Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
ئەم شەقامە نامباتەوە سەر ژیان …؟!

ئەم شەقامە نامباتەوە سەر ژیان …؟!

Closed
by February 3, 2008 ئەدەب

ژیان پێناسەى وەفایە بۆعەشق ، کاتێک وەفا نامێنێ عەشق ، لەمەزاد خانەى مەعشوقەکاندا هەڕاج دەکرێ ..
سەروەر کەریم…
لەباخە ئەزەلیەکانى ئیرەمەوە ،
بەشوێن ماناکانى بووندا گەڕاین .
کەس ژیانى نیشان نەداین ،
لەپێناسەکانى عەشق دا
وێناى ڕوحمان کێشاو ،
نەگەیشتینە خەونى سەرمەدیانەى ماچ .
هەزاران شەو نزامان کردو ،
لەتەنهایى دا ئالودەى مەیى بووین و،
تەجەلاکانمان بۆئاسودەیى بەکەنار نەگەیشت .
چ کارەساتێکە ؟
ژیان هەناسەکانى بوونى پآ نەبآ و ،
وادەى مەرگمان بداتآ .
لەمێژەوە ئاونگى بەیانمان نەبینی وە ،
تاسیما جوانەکانى پاک بوونەوە باخچە ببینین .
ئیدى بەسەرچوو گەیشتن بەوآ ،
بەهەناسەکانى بەفروو ئاسودەیى .
ئەوە قەدەرى ئێمەیە لەعەدەم دابین و،
پێناسەى بەفرمان بۆ نەکرێ و،
درۆى مەعشوقەکان بەوەفا بزانین .
ئاى زەمەنى بەعەدەم بوون و سەراب !
هەزاران چیرۆکى ناکامى عەشقت نیشان داین و ،
گومانمان لەفریوى حەواکان نەکردو ،
بێ ئاگایانە خۆمان دەدایەوە دەست قەدەریان .
ئەفسوس … ئەفسوس
لەم زەمەنى گۆڕستانى عەشقەدا .
کەس ئاشنانى یە بەماڵەکانى باران و ،
وەفا درۆى مەعشوقە دڵەبەبەرد بووەکانەو،
ڕۆژانە یارى بەڕوحمان دەکات .
عەشق پێناسەى ئاوە ،
لەدواساتەکانى تینوێتى دا و،
گەڕانە بەنێو هەناسەکانى ژیان دا .
جەخار … جەخار
لەم بەیدەستى یەى  ئادەمەکاندا .
هیچ شەقامێک خەونى نى یەو ،
هیچ کۆڵانێک بۆنى ژیانى لێ نایەت .
هیچ مەعشوقێک بەئاونگ دەست نوێژناگرآ ،
تاڕوحى پڕبێت لەپاک بوونەوەو ،
سەمایەک لەگەڵ نەوڕەسەکان بکات و ،
دەست لەبەقوربانى کردنى عاشقەکان هەڵگرێ ،
تاژیان ( سەماى عەشق ) بنوسێ .
ئاى زەمەنى بەبەرد بوو !
لەزمانى پاڕانەوەى ( مەحوى ) نەگەیشتى و ،
لەگەڵ ( وەلى ) دا ئەسرینت نەڕشت ،
بۆبێ وەفایى ( شەم ) .
( نالى ) ت کردە ( قوربانى تۆزى ڕێگە ) و ،
بەئامێزى ( حەبیبە ) نەگەیشت .
چ قەدەرێکە ژیان عەنقایەک بێت و ،
بەدواى ساتەکانى وەفادا بگەڕێن و ،
چاوەڕوانى لەدایک بوونى ( شەم ) ێکى راِستگوبین ،
تاهەناسەکانى ڕاموسان بنوسێتەوە .
بەسەر چوو وادەى گەیشتن بەماڵەکانى هەور .
( ئولفەتم گرتوە لەگەڵ عیللەت نى یە چارەوشفا/
بەردەبارێنێ بەسەرما چەرخى بێ ڕەحم و وەفا ) .
ئیدى کەس ئاشنا نى یە بەماڵەکانى دڵ ،
کەس گوێ بۆئەم گۆرانى یە خەمبارە ناگرێ ،
تاساتەکانى ژیان لەگەڵ عەشق ئاشت بێتەوەو ،
شەقامە نووستوەکانى خەون بەئاگابێت .

24/1/2008
ماناى هەندێک ووشە :
تەجەلا : هەوڵدان
عەدەم : نەبوون
بەیدەستى : ملکەچى
عەنقا : باڵدارێکى وەهمیە
ئیرم : خۆشترین باخى بەهەشت بەپێى ئەفسانەى ئایینى
تێبینى :
1- ( سەماى عەشق ) ناوى کتێبێکى نووسەرى هیندى ( ئۆشۆ ) یە
2- ( مەحوى ) یەکێکە لەشاعیرە گەورەوناودارەکانى کورد
3- ( نالى )  یەکێکە لەشاعیرە گەورەوناودارەکانى کورد
4- ( حەبیبە ) مەعشوقەکەى ( نالى ) یە کەچەندین شیعرى بۆ نووسى پێ نەگەیشت
5- ( وەلى ) وەلى دێوانەى شاعیرە
6- ( شەم ) مەعشوقەکەى ( وەلى دیوانى ) شاعیرە کەچەندین شیعرى بۆنووسى پێ نەگەیشت
7- ( قوربانى تۆزى ڕیگەتم ) شیعرى ( نالى ) یە
8- ( ئولفەتم گرتوە لەگەڵ ) شیعرى ( مەحوى ) یە

Sarwar_kareem@yahoo.com
Sarwar_kareem@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.