
ئایین وه‌ك واقیعێكی ئه‌نترپۆلۆژی
ئایین وه‌ك واقیعێكی ئه‌نترپۆلۆژی
ـ گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ رێجێ دۆبرێ ـ
وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بیه‌وه: بڕوا عه‌لادین
"ئاگری پیرۆز" كتێبێكی تازه‌ی فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی رێجێ دۆبرێیه كه تێیدا چاره‌سه‌ری كێشه لاهوتی و ئایینییه‌كان ده‌كات وه‌ك ته‌واوكه‌ری كتێبه‌كه‌ی پێشووی "سه‌رده‌می كۆن و سه‌رده‌می تازه له‌ڕێی سه‌د پارچه ئامرازی كه‌له‌پوری دانسقه‌ی هونه‌ری شێوه‌كارییه‌وه". هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه "لۆفیگارۆ ماگازین" ی فه‌ره‌نسی دیالۆگێكی له‌گه‌ڵدا سازكردووه و دۆبرێی ناوبانگڕۆێشتویش بهشۆڕشگێڕییهكهی له‌شه‌ست و حه‌فتاكاندا، هه‌ست و مه‌به‌ستی خۆی به‌رامبه‌ر "خواوه‌ندی كاتۆلیك" نیشانده‌دات و بهنهغمهیهك كه رۆحییه‌تی گه‌مه به‌سه‌ریدا زاڵه، باس له‌بۆچوون و بیروبڕواكهی ده‌كات و وه‌ڵامده‌داته‌وه.
لۆفیگارۆ: له‌كتێبی "ئاگری پیرۆز" دا وادیاره مێژووی باوه‌ڕو لایه‌نگیری ئایینی‌و جوگرافیاكهیت كهشفكردووه، هه‌روه‌ها ئه‌وه ڕووندهكهیتهوه كه ئه‌و لایه‌نگیرییه له‌یه‌ك كاتدا ههڵبـژاردهی كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كان هه‌وێنی بهرلهجهنگهكانه. چۆن گه‌یشتیته سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه بڵێیت خودا له‌زینده‌گی مرۆڤدا بایهخو گرنگی خۆی هه‌یه، له‌كاتێكدا تۆ زیندانی بوویت‌و خه‌باتگێڕێكی شۆڕشگێڕی سه‌ر به‌ڕێبازی ماته‌ریالیزم بوویت؟
دۆبرێ: ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه بۆ جه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌كه ئه‌وا ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی كه وایلێكردم له‌بابه‌تی ئایینی بكۆڵمه‌وه، په‌شۆكانه رۆحییه‌كه‌ی خۆم نه‌بوو. ئه‌گه‌ر جه‌ساره‌ت بكه‌م ئه‌وا ده‌ڵێم ئه‌و مه‌سه‌له‌یه خودایش تێده‌په‌ڕێنێت، مادامه‌كی زۆر ئایینی دیكه‌ی بێ خودا هه‌ن. ئه‌وه نامۆبوونێكی زۆر توندوتیژ.. بگره زۆر تاڵیشه: ساڵی 1967 له‌بۆلیڤیا بۆ پڕۆژه شۆڕشگێڕییهكهمان پشتمان به‌به‌رگری یان كه‌مته‌رخه‌می هیندی به‌ست. وه‌ك دهوڵهتدۆستێك وامانده‌زانی كه شۆڕش نیشتمانه‌و دادپه‌روه‌رییش واته لایهنگیریو ئینتیما. به‌ڵام پاشتر بۆمان ده‌ركه‌وت كه ئه‌وی دییش بوونی هه‌یه، ئه‌وانی دییش هه‌ن، چونكه كه سه‌یری هیندییهكانم ده‌كرد، ده‌مبینی من چی ده‌ڵێم ئه‌وان تێیناگه‌ن: من به‌ئیسپانی قسه‌ده‌كه‌م، ئه‌وان به "ئایمارایی" یان "غوارانی"، من وه‌كو ئه‌مریكی ـ لاتینی لهخۆمانم ده‌ڕوانی، كه‌چی به‌لای ئه‌وانه‌وه ئێمه لهئهستێرهیهكی دیكه‌وه هاتبووین. ئه‌م كهشفكردنهی یادهورهییهكانی دیكه و شوناسه جیاوازجیاوازهكان كه سادهناكرێتهوه، وایلێكردم پرسیار له‌هۆكاری جیاوازی نێوان گروپه مرۆییه‌كان بكه‌م، پرسیار له‌چۆنێتی كاریگه‌ری درێژایی زه‌مه‌ن له‌سه‌ر ئێستا بكه‌م.
