سێوی شین..! ……توانا ئه‌مین
سێوی شین..!
توانا ئه‌مین
www.Tanyaee.Kurdblogger.comبه‌هه‌موو ئه‌و واقوڕمان‌و سه‌رسوڕمان‌و ئه‌بڵه‌قییه‌ی مرۆڤ له‌به‌رامبه‌ر سروشتدا هه‌یه‌تی، كه‌چی ناتوانێت كه‌ماڵییه‌كه‌ی نه‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. ئینسان خۆی ده‌ستێكی ناڕه‌نگین‌و گه‌وره‌وگرانی له دروستكردنی ناسازیدا هه‌یه، ده‌نگی تراكتۆر بهێنه‌ره‌وه به‌ر زه‌ینی خۆت.. ده‌نگی موه‌لیده.. به‌ڵام ئایا ده‌شێت سروشت خۆی له‌گه‌ڵ هاروهاجتریت مه‌خلوقیدا كه ئینسانه به‌راورد بكات؟ حه‌ق بوو سروشتیش جارجار ئه‌پده‌یتی خۆی بكردایه‌وه با ئه‌و جارانه ده‌یان قه‌ڕن‌و سه‌دان ساڵیشیان له‌نێواندا بێت.
بیر له‌وه‌بكه‌ره‌وه هه‌ندێك شت له‌م سروشته‌دا زیاده نین؟ سوهراب گوتبووی "ئه‌گه‌ر كرم نه‌با، ژیان شتێكی كه‌م ده‌بوو" به‌ڵام داخۆ بوونی جرجێكی بۆر‌و ته‌ڕی پیسی ناو زێرابێك، به‌زیاد نازانی؟ زیاد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و حه‌مكه جوانییه‌دا كه سروشت خاوه‌نییه‌تی‌و مرۆڤ بێ ئه‌وان ناتوانێت چركه‌یه‌ك به‌رده‌وامبێت.
ئایا نه‌ده‌بوو له‌جێگای گریان‌و زیڕه‌زیڕ، منداڵ ده‌نگێكی هه‌بایه به‌وێنه‌ی گمه‌گمی كوكوختی، ئه‌و كاته ماڵه‌كانیش ده‌سبه‌رداری دۆزه‌خی خۆیان نه‌ده‌بوون‌و تامی باخچه‌یه‌كیان نه‌ده‌دا؟
نه‌ده‌كرا كه‌ر له‌جێگه‌ی ئه‌و سه‌ڕه سه‌ڕه ناخۆشه‌ی، كه خودا‌ش به‌خودایه‌تی خۆی رقی لێیه‌تی، ده‌نگێكی وه‌ك بولبولی هه‌بایه؟ ده‌زانم نمونه‌كه‌م له‌رووی ئه‌ندازه‌ییه‌وه خراپه، (ئاخر ئه‌وه كۆڵی منه له‌هارمۆنیادا كه هه‌رگیز شته شیاوه‌كانم بۆ پێكه‌وه كۆنابێته‌وه‌و به‌رده‌وام خه‌می ئه‌و كێماسیه‌م ده‌مكوژێ) ئه‌گه‌رنا نابێت‌و نه‌گونجاوه كه‌ر به‌و په‌یكه‌ره زه‌به‌لاحه‌یه‌وه ده‌نگێكی ناسك‌و نزمی وه‌ك ده‌نگی بولبولی هه‌بێت، ده‌ی با سروشت به‌و توانا فراوانه هونه‌ری_ئیستاتیكییه‌ی خۆیه‌وه له خوڵقاندندا، هه‌ڵه‌كه‌ی هه‌ردووكمان راستبكاته‌وه‌و ده‌نگێكی دیكه بئافرێنێ، مه‌گه‌ر بۆ سرشت هیچ شتێك نامومكینه؟
هه‌رچه‌ند ده‌زانم ئێستا جه‌مال غه‌مبار له پێشنیازێكی وه‌ها په‌سته. ئه‌و جارێك له ته‌له‌فوندا پێی وتم "توانا.. بیری (كه‌ر) ده‌كه‌م.. زۆر زۆر بیری ده‌كه‌م.. ده‌مێكه گوێم له‌ده‌نگی نه‌بووه.. له‌م قاڕه گه‌وره‌یه‌دا كه‌رێكی وه‌ك لای خۆمانی لێنییه بسه‌ڕێنێ‌و ئه‌م دڵه‌ی من ئاو بدات" ئه‌گه‌رچی ئه‌م قسه‌یه خاڵی نییه له وێنه‌یه‌كی شیعریی تژی له تاسه‌كردنی نیشتیمان، هاوكاتیش دیسانه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی قوڵی شاعیره له‌سه‌ر ئاستێكی قوڵی نوستالوژیی بۆ ئێره.
