به‌رماڵه جادوویه‌که‌ی داپیره…..هه‌ژێن
به‌رماڵه جادوویه‌که‌ی داپیره
هه‌ژێن
جونی 1998*پاش چوار ساڵ ئابڵۆقه‌ی ئابووری، ناو ماڵه‌که‌م ده‌توت بنهبارگهی دهوارنشینهکانه، ڕاخهڕێك و سێ کۆنه لێفه و دوو لباد و شه‌ش سه‌ر خێزان. له ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا ئه‌وه‌ی هه‌م بوو، فرۆشتم. پاش ئه‌وه که‌وتمه کۆکردنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ی به‌جێماوی دوای ده‌ڕاسه و کۆڵکێشی سه‌ر سنووره‌کان. شارمان لێ بووبووه لادێ و له هه‌موو شت بێبه‌ش بووین، مناڵه‌کان له‌به‌ر نه‌بوونی پۆشاك و پێداویستی خوێندن و کرێی هاتوچۆ، وازیان له خوێندن هێنا. ناچار له به‌هار و هاویندا گیاوگۆڵیان بۆ خواردن کۆده‌کرده‌وه و پاییز و زستانیش عه‌لاگه‌یان ده‌فرۆشت، خۆشم هه‌ر ڕۆژه‌ی له شوێنێك، به‌دوای ناندا ڕاکهڕاکهم بوو، باش بوو زوو به‌ئاگا هاتم و نهم هێشت، چیتر مناڵه‌کان ده‌ستفرۆشی بکه‌ن.
زستان وه‌ك هه‌میشه بێ به‌ره‌که‌ت، له ده‌رگه‌ی داین و ئه‌وه‌ی مابوو فرۆشتمان. کچه چکۆله‌که‌م «خوناو» ڕۆژ له دوای ڕۆژ لاواز ده‌بوو، هه‌ر که‌س ده‌یدیت، دیوت ئه‌وه چییه‌تی، ده‌ڵێی نان نییه بیخوات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ماڵماندا نان هێنده زۆربێ، که‌ڕوو بکات!
له‌تاو ئه‌و قسانه، خه‌ریك بوو، شاخ ده‌رکه‌م، هه‌زار و ئه‌وه‌نده جنێوم له یه‌ك جێ‌دا ده‌دا. ئاخر سه‌گبابینه، مه‌گه‌ر له بێنانی و برسییه‌تی زیاتر، کیژۆڵه‌که‌م چییه‌تی؟ مه‌گه‌ر چ هه‌ژارێك هه‌یه نانی هه‌بێت و نه‌یخوات، ها؟
وه‌ك هه‌موو ڕۆژێك چووم به دوای بارهه‌ڵگریدا، به‌ڵام وه‌ك دوێنێ و پێرێ، دیسانه‌وه به‌ده‌ستی خاڵی گه‌ڕامه‌وه ماڵ. مناڵه‌کان لێم خڕبوونه‌وه، به‌و چاوه‌ڕوانییه‌وه که به‌ڵکو ئه‌وڕۆ، چه‌رخی ڕۆژگار پێچه‌وانه گهرابێ و چه‌ند بیسکویت و چوکلێت له گیرفانه‌کانمدا په‌یدا بکه‌ن. به‌ڵام له چاتروکانێکدا ئه‌و هیوایه‌یان وه‌ك هه‌وری به‌هاران ڕه‌وییه‌وه.
جاران ماچ و یه‌ك له ئامێزگرتن، ماندوویی و دووری چه‌ند ساتێکی له‌بیر ده‌بردینه‌وه، به‌ڵام ئێستا ئیتر بۆنی ئاره‌قه و کۆنهپۆشاكی ناو له‌نگه‌فرۆشان، ئه‌و ئارهزووهمهندییهشی نههیشتووین و له ماچ و ئامێزی یه‌کدی بێزاری کردووین.