دواجار ئه‌وه‌ی كه خۆڕاگره‌و به‌رده‌وامده‌بێت باوه‌ڕه. كه‌واته كهشفهكهم بۆ ماته‌ریاڵی ئایینی جیاوازه لهسهرسوڕمانم به‌رامبه‌ر فرهكولتوری مرۆیی. به‌مانایه‌كی دی، كاره‌كه‌م زیاتر ئه‌نترۆپۆلۆژییه نه‌وه‌ك لاهوتی. ئه‌وه‌ی كه بۆ من گرنگه ماتهریاڵیزمی شت "فیزیا" كه‌یه‌تی نه‌وه‌ك هیولییهتهكهی. گه‌ر مرۆڤ هه‌ر له‌كتێبخانه‌دا یان له‌ژووری وانه‌خوێندندا گینگڵ بخوات، ئه‌وا پاڵیلێدهداتهوهو شاندادهداته سه‌ر یه‌قینه‌كانی، ته‌نانه‌ت وه‌كو سه‌لمێنراوی ئه‌قڵانی سهیریاندهكاتو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێیان ناكۆڵێتهوه. له‌قوڵاییدا ئه‌وه پره‌نسیپی واقیعه واملێده‌كات ناهۆشیاری ئایینی ببینم، ئه‌ڵبه‌ته له‌ڕێگه‌ی سۆفیزمه‌وه نا، به‌ڵكو به‌هۆی تیۆره‌و پراكتیكه‌وه. پێویسته ئه‌وه قبوڵبكه‌ین كه له‌م جیهانه به‌رفراوانه‌دا هیندیگهلێك هه‌ن كه یاده‌وه‌رییان وه‌ك یاده‌وه‌ری ئێمه نییه. دیاره هه‌ندێك كه‌شوهه‌وای "تان تان" و "په‌رستگای خۆر" هه‌ن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه باجی خۆیان هه‌یه كه مردووه‌كان له‌جه‌نگ و شكسته‌كاندا دهیدهنو وامانلێدهكهن له‌به‌ر ڕۆشنایی جوگرافیا و مێژوودا ڕوداوه‌كان بخوێنینه‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایلێكردووم له‌مێژووی خۆمان، ئێمه‌ی خۆرئاوایی بكۆڵمه‌وه.. مه‌به‌ستم پاشماوه جێماوه‌كانی مه‌سیحییه‌ته.لۆفیگارۆ: كه‌واته تۆ وه‌ك واقیعێكی ئه‌نترۆپۆلۆژی زۆر قوڵ لهماتهریاڵه ئایینییه‌كان ده‌ڕوانیت. به‌ڵام ته‌واوی مێژووی تۆ مێژووی لاوێكی فه‌ره‌نسییه كه ئه‌گه‌ر له‌كه‌شوهه‌وای باوه‌ڕیشدا نه‌شونمای نه‌كردبێت، خۆ له‌ژینگه‌ی لایهنگیریو ئینتیمادا بووه.. وانییه؟
دۆبرێ: تۆ بڵێ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كاتۆلیكی. منیش وه‌ك هه‌مووان باوه‌ڕی مهسیحییم جێهێشتو له‌ته‌مه‌نی پانزه ساڵیدا وازم لهسروتهكانیشی هێنا، تاوه‌كو ڕاسته‌وخۆ لهمهسحییهتی لهخوداوهنێردراوهوه بڕۆم به‌ره‌و مه‌سیحییه‌تی زانستی: مه‌به‌ستم لێكۆڵینه‌وه زۆر پڕوپوچه‌كانی زانكۆیه. پاشتر له‌نێوان ساڵانی 1967 بۆ 1971 خۆشبه‌ختانه چوار ساڵی ته‌مه‌نم له‌زینداندا برده‌سه‌ر، لهبهرئهوهیشی كه پاسه‌وانه دهبهنگهكانی زیندانه‌كه نه‌یانده‌هێشت كتێبی سیاسی بخوێنمه‌وه، هه‌ر بۆیه به‌لای كتێبه كۆن‌و تازه‌كانی مێَژوودا بامدایه‌وه، هه‌روه‌ها دیستۆفسكی و سێرڤانتس..
