‌ناو خێزان و چ له ده‌ره‌وه‌ی خێزاندا، ژینگه‌یه‌کی ناله‌باره و له نه‌ستی کاره‌کته‌ردا هه‌یه، که جێیبهێڵێت، ئه‌گه‌رچی چیرۆک‌نووس هیچ ئاماژه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی پێ نه‌داوه: (ئه‌و باش ئاگاداری ئه‌وه بوو، که له سه‌رده‌می منداڵییماندا ئه‌گه‌ر مهلهمهوانهکان نه‌بوونایه، هه‌رگیز رزگارم نه‌ده‌بوو و له‌مێژبوو خنکا بووم. بۆیه به په‌له گوتی: مه‌ترسه.. ئه‌مجاره منت له‌گه‌ڵدام.. من باش له زمانی ئاو ده‌زانم.. دڵنیابه رێگه ناده‌م بچووکترین مه‌ترسیت بۆ دروست بێت).
دوا خه‌ونی ئیسماعیل
له چیرۆکی (دوا خه‌ونی ئیسماعیلدا) دیسان به‌سه‌رسامییه‌وه له به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک شه‌پۆلی خه‌یاڵاتی چڕ و ته‌کنیکی فلاش باکدا خۆمان ده‌بینینه‌وه، که تیکه‌ڵه‌یه‌که له کۆمه‌ڵیک په‌یامی سایکۆلۆژی. له‌م چیرۆکه‌دا ڕاستوخۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ میتۆلۆژیادا ده‌کرێت. هه‌موو ماتریاله‌کان، ده‌نگی مه‌لا، ڕژانی خوێن، که له درزی ژێر ده‌رگای ماڵانه‌وه ده‌ڕژێنه کۆڵان، لینگهفرتێی مریشکه سه‌ربڕاوه‌کان و چه‌قۆ تیژ و گه‌وره‌کان ئاماژه‌ن بۆ ئێتمۆسفێری میتۆلۆژیا، به‌تایبه‌تی میتۆلۆژیای قوربانی. لێره‌دا دیسان په‌یوه‌ندیی کوڕ و باوک له‌ناو ئه‌و ئێتمۆسفێره میتۆلۆژییه‌دا ئاماژه‌یه به گرێی ئۆدیپ. ترسی کوڕ له‌و خوێن و چه‌قۆ و سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵان و ده‌نگی مه‌لا، ترسه له خه‌ساندن له‌لایه‌ن باوکیه‌وه، که له دیدگای (فرۆید)ه‌وه به‌نده به گرێی ئۆدیپه‌وه. ئه‌و ترسه ده‌گاته ئه‌و راده‌یه‌ی، که کاره‌کته‌ر جه‌سته‌ی خۆی لێ ببێته به‌ڵا، که وه‌کو ئه‌درێسێک وایه و باوکی به‌ئاسانی ده‌توانێت بیدۆزێته‌وه: (به‌ڵام ئه‌و هێشتا قه‌باره‌ی له‌شی خۆیی زۆر پێ گه‌وره‌تربوو له قه‌باره‌ی له‌شی ههمووکهسهکانی تر، له هه‌مانکاتیشدا ترسنۆکترین له هه‌ر هه‌موویان. پێی وابوو هێشتا هینده‌ی کێوێکه له‌ژێر بهتانیهکهداو له‌دووری دووره‌و به‌دی ده‌کرێ، به‌ڵام کێوێک له په‌ڕۆکۆن.ل72)
بۆگه‌نی سه‌یرانگه‌که‌ی شار
چیرۆکێکی سه‌رتاپا فه‌نتازی و مه‌جازییه و له ڕێگه‌ی بۆگه‌نی زێرابێکهوه نووسه‌ر له سه‌رزاری پاڵه‌وانه‌که‌یه‌وه تێکشکاندنی شیرازه‌ی شارێکمان بۆ ده‌رده‌خات. کۆمه‌ڵێک مانای جیاواز جیاواز له پشت کێشه‌کانی ئه‌م زێرابه‌وه خۆیان حه‌شار داوه. شار هه‌روه‌کو (مه‌ریوان وریا قانع) له گوتاری (شار وه‌ک شاهید)دا باسی ده‌کات، نیشانه و سیمبۆلی پیشاندانی که‌لتوور و نه‌ریتی نه‌ته‌وه‌یه و له ڕێگای سه‌یرکردنی شاره‌وه ده‌توانی هه‌ست و ده‌روونی دانیشتوانی بخوێنیته‌وه. (دانا فایه‌ق) له‌م چیرۆکه‌دا لایه‌نی میتۆلۆژیی شار ده‌خوێنێته‌وه، که خۆی له‌و ههقایهتانهدا ده‌دۆزێته‌وه، که له کۆیاده‌وه‌ریی دانیشتواندا هه‌ن. یه‌کێک له کاره‌کته‌ره‌کانی ڕۆمانی (مامزێر)ی (کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور)م بیر دێته‌وه، که ده‌ڵێ: جوانیی شار کاتێک ده‌رده‌که‌وێت، که به‌جێیده‌هێڵین. له‌م چیرۆکه‌ی (دانا فایه‌ق)یشدا شار ته‌نها جۆگرافیایهکه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی نیگه‌رانی و شپرزهییهکان، بۆیه کۆچ و مانه‌وه هه‌مان ما‌نایان هه‌یه و هیچیان ده‌رباز بوون نیین له شار، چونکه شار ئه‌وه‌نده‌ی فانتازیایه، ئه‌وه‌نده واقیع نییه. ئه‌وه‌نده‌ی وێنه‌یه، هێنده ماتریالێکی به‌رجه‌سته نییه.
گه‌ڕانه‌وه بۆ خه‌ونه‌کان
له‌م چیرۆکه‌شدا میتۆلۆژیای شار دووباره ده‌بێته‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی جیاوازتر، که تێکه‌ڵی نۆستالژیا ده‌بێت. له ماوه‌یه‌کی که‌مدا گه‌ڕه‌کێک به‌شێوه‌یه‌ک ده‌گۆڕێت، که هیچی له‌وه‌ی جاران ناچێت و کاره‌کته‌ر تووشی نامۆیی ده‌بێت. لێره‌شدا کاریگه‌ریی کات به‌سه‌ر شوێنه‌وه ده‌بینین، که له‌سه‌ر مۆراڵی کاره‌کته‌ره‌کاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. وه‌کو پێشتر گوتم چیرۆک‌نووس خه‌مه زه‌قه‌کانی نه‌ته‌وه و نیشتیمان بۆ کۆمه‌ڵێک خه‌می ورد و شاراوه ده‌گۆڕێته‌وه، که به‌شێکن له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خود به‌رانبه‌ر به په‌لاماره‌کانی کات و له شێوه‌ی نامۆبووندا ده‌رده‌که‌وێت.