پێشنیار بۆ زمانی یەکگرتووی کوردی- هیشام ئاکرەیی
تاوەکوو ئێستا زۆر لەسەر کێشەی زمانی یەکگرتووی کوردی نووسراوە، و لەبەر ئاڵۆزی کێشەکە لەوانەیە لەیەک تێنەگەیشتنێک دروست ببێت لە نێوان ئەو کەسانەی ئەو کێشەیە ئالۆگۆڕ دەکەن. بۆ ئەوەی هەڵوێستی کەسایەتی خۆم لەو کێشەیەدا ئاشکرا بکەم و بۆ ئەوەی ڕێگا بگیرێت لە لێکدانەوەی چەوت، پوختەی بۆچوونەکانی خۆم لێرەدا دەخەمە ڕۆ و بەو هێوایەی لە داهاتوودا تیشک بخەمە سەر درێژەکاریەکانی ئەو پێشنیارە.
کێشەی زمانی کوردی دەکرێتە دوو بەش، بەشی یەکەم و سەرەکی شێوەی زمانی یەکگرتوویە و بەشی دووەم ئەو شێوە پیتانەن کە بوو نووسینی زمانی کوردی دەبێ بە کار بهێنرێن.
بەندە پێ وایە کێشەی ڕێنووسی (پیتەکان) دەتوانرێت چارەسەر بکرێت و ئەگەر کورد بە شێوەی پیتی عەرەبی (ئارامی) بنووسن یان لاتێنی، پەیوەندی بە پێشکەوتنی تێکنۆلۆجی، ژیانی سەردەم ، توانای پێشەخستنی زمان و گونجاوی شێوەی پیتەکان، بۆ زمانی کوردیەوە دەبێت. ئەمەش شارەزایانی زمانی کوردی دەتوانن دانوسان لەسەر بکەن، دوور لە توندڕێیی و خۆسەپاندن.
سەبارەت خودی زمانی یەکگرتووی کوردی پێم وایە:
1- هیچ کام لە زاراوەکانی کوردی بە تاقی تەنیا ناتوانن پێویستیەکانی زمان بۆ گەلی کورد بەدی بێنن، و بۆ ئەوەی زمانێکی کوردی دەوڵەمەند بئافرێنرێت کە هەموو تایبەتمەندیەکانی زمانی تێدابێت و نەتەوەی کورد بتوانێت لە ژیانی ڕۆژانە، ئەدەب و زانستدا بە کار بهێنرێت، پێویستە سوود لە هەموو زاروەکانی زمانی کوردی و هەتتا هەندێ زمانی بیانیش وەربگیرێت. کەواتە زمانی یەکگرتووی کوردی لە خاڵە بەهێزەکانی هەموو زاراوەکانی کوردی پێک دێت.
2- هەوڵدان بۆ سەپاندنی زاراوەیەکی کوردی بەسەر زاراوەیەکی تردا، یان ناساندنی وەک زمانی یەکگرتووی کوردی، لە بەرژەوەندی نەتەوەیی و زمانەوانی کورددا نییە. هەر بۆیەش دەبێ لە خاڵە بەهێزەکانی زاراوەکانی کوردی سوود وەربگیرێت.
3- هەبوونی ئەوەندە زاراوە لە زمانی کوردیدا، پەیدابووی بارودووخی کوردستان و سرۆشتی کوردستانە، و دەبێ کورد ئەو فرە زاراوەیییە بکاتە خاڵێکی بە هێز لە پێناو دروستکردنی زمانێکی دەوڵەمەند، نەک ئەوەی بە خاڵی لاواز لەقەڵەم بدێت.
4- هیچ کام لە زاراوەکانی کوردی بە تاقی تەنیا مەرجەکانی زمانێکی سەردەم و پێشکەوتووی تێدا نییە، بەلکوو هەموو زاراوەکانی کوردی بە یەکەوە دەتوانن پێویستیەکانی کورد بە دی بێنن.
5- دەبێ شارەزایانی زمان لە ئەنجوومەنێکی زماندا کۆ بکرێتەوە و لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە مەبەستی دوزینەوە و دروستکردنی ڕێزمانێکی یەکگرتوو بۆ زمانی کوردی چونکە تاوەکو ئێستا جیاوازیەکی زۆر لە ڕێزمانی زاراوەکانی کوردیدا هەیە.
6- دەبێ ئەنجوومەنی زمانی کوردی لەسەر بنەمایەکی زانستی کاربکات و لێکۆڵینەوە بکاتە شێوەی پەسەندکردن و وەرگرتنی وشەکان بۆ زمانی یەکگرتووی کوردی. نابێ شارەزاریانی زمان لەسەر بنەمای ئەو زاراوەیە یان ئەوەی تر وشە بۆ زمانی یەکگرتووی کوردی هەڵبژێرن، بەڵکۆ لەسەر بنەمای کورد بوون و ڕەسەن بون و پێگانەبوون وشەکان هەڵببژێردرێن.