لۆفیگارۆ: به‌دوور لهكهشفه فیكرییه‌كانی ماته‌ریاڵی ئایینی، ئایا له‌به‌رده‌م شانوشكۆ و كاریزمای پیاوه ئایینییه مه‌زنه‌كاندا ساده و ساكار نه‌بوویت؟
دۆبرێ: با، له‌سه‌ر ئاستی ئاكار و مۆراڵ. من هه‌میشه له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و نهێنییه‌دا بووم كه داخوازی قه‌شه‌و حاخامه‌كان دروستیده‌كات، واته ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سه‌رمایه‌ی كهسایهتیهكهیان بهسهروهتوسامانو غرورو ده‌سه‌ڵاته‌وه نیه. له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌واو ماتهریاڵیدا كه ته‌واوی ژیان به‌سه‌رمایه‌و سه‌روه‌توسامان سیستماتیزهدهكرێت، كه‌سانێكی دیكه هه‌ن سه‌ر بهمۆدێلو ستراكتۆرێكی دیكه، كێشه‌یان باڵانمابوونه. من به‌ته‌نها قسه له‌سه‌ر قه‌شه و حاخامه‌كان ناكه‌م، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌و كاهینه مه‌سیحییه‌ی مێگهلیشه كه هیچ شتێكی له‌و كاهینییهتهی خۆی ده‌ستناكه‌وێت. له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بڕوای بهمیتافیزیكاو ئه‌ودیوی شته‌كان نه‌ماوه، ئه‌وه‌تا خه‌ڵكانێك هه‌ن خۆیان بۆ ئه‌و تهرخاندهكهنو كڕنوشی بۆ ده‌به‌ن. من ته‌نانه‌ت له‌ساڵانی شۆڕشهكهیشمدا دژی كاهینی مه‌سیحی نه‌بووم. بۆ من كاهین برایه‌كی شۆڕشگێڕه، به‌تایبه‌تی له‌ئه‌مریكای لاتینیدا، چونكه بنه‌ماو كۆڵه‌كه‌كه‌ی پشته‌وه‌ی سۆسیالیزم كاتۆلیكه. هه‌ر ئه‌مه‌شه واملێده‌كات بیر له‌و كه‌سه بكه‌مه‌وه كه دواقسه‌ی بریتی نیه لهبازرگانییه قه‌به‌كان و حسابه‌كانی بانك.
چاكه‌ی قوربانیدان‌و نكۆڵی‌كردن له‌خود، ئه‌مانه ئه‌و شتانه‌ن كه لهكاهینی خهباتگێڕو هونه‌رمه‌نددا ده‌یانبینمه‌وه: سێ تایپی ڕه‌سه‌ن كه ملكه‌چی هه‌مان نرخ‌و به‌هاكانی زۆرینه نین. من ڕێزیان ده‌گرم.
لۆفیگارۆ: له‌كاتی لێكۆڵینهوهتدا لهتایپهكانی گۆڕانی باوه‌ڕی كۆگه‌لی بۆ ده‌زگا، شتێك هه‌یه كه نیگا‌و سهیركردنه ئهنترۆپۆلۆژییهكهت زیندوودهكاتهوهو له‌سه‌ر ئاستی فیكرییش هه‌ستێكی مۆراڵئامێزت تێدا ده‌بینرێت.دۆبرێ: كاتێك ده‌مانه‌وێت له‌مه‌سه‌له‌ی نێوه‌نده ماتهریاڵییهكانی كو‌لتور بكۆڵینه‌وه، دۆگمای یه‌كبوون له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی ده‌بینینه‌وه. لهلاهوتی مه‌سیحیشدا زۆر كلیلی فیكری هه‌ن بۆ ده‌رككردن به ڕووداوه‌كان‌و شیكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له گرنگه‌كانی وه‌ك كۆمۆنیكاسیۆن و ده‌زگاو لایه‌نگیری، ئه‌گه‌رچی به‌ڕێگه‌یه‌كی دنیاییش بێت. گرێچنه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی میدیایش ئالێره‌دایه. ئێمه ناتوانین هه‌روا به‌ئاسانی هه‌موو ده‌سكه‌وته لاهوتییهكان وهلابنێینو پشتگوێ‌یان بخه‌ین. له‌كاتی بیركردنه‌وه‌ماندا لهكارایی سیمبولیستانهی كه‌ره‌سته‌كان، له‌پێكهاته‌ی وشه‌و وێنه، له‌كاریگه‌ری گوتار‌و جوڵه، ناتوانین پرسیار له‌دروشم‌و سروته‌كان، له‌نهێنی، له‌بانگه‌شه‌كردن بۆ مـۆدهی هاتنه‌خواره‌ی ئینجیل نه‌كه‌ین.