خوناو، خۆی هاویشته باوه‌شم و توند توند ده‌سته بچکۆله‌کانی ئاڵانده ملم، ده‌ستبه‌جێ هه‌ستم کرد، که قسه‌یه‌کی پێیه، به ئارامی وتی:
-: بابه لێم توڕه نابی؟
منیش به سه‌رسوڕمانه‌وه پرسیم، بۆ، چی بووه کچم؟
خوناو: بڵێ، توڕه نابم!
منیش به په‌شۆکاوییه‌وه، وتم ئه‌گه‌ر ئازاری که‌سێکت نه‌دابێت، توڕه نابم.
خوناو: نا بابه گیان، که‌سم ئازار نه‌داوه….
که‌مێك وه‌ستا و دووباره
-: ده‌ڵێم بابه، ئه‌وه تۆش وه‌کو من حه‌ز له بیسکویت ده‌که‌ی؟
توند به ده‌سته بچکۆله لاوازه‌کانی، دم‌وچاوی خۆی شارده‌وه، ئاوا شه‌رم دایگرتبوو، ده‌توت تاوانێکی زۆر گه‌وره‌ی کردووه. گریان گه‌رووی گرتم، هه‌رچۆن بوو، وه‌ڵامم دایه‌وه، گوڵی بابه، منیش وه‌ك تۆ حه‌زم لێیه‌تی، به‌ڵام…
خوناو: به‌ڵام چی، بابه؟ تو سه‌ری دایه پێم بڵێ، به‌ڵام چی؟
ده‌ستێکم به پرچه ئاڵۆزکاوهکهیدا هێنا و ناچاربووم پێی بڵێم، به‌ڵام له کڕین نایێت، ئازیزه‌که‌ی بابه!
پاش که‌مێك دامان و ڕامان، وتی:
-: گه‌ر له کڕین نایێت، بۆچ له دوکانان دایده‌نێن؟
به ده‌نگێکی گریاناوییه‌وه، وتم ڕۆڵه گیان، ئێمه‌ومانان ناتوانین بیکڕین، ئه‌گینا به کڕیارانی پاره‌دار ده‌یفرۆشن.
پرسیاره‌کانی خوناو، وه‌ك خه‌نجه‌ر ده‌چه‌قینه جه‌رگمه‌وه، هه‌رچه‌نده نهم ده‌ویست هه‌ر له ئێستاوه، خه‌م و په‌ژاره له گه‌شه‌ی بخات، به‌ڵام نه‌شم ده‌توانی پرسیاره‌کانی به هه‌ند وه‌رنه‌گرم. «به‌هار»ی هاوسه‌رم، له‌ولاوه هه‌ڵی دایێ و وتی:
-: پیاوه‌که، ده‌ڵێیت هێلکهوڕۆنت خواردووه، ئه‌وه‌نده مێشکت پڕه و وه‌ڵام ده‌ده‌یته‌وه؟
وه‌ڵامه‌کان یه‌ك له یه‌ك زمان سووتێنه‌رتر، ئاخر به‌هار گیان، گه‌ر نه‌توانم وه‌ڵام به برسیه‌تی زکیان بده‌مه‌وه، خۆ ده‌توانم وه‌ڵام به پرسیاره‌کانیان بده‌مه‌وه.