سەبارەت چارەسەریی بۆ ئەمڕۆی باشووری کوردستان:
1- دەست بەجێ ئەنجوومەنی شارەزایانی زمانی کوردی دروست بکرێت کە لەسەر بنەماکانی سەرەوە کار بکات و لە ماوەی 5 ساڵدا فەرهەنگێکی زمانی کوردی و ڕێزمانی یەکگرتووی کوردی دابنرێت و لە چەند قوتابخانەیەک جێبەجێ بکرێت یانیش باشتر وایە گوندێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دروست بکرێت تیایدا نزیکەی 100 کەس فێرە ئەو زمانە یەکگرتوویە بکرێن و لەو 5 ساڵەدا گۆڕانکاری لەو زمانەدا بکرێت.
پێویسته گرۆپی زمان دروست بکرێن و له ههموو کوردستان بگهڕێن بۆ ئهوهی وشهکانی هاوواتا بنووسن و باشترینان و له یهکترنزیکترینیان ههڵبژێرن.
2- دەبێ لە بەشی مامۆستایاندا لە زانگۆ بەو زمانە یەکگرتوویە بخوێنرێت.
3- تاوەکوو ئەو کاتەی زمانی یەکگرتووی کوردی دروست دەبێت پێویستە لە باشووری کوردستان گۆڕانکاری لە سیستەمی خوێندندا بکرێت و بەم شێوەی خوارەوە:
ا- واز لەو پەرتووکانەی زمان بهێنرێت ئەوانەی بە دوو زاراوە نووسراون.
ب- لە هەرێمی سۆران وانەیەک هەبێت بەناوی (بەهدینانی و هەورامانی) و لە هەرێمی بەهدینان وانەیەکی تایەت هەبێت بەناوی (سۆرانی و هەورامانی). بەهەمان شێوە لە هەورامان (سۆرانی و بەهدینانی هەبێت). ئەم وانەیە نابێت قورس و درێژ بێت و دەبێ زیاتر ئەو زمانە بێت کە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکار دەهێنرێت.
ت- زۆربەی وانەکانی زاراوەکان باشترە بەشێوەی فلیم و دیالۆگ بێت، بۆ ئەوەی قوتابیان بە شێوەیەکی ئاسان ئاشنای زاراوەکان بن.
4- وانەکانی زانستی و ئەدەبی بە زاراوەی خۆجێیی بخوێنرێن بۆ ئەوەی کارنەکاتە سەر ئاستی فێربوون و وەرگرتنی زانستەکان.
5- تاوەکو ئەو کاتە لە ڕاگەیاندندا گرنگی بە زمانی یەکگرتوو بدرێت، هەروەها گرنگی بە هەر سێ زاراوەی سەرەکی زمانی کوردیش بدرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان زیاتر ئاشنای زاراوەکانی یەکتری بن.
هەلبەتە ئەم بابەت دوور و درێژە و ئەمە تەنیا چەند سەردێڕێکن.
نموونەیەک بۆ زمانی یەکگرتوو:
ئەز دەقەکێ دەنووسم بۆ ئەوەی کەس نەبێژیت مە کوردان زمانی یەکگرتی نییە. مە کوردان ژی وەک هەموو گەلێن دی زمانێ خۆە هەیە. ئەم دکارین ژیانا خۆە یا ڕۆژانە بەرەف پێش ببەین. هەروەها زمانێ کوردی بکەینە گولەکا گەش لە هەر مالەکێ دا. ئەز باوەڕناکەم دۆزینەڤا خالێن هاوبەش لە زمانێ کوردیدا کارەکێ زۆر قورسە
Ez deqekê denûsim bo ewey kes nebêjît me kurdan zimanê yekgirtî nîye. Me kurdan jî wek hemû gelên dî zimanê xwe heye. Em dikarîn jiyana xwe ya rojane berefpêsh bibeyn. Herweha zimanê kurdi bikeyne guleka gesh le her malekêda. Ez bawernakem dozîneva xalên hawbesh le zimanê kurdîda karekê zor qurse.
دەقی سەرەوە تەنیا نموونەیەکە بۆ شێوەی پێشنیارکراو بۆ زمانی یەکرتووی کوردی و دەکرێ زۆر گۆڕانکاری لەسەردا بکرێت، بەتایبەت کە نووسەر بە باشی ئاشنای زاری ناوچەکانی هەورامان نییە، ئەوە جگە لە هەزاران تێبینی تر.
akreyii@gmail.com