بێگومان لهتهكنیكهكانی ڕێبه‌رایه‌تی و سهرۆكایهتیكردندا به‌ره‌و باوه‌ڕ تازه‌كردنه‌وه‌یه‌ك هه‌یه، له‌م بواره‌یشدا ئایینه‌كان هێشتا زۆر خاوێن‌و پاكیز خۆیان ده‌نوێنن. كه‌واته ئایینه‌كان خاوه‌نی ئه‌و شتانه‌ن كه ئێمه فێرمانكردوونو پێمان به‌خشیون.لۆفیگارۆ: له‌قوڵاییدا، تۆ باوه‌ڕت به‌خودا نییه، به‌ڵام باوه‌ڕت به‌هێزو ئیستاتیكای ماته‌ریاڵی ئایینی هه‌یه.
دۆبرێ: من باوه‌ڕم به‌و ئایدیایه نییه كه ده‌ڵێت مه‌سیح كوڕی خودایه (…)، باوه‌ڕم به‌بوونی زیره‌كییه‌كی باڵا‌و پڕ له‌خۆشه‌ویستی نییه كه له‌پشتی هه‌وره‌كانه‌وه چاودێریمان بكات (…)، به‌ڵام به‌ڕاستیشی نازانم سه‌رچاوه‌ی ئایدیای ئایینی بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ خورافه‌ت، بۆ تاریكی‌و جه‌نگ. به‌بڕوای من ئه‌وه هه‌ر ئایینه كه یارمه‌تی مرۆڤه‌كان ده‌دات پێكهوهبـژینو كۆمه‌كی یه‌كدی بكه‌ن، وه هه‌ر ئه‌ویشه پاڵیان پێوه‌ده‌نێت بۆئه‌وه‌ی ڕق له‌یه‌كدی ههڵبگرنو بكه‌ونه كوشتن‌و بڕینی خۆیان.
ئه‌م ئاڵۆزییه هه‌موو ئایینه‌كان ده‌گرێته‌وه، چونكه بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كه‌یان مرۆڤه‌و هیچ سیفه‌تێكی خودایش له‌ئێمه‌دا بوونی نییه. خه‌ریكه ده‌گه‌مه سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه بڵێم ته‌نها ڕێگه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌ناكۆكییه‌كانی مرۆڤ، لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌مێژووه ئایینییه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها درێژكراوه‌كانی له‌سروشتی باڵا‌و وه‌همه پیرۆز‌و گهندهڵهكانیدا. به‌ڵام به‌لای منه‌وه ئه‌م ده‌ربڕینه هیچ ده‌لاله‌تێكی نێگه‌تیڤی نییه. ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئاژه‌ڵێك بێت لهبونهوهرهكانی دیكه گرنگتربێتو بایه‌خی زیاتربێت، ئه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌یه كه خاوه‌نی وه‌همه، خاوه‌نی ڕابردووه.. ئایندهی هه‌یه، بڕێكی زۆر خهیاڵو فانتازیا گه‌مارۆیان داوه‌و هه‌ر به‌پێی ئه‌و خهیاڵو فانتازیایهش كارده‌كات، جا فانتازیاكهی نه‌ته‌وه بێت، یان مه‌سیحییه‌ت، مو‌سا بێت یان.. هتد. ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه حه‌رفه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌م كێشه‌یه هیچ واقیعێكی پۆزه‌تیڤ‌و ڕووداوئامێز "حدپی" یان تێدا به‌دیناكرێت، به‌ڵام گرنگترین شتێكیش تێیاندا ئه‌وه‌یه كه بوونێكی به‌زه‌بریان هه‌یه.لۆفیگارۆ: خێزانه سیاسی‌و فیكری‌و هاوڕێكه‌ی تۆ بریتییه لهچهپڕهوی. لهترادسیۆنی دروستبوونی چهپڕهوییشدا تێنه‌گه‌یشتن، یان له‌خراپترین حاڵه‌تیدا قینهبهرایهتییهكی ئاشكرا به‌رامبه‌ر ئایین هه‌یه. تۆ چۆن ده‌توانیت ئه‌م لایه‌نه ڕێكبخه‌یت؟
دۆبرێ: سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه هه‌میشه چهپڕهوییهكی مه‌سیحی هه‌بووه. ته‌نانه‌ت ئه‌و شۆڕشه‌ی له‌ساڵی 1848 یشدا ڕویدا‌و دروشمه‌كه‌ی بریتی‌بوو له "ئازادی، یه‌كسانی، برایه‌تی"، شۆڕشێكی مه‌سیحی بوو. هه‌موو ئه‌م ده‌سته‌واژانه لای فینلۆن هه‌بوون.