زۆر زیاد ناڕۆین له‌وه‌ی داوای هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مردن له‌سروشت بكه‌ین، چونكه من بۆخۆم پێم وایه دیوێكی تری ژیانه‌و به‌هه‌موو ئه‌و خۆفه‌ی هه‌مانه له‌به‌رامبه‌ری، جوانییه‌كیش خۆی تێدا مه‌ڵاس داوه.. جوانییه‌كی په‌نهان.. جوانییه‌ك كه بێ وردبوونه‌وه‌و بیركردنه‌وه لێی هه‌رگیز نایبینی.
لێ ئایا نه‌ده‌شیا ئازار نه‌بێت؟!
ئه‌گه‌ر وابوو یه‌كه‌م شت له‌شاره‌كه‌ی خۆمانه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ین، له (نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری)یه‌وه، نه‌خۆشه‌كانمان ئیزن ده‌دا بۆ ماڵه‌وه.. خوا حافیزتانبێت.. بینای نه‌خۆشخانه‌كه‌مان ده‌كرده گه‌له‌ریی.. وێنه‌ی دۆكۆمێنتی رۆژانی زوو (ئێستامان) تێدا نمایش ده‌كرد.. دیمه‌نی قریشكه‌ی ژنێك له‌ساتی منداڵبووندا.. ئازاری پیاوێكی پیر له نه‌شته‌رگه‌ری هه‌ڵكۆڵینی چاویدا.. تابلۆی منداڵێك كه ئاوی گه‌رمی پیادا رژاوه‌و زریكه‌ی تا عه‌رشی عه‌زیم ناوه‌ستێت.
هه‌رچه‌ند له جوانی زۆر رابمێنین كه‌چی هێشتا خۆمان پێ له‌وه ترسنۆكتره ئه‌م پرۆپۆزه‌ڵه بنێرین بۆ سروشت. راستیش نازانین به‌چ میكانیزم‌و له كام قاسیده‌وه بینێرین‌و بیگه‌یه‌نینه جه‌ناب عالی پایه‌به‌رز (سروشت)ی سه‌روه‌رمان؟
كه‌چی زه‌حمه‌ت نییه مرۆڤ بۆ ئه‌م باره كۆمه‌ك له‌خه‌یاڵ بخوازێت، له‌وه‌ده‌چێ ته‌واوكردنی دونیا له‌ده‌ستی ئێمه‌دابێت، ده‌ستی خۆمان نــا.. ده‌ستی خه‌یاڵمان.. ئێستا ئه‌م وێنه‌یه بیهێنه پێش چاوی خۆت؛ سێوێكی شینمان هه‌بێت.. شینێكی كاڵ.. خاڵی ره‌شی ورد تانوپۆی نه‌خشاندبێت.. كه چاوی زۆر له‌سه‌ر وردبكه‌یته‌وه له‌ودیو پێسته ناسكه‌كه‌یه‌وه ده‌نكه ره‌شه‌كانی ببینی كه ئارام‌و مه‌نگ له ناوه‌ڕاستیدا چه‌قیون‌و ئه‌وانیش چاوه‌ڕوانی قه‌پاڵێك ده‌كێشن.