به‌هار: تێ ده‌گه‌م گیانه‌که‌م، به‌ڵام گه‌ر ئه‌و شتانه بزانن، فره‌تر هه‌ست به برسییه‌تی ده‌که‌ن، ئه‌وسا قوڕی کوێ به‌سه‌رماندا بکه‌ین؟
هێمن، که تا ئه‌وکات له گۆشه‌یه‌کدا گوێی له ئێمه گرتبوو و خۆی کڕ کردبوو، وتی:
-: دایه، ئه‌وه باسی هێلکهوڕۆنت کرد، ئای که حه‌زم لێیه‌تی، به‌راست که‌ی بۆمان دروست ده‌که‌ی؟
به‌هار: له چی بۆتان دروست بکه‌م، گیانی دایه؟ مه‌گه‌ر نانمان هه‌یه، تا شتی ترتان بۆ دروست بکه‌م؟ئیتر له‌مه زیاتر خۆمم پێ ڕانه‌گیرا و وه‌ك شێت که‌وتمه پشکنینی نێوماڵهکه. ئاخر دوو ڕۆژ بوو، بێجگه له ئاو و هه‌ویر، هیچیتر له ماڵماندا نه خورا بوو و نهخورابووهوه، ته‌نیا ئاوی نێو بیری حه‌وشه‌که و شلکێنه‌ی کهپهکمان شك ده‌برد. هه‌رچه‌نده گه‌ڕام بێجگه له پۆشاکه شڕووڕهکهی ته‌نم، هیچم به‌رچاو نه‌که‌وت، تاوه‌کو بیبه‌م بۆ مه‌زاتخانه‌که.. له به‌هارم پرسی: کچی خوا، هیچ شك نابه‌ی بیبه‌م بیفرۆشم؟
به‌هار: بێجگه له‌یه‌ك شت، هیچیتر له‌م ماڵه‌دا نه‌ماوه!
به په‌له وتم، ئاده‌ی چییه، بۆ من نازانم؟
به‌هار: به‌رماڵه‌که‌ی داپیره، که نۆماڵ بووین، پێی داین و وتی “هیوادارم نه‌وه‌یه‌کی موسوڵمان بخه‌نه‌وه، ئه‌وه به‌رماڵی باپیرهتانه، کاتی خۆی له ماڵی شێخ هێناویه‌تی”.
بێ سێ و دوو، هه‌ستامه سه‌ر پێ و وتم، ئاده‌ی خێراکه، له‌وه زیاتر چاوه‌ڕێی چی ده‌که‌ی؟ خێراکه، به‌ڵکو ژه‌می ئه‌م ئێواره‌یه‌ی پێ به‌ڕێ بکه‌ین.
به‌هار هه‌ناوی ئه‌و سێ سه‌رینه شڕه‌ی، که هێشتاکه له ماڵدا مابوون، هه‌ڵدڕی و پاش گه‌رانێکی که‌م به‌رماڵه‌که‌ی دۆزییه‌وه و که دایه ده‌ستم، له‌به‌ر خۆمه‌وه وتم، ئای داپیره‌ی ڕه‌حمه‌تی، ئاواته‌که‌ت نه‌هاته‌دی و که‌س له‌سه‌ر به‌ماڵه‌که نوێژی نه‌کرد، به‌ڵام وا خه‌ریکه ئه‌ڕۆ به‌که‌ڵکمان دێت.هه‌رچۆن بوو، خۆم گه‌یانده مه‌زاتخانه‌که و هه‌ر له دووره‌وه به‌رماڵه‌که‌ی داپیره‌م به‌شانمدا دا. گه‌ر ڕێکهوتایه، هاوه‌ڵه‌کانم چاویان به‌و دیمه‌نه بکه‌وتایه، ئه‌وا نه‌یان دهناسیمهوه و وایان ده‌زانی له یه‌کێکم له یارانی ئه‌شکه‌وتی حه‌را. به بهراماڵهکهوه خۆم به چه‌ند دوکانێکدا کرد و که‌س نه‌بوو لێم بکڕێت، هه‌ر که‌سه‌و به‌جۆرێك وه‌ڵامی ده‌دامه‌وه: یه‌کێك وتی “ ئه‌نتیکه‌ی هێناوه‌ته بازاره‌وه، که‌سێکی تر “کێ ده‌ڵێت، نه‌ت دزیوه”،…“ بڕۆ بابه بڕۆ، ئه‌مه‌ش جۆرێکی تازه‌یه له سواڵکردن، بۆ ناڵێیت، پاره‌مان بده‌رێ و بڕایه‌وه”… پڕ به دڵ حه‌زم ده‌کرد، قوڕگیان بگرم و بیانتاسێنم، به‌ڵام له سه‌ره‌نجامه‌که‌ی ده‌ترسام، که زیندانیکردنی خۆم و دهستپانکردنهوهی مناڵه‌کانم بوو، له که‌سانی وا نامرۆڤ، هه‌ر چۆن بوو، دانم به‌خۆدا گرت. له دڵی خۆمدا وتم، ئاخر سه‌گبابینه، نازانن کاتی خۆی داپیره، چه‌ندی به‌باڵادا ده‌وت، خۆ گه‌ر به‌ده‌ستی من بووایه سهرینهکهشم فڕی ده‌دا و ده‌مخسته گۆڕی بابی ئه‌نگۆ و جه‌نابی ( شێخ)ه‌وه، بۆ خۆی و به‌رماڵی. به‌ڵام چی بکه‌م ڕۆژگار بازاری گه‌رم کرده‌وه.