ته‌واوی یۆتۆپیای سۆسیالیستی له‌بنه‌ڕه‌تدا یۆتۆپیایه‌كی مه‌سیحییه. دواجار هه‌ر ئه‌و گوێزانهوهیهش بووه مایه‌ی سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌زاره‌ی مه‌سیحییه‌ت له‌هه‌زاره‌ی كۆمۆنیزمدا. پێویسته لێره‌دا "بیار باسكال" مان له‌یادبێت كه كه‌سێكی پسپۆڕ بوو له‌زمانه سلاڤییهكاندا. باسكال یه‌كه‌م بهلشهفیستی فهرهنسیو خه‌باتگێڕێكی مه‌سیحی مه‌زن بوو كه شه‌یدای شۆڕشی 1917 بوو، وه پاشتریش باڵوێزخانه‌ی فه‌ره‌نسای له‌مۆسكۆ بهجێهێشتو بوو بهسهربازێك لهكۆمنترن. هه‌روایش "ئهمبیز درۆز"، ئه‌و قه‌شه‌یه‌ی كه بووه چاوی مۆسكۆ له‌پاریسو پارتی كۆمۆنیزمی سویسری دامه‌زراند.
لای ئێمه كه‌مێك ئه‌و ترادسیۆنه شاراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌وڵاته كاتۆلیكیه لاتینییه‌كاندا زۆر ئه‌كتیڤه.
لۆفیگارۆ: پاپا یۆحه‌ننا پۆڵسی دووهمو جاك شیراكی هاوشێوه عه‌لمانییه‌كه‌ی، میلله‌تان هانده‌ده‌ن دژی جه‌نگ بوه‌ستنه‌وه. وا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ڵوێستی فه‌ره‌نسی ـ كه ئه‌وه ئومێدی هه‌موومانه ـ به‌ره‌و قۆناغێك لهكامڵبوون بچێته پێشێ‌و هه‌ر ئه‌مه‌یش هه‌ماهه‌نگییه‌كی له‌نێو فه‌ره‌نسای نامۆبوودا دروستكردووه. ئایا پێویستناكات له‌هه‌مانكاتدا ترسمان له‌دووباره جه‌ختكردنه‌وه‌ی كاتۆلیكیش له‌سه‌ر شوناس هه‌بێت؟دۆبرێ: پێمان خۆشبێت یان نا، هه‌میشه یه‌هودییه‌ت له‌سه‌ر ئاستی شوناس جه‌ختده‌كاته‌وه سه‌ر خۆی، وه‌ك كاتۆلیك یان پرۆتستانتیزم. من وه‌كو خۆم، له‌مه‌سه‌له‌كه ده‌ترسم. پێویسته له‌حاڵه‌تی قسهكردنو پێداگرتندا له‌سه‌ر شوناس، نه‌كه‌وینه هه‌ڵه‌وه. هه‌ریه‌ك له‌و كاتۆلیكیهتهی په‌یوه‌ست بووه بهشوناسهوهو ئه‌و ئهرسۆزێكسیهشی كه كێشه‌كه‌ی تایبه‌ت بووه به‌شوناس، هیچ كات ده‌ره‌نجامی پۆزه‌تیڤیان لێنه‌كه‌وتۆته‌وه. ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه ئایا ده‌توانین ئیراده و یاده‌وه‌ری، كه‌سایه‌تی كۆگه‌لی و ئازادی تاكه‌كه‌سی یهكبخهینو له‌نێوانیاندا هه‌ماهه‌نگییه‌ك دروستبكه‌ین. دیاره هیچ وه‌ڵامێكی پێشوه‌خت‌و حازربهدهستمان له‌به‌رده‌ستدا نیه. هه‌میشه شوناسه‌كان په‌یوه‌ندییان بهپرۆسهكانی بهرییهككهوتنو له‌یه‌كدی دورخستنهوهوه هه‌یه، په‌یوه‌ستن به‌نه‌مانی ئه‌وانی دیكه‌وه، بهئاوهژوبوونهوهوه. به‌ڵام ده‌شتوانن په‌ناببه‌نه به‌ر وزه‌ی دیالۆگئامێز، پشت به‌كۆمه‌ڵێك بنه‌ما ببه‌ستن كه له‌نێوانی خۆیاندا هه‌ماهه‌نگن.
لۆفیگارۆ: به‌ڵام له‌فه‌ره‌نسادا مه‌ترسییه‌ك له‌گۆڕێدایه كه ڕه‌نگه ببێته مایه‌ی دووباره جه‌ختكردنه‌وه‌ی شوناسه ململانێسازهكان له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیانێكی په‌شێوی نێوان غیتۆ جیاوازه‌كان. ئه‌مه مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه و وایكردووه كه ڕه‌وتی فه‌ره‌نسی ـ باڵانمابوونی باڵی كۆماری ـ به‌باشی نه‌ڕوات.
دۆبرێ: من ڕام وانییه. توانای دژایه‌تیكردنی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیۆنالییانهی شۆڤێنیزمی ئه‌مریكی گلۆبالیزهكراو، واته بوونی وزه‌و ئهكتیڤبوونێكی زۆر باشی به‌رهه‌ڵستیكردن به‌رامبه‌ر ترادسیۆنێكی دیاریكراو، سه‌رباری هه‌موو كۆتوپێوهندهكان. هه‌ستده‌كه‌م ئه‌مڕۆ ئهنتلجنسیا زۆر لاوازتره له‌پیاوێكی ئاسایی سه‌رجاده، ئه‌مه به‌بێئه‌وه‌ی بمه‌وێت خه‌ڵكی سه‌رجاده بكه‌مه ئه‌فسانه. به‌لای منه‌وه ناواخنی زه‌وی توندوتۆڵ‌تر و مهحكهمتره.لۆفیگارۆ: ڕاڕا نیت به‌رامبه‌ر به‌جوڵانه‌وه‌ی ئیسلام كه له‌هه‌موو جیهانداو له‌نێویشیدا له‌فه‌ره‌نسا خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رتاپای هێزه‌كانیه‌تی، به‌تایبه‌تی پاش شكستی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی؟ ئایا به‌ڕای تۆ ئیسلام مه‌ترسی نییه؟
دۆبرێ: به‌دڵنیاییه‌وه له‌جیهاندا زۆر شۆڕش ده‌بینین پابه‌ندن بهشوناسهوهو "جۆرج ده‌بلیو بۆش" یش هیچ ئایدیایه‌كی نیه لهبارهیانهوهو له‌كاتی داگیركردنی به‌غادا مه‌ترسییه‌كانی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌و بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه ناكرێت یاسای ئه‌مریكی وه‌ك یاسایه‌كی جیهانی به‌سه‌ر هه‌موو جیهاندا زاڵبكات، به‌بێئه‌وه‌ی باجه‌كه‌ی بدات. من ده‌ڵێم به‌ته‌نها ئه‌مریكییه‌كان مافی كاری ئه‌نترۆپۆلۆژییان نییه، به‌ڵكو خه‌ڵكی دیكه‌یش مافی هه‌یه.
لۆفیگارۆ: تۆ ڕێگه به‌خۆت ناده‌یت له‌بواری رۆحانییه‌تدا كاربكه‌یت، به‌ڵام شهیداییو ئاره‌زووی خۆیشت به‌رامبه‌ر ئه‌و رۆحانییه مه‌زنانه ناشاریته‌وه، بۆ نمونه نساك..
دۆبرێ: من شه‌یدای گوڕوتینی هه‌ندێك لههاوچهرخهكانمانم، شه‌یدای ئاماده‌گی‌و توانایانم بۆ زینده‌گییه‌كی دابڕاو لهبتو كه‌ره‌سته هاوچه‌رخه‌كانی په‌رستن: سه‌روه‌توسامان، وروژاندنی سێكسی، تاكێتی پادشا. من له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا خۆم وه‌ك شهلێك ده‌بینم كه ده‌ڕوانێته پاڵه‌وانێكی جیهانی یاری گۆڕهپانو مه‌یدانی سه‌د مه‌تری.
من ئه‌وانه بهوهرزشكاره یه‌زدانییه مه‌زنه‌كان ده‌بینم، ئه‌وانه وه‌رزشكاره‌كانی مرۆڤدۆستینو توانایه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ریان هه‌یه بۆئه‌وه‌ی دۆخی ئاسایی خۆیان تێبپه‌ڕێنن.
ـ سه‌رچاوه: پاشكۆی (الف یاو).