له‌م پوتوبۆڵهیهدا بووم، حاجییه‌کی ڕیش درێژی، چاو به قوڵاچوو، به‌رماڵه‌که‌ی به شانمه‌وه ڕاکێشا، خه‌ریك بوو، به‌سه‌ر پێڵاوه‌کانیدا به‌رببمه‌وه. هه‌ر چۆن بوو، خۆم گرته‌وه، که سه‌یری قیافهیم کرد، به‌خاتری فرۆشتنی به‌رماڵه‌که هیچ قسه‌م نه‌کرد. حاجی هه‌ر خه‌ریكی ئه‌م دیو و ئه‌و دیوکردنی به‌رماڵه‌که بوو، له دڵی خۆمدا وتم : به سهروگوێلاکیدا دیاره، که به‌قه‌د به‌رماڵه‌که بیری کۆنه، باشتر وایه ئه‌م جاره وه‌ك بازاری ڕه‌فتار بکه‌م و که‌مێك زیاد به باڵای بهرماڵهکهدا هه‌ڵده‌م. وتم، خاڵۆ حاجی، ئه‌م به‌رماڵه داستانێکه بۆ خۆی. من له داپیره گه‌وره‌مه‌وه بۆم به‌جێماوه، باپیره‌م له شێخی شێخان وه‌ك پاداشت وه‌ری گرتووه و چه‌ندین شه‌وی ڕه‌مه‌زان تا به‌یانی، خوداپه‌رستی له‌سه‌ر کراوه، چه‌ندین جار زیکر و ته‌لیله و تۆبه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ و خودی شێخ، به‌خۆی به‌رنوێژی له‌سه‌ر کردووه…
حاجی: به‌ڵێ، به‌ڵێ دیاره، نووری لێ ده‌بارێت. نایاب دیاره..
منیش وتم، بڕوا بکه، مام حاجی، له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌یفرۆشم، چونکه مناڵه‌کانم هیچ نییه بیخۆن، ئه‌گینا…
حاجی، پێی وابوو، ئه‌وه‌نده نوێژکه‌رم، ئه‌گینا نهم ده‌فرۆشت، بۆیه خێرا قسه‌که‌ی پێ بڕیم و وتی:
-: کوڕم، مادام هێنده ڕوو له خوای و ئاوا موحتاجی، ئه‌وا لێت ده‌کڕم..
توند ده‌ستی به گیرفانی ژێر پشتێنه‌که‌یدا کرد و دوو دینار و دووسه‌د و په‌نجا فلسی نایه ناو ده‌ستم و وتی:
-: بگره کوڕم، له‌وه زیاتر ناهێنێ.
وتم: ئاخر حاجی، ئه‌وه که‌مه، به‌ڵکو شتێکی تری بخه‌یته سه‌ر، تا کیلۆیه‌ك په‌تاته‌ی پێ بکڕم.
حاجی: به‌خوا کوڕم، هه‌ر ئه‌وه‌نده دێنێ، باقییه‌که‌ی خوا بیخاته سه‌ر به‌شه‌که‌ی ئه‌و دونیات.چارم نه‌بوو و هه‌رچۆن بوو، لێم وه‌رگرت و به‌خێرایی خۆم ون کرد، نه‌کا له به‌شه‌که‌ی ئه‌م دونیمان په‌شیمان بێته‌وه. ئای له مرۆڤ، چه‌نده دوو ڕووه، خوله‌کێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌یوت “ نایابه و ده‌بێت بیپارێزرێت، به‌ڵام هه‌رکه داوای پاره‌ی زیاترم کرد، بوو به پهڕجۆخوان و به‌و دونیای سپاردم. وه‌ك بڵێی له‌م دونیایه‌یان خۆشی زۆرم دیبێت، تا له‌و دونیاکه‌ی ئه‌ودا پاداشت وه‌رگرم. ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستی من بێ، له‌م دونیایه ژیانێکی خۆش ده‌که‌م و به‌شه‌که خه‌یاڵییه‌که‌ی ئه‌و دونیاشم به حاجی و شێخان ده‌به‌خشم.
به‌ده‌م ئه‌م خه‌یاڵ و بۆڵه‌بۆڵه‌وه، زۆر گه‌ڕام، به‌ڵام نهم ده‌زانی چی پێ بکڕم، بیسکویت، دوو دانه‌ی ده‌کرد، هێلکه دوو دانه‌ی ده‌کرد. زۆر گه‌ڕام و«شێخه‌ڵا»م ته‌یکرد، تا دواجار خورمایه‌کی کۆن و هه‌رزانم دۆزییه‌وه، کیلۆی به چوار دینار و نیو، ماڵی عهرهبانهگێڕ ئاوا بێت، پاره‌ی عه‌لاگه‌که‌ی لێ نه‌سه‌ندم. هه‌رچۆن بوو نیوکیلۆ خورمای گه‌نیوم کڕی و ملی ڕێگه‌م به‌ره‌و ماڵ گرته‌به‌ر، هه‌روه‌ك راوچی، چۆن نێچیرێکی به شاندا دابێت، ئاوا خورماکهم به‌ده‌سته‌وه گرتبوو. هه‌ر که که‌وتمه ئه‌و دیو ده‌رگه، مناڵه‌کان لێم ئالان و ده‌ستیان کرد به “دایه گیان خورما، بابه خورمای هێناوه”. ده‌توت گه‌وره‌ترین ئاره‌زوویان هاتۆه‌ته دی!
به‌هار: چیییه پیاوه‌که، خورمای چی؟
منیش به لهخۆباییبوونێکهوه: ژنه‌که، به‌رماڵه شڕه‌که‌ی داپیره‌م دا به نیوکیلۆ خورما، به‌ڵکو ئه‌م ئێواره به زکێکی تێر خورماڕۆنهوه مناڵه‌کان خه‌ویان لێ بکه‌وێت.
به‌هار: ئاخر خورما به‌بێ ڕۆن چی لێ بکه‌م؟هه‌رچه‌ندم کرد، وه‌ڵامه‌که‌ی له قوڕگما گیربوو و بۆم نه‌هاته‌ده‌ر. به‌و په‌ڕی توانامه‌وه مێشکی خۆمم خسته‌گه‌ر و گه‌ڕام به دوای چاره‌یه‌کدا، بێجگه له گه‌رمکردنی له‌سه‌ر زۆپاکه و شێلانی له مه‌جه‌ڵه بێنازه ڕه‌ش ههڵگهڕاوهکهدا وه‌ك هه‌ویر، تاوه‌کو بۆ منداڵه‌کان قوت بدرێت، ڕێگه‌یه‌کی ترم شك نه‌برد. هه‌رچه‌ندم کرد و لێکم دایه‌وه، نیوکیلۆ خورما، ته‌نیا به‌شی کچه بچکۆله‌که‌م «خوناو»ی نه‌ده‌کرد، که دوو ڕۆژ بوو، تێر ژه‌مێ نانی نه‌خواردبوو. له‌م بێنه‌وبه‌رده‌یه‌دا نوقمی ده‌ریای خه‌یاڵ بووبووم و لێکمده‌دایه‌وه، که چۆن ئه‌و شه‌و منداڵه‌کان تێر بکه‌م.. به‌ده‌نگی قاپه‌که‌ی ده‌ستی به‌هار به‌ئاگا هاتم… پارچه نایلۆنیك له‌بری خوان.. قاپێك خورما.. شه‌ش مرۆڤ چاویان تێ بڕیوه و هه‌ر که‌سه ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌کات، که به‌ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی به‌رکه‌وێت، به‌ڵام ده‌ستی خه‌یاڵ کورت بوو و له که‌توار گیر نه‌ده‌بوو، تا بیگۆڕێت.
ڕوو له منداڵه‌کان وتم: ده‌زانن، بۆ ئه‌وه‌ی زکمان تێر بکات، باشتره چۆن بیخۆن؟
به‌هار: پیاوه‌که، ئه‌و خورما گه‌نیوه چۆن خواردنی بۆ چییه؟
هێرش: ئاخر بابه، چۆن به‌بێ نان بیخۆین؟
شیلان: چۆن بابه، مه‌گه‌ر وه‌ك جاران نابێت نان و هێلکه‌ی له‌ته‌کدا بێت؟خوناو، چاوێکی له قاپه خورماکه و چاوێکی له من بوو، له وه‌ڵامی ئه‌و هه‌مووه پرسیاره‌دا، بێجگه له بێده‌نگی هیچ وه‌ڵامێکم بۆ په‌یدا نه‌کرا..
ناچار وتم: مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو، که چۆن بتوانین، پاش دوو ڕۆژ برسییه‌تی، شه‌ش که‌س به نیوکیلۆ خورما تێر بخۆین؟ دوێنێ له دوکانه‌که‌ی «ئه‌حمه‌د»ی هاوڕێم دانیشتبووین، یه‌کێك له ڕادیۆکان وتی "ده‌زانن بۆچی (چاینی)یه‌کان که‌م ده‌خۆن؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به دوو چوکڵه‌ی نان ده‌خۆن و که‌م که‌م پاروو ده‌که‌ن و زۆرتر دستیان بۆ ده‌میان ده‌به‌ن". وه‌رن با ئێمه‌ش وابکه‌ین و ئه‌زموونی بکه‌ین، بزانین وایه؟
به‌هار به‌ته‌واوی سه‌رنجی لای باسه‌که بوو، له پر دایه قاقای پێکه‌نین و منیش زۆر به‌سه‌ر خۆمدا شکامه‌وه و له‌خۆمم پرسی، تۆ بڵێی وا بزانێت، که درۆ ده‌که‌م؟ بۆیه به په‌شۆکاوییه‌وه پرسیم: بڕوام پێ بکه، ئه‌وه‌ی وتم راست بوو، به‌خۆم گوێـم لێ بوو.
به‌هار دووباره دایه‌وه قاقای پێکه‌نین و وتی
-: پیاوه‌که ده‌زانم، که تۆ درۆ ناکه‌ی، به‌ڵام ئایا تۆ به‌و شێوه‌یه تێر بوویت؟که سه‌یری سه‌ر خوانه‌که‌م کرد، ئه‌وسا تێگه‌یشتم، که به‌چی پێ ده‌که‌نێت، قاپه خورماکه پێویستی به خاوێنکردنه‌وه نه‌بوو. منیش به‌ده‌م قۆڕه‌ی زکمهوه، دامه قاقای پێکه‌نین و وتم : ئای داپیره، یادت به‌خێر. نه‌ك نه‌وه‌کانت موسوڵمان ده‌رنه‌چوون و خه‌ونه‌که‌ت به‌هاته دی، ته‌نانه‌ت به پاره‌ی به‌رماڵه‌که‌ت، ژه‌مێكیش زکیان تێر نه‌بوو!
*پێشتر له ژماره (4) جونی 1998ی گۆڤاری هونه‌ری «ژیله‌مۆ»دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، لێره‌دا به که‌مێك چاکسازی له ڕێنووس و دارشتندا سهرنهوێ بڵاوی ده‌که‌مه‌